
ئاغای ده‌وڵه‌تی یاسا … ڕۆزا حسێن
وه‌ک تێبینیی ده‌کرێت ده‌رکردنی بڕیارێک له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه له هه‌فته‌ی ڕابردوودا سه‌باره‌ت به بردنه‌به‌ر دادگای ئه‌و که‌سانه‌ی بڕیاره له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی به‌هاری ئه‌مساڵ ببرێنه به‌ر دادگا، چی له‌ناوه‌ندی سیاسیی و ڕۆشنبیرییدا و چی له‌لایه‌ن شه‌قامه‌وه، وه‌ک کارێکی پۆزه‌تیڤ و دڵخۆشکه‌ر پێشوازیی لێ‌کرا. ئه‌م بڕیاره له‌لایه‌ن زۆرێکه‌وه وه‌ک بڕیارێکی گرنگ و کارێکی گه‌وره‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم چاوی لێ‌کرا و ده‌ستخۆشانه‌ی زۆری بۆ چنییه‌وه.
من پێموایه ئه‌و بڕیاره و مه‌سه‌له‌ی ده‌ستبردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی بۆ ده‌رکردنی بڕیاڕیکی له‌و چه‌شنه نه‌ک هه‌ر جێگه‌ی دڵخۆشیی و جێگه‌ی ده‌ستخۆشانه نییه، به‌ڵکو کارێکی ئه‌وه‌نده نابه‌جێیه که ده‌یهێنا هه‌موو ڕاگه‌یاندنه‌کان و هێزه سیاسییه‌کان په‌رچه‌کرداری ڕه‌خنه‌گرانه‌ی توندیان له‌ئاستیدا وه‌رگرتایه.
یه‌که‌م شت که گرنگه بیزانین ئه‌وه‌یه که ئه‌و بڕیاره بڕیاری ناردنهبهر دادگای ته‌نها ئه‌و چه‌کدار و به‌رپرسانه نییه که له حه‌ڤده‌ی شوباتدا ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران کرد، وه‌ک چۆن زۆرێک له ڕۆژنامه‌کان هه‌واڵه‌که‌یان وا بڵاو کرده‌وه و زۆرێکیش هه‌ر وا لێی تێگه‌یشتن. ئه‌و بڕیاره بڕیاری ناردنهبهر دادگای هه‌موو ئه‌وانه‌شه که سه‌رۆکی هه‌رێم خواستێتی له‌سه‌ر موماره‌سه‌ی مافی خۆیان بۆ خۆپیشاندان له به‌هاری ئه‌مساڵدا، سزایان بدات. دیاره ئه‌رکی میدیاکاران بوو ووردتر بڕیاره‌که بخوێننه‌وه و ئه‌و بهدحاڵییبوونه له‌و بڕیاره لای خه‌ڵک دروست نه‌که‌ن. به‌ڵام شتێکی له‌مه گرنگتر که ده‌بێت ئێمه بیزانین و به‌سه‌رماندا تێنه‌په‌رێت ئه‌وه‌یه که مه‌سعود بارزانی بێئاگایی خه‌ڵک و سیاسه‌تمه‌داران له یاسا و سیاسه‌ت، به‌دئیستیفاده لێده‌کات و خۆی له ده‌رکردنی بڕیاری له‌م جۆره ده‌دات، ئه‌گینا ئه‌وه ڕاست نییه ئه‌و ده‌یڵێیت که گوایه ئه‌و به‌پێی یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ڵاحییه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه بڕیاری له‌و چه‌شنه ده‌ربکات، وه‌ک خۆی له سه‌ره‌تای بڕیاره‌که‌دا نووسیویه‌تی. چوونهبهردادگای که‌سانێک که له‌لایه‌ن دادگاوه داواکراون له ده‌وڵه‌تی یاسادا حهتمییهتێکه و پێویستی به بڕیارلێدان و بڕیارلێنهدانی سه‌رۆک نییه. هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێکی سه‌رۆکیش له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا لادانێکی زیادهڕۆییانهیه له سهڵاحهتییهکانی خۆی و ده‌ستێوه‌ردانێکی ترسناکی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنه له کاروباری ده‌زگای قهزاییدا و گرنگه زووبه‌زوو سنووری بۆ دابنرێت.
