)لەژێر پێست )ی دوریس لێسینگ دا
“ماوەی چل ساڵ دەبی کە ناوم لە ریزی کاندیداکانی خەڵاتی نۆبێل دایە، هەموو ساڵێ شاد و پەشیمانیان کردوومەتەوە، دڵخۆشبوونیش سنوورێکی هەیە”.
ئەمەی سەرەوە وتەی ئەو نووسەرەیە کە ئەمێستا (2009)، تەمەنی نەوەد ساڵە و حەفتاوچوار کتێبیشی لە بوارەکانی کورتەچیرۆک، رۆمان، شانۆیی، وتار و شیعری لەسەر کەڵەکە کردووە. لەماوەی ژیانی نووسەرانەی خۆیدا دووجار شیعری بڵاوکردۆتەوە کە یەکەمینیان لە دەیەی 1950 لە بریتانیادا بڵاوبۆتەوە و ئەویتریان بەرهەمی هاوبەشی بوو لەگەڵ دوو شاعیری دی کە ساڵی 2002 لە لایەن بڵاوکەرەوەی “پویتییک پیشنس” لە بریتانیادا چاپ کرا، بەڵام زیاتر بە چیرۆکنووس ناسراوە.
دوریس لێسینگ (Doris May Lessing) نووسەری بەناوبانگی ئینگلیزی لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لەدایک بووە. دایکی پەرستار و باوکی بە نێوی “ئالفرێد کۆک تەیلۆر” (Alfred cook taylor) ئەفسەری هێزیکی داگیرکاری ئینگلیز بوو و شەڕی یەکەمی جیهانیی لاقیکی لێ گل دابۆوە. “ئالفرێد” بە دیتنی کارەساتی دڵتەزێنی شەڕ تووشی خەمۆکیی ببوو. ناوبراو بۆ دوورکەوتنەوە لەو کەشوهەوایە و بە هیوای چاکبوونەوە چووە ئێران و لە کرماشان بوو بە بەرپرسی “بانکی شاهی (Impereal Bank Of Persia).
بانکی شاهی و بانکی رووس دوو بانکی بیانی بوون لە ئێراندا، کە پاش تەڤگەڕی ناسیونالیستی و هاوکات لەگەڵ خۆماڵیکرانی نەوت لە ساڵی 1952دا تەختەکران. هەربۆیە “دوریس” لە تەمەنی دوو ساڵ و نیویدا لەگەڵ بنەماڵەکەی گەڕایەوە بۆ بریتانیا. بەڵام بیرەوەرییەکانی لە ئێران زۆر زیندوو و قووڵە. ئەو پاش نەوەد ساڵ ژیان، ژیاننامەکەی تەرخان کردووە بۆ وێنەگەلێک لە کرماشان و تاران کە زۆر وردبینانەیە و دەریدەخا کە هەر لە سەرەتاوە بەوردیى سەرنجى داوە و روانگەى تایبەت بە خۆى هەبووە.
خاتوو لێسینگ لە کتێبى “لە ژیر پێستم” (Under My skin)دا باسی چوونی بنەماڵەکەی کردووە بۆ کرماشان و نوسیویەتى:
“بەمجۆرە دایک و باوکم کە هێشتا هیلاکی دەستی کارەساتی شەڕ بوون، چوونە ماڵێکی بەردینی گەورە لە شاری بازرگانی و کۆنی کرماشان. ئەم شارە لە دەشتێکی بەرز هەڵکەوتبوو. من لێرەکانە لە 22ی 6 ئۆکتۆبری 1919دا لە دایک بووم. دایکم زۆری ژان هاتێ. لە دایکبوونێکی تاقەتپڕووکێن بوو. چەندین ساڵ پاش لەدایکبوونم دموچاوم هیشتا پەڵەی بنەوشی پێوە مابوو. بڵێی ئەم لەدایکبوونە دژوارە کاری کردبێتە سەر چارەنووسی من؟ بڵێی شوێنی خستبێتە سەر ئاکاری من؟ بڵێی کێ بزانێ؟”
لێسینگ لە جێیەکی دیکەدا دەڵێ:
“بیرەوەرییەکی دیکەم هەیە سەبارەت بە خۆم، ئەستێرێکی مەلێ، پڕ لە مرۆڤی چوارشانە و رووتوقوت و بیڕەنگ کە دەیانقریواند و خێراخێرا ئاوی ساردیان پێدادەکردم. لەشی رووتی دایک و باوکیشمم لەبەرچاوە، هی دایکم کە بە قیژە و هەراوە چێژی لە مەلێکردن وەردەگرت و هی باوکم کە خۆی بە لێواری ئەستێرەکەوە گرتبوو، چونکە نەیدەتوانی بەو لاقە قرتاوەیەوە مەلێ بکا. خەڵکی دیکەش لەوێ بوون، ئەستێرەکە قەرەباڵغ بوو.
