
بۆ چوون: – كوردستان : ئیسرائیلهكهی تر
نووسینی: كلیفۆرد د. مێی
وه‌رگێڕانی له ئینگلیسییه‌وه: مامكاك
نه‌ته‌وه‌یێكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین هه‌یه كه مێژووێكی دوور و زمان و كهڵتهرێكی تایبه‌ت و جیاوازی خۆی هه‌یه: نهتهوهیێكه كراوه‌ته نیشان بۆ ئه‌وه‌ی قڕ بكرێ، نهتهوهیێكه ته‌نانه‌ت له ناو جه‌رگه‌ی خاكی دیرینی خۆیدا، گه‌لێك گه‌مارۆی داوه كه به مافی وجودی قایل نییه. جا بۆیێ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه نه ده‌توانێ پشتی خۆی لێ بكاته‌وه و نه ده‌شتوانێ چه‌كی خۆی داماڵێ.
من باسی ئیسرائیل ناكه‌م. من سه‌ربرده‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌گێڕمه‌وه، ئه‌مانه له ناو ئه‌وه‌ی كه ئێمه به دنیای ئیسلام ناوی ده‌به‌ین بێ هاوتانه. كورد – به‌و 35 ملیۆنه‌ی كه هه‌ن – له دوای عاره‌ب و فارس و توركانه‌وه، چواره‌مین گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن. كورد له سوریا و ئێران‌دا ده‌ژین و نزیكه‌ی له سه‌دی 20ی دانیشتوانی توركیا پێك دێنن. له هه‌ر سێ ئه‌و وڵاتانه‌دا وه‌ك كه‌مینه سه‌ركوتیان ده‌كه‌ن. وه‌لێ له ناو خاكێكی هه‌نده‌ی ڕووبه‌ری سویسرا له باكووری عێراقێدا، كه به فه‌رمی به ناوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ناسرێ، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن كورد ئێستێكه سوود له خۆ به‌ڕێوه‌بردنێكی به‌ر چاو وه‌رده‌كرن. ئه‌مانه به ئاسانی واز له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان ناهێنن.
به درێژایی مێژوو كوردان له ژێر چهپهڵۆكی ئه‌م هێز، یان ئه‌و هێزی بیانی‌دا بووینه. به‌ڵام له هه‌ر هه‌موو كوردێك ناودار تر سه‌لاحه‌دینی دامه‌زرێنه‌ری ئیمپایه‌ر بووه: سه‌لاحه‌دین ئه‌و ژه‌نراڵه شكۆمه‌نده بووه كه له 1187 و له شه‌ڕی حه‌تینی نزیكی تهبهرییهی ئێستای ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل‌دا، خاچدارهكانی به‌زاند. نه هیچ سوڵتانێك و نه پاشایه‌ك و نه خهلیفهیێكی چه‌رخه‌كانی ناڤین هێنده‌ی ئه‌و ڕیزی لێ نه‌گیراوه. مێژوونووسه دیانه‌كان به جوامێر ناوزه‌دیان كردووه. پاش ئه‌وه‌ی قودسی داگیر كرد، رَێگهی به جووله‌كه‌كان دا بچنه‌وه له شاره‌كه‌دا بژین. په‌رستاری تایبه‌تی خۆی مووسای كوڕی مه‌یموون بوو، كه په‌رستارێكی جووله‌كه بوو.
ئه‌مڕۆش كورد نزیكه‌ی 20 له سه‌دی سه‌رجه‌م دانیشتوانی عێراق پێك دێنن. ئێستا له ناویاندا دیان و كوردی جووله‌كه هه‌نه (كورده جووه‌كان به كۆمه‌ڵ له دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی كۆچی ئیسرائیلیان كرد و ئێستێكه نزیكه‌ی 150.000ن له‌وێدا ده‌ژین) و زۆرینه‌ی كورد موسوڵمانی سوننه‌ی نهرمڕۆنه. له كوردستان به ده‌گمه‌ن ژنێك ده‌بینی پێچه‌ی كردبێ و دیمه‌نێكی نا ئاساییش نییه ببینی باده و ویسكی به ئاشكری بفرۆشرێت.
