
دایکی پێشمه‌رگه! ….. ن/جه‌لال قادر
له‌سه‌رده‌می مندالیت یاری بووکێنیێت ده‌کرد ، باوکت پیشمه‌رگه بوو. هه‌میشه چاوت له ڕێبوو، به‌لکو باوکت له‌سه‌ر کۆلانه‌که به‌دیار که‌وێت و به منداله‌کانیتر بلێیت : ئه‌وه باوکم هاته‌وه .
حه‌زت نه‌ده‌کرد بچیته مال و دایکت به‌ته‌نیایی ببینی : ته‌شی ده‌ڕێسێ وله چاوه‌ڕووانی باوکتدایه .
دایکت هه‌رگیز ده‌رگای حه‌وشه‌ی دانه‌ده‌خست ده‌یگوت : باوکت رێبواره هه‌رکاتێ بێ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌و ڕۆژانه‌ی باوکت مۆله‌تی وه‌رده‌گرت چه‌ند ڕۆژێک سه‌ردانی ده‌کردن .. له‌باوه‌شی جودانه‌ده‌بویته‌وه و سات نا ساتێ ماچت ده‌کرد ..هه‌رچه‌نده باوکت ده‌یگوت : کچم ماچم مه‌که نابینی ڕیشم ڕوخسارتی سوور کردۆته‌وه.
ڕوخسارت ده‌برژایه‌وه به‌لام له ماچ وبۆن کردنی باوکت تێر نه‌ده‌بووی.
بیره‌وه‌رییه‌کانت له‌گه‌ل باوکت له کانییه‌کی پاک و بێگه‌رد ده‌چوو ، هیچ جۆگه‌یه‌کی لێنه‌ده‌بوه‌وه . چونکه له دواساته‌کانی ته‌مه‌نی مندالیت باوکت شه‌هید کرا.
ڕۆژانی هه‌رزه‌کاریت له‌گه‌ل دایک و قاره‌مانی برات برده سه‌ر..دلته‌نگی و خه‌مه‌کانت له دایکت ده‌شاره‌ده‌وه .. به‌لام هیچ ساتێک له ژیانتدا ڕوخساری باوکت له یاد نه‌ده‌چوو .
دایكشت ڕۆژانه کاری ناومالی هه‌لده‌سوراند وخۆی له خه‌مه‌کانی ده‌دزییه‌وه..شه‌وانش خه‌مه‌کانی له باوه‌ش ده‌گرت له‌ژێر لێفه و به‌تانی فرمێسکه‌کانی ده‌سرییه‌وه.
*******
له ڕۆژانی زانکۆ به ده‌ستێ کتێبه‌کانت هه‌لده‌گرت .. به‌ده‌سته‌که‌یتر دلت له چنگ گرتبوو نه‌کا خه‌مت لێببارێ !.
هه‌ر له ڕۆژانه‌ش بوو دلێری شاعر نامیلکه‌یه‌کی بۆ نوسیت به‌ناونیشانی : تۆ کچی شه‌هیدی خۆشمده‌وێت!
دلێر گه‌نجێکی بالابه‌رزو چاو شین و مووزه‌رد و مهره‌بان بوو .
دلێر ته‌نیایی و خه‌می ڕۆژه‌کانی زانکۆی له‌بیرت برده‌وه..ئێستاش نه‌تزانی چۆن کاته‌کانی زانکۆ به‌سه‌ر چوون.
زۆربه‌ی شیعره‌کانی دلێر به‌سه‌ر جوانی و خۆشه‌ویستی و شه‌هیدانی کوردستان بوو..
خۆزگه‌ت ده‌خواست باوکت زیندوو بوایه و دلێری بناسیایه.
له‌گه‌ل دلێر بوون به‌هاوسه‌ر.. به‌لام به‌داخه‌وه له رۆژی گواستنه‌وه‌ت قاره‌مانی برات شاری به‌جێهێشت و بوو به پێشمه‌رگه!