زۆرجاران دایکم نیشتەجێبوونی ئەوکاتی لە ئێران بە خۆشترین ساتەکانی تەمەنی دەزانی و دەیکوت:
هاوینان، دوانیوەڕۆی هەموو رۆژێ، دەچووین بۆ مەلێکردن و کۆتایی هەفتە لە ئەستێرەکەدا دەستەی مەلێکردنمان هەبوو. ئەو کاتانەی کە مەلێمان دەکرد زۆر خۆش بوو. تۆ لە نێو ئەو دەستەیەدا هاروهاجیی زۆرت دەکرد. ئێمە تۆمان دەهێنایە نێو ئاوەکە.. دەتزریکاند.. دیسان دەمانبردییەوە لێواری ئەستێرەکە و داماندەنیشاندی. ئاوی ئەستیرەکە زۆر سارد بوو، بە توانەوەی بەفری شاخی پڕ دەبوو. هەر کەسێ خۆی دەخستە نێو ئاوەکە بێئیختیار دەیزریکاند”.
خاتوو لێسینگ پاش گەڕانەوەی بۆ بریتانیا، ساڵی 1926 هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی چوو بۆ رۆدزیا (زیمبابۆی ئەمڕۆ) کە داگیرکراوی ئینگلیز بوو. باوکی لەوێکانە خۆی بە بەرهەمهێنانی گەرمەشانییەوە سەرقاڵ کرد. دوریس کە بە وتەی خۆی سەربزێو و خۆبەزلزان بوو، نێردرایە خوێندنگەی سەرەتایی کاسۆلیکەکان و دواتریش چووە ناوەندیی کچانەی سالیسبووری (هەرارەی ئەمڕۆ). بەڵام لە تەمەنی سێزدە ساڵیدا وازی لە خوێندن هێنا. لە شوێنێکدا کوتویەتی: “بۆخۆم بووم بە مامۆستای خۆم”. لە پازدە ساڵیدا سەری خۆی هەڵگرت. هەر لەوکاتەوە دەستی کرد بە خوێندنەوەی بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەوروپا و ئەمریکای سەدەی نۆزدە. دوریس لەبەر دەستکورتی و بۆ خۆژیاندن، ساڵی 1933 دەستی کرد بە کارکردنی وەک: پەرستاریکردنی منداڵ، تەلەیفۆنچێتی، پیت لێدان. ساڵی 1939 لەگەڵ ئەفسەرێکی هێزی داگیرکاری ئینگلیز ژیانی هاوبەشیی پێکهێنا. بەڵام ئەو ژیانە کە بەرهەمەکەی دوو منداڵ بوو، زیاتر لە چوار ساڵی نەخایاند. ساڵی دواتر بوو بە ژنی کۆچەرێکی ئەڵمانی بەنێوی لێسینگ کە ئەندامی حیزبی کومونیستی ئەڵمان بوو. لێسینگی ئەڵمانیی لە چنگی نازییەکان رایکردبوو و هاتبووە سالیسبوری. ئەم ژیانەش زیاتر لە پێنج ساڵی دەرفەت پێنەدرا. بەڵام دوریس کوڕێک و بڕوایەکی کومونیستی و نێوبانگێکی گەورەی لە لێسینگ ـ وە پێبڕا. لەم بارەیەوە دوریس کوتویەتی:
” نێوی لێسینگم لەبەر ئەوە راگرتووە رەنگە بۆ گەشەی کاری نووسەرییم خێری پێوە بێ”. هەڵبەت خێریشی پێوەبوو.