سه‌ددام حوسێن كه له ده‌سه‌ڵات بوو، هه‌وڵی دا كورد به عاره‌ب بكات – ناچاری ده‌كردن ناوی عاره‌بی له منداڵه‌كانیان بنێن و به عاره‌بی بدوێن و به خۆیان بڵێن عاره‌بن. كه ئه‌مه‌ی بۆ نه‌چووه سه‌ر، سه‌ددام ڕێگه‌یێكی دڕندانه‌تری له دژیان وه‌به‌ر گرت: بیست و دوو ساڵی به‌ر له ئه‌مڕۆ گازی كیمیایی كۆمه‌ڵكوژی له دژیان به كار هانی و 5,000 پیاو و ژن و منداڵی كوردی له هه‌ڵه‌بجه‌دا كوشت، كه شارێكی بچووكی شاخاوی نزیك سنووری ئێرانه. كوشتاره‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه قێزهوێنترین ههترهسی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال بوو، ئه‌و سهددامهی كه (به‌ناو) عیلمانی بوو ئه‌و ناوه‌ی له سووره‌تێكی قورئان وه‌رگرت كه باسی چۆنیه‌تی هه‌ڵس و كه‌وت كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا ده‌كات كه كافر و دوژمنی ئیسلامن. له‌میانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نفالدا، كورد له نێو كامپه‌كانی گرتندا ئاخندران و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه 150,000 كورد له‌و كامپانه‌دا كوژران. پتر له یه‌ك ملیۆن له ماڵه‌كانی خۆیان ده‌ركران.
كوردستان قوژبنێكی دنیای ئیسلامه كه له‌وێ نه ڕقیان له جووله‌كه و ئیسرائیلییان ده‌بێته‌وه نه خراپه‌شیان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. نهێنییه‌ك هه‌ی چونكه باش نهپاراسترا بۆیێ ئاشكرا بوو. ئه‌و نهێنییه باسی ئه‌وه ده‌كا كه له 1960ـه‌كان و 1970كاندا ئیسرائیلییه‌كان یارمه‌تی شۆڕشڤانه كورده‌كانیان ده‌دا و هه‌ر كاتێكیش بتوانن یارمه‌تییان ده‌ده‌ن. له یه‌كێك له زانكۆكانی هه‌ولێری پایته‌ختی كوردی، له‌گه‌ڵ ژماره‌یێك قوتابی كۆ بوومه‌وه، ئه‌و قوتابیانه تا ئه‌و ڕاده‌یه به ئازایه‌تی و به ته‌قه‌لاكانی ئیسرائیلییهكانیاندا هه‌ڵگوت كه زه‌وقی مامۆستایه ئهمێریكییه چهپڕهوهكهیان تێك دا.
ڕانهندهیێكی كورد باسی سه‌فه‌ره‌كانی خۆی له ڕوسیا و ئاسیای ناڤین‌دا كرد و پاشان ئومێدی خواست ڕۆژێك بتوانێ سه‌ردانی ئه‌مێریكا و ئیسرائیلیش بكات. لێم پرسی بۆچ. گوتی چونكه ئیسرائیلییه‌كان و كورده‌كان ڕووبه‌ڕووی هه‌مان ململانێ ده‌بنه‌وه. هه‌ردوو لایان به ده‌ستی سزادانیانه‌وه ناڵاندوویانه. هه‌ردووك لاشیان توانیویانه نه‌ك هه‌ر بمێننه‌وه به‌ڵكوو ده‌ستكه‌وتیشیان هه‌بێ.
هه‌ر چه‌نده له ڕاستیدا عێراق و ئیسرائیل هه‌رگیز په‌یوه‌ندی دپلۆماتییان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا نه‌بووه، هیچ كارمه‌ندێكی فه‌رمی ئیسرائیلی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نییه، وه‌لێ هێشتا به‌رپرسه كورده‌كان به ئاشكرا ده‌ڵێن كه ده‌بێ عێراق په‌یوه‌ندی ئاشتییانه‌ی ده‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێیه‌كانیدا هه‌بێ – بێ هیچ جیاوازییه‌ك. هه‌ندێك هێشتێكه له‌مه‌ش پتر ده‌به‌زن: فه‌لاح مسته‌فا به‌كری سه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاڤه‌ی كرد و گوتی:- “ئێمه هیچ گرفتێكمان ده‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا نییه. ئه‌وان ئێمه‌یان ئه‌زیه‌ت نه‌داوه. ئێمه ناتوانین ڕقمان لێیان ببێته‌وه چونكه عاره‌ب ڕقیان لێیان ده‌بێته‌وه. مه‌زه‌نده ده‌كه‌ین كه له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا هه‌بێ. ڕۆژێك پاش ئه‌وه‌ی ئیسرائیل باڵیۆزخانه‌ی خۆی له به‌غداد ده‌كاته‌وه، ئێمه بانگێشتیان ده‌كه‌ین دا كۆنسوڵگه‌ری خۆیان لێره ڤه‌كه‌ن.”