ڕه‌وایه که‌سێک بپرسێت ئایا کوا و له‌کوێی یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانی ژماره (1)ی ساڵی (2005)-دا سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌و سهڵاحهییهتهی پێدراوه ئه‌و بڕیار بدات ئایا کێ بچێته به‌ر دادگا و کێ نه‌چێت. سه‌رۆکی هه‌رێم ماوه‌یه‌کی زۆره ئه‌م یارییه تێده‌په‌ڕێنێت و له‌سه‌رووی کاغه‌زێکه‌وه ده‌نووسێت له‌سه‌ر بنه‌مای سهڵاحهییهتهکانی خۆی له یاسای سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستاندا ئه‌و مافه‌ی هه‌یه و ئیتر هه‌رچییه‌ک له قازانجی سیاسه‌تی خۆی و به دڵی خۆی بێت، وه‌ک بڕیاری سه‌رۆکایه‌تیی ده‌ریده‌کات و ده‌یچه‌سپێنێت. بۆ نموونه ئه‌وه پره‌نسیپێکی تره نه‌ک مه‌زاج و ویستی سه‌رۆک که بڕیار ده‌دات ئایا حیزب و ڕێکخراوه‌کان بودجه‌یان هه‌بێت یان نا. به‌ڵام سه‌رۆکی هه‌رێم به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه فه‌زڵی ده‌سکراوه‌یی به‌سه‌ر خه‌ڵک و ریکخراوهکاندا ده‌فرۆشێت و هه‌ر خۆی سه‌ربه‌خۆ بڕیار له‌سه‌ر بڕین و ئینجا دانه‌وه‌ی بودجه‌ی ڕیکخراوه‌کان ده‌دات.
له‌ڕاستییدا ئه‌م شێوه ئیداره‌دانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌نجامی ده‌دات سه‌رۆکایه‌تییکردنی ده‌وڵه‌تی یاسا نییه، به‌ڵکو ڕێک ئاغایهتییهکی حه‌رفییه به مانا فیوداڵییه کۆنه‌که‌ی ووشه‌که. داڵده‌دانی که‌سانێک که له‌لایه‌ن دادگاوه داواکراون و تهسلیمنهکردنیان ئاغایهتییکردنی ئاغایه‌که که خۆی له‌سه‌رووی هه‌موو یاسایه‌کی ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌بینێت. سه‌رۆکی هه‌رێمێک یان ده‌وڵه‌تێک نه ئه‌و سهڵاحهییهتهی هه‌یه داڵده‌ی داواکراوان بدات و تهسلیمیی دادگایان نه‌کات، وه نه فه‌زڵێکی ئه‌ویشه به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌وه و نه جێگه‌ی ده‌ستخۆشیشه گه‌ر ڕۆژێک له به‌شێک له‌و ئاغایهتییکردنهی خۆی ببوورێت و ملکه‌چی سه‌ربه‌خۆیی ده‌زگای قه‌زایی بێت و ده‌ست له شاردنه‌وه‌ی پیاوه‌کانی خۆی له ده‌ستی یاسا هه‌ڵبگرێت. هه‌ست ده‌که‌م ته‌نانه‌ت خه‌ڵک و هێزه سیاسییه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانیش هه‌ر به‌م پێوانه‌ی ئاغاییه بڕیاره‌کانی سه‌رۆک لێکده‌ده‌نه‌وه بۆیه ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی داواکراوان وه‌ک بڕیارێکی گرنگ و فه‌زڵێکی سه‌رۆک به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه تێده‌گه‌ن.
ئه‌وه‌ی که سه‌رۆکی هه‌رێم چه‌ند مانگه ڕێگره له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی حیزبه‌که‌ی که له‌لایه‌ن داواکاری گشتییه‌وه داواکراون ده‌ستگیر بکرێن، ئه‌مه خۆی سه‌رپێچییه‌کی گه‌وره و خه‌ته‌رناکی ئه‌وه، که ده‌هێنێت له‌سه‌ری لێی بپرسرێته‌وه. ئێستاش که ئه‌و ئاماده‌یه ته‌قه‌که‌ران ڕاده‌ستی دادگا بکات، من دڵنیام ئێستا چه‌ندین به‌ندوبه‌ستی نایاسایی له‌پشته‌وه ئاماده کراوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی یان له دادگاییکردنێکی کارتۆنییدا بێ‌تاوان ده‌ربچن و له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رپه‌رشتیارانی خۆپیشاندانه‌کان سزا بدرێن.
