واتا له شیعردا …. به‌شی سێیه‌م
– واتا له شیعری نوێ‌دا
ئه‌و پۆلێنكردنه‌ی كه بۆ درووستكردنی ستایله‌كانی واتا له شیعری نالی‌دا كردمان، ئه‌وا ده‌كرێ له شیعری نوێشدا پراكتیكی بكه‌ین، لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و بۆچوونه‌مان به به‌ڵگه و نمونه بسه‌لمێنین، به‌ڵام به‌ر له‌وه ده‌بێ ئه‌وه رۆشن بكه‌ینه‌وه كه مه‌رج نییه ئه‌و نمونانه‌ی كه ده‌یهێنینه‌وه شێوازی سه‌رتاپا و كۆی گشتی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و شاعیرانه بێ، به واتایه‌كیدی زۆر له شاعیران له كۆی گشتی به‌رهه‌مه‌كانیان خاوه‌نی یه‌ك ستایلی شیعری نین، به‌ڵكو له قۆناغێك بۆ قۆناغێكیدی شێوازیان گۆڕاوه، چونكه وه‌ك پێشتر نمونه‌مان له شیعری نالی هێنایه‌وه، دیتمان كه له خودی دیوانی نالی‌دا ته‌نیا دوو خاڵ نه‌بێ كه‌چی هه‌موو جۆره شێوازه‌كانی درووستكردنی واتا بوونیان هه‌بوو.. من لێره‌دا به‌و پۆلێنكردنه نمونه له شیعری نوێ‌دا ده‌هێنمه‌وه:
1- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاڵۆزی ئێسته‌تیكی.
2- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاڵۆزی نائێسته‌تیكی.
3- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاسانی ئێسته‌تیكی.
4- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاسانی نائێسته‌تیكی.
5- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاسانی ئێسته‌تیكی.
6- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاسانی نائێسته‌تیكی.
7- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاڵۆزی ئێسته‌تیكی.
8- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاڵۆزی نائێسته‌تیكی.
هه‌مدیس دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه زیادكردنی (ئێسته‌تیكی) و (نائێسته‌تیكی) راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌و چێژه نیتچشه‌یانه‌وه هه‌یه كه ده‌ڵێ: ئه‌وه بۆ من ئه‌وه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵمداوه خۆم له هه‌موو هۆ و فاكتۆرێكی ده‌ره‌كی بپارێزم و به‌و وه‌سیلانه‌ی كه لێره و له‌وێ له خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی من بۆ شیعر كۆمكردوونه‌ته‌وه بۆچوونێك له‌و رووانه بده‌م.. بێگومان بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئێسته‌تیك بوون و نائێسته‌تیكی تێكسته‌كان پێوه‌ر هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و پێوه‌رانه پێوه‌ری جێگیر و نه‌گۆڕ نین، چونكه خودی شیعر بۆ هه‌میشه‌یی به‌وه تاوانباره كه له ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێساكانه، پێوه‌ری من بۆ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه هه‌ندێجار نمونه‌ی شیعری ئه‌وروپایی نوێن، ره‌نگه به‌راوردكردنیش خۆی هه‌ڵگری كێشه‌یه‌ك یا چه‌ند كێشه‌یه‌ك بێ له لایه‌ك و دواتر زانستێكی سه‌ربه‌خۆشه له لایه‌كتره‌وه..
به كورتی ئه‌گه‌ر له زانستیبوونی باسه‌كه‌شم كه‌م بكاته‌وه، ئه‌وا من به‌و پێوارانه‌ی كه ده‌رئه‌نجامی خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی خۆم بۆ شیعری نوێ هه‌مه ئه‌و باسه پێشكه‌ش ده‌كه‌م:
1- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاڵۆزی ئێسته‌تیكی
له كلاسیكی كوردیدا ئه‌و شێوازه بۆ درووستكردنی واتا له شیعردا زۆر به‌رچاو ده‌كه‌وێ، له‌به‌شی پێشوو نمونه‌یه‌كمان له شیعری نالی هێنایه‌وه، وه‌ك گوتمان دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ستایله له شیعری كلاسیكی كوردیدا ماندوومان ناكا، چونكه به‌شێكی زۆر له شاعیرانی كلاسیك به‌و ستایله یا نزیك له‌و شێوازه نووسیویانه، له شیعری نوێ‌دا (هاشم سه‌ڕاج)ی شاعیر كۆمه‌ڵێك هه‌وڵی له‌و رووه‌دا هه‌یه:
كه‌واته له ناشوێن بژی له ناشوێن سه‌ما بكه
له ناشوێن ماهووتی مۆسیقای گیانت بپڕوكێنه
نارنجیترین وه‌همێكی پرته‌قاڵییه
زینده‌گی ئه‌ی یار (1).
هه‌موو وشه‌كانی (ناشوێن، ماهووت، پڕوكان، وه‌همی نارنجی، وه‌همی پرته‌قاڵیی، زینده‌گی) وشه‌ی ئاڵۆزن، كه ئێمه لێره‌دا ئه‌و وشانه به ئاڵۆز داده‌نێین، پێوه‌رمان بۆ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه وه‌رگری گشتییه نه‌ك وه‌رگری خاوه‌ن مه‌عریفه‌ی شیعری، چونكه ئه‌گه‌ر له‌و ئاسته قسه بكه‌ین ئه‌وا هیچ شتێكی گران له ئارادا نامێنێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و شیعره هه‌ڵگری واتایه‌كی جیوه‌ییه و بۆ كه‌سانێكی پڕۆفیشناڵیش واتاكه‌ی به سانایی ده‌ستگیر نابێ، یاخود وردتر بڵێین شیعره‌كه خۆی هه‌ڵگری یه‌ك واتا نییه، به‌و مانایه‌ی كه ئه‌و تێكسته خوێندنه‌وه‌ی جیا جیای بۆ ده‌كرێ له كۆمه‌ڵێك ئاسته‌وه، بۆیه تێگه‌یشتن له ئاسته‌كانی واتا له‌و تێكسته‌دا به گوێره‌ی مه‌عریفه‌ی خوێنه‌ر ده‌بێ، ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه ئه‌و شیعره بكه‌ینه په‌خشان، ئه‌وا هێشتا واتایه‌كی ئاسانمان ده‌ستگیر نابێ، (له‌وێ بژی كه شوێن نییه، له‌وێ سه‌ما بكه كه شوێن نییه، “له‌وێ كه شوێن نییه – ماهووتی = قوماشی به نرخ – ی مۆسیقای گیانت بسووتێنه” ، ئه‌ی یار: ژیان وه‌همێكی نارنجی و پرته‌قاڵییه)..
