
دیمانە لەگەڵ د.فایه‌ق گوڵپی
د.فایه‌ق گوڵپی- ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی مه‌یدانی ئازادیی:
لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌ستی ئێمه‌یان بڕی
دیمانه: ستیڤان شه‌مزینانی
*گۆڕان وتیان گه‌مارۆمان خستۆته سه‌رتان، تا ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ش بمێنێت گه‌مارۆكه‌تان له‌سه‌ر لانابه‌ین
* سه‌ردانكردنی سه‌رۆكی هه‌رێم به شتێكی زۆر سروشتی ده‌زانین و لێی په‌شیمان نین
* رۆژنامه‌ی هاوڵاتی به بڕیاری گۆڕان بایكۆتی كردین و چالاكییه‌كانی ئێمه‌ی بڵاو نه‌كرده‌وه
*یه‌كێتی نێوان سێ هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ی كوردستان، یه‌كێتییه‌كی فشه‌ڵه و ستراتیجی نییه
* ئیسلامییه‌كان زیاتر پابه‌ندی سیاسه‌ته‌كانی گۆڕانن تا ئه‌وه‌ی پابه‌ندی سیاسه‌ته‌كانی خۆیان بن
د.فایه‌ق گوڵپی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی مه‌یدانی ئازادیی كوردستان، له‌م دیمانه تایبه‌ته‌ی “شه‌پۆل”دا تیشك ده‌خاته سه‌ر كار و چالاكیی گروپه‌كه‌یان و هه‌ڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن له به‌رامبه‌ر كار و چالاكییه‌كانیان و رایده‌گه‌یه‌نێت ئۆپۆزیسیۆن گه‌مارۆی خستۆته سه‌ریان. له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باس له سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات و ده‌ڵێت: لێی په‌شیمان نین و به شتێكی ئاسایی سه‌یری ده‌كه‌ن. له به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا گوڵپی ره‌خنه له ئۆپۆزیسیۆن ده‌گرێت كه به هه‌مان عه‌قڵییه‌تی باوی ده‌سه‌ڵاته‌وه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، بۆیه ره‌شبینه به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه بتوانێت گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی و ریشه‌یی بكات.
شه‌پۆل: دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كاتی سه‌را، ئێوه “ئه‌نجوومه‌نی مه‌یدانی ئازادیی”تان دروستكرد، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی ئۆپۆزیسیۆن به گشتیی و گۆڕان به تایبه‌تی دژایه‌تیتان ده‌كه‌ن؟.
د.فایه‌ق: هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی كوردستان ته‌نیا خۆیان به نوێنه‌ری خه‌ڵك و شه‌قام ده‌زانن، له‌به‌رئه‌مه دژی ئه‌وه‌ن، رێكخراوێكی تر یان كه‌سانێكی تر بێن بڵێن ئێمه نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك و شه‌قام ده‌كه‌ین، هه‌ر له‌م روانگه‌وه دژایه‌تی ئێمه‌ش ده‌كه‌ن.
شه‌پۆل: ده‌وترێت گۆڕان، “فاروق ره‌فیق”ی دژی ئێوه و ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌تان هانداوه تا دژایه‌تیتان بكات. ئایا بۆچی گۆڕان كه‌سێكی وه‌ك فاروق ره‌فیق له دژی ئێوه هانده‌دا؟.
د.فایه‌ق: خۆی ئه‌گه‌ر كه‌مێك بچینه‌وه دواوه، له 26-4-2011 كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان كرد، زۆربه‌ی ئه‌و براده‌رانه‌ی كه نزیكبوون له ئۆپۆزیسیۆنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوون ئه‌نجوومه‌نی كاتی سه‌را نه‌مێنێت. ئێمه‌ش واتا ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی سێ حزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كه بووین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووین ئه‌نجوومه‌نه‌كه بمێنێته‌وه. ئیتر ناكۆكی و كێشه‌كه له‌مه‌وه دروستبوو. فاروق ره‌فیق و ناسك و هه‌ندێك براده‌ری تر ده‌یانووت كه‌س بۆی نییه به ناوی ئه‌نجوومه‌نه‌وه قسه بكات، ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌لایه‌ن گۆڕان به‌تایبه‌تی و ئۆپۆزیسیۆن به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی زۆر پشتگیریی لێكرا. ئێمه‌ش دانیشتنێك‌مان له‌گه‌ڵ “قادری حاجی عه‌لی” كرد له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه، به ئاشكرا پێی وتین، ئێمه وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین ئه‌نجوومه‌نه‌كه نه‌مێنێته‌وه، چوونكه مانه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه واتای ئه‌وه‌ی كه ئێمه نه‌توانین سوود له ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك وه‌ربگرین و به‌كاریبهێنین بۆ كاروباری خۆمان.
