
زارا …. سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
پێشكه‌شه به‌عیشق و رۆحی خاوێنی
شه‌هید (د.ئاتێلا) و (فاتیمه) ی ناموراد
………به‌شه‌كه‌تی، به‌ڵام به‌وپه‌ڕی شادی و دڵخۆشییه‌وه گه‌یشتیته به‌رده‌م ده‌رگا دارینهكهتان، ئه‌و ده‌رگایه‌ی كه‌له‌یادت نییه كه‌ی و كێ دروستی كردووه، ناشزانیت باوكت، یان چ كه‌سێكی تر چۆن و له‌كوێوه هێناویه‌تی، هه‌رئه‌وه‌نده ده‌زانیت، له‌وه‌ته‌ی تۆ هه‌یت و ئه‌م خانووه‌تان هه‌یه، ئه‌م ده‌رگایه‌ی پێوه‌یه..
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باوكت هه‌ر چه‌ندساڵ جارێك رووخساری ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی خانووهكهتانی ده‌گۆڕی، هۆده‌و هه‌یوانی نوێی دروستده‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌یادته چه‌ند جارێك دیواری ئه‌ملاو ئه‌ولای ده‌رگاكه‌ی سه‌رله‌به‌ر رووخاند‌و جارێكی تر بهقوڕو خشت دروستیكردهوه، وه‌لێ ده‌رگا دارینه‌كه‌ی به‌هه‌مان ریتمی جاران له‌جێی خۆی دانایه‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه ته‌نانه‌ت له‌یادت نییه ته‌نها جارێك له‌جاران باوكت ئه‌م ده‌رگایه‌ی بۆیاخ كردبێت.
ئه‌و زۆرجار پێی ده‌گوتی:
(كوڕم وه‌سێت بێت ئه‌گه‌ر مردم له‌دوای خۆشم ئه‌م ده‌رگایه بۆیاخ نه‌كه‌یت، خۆی رووخسارێكی زۆر تایبه‌ت و ره‌سه‌نی هه‌یه، بۆیاخ نه‌ك هه‌ر شه‌نگی ناكات، به‌ڵكو ته‌واو ده‌ی شێوێنێت).
باوكت ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵتاندا زۆركهمقسه و بێده‌نگ بوو، بڕوای به‌وه هه‌بوو كه‌ده‌بێت پیاو له‌ماڵه‌وه سامدار بێت و هه‌یبه‌تی خۆی بۆ ژن و منداڵ نه‌وی نه‌كات، به‌ڵام هه‌تا مابوو چه‌ند جارێك له‌سه‌ر سیحر‌و نهێنی ئه‌م ده‌رگایه هێناته قسه، تۆ هێنده به‌مه‌راقه‌وه گوێت له‌قسه‌كانی ده‌گرت، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بوویت، داستانێك، یان حه‌كایه‌تێكی سهرنجراكێشت بۆ بگێڕێته‌وه، وه‌لێ دواجار هیچی وای نه‌گوت دڵت ئاو بخواته‌وه.
ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت كه به‌شه‌كه‌تی له‌به‌رده‌میدا راوه‌ستاویت له‌نهێنی و پیرۆزی ئه‌م ده‌رگا دارینه حاڵی نه‌بوویت، باوكت هه‌موو جارێك به‌وه كۆتایی به‌قسه‌كانی ده‌هێناو ده‌یگوت:
( رۆڵه ئه‌م ده‌رگایه گه‌لێ یادگارو سه‌رگوزشته‌ی له‌گه‌ڵدایه، هه‌تا ده‌توانن پارێزگاری لێ بكه‌ن، وریا بن هه‌رگیز به‌كراوه‌یی جێی نه‌هێڵن، چونكه شه‌یتان گه‌لێ سركه، خۆشتان نازانن كه‌ی و چۆن دێته ژوورێ، هه‌ركه هاته ژووره‌وه‌ش هه‌موو شتێك ده‌قه‌ومێت، ته‌نانه‌ت شوێن‌بزر ده‌بن و ده‌فه‌وتێن ئه‌گه‌ر بشمێنن، هه‌رچی عه‌یب و عارتان هه‌یه هه‌موو بۆ خه‌ڵكی ده‌كه‌وێته ده‌شت!).