بۆ واتای (ناشوێن) ده‌بێ هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین، ئه‌گه‌ر له رووی زانستی ریشه‌ناسییه‌وه بۆ ئه‌و وشه‌یه بگه‌ڕێینه‌وه ئه‌وا ته‌مه‌نی به‌كارهێنانی ئه‌و وشه‌یه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه (به گوێره‌ی زانیاری من) نزیكه‌ی (800) ساڵێك ده‌بێ، ئه‌وه‌یه (مه‌ولانا جه‌لاله‌دین رومی1207ز-1273ز) له شیعرێكدا به‌و شێوه‌یه به كاری ده‌هێنێ:
(من له ئه‌سڵدا نه هی ئه‌و دنیایه‌م، نه هی ئاخیره‌ت و
نه هی فیرده‌وس و نه دۆزه‌خیش
نه له ئاده‌مم و نه له حه‌واش
نه له عه‌ده‌ن و نه له ره‌زوان
شوێنی من (ناشوێن)ه و كاریگه‌رییه‌كانم هیچ كاریگه‌رییه‌ك جێناهێڵن
من له هیچ جه‌سته‌یه‌ك نیم و له هیچ رۆحێكیش،
چونكه رۆحم، لكێنراوی رۆحی خۆشه‌ویسته)(2).
“ناشوێن یه‌كسانه به ـ اللامكان ـ ی عه‌ره‌بی و Nirgendwo ی ئه‌ڵمانی”، ئایا ناشوێن به مانای شوێنێك دێ له ده‌ره‌وه‌ی شوێن؟ ئایا به مانای بۆشایی دێ؟ یا به مانای وه‌هم؟ ئه‌گه‌ر ناشوێن به مانای بۆشایی بێ، ئه‌وا واته له بۆشاییدا بژی، له بۆشاییدا سه‌ما بكه، واتای ژیان و سه‌ماكردن له بۆشاییدا ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ یه‌كێ له پرێنسیپه‌كانی ته‌سه‌وف كه ئه‌ویش خۆئاوێزان نه‌كردنه به شته‌كانی نێو ژیان، به‌ڵام به‌رانبه‌ركردن یا یه‌كسانكردنی ناشوێن له‌گه‌ڵ بۆشایی رووبه‌ڕووی پرسیارگه‌لێكیترمان ده‌كاته‌وه، له لایه‌كیتره‌وه ئه‌گه‌ر بۆشایی به واتای فه‌زا بێ، یا به مانای هه‌وا، ئه‌وا هه‌واش شوێنه بۆ هه‌ندێ مه‌خلوقات كه به چاو نابینرێن، كه‌وابێ ناشوێن بۆشایی نییه، ئه‌ی شوێنێك له ده‌ره‌وه‌ی شوێن چییه؟ خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ره‌وه‌ی شوێنمان به ناشوین دانا، ئه‌وا ئه‌وێش هه‌ر شوێنه، حاڵه‌تی سێیه‌م كه ده‌ره‌وه‌ی شوێن وه‌هم بێت، له هه‌موو واتاكان نزیكتره، ناشوێن به مانای وه‌هم دێت، وه‌هم چییه؟ وه‌هم به‌رانبه‌ر به حه‌قیقه‌ت ده‌وه‌ستێ، واتا حه‌قیقه‌ت نییه..كه‌وابێ وه‌ك له دێری كۆتایی ئاشكرای ده‌كات ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ، جگه له وه‌هم ئه‌و ژیانه هیچ شتێكی‌تر نییه، كه‌وابێ با سه‌ما بكه‌ین و ماهووتی مۆسیقای گیانمان له‌ناو عیشق و خۆشه‌ویستیی بسووتێنین، چونكه ژیان وه‌همه به‌ڵام وه‌همێكی ئێسته‌تیكی.. ئه‌وه‌یان تێگه‌یشتنێكه بۆ ئه‌و شیعره، ئێمه له هه‌وڵێكی پراكتیكی ئه‌و تێكسته‌مان دایه سێ كه‌سیتر بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی خۆیان بۆ تێگه‌یشتن له‌و شیعره و واتای ئه‌و تێكسته‌مان پێبڵێن به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن كه ئه‌و تێكسته هی چ شاعیرێكه:
یه‌كه‌میان كه‌سێكی نه‌خوێنده‌واربوو، نه‌خوێنده‌وار به‌و مانایه‌ی كه ته‌نیا تا پۆلی دووی ناوه‌ندی خوێندبوو ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كیتریشه‌وه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به كتێب و شیعر خوێندنه‌وه نییه، له وڵامدا گوتی: هیچ هیچی لێتێناگه‌م، نازانم مه‌وزوعیش چییه.
دووه‌میان: قوتابیێكی زانكۆ و نووسه‌ر، به‌و شێوه‌یه سه‌باره‌ت به واتای ئه‌و تێكسته نووسی: (حه‌زف كردنی شوێن به پێشگری ـ نا ـ و درووستكردنی حاڵه‌تێكی ناوجود(ونبوون) به رسته‌یه‌كی رێزمانی مه‌نتقی واتابه‌خش، به‌ڵام دوور له حه‌قیقه‌ت.
دێری دووه‌م: رسته‌یه‌كی به زۆر درووستكراوه و بێ واتایه.
دێری سێیه‌م: كه ته‌واوكه‌ری رسته‌ی یه‌كه‌مه، ژیان لای شاعیر وه‌همێكی زیندووه، كه‌واته ژیان پڕوپوچه.