شه‌پۆل: پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌نجوومه‌نێك به حیساب هه‌ڵقووڵاوی جه‌ماوه‌ر و شه‌قام بوو، بۆچی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و قادری حاجی عه‌لی بڕیاریان له‌سه‌ر چاره‌نووسی دا؟.
د.فایه‌ق: خۆی ئه‌نجوومه‌نه‌كه خه‌ڵكی گۆڕانیشی تێدابوو، هه‌م له‌ناو خۆپیشاندانه‌كاندا خه‌ڵكێكی زۆری ئه‌وانی تێدا بوو، هه‌م راگه‌یاندنه‌كانیان یارمه‌تییه‌كی باشی چالاكییه‌كانیان ده‌دا. به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستاندا عه‌قڵییه‌تێك هه‌یه كه ئه‌م عه‌قڵییه‌ته لای ئۆپۆزیسیۆن و لای ده‌سه‌ڵاتیش هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هه‌ر كاتێك چالاكییه‌كی جه‌ماوه‌ریی هه‌بێت، ئه‌و لایه‌نانه هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و چالاكییه بقۆزنه‌وه بۆ قازانجی خۆیان و بیكه‌نه چالاكی خۆیان و ته‌نانه‌ت كادره چالاكه‌كانی ئه‌و چالاكییانه‌ش رابكێشن به‌لای خۆیاندا و بیانكه‌نه ئه‌ندامی خۆیان. بۆیه گۆڕان ده‌یویست ئه‌و چالاكییانه‌ی له سه‌رای ئازادیی ده‌كران هه‌مووی بكات به چالاكی خۆی، به‌ڵام كاتێك بینی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تر هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی گۆڕان، ده‌ڵێن ئێمه‌ش هه‌ین، ئه‌وان هاتن دژایه‌تی ئه‌و ئیراده‌یه‌یان كرد.
شه‌پۆل: هه‌ست به‌وه ناكه‌ن ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی ئێوه له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه گووشاری خراوه‌ته سه‌ر و ته‌نانه‌ت بایكۆتی ئیعلامیش كراون؟. ئه‌گه‌ر وایه تۆ هۆكاری ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟.
د.فایه‌ق: به‌دڵنیاییه‌وه وایه، به‌ڵام ئێمه بۆچی به‌لامانه‌وه گرنگ بوو ئه‌و ئه‌نجوومه‌ن درێژه پێبده‌ین یان تازه‌ی بكه‌ینه‌وه یان ناوێكی تری لێبنێین؟. بۆ ئه‌وه‌ی داكۆكی له‌و چالاكییانه‌ی خه‌ڵك بكه‌ین كه له ماوه‌ی دوو مانگی خۆپیشاندانه‌كاندا ئه‌نجامیان دا. چوونكه ئۆپۆزیسیۆن ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌و چالاكییانه هه‌مووی چالاكی من بووه. له‌به‌رئه‌وه كاتێك ئێمه هاتووین كێبڕكێی ئۆپۆزیسیۆن ده‌كه‌ین، به‌شێوه‌یه‌كی تر و خراپ مامه‌ڵه‌مان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌یت تا 19-4 ئۆپۆزیسیۆن و جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكه بێلایه‌نه‌كانی ناو خۆپیشاندان به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات ململانێ‌یان ده‌كرد، به‌ڵام دوای 19-4 به تایبه‌تی له 26-4ه‌وه ناكۆكی كه‌وته ناو به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن و شه‌قامه‌وه. له‌به‌رئه‌وه ئێستا ناكۆكییه‌كه له نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی ئێمه‌دایه. ئێمه تا 19-4 له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن ته‌بابووین، به‌ڵام له‌و رۆژه به‌دواوه ئێمه له‌سه‌ر هه‌ندێك مه‌سه‌له ناكۆكین له‌گه‌ڵیاندا، مه‌سه‌له‌كانیش ئه‌وه‌یه ئه‌وان ده‌ڵێن ئیتر ئه‌نجوومه‌ن نه‌ما، ئه‌و چالاكییانه‌شی ده‌كرێت ده‌بێت ئۆپۆزیسیۆن سه‌په‌رشتی بكات، به‌ڵام ئێمه ده‌ڵێین نه‌خێر، میلله‌ت ده‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن نوێنه‌ر و چالاكی و رێكخستنی خۆی هه‌بێ.