دایكیشت ئه‌م قسانه‌ی باوكتی لاببوو به‌یه‌قین، زۆر به‌وریاییه‌وه پاسه‌وانی ده‌رگاكه‌ی ده‌كرد، به‌بێ هیچ سین و جیم و بیركردنه‌وه‌یه‌ك، فه‌رمایشته‌كانی باوكتی جێبه‌جێ ده‌كرد، له‌گه‌ڵ هه‌ر چوونه دهرهوهیهكدا، یه‌كسه‌ر ده‌گه‌یشته سه‌رت و له‌دوای تۆوه دای ده‌خسته‌وه.
تۆ ده‌تگوت: عه‌یب و عار چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌كرانه‌وه‌ی ده‌رگاوه هه‌یه؟
ئه‌و ده‌یگوت: (رۆڵه تۆ هێشتا منداڵیت، له‌دنیا نه‌گه‌یشتوویت كه‌ی گه‌وره بوویت خۆت وه‌ڵامی خۆت ده‌ده‌یته‌وه!).
ئه‌م قسانه‌ی باوكت چه‌ند هێنده‌ی تر مه‌راق و نهێنی له‌لادروست كردی، وه‌لێ هیچی لێ‌حاڵی نه‌بوویت.
ده‌رگاكه، ده‌رگایه‌كی ئاسایی نه‌بوو، جگه له‌وه‌ی لهدارێكی فره مه‌حكه‌م دروست كرابوو، بهپایانیدا هه‌ندێ نه‌خشی گوڵ گوڵی له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌نرابوو، له‌ملاولای لای سه‌ره‌وه‌شی به‌چه‌ند قوبهیهك له‌شێوه‌ی ئه‌ستێره نه‌خشێنرابوو، لهناوهڕاستیشیدا كه‌هه‌م چاوه‌زاریش بوو، وێنه‌ی مانگێكی داسولهیی هه‌بوو، له‌لای سه‌ره‌وه‌شیدا لوتكه‌ی چه‌ند شاخێك به‌حه‌وادا چووبوو، پارچه له‌وحێكی ئه‌ستوور له‌كه‌مه‌ری ده‌رگاكه به‌سترابوو، ئه‌م پشتوێنه ئاسنینه چه‌ند هێنده‌ی تر ده‌رگاكه‌ی مه‌حكه‌م كردبوو، تۆ زۆرجار له‌نه‌خش و نیگاری سهردهرگاكه رادهمایهت, ئه‌گه‌رچی هیچی وای لێ حاڵی نه‌بوویت، به‌ڵام ده‌تزانی ئه‌گه‌ر كه‌سێكی شاره‌زابێت بیان خوێنێته‌وه، ئه‌وا مێژوویه‌كی كۆن و حه‌كایه‌تێكی دوور‌و درێژی لێوهدهگێرێتهوه.
ئێستا‌و له‌دوای ته‌مه‌نێكی زۆر به‌شه‌كه‌تی، به‌ڵام به‌وپه‌ڕی شادی و دڵخۆشییه‌وه له‌به‌رده‌م هه‌مان ده‌رگا دارینه‌كه‌ی خۆتاندا راوه‌ستاویت، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی (زارا) بێت ده‌رگات لێ بكاته‌وه.