سه‌رئه‌نجام: شاعیر ره‌فزی ژیانی كردۆته‌وه، به‌ڵام به كه‌رسته‌یه‌كی نانوێی شیعری و قفڵدانی واتا)(3).
سێیه‌میان، (كه‌ریم ده‌شتی) شاعیر و نووسه‌ر به‌و شێویه خوێندنه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامداوه:(ناشوێنی وه‌ك هاوتایێكی غه‌یبانی ئه‌گه‌ر خه‌ونی ره‌های سه‌رجه‌م مرۆڤه سه‌ركێشه‌كان و مرۆڤه سالوكه‌كان بێت ئه‌وه بۆ شاعیر ترۆپكی یوتۆپیایه..چونكه ئه‌وان هه‌ڵگری له مێژینه‌ی هه‌مان ئه‌و خه‌ونه‌ن، خه‌ونی ده‌ستگیركردنی مه‌حاڵه‌كان و چوونه ناو نهێنییه‌كانی غه‌یبانییه‌ت.. ناشوێنی به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌وپه‌ڕی ته‌نیاییه، ته‌نهاییه‌ك له خودامان نزیك ده‌كاته‌وه، كه خه‌سڵه‌ت و هه‌مزای ناشوێنییه كه له‌وێدایه ئه‌و ره‌نگه نارنجییه ده‌بێته مه‌وشور، ده‌بێته شه‌به‌نگ به‌سه‌ر رۆحدا هه‌ڵده‌پڕوكێ..كه ئه‌مه‌ش وه‌همێكی شاعیرانه‌یه كه هه‌مان ئه‌و وه‌همه‌یه شیعر درووست ده‌كات)(4).
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ یه‌كه‌میان هیچ بۆچوون و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نییه، دووه‌میان جۆره تێگه‌یشتنێكی جیاتری له هی سێیه‌م هه‌یه و سێیه‌میشیان ده‌قێكیتری له‌و تێكسته خولقاندوه و هه‌رسێ خوێندنه‌وه‌كه‌ش جیاترن له خوێندنه‌وه‌كه‌ی ئێمه، مه‌به‌ست لێره‌دا ئه‌وه‌یه هه‌ر سێ خوێندنه‌وه‌كه جگه له بۆچوونی ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به شیعره‌وه نییه واتای جیاتریان هه‌ڵكڕاندووه، كه‌وابێ ئه‌و جۆره ستایله له درووستكردنی واتای شیعری بریتییه له درووستكردنی واتای جیا جیای ناجێگیر به فه‌رهه‌نگێكی ئاڵۆز..
2- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاڵۆزی نائێسته‌تیكی..
ئه‌و ستایله له شیعری هاوچه‌رخی كوردی یه‌كجار زۆره، هه‌ر ئه‌وه‌شه یه‌كێ له‌و فاكته‌رانه‌ی كه بۆته هۆی كه‌میی خوێنه‌ری شیعر له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆماندا، من له‌و كاره‌مدا هیچ گه‌ڕانێكم بۆ ئه‌و جۆره تێكستانه نه‌كردووه، چونكه یه‌كه‌م: به‌شێكی زۆری نووسه‌ره‌كانمان ئه‌و جۆره ستایله‌یان هه‌ڵبژاردووه بۆ نووسینی شیعر، كه ئه‌وه‌ش پێویستیی به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و ورد هه‌یه له‌و بواره‌دا، ده‌بێ له هۆیه‌كانی باوبوونی ئه‌و جۆره ستایله بكۆڵدرێته‌وه له هه‌موو لایه‌نه‌كانی مه‌عریفی و سایكۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ..تاد ئینجا ده‌گه‌ینه ئه‌نجامێكی زانستی..
دووه‌م: وه‌ك هه‌وه‌سێكی كه‌سیی حه‌ز ناكه‌م ئه‌گه‌ر بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی وه‌ك لێكۆڵینه‌وه و دیراسه‌كردنیش بێ، كاتی خۆم به‌و جۆره شیعرانه به فیڕۆ بده‌م، چونكه:
A- زه‌وقی شیعری و چێژی خوێندنه‌وه‌ی شیعریم تێكده‌چێ..
B – له نووسین و بیركردنه‌وه و گه‌ڕان به‌دوای ئاشكراكردن و خوێندنه‌وه‌ی شیعری ته‌مبه‌ڵم ده‌كات.
ئه‌و جۆره ستایله كه‌شفترین شێوازی تێكست نووسینه، له‌وێوه هه‌ر وه‌رگرێك ده‌زانێ كه نێره‌ر بێ توانایه له خولقاندن، نێره‌ر كار له‌سه‌ر شاردنه‌وه‌ی توانایی و باڵاده‌ستی و هێزی ئێسته‌تیكییه‌تی داهێنانی خۆی ده‌كات، بێگومان به‌و پێوه‌ره‌ی كه وه‌رگر گه‌مژه‌یه.. ئه‌و جۆره ستایله په‌ڕپووتی و نه‌بوونی داهێنان لای تێكستنووس ده‌ستنیشان و ئاشكرا ده‌كات:
چی هێمایه‌ك خوێن جمانی تێزابه بۆ یاقوتی رۆح(…)؟
زمانی به‌رد له (نه‌بون) ده‌خوێنێته‌وه
سونبوڵی مه‌رگ زێڕی عه‌زایی ئه‌وه(…)
تێزابی عه‌شقی یاقوتی (بون)ی توانده‌وه ..
زمانی خه‌ففه‌ی رۆح له مه‌رگا نوسرا(…)(5)
(هێما، جمان، یاقووت، سونبول، عه‌زایی، خه‌ففه‌ی رۆح…تاد) ئه‌گه‌ر به رووكه‌شیش وشه‌ی ئاڵۆز نه‌بن، ئه‌وا له بنه‌وه‌ی ئه‌و وشانه ده‌یان لێكدانه‌وه‌یان گه‌ره‌كه، هه‌ر یه‌ك له‌و وشانه قووڵایی مێژوویی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، به‌كارهێنانی ئه‌و وشانه له پێناو درووستكردنی واتا زانایی پێویسته، نه‌زانینی به‌كارهێنانیشیان تووشی كێشه‌ی ئاڵۆزیی نائێسته‌تیكیمان ده‌كاته‌وه له واتای شیعری..
