ئێمە لە گۆرستانێك دا دەژین ..
( لە بیست و چوار كاتژمێر تەنها سێ كاتژمێر بۆ ژیان ) *
ناڵە حەسەن…..
ئێمە لە گۆرستانێك دا دەژین .. گۆڕستانێكی تاریك تاریك .. لە هەر بیست و چوار كاتژمێر دا سێ كاتژمێرمان هەیە , بۆ ژیان بۆ بینین بۆ پیاسە بۆ سەما .. ئێمە خێلی مردووەكانین , لەم گۆڕتاستانەماندا هەموو شوێنێك تاریكە , ماڵەكانمان كۆڵانەكانمان شەقامەكانمان گەڕەكەكانمان باخچەكانمان هەموو شوێنێك . لەم مەملەكەتەی ئێمەدا هەموو شتێك ڕەنگی مردنی گرتووە . مردن مردن مردن … لە بیست و چوار وەرز تەنها سێ وەرزمان هەیە , بۆ بینین و هەناسەدان و فڕین .. بۆ ئاوێزانبوون و پێكەنین و خەون بینین . باقی كاتژمێرەكانی تر و وەرزەكانی تر و سەدەكانی تر دەبێ بمرین . هەر لەو گۆڕستانەی ئێمەدا , گەڕەك و شەقام و باخچەی ڕوناك ڕوناكیش هەیە .. ئاسمان و ئەستێرەی ڕوناكیش هەیە . بەڵام ئەم گەڕەك و شەقام و باخچە و ئاسمان و ئەستێرە ڕوناكانە هی ئێمە نین . هی كوێخا و مافیا و جەللاد و سەركردەكانمانە .. ئەوانەی بە خوێن و كەللەی سەر و مردنەكانی ئێمە گەیشتن بەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆیان . ماڵەكەی ئەوان ڕوناكە وەك بەهەشتەكەی خودا .. لە ماڵەكەی ئەواندا پەریەكانی خودا هەمیشە سەمایان بۆ دەكەن و ….. . لە بیست و چوار كاتژمێر هەر بیست و چوار كاتژمێریان هەیە بۆ بازرگانی و ڕابواردن و ژیان . ئەوان دەڵێن سروشت و زەمەن بۆ ئێمە هاتوونەتە بوون . هەموو شتێكیان لە ئێمە دزیوە , ڕەنگە جوانەكانی سروشت و تریفەی مانگ و تەنانەت كازێوەی بەیانیانیش . لەم گۆڕستانەی ئێمەدا دوو دنیای جیاواز هەیە زۆر جیاواز . وەك جیاوازییەكانی , دنیای ( ڕەش و سپی ) و ( ڕوناكی و تاریكی ) . وەك بنیادەمی دوو كیشوەر و دوو ئاسمان و دوو ئەستێرەی جیاواز واین . وەك دوو جەمسەرەكەی باكوور و باشووری دنیای موگناتیس واین . خوێنەرانی خۆشەویست لەم گۆڕستانەی ئێمەدا جیاوازی و شتی لەوە سەیرتریش هەیە . بەڵێ , ئەوان لەگەڵ ئێمە جیاوازن زۆریش جیاواز .. ئەوان ماڵەكان و گەڕەكەكان و شەقامەكان و ئاسمان و ئەستێرە و بەهەشتەكانیان ڕوناك ڕوناكە .. بەڵام , بیر و خەون و خەیاڵ و ئەشكەوتی چاوەكانیان تاریك تاریك . ئەوان هەمیشە و لەوەتەی هەن هەر لەگەڵ ئێمە جیاواز بوون .. هەمیشە ڕۆحیان تاریك بووە , ئومێدەكانیان تاریك بووە , ویژدانیان تاریك بووە , هەموو شتێكی مرۆڤانەیان تاریك بووە . لە ماڵە ڕوناكەكانی خۆیان هەر خەریكی ئاهەنگ سازكردنن بۆ مافیا و كوێخاكانی وەك خۆیان . هەر خەریكی كڕنووش بردن و ماچكردنی ڕوومەت و