هێشتا له‌ده‌رگات نه‌دابوو، ئه‌و بهرهبهیانییهت كه‌وته‌وه یاد كه‌ده‌بوو له‌نزیكترین كاتدا بگه‌یته‌وه به‌هاوڕێكانت، (زارا) یش چراكه‌ی هه‌ڵگرت و هه‌تا به‌ر ده‌رگاكه له‌گه‌ڵتدا هات، هێشتا قاچت نه‌خستبووه ئه‌ودیو ده‌رگاكه‌وه هه‌ر له‌ناو ده‌رگاكه‌دا بویت، (زارا) چراكه‌ی به‌یه‌كێك لهقوبهی ده‌رگاكه‌دا هه‌ڵواسی، زۆر به‌وریاییه‌وه چاوی به‌ملاولادا گێڕا، كه‌زانی له‌هیچ كه‌سێكه‌وه دیارنین، شێتانه باوه‌شی بۆ گرتیته‌وه، توند به‌خۆیه‌وه گوشیتی، ئینجا هه‌تا توانی ماچێكی قوڵی ناوده‌می كردیت، هێشتا ده‌متان لهناودهمی یه‌كدابوو، ئه‌و به‌نیاز نه‌بوو ده‌مت لێ به‌ربدات، به‌ڵام كاتێك روومه‌تت به‌فرمێسكی گه‌رمی ئه‌و ته‌ڕبوو، تۆ خۆت كشانده دواوه، فرمێسك وه‌كو باران له‌چاوی (زارا) وه ده‌هاته خوارێ، به‌ده‌م هه‌نسكه‌وه پێی گوتیت: (رێبوار گیان ده‌ڵێن وه‌زع زۆر خراپه، دهخلیت بم له‌پێشمه‌رگه‌كانی هاوڕێت دانه‌بڕێیت..).
تۆش له‌ناخه‌وه له‌و زیاتر دهسوتایت و ده‌گریایت، وه‌لێ له‌خۆتت بارنهكرد، تۆ هه‌تا ئه‌و كاته هه‌رگیز (زارا) ت به‌و شه‌نگییه نه‌بینیبوو، ئه‌و ئه‌گه‌رچی هه‌ناوی زۆر شپرزه‌بوو، به‌ڵام نیگای هێنده گه‌ش بوو، بۆ خۆشت نازانیت چۆن توانیت خۆ له‌به‌رده‌می رابگریت، گۆنای رێك لهههرمێ ده‌چوو، هه‌ردوو چاویشی له‌ژێر ته‌می فرمێسكهكانیدا سه‌وزێكی كاڵی ده‌نواند، كاتێكیش شه‌وقی چراكه‌ی به‌رده‌كه‌وت سهوزییهكهی تۆختر ده‌بووه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ببزوێت، پێت گوت:
( (زارا) گیان هیچ خه‌فه‌ت مه‌خۆ، ئێمه بۆ كاری زۆر پێویست بانگ كراوین، دڵنیابه زۆرم پێناچێت و ده‌گه‌ڕێمه‌وه، تۆ ئاگات له‌خۆت و دایكم و منداڵه‌كه‌مان بێت ).
كاتێك ئه‌مه‌ت گوت ده‌ستت له‌سكی (زارا) ده‌خشاند كه‌حه‌وت مانگ زیاتر ده‌بوو.
ئیدی تۆ كه‌وتیته رێ، هێشتا دوو هه‌نگاو دوورنهكهوتبوویتهوه، گوێت لهخڕهی پشتی ده‌رگاكه بوو كه (زارا) له‌دوای تۆوه دایخسته‌وه، تۆ هه‌تا ئه‌وكاته نه‌ت زانیبوو كه‌هێنده دڵناسكیت، باوكت زۆرجار پێ ده‌گوتیت:
(گریان بۆ پیاو شووره‌ییه، نه‌كه‌ی له‌ئاقار رووداو‌و كاره‌ساته‌كاندا چۆك دابده‌یت و بێیته گریان، كوڕم ده‌بێت، زۆر له‌وه دڵڕهقتربیت كه‌هه‌یت، چونكه پیاو كهگریا، هه‌رچی شه‌هامه‌ت و پیاوه‌تی، بگره نێرایهتیشی هه‌یه له‌گه‌ڵ فرمسێكهكانیدا داده‌چۆڕێت ! ).
تۆ هه‌تا ئه‌وكاته زۆر شانازیت به‌دڵڕه‌قی و پیاوه‌تی خۆته‌وه ده‌كرد، چونكه ته‌نها جارێك چییه نهتهێشتبوو له‌و گه‌مه چاره‌نووسسازه‌دا بدۆڕێیت.