ئه‌گه‌ر شیعر، وه‌رگر له حاڵه‌تێكه‌وه بۆ حاڵه‌تێكیتر نه‌گوازێته‌وه و تووشی رامان و چێژ و له‌ززه‌تی نه‌كا ئه‌وا مه‌به‌ست له نووسینی چییه؟ ئه‌و ئاڵۆزكردنه ته‌نیا شتێك به‌رهه‌مده‌هێنێ ئه‌ویش نائێسته‌تیكی و ناشیعرییه‌تی شیعره، ئه‌وا ئه‌گه‌ر به شیعر حیساب بكرێ.. نمونه‌یه‌كیتری ئه‌و جۆره تێكسته:
ئێواره‌یه‌كی نیلۆفه‌ڕیی و
ده‌ریاچه‌یه‌كی وه‌نه‌وزگرتوو
وه‌ك ئه‌و كۆتره‌ی
كه كێوێك بێده‌نگ عاشقتبوو،
وه‌ره به‌فری ئه‌و ئاسمانه فه‌رامۆشنشینه
له‌سه‌ر لاچه‌نگه‌كانمدا بسڕه‌وه:
ئه‌ی دڵه مۆره‌كه‌ی یاده‌وه‌ریی(6)
(نیلۆفه‌ریی، وه‌نه‌وزگرتوو، فه‌رامۆشنشین، لاجه‌نگه‌كانمان…) به‌و قاموسه‌ی كه ئه‌و تێكسته‌ی لێخولقاوه، نه‌توانراوه ته‌نانه‌ت یه‌ك وێنه‌شمان بداتێ كه دواتر له زاكیره‌دا شوێنه‌وارێكی كه‌میشی لێ بمێنێته‌وه.. ئه‌و وشانه‌ی لێره‌دا به‌كارهاتوون نزیكه‌ی بیست وشه‌یه‌ك ده‌بن، بیست وشه ئه‌گه‌ر یه‌كجار زۆر نه‌بێ بۆ درووستكردنی تابلۆیێكی شیعری ئه‌وا هه‌رگیز كه‌م نییه، بیست وشه بۆ درووستكردنی موزیك و بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ك كه له‌وێوه بچیته نێو دنیایه‌ك رامان و بیركردنه‌وه زیادیشه.. من لێره‌دا نامه‌وێ ئه‌و تێكسته به تێكستێكتیر به‌راورد بكه‌م كه به‌و جۆره ستایله نه‌نووسراوه، به‌ڵام له‌سه‌ر چه‌ندیه‌تیی وشه و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی وشه بۆ درووستكردنی مانا و تابلۆ و مۆسیقا و هه‌موو خاسییه‌ته‌كانیتر كه تێكستێك ده‌كه‌ن به شیعر له‌نێوانی ئه‌و تێكسته‌ی پێشووتر و ئه‌و شیعره‌ی ئێستا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ده‌كه‌م، بۆ ئه‌و به‌راوردكارییه نمونه‌یه‌ك ده‌هێنمه‌وه و له‌وێوه با وه‌رگر خۆی له‌و جیاوازییه تێبگات كه له نێوانی باڵاده‌ستی له ریزكردنی وشه و هه‌روا به ره‌مه‌كی ریزكردنی وشه‌دا هه‌یه..
( با ئێستا هه‌موومان له ژێر خاكدا بنووین .. له ژێر خاكدا
ئه‌و خاكه‌ی وا هه‌رگیز ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان به یه‌كدی نه‌دا
تاوێ له‌سه‌ری بحه‌سێینه‌وه.) (7)
وشه‌كانی له‌و شیعره به‌كارهاتوون كه‌متره له تێكسته‌كه‌ی پێشتر، هه‌روه‌ها له‌و شیعره‌دا:
1- وێنه‌یه‌كی شه‌فافمان هه‌یه.
2- بیرۆكه‌یه‌ك هه‌یه، حه‌زده‌كا له‌ژێر خاكدا له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تی به ئارامی بخه‌وێ چونكه نه‌یتوانیوه ته‌نانه‌ت بۆ تاوێكیش له‌سه‌ریدا بحه‌سێنه‌وه.
3- واتایه‌ك بوونی هه‌یه كه ده‌كرێ چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ی، بۆ مرۆڤایه‌تی ناتوانێ له‌سه‌ر خاكدا به ئارامی بژی؟ بۆ ته‌مه‌ننای مه‌رگ كراوه؟ كێن ئه‌وانه‌ی كه ده‌رفه‌ت به یه‌كدی ناده‌ن و بۆچی ده‌رفه‌تی فه‌راهم كردنی به‌خته‌وه‌ری به‌یه‌كتری نادرێ و..تاد؟
4- به زمانێكی ئاسان گوزارشتكراوه و تێمه‌یه‌كی قوڵی ورووژاندوه.
5- هه‌ڵگری مۆسیقایه‌كه له به‌یه‌ك كه‌وتنی وشه‌كان، ئه‌گه‌رچی شیعرێكی ته‌رجه‌مه‌كراویشه.
به پێچه‌وانه‌وه با بزانین تێكسته‌كه‌ی تر چی ده‌ڵێ:
ئێواره‌یه‌كی نیلۆفه‌ڕیی و
ده‌ریاچه‌یه‌كی وه‌نه‌وزگرتوو
وه‌ك ئه‌و كۆتره‌ی
كه كێوێك بێده‌نگ عاشقتبوو،
تا ئێره كۆپله‌یه‌كه و له دوای ئه‌و دێره‌ی كۆتایدا، هه‌م كۆتایی به خۆشكردنی ئه‌و زه‌مینه‌سازییه دێت كه بۆ گوتنێك خۆشیكردووه، هه‌میش گوتنێك ئاراسته ده‌كات:
وه‌ره به‌فری ئه‌و ئاسمانه فه‌رامۆشنشینه
له‌سه‌ر لاچه‌نگه‌كانمدا بسڕه‌وه:
ئه‌ی دڵه مۆره‌كه‌ی یاده‌وه‌ریی.