ڕاستییه‌که‌ی من پێموایه قازانجتر ده‌بوو ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌ر له‌سه‌ر داڵده‌دانی ته‌قه‌که‌ران سووربوایه و ئاماده نه‌بوایه ڕاده‌ستیان بکاته‌وه. ده‌ڵێم قازانجتر ده‌بوو چونکه له حاڵه‌تێکی وادا هه‌م ئه‌و خۆی تووشی ئه‌و کاره نایاساییه ده‌کرد و هه‌میش کارێکی وا دیبه‌تێکی زۆری له‌ناو کۆمه‌ڵگادا به‌ده‌وری ئه‌وه‌دا ده‌خسته‌وه که سه‌رۆک تا چه‌ند ئه‌و مافه‌ی هه‌یه کارێک وا بکات. که‌وتنه‌وه‌ی دیبه‌یت و ناڕه‌زاییه‌کی واش عه‌قڵییه‌تی سه‌روه‌ریی ده‌زگای قه‌زایی و سه‌روه‌ریی یاسای له زیهنی خه‌ڵکدا زیاتر ده‌چه‌سپاند. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا، کاتێک سه‌رۆکی هه‌رێم به بڕیارێکی نایاسایی ئۆتۆریتارانه ڕاده‌ستکردنی ئه‌و که‌سانه به دادگا ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه هیچ ناکات ئه‌وه نه‌بێت مێنتاڵیتێتی ئاغایه‌تیی له‌ناو کۆمه‌ڵگادا تۆکمه‌تر ده‌کات و سه‌رۆکیش له زیهنی خه‌ڵکدا ده‌کاته ئاغایه‌کی به‌خشنده. بۆیه ئه‌گه‌ر بڕیار بێت له‌نێوان به‌دیلی قورتاربوونی ته‌قه‌که‌ران له ده‌ستی یاسا و جێگرتنی مێنتاڵیتێتی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌لایه‌ک و، به‌دیلی بردنهبهردادگای ته‌قه‌که‌ران و جێگرتنی مێنتاڵیتێتی ئاغاوات له‌ناو کۆمه‌ڵگادا یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرین، ئه‌وا من بێدودڵیی به‌دیلی یه‌که‌میان هه‌ڵده‌بژێرم.
ئه‌گه‌ر بڕیاره ئێمه ده‌وڵه‌تی یاسامان هه‌بێت، ئه‌وا ناچارین ئه‌و ڕاستییه ساده‌یه به‌رچاو بخه‌ینه‌وه که ده‌وڵه‌تی یاسا له‌سه‌ر سێ پره‌نسیپی سه‌ره‌کیی بونیاد ده‌نرێت. یه‌که‌م: شه‌رعییه‌ت، به‌و مانایه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن نه‌توانێت به‌نایاسایی و له‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌ڵاحییه‌ته‌کانی خۆی ده‌ست وه‌رداته کاروباری دادگاکانه‌وه. دووه‌م: یه‌کسانیی له‌به‌رده‌م یاسادا، به‌و مانایه‌ی که هاوڵاتییان پله‌وپایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌رچییه‌ک بێت، ده‌بێت دادگا وه‌ک یه‌ک مامه‌ڵه‌یان بکات. سێیه‌م: دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات، به‌و مانایه‌ی که هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن و یاسادانان و دادوه‌ریی سێ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆ و جیا له‌یه‌کتر بن. به‌م پێوانانه بێت و به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و کارکرده گه‌وره‌یه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌سه‌ر ده‌زگای قه‌زایی و په‌رله‌ماندا هه‌یه‌تی و، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و دهستهئاسنینهی که ئه‌و مامه‌ڵه‌ی نه‌یارانی سیاسیی خۆی پێ ده‌کات بێئه‌وه‌ی هیچ کاتێک ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه بووبێته‌وه، ئه‌وا بێدودڵیی که‌سێک ده‌توانێت بڵێت که سیسته‌می حوکم له هه‌رێمی کوردستاندا سیسته‌مێکه که ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌تێکی یاسا بێت، به‌ڵام له پراکتیکدا سیسته‌مێکی سیاسییه موتوربه‌کراو به زیهنییه‌تێکی ئاغایه‌تیی که وه‌ک پاشماوه‌یه‌کی سه‌رده‌می خێڵه‌کایه‌تیی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌و هه‌رێمه‌دا هه‌ر ماوه‌ته‌وه.
rozahusein@yahoo.com
31.08.2011