سێ چوارینه‌ی پێنج خشته‌كی
چوارینه‌ی یه‌كه‌م : چوار مادده
وریا به !
نه‌هێڵی ئه‌و بایه ..
بچه‌مێته‌وه ،
رێگای هاتوچۆمان لێده‌گرێ .
وریا به !
نه‌هێڵی ئه‌و ئاوه ..
خه‌وی لێبكه‌وێ ،
دوایی خه‌ونی بۆگه‌ن ده‌بینێ .
وریا به !
نه‌هێڵی ئه‌و ئاگره ..
زۆر ببرژێ ،
ره‌ش ده‌بی َ و ..
بۆمان ناخورێ.
وریا به !
نه‌هێڵی ئه‌و خۆڵه ..
بۆن بگرێ ،
ته‌رازووی زه‌وی تێكده‌چێ .
وریا به !
نه‌هێڵی ئه‌و شیعره ..
بپژمێ ،
په‌تای زمانه‌وانی ..
بڵاوده‌بێته‌وه .
چوارینه‌ی دووه‌م : چوار وه‌رز
گه‌رده‌مزانی !
ئه‌م به‌هاره ،
داستانی سه‌وزایی نانوسرێ ،
ئه‌نجومه‌نی باڵای بارانم ،
هه‌ڵده‌وه‌شاند .
گه‌رده‌مزانی !
ئه‌م هاوینه ،
روبه‌ری گه‌رما ناپێورێ ،
به‌ڕێوه‌به‌ری خۆره‌تاوم ..
ده‌دا به دادگا .
گه‌رده‌مزانی !
ئه‌م پایزه ،
دوكه‌ڵی هه‌ڵوه‌رین ..
دارستان داناپۆشێ ،
باخه‌وانی خه‌زانم ،
خانه‌نشین ده‌كرد .
گه‌رده‌مزانی !
ئه‌م زستانه ،
ده‌ستنوسی به‌فر چاپ ناكرێ ،
ده‌زگای چاپ و په‌خشی هه‌ورم ..
داده‌خست .
گه‌رده‌مزانی !
ئه‌م وه‌رزه ،
شیعر له‌گه‌ڵ ..
به‌شه خۆراكدا نادرێ ،
چه‌كی ره‌وانبێژی ..
پڕ وشه‌ی گڕدارم ،
به‌سه‌ر شاعیران‌دا دابه‌ش ده‌كرد .
په‌لاماری ..
وه‌زاره‌تی بازرگانیمان ده‌دا .
چوارینه‌ی سێیه‌م : چوار لا
من شایه‌تم !
به‌چاوی خۆم دیم .
له رۆژهه‌ڵاتی شار ،
گۆچانی ته‌بایی و ..
ده‌فی ناكۆكییان ،
به‌ده‌سته‌وه بوو .
من شایه‌تم !
به‌ده‌می خۆم تامم كرد .
له رۆژئاوای شار ،
برنجی قاقا و ..
شله‌ی قیژه‌یان ،
لێنابوو .
من شایه‌تم !
به لووتی خۆم بۆنم كرد.
له باكوری شار ،
عه‌تری حه‌وانه‌وه و ..
گوڵاوی ئاژاوه‌یان ،
دابه‌ش ده‌كرد .
من شایه‌تم !
به گوێی خۆم بیستم .
له باشوری شار ،
سرودی گفتوگۆ و..
گۆرانی توند وتیژییان ،
ده‌چڕی .
من شایه‌تم !
خۆم له‌وێ بووم .
له سه‌یرانگای شیعری شار ،
شیعرێكی جوان هه‌بوو ،
ناسك و باڵابه‌رز ..
له كچی جامڕه‌ش ده‌چوو .
به ره‌خنه‌ی بێده‌نگ ..
تیرۆریان كرد .
شیعری : ته‌یب جه‌بار
…………………
• له ژماره (18)ی ، بڵاوكراوه‌ی فه‌رهه‌نگی ( په‌یك )ی ، رۆژنامه‌ی ( رۆژنامه ) رۆژی (16/8/2011) بڵاوبۆته‌وه