Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کۆتایی ڕوداوەکان و دەرکەوتەی دیاردەکان،

کۆتایی ڕوداوەکان و دەرکەوتەی دیاردەکان،

Closed
by September 11, 2011 گشتی

ئەو فویوبیایەی ئێران و تورکیاو هەرێمی گرتووەتەوە
 

ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ڕوو دەدا لە ژیر هەر ناوێکدا گوزارشتی لێ کرابێت، بە هۆی ئەو خەسڵەتە سەرەکیانەی کە جێکەوتەی دیاری بە دوای خۆیدا هێناوە لەوە زیاتر مشتو مڕ هەڵدەگرێت کە تا ئێستا قسەی لە سەر کراوە، چونکە بە شێوەیەکی سروشتی لە نێو سەرهەڵدانی هەر گۆڕانکاریەکی مێژوییدا کۆمەڵێک داینەمۆو کاریگەری هەن هەر ئەمانەشن دواجار دەبنە هۆی هاتنە پێشی زەمەنێکی نوێ، لەکاتێکدا دەتوانین کۆی دەرکەوتەو جێکەوتەکانی ببەستین بە یەکەوەو بەسەر یەکەوە ناوی لێ بنرێت دیاردە. هەڵبەتە چەمکی دیاردە بە هۆی ئەو  پێکهاتە ئاڵۆزەی کە سەرجەم جومگەکانی پێکەوە دەبەستێتەوە ئەو خەسڵەتە هەڵدەگرێت کەوا لە چرکە مێژویەکانی بکات بە چەند هەڵوێستەو تێپەڕ بوونێکی سەر پێی بە سەریدا، یان ڕون تر بڵێم بە چەند ووتارو نوسینێک لە ڕۆژنامەکاندا هەرگیز حەقی خۆی پێ نەدریت، چونکە بە بڕوای من هەر ڕوداوێک لە کۆتایدا جێکەوتەی کۆمەڵە گۆڕانکاریەک لە نێو مێژودا جێ دەهێڵێت کە هەر ئەمەشە لە واقیعدا دەیکا بە حەتمیەتێکی مشتومڕئامێز لەوەی پێی دەوترێت دیاردە، هەڵبەتە هەموو دیاردەیەکیش پێویستی بە میتۆدێکە تا لە ڕێیەوە بە شێوەیەکی زانستی خوێندنەوەی لە سەر بکرێت، تا ئێستاش بەم جۆرە لە میتۆد وتراوە دەستپێکی دیاردەگەرایی (فینۆمینۆلۆژی) بە گشتیش ئەم چەمکە کار دەکات لەسەر دۆزینەوەی ڕەگەزە گرنگ و وردو شاراوەکانی دیاردەکان، هەروەها بە شێوەیەکی زانستیش توێژینەوە لەسەر مێژوو دەرکەوتەو هۆکار و دەرەنجامەکانی دەکات. سەرەنجام دەوێرم بڵێم خوێندنەوەی هەر دیاردەیەک بە چاوێلکەی فینۆمینۆلۆژیاوە زیاتر ئاشنامان دەکەن بەو ڕیشاڵە وردانەی ئەزمونیان لێ هەڵەهێنجرێت.
بۆیە دەکرێ بڵێین ئەو ئاگرەی ئەمڕۆ بەر بووەتە نێو جەنگەڵە کوشندەو ترسناکەکانی ستەمگەری هەر لە یەکەم چەخماخەیەوە کە بڵێسەو بۆکڕوزەکەی لەشی (بوو عەلی)یە لە توونس، هەتا گڵپەو سوتماک و فەرمان و پەشیمانی و هەڵهاتن و هەروەها کەلە ڕەقی و دادگای و تەواوی ئەو پاشماوە چاک و خراپانەی کە لە دوای ڕوداوەکانەوە بە جێماون، دەبێت بە دیاردە سەیر بکرێ و دواتر بکرێن بە تەوەری گفتوگۆو لێکۆڵینەوەو نوسینی زانستیانەی بیرمەند و کەسە شارەزاکان جیا لەمەش ببێتە دەروازەیەک بۆ بەدوادا چوون و کار لەسەر کردنی لێکۆڵەرەوان لە نێو زانکۆکاندا.