شه‌پۆل: مه‌به‌ستی پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌بوو ئایا ئێوه هه‌ست به‌وه ناكه‌ن ئۆپۆزیسیۆن بایكۆتی كردوون له رووی راگه‌یاندنه‌وه؟. پێتوانییه ئۆپۆزیسیۆن نایه‌وێت بایه‌ختان پێبدات له راگه‌یاندنه‌كانی خۆیدا؟.
د.فایه‌ق: ئێمه پێشتر له‌لایه‌ن میدیای ده‌سه‌ڵاته‌وه بایكۆت كرابووین، له دوای ئه‌وه‌ش كه ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌مان راگه‌یاند له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنیشه‌وه بایكۆت كراوین، ئه‌مه‌ش شتێكی شاراوه نییه له هیچ كه‌سێك. تۆ سه‌یری راگه‌یاندنی لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان بكه، به ئاشكرا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت بایكۆت كراوین، به‌ڵام ئێمه ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا سه‌ردانێكی “گۆڕان”مان كرد و ئه‌و شتانه‌مان له‌گه‌ڵدا باسكردن، ئه‌وان به راشكاویی وتیان ئێمه دژایه‌تیتان ناكه‌ین به‌ڵام گه‌مارۆمان خستۆته سه‌رتان، بۆیه تا ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه بمێنێت ئێمه ئه‌و گه‌مارۆیه‌تان له‌سه‌ر لانابه‌ین.
شه‌پۆل: ئێوه وه‌كوو ئه‌نجوومه‌ن سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمتان كرد و له نزیكه‌وه گفتوگۆتان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدا، ئێوه گرنگیی ئه‌م سه‌ردانه له چیدا ده‌بیننه‌وه؟.
د.فایه‌ق: كاتی خۆی ئه‌نجوومه‌ن داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كۆ ده‌كرده‌وه و ئاماده‌ی ده‌كرد. ئه‌و داواكارییانه‌ش ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵات كرابوو، شتێكی واشی تێدا نه‌بوو كه ئێمه موفاته‌حه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌كه‌ین. له راستیدا خۆی ئێمه پێشتر له ئه‌نجوومه‌نی كاتی سه‌را رێك نه‌ده‌كه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن بچین بۆ لای ده‌سه‌ڵات، ئایا ئه‌وان بێن بۆ لای ئێمه یان ئێمه بچین بۆ لای ئه‌وان؟. یان چۆن بچین؟. جۆرێك له رارایی و سڵه‌مینه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام كاتێك بینیمان پرۆسه‌ی خۆپیشاندانه‌كان سه‌ركوتكرا و ده‌رفه‌تی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی نه‌ما، ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی ئێمه وایده‌بینی كه ده‌رفه‌تی خه‌باتی دیبلۆمانی هه‌یه، پێمانوابوو خه‌باتی دیبلۆماتیش ئه‌وه‌یه له بری خوێندنه‌وه‌ی رۆژانه‌ی داواكارییه‌كان له به‌ر ده‌ركی سه‌را، هه‌ستاین داواكارییه‌كانمان برد بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم كه به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته له هه‌رێمدا. ئێمه ئه‌مه‌مان به شتێكی زۆر سروشتی زانی و لێی په‌شیمانیش نین، به‌ڵام ئیتر سه‌رۆكی هه‌رێم چه‌ند له‌و داواكارییانه‌ی جێبه‌جێ كردووه یان جێبه‌جێی نه‌كردووه ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی تره.
شه‌پۆل: بۆچی ئێوه له‌كاتی پرۆسه‌ی خۆپیشاندانه‌كاندا كه هێزێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ریی له‌سه‌ر شه‌قام بوو داواكارییه‌كانتان نه‌برد بۆ لای ده‌سه‌ڵات؟. پێتوانییه ئه‌وكاته هێزتان زیاتر بوو له ئێستا و ده‌تانتوانی زۆر داواكاریی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بسه‌پێنن؟.