وه‌لێ هه‌ر كه (زارا) ت به‌جێ هێشت، ئه‌گه‌ر باوكت زیندوو بوایه به‌نه‌فره‌تی ده‌كردی، چونكه هه‌رچی پیاوه‌تی و نێرایهتیت هه‌بوو، هه‌مووی له‌گه‌ڵ فرمێسكه گهرمهكانتدا داچۆڕین.
گریای، زۆر گریای، هه‌ر به‌ته‌واوی خۆت به‌تاڵكرده‌وه، ئه‌گه‌رچی شه‌نگ له‌ڕه‌نگ و رووتدا نه‌مابوو، هه‌رواش جه‌سته‌یه‌كی مجرۆت له‌گه‌ڵ خۆتدا به‌كێش ده‌كرد، به‌ڵام له‌ناخه‌وه فره ئاسووده‌و بارسوك بویت، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌یانییه ژوان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتداو كاری زۆر به‌په‌له‌ت نه‌بووایه، ئه‌وا رێڕه‌وی خۆت ده‌گۆڕی و راسته‌ڕێ ده‌چوویته سه‌ر گۆڕی بابت، گۆڕه‌كه‌ت هه‌ڵده‌دایه‌وه، كفنهكهشت له‌سه‌رو ده‌موچاوی داده‌ماڵی، قسه‌ی زۆرت هه‌بوو بتكردایه، به‌ڵام له‌پێش هه‌موویاندا ده‌تگوت:
(بابه ئێوه زۆر بهههڵداچووبوون، نه‌تان زانیبوو گریان چ چێژێكی هه‌یه، ده‌زانی بۆچی زوو مردن؟ چونكه هه‌تا مابوون گریانتان له‌ناخی قوڵی خۆتاندا دیل كردبوو، دواجاریش واتان زانیبوو كوشتوتانه، وه‌لێ ئه‌و زۆر له‌ئێوه نهمرتربوو، ئه‌وه ئێوه عه‌یامێكه مردوون، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ده‌ژێت، بابه‌گیان ده‌بوو به‌دڵ و به‌گیان گریانتان بلاواندایه ).
ئه‌مانه‌و ده‌یان گفتی تری له‌م جۆره‌ت پێ راده‌گه‌یاند، به‌ڵام كاری به‌په‌له‌ی ئه‌و به‌یانیه‌ت، رێگه‌ی نه‌دایت ئه‌م زیاره‌ته بكه‌یت.
به‌ده‌م ههسنكی گریانه‌وه به‌لای ده‌سته‌ڕاستدا به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات هه‌ڵكشایت، دڵیشت هه‌ر لای (زارا) بوو، ده‌تزانی ئه‌ویش له‌ودیو ده‌رگاكه‌وه هه‌تا قه‌ده‌رێكی زۆرتر هه‌ر ده‌گرێ و ژیر نابێته‌وه، به‌ڵام له‌گریانی ئه‌مجاره‌دا هه‌رگیز (زارا) هێنده‌ی تۆ ئاسووده نابێت، چونكه زۆرجاریدی ئه‌و ئه‌م خۆشییه‌ی تاقی كردبووه‌وه، ده‌زانێت كه گریان چ ئارامبهخشییهكی گیانه.
ئه‌و به‌یانییه ده‌روونێكی شپرزه‌و خه‌یاڵێكی فره ئاڵۆسكاوت هه‌بوو، هه‌رچه‌ندت ده‌كرد نه‌تده‌توانی باری ئاسایی خۆت وه‌ربگریته‌وه, یان راستتر بڵێین: وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یت خۆت بناسیت.
(مرۆڤیش كاتێك كه‌خۆی لێ‌ون ده‌بێت، ئیدی نازانێت له‌كام ده‌روازه‌وه له‌دووی خۆی بگه‌ڕێت، سه‌ر به‌هه‌ر كونێكدا ده‌كات، نامۆیه لای، له‌مه‌ش ئه‌سته‌متر ئه‌وه‌یه، ناتوانێت رێ به‌رێته‌وه سه‌ر ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی كه‌لێوه‌ی هاتووه‌ته ژوورێ، به‌مشێوه‌یه هه‌تا هه‌نگاو بنێت، رایه‌ڵه‌ی زیاتر له‌قاچ و پلی دهئاڵۆسكێن و هه‌ر به‌جارێ شه‌كه‌ت و مجرۆی ده‌كه‌ن).
