Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
په‌نجه‌ به‌جێماوه‌كانی شیعر …. فاتیح سه‌لام

په‌نجه‌ به‌جێماوه‌كانی شیعر …. فاتیح سه‌لام

Closed
by September 23, 2011 ئەدەب

 

      
خۆرنشینێك په‌لی گرت و..
شه‌و بانگی كرد
تا له‌ ئاوێنه‌ی ته‌مه‌ن و حه‌سره‌ته‌كانی راماندا
له‌ گه‌ڵای وه‌ریو بروانێ‌
سه‌ما له‌ عومری خه‌زانا داگیرسێنێ
خۆی له‌ مێژووی قه‌تیسدا
بنووسێته‌وه‌ ..
تا ..له‌  زمانی ئاو بگات 
شه‌پۆل فێری باڵه‌ مه‌له‌و ..
كۆتر له‌ فرین رابێنێ‌ 
له‌ شه‌هوه‌تی فه‌نابوون و سه‌ركێشیدا
ئاسمانێ‌ له‌ خۆشه‌ویستی و
په‌نجه‌ره‌یك له‌ بێده‌نگی
له‌ودیوو سیحری وێڵ بوونه‌وه‌
دڕ به‌ تارمایی بداو
خاڵه‌ره‌شه‌كانی په‌ره‌ی بیرچوونه‌وه‌ بسووتێنێ‌
( ئه‌و ) راده‌ستی ئه‌هریمه‌نی نه‌فره‌ت كرا
په‌رداخێ‌ ژه‌هری شه‌وی سوور
له‌ ناو له‌پی نه‌بوونیدا
چراكه‌ی لێ‌ كوژاننه‌وه‌
كچێنی خۆی
چه‌قۆی هاویشته‌ سه‌ر دڵی
مشتێ‌ ووشه‌ی نێو ژووری گوناهه‌كان بوو
نه‌عله‌ت ره‌نگی پێ‌ ئاڵ كردو..
سوراحییه‌ك مانگی خستبووه‌ سه‌ر لێوی
سۆفییه‌ك ده‌یروانییه‌ خواو
په‌نجه‌كانی خوێن و  شیعر
پێكیان بۆ ده‌سته‌مۆ بوونی
 خه‌ڵتان بوون راخستبوو
ئه‌و گه‌واڵه‌ هه‌ورێكی  نامۆ
  ته‌وێڵی بۆ ده‌خوێنده‌وه‌
به‌فری ماچی هه‌ڵوه‌ریوی 
به‌ڕچیووی له‌سه‌ر گۆنای  جێده‌هێڵا
قه‌سیده‌یه‌ك له‌به‌ر باران
هه‌ڵده‌له‌رزی و..
تێر ده‌بوو له‌ كریستاڵی دڵۆپه‌كان
بیرۆكه‌یه‌ك به‌ده‌م ژانی سره‌وته‌وه‌
پیاسه‌ی ده‌كرد
ئه‌ژنۆیه‌ك له‌ هێز ده‌گه‌راو
به‌ژنێك بۆ ته‌ڵه‌ی ئاره‌زوو تلی ده‌خوارد
خه‌ونێك خوێنی ده‌لسته‌وه‌
خه‌یاڵێك خۆی حه‌شار ده‌داو
حه‌زێك به‌گڵاوی ده‌مرد..!.
جارێكی تر..
په‌نجه‌كان له‌ سنگی یاخی شیعره‌كانا
پڕبوون له‌ مه‌رگی ئاوابوون
له‌ دووكه‌ڵی دۆزه‌خی ته‌ریك بوونه‌وه‌
له‌ هه‌ڵوه‌رینی جوانییه‌كان
جوگرافیای ده‌قێكی شێت و..
مشتێ‌ ووشه‌ی بارگاوی بوو
شۆربوونه‌وه‌ بۆ دامێنی نزاكانی
رووت بوونه‌وه‌و ..
به‌ پێش چاوی كل رێژبووی ئه‌ستێره‌كانه‌وه‌
لاپه‌ره‌كان.. خۆڵه‌مێش لوولی ده‌كردن
پشكۆكان تێده‌په‌رین و..
پیته‌كان یه‌ك یه‌ك  ده‌سووتان ..!.                                       
         ********
هێشتا سه‌رت له‌ كۆشی مناڵیتدایه‌
رۆحت له‌ ده‌لاقه‌ی زامی بێكه‌سیدا چرۆ ده‌كات
تاریكی زۆر بێ‌ ره‌حمانه‌ بیركردنه‌وه‌ت ده‌هارێت و ..
شێتانه‌ له‌ ده‌رگای دڵی پرسه‌گێری ماندووت ده‌دات
له‌ودیو شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌ته‌وه‌
مانگه‌شه‌و غه‌رقی نوور بووه‌
پرچی تابلۆكه‌ی  عیشقی ماڵئاوایی شانه‌ ده‌كات
ده‌ست به‌ روومه‌تی خه‌زان و شان وملی حه‌زا دێنێ‌
ناخت پر ده‌بێت له‌ گوڵ و..
بۆنی مێخه‌كی رێی جێژووان
چاوت خه‌ونی هه‌ڵبزركاوی لێ‌ ده‌تكێ‌ و
په‌نجه‌كانیش مشتێ‌ حه‌رفی زه‌رنه‌قووته‌ی
سه‌رما به‌ستووی نێو هێلانه‌كه‌ی گوناه‌ و..
وێنه‌ی به‌رد و ته‌لیسمی لێخنی شه‌یتان
                                                                                