د.فایه‌ق: له‌و كاته‌دا ده‌سه‌ڵات چه‌ند جارێك داوای كرد، به‌ڵام ئێمه له‌ناو خۆماندا له‌سه‌ر ئه‌وه رێك نه‌ده‌كه‌وتین، به‌شێك هه‌بوو ده‌یانووت پێویسته بڕۆین، به‌ڵام به‌شێكی تر هه‌بوو ده‌یووت نابێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات دابنیشین، له كۆتاییشدا هه‌ر هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتین كه نه‌چین بۆ لای ده‌سه‌ڵات. من خۆم یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی كه لایه‌نگری ئه‌وه‌بووم نه‌چین بۆ لای ده‌سه‌ڵات! بۆچی نه‌چین؟. چوونكه مه‌رجمان هه‌بوو، گوومانمان هه‌بوو، ده‌مانووت ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن و شه‌قام له‌ت بكات. ده‌مانووت ئێمه وه‌ك ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن بچین بێگوومان ئۆپۆزیسیۆن به‌مه رازی نابێت و له‌وانه‌یه كێشه و ساردبوونه‌وه‌ی زۆر دروست ببێت. جارێكیان من راسپێردرام بچم، به‌ڵام من له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكار نه‌چووم. فاروق ره‌فیق قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم و وتی دكتۆر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك براده‌ری تردا داواكارییه‌كان ببه‌ن بۆ په‌رله‌مان، وتم من نه‌چم باشتره، چوونكه من وه‌ك كه‌سێكی سیاسیی و ته‌ره‌فێكی سیاسیی ناسراوم نه‌ك وه‌ك كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ، من وتم تۆ خۆت بچیت باشتره، به‌ڵام دوای خۆیشی نه‌چوو. ئه‌مانه هۆكار بوون كه نه‌مانتوانی له كاتی خۆیدا بچین بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم یان سه‌رۆكی حكوومه‌ت یان سه‌رۆكی په‌رله‌مان.
به‌ڵام ئه‌مجاره پێش ئه‌وه‌ی بچین بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه ده‌توانم بڵێم كه‌سی یه‌كه‌می ئۆپۆزیسیۆنیشه، ئاگادار كرایه‌وه كه ئێوه ئاگاتان لێبێت ئێمه ده‌چین بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم، چوونكه ئێمه بۆ دژایه‌تیكردنی ئێوه ناچین، پاشان ئه‌گه‌ر ئێمه چووین بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم و خه‌ڵك ره‌خنه‌ی زۆری لێگرتین، تكاتان لێده‌كه‌ین یارمه‌تیمان بده‌ن، ئه‌وان وتیان به‌سه‌رچاو و باشه یارمه‌تیان ده‌ده‌ین و ئێوه بۆ زوو نه‌ڕۆیشتوون و وا دره‌نگ ئه‌م بڕیاره‌تان داوه، بۆیه هه‌ر ره‌خنه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئێوه هه‌بوو ئێمه كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنتان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه. به‌ڵام كاتێك ئێمه له ده‌ڤه‌ری سلێمانییه‌وه چووین بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم، خه‌ڵكی سه‌ر شه‌قام و ئۆپۆزیسیۆن و یه‌كێتیش هه‌موو ناڕازی بوون و ره‌خنه‌یه‌كی زۆریان لێگرتین، به‌ڵام ئه‌و كاته ئۆپۆزیسیۆن ده‌ستی ئێمه‌یان بڕی و له كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن و له سپێده و رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌وه هیچ شتێك بڵاو نه‌كرایه‌وه كه داكۆكی بێت له ئێمه، له كاتێكدا ئێمه به ئاگاداری خۆیان چووین بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم.
شه‌پۆل: ئه‌ی بۆچی ئه‌و رۆژنامه و كه‌ناڵانه‌ش بایكۆتیان كردن كه به‌ناوی ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆوه كارده‌كه‌ن؟. ئایا ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی به بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنه‌وه هه‌بوو؟.
د.فایه‌ق: هه‌ندێكیان بڵاویان كرده‌وه، بۆ نموونه رۆژنامه‌ی هاوڵاتی هه‌ندێك له هه‌واڵه‌كانی ئێمه‌ی بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام من ئاگام لێیه و پێموتراوه كه داوا له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی كراوه چیتر هه‌واڵی چالاكییه‌كانی ئێمه بڵاو نه‌كاته‌وه و ئیتر ئه‌وانیش بایكۆتی ئێمه‌یان كرد.