به‌كر ئه‌وه‌شی له بیر نه‌چووه كه ئیسرائیل یه‌كێكه له‌و ژماره كه‌مه‌ی ئه‌و دێمۆكراسییانهی كه له هه‌رێمه‌كه‌دا كارامه‌یه. هه‌ر وه‌ها گوتی كه كوردیش كۆشش ده‌كه‌ن ده‌زگای دێمۆكراتی ئاوا دابمه‌زرێنن كه پشتی پێ ببه‌سترێ. دیسان به شانازییه‌وه گوتی كه هه‌ندێ جار به كوردستان یێژن “ئیسرائیلی دووه‌م.”
كورد وا هه‌ست ناكا كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ده ساڵه له نێوان ئیسرائیل و توركیادا هه‌یه هه‌ڕه‌شه بێ لێیان چونكه ئیسرائیل سه‌نگی خۆی نه‌خستۆته سه‌ر ئه‌و ململانێیه‌ی له سه‌ر باری كه‌مینه‌ی كوردی له توركیادا هه‌یه. هه‌ر چۆنێك بێ، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ئێستای ئیسرائیل و توركیا ئه‌وه‌ی جاران نییه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه حكومه‌تی توركیا زێده ئیسلامییه و مێچكه مێچكهش له‌به‌ر مه‌لایه‌كانی تارانێ ده‌كات.
ئایا كه‌سێكی ئیسرائیلی ئاسایی چه‌ند له ده‌رباره‌ی كورده‌وه ئاگاداره؟ سه‌رباری ئه‌و ئیسرائیلییانه‌ی كه له قوژبنه جودایهكانی ڕۆهه‌ڵاتی ناڤینهوهڕا هاتوونه‌ته ده‌وڵه‌تی جووله‌كان، ئیسرائیلییه‌كانی هه‌موو دنیاش به لای كه‌م ده‌زانن كه له ناو ئه‌و دراوسێیانه‌ی به زۆرییان دوژمنن، ئه‌وان تاكه دۆستێكیان هه‌یه. پاره‌كه داود باغستانیی سه‌رۆكی پێشووی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان كۆوارێكی پڕشنگداری به ناوی ئیسرائیل كورد وه‌شاند. چه‌ند ڕاپۆرتێكی سه‌باره‌ت به نه‌رێته‌كانی كورده جووه‌كان و دیمانهیێكیشی ده‌گه‌ڵ ژه‌نراڵێكی خانه‌نشینی مۆسادی كوردی جووله‌كه و چه‌ندین گوتاری له ده‌رباره‌ی بۆ ده‌بێ جووه‌كان دووباره بایه‌خ به گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كوردستان بده‌ن، له‌و كۆوارهدا بڵاو كرده‌وه.
به‌شێكی دۆستایه‌تی له سه‌ر ئه‌م له یه‌كتر گه‌یشتنه‌دا بناغه ده‌گرێ: ڕۆههڵاتێكی ناڤین كه شوێنی ئیسرائیل و شوێنی جووله‌كه‌ی تێدا نه‌بێ، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و ڕۆههڵاته ناڤینه بێ كه جێی كوردی تێدا نابێته‌وه. ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ پاكتاو كردنی ڕه‌گه‌زی و ئایینی له ڕۆهه‌ڵاتی ناڤین‌دا كراوه پرۆژه‌ی نه‌هێشتنی كه‌مینه‌كانه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك ناسنامه‌ی یه‌كه‌می موسوڵمان بێ و پاشان عاره‌ب یان فارس یانیش تورك بێ، ڕه‌نگه ئه‌مه گرینگ‌ترین گۆڕان بێ كه ڕۆژنامه‌نووسان باسی لێ نانووسن و چالاكڤانهكانی مافه‌كانی مرۆڤیش پرۆتستۆی ناكه‌ن و سه‌ركرده سیاسییه‌كانیش خۆی لێ ناده‌ن. زۆربه‌ی كورد ئه‌مه‌یان وه‌به‌ر ده‌كه‌وێ. زۆرینه‌ی ئیسرائیلییه‌كان ئه‌مه‌یان به‌به‌ر ده‌كه‌وێ. گه‌له‌ك ئه‌وروپاییه‌كان و ئهومێریكییهكانیش هێشتا ماویانه له‌مه تێبگه‌ن.
———————————-
له كۆواری مۆمێنت Moment مۆمێنت جورناڵێكه له بۆچوونێكی جووله‌كه‌وه سه‌ربه‌خۆیه
كلیفۆرد د. مێی په‌یامنێری بیانیی پێشانی نیویۆرك تایمزه و ئێستاش سه‌رۆكی دامه‌زراوی به‌رگری له دێمۆكراسییهكانه كه پهیمانگهیێكی سیاسییه فۆكه‌سی سه‌ر تیرۆریزم و ئیسلامه‌تی ده‌كات.