دروست ئه‌و به‌یانییه تۆش وات به‌سه‌رهاتبوو.
به‌شێكی دڵ و خه‌یاڵت هه‌ر له‌لای (زارا) بوو، وه‌كی تر‌و یه‌كه‌مجارت بوو، كهبهزهیت به‌خۆتدا بێته‌وه، ئه‌مه‌ش باری دهروونیتی چه‌ند هێنده‌ی تر شپرزه كردبوو.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه زۆر له‌وه ده‌ترسایت تووشی گێچه‌ڵێك ببیت و له‌كات و شوێنی خۆیدا نه‌گه‌یته‌وه به‌هاوڕێكانت.
(رێبوار گیان، ده‌ڵێن: وه‌زع زۆر خراپه، ده‌خیلت بم له‌پێشمه‌رگه‌كانی هاوڕێت دانه‌بڕێیت..)
ئه‌م قسه‌یه‌ی (زارا) له‌جیاتی ئه‌وه‌ی گورجت بكاته‌وه، یان وزه‌و توانا بدات به‌هه‌نگاوه سستهكانت، چۆن ئاسكه كێوییه‌ك، یان شێرێك ده‌كه‌وێته تۆڕی راوچییانه‌وه، ئیدی پهلباریكی چ دادێكی كه‌ڵه‌كێوی نادات بۆ راكردن و دانه جیڕه‌ی شێریش چ كه‌سێك ناترسێنێت، تۆش ئاوها كه‌وتیته تۆڕی ئه‌و قسه‌یه‌ی (زارا) وه، خورپه‌و ترسێكی ناوه‌خت بهدڵتداهات.. زۆری نه‌مابوو به‌لادا بێیت و بكه‌ویت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا كازیوه هه‌ڵنه‌هاتبوو به‌ری خۆت به‌ته‌واوی نه‌ده‌بینی، قاچی راستت له‌به‌ردێك هه‌ڵكه‌وت, خه‌ریك بوو به‌ده‌مدا بڕمێیت، هه‌ر ئه‌وه‌بوو نه‌كه‌وتیت و له‌نگه‌ری ئاسایی خۆت وه‌رگرته‌وه، له‌پاش ئه‌مه، ته‌واوی ئه‌و رایه‌ڵانه‌ی كه له‌قاچ و پلت ئاڵابوون، كرانه‌وه‌و به‌هۆش خۆتدا هاتیته‌وه.
ئه‌وكاته‌ی كه گه‌یشتیته سه‌ر یاڵه‌كه، ئاوڕێكی دواوه‌ت دایه‌وه، ئه‌گه‌رچی زۆر له‌گوند دوور نهكهوتبوویتهوه، به‌ڵام لهوبهرزیهوه، هه‌رگیز گوندهكهتانت به‌و شه‌نگییه نه‌بینیبوو.. هه‌ر ده‌تگوت كیژه تاقانه‌ی ناو ئه‌فسانه‌كانه، ئه‌و كیژه‌ی كه لهشهنگیدا وێنه‌ی نه‌بوو له‌سه‌ر زه‌وی , له‌گه‌ڵ شه‌ش براكه‌یدا داوه‌تی ئاسمان كران و له‌وێ بوون به‌حه‌وت ئه‌ستێره، كه ئێستا پێیان ده‌ڵێن: حه‌وته‌وانه.
ئه‌وكاته‌ی گه‌یشتیته سه‌ر یاڵه‌كه، تازه هه‌تاو هه‌ڵهاتبوو، به‌تیله‌ی چاو له‌پشتی شاخه به‌رزه‌كانی به‌رامبه‌رته‌وه خۆی نیشانی گوند‌و ده‌شت و ده‌ری ده‌وروبه‌رت ده‌دا، تیشكی زێڕینی هه‌تاوی ئه‌و به‌یانییه، لهتارایهكی زیوین ده‌چوو، كه درابێته سه‌ر بوكێكی ئه‌فسانه‌ییدا..
