Skip to Content

Monday, August 8th, 2022

درۆی کورد لەگەڵ ژمارەدا

Closed
by September 5, 2011 گشتی

بزوتنەوەی سیاسیی کورد و حیزبەکانی هەمیشە ژمارەی گەورەیان بۆ ژمارەی قوربانییەکان تۆمار کردووە. ئەم زۆر کڕووزانەوەیە بۆ ژمارەی گەورە لە سۆنگەی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێ، کورد عاتیفییانە نەک سیاسییانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا دەکات. بۆ نموونە ژمارەی ئەنفالەکانی خەڵکی کوردستان، هەرگیز بە ١٨٢ سەت و هەشتاو دوو هەزار قوربانیی ناگات. ژمارەی قوربانییانی هەڵەبجەی شەهید هەرگیز بە پێنج هەزار شەهید ناگات، ئەنفالکردنی بارزانییەکان هەرگیز بە هەشت هەزار بارزانیی ناگات……….تاد. بەگشتییش ژمارەی کوردان لەدنیادا ئەو ژمارە خەیاڵییە نییە کە نەتەوەییە توندڕۆکان بە سەروو پەنجا میلیۆن کورد دەیقەبڵێنن.
نوکتەیەک لەسەر ژمارەی پارچەکانی کوردستان و ژمارەی کورد هەیە، دەڵێ” کابرایەکی میسریی لە کابرای کوردە دەپرسێ، ئەرێ خاکی کوردستان لەچەند وڵاتدایەو  هەر وڵاتەی چەند میلیۆن کوردی تێدایە؟ کابرای کوردە دەڵێ کوردستان چوار پارچەیەو و ژمارەشمان سەروو پەنجا میلیۆن دەبێت. کابرای عەرەب دەڵێ، پارچەکان کامانەن؟ کابرای کوردەش دەڵێ ، ئێران و تورکیا و سووریا و عێراق، کابرای عەرەب دەڵێ، مەگەر ژمارەی کوردان لە سووریا چەندە؟ ئەویش دەڵێ نزیکەی ٣-٤ میلیۆن کورد هەن! کابرای عەرەبیش دەڵێ، بێ مەڵامەت بیت ئەوەی سووریا دابەشی چوار بکە، ئەوسا ئەگەر راست بێت. کوردەکەش دەڵێ، من خاترم گرتوویت و چوار پارچەم گوتووە، لەسەر خۆمان پێنج پارچە ولای کەم پەنجاوپێنج میلیۆن نەفەر کەوتووە!).
باسکردنی ژمارەی راستەقینەی کورد و ژمارەی دروستی قوربانییەکان، کەمکردنەوە نییە لە رەوایی مەسەلەی کورد و زام و سۆی گەلێکی جینۆسایدکراو، کاتێک بتەوێ لە سەر ژمارەی راستەقینەی قوربانییەکان قسە بکەیت، پێویستە عاتیفە و پیشخواردنەوە بۆ رابردوو بەلاوە بنرێ و لەگەڵ سەردەمی شەفافیەت و راستییدا بگونجێی. بەپێچەوانەوە ئەمە ئاسوودەکردنی ویژدانی زیندووی نەوەی نوێ و مێژووی کورد و خودی کەسوکاری قوربانییەکانە ئەگەر راستییەکان رۆژێک زووتر بگوترێن. کەس گومانی لەوەدا نییە، لەناو لیستی شەهیدانی کوردستاندا، هەزاران جاش و بەکرێگیراو و بەعسیی و پیاوی رژێمی تێ کەوتووەو هەموویشی لەڕێی حیزبەکانی کوردستانەوە بە شەهیدی حیزب کراون. بەواتایەکی تر، کەسوکاری شەهیدان و قوربانییەکانی ئەنفال و هەڵەبجەو بارزانییەکان و زیندانییانی سیاسیی دەبێ دڵیان بەوە خۆش بێت کە ژمارەی راستەقینەی قوربانییەکان لەگەڵ خڵتەوخاشی ئەوانەدا تێکەڵ نەکرێن کە حیزبەکان بۆ ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی خۆیان بەشەهید ناونووسیان کردووون.
گرفتی ئەم درۆکردنە لەسەر ژمارەی ١٨٢ هەزار ئەنفالکراو، ئەوەیە دەبێ درێژە بەو درۆیە بدرێ کە کاتی خۆی ناعەقڵانییبوونی میدیاکانی یەکێتیی و پارتیی فوویان پێدا دەکردو وردە وردە دەقی گرت، کەچیی تا هەنووکەش ئەو کوردەنامووسییە درێژەی هەیە و کەم کەس هەیە جورئەت بکات پرسیار لە بوونی حەقیقی ئەو ژمارەیە بکات. بەبڕوای من ئەوەی وایکردووە تا ئێستا تووتیی ئاسا ئەم ژمارانە لەلایەن هەندێ رۆشنبیرو ئەکادیمیست و میدیای کوردییەوە هەزاران پات بکریتەوە، بێباکیی بووە لە ئاکامی درۆکردنێکی بێتامی سیاسیی و بازرگانییەکی پۆغڵ بە ژمارەی کورد و قوربانییەکانیەوە کە لەلایەن هەندێ حیزبی سیاسییەوە درێژەی پێدراوە. هاوکات دەسەڵاتی کوردیی ناتوانێ بە فاکت و بەئامار بیسەلمێنێ. راستییەکەی هەوڵیش درا بسەلمێنرێ، بەڵام ئەو داتاو ژمارانەی لای پارتیی و یەکێتیین ئەوەندە کەمن لەچاو  ژمارەکانی (١٨٢، ٥، ٨ ) هەزاری ئەنفال و هەڵەبجەو بارزانییەکاندا، ، هیچ دەسگایەک لەڕووی نایات بڵاوی بکاتەوە. باشتریشە زووتر راستییەکان بڵاو بکرێنەوەو چیتر نەشاردرێنەوە.
 مەسعود بارزانیی لە دوایین کۆنگرەی حیزبەکەیدا، ئاماژەیەکی وردی بە ژمارەی پیاوانی عەشیرەتەکەی کرد، کە گوتی نزیکەی هەزار پیاوێک دەبن، چۆن ٢٨ ساڵ لەمەوبەر، هەشت هەزار پیاوی بارزانیی ( پیرو لاو ) لە هەمان عەشیرەتدا بوونیان هەبوو؟ ئایا ئەو هەشت هەزار بارزانییەش بەس باڵۆنی فووپێداکراوی میدیای شاخ بوو، یان چەند سەت نەفەرێک بوون و لەسەر نەتەوەی کوردی کوردستانی عێراق بوون بەماڵ و ژمارەکەیان زۆر گەورەتر لەقەبارەی خۆیان نیشان دەدرێ.
یەکێکی تر لە درۆکانی هەندێ نەتەوەیی توندڕۆی کورد ئەوەیە ژمارەی دانیشتوانی کورد لە هەموو پارچەکاندا لەسەروو ٥٠ پەنجا میلیۆنەوە دەخوێننەوە. راستییەکەی کورد لەهەموو پارچەکاندا ژمارەی لەدەوروبەری ٢٥ میلیۆن تێناپەڕێت. زۆربەی هەرە زۆری سکۆلار و توێژەرە بیانییەکانی پسپۆر لەمەسەلەی کورددا، ژمارەی کوردان لەسەرانسەری دنیادا  بە ٢٠ تا ٢٥ میلیۆن لەقەڵەم دەدەن.  بەم پێیە کوردەکانی عێراق لەشەش میلیۆن تێناپەڕن، بە کەرکوک و هەموو ناوچە دابڕاوەکانیشەوە، بە میلیۆنە کوردە خەیاڵییەکەی بەغدادیشەوە.