هەر چۆنێک بوو دوریس ساڵی 1949 بە منداڵێک لە کۆڵ و جانتایەک کە دوو رۆمانی بڵاونەکراوەی تێدابوو گەڕاوە بۆ ئینگلیز و بەهۆی هەژارییەوە لە گەڕەکێکی هەژارنشینی لەندەن نیشتەجێ بوو. دوریس دانیشتن لەگەڵ هەژارەکانی زۆر پێ گرینگ بوو، لەبەرئەوەی کەسایەتیی زۆربەی بەرهەمەکانی خۆی لێرەدا دەناسییەوە. ساڵەکانی پاش شەڕ، دۆخی ئابووریی بریتانیا زۆر نالەبار بوو. بەتایبەت کە ناوچە داگیرکراوەکان بەهۆی سەرهەڵدانەوە یەک لەدوای یەک بە سەربەخۆیی گەیشتن و بوونە هەڕەشە لەسەر ژێرخانی ئابووریی بریتانیا. دوریس لە رێبازی هزریی مێردی دووەمیدا لای کومونیستی گرت. ئەو لە ئینگلیز پێوەندیی گرت بە حیزبی کومونیستەوە و تێکۆشانی لەو حیزبەدا بە هێرشی سوپای یەکگرتووی وڵاتانی کومونیستی بۆ سەر ئازادیخوازانی مەجارستان (1956) کۆتایی پێهات. رووداوەکانی مەجارستان بوو بە هۆی دەست لەکارکێشانەوەی لە حیزبی کومونیست. دواتر سەبارەت بەم تێکۆشانە کومونیستییە نووسی:
“رەنگە مەزنترین شێتیم بووبێ لە ژیانمدا”.
دوریس هەر لە سەرەتای منداڵییەوە دژی رهگهزپهرستیی لە ئەفریقا راوەستا. ئەو لە یەکەم رۆمانیدا بە نێوی “سەوزەڵان گۆرانی دەچڕێ (The Grass is Singing) کە ساڵی 1950 لە لەندەن بڵاوبۆوە، بە هێنانەگۆڕێی ئەوینێکی یاساغ لە نێوان رەش و سپیدا، جیاوازیی سامناکی نژادیی لە ئەفریقا ئاشکرا کرد. دواتر “مایکێل رەیبۆرن” لە رووی ئەم چیرۆکەوە فیلمێکی ساز کرد و کێویلهیی و رهگهزپەرستیی بردە سەر پەردەی سینەماکانی دنیا.
لەم روانگەیەوە دەتوانرێ خاتوو لێسینگ بە یەکێ لە یەکەم تێکۆشەرانی هاوڕێی “نیلسۆن ماندیلا” دابنرێ. رۆمانی “The Grass is Singing” و هەروەها فیلمە سەرکەوتووەکەی لە بازاڕی ئەدەبیاتی رۆژئاوادا شوێنپێیەکی بۆ نووسەر خۆش کرد، تاکوو ئەو جێیەی کە خاتوو لێسینگ دوو ساڵ دواتر (1952) بە هۆی بەرهەمە نوێیەکەی “ئەوە بوو سەرزەمینی ئەربابە پیرەکە” (This was the old chief `s coatry) پارەیەکی بەدەستهێنا و توانیی لە رێی نووسینەکانییەوە بژیو دابین بکات.