شه‌پۆل: كێ داوای له هاوڵاتی كردووه؟. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه چ لایه‌نێكی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌و داوایه‌ی كردووه؟.
د.فایه‌ق: به‌ڵێ، گۆڕان داوای له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی كردبوو كه بایكۆتی ئێمه بكات و چالاكییه‌كانمان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڵاو نه‌كاته‌وه.
شه‌پۆل: له كاتێكدا رۆژنامه‌ی هاوڵاتی بانگه‌شه‌ی ئه‌هلیبوون و سه‌ربه‌خۆبوون ده‌كات، بۆچی به‌بڕیاری گۆڕان بایكۆتی هه‌واڵی چالاكییه‌كانی ئێوه ده‌كات؟.
د.فایه‌ق: له‌وانه‌یه رۆژنامه‌ی “هاوڵاتی”ش، ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌ی پێنه‌كرێت، شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و شه‌ڕی ئۆپۆزیسیۆنی پێناكرێت. به‌ڵام خۆی مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه كه بۆچی لایه‌نێكی ئۆپۆزیسیۆن كه داوای ئازادیی ده‌كات و خۆی قوربانیی ده‌ستی نه‌بوونی ئازادییه ئه‌مجۆره داوایه ده‌كات؟. یان كه گروپێكی تر ده‌یانه‌وێت چالاكی مه‌ده‌نی یان چالاكی سیاسیی بكه‌ن، بۆچی ئۆپۆزیسیۆن بۆ خۆی ده‌بێته ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ریان؟. ئێستا ئۆپۆزیسیۆن به تایبه‌تی گۆڕان و یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌مان ئه‌و مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی مه‌یدانی ئازادیی ده‌كه‌ن كه ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌یكات.
شه‌پۆل: تائێستا ئۆپۆزیسیۆن به‌شداریی چوار خولی پرۆسه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی پێنجقۆڵیی كردووه، به‌ڵام تۆ هه‌ست به‌وه ناكه‌یت داواكارییه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن زیاتر داواكاریی تایبه‌تی و حزبی خۆیانه نه‌ك داواكارییه‌كانی شه‌قام؟.
د.فایه‌ق: خۆی ئۆپۆزیسیۆن رێكخراو نییه، هه‌ر لایه‌نێكیش رێكخراو نه‌بوو ناتوانێت هیچ بكات. تۆ سه‌یری پڕۆژه حه‌وت خاڵییه‌كه‌ی گۆڕان بكه كه له كۆتایی مانگی كانوونی دووه‌مدا ته‌رحی كرد، ئه‌وكاته نه یه‌كگرتوو و نه كۆمه‌ڵی له‌گه‌ڵدا نه‌بوو. قسه‌یه‌كی تریش هه‌یه كه براده‌رانی گۆڕان باسی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو به ئیراده‌ی خۆیان نه‌هاتوونه‌ته لای ئێمه به‌ڵكو فشاری جه‌ماوه‌ری خۆیان له‌سه‌ره، بۆیه له‌گه‌ڵ ئێمه بوونه‌ته هاوپه‌یمان. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه یه‌كێتی نێوان ئه‌و سێ هێزه ئۆپۆزیسیۆنه، یه‌كێتییه‌كی فشه‌ڵه و ستراتیجی نییه و رێك نه‌كه‌وتن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك شت و خاڵی ستراتیجی. دوای ئه‌وه تۆ سه‌یر بكه ئه‌نجوومه‌نێكی وه‌ك ئێمه كه نه داوای سیاسییمان هه‌یه و نه هیچ جۆره داوایه‌كی تایبه‌تی، ته‌نیا داخوازییه‌كانی شه‌قام نه‌بێت، ئه‌وه‌تا گۆڕان و یه‌كگرتوو كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا دروستكردووه، له‌به‌رئه‌وه چوونكه یه‌كێتی نێوان ئۆپۆزیسیۆن فشه‌ڵه و كۆك نین له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان و له‌لایه‌كی تریشه‌وه دووبه‌ره‌كیان له‌ناو شه‌قامدا دروستكردووه و ئێستا شه‌قام و ئۆپۆزیسیۆن به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات یه‌كگرتوو نین و ستراتیجێكی چه‌سپاویان نییه، بۆیه ئه‌و كێشانه‌یان بۆ دروست ده‌بێت كه ئێستا ده‌یانبینین.
شه‌پۆل: لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات داده‌نیشن و گفتوگۆ ده‌كه‌ن و به ئاسایی سه‌یری ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆچی ره‌خنه‌یان له ئێوه گرت كاتێك سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمتان كرد؟.