ئه‌گه‌رچی زۆرت په‌له‌بوو بگه‌یته هاوڕێكانت، به‌ڵام دیمه‌نی جوانی گونده‌كه‌ت قه‌ده‌رێكی زیاتر رایگرتیت.. ئاره‌قێكی زۆرت ده‌ردابوو، هه‌رواش هه‌ناسه‌بڕكێت پێكهتبوو، له‌مكاته‌دا چه‌كه‌كه‌ت له‌شان هێنایه خواره‌وه، روو له‌ئاوایی پشتت به‌یه‌كێ له تاوێره‌كانه‌وه ناو جگهرهیهكهت گڕدا..
هه‌تا جگه‌ره‌كه‌ت ته‌واوكرد، هه‌زارویه‌ك خه‌یاڵ به‌مێشكتدا تێپه‌ڕین، هه‌رواش هه‌زارو یه‌ك دیمه‌نت بینی، پچِرپچڕ هه‌ر جاره‌و بیرت له‌شتێك ده‌كرده‌وه، خه‌یاڵت رێك لهمۆنتاژی دیمه‌نی ئه‌و فیلمانه ده‌چوون كه هه‌رگیز چاو فریایان ناكه‌وێت كه به‌ته‌واوی بیان بینێت و لێیان حاڵی بێت.. كاتێك بهخۆتزانی، سه‌رت داخ ببوو، چونكه هه‌تاو به‌ته‌واوی هه‌ڵ هاتبوو.
هه‌ستایته سه‌رپێ و به‌ناچاری كه‌وتیته‌وه رێ، كاتێك له یاڵه‌كه شۆڕ بوویته‌وه ئیدی ئاواییت لێوه دیارنه‌ما.
هه‌تا ده‌مه‌و ئێواره‌ی ئه‌و رۆژه هه‌ر به‌ڕێوه بوویت… باش له‌یادت نییه كه به‌ده‌مڕێوه بیرت له‌چی و چی ده‌كرده‌وه، به‌ڵام له‌یادته كه (زارا) میوانی هه‌موو داڵغه‌و خه‌یاڵه‌كانی نه‌ك هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ت، بگره دوو مانگ و نۆ رۆژی تریش بوو، كه تۆ به‌جێت هێشتبوو.
ئێواره‌ی ئه‌و رۆژه له‌كات و شوێنی دیاریكراودا گه‌یشتیته‌وه به‌هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانت.
(لێره‌دا داوای لێبوردن له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌یت، كه نا‌توانیت به‌ته‌واوی رووداوی ئه‌و دوومانگ و چه‌ند رۆژه بگێڕیته‌وه، كه له (زارا) دابڕابوویت، ده‌زانیت زۆرێك له‌خه‌ڵكی به‌سه‌رهاتی ئه‌وكاته‌ی ئێوه‌یان له‌ڕادیۆوه گوێ لێبووه), به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه هه‌رگیز له‌یادت ناچێت، ئه‌وه بوو، كه تۆ‌و چه‌ند هاوڕێیه‌كت، وه‌كو به‌رخی له‌ڕان دابڕاو‌و به‌جێماو به‌ڕێیه‌كی چۆڵدا خۆشتان نه‌تان ده‌زانی به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێن، له‌پڕ دوو به‌رخ لهبهرخهكانی هاوڕێتان، ئیستی لێ كردن، ئینجا به‌به‌رچاوته‌وه دوو به‌رخه‌كه كهڵبهو كلك و گوێی تازه‌یان لێ ڕوا، رێك بوون به‌دوو گورگی برسی، تۆ فریاكهوتیت و ته‌قه‌ی خۆتت كرد، به‌ڵام له‌چاو تروكانێكدا باقی هاوڕێكانی ترت كه‌وتنه به‌ر كه‌ڵبه‌یان، هه‌ر له‌جێدا بوون به‌خۆراكی دوو گورگه برسێكه، تۆ به ته‌نیا نه‌ت ده‌زانی روو له‌كوێ بكه‌یت، دواجار له‌و شوێنه‌ی كه‌ژیانی تیا قاتی بوو و مه‌رگ وه‌ك پاسه‌وانێك له‌چاوه‌ڕوانیتا بوو، گه‌رده‌لوولی خه‌یاڵی (زارا) لهگێژهنی خۆی نایت.. به‌ره‌و ئاوایی بۆلای (زارا) گه‌ڕایته‌وه…
***
ئێستا تۆ دوو مانگ و ده رۆژه (زارا) ت به‌جێهێشتووه، به‌ڵام دروست به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رۆژه‌ی كه جێتهێشت، فره دڵخۆشیت..