دوریس لە یەکەم بەرهەمەکانیدا کەمتر سەرنجی بە شیوازی داڕشتن و جوانی نووسین دەدا و هەوڵی ئەوە بوو هەتا بە یاسا ئەقڵانییەکان و دەروون شیکاریی ورد و بە وەبیرهێنانەوەی بەڵێنە ئەخلاقییەکان، دژایەتی و پێشێلکرانى یاسا لە ئەندێشەی هەڵاواردنی رەگەزی و پێوەندیی ئاغا و رەشاییدا ئاشکرا بکا.
لێسینگ توندوتیژیی شەڕی شەرمەزار دەکرد و رەنجی ژنانی لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا زەق دەکردەوە. بە بڵاوبوونەوەی “دەفتەری بیرەوەرییە زیڕینەکان” (The Golden Notebook) لە ساڵی 1962دا ناوی دوریس لێسینگ هەر چوار قوڕنەی دنیای تەنییەوە. پاش ماوەیەک نێوى ئەم کتێبەى گۆڕى و کردی بە “نزای فێمینیستەکان” و بوو بە یەکەم رێخۆشکەری خەباتی ئابووریی ژنان لە پێوانەی جیهانیدا و لەم روانگەیەوە بە یەکێک لە کتێبە پڕفرۆشەکان ناوی دەرکرد. لێرەدا ئەمەمان نابێ لەبیر بچێ کە دوریس لێسینگ خۆی بە فێمینیست نەدەزانی و ئێستاکەش لەگەڵی ناسازێ.
ساڵی 1969 لێسینگ کتێبى “شاری چوار دەروازە ” (The Four – Goted City)ی لە چەند بەرگدا بڵاو کردەوە. پاڵەوانی ئەم چیرۆکە دوو هەزار لاپەڕەیە، ژنێکە بە نێوی “مارتا کووست (Martha quest) کە نووسەر بە نووسینی چارەنووسی ئەو کەسایەتییە پێوەندییەکانی نیوان دەسەڵاتی تاکی و گیروگرفتی کۆمەڵایەتیی شیدەکاتەوە. بیجگەلەوە دەتوانرێ ئەم بەرهەمە هاوتای رۆمانە بەکەڵکەکان بۆ زانینی زانیاریی گشتی و هەروەها بە وتەی یەکیک لە رەخنەگران بە “پشکنینی سەدەیەک” دابنرێ.
لەکۆتایی ئەم رۆمانە دوورودریژەدا نووسەر بۆ ماوەیەک شێوازی گۆڕی و شێوازێکی ئەزموون کرد کە بۆ خۆی ناوی نا “لە ناخی فەزای خەیاڵیدا” (Inner space Fiction). ئەم شیوازەی لە پێشدا لە کورتە رۆمانێک بە نێوی “مەرجی هاتنە دەرەوە لە جەهەننەمدا” (Briefing For a Desce..t into Hell) و پاشان ساڵی 1974 لە “بیرەوەرییەکانی رزگاربوویەک ” (The Memories of a Survivor)دا بەکارهێنا. بەڵام دووەم بەرهەمی خۆی لە کتێبێکی پێنج بەرگیدا نووسی و ساڵی 1982 بەجیا بڵاوی کردنەوە. پاش ئەم گەشت و سەیرانە لە خەیاڵاتی ئاسمانیدا، خاتوو لێسینگ دیسان بۆ دنیای راستەقینە هاتەوە و لە بەرهەمەکانیدا شێوەی ریاڵ ـ ی هەر وەکوو پێشوو بەکارهێنا.