له چه‌ند دێری یه‌كه‌مدا هه‌وڵیداوه چی بڵێ؟ ده‌یه‌وێ چیمان نیشان بدا؟ وه‌ك دیاره هه‌وڵیداوه وێنه‌یه‌كمان نیشان بدا، وێنه‌كه چییه؟ (ئێواره‌یه‌كی نیلۆفه‌ڕیی و ده‌ریاچه‌یه‌كی وه‌نه‌وزگرتوو)، دوای ئه‌وه هاتووه ئه‌داتی ته‌شبیهی به‌كارهێناوه كه ئه‌ویش (وه‌ك)ه، بۆ ئه‌وه‌ی (ئێواره‌یه‌كی نیلۆفه‌ڕیی و ده‌ریاچه‌یه‌كی وه‌نه‌وزگرتوو) به‌شتێكیتر بشوبهێنێ.. (وه‌ك ئه‌و كۆتره‌ی كه كێوێك بێده‌نگ عاشقتبوو).. ئه‌وه مه‌عنای چییه؟ وێنه‌كه چییه؟ ئایا هیچ واتایه‌كی ئێسته‌تیكی و په‌یوه‌ندیێكی ئێسته‌تیكی له ریزكردنی وشه‌كان به‌دی ده‌كرێ؟ ده‌یه‌وێ باسی كۆترێك (كۆتر لێره‌دا –دال-ه) بكا كه وه‌ك ئه‌و ئێواره‌یه نیلۆفه‌ڕی و ده‌ریاچه وه‌نه‌وزگرتووه وابووه..به‌ڵام چۆن باسكردنێك؟
دوای ئه‌وه‌ی له كۆپله‌ی یه‌كه‌م سه‌رنه‌كه‌وتووه له درووستكردنی تابلۆیه‌ك كه به هۆیه‌وه وا بكات زه‌مینه‌یه‌ك بۆ وه‌رگر خۆشبكات تا له كۆپله‌ی دووه‌م واتای مه‌به‌ست بگه‌یه‌نێت، له كۆپله‌ی دووه‌م جه‌وهه‌ری گوتن ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌ویش داواكردنه له یاده‌وه‌ری كه به‌فری ئه‌و ئاسمانه فه‌رامۆشنشینه له‌سه‌ر لاچه‌نگه‌كانیان لابدات..
ئه‌تمۆسفێری گشتی ئه‌وه‌یه كه داوا له یاده‌وه‌ری بكات به‌فری فه‌رامۆشی بسڕێته‌وه، كه به بۆچوونی من ئه‌و تێكسته به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به شیعره‌وه نییه، چونكه شیعر بریتیی نییه له سه‌ر له‌خۆشێواندن و سه‌رله‌خوێنه‌ر شێواندن، لێره‌دا كه ده‌ڵێم سه‌ر له خوێنه‌ر شێواندن مه‌به‌ستم خوێنه‌رێكه كه خاوه‌نی مه‌عریفه‌ی شیعری نییه، چونكه خوێنه‌ری دانا زوو له‌و گه‌مه‌یه ئاشكرایه تێده‌گات.. ئه‌گه‌ر شاعیرێك نه‌توانێ له بیست وشه‌دا وێنه‌یه‌ك درووستبكا، ئه‌وه مانای ئه‌وپه‌ڕی بێده‌ستهه‌ڵاتی تێكست نووسه‌كه ده‌گه‌یه‌نێ.
كه‌وابێ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و تێكستانه‌ی كه به‌و ستایله(وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاڵۆزی نائێسته‌تیكی) ده‌نووسرێن بێ توانایی نووسه‌ر و شاعیره‌كان راده‌گه‌یه‌نێ.
3- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاڵۆزی نائێسته‌تكی:
له رێگای فه‌رهه‌نگێكی ئاسان، واته كۆمه‌ڵه وشه‌یه‌كی ئاسان به‌ڵام به هۆیه‌وه واتایه‌كی ئاڵۆزی نائێسته‌تیكی لێده‌كه‌وێته‌وه، واتای نائێسته‌تیكی به‌و مه‌عنایه دێ كه تێكسته‌كه ته‌نیا له پێناوی فڕوفێڵكردن له خۆیی و له خوێنه‌ره‌وه ئاڵۆز كراوه، جگه له‌مه هه‌ڵگری هیچ واتایه‌ك نییه، چونكه ناشێ خوێنه‌ر نه‌توانێ به لایه‌نی كه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ تێكستێك نه‌بێ، یا ئه‌و جۆره تێكستگه‌له ئه‌گه‌ر وێنه‌یه‌كیش له زه‌ینی خوێنه‌ر درووست بكا ئه‌وا هیچ باڵاده‌ستیێكی پێوه دیار نه‌بێ له هونه‌ری وێنه‌كێشانی وێنه‌ی شیعرییه‌وه، ئه‌وا ده‌كه‌وێته ئه‌و خانه‌یه‌ی كه ئاڵۆزییه‌كی نائێسته‌تیكی لێبكه‌وێته‌وه.. ئه‌و جۆره ستایله له درووستكردنی واتا له شیعری كوردی هاوچه‌رخدا زۆر به‌رچاو ده‌كه‌وێ، له به‌شی پێشوو نمونه‌یه‌كمان لێیهێنایه‌وه، ئه‌وه‌یان نمونه‌یه‌كیتره:
من له ته‌نیایی جماوت ده‌ڕوانم
ئه‌ستێره‌کان له‌ناو ته‌ونی جالجالۆکه‌ییدا
جریوه‌کان ده‌هۆننه‌وه.
تۆش به‌ره‌و ئێواره‌یه‌ک
له‌ناو چرپه‌کانی یاده‌وه‌رییدا،
په‌رێشانییه‌کانت له‌سه‌ر رووی ته‌متومان
ده‌نووسیته‌وه.
