Skip to Content

Monday, August 8th, 2022

ڕۆمانی ئاسمان …. غه‌مگین بۆڵی

Closed
by September 17, 2011 ئەدەب

منداڵێك به‌ده‌م خه‌یاڵه‌وه‌
خۆی به‌ پشته‌وه‌ی گالیسكه‌یه‌كی باڵدار هه‌ڵواسیوه‌
بۆ په‌نیر كڕین ده‌چێته‌ سه‌رمانگ
سۆراغی كولێره‌ی به‌ ڕۆن له‌ سه‌گێكی برسی ده‌كات
ده‌یه‌وێت جگه‌ره‌ی سه‌فه‌ره‌كان به‌ خۆر پێبكات
ده‌یه‌وێت مووه‌ سپییه‌كانی پیربوون له‌سه‌ر مه‌ریخ بدۆزێته‌وه‌
ده‌یه‌وێت خه‌ونه‌كانی به‌ كاریته‌ی ئاسماندا شۆڕبكاته‌وه‌ .

هه‌رزه‌كارێكی سه‌رخۆش به‌ ژیان
ڕۆمانی ئاسمان له‌سه‌ر زه‌وی ده‌خوێنێته‌وه‌
چیڕۆكی زه‌ویش ..
بۆ ئاسمان ده‌گێڕێته‌وه‌ .

په‌نجه‌ره‌یه‌ك خه‌یاڵی پیاوێكی دزیوه‌
سه‌به‌ته‌یه‌ك فه‌ریكه‌ خه‌یاڵ له‌لای پێڵاوه‌كانییه‌وه‌یه‌
ئاسمانێك گازانده‌ی سپی سپی
له‌سه‌ر ته‌رمی به‌رده‌كان به‌جێشتووه‌
به‌رده‌كانیش خۆیان ده‌نووسنه‌وه‌
به‌ ماچی سێبه‌ره‌ ته‌ڕه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن و
له‌دوایی له‌تبوونی كه‌ون فاریزه‌یه‌ك داده‌نێن
ماچه‌كانی پیربوون
ماچه‌كانی سێوی ڕووتبوونه‌وه‌
ماچه‌كانی چوكلێتی ژووان
ماچه‌كانی ته‌زووی یه‌كه‌مین شه‌رم
له‌یاده‌وه‌ریی پیاوی به‌رپه‌نجه‌ره‌كه‌دا مه‌له‌ ده‌كه‌ن.

پیره‌ پیاوێك
به‌ دوایی سێبه‌ری خه‌ونێكی پڕكابووس ڕاده‌كات
خه‌ونه‌كانی له‌پیاسه‌ی ئاسماندا وێڵبوونه‌
ترێی ماچه‌كانی بۆگه‌ن بوونه‌
خه‌یاڵه‌ ڕووتبووه‌كانی لێ غلۆربوونه‌ته‌وه‌ بنی دنیا .

كه‌ كورسییه‌ك ده‌شكێت خه‌یاڵه‌كان داده‌وه‌شێن
شاعیر له‌سه‌ر كورسی بیر ناكاته‌وه‌ و
شیعری شكانیش نانووسێت
شه‌ربه‌تی خۆڵی كه‌ناره‌كانی عاشقبوونیش  هه‌ڵناداته‌وه‌
گوێ‌ له‌ گۆرانییه‌ مشاوه‌شه‌كانی تاڤگه‌ ناگرێت
خۆی شه‌ڵاڵ ده‌كات له‌ خه‌یاڵی ڕووتی هه‌نارێكی سه‌ربه‌گوڵ
چیڕۆكی ئه‌فسانه‌كان بۆ بۆشایی ده‌گێڕێته‌وه‌
خۆی به‌پاڵه‌وانی ئه‌و دیوی وێنه‌كان داده‌نێت
وێنه‌كان قسه‌ بۆ وشه‌كانی ده‌كه‌ن
كورسییه‌كی تر داره‌كانی ده‌باته‌وه‌ دارستان
خه‌یاڵه‌ داوه‌شاوه‌كه‌ش خۆڵ خۆی به‌با ده‌كات
( ئاشت نابێته‌وه‌ له‌گه‌ڵا خۆی ).
به‌ر له‌وه‌ی په‌ساپۆرتی دوورگه‌كانی ئاسمانی بۆ ده‌رچێت
به‌ باڵی هه‌ورێكه‌وه‌ سه‌فه‌ری باغه‌كانی فیردۆس ده‌كات
سه‌فه‌ر له‌ ناو پێڵاوه‌كانیدا به‌جێده‌مێنێت
دڵی بۆگه‌نی ده‌بێت
چاوی له‌ ئه‌نگوسته‌چاو كزتر داده‌گیرسێت
ڕوخساری به‌ پاییزێكی تووڕه‌ ده‌ سپێرێت
ڕۆحی ورده‌ په‌پوله‌ی مردنی له‌سه‌ر ده‌نیشێت
ترپه‌كانی  له‌خانه‌ی جه‌سته‌ی كۆچ ده‌كه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی په‌له‌ ده‌كه‌ن له‌ ژیان
ژیان مه‌وداكانی كه‌رت كه‌رت ده‌بێت
پیاسه‌كانی پڕده‌بن …
له‌ كورسی شكاو و
ته‌نه‌كه‌ی قووپاو و
خه‌یاڵی خۆڵه‌مێشی .

خۆیه‌تی
هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌ سه‌رخۆشه‌
ده‌ستنووسه‌كانی ژیان خڕ ده‌كاته‌وه‌ و
چیڕۆكی مردنی لێ به‌ جێده‌مێنێت .
هه‌ر خۆیه‌تی
چیڕۆكی ژیان ده‌نووسێته‌وه‌ و
خه‌یاڵی مردنی لێ بزر ده‌بێت .

تارماییه‌ك له‌دوو بۆشاییدا ده‌جوڵێت
ڕاده‌كات
خه‌ونی شینی لێ به‌جێده‌مێنێت
ڕاده‌وه‌ستێت
خه‌ونی سووری لێ‌ هه‌ڵده‌فڕێت
داده‌نیشێت
خه‌ونێكی سپی خه‌یاڵی ڕه‌ش داده‌گیرسێنێت
پاڵده‌داته‌وه‌
خۆی له‌ ڕۆمانی ئاسماندا ده‌خوێنێته‌وه‌ .

Previous
Next