ساڵی 1983 ژنێک بە نێوی “جین سامرز” (Jane somers) رۆمانێکی لەژێر سەردێڕی “نووسینەکانی دراوسێیەکی باش (The Diary of a Good Neighbour) بۆ چەند بڵاوکەرەوە نارد و ویستی بە نێوی یەکەم بەرهەمی ژنێکی رۆژنامەوان چاپی بکا. بەڵام هەموو بڵاوکەرەوەکان و یەک لەوان بڵاوکەرەوەی بەرهەمەکانی لێسینگ خۆیان لەو کارە بوارد. پاش ئەمە خاتوو لێسینگ رازەکەی ئاشکرا کرد کە “جین سامرز” هەر خۆی بووە و ویستوویەتی ئەوانی پی تاقی بکاتەوە. ئەمە کێشە و هەرایەکی گەورەی لەنیو رۆژنامە و کۆبوونەوە ئەدەبییەکانی رۆژئاوادا ناوە و لە گشت لایەکەوە سیڵاوی رەخنە بڵاوکەرەوەکانی گرتەوە، بەم واتایە کە هیچ دەسەڵاتێکیان لە مەڕ ناسینی بایەخی هونەریی نییە و ناتوانن بیپاریزن و تەنیا بەدوای ناوبانگی نووسەرەوەن. ئەگەرچی بڵاوکەرەوەی بەرهەمەکانی لێسینگ لە بریتانیا داوای لێبوردنی لێکرد و “نووسینەکانی رۆژانەی دراوسێیەکی باش”ی چاپ کرد بەڵام، بڵاوکەرەوەیەکی ئەڵمانی، ئەو بەرهەمەی بە نێوی “نووسینەکانی رۆژانەی جین سامرز” بڵاو کردەوە تاکوو بەو زووانە ئەو ئامۆژگارییەی کە لە لایەن خاتوو لێسینگەوە بەبڵاوکەرەوەکان کرابوو لە بیر نەچێتەوە. دواتر ئەم نووسینانە لە لایەن نووسەرەوە بەردەوام بوو و بەرگی دووەمی بە نێوی “ئەگەر ئەو پیرەپیاوە دەیتوانی ” (If the old could)ی بڵاو کردەوە. نووسەر لە بەرهەمی دوایی خۆیدا بە نێوی “رەشەکوژی باش” (The Good Terrorist) بە پێچەوانەی ئەم دوو بەرگە کە کەمتر رەخنەی کۆمەڵایەتیی تیدایە، هەوڵی زیاتری داوە تا سەرنجی زێدەتر بە بایەخی مرۆڤایەتی و گیروگرفتی کۆمەڵایەتی بدا. نووسەر لەم رۆمانەیدا بەسەرهاتی ژنێکی گەنج دەگیڕێتەوە کە دەبێتە ئەندامی گروپێکی تیرۆریستی. ناوبانگی ئەم رۆمانە ئێستاش لەسەر زارانە. ئەم سەرنجدانە تایبەتە بە گیروگرفتی کۆمەڵایەتیی و لە “منداڵی پێنجەم” (The Fifth Child)دا بە شیوەیەکی شیاوتر دەبیندرێ.
خاتوو لێسینگ پێیوایە کە مەبەستی سەرەکیی لە نووسین “بەهیزکردنی بایەخە کۆمەڵایەتییەکان”ە و هەر لە سەرەتاوە ئەم ویستەی لە بەرهەمەکانی دژ بە نژاد پەرستیی خۆیدا راگەیاندووە. ئەو لە هەمبەر ستەمێکی کە لە لایەن یەکێتی سۆڤییەتی پێشووەوە پاش داگیرکرانی ئەفغانستان، بە خەڵکی ئەو وڵاتە کرا بێدەنگ نەبوو. لێسینگ لە پاییزی 1986دا چوو بۆ پاکستان و لەگەڵ پەنابەرە ئەفغانییەکاندا گفتوگۆی کرد و لە “وتەکانمان بە با ـ چوو” (The wind Blows away our word) دا لێقەوماویی ئەوانی بە دنیا راگەیاند. ساڵی 1988 کۆی کورتەچیرۆکەکانی لە دوو بەرگدا و ساڵی 1991 “نرخی هەقیقەت” (The Price of Truth)ی بڵاوکردەوە. دوریس لێسینگ لە نێوان ساڵەکانی 1980 تا 1992دا بە دوای شوێن پێی بیرەوەریی منداڵیی خۆیدا، چوار