له خوناوی دڵ زیاتر؛
به ده‌ر له ئه‌شکی وشه،
هیچی تری نییر ببیبه‌خشێ:
زمانی ئه‌و منه سه‌هه‌نده‌یه.
ئه‌و تێكسته‌م له سایتی “ده‌نگه‌كان” كۆپی پێست كردووه، وه‌ك ده‌یخوێنینه‌وه هیچ وشه‌یه‌كی ئاڵۆزی تیا نییه، جگه له “جماو+سه‌هه‌ند”بۆ خوێنه‌ری گشتیی، كه‌چی نه وێنه‌یه‌كی دیار و نه وێنه‌یه‌كی ئه‌بستراكت له رێگای ئیقاعه‌وه، هه‌روه‌ها هیچ واتایه‌كی ئێسته‌تیكیشی لێ به‌دی ناكرێ كه بتوانێ شوێنێك له یادگه‌ی وه‌رگردا هه‌ڵبكۆڵێ، به‌و شێوه‌یه هیچ كاریگه‌ریێكی ئێَسته‌تیكی و سۆزاوی و ته‌ئه‌مولی و ..تاد له نێره‌ره‌وه نییه له‌سه‌ر بۆنێردراو، لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه بڵێین: ئه‌و تێكسته هه‌ڵگری هیچ جۆره واتایه‌كی ئێسته‌تیكی نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه به وشه‌ی شه‌فاف و ئاسان نووسراوه.
4-وشه‌ی ئاسان و واتای ئاڵۆزی ئێسته‌تیكی.
زه‌مه‌ن
له خۆشیان سه‌رده‌كه‌وێ
له خه‌مانیش ده‌نیشێته‌وه.
له خاكی وشه‌كان، وێنه
كارێزه.
خۆر
ناڵێ به‌ڵێ
ناڵێ نا
خۆی ده‌ڵێ.
داهاتوو مێگه‌لێك رۆژی هه‌یه
له كێڵگه‌ی ئێستادا ده‌یان له‌وه‌ڕێنێ
ئه‌ویش، هه‌ندێ جار به‌م جۆره ده‌ڕوات
بۆ دواوه بۆ دارستانی زه‌مه‌ن.
نابێ و ناشێ بیری راست و رووت بێت
چونكه، ئه‌و كاته روخساری خۆی بزر ده‌كات. (8)
هه‌ندێ له شیعره‌كانی “ئه‌دۆنیس”نمونه‌یه‌كی باشی ئه‌و جۆره ستایله‌ن، ئه‌گه‌ر به وردی له‌و شیعره بڕوانین ئه‌وا له رووی فه‌رهه‌نگییه‌وه (له ته‌رجه‌مه كوردییه‌كه‌ی) هیچ وشه‌یه‌كی ئاڵۆزمان ناكه‌وێته به‌رچاو، كه‌چی كاتێ هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر مانا ده‌كه‌ین ئه‌وا بێگومان واتاكانی كراوه‌ن و ئاڵۆزیشن، به‌ڵام ئاڵۆزیێكی ئێسته‌تیكی چونكه به حه‌قیقه‌ت هه‌ڵگری واتایه‌ك یا چه‌ندین واتایه، به پێچه‌وانه‌ی ئاڵۆزیێك كه هیچ واتایه‌كی له دواوه نییه..
هه‌ر كۆپله‌یه‌ك له‌و شیعره وه‌ربگرین، تابلۆیه‌كه، واتایه‌ك ده‌دات، هه‌مووشی به یه‌كه‌وه ئه‌تمۆسفێرێكی واتایی یه‌كانگیرت پێده‌دات، بۆیه ده‌توانم بڵێم: ئه‌و جۆره ستایله یه‌كێكه له ستایله پوخت و جوانه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر به شێوه‌یه‌كی گشتی بكه‌ین به پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و جۆره ستایله ئه‌وا قسه‌ی زیاترم ده‌بێ و ده‌بێ باسێكیتری له‌و باره‌یه‌وه بنووسین.
5- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاسانی ئێسته‌تیكی.
له كلاسیك و له ئێستاشدا ئه‌و ستایله هه‌بووه و هه‌یه و ده‌شمێنێ و به‌ره‌و زاڵبوونیش ده‌ڕوا به‌سه‌ر ستایله‌كانیتردا، چونكه ژیان به‌ره‌و ئاسانی و ساده‌یی ده‌ڕوا بۆیه مه‌حاڵه شیعر بتوانێ خۆی له ژیان بدزێته‌وه و به رووگه‌یه‌كیتردا رێگا بگرێته به‌ر..
یه‌كێ له‌و نمونه جوانانه‌ی كه به‌و ستایله نووسراوه له كلاسیك‌دا ئه‌و دوو به‌یته‌یه له داستانه‌كه‌ی شیخی سه‌نعاندا، كاتێ یه‌كێ له موریده‌كانی داوای لێده‌كات كه وه‌سوه‌سه و قه‌له‌قی نه‌مێنێ:
همنشینی گفتش: ای شیخ كبار
خیز و این وسواس را غسلی برار
شیخ گفتش: امشب از خون جگر
كرده‌ام صد بار غسل، ای بی خبر
(واته: یه‌كێ له موریده‌كانی شێخی سه‌نعان گوتی: ئه‌ی شیخی گه‌وره، هه‌سته غوسلێك بكه با ئه‌م وسوه‌سانه له خۆت دووركه‌یه‌وه.. شێخ گوتی: ئه‌مشه‌و سه‌دجار ده‌ستنوێژم به خوێنی جگه‌رم هه‌ڵگرتووه ئه‌ی بێ خه‌به‌ر)(9)
بۆ (فارسیزانێكی ئاسایی وشه‌كانی ئه‌و دوو به‌یته هێنده گران و ئاڵۆز نین- “له به‌دواداچوون و پرسین له فارسی زانه‌كان گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه”)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا واتاكه‌شی هێنده ئاڵۆز و پڕ له ره‌مز و ته‌ماوی نییه، به‌ڵام لووتكه‌ی جوانییه و راتده‌گرێ وا ده‌كا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی پڕ رامان بكه‌ی.