ئەگەر بە وردبینیەوە چاوێک بە نەخشەی گۆڕانکاریەکاندا بخشێنین دەبینین نەتەوەی کوردیش لە ناوچەکەدا پێشهاتی گەورە چاوەروانیەتی ئەمە وێڕای ئەونارەزایەنەی لە ١٧ شوباتەوە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە سەری هەڵداو هێشتا پشکۆی ئەو گڵپەیە دانەمرکاوەتەوە، بەڵام بە شیوەیەکی گشتی دەرک بەوە دەکرێت دوای کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد لە سوریا، سەبارەت بە کوردو دۆزەکەی کێشانی نەخشەیەکی نوێی سیاسی لە ناوچەکەدا بێتە ئاراوە. هەرچەندە پێشهاتەکانی کەوتنی ئەو ڕژێمە لە داهاتوی نزیکدا سەرەڕای ترسێکی زۆر لە بەرەنجامەکانی لە لایەن ئێران و تورکیاوە، هاوکات سەرانی دەسەڵاتداری حکومەتی هەرێمیشی شپرزە کردوە، ئەگەر تێبینی بکەین لە کاتێکدا ئەوە دەبینین هەریەک لەو جەمسەرانە بەجیاو لە گۆشە نیگای ترسێکەوە لە پێشهاتەکان دەنواڕن، هەر بۆ نمونە ئەوەی تورکیا پێشبینی دەکات و زەندەقی لێی چووە جیایە لەو ترسو پێشبینیانەی ئێران دەیکات وە لە هەمانکاتدا ئەوەی حکومەتە تێوەگلاو لە گەندەڵیەکەی هەرێم چاوەڕوانی دەکات بە تەواوی جیاوازە لە مەترسیەکانی ئەو دوو وڵاتە. بۆیە ئەگەر لێرەوە ورد ترسەرنج بدەین هەست بەو خاڵە شاراوانە دەکرێت بوونەتە هۆی ئەم لەشکر کێشی و تۆپباران و دەست درێژیانەی لە لایەن هەردو وڵاتەوە دەکریتە سەر سنورەکانی هەریمی کوردستان وەهەست بەوەش دەکرێت ڕێکەوتنێکی ژیر بەژێر هەیە لە نیوان هەر سێ کوچکەی تورکیا، ئێران، هەرێمی کوردستاندا لە سێ ستراتیجی جیاوازدا، کە دەتوانین بڵێین لە چەند ڕویەکەوە ئێران و هەرێمی کوردستان لە هەندێ ئامانج و لە هەندێ خاڵدا لەبەرامبەر هاونیشتیمانەکانیاندا لەیەک دەچن، لەوانەش ئێران دوای کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد ترسێکی زۆری هەیە لە سەرهەڵدانی نارەزایەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، هەروەها دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش هەمان مەترسیان لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی گەورە هەیە کە ئەمجارەش تەنانەت پایتەختیش بگرێتەوە. بۆیە ئێران لە لایەک ئامانجی لاواز کردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانەو ترس لە پەرەسەندنە خێراکانی ئەو پارتەشە کەوا بووەتە شەبەنگی ئاسۆی هیوایەک بۆ دوا ڕۆژی ئەو بەشەی کوردسان، لە لایەکیش بۆ دامرکاندنەوەو هەڵخەڵەتاندنی ئەو دەنگە ناڕەزایانەی نێوخۆی وڵاتەکەیەتی کە دەیەوێت ئەمە بکات بە بانگەشەی پیشاندانی مەترسی دەرەوە بۆ سەر وڵات و هەروەها دیسانەوە گەرم کردنی کۆڕی سنگ کوتان بەسەر لاشەی ئەو پاسدارانەی دەبنە قوربانی لەم هێرشانەدا، ئەمەش بە هەمان درێژ کردنەوەی ئەو سیاسەتانەی ڕەهەندیکی قوڵی دەرونی لە نێو مێژوی ئەو مەزهەبەدا هەیە. شیعەکان لە دەمێکەوە لەوە گەیشتون گریان و زنجیر وەشان و خەڵتان بوونیان لە خوێندا بۆ مەرگی قوربانیەکان، هێندەی تر جومگەکانیان پێکەوە دەبەستێتەوە، چونکە