
بێدەنگی یان هەڵوێست ، كامیان سەلامەتی هەرێم مسۆگەر دەكات
لەبەرایدا دەمەوێت بڵێم ئەگەر ئێرانو توركیاو عەرەبی عێراقو سوریا هەر ئینكاری كورد بكەنو چارەسەری تەندروست رەتبكەنەوە، ئەوا بە بۆمبو ناپاڵم و تەقینەوەو چەكی قەدەغەكراو بمانكوژنو ئابڕوی خۆیان بەرن باشترە لەوەی بەلۆژیكی ” بەهەنگوین خنكاندن” بەتەشریفاتو پروپاگەندەی برایەتی ، بمانكوژنو ناسنامەی نەتەوەیمان پێراستبكەنەوە ” لە كوردەوە بمان كەن بە عەرەبو توركو عەجەم” ئەگەر نیازپاكی نەنوێنن باشتروایە هەر لە سەر ستەمكاری خۆیان بەردەوامبن تا وەك هەموو دتاتۆرەكانی دنیا نابوت دەبن. باشترە لەوەی بە سیاسەتی پەرتكەو زاڵبەو بەموجامەلەو بردنی نەوت و ناردنی خۆراكی بەسەر چوو، ژەهراویمان بكەنو سبەینێش وەك برایم زەبۆك بەڕو سوری خۆیان بنوێنن .
وا بۆ دوو مانگێك دەچێت تۆپبارانی ئێرانو بۆمبارانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بە دوو قۆڵی بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامەو تا هەنوكە نەحكومەتی هەرێمی كوردستانو نە دەوڵەتی عێراق ئیدانەكردنی لێبترازێ هەڵوێستێكی ئەو تۆیان نەبووە، تا ئەو رادەیەی ئەگەر وڵاتێكی دراوسێ بەو دەردە بچوایە ئەوان زیاتر خۆیان بۆ سەغلەت دەكرد، وەك بلێی ئەو مەخلوقەی كەوتوونەتە بن نیڵەی تۆپەكانی ئێرانو رۆكێتو بۆمبەكانی توركیا سەربەم هەرێمە نەبنو هاوڵاتی ئەم وڵاتە نەبن ..؟!
ئەو گوندنشینانەی ساڵی 1988 بە تۆمەتی ئەوەی بەكرێگیراوی ئێرانن بە زۆر ڕاگوێزرانو لەو ئۆردۆگایانەدا نیشتە جێكرانەوە كە لەگەڵ نوگرەسەلمان جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبوو، جگەلەوەی ناندەری پێشمەرگە بوون هیچ تۆمەتێكی تری بەعس راست نەبوو، تا پێش راپەرینی ئازار بە مەینەتیەكی زۆرەوە لەو ئۆردوگایانەدا دەگوزەرانو زۆربەشیان زەرەری گیانیو ماڵی قورسیان بەدەست رژێمی پێشووەوە كردووەو گورزی كەمەرشكێنیان بەركەوتووە، ئێستاش هیچ تاوانێكیان نیە ئەوەندە نەبێت كوردنو لە ناوچە سنوریەكان دەژینو توشی دەرو جیرانی ستەمكارو دڵرەق بوون.
ئەو گوندنشینانەی رۆژانە لەخوتو خۆڕایی دەدرێنە بەرخومپارە كاسبی ماڵی خۆیانن، ئەنقالكراوەكانی گەرمیان چەندە پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەبوو ئەوانیش هەر ئەوەندە پەیوەندیان بە گەریلاكانەوە هەیە. نەتاونیان دەرهەقی توركیاو ئێران كردووەو نەدژی ئەو دەوڵەتانەچەكیان هەڵگرتووە، هەموو تاوانەكەیان ئەوەیە كە لەدوای راپەرینەوە چیتر ملیان بەژیانی ناو ئەو ئۆردوگایانە نەدا كە بەعس بەزۆر بۆی دروستكردبوونو ناوی ئومەی عەرەبیو جەنگەكانی قادسیەی لێنابوون، لەراستیدا گەرانەوەی ئەوان بۆ ئەوە نەبوو بدرێنەوە بەرخومپارەو جارێكی تر لەسەر زێدی خۆیان بكوژرێنو ماڵوێران بكرێنەوە، تاوانی ئەوان هەرئەوەیە كە خەلكی كوێستانەكاننو مەگەر بە زۆرەملێ دەنا بەو ئۆردوگایانە ڕانایەن، هیچ بەلاتانەوە سەیرنەبێت كە بەشێكی سیاسەتەكە ئەوە بێت تا جارێكی تر گوندەكانیان چۆڵبكەنو مەجبوری ئەو ئۆردوگایانە بكرێنەوە كە بەعس بۆی سازكردبوون، ئەم نیازە لە راپۆرتەكەی بەرواری 2ی ئەیلولی 2011 ی هیومان رایتس ۆچیشدا هاتووە و نوسیوێتی : ” بەڵگەكان ئەوە دەردەخەن، تۆپبارانە رێكخراوەكەی ئێران، پێدەچێت هەوڵێك بێت بۆ ناچاركردنی هاوڵاتیانی مەدەنی عێراقی بۆ ئەوەی لەو ناوچانە دور بكەونەوە كە لە سنوری ئێرانەوە نزیكە” بەڵگەش ئەوەیە كە زۆربەی ئەو شوێنانەی كراونەتە ئامانجی تۆپبارانەكان تا ئێستا لەتەلەفزیون نەبێت تاكە یەك پێشمەرگەی پەكەكەوپژاكیان نەدیوە، ئەمە قسەی پیاوێكی تەمەن هەڵكشاوی ناوچەی سیدەكان بوو لە رێپۆرتاژێكی تەلەفزیونیدا، لە وەڵامی پرسیارەكانی كارمەندانی رێكخراوی هیومان راتس ۆچیشدا، كە بەرواری 2ی ئەیلول بڵاوی كردووەتەوە گوندنشینەكان ” ئەوانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە” جەختیان لەوە كردووەتەوە كەچەكدارەكانی پژاكو پەكەكە لە ناوچەكانیاندا نەبوون و هیچ ئامانجێكی سەربازیش لە دەوروبەری ناوچەكانیاندا نەبووە، ئاشكرایە ئەوان بەدوای ژیانێكی سادە و ساكارو هاكەزایدا دەگەڕێن، ئیدی هەر گێچلكردنێك پێیان دەچێتەخانەی پێشیلكاری مافەكانی مرۆڤەوە..