گەردنە ڕەشەكانی مافیا و كوێخاكانی وەك خۆیانن ! . كاتێك پێیان دەڵێین با ماڵەكانی ئێمەش تۆزێك ڕوناك تر بێت , لەم گۆڕستان و مردنە ڕزگارمان بێت و ئازاد بین .. پێمان دەڵێن , بێدەنگ بن ( ئەوە خەونی شاعیرانەیە ! ) . كاتێك پێیان دەڵێین , بۆ ماڵەكانمان وا تاریك بێ . ئەی ئەم هەموو گڕو ڕۆشناییە چیە لە شارەكەی بابە گوڕگوڕمان .. ! ( سەدوچل ) سوێند و قورئانمان بۆ دەخۆن و (سەدوچل ) هەقایەتی مێشەمان بۆ دەڵێن و بە تابووتی ( سەدوچل )ەوە شاری پڕ لە گڕمان دەخەنە نێو گۆڕەوە . جا لەم گۆڕستانەی ئێمەدا ئەم مانگە مانگی بیرەوەری و بۆنەكانیشە , بۆنەكانی وەك ( هەشتی مارس و ڕاپەڕین و یادی هەلەبجە و جەژنی نەورۆز ) و … ئینجا لە بیست و چواركاتژمێر تەنها سێ كاتژمێرمان هەیە , بۆ ڕۆشنایی و بۆ هەناسەدان و خەون بینین و بۆ ژیان ! ئاخۆ دەبێ لە مانگەكانی داهاتوودا , لە بیست و چوار كاتژمێر چەند كاتژمێرمان پێ ڕەوا ببینن ؟! ڕەنگە هیچ .. هیچ هیچ هیچ . هیچ وەك خەون و خەیاڵ و بەها مرۆڤایەتیە هیچەكانیان . خوێنەرانی ئازیز و خۆشەویست , نامەوێت زیاتر سەرتان بیەشەنم و باسی گەندەلی و مردنەكانی نێو ئەم گۆڕستانەی خۆمانتان بۆ بكەم نەوەك زیاتر دڵتان پڕ بێت و بڕشێنەوە .. تەنها شتێكم ماوە حەزدەكەم پێتان بڵێم ئەویش ئەوەیە : ئێمەی مردوو لەم گۆڕستانەمان گەر بمانەوێت , ئێمەش وەك مرۆڤ لە بیست و چوار كاتژمێرهەر بیست و چوار كاتژمێرمان هەبێت بۆ ڕۆشنایی و بۆ بینین و بۆ ژیان .. وا پێویست دەكات بەر لە بیست و چوار وەرزی تر ئەم مافیا و كوێخا و بازرگانانی كەللە سەر و ژیان و بوونمان شاربەدەر بكەین . بیاننێرینەوە نێو ئەشكەوتەكانی كە وەك ئاسمانەكانی نێو خەون و چاوەكانیان تاریكە , بڕژێینە سەر شەقامەكان و داوای ڕۆشنایی و ژیان و ئایندەمان بكەین ! لەمە بترازێ , ڕێگەی ترمان نیە بۆ دەربازبوون .. بۆ ژیان و بۆ ڕۆشنایی .
* ئیلهامی ئەم كورتە پەخشانەم بەدوای خوێندنەوەی ووتارێكەوە بوو , كە لەم ڕۆژانە لە سایتی هاوڵاتی خوێندمەوە بە ناوی ( لەمەودوا شەوانان لە بیست و چواركاتژمێر سێ كاتژمێر كارەبا بۆ هاوڵاتیان ) وێنەیەكی درەوشاوەی شاری هەولێریش لەگەڵ نووسینەكە دانرابوو . منیش كاتێك بیرۆكەی نووسینی ئەم پەخشانەم بۆ هات , ویستم نووسینەكەی هاوڵاتی لە كۆتایی پەخشانەكەم واتە لە جێگەی ئەم تێبینیەم دابنێم , بەڵام بە داخەوە برادەرانی هاوڵاتی نووسینەكەیان لابردبوو . ئای خۆزگە ئەم نووسینەش وەك نووسینەكانی تر بۆ درێژ ماوە لە سایتە داهێنەر و چاونەترسەكەیان دەمایەوە .
Nala_hassan@yahoo.ca
20 ی ئاداری 2008