د.فایه‌ق: ئه‌مه بانێكه و دوو هه‌وا، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌وان مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسییه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ی ئێمه دانی پێدا نه‌نرێت,. خۆی بۆ هه‌موو گروپێك یان رێكخراوێك كۆمه‌ڵێك شت پێویسته، بۆ نموونه ده‌بێت چالاكیی هه‌بێت، رێكخستنی هه‌بێت، دانی پێدابنرێت. چوونی ئێمه‌ش بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم كه به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته، مانای ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی دانی ناوه به‌م گروپه‌ی ئێمه‌دا وه‌ك گروپێكی چالاكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه بۆ ئێمه، بێگوومان ئۆپۆزیسیۆن ئه‌مه‌ی پێ ناخۆش بوو، بۆیه به شێوازی جیاواز جیاواز و له رێگه‌ی چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكه‌وه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی تر ئاڕاسته‌كرد. ئه‌گینا ئێمه چوونمان بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم به ئاشكرا و به به‌رنامه و به كۆمه‌ڵ بوو، ئه‌و شتانه‌شی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمدا باسمان كردووه ئاشكرایه كه چی بووه؟ به‌ڵام ئه‌وان خۆیان به‌نهێنی و له‌سه‌ر ئاستی تاك ده‌چن و كه‌س نازانێت باسی چی ده‌كه‌ن و زۆربه‌ی باسه‌كانیشیان داواكاریی خه‌ڵك نییه به‌ڵكو داواكاریی حزبی و شه‌خسیی خۆیانه.
شه‌پۆل: پێتوانییه هه‌ر سێ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن پرۆسه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی دوو مانگی خه‌ڵكیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان به‌كارهێناوه؟. پێتوانییه له‌م گه‌مه‌یه‌دا ئۆپۆزیسیۆن به‌دوای به‌ر ژه‌وه‌ندیی حزبی خۆیه‌وه‌تی؟.
د.فایه‌ق: خۆی ته‌نیا ئۆپۆزیسیۆن نا. ئه‌گه‌ر من وه‌ڵامی تۆ بده‌مه‌وه و بڵێم به‌ڵێ ئه‌وا وه‌ڵامه‌كه ته‌واو نییه، چوونكه هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌وڵی زۆریاندا شه‌قام به‌كاربهێنن بۆ سوودی تایبه‌تی خۆیان. به‌رای من رۆژی یه‌كه‌م واته 17 شوبات، یه‌كێتی سوودمه‌ند بوو له رووداوه‌كان، كه یه‌كێتی سوودمه‌ند بوو، گۆڕان هاته وه‌ڵام و وه‌سفی خۆپیشاندانه‌كانی به ئاژاوه و گێره‌شێوێنی كرد، بۆچی؟ چوونكه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یزانی ئه‌مه شتێكه به زیانی ئه‌وان ته‌واو ده‌بێت. رۆژی دووه‌م و سێیه‌م واته هه‌ژده و نۆزده‌ی شوبات، پارتی قازانجی زۆری كرد، چوونكه له ژێر سێبه‌ری ئه‌وه‌ی كه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی هاتوونه‌ته سه‌ر لقی چواری پارتی له سلێمانی سه‌ر به گۆڕانن، ده‌ستێكی هێنا به‌سه‌ر باره‌گا و بنكه‌كانی گۆڕاندا له هه‌ردوو شاری دهۆك و هه‌ولێر، دیاره ئه‌مه له رێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیه‌وه نه‌ك له رێی هێزی سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌وه. له رۆژی سێیه‌م به‌ولاوه ئۆپۆزیسیۆن قازانجی له وه‌زعه‌كه و ناڕه‌زایی خه‌ڵك كرد، بۆیه من بڕوام وایه له 19-2 تاكو 19-4 ئۆپۆزیسیۆن سوودێكی زۆری له ناڕه‌زایه‌تی شه‌قام بینی، به‌ڵام دوای 19-4 دیسانه‌وه جارێكی تر ئۆپۆزیسیۆن به‌ره‌و پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆر رۆیشت و نه‌یتوانی چیتر سوود له شه‌قام وه‌ربگرێت.
شه‌پۆل: هه‌ست به‌وه ناكه‌یت هه‌ردوو حزبه ئیسلامییه‌كه “یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ” بوونه‌ته پاشكۆی گۆڕان و دوای ئه‌و بڕیارانه كه‌وتوون كه گۆڕان ده‌یاندات؟.