هه‌ر چه‌ند هه‌نگاوێكت ماوه كه بگه‌یته‌وه سه‌ر یاڵه‌كه، ئه‌و یاڵه‌ی كه ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر گوند‌و ناوچه‌كه‌دا.
ئه‌وكاته‌ی گه‌یشتیته‌وه سه‌ركه‌ل، خۆر به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو، هه‌تاو به‌و گه‌وره‌ییه‌ی خۆیه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لهگهنێكی مابوو، كه‌وتبووه پشتی دار چناره به‌رزه‌كانی پایانی ئاواییه‌وه، ئه‌مجاره، به پێچه‌وانه‌ی جاری یه‌كه‌مه‌وه، خۆر له‌جیاتی تارای زیوین، له‌سه‌ر پۆشێكی خۆڵه‌مێشی ده‌چوو.
گه‌یشتیته‌وه لای تاوێره‌كه، به‌ڵام نهلاتداو نهجگهرهكهت گڕدا، ئه‌مجاره‌یان زۆر دیقه‌تی دیمه‌نی ئاواییت نه‌دا، تۆ گه‌رچی زۆرت مابوو بگه‌یته‌وه ناو ئاوایی، به‌ڵام خه‌یاڵت به‌دوو قه‌ڵه‌مباز خۆی گه‌یانده‌وه لای (زارا). هه‌ركه لهدهگاكه چویته ژورێ، (زارا) باوه‌شی بۆكردیتهوه، تێرتێر ماچی ناو ده‌می یه‌كتان كرد، هه‌ر لهههیوانهكهدا لانكه‌یه‌ك دانرابوو، پۆپهشمینێكی ته‌نك كرابووه چه‌تری، به‌هه‌نگاوێك خۆت گه‌یاندێ، چی ببینیت، منداڵێكی قشتیله‌ی ناسك، چاوه‌كانی هه‌ر ده‌تگوت نێزگسن، زۆر له‌سه‌رخۆ ماچێكی سه‌ر گۆنایت كرد، كه هه‌ر له‌په‌ڕه‌ی گوڵ ده‌چوو، بۆنیشی خۆش وه‌كو شه‌مامه.
ئینجا چووی بۆلای دایكت، هه‌ردوو ده‌ستی ئه‌ویشت ماچ كرد، ئه‌ویش تێر بۆنی پێوه كردی….
كاتێك ده‌ستت به‌ئاسمانه‌وه بوو، له‌دڵه‌وه شوكری خوات ده‌كرد، ئه‌مجاره‌ش قاچی راستت له‌به‌ردێك هه‌ڵكه‌وت، زۆری نه‌ما به‌ده‌ما بڕمێیت..