هەندێ ناسیۆنالیستی خێڵەکیی توندڕۆی کورد هەن، بە تەنیا ژمارەی کوردەکانی تورکیا بە ٢٥ تا ٣٠ میلیۆن دەقەبڵێنن. وەک فاکت هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییەی تورکیا قەبارەی کوردی وەک ژمارە، کەمێک ساغکردەوە. کوردەکانی تورکیا، پاش ئەو هەموو پشیتوانییە لەهەموو شوێنێکی دنیادا و پاش کەڵکوەرگرتن لەبارودۆخی نوێ و پاڵپشتیی پەکەکەیش لەولاوە بوەستێ، توانیتیان لە ٥٥٠ کورسیی، ٣٦ کورسیی پارلەمان بچننەوە. بە رێژەی سەتیی واتە بەشی کورد لە سەرجەم ١٠٠ بەشی تورکیا، رێک ٦،٥٤٥٠٠٠ یانی نزیکەی شەش میلیۆن و نیو دەبن. ئەگەر بڵێین نیوەی کوردەکانی تورکیا، مەعدەنی کوردبوونەکەیان کاڵ بووەتەوەو مەسەلە مەزهەبیی و ئایینییەکانیان بۆ گرینگەو چوونەتە پاڵ حیزبەکەی ئەردۆگان، یاخود بێ موبالاتن و ئینتیمای نەتەوەییان لەدەست داوە و لەناو بۆتەی داگیرکارییدا ناسنامەیان تواوەتەوە و دەنگ نادەن. تەنانەت ئەوانەی لەسەردەمی عوسمانییەکان و کەمال ئەتاتۆرکەوە لەناو نەتەوەی تورکدا تواونەتەوە و( assimilated ) بوون و خێرێکیان بۆ خۆیشیان پێنەماوە. بەو هەموو ئەگەر و گریمانە ئەفسووناویەش ژمارەی کوردەکانی تورکیا هەر دووجای دەنگهێنانەکەی ئێستا دەکات، واتە ١٣میلیۆن دەبن.
بەدڵنیاییەوە بڕوای باوی کوردە ناسیۆنالیستە توندڕۆکان لەسەر ژمارەی کوردەکانی کوردستانی ئێران زۆر لەوە گەورەترە  کە لەسەر ئەرزی واقیع هەیە. تا  هەنووکە دەکرێ بڵێی ئامارێک و داتایەکی ددانپێنراوی مەیدانیی و ئەکادیمیی و زانستیی ورد لەسەر ژمارەی کوردان نییە. بەڵام وەک بێلایەنترین دۆکیومێنت دەکرێ ئاماژە بە ( The World Factbook ) ی سی ئای ئەی ئەمێریکیی و توێژینەوەکانی ماکدواڵ وەک دوو سەرچاوەی بێلایەن بکرێن کە ژمارەی کوردان بە نزیکەی ٢٥ میلیۆن دەقەبڵێنن. بەو پێودانگانە بێت،  ژمارەی کوردەکانی ئێران شتێک زیاتر یان کەمترن لە کوردەکانی کوردستانی عێراق، گریمان دوو میلیۆن کوردیش لە تاراوگەن، هەموو ئەمانە، واتە تەواوی ژمارەی کوردان لەهەموو دنیادا  بەسەریەکەوە لە نێوان ٢٠ تا ٢٥ میلیۆندا دەبێت. بەڵام لە ئینسیکلۆپیدیای نەتەوەییە توندڕۆکانی کورددا ئەم ژمارەیە دوو قات کراوەتەوە.