وتیان شۆرش ده‌ستی پێکردۆته‌وه ..چیتر دایکت فرمێسکه‌کانی نه‌شارده‌وه ..به‌و ڕۆژگاره به دزیی هاوسێکانه‌وه ده‌گریا و ده‌یگوت : ده‌رگای حه‌وشه‌م هه‌میشه والا بوو باوکت نه‌گه‌ڕایه‌وه .. ئه‌م جاره په‌نجه‌ره‌کان دامه‌خه‌ن به‌لکو قاره‌مانی کوڕم ده‌گه‌ڕێته‌وه.
*****
دووگیانه بوویت ..هه‌والی دلته‌زێنی شه‌هیدبوونی قاره‌مانی برات له په‌نجه‌ره‌که هاته ژوور.
ئه‌و ڕۆژه‌ی به نێهینی پرسه‌تان بۆ قاره‌مانی برات دانا.. دلێری هاوسه‌رت له‌وێ نه‌بوو..وشه‌ی مالئاوایی له‌سه‌ر ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌کان بۆ نوسیت .. ئه‌ویش وه‌ک بالنده‌یه‌ک له شه‌ققه‌ی بالیداو به‌ره‌و چیاکانی کوردستان فڕی.
خه‌مه‌کانت هه‌ر وه‌ک کتێبخانه‌که‌ی دلێر به‌ته‌نیا و بێ ناونیشان مانه‌وه .
کاتێ له دایکت ده‌ڕوانی: له‌ژێر په‌رچه‌می.. مووه سپیه‌کانی شاردبوه‌وه..به‌م ڕۆژگاره بۆ قاره‌مانی برات و باوکت ده‌گریا..له جیاتی ته‌شی ڕستن پرچی ده‌ڕنییه‌وه.
تا دوا هه‌ناسه دایکت بارێ خه‌می هه‌لگرتبوو.. کاتێک دڵی پڕبووله خه‌م ده‌ستی له‌سه‌ر دڵی دانا وهه‌ناسه‌ی لێبڕا.
ده‌ستت بۆ گیرفانه‌کانی لای دلی دایکت برد وێنه‌ی باوکت و قاره‌مانی برات له ئه‌لبومی خه‌مه‌کانی دایکت بوون.
وێنه‌کانت هه‌لگرت ..حه‌زت نه‌کرد وێنه‌ی دلێری هاوسه‌رشت بخه‌یته ناو ئه‌لبوومی خه‌مه‌کان . ناچار تۆش کۆچت کرد به‌ره‌و گونده‌کانی بناری چیا..له‌وێ کۆرپه‌یه‌کی جوانت کرده دیاری بۆ دلێر.
دڵێر پێشمه‌رگه‌بوو نه‌یتوانی له‌ڕۆژی له‌دایکبوونی کۆرپه‌که‌تان ئاماده‌بێت..خۆزگه‌ت ده‌خواست ئاماده بوایه تا که‌مێ له ئازارتی که‌مکردایه‌وه.
کاتێ دلێر هاته‌وه و کۆرپه‌که‌ی بینی له‌خۆشیا شاگه‌شکه گرتی..ناوی لێنا ڕێبوار.
تۆش کاتێ زه‌رده‌خه‌نه‌ی دلێرت ده‌دی خه‌مه‌کانت له‌بیرده‌چوه‌وه..
حه‌زت به‌سه‌یرکردنی دڵێر بوو.. کاتێ نانی ده‌خوارد یاخود کاتێ بێده‌نگ ده‌بوو.. ده‌تزانی ئه‌م پیاوه چ ئیلهامێ له سنگی په‌نگی خواردۆته‌وه ، تۆش ده‌تگوت : دلێر ئه‌وه‌نده بیری لێمه‌که‌ره‌وه ..بڵێ خۆشمده‌وێی.
دلێر یه‌ک به‌دنیا هاواری ده‌کرد : خۆشمده‌وێن.