جار چوو بۆ زیمبابۆی و بینینی خۆی سەبارەت بە گۆڕانەکان لەم وڵاتە تازە سەربەخۆیەی لە “قاقای ئەفریقایی” (Africa Laughtr)دا شەتەکدا. بەشی یەکەمی ژیاننامەکەی بە نێوی “لەژێر پێستم”دا ساڵی 1994 و بەشی دووەمی بە نێوی “گەڕان لە نسێ ” (Wolking in the shade)دا ساڵی 1997 بڵاو کردەوە. “لە ژێر پێستم” چیرۆکێکی پڕ هەست و سۆزە کە دایمە لەگەڵ رووداوی جۆراوجۆردا بە دەوری سێ بابەتی سەرەکیی دەخولێتەوە: “جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان، هەڵەی بنەڕەتیی ژیان و تێکۆشان بۆ کەمکردنەوەی دژایەتییەکان”. ژیاننامەی لێسینگ لەگەڵ پێشوازیی گەرمی رەخنەگران رووبەڕوو بۆوە. دوابەرهەمی بڵاوکراوەی لێسینگ (2007 و.) نێوی “رۆمانی دەرووەکان”ە.
بە کورتی، ژیانی چیرۆکیی دوریس لێسینگ بە سێ بەش دابەش دەکرێ:
بەشی یەکەم لە نێوان ساڵانی 1944 هەتا 1956 ـ ە. واتە کاتێ کە لێسینگ هەر وەک زۆربەی نوسەرانی دیکەی جیهان تێکەڵاوی کومونیزم ببوو و بە کاریگەریی وەرگرتن لە تیۆرە کومونیزمییەکان چیرۆکی نووسیوە. هەرچەند دواتر دەڵێ: “کومونیزم قۆڕیاتێکە کە هیچ پێوەندییەکی بە پرسەکانی جیهانەوە نییە”، بەڵام شوێنەواری ئەوجۆرە بیرکردنەوەیە ئێستاش ئاوقای هزری لێسینگە، تەنانەت ئەگەر بۆخۆشی رەتی بکاتەوە و بڵێ: “بۆچی هەموو وا بیردەکەنەوە کە نووسەر دەبآ راسپێردراو بێ”. چونکە کهشوههوای کومونیزم لەو سەردەمەدا گەلێ نووسەری لە دنیادا بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد و کەمتر نووسەرێکی گرینگ ههیه کە لەم یارییە زەمانییەدا سەربەخۆ بیری کردبێتەوە.
بەشی دووەمی ژیانی چیرۆکیی لێسینگ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1956 هەتا 1969. لەم قۆناغەدا بووبە هۆگری دەروونزانی و رەنگدانەوەی کەڵکەڵە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرهەمەکانیدا بە روونی دەبیندرێ. هەر لەم ساڵانەدایە کە پشتگریی لە خەباتی فێمینیستی دەکا. کتێبى “دەفتەری زێرین”ی کاتی بڵاو دەبێتەوە کە هێشتا هەواڵێک لە شۆڕشی ژنسالارانە نەبووە. رەخنەگرێک کوتویەتی: “ئەم رۆمانە لە راستیدا رەچەڵەکناسیی پێوەندییە مرۆڤییەکانە”.
لە بەشی سێهەمی ژیانی چیرۆکیی لێسینگدا ئایدیۆلۆژیی سۆفیگەریی سەرهەڵدێنی و لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆگری چیرۆکە زانستی و خەیاڵییەکانیش.
بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە کتێبەکانی نووسەر ژیانی خۆیەتی کە دایڕشتونەتەوە: “ئەو رووداوانەی لە دنیادا روودەدەن هێند نامۆ و سەرسووڕهێنەرن کە تەنیا خەیاڵکردن دەتوانێ دەرەقەتیان بێ و من پێموایە تەنیا نووسەرە کە دەتوانێ ئەم دوو دنیایە ـ دنیای راستەقینە و خەیاڵی ـ لە چیرۆکدا بگونجێنێ”.