ناکرێ تاسەر کورد هەر لەسەر ئەفسانەو سەروەرییەکانی رابردوو، ئەمڕۆ و داهاتوو بنیات بنێ، چەندین میلیۆن کورد توانەوەو کوردبوونی خۆیان و نەتەوەی کوردیان بۆ گرینگ نییە، ناکرێ بەتۆبزیی بیانبەستیتەوە بە ئەمجادی رابردووی باووباپیران و ناوچەکانیانەوە. نە دێمۆکراسیی و یاسای نێودەوڵەتیی و مافی مرۆڤیش ئەو مافە بە  ناسیۆنالیزمی کوردیی دەدات. سبەی ئەگەر ریفراندۆمێکی ئازادانەش لە تورکیا لەسەر رەگەزی کوردبوون و تورکبوون کرا، ئەگەر کورد ژمارەکەی بەدڵ نەبێ، بیانووی ئەوەی نامێنێ کە سەردەمانێک کوردەکان بەزۆرکراون بە تورک و ئینتیمایان بۆ کوردبوون لەدەست داوە. ئەمە بۆ بەشێکی زۆر لە  زازایی و هەورامیی و فەیلییەکان و ئێزیدییەکان و …………تاد هەر راستە، کاتێ هەندێک لە ئەوان خۆیان بە کورد نازانن و داوای جیایی لەکورد دەکەن، ئیتر ئاسنی ساردکوتانە، ئەوان بە کەلللەرەقیی بە کورد بزانرێن. ئاخر خێری زۆربوونی کورد چییە کاتێک لەناوخۆیاندا هەزاران تیرەو هۆز و خێڵ و عەشیرەت بن و ناوچەگەریی ئێسقانیانی رەش کردبێتەوەو بەشێکی زۆریش لەو ژمارەیەی بەکورد دەزانرێن، هەر خۆشییان بەکوردبوونیشدا نەیات؟