ئاوها ته‌واوی خه‌یاڵه‌كه‌ت كه گه‌یشتبۆوه لای (زارا) لێ تێكچوو، له‌م كاته‌دا بزه‌یه‌ك كه‌وته سه‌ر لێوت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌نگاوت ده‌نا، له‌ناخه‌وه هه‌ندێ گاڵته‌ت به‌خۆت كرد…
***
ئه‌وا گه‌یشتیته ناو ئاوایی، نه‌خێر وه‌كو چۆن له‌سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌وه گوتمان، به‌شه‌كه‌تی، به‌ڵام به‌وپه‌ڕی شادی و دڵخۆشییه‌وه گه‌یشتیته‌وه به‌رده‌م ده‌رگا دارینه‌كه‌ی خۆتان…
به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی، كه (زارا) بێت و ده‌رگات لێبكاته‌وه، چونكه دهزانتیت دایكت پیر بووه‌و توانای ده‌رگا كردنه‌وه‌ی نه‌ماوه، هه‌ركه ده‌ستت گه‌یشت و نه‌گه‌یشته ده‌رگاكه، ده‌رگاكه جیڕه‌یه‌كی لێوه‌هات و به‌پشتا بۆت واڵابوو.. هێشتا قاچی راستت نه‌گه‌یشتبووه ئه‌ودیوی ده‌رگاكه، ئه‌و قسه‌یه‌ی باوكت هاته‌وه یاد، كه ده‌یگوت:
(كوڕم وریای باڵه‌كانی ده‌رگاكه بن وشك نه‌بێت، هه‌میشه به‌ڕۆن چه‌وری بكه‌ن، دواجار لهكردنهوهیدا جیڕه‌ی ناخۆش ده‌بێت…).
له‌مكاته‌دا له‌دڵه‌وه هه‌ندێ سه‌رزه‌نشتی خۆتت كرد، كه فه‌رمایشته‌كانی باوكت له‌یاد كردووه… به‌ڵام ئه‌مانه‌ت وه‌لاوه‌ناو هه‌ر هێنده‌ی بڵێی یه‌ك و دوو، گه‌یشتیته ناو حه‌وشه‌كه، هه‌ر به‌پێوه بوویت (بۆره) پێشوازییه‌كی باشی لێ‌كردیت، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو به‌سینگ و بهرۆكتدا خۆی هه‌ڵواسێت، تۆش دانهویتهوهبۆی و ده‌ستێكی سۆز‌و میهره‌بانیت به‌سه‌رو پشتیدا هێنا، هه‌ندێك نان كه لهگیرفانهكانتدا مابوون، بۆت خسته به‌رده‌می ….
له‌سێبه‌ری هه‌یوانه‌كه‌دا چاوت بهلانكێك كه‌وت، به‌هه‌نگاوێك خۆت گه‌یانده لای، جگه لهدهسترازهیهكی گوڵ گوڵی و مه‌مه‌یه‌كی منداڵانه، هیچی دی تیانه‌بوو، گه‌ڕایته‌وه بۆلای (بۆره)، له‌م كاته‌دا چاوی (بۆره) له‌گۆمێكی مه‌نگ و قوڵ ئه‌چوو…
(بۆره) ئه‌گه‌رچی هه‌تا ئه‌وكاته گه‌ماڵ بوو، به‌ڵام لێره به‌دوا خۆی پێڕانه‌گیراو وه‌كو مرۆ دایه پڕمه‌ی گریان، له‌مكاته‌دا ده‌نگێك كه‌بۆ تۆ‌و بۆره زیاتر لهكهڕهنای رۆژی دوایی ده‌چوو، نه‌تزانی له‌كوێوه په‌یدابوو، پێی گوتیت:
ئێواره بوو، زیلیان ریزكرد
به‌یه‌كه‌وه باجی (زارا) و مه‌ڕو بزنی ئاواییان تێكرد
ره‌زیان شێلا، كانییهكانیان ژه‌هر خواردكرد
كه كه‌وتنه‌ڕێ و گوندیان چۆڵكرد
له‌دووره‌وه..*
ئیدی له‌وه حاڵی بوویت، كهدایكت و (زارا) و منداڵه تازه زاكهتان، كه نه‌تزانی كچ بووه یان كوڕ، وه‌ك هه‌زاران مرۆڤی تر به‌ر په‌لاماری ئه‌نفال كه‌وتوون..!
چاوی (بۆره) له‌گۆمێكی قووڵ ده‌چوو، زۆری نه‌مابوو به‌لادا بكه‌وێت و بمرێت، له‌م كاته‌دا تۆ هاتیته ده‌ست و خۆت فڕێدایه ناو گۆمی چاوی (بۆره) وه.. ئیدی نه‌تزانی (تۆ) یان (بۆره) له‌پێشدا گیانتان ده‌رچوو.
————————————————————————–
* كۆپله شیعرێكی (شێركۆ بێكه‌س)ه.