دوریس لێسینگ نووسەرێکی چوارچێوهشکێنە و یەکێکە لە پڕخوێنەرترین رۆماننووسانی سەدەی بیستەم. هەر کەسێک بە جۆریک دەیناسێ. گروپێک پێیانوایە کە ئەفریقایی دەنووسێ، تاقمێکی تریش دەڵێن سیاسی نووس. بەشێک پێیانوایە کە رۆمانی فەزایی دەنووسێ و تاقمێکیش دەڵێن سۆفیانەنووس، هەشن دەڵێن کە نووسەرێکی فێمینیستە.
گومان لەوەدانییە کە نووسینەکانی سادە و بآێ گرێوگۆڵن. ئەو لە ژێر نسێی داگیرکاریی و رهگهزپەرستی و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە دەرونزانیی زمان و پێوەندیی بنەماڵە و گۆڕانەکارییە شەخسییەکان دەکۆڵیتەوە و ئەگەرچی بەشێکی مەزنی بەرهەمەکانی کاریگەریی لە ئایدیۆلۆژیی جۆراوجۆرەوە وەرگرتووە، بەڵام لە راستیدا هەمووی ئەم بەرهەمانە هەڵقوڵاوی ژیانی شەخسیی ئەون. لە چیرۆکی ریالیستیی “منداڵانی توندوتیژی”دا بگێڕەوە لە راستیدا ئاوێنەیەکی باڵانوێنی کەسایەتیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لێسینگە. “مارگریت درابیل” نوسەری ئینگلیزیی، سەبارەت بەو کوتویەتی: “لێسینگ لەو چەند نووسەرەیە کە ناتوانن حاشا لەم راستییە بکەن کە دنیا ئاڵۆزتر لەوەیە کە درک دەکرێ”.
کاتێ پێشنیاری پێدەکرێ بچێ بۆ ئەمریکا و لە زانینگەکانی ئەوێدا وانە بڵێتەوە. “بەڵام من خوێندنی زانکۆییم نییە و راستیەکەشی ئەوەیە کە من بڕوام بە خۆفیرکردن هەیە”. ئەو ناچێ بۆ ئەمریکا، ئەگەرچی دەڵێ “رەخنەگرە ئەمریکییەکانم زیاتر خۆشدەوێ، لەبەرئەوەی وردبینن”.
“کلار هانسن” مامۆستای ئەدەبیات سەبارەت بە لێسینگ کوتویەتی: “پەنجا ساڵ سەبارەت بە دنیا، کۆمەڵگا، نەتەوە، دامەزراوە و ناکۆکیی نێوان بیروڕاکانى نووسی و ئەو شتانەی شیکاریى کرد کە هەڕەشە لە جیهان دەکەن. لێسینگ بە جیدی سەبارەت بە پرسە مرۆڤییەکان دەنووسێ”.
ئەو یازدەیەمین ژنێکە کە ساڵی (2007)خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی وەرگرت. نوسەرێک لە وتوویژێکی تێلێڤزیۆنی “بی بی سی” دا کوتویەتی: “خهڵاتی نۆبێل بۆ ئهو زۆر درهنگه”. بەڵام بەسەرنجدان بەوەی کە “جۆیس کەرۆڵ ئوتس” سەردەمایەک سەبارەت بەو کوتویەتی، رەنگە درەنگیش نەبێ: “پێموایە کاریگەریی نووسەرە مەزنەکان لە ئێمەدا درەنگ دەجووڵی و رەنگە چەندین ساڵ تیپەڕبێ تا تێبگەین کە ئەوان چ شوێنەوارێکیان لەسەر داناوین. دوریس لێسینگ بە هەستیارییەکی تاکانەوە لە ئەزموون و زەینی خۆی هەوێن وەردەگرێ و دەنووسێ و لەهەمان حاڵدا رۆحی سەردەمی خۆی دەنوێنێ و ئەمەش زەوقێکە کە ناتوانرێ لێی تێبگەین و تەنیا دەبێ رێزی لێبگرین”.