پێویستە نەوەی نوێی کورد لەوە بگەن کە زوڵملێکراویی و حەقانییەتی مەسەلەی کورد بە زۆروبۆریی ژمارە و قوربانییەکان ناسەلمێنرێ. ئەگەر کەمالیستەکان و بەعسییەکان دەیانویست بە میتۆدێکی شۆڤینیستییانە کورد وەک ژمارە و ناوچە لەقەبارەی خۆی کەمبکەنەوەو مەسەلە سیاسییەکەیشیان لەقاڵب بدەن، بەهەمان میتۆدیش، کوردە ناسیۆنالیستە  توندڕۆکان، دەیانەوێ بە حەشوەلێبەستن لە ژمارەی کوردان و لە ژمارەی قوربانییەکان، کورد بە موبالەغە گەورە بکەنەوە، تا کێشەکانی گەورەتر نیشان بدەن. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە خێڵەکیی و نەژادییە کوردییەی پەیدا بووە و بە رقوکینەی ناسیۆنالیستیی کوردبوونی خۆیان تۆخ دەکەنەوە و ژمارەی کوردان زۆرتر دەکەن و ژمارەی قوربانییەکان هەڵدەکشێنن و بەئەندێشەی خۆیان شۆڤینیزمی پانعەرەبیی و پانتورکیی تەمبێ دەکەن، بۆ خۆیان شۆڤینیستی کوردیین و خراپترین مۆدێل و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستانەی بەرچاوتەنگانە پێڕۆ دەکەن و سەرەنجامیش وەک خۆرە زیان لە رەوایەتیی کێشە سیاسیی و کولتوورییەکانی گەلی کورد دەدەن.

گەنجان و لاوانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی خەریکی توێژینەوەن لەسەر مێژووی کورد لەکوردستانی عێراق، جینۆسایدی  کوردەکان، شەڕی بەعس و کورد، ژمارەی قوربانییەکان و ئاماری وردەکارییەکان، کێشەی سیاسیی و کولتووریی گەلی کورد لە کوردستانەکانی تردا، نەترسن و ویژدانی خۆیان ئاسوودە بکەن و دوای هەڵای ژمارەی گەورەی نەوەکانی پێش خۆیان نەکەون و راستییەکان نەشارنەوەو درۆکانی باوو پاپیران و نەوەی دەستڕۆیشتووی دنیای سیاسەتی کوردیی و ناسیۆنالیزمی شۆڤینیستی کوردیی نەکەون. لەبنەوە  درۆکان هەڵتەکێنن و بە فاکت و دۆکیومێنت توێژینەوەکانیان و ژمارەی قوربانییەکان ساغ بکەنەوە و واز لە گۆترەکاریی ئەم نەوەیەی ئێستا بێنن و دەست لەدرۆی گەورەکردنەوەی ژمارەکان هەڵبگرن و واز لەسیاسەتی نووکە نووک و گریان و کڕوزانەوەو دنیای عاتیفە بهێنن و حەقیقەتە تاڵەکان وەک خۆی واڵا بکەنەوە.


کامیار سابیر

Previous
Next