د.فایه‌ق: هێزه ئیسلامییه‌كان له دوای هه‌ڵبژاردنی 25-7-2009ه‌وه كه‌مێك جه‌ساره‌تیان پیشاندا و هه‌وڵیاندا ببنه هێزی ئۆپۆزیسیۆن، پێش ئه‌وه ده‌مانبینی قاچێكیان له ناو حكوومه‌ت بوو و قاچێكیشیان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و بڕیاری ئه‌وه‌یان بۆ نه‌ده‌درا ئایا ببنه هاوبه‌ش له حكوومه‌تدا یان ببنه هێزی ئۆپۆزیسیۆن. به‌ڵام له دوای هه‌ڵبژاردنی 25-7ه‌وه وه‌ك تۆ وتت له‌گه‌ڵ گۆڕاندان. كاتێك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند ده‌بنه هێزی ئۆپۆزیسیۆن و به‌شداریی له حكوومه‌تدا ناكه‌ن، ئه‌وانیش بوونه ئۆپۆزیسیۆن، بۆیه له‌و كاته‌وه تا ئێستا هێزه ئیسلامییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له رووی سیاسییه‌وه زیاتر پابه‌ندی سیاسه‌ته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن تا ئه‌وه‌ی پابه‌ندی سیاسه‌ته‌كانی خۆیان بن.
شه‌پۆل: كۆتا پرسیارمان ئه‌وه‌یه، تۆ پێتوایه ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌ی ئێستا له باشووری كوردستاندا هه‌یه، ده‌توانێ گۆڕان بكات و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌ره‌و دۆخێكی باشتر له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه وه‌رچه‌رخێنێت؟.
د.فایه‌ق: بۆئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌ره‌و واقیعێكی باشتر وه‌رچه‌خێت، ده‌بێت زه‌مینه‌ی زاتی و زه‌مینه‌ی بابه‌تی هه‌بێت. زه‌مینه بابه‌تییه‌كان په‌یوه‌ندییان به وه‌زعی گشتیی كوردستانه‌وه هه‌یه، كه ده‌بینین وه‌زعی گشتیی كوردستان زۆر خراپه، چوونكه ده‌ستوورمان نییه، میلیشیای حزبی هه‌یه، یاسا جێبه‌جێ نابێت، ده‌زگاكانی وه‌ك په‌رله‌مان سه‌ربه‌خۆ نین و حزب كۆنترۆڵی كردوون، ئه‌مانه هه‌موویان ئاسته‌نگی بابه‌تی دروست ده‌كه‌ن له رێگه‌ی گۆڕانی كۆمه‌ڵگه‌دا. ده‌مێنێته‌وه زه‌مینه تایبه‌تییه‌كان كه ئۆپۆزیسیۆن ده‌گرێته‌وه، جارێ ئۆپۆزیسیۆن له رووی سیاسییه‌وه، كۆمه‌ڵێك ته‌رحیان هه‌یه وه‌ك شه‌فافییه‌ت و ئازادیی بیروڕا، ئه‌مانه ته‌نیا بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌یانه، چوونكه كه ده‌یپێویت له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌كردنی خۆیاندا سه‌یر ده‌كه‌ین هه‌مان عه‌قڵیێتی ده‌سه‌ڵاتخوازیی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه. ته‌نانه‌ت ئۆپۆزیسیۆن له‌ناوخۆیاندا ناتوانن رێكبكه‌ون، پارتی و یه‌كێتی له 2007ه‌وه رێكه‌وتنی ستراتیجییان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و سێ حزبه‌ی ئۆپۆزیسیۆن رێككه‌وتنیان نییه، بۆیه له رووی عه‌قڵییه‌ته‌وه هه‌مان عه‌قڵییه‌تی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه و له رووی رێكخستنه‌وه رێكخستنه‌كانیان شلۆقه، له رووی هه‌موو جۆره ئیمكانییه‌تێكی تریشه‌وه ده‌سه‌ڵات له‌وان به‌هێزتره. بۆیه من ئومێدم نییه ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌ی ئێستا بتوانێت گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له سیستمی حكومڕانی و له عه‌قڵییه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا بكات.
تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه له ژماره “1” گۆڤاری “شه‌پۆل” له 4\9\2011 بڵاوكراوه‌ته‌وه.