پوختەی ژیانی داهێنەرانەی دوریس لێسینگ:
بەراز و هەڵفڕین (1948)
لە بن دەستی مندا و میوەی خۆڵەمیش (1949)
سەوزەڵانیی ورینگهی دێت (1950)
ئیرەکانە وڵاتی بەرپرسی پێشوو بوو (1951)
مارتا کوییست (1952)
بەرگی یەکەمی منداڵانی توندوتیژیی (1952)
پێنج کورتە رۆمان (1953)
شوویەکی شایان (1954)
بەرگی دووەمی منداڵانی توندوتیژیی (1954)
جادەیەک بەرەو شارێکی گەورە (1954)
هورووژمی نەرمى کولهکان (1955)
تێپەڕین بە تونێل دا (1955)
قەدەغەکران لە چوون بۆ ئەفریقای باشووریی (1956)
گەڕانەوە بۆ بێتاوانی (1956)
خەسڵەتی ئەشق (1957)
گەڕانەوە بۆ نیشتمان (1957)
پیشڕەویی رەشەبا (1958)
گەڕان بە دوای ئینگلیزییەکاندا (1960)
دەفتەری بیرەوەرییە زێڕینەکان (1962)
پیاوێک و دوو ژن (1963)
چیرۆکی ئەفریقایی (1964)
بەرگی چوارەمی منداڵانی توندوتیژیی (1965)
وەرگێڕانی شانۆیی رەشەبا ـ ی ئاسترۆفسکی (1966)
نۆ چیرۆکی ئەفریقایی (1968)
شاری چواردەروازە (1969)
بەرگی پێنجەمی منداڵانی توندوتیژیی (1969)
هاوێن لە پشتهوهی تاریکیدا (1973)
بیرەوەرییەکانی بەجێماویک (1974)
هەڵبژاردەی کورتەچیرۆکەکانی خۆی (1976)
بەرەو ژووری ژمارە 19 (1978)
ئەستێرەی داگیرکراوی ژمارە (1979)
بیرەوەرییەکانی دراوسێیەکی باش (بە نیوی خوازراوی جین سامێرز)(1983)
ئەگەر پیرەکان دەیانتوانی (بەنیوی خوازراوی جین سامرز) (1984)
رەشەکوژی باش (1985)
ئەو بەندیخانەیەی ئێمە بۆ ژیان هەڵمانبژاردووە (1987)
منداڵی پێنجەم (1988)
یاریی ئەشق (1996)
رۆمانی مارا و دەن (1999)
خۆشترین خەون (2001)
زێڕی ئەفریقا (2002)
دەرووەکان (2007).
خاتوو لێسینگ شانۆنامەشی نووسیوە و تا ئێستا چەندین شانۆنامەی هاتۆتەسەر شانۆ، هەروەها ئەو بە خەڵات و شانازییەکی زۆر گەیشتووە کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە:
خەڵاتی ئەدەبیی سامیرست موام (1954)، خەڵاتی نێونەتەوەیی نەمسا بۆ ئەدەبیاتی ئەوروپا (1981)، خەڵاتی شکسپیر لە هامبورگ (1982)، خەڵاتی ئەدەبیی دەزگای بڵاوکەرەوەی سمیت (بریتانیا 1986)، خەڵاتی گرین زان کاوۆر (ئیتالیا 1989)، خەڵاتی ژنی ساڵ (نۆروێژ 1995) و خەڵاتی نێونەتەوەیی کاتالۆن (ئیسپانیا 1999) و خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات (2007).
خاتوو لێسینگ لە چەندین زانینگەدا دکتۆرای شانازیی پێبەخشراوە و ئەمێستا لە هامپستیدی (2011) دەڤەری لەندەن دەژی.
ئیسماعیل ئیسماعیل زادە