له شیعری نوێشدا ئه‌و جۆره ستایله له درووستكردنی شیعر و به به‌رداكردنی شیعرییه‌ت به تێكستدا لێره و له‌وێ ده‌ستده‌كه‌وێ، یه‌كێ له‌و شاعیرانه‌ی كه له‌و بواره‌دا باڵاده‌سته، شاعیری عێراقی فازل عه‌زاوییه:
لێره له‌سه‌ر رووی ئه‌م زه‌مینه
حافز لێی پرسیم:
له‌وێ له ئاسمان چی هه‌یه؟
گوتم: به‌هه‌شت.
گوتی: ئێمه‌ش ده‌توانین زه‌مین بكه‌ین
به به‌هه‌شت
لێره رووبار و باخی زۆرمان هه‌یه
جوانترین په‌ریمان هه‌یه
له‌وه‌ی خودا درووستی كردوون
ماریش ده‌هێنین
بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر دارا هه‌ڵپاسێ
ئیدی له چیمان كه‌مه؟ (10)
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و فه‌رهه‌نگه بكه‌ین كه به هۆیه‌وه فه‌زایه‌كی واتایی لێهاتۆته بوون، یا ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی كه تابلۆیێكی واتایی خولقاندووه، فه‌رهه‌نگێكی رۆشه‌ن و ئاسانه، كه‌چی له ئه‌نجامدا واتایێكی ئاسان و فێنككه‌ره‌وه‌شمان پێده‌به‌خشێ.. هه‌موو فكره‌كه ئه‌وه‌نده‌یه كه ده‌یه‌وێ بڵێ مادام هه‌موو شتێكمان هه‌یه له‌وانه‌ی كه له به‌هه‌شت هه‌ن، بۆچی به‌هه‌شتێك لێره درووست نه‌كه‌ین..؟
ئه‌و كاره‌ی به زمانێكی ئاسان ئه‌نجامداوه و واتاكه‌شی بریتییه له واتایێكی ئاسان، به‌ڵام به فه‌رهه‌نگێكی ئاسان و به واتایێكی ئاسان قووڵیێك و ده‌رگا ئاوه‌ڵاكردنێكی زه‌ینیمان نیشان ده‌دا كه له كۆتاییدا فه‌زایێكی شیعری جوانی لێكه‌وتۆته‌وه.
له شیعری نوێی كوردیش ئه‌و هه‌وڵه له ئارا دایه، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر له‌و چه‌ند دێره‌ی كه‌ریم ده‌شتی شاعیر وردبینه‌وه، رووبه‌ڕووی هه‌مان حاڵه‌ت ده‌بینه‌وه:
دۆسته‌كانم كۆمه‌ڵه گه‌نجێكی جوان بوون
ئێواره‌یه‌ك له‌شكری پیری هات
سه‌ری هه‌موویانی سپی كرد
ددانی هه‌موویانی وه‌راند
یاده‌وه‌ری هه‌موویانی كوشت
هه‌ریه‌كه‌ی به‌ره‌و گۆڕێ به‌ڕێ كرد (11)
یه‌كێ له خاسیه‌ته‌كانی ئاسان بۆ ئاسانی ئێسته‌تیكی بریتییه له گه‌یاندن، گه‌یاندنی بیرێكی ئاسان به زمانێكی ئاسان به‌ڵام دانایی گه‌ره‌كه له پرۆسه‌ی بیناكردن، به حه‌زه‌ربوون له درووستكردنی ستراكتۆر و كه‌شی گشتی ئێسته‌تیك و رامانی لێده‌كه‌وێته‌وه.. ئه‌گه‌ر جارێكیدی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و چه‌ند دێره رووبه‌ڕووی هیچ كێشه‌یه‌ك نابینه‌وه له تێگه‌یشتن، زه‌مه‌ن یا پیریی كۆمه‌ڵه دۆستێكی په‌رش و بڵاو كردۆته‌وه و له‌نێوی بردوون، به‌ڵام رێكخستن و ریزبه‌ندی له وشه و رسته‌دا موزیكێكی خه‌فه‌تئامێزی درووستكردوه، بیرێكی گه‌یاندوه، ئه‌نجام ئه‌تمۆسفێر و كه‌شێكی جوانی لێ هاتۆته كایه‌وه..
به بۆچوونی تایبه‌تی من، ئه‌و ستایله له نووسینی شیعردا پێویستی به باڵاده‌ستیێكی له راده‌به‌ده‌ری شاعیران هه‌یه و به یه‌كێ له‌و ستایلانه داده‌نرێ كه گرانترین و قوڕسترین كاری به‌هره و مه‌عریفه و رامان و وردبینی گه‌ره‌كه.
6- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاسانی نائێسته‌تیكی
له‌و جۆره ستایله وشه‌كانی تێكستێك هیچ ئاڵۆزیێكی تێدا نییه، ماناكه‌شی به هه‌مان شێوه، به‌ڵام بیرۆكه‌یه‌كی هێنده ئاساییت پێده‌دات كه پێویست به هیچ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ناكا:
كاتی ئه‌وه هاتووه بترسین
له هه‌موو شت
له نه‌ریت له ئاین له كۆمه‌ڵ
من تا ئێستا نه له حه‌رامی مه‌لا گه‌یشتووم
نه له حه‌ڵاڵی ساقی
من تا ئێستا نه له تۆ گه‌یشتووم….تاد (12)
یا ئه‌و تێكسته:
ئه‌ی وڵاتم: بیست و سێ ساڵه بۆنی خاك و مرۆڤ و لیته و عاره‌قه‌كه‌ی تۆ ده‌چێت به‌سه‌رمدا و وه‌ڕز نه‌بووم/ بیست و سێ ساڵه/ چاوه‌نواڕم شه‌وێكی كپ، كچ و كوڕێكی شۆخ و شه‌نگ بێنه خوارێ و بۆ دورگه‌یه‌كی سه‌وز هه‌ڵمگرن/نه‌هاتیت و گله‌یشم لێنه‌كردی/تۆش پێم ده‌ڵێیت ؟؟ خۆفرش و خیانه‌تكارم..