           *********
هه‌وار ره‌شماڵێكه‌ نوته‌ك
وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و نوته‌كییه‌ی
له‌ ناخی تۆوه‌ دزی بێت
كپی بینی ناوه‌ به‌ خوێنته‌وه‌
بیركردنه‌وه‌ ده‌تكرۆژێت
رازێكی تاڵ قووتت ده‌دات
له‌ ته‌نیایی ته‌نیاتری
شه‌و یه‌ختێكی یاخی و سه‌ركێشی ده‌ریایه‌ ..
تۆی له‌سه‌ر پشتی  سه‌فه‌ری گومانه‌كان  دابه‌ستووه‌
به‌ جووت له‌ ئاوێزانیدا شه‌پۆله‌كان تێكده‌شكێنن
سه‌وڵه‌كان ده‌چنه‌وه‌ كه‌نار
له‌نگه‌ر له‌ قوڵاییه‌كاندا كرنووش ده‌بات
ئه‌ندێشه‌یه‌ك ده‌تهارێت و پێڵووی ماندووت پێ‌ داده‌خات
ره‌نگی ئاو ده‌تشارێته‌وه‌ 
زریانی جه‌سته‌ت هه‌ڵده‌كات
     **********
  ( با ) له‌درزی شووشه‌ی شكاوی په‌نجه‌ره‌ی ته‌مه‌نته‌وه‌
به‌ ئه‌سپایی دێته‌ ژوورێ‌ و
 گوزه‌ر ده‌كات ..
په‌رده‌كه‌ی خه‌م وتۆز گرتوو راده‌چڵه‌كێت
بۆ ساتێك په‌لكێشت ده‌كات                                          
سۆی زامه‌كه‌ت رۆحت ده‌گوشێت
چاوه‌كانت ده‌بنه‌وه‌ جووتێ‌ شاباڵی كاسه‌ی سه‌رت  و
جه‌سته‌ی پڕبووی له‌ سێبه‌رت به‌ جێدێڵن
ژیان له‌ گوژاڵكه‌یه‌كدا په‌ناده‌گرێ‌ و ..
تروسكاییه‌كان له‌سه‌رخۆ خامۆش ده‌بن
خۆر خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه‌
رووناكی وورد و خاش ده‌بێت               
به‌ هێمنی هه‌نگاو ده‌نێی
وێستگه‌یه‌ك له‌ چاوه‌روانیتا
چرایه‌كی هه‌ڵكردووه‌
تۆش ده‌ستێكت شیعر و كتێب
باوێشك خاوی ده‌كاته‌وه‌و ..
سه‌رخه‌وێكی تیا ده‌شكێنن
ئه‌وی كه‌شت ده‌سته‌سرێكی خوێناوی
له‌ كانیاوی متمانه‌ بوون هه‌ڵده‌ژه‌نێت
چه‌مێكی شێت بۆ خۆكوشتن بانگت ده‌كات

               كفری
           20/4/ 2011

Previous
Next