ئێستاش كە وەكو گروپێكی سەلامەتو بێ وەی لەزێدی خۆیان دەژین دەبێ رێكخراوەكانی مافی مرۆڤو ئەنجومەنی ئاسایشو رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە ئایا ئەوانە رۆڤن یان نا..؟ ئەگەر مرۆڤن بەنیازن كەی ویژدانی بەرپرسانی ئەو رێكخراوانە بجوڵَێ..؟ كەی بەنیازن بەو دوو حكومەتە بڵێن ئیتر بەسە ؟! بەتایبەتیش كە جۆ ستۆرك، جێگری بەڕێوەبەری كارگێڕی بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفەریقای رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ رایگەیاندووە “بارودۆخەكە لە ئێستادا تا ئەوپەڕی خراپە، بۆیە پێویستە ئێران و توركیا، ئەگەر هەر پاساوێكیان هەبێت بۆ هێرشەكانیان بۆ سەر خاكی كوردستانی عێراق، هەوڵی پێویست بدەن بۆ پاراستنی گیانی مەدەنیەكان و موڵك و ماڵیان لە زەرەر و زیان”.
وەنەبێ لێرە تەنها رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بەرپرسیاربنو بەس.. دەبێت رێكخراوەكانی مافی ئاژەڵانیش وەجواب بێنو بپرسن ئەو ئاژەلەماڵیو كێویانەی لە هەرێمی كوردستان دەژین گوناهیان چیە بەهۆی دلرەقی دوو دەولەتەوە دەكوژرێن..؟ وا گریمان هەموو گوندنشینەكان گەریلا بوون.. ئەی ئەو ئاژەڵە ماڵیانە ئەو هەموو مەرو ماڵاتە بێزمانانە بێجگەلەوەی لەهەرێمی كوردستاندا دەژین گوناهیان چیە ؟ كە لە خوتو خۆرایی دەكەونەبەر حەشرو نەشری دڵرەقانەی هێزە ئاسمانیو زەمینیەكانی سوپای دوو دەوڵەتی ئیسلامەوە..؟ دەبێت رێكخراوی ژینگەپارێزیش بێتە وەڵامو بڵێت لە سۆنگەی چیو بۆچی ئەو شاخو دارستانانە دەسوتێننو ژینگەپیس دەكەن..؟ مەگەر پیسكردنی ژینگە بۆخۆی تاوانێكی نێودەولەتی نیە..؟
ئاخر وەزارەتەكانی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمو عێراق خۆ دەبێت بزانن وێرانكاری ئەمرۆ بنیاتنانەوەو خەرجی سبەینێی پێویستە دەبێت بپرسن ئەم تاوانە لە سۆنگەی چییە..؟ ئێستا ئەوە ڕونو ئاشكرایە كە ئێرانو توركیا لەو هێرشانەیاندا ئەوەندەی مەبەستیان تەنگ پێهەڵچنینی گوندنشینەكانە ئەوەندە مەبەستیان هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و پەژاك نییە، بۆیە ئامانجی سەرەكی لە ناوبردنی خەڵكی سڤیلی كوردستانو تێكدانی رەوشی هەرێمە، كەچی عەجایەب ..! نەسەركردایەتی هەرێمو نە حكومەتی عێراق لە ئیدانەكردنێكی شەرمنۆكانە بەولاوە قسەیەكی تریان نیە..!! ئەمە لەكاتێكدا ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێ دەستدرێژیو پێشێلكردنی سەروەری وڵاتێكە، پێشێلكردنی پڕۆتۆكۆڵ و یاسای نێو دەوڵەتانە، بۆیە بێدەنگبوون لێی دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانیو لانی كەم بێباكی دەسەڵاتداران دەسەلمێنێ، رەنگە هەبن ئەم قسەیە بە زیادە رۆیی بزانن بەڵام ئەگەر وانیە چۆن ئێران یان توركیا دەتوانن یان مافی ئەوەیان هەیە لەناو هەرێمی كوردستان ماوە بۆ خەڵكی دیاری بكەنو بڵێن لەماوەی ئەوەندە رۆژدا یان ئەوەندە كاتژمێردا دەبێت زێدی خۆتان چۆڵ بكەن! بێدەنگی یان هەڵوێست، كامیان سەلامەتی هەرێمی كوردستان مسۆگەر دەكات.. ئەمە پرسیارێكەو دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم پێش حكومەتی عێراق وەڵامی بدەنەوە ..!
عومەر محمەد