خه‌لکی ئاوایی به‌ده‌نگی دلێره‌وه ده‌هاتن و ده‌یانپرسی : چیبووه چی ڕوویداوه؟
دلێر ده‌یگوت : به‌منداله‌که‌م وتووه خۆشمده‌وێ.
تا وایلێهات خه‌لکی ئاوایی له‌گه‌ل ئه‌م بانگدانه‌ی دلێر ڕاهاتن.
ڕێبواری کوڕت سه‌رقالی کردبووی ، تێکه‌ل به خه‌لکی ئاوایی بوویت و خه‌مه‌کانت بۆ وه‌رزێک هه‌لوه‌رین.
تا ئه‌وساته‌ی له ڕادیۆ شڕه‌که‌ی ماله‌وه هه‌والی دلته‌زێنی شه‌هید بوونی پۆلێک پێشمه‌رگه خوێندرایه‌وه.
دلێرش شه‌هید بوو.
وێنه‌ی دلێر و قاره‌مانی برات و باوکت خسته ناو ئه‌لبومی خه‌مه‌کانی دایکت ..فرمێسکه‌کانت چیتر نه‌شارده‌وه ..هه‌رکات شۆڕبوونایه خواره‌وه سوێری لێوتی ته‌ڕده‌کرد..قورگ پڕ له‌گریان باوه‌شت به‌خاک ده‌کرد ده‌تگووت: بمبه له‌گه‌ل خۆت.
*****
نه‌ورۆزه.. ڕێبوار ڕانگ و چۆخه‌ی مه‌ره زی وکلێته‌ی پۆشیوه و پوزه‌وانه و کلاشێکی په‌ڕۆیینی له پیدایه..حه‌زت ده‌کرد ئه‌م نه‌ورۆزه دلی ڕێبوار خۆشکه‌یت و خه‌می دلت بسڕیته‌وه..به‌لکو له‌م سه‌یرانه ڕێبوارش عاشقی کچه کوردێک بێت و ..زه‌ماوه‌ندی بۆ بگێریت.
نه‌ورۆزت به خۆشی له‌گه‌ل رێبوار و هاوڕێکانی برده سه‌ر..تۆ جوانترین خوانه‌ت ڕازانده‌وه ..ئه‌وانش مه‌ست ببون.. دووکه‌لی جگه‌ره‌کانیان ئه‌و ناوه‌ی ته‌نی بوو ..تۆ ده‌تویست ڕێبوار دلته‌نگ نه‌بێت وهه‌رده‌م له‌خۆشیدابێت..
ڕۆژی نه‌ورۆز به خۆشی چووه سه‌ر ..منداله‌کانی گه‌ڕه‌ک هێشتا کراسه کوردیه‌کانیان له‌به‌ردا بوو..
له‌ناکاو ڕێبواری کورت ونبوو!…پاش چه‌ند ڕۆژێک ته‌له‌فۆنی بۆ کردی وتی : دایکه من له قه‌ندیلم ..پێشمه‌رگه‌م..داوای لێبوردن ده‌که‌م تا ماوه‌یه‌کیتر ناتوانم په‌یوه‌ندیت له‌گه‌لدا بکه‌م.
تۆ له‌خه‌می ئه‌وه‌بووی : ئاخۆ کێ كراسه‌کانی ڕێبوار ده‌شۆرێ؟ ڕێبوار چی ده‌خوات ؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌رمای بوو؟
ده‌ستت بۆ گیرفانی لای دلت برد.. ئه‌لبومی خه‌مه‌کانی دایکت ..وێنه‌ی باوکت و قاره‌مانی برات و دلێری هاوسه‌رتی تیا‌بوو..دلت گوشرا ..یه‌ک به‌دنیا هاوارت کرد : خۆشمده‌وێن ..خۆشمده‌وێن..
ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌کان والا بوون که‌س نه‌هاته ژوور..که‌سش به هاوارته‌وه نه‌هات.
خه‌مه‌کانت له دایکبوونه‌وه..بوخچه‌که‌ت پێچایه‌وه..دیسانه‌وه کۆچت کرد بۆ گونده‌کانی بناری چیا .