کاتێک کۆمەڵێک کەس هەمئاهەنگی شیوەنێک دەبن و بۆ مەرگی یەک قوربانی لە خۆ دەدەن لەو چرکەساتانەدا لەبەر کاریگەری و چڕی ئەو سۆزەی دروست دەبێت ڕۆحیەتێک لە دایک دەبێت کە سەروی ڕۆحی ڕەهایەو هەموو جەستەکانیش لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، لە باشترین نمونەیدا دەیبینین سنگ کوتانە بۆ مەرگی حوسەین سەدان ساڵە گروهی شیعە ماڵی خۆی لە سەر بونیاد دەنێت، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت هیچ سۆزێک بەهێز تر نیە لە گریان. هەر سەبارەت بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش دەیانەوێت ئاراستەی ناڕەزایەکان لە بوونی گەندەڵیەوە بچەرخێنن بۆ ناڕەزایی دەستدرێژی سەر سنورەکان، ئەمە لە کاتێکدا ناوە ناوە گوێمان لێ دەبیت لە ژێر لێوەوە سەرۆکی هەرێمیش هەندێ جار هەڵوێستی ناڕون دەردەبڕێت کە هیچ جێی دڵخۆشی نین، ئیتر گرنگ نیە هەڵەی گەورەی مێژوی بکات و لە پێناو کورسیەکەی خۆیدا قەندیل تەختی زەوی بکرێت، ئەمەش ئەوەمان پی دەڵێت لە حاڵێکدا ئەگەر خاوەنماڵ لەگەڵ دزدا دەستی تێکەڵ نەکردبێ و گڵۆپی سەوزی هەڵنەکردبێ ئەوا هەرگیز لە مێژوی هیچ حوکمڕانیەکدا بەرچاو ناکەوێت دوو هێزی زەبەلاح لەشکر کێشی بکەنە سەر سنورەکانت و تۆش وەکو بەرپرس فزە نەکەیت و ئامادە نەبیت حاڵەتی نائاسای ڕابگەیەنیت! لەولا تریشەوە تورکیا مەترسی لە دروست بوونی هەرێمێکی تری کوردی ئازاد دەکات لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سوریا کە ببێتە زەمینە خۆشکەر بۆ گوێزانەوەی بەشێک لە بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و داکوتانی پێگەیەکی قایم تر کە تورکیا بە یەکجاری ناچار بە هەموار کردنی دەستوور و جێکردنەوەی مافەکانی کورد بکا، بەڵام لەو ڕوانگەیەوە تورکیا زۆر تەسک بینیە لە خوێندنەوەی پێشهاتەکان و پلانی لەناودانی پارتی کرێکارانی کوردستان، چونکە تورکیا دەبوو بیزانیایە نە بە لێدان و ئۆپراسیۆن پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو دەچن و نە بە لەناوچونی ئەو پارتەش کوردو کێرڤی داخوازیەکانی سست دەبێت. جا بۆیە لەم نێوەندەدا دەسەلاتدارانی هەرێم خەسارۆمەندی یەکەمن و زیاتر خۆیان و ئەو دووسەد هەزار پاسەوانانەی هەرێم دەخەنە ژێر گومانەوە لەکاتێکدا مێژوو پێمان دەڵێت هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کاریان لەسەر پاوەن کردنی ڕوبەرێکی زیاد لە یەقین کردوە بە مانا دۆگماکەی هەوڵیانداوە بەر لە هەر ئەگەرێک بگرن کە گومان دەخاتەوە، بەڵام بێ خەبەر لەوەی کەوا لەناو هەموو قەوارەیەک لە یەقیندا سیستەمێک کار دەکات کە ڕۆژ بە ڕۆژ پەک بەو هەوڵانە دەخات پارێزگاری لە دۆگما بوون دەکەن.

 

نوری حەمەئەمین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.