دڵم له به‌رده بۆ خه‌مت.. بێ ئازارم../من هه‌تا تۆزێ سه‌ر له‌شی چه‌قه‌ڵه‌كانیشت ده‌په‌رستم/ هه‌تا تنۆكه بارانی سه‌رده‌ستی منداڵه‌كانیشت ده‌په‌رستم/ به‌ڵام بڵێم چی.. گه‌ر رقم له‌و پیاوه ته‌نگ ئه‌ستور و گومڕایانه بێت، ئه‌و پیاوانه‌ی شه‌وی ده جار خه‌نجه‌ر له دڵی جوانی ده‌ده‌ن……تاد(13)
هه‌موو بیرۆكه‌كه ئه‌وه‌نده‌یه، كه نیشتیمانی خۆی خۆشده‌وێ و نیشتیمانه‌كه‌شی پڕه له خه‌ڵكی خراپ كه رێز له جوانی ناگرن، شاعیر هه‌ر به‌و په‌ڕه‌گرافه‌ش وازی نه‌هێناوه كه من لێره‌دا نووسیومه به‌ڵكو ده‌یان و ده‌یان رسته‌یتریشی ریزكردووه بۆ گه‌یاندنی ئه‌و بیرۆكه‌یه، بێگومان به زمانێكی ئاسان و ماناكه‌شی ئاسانه، به‌ڵام نه‌بوونی باڵاده‌ستی و توانستی شاعیرانه وای كردووه كه درێژدادڕیه‌كی بێ هۆكار په‌یڕه‌و بكا بۆ گه‌یاندنی ئه‌و بیرۆكه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بینین له شیعری نوێ‌دا بۆ ده‌ربڕین و گه‌یاندنی ئه‌و بیرۆكه‌یه چیرۆكێكی درامی كورت و چڕ په‌یڕه‌و ده‌كرێ بۆ گه‌یاندنی فكره‌كه.
له لایه‌كیتره‌وه خودی ئه‌و كه‌رستانه‌ی كه تێكسته‌كه‌ی لێدرووستكراوه كه‌رسته‌ی نوێی شیعر نین، ئه‌وه‌یان ته‌نیا له لاواندنه‌وه و ریزكردنی هه‌ندێ وشه‌ی خه‌ماوی بێ هیچ پلانێكی ئه‌ندازیارانه جا له ئاگایی و نائاگایش بێ داڕێژراوه، ئه‌مه جگه له لۆكاڵی بیرۆكه‌كه كه ته‌نیا بوقعه‌یه‌كی جوگرافی بۆ زه‌مه‌نێكی دیاریكراو له خۆوه ده‌گرێ.. وه‌ك ئه‌وه وایه كه دوو دێر شیعرم خوێندوه نووسرابوو:
ئاخ چ له ولاتێك بكه‌م
كه سنه‌مایه‌كی تێدا نییه..؟
دوای ماوه‌یه‌كی كورت سینه‌ما له‌و وڵاته درووست ده‌كرێ و ئه‌و شیعره‌ش كۆتایی پێدێ.. مه‌به‌ستم لێره‌دا ئه‌وه‌یه هه‌ڵبژاردنی تێمه زۆر گرنگه بۆ ته‌مه‌ن درێژی تێكست.. ئێمه لێره‌دا له شیعر ده‌دوێین نه‌ك مێژوو، ئێمه شیعر ده‌نووسین نه‌ك مێژوو، به‌داخه‌وه له‌و تێكسته‌دا:
1- بیرۆكه‌كه، بیرۆكه‌یه‌كی باوه.
2- درێژدادڕه، ده‌توانرێ به چه‌ند رسته‌یه‌ك مه‌به‌سته‌كه بگه‌یه‌نرێ.
3- هیچ ئه‌ندازیاریێك له گێڕانه‌وه و ستراكتۆری تێكسته‌كه به‌دی ناكرێ.
4- ئاسان بۆ ئاسانه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه نائێسته‌تیكیه.
7- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاسانی ئێسته‌تیكی.
ئه‌ی شه‌مسی ناب
وه‌ی شه‌می شه‌بوستانی دیده‌مه‌ستان
وا شه‌و رما به‌سه‌ر سینه‌ی په‌رێشانی زاگه‌ی شیعرما
ئاده‌ی وه‌ره وه‌ره
به غه‌مزه‌یه‌ك
یاقووته‌كانی وه‌جاغی
رۆحی وشه داگیرسێنه دا! (14)
یا ئه‌و نمونه‌یه:
له پێشگای عه‌رشی زیبای
به‌ژن و باڵادا
سه‌وداسه‌ر و سه‌رگه‌ردان و ده‌وه‌ستم و
خاڵی له ده‌سمایه و سه‌رمایه
مه‌رجانییه‌كانی رۆح
ملكه‌چ و وێڵ و خانه‌خراب
ده‌لاڵێمه‌وه..د ه لا ڵ ێ م ه و ه (15)
له هه‌ردوو كۆپله‌دا به ته‌ماشاكردنێكی ده‌ره‌وه و فۆرمی تێكسته‌كان خۆمان له به‌رانبه‌ر تێكستی گران ده‌بینینه‌وه، به‌و واتایه‌ی كه تێكست له وشه‌ی ئاڵۆز خولقاوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وشه ئاڵۆزه‌كان به وشه‌ی ئاسان بگۆڕینه‌وه و واتاكانیان تێبگه‌ین ئه‌وا تێكسته‌كان هه‌ڵگری واتای ئاسانن..یه‌كه‌میان: داوا له كه‌سێك ده‌كات كه به غه‌مزه‌یه‌ك به‌هره‌ی شیعری بۆ داگیرسێنێ و دووه‌میان: له‌به‌ر جوانی به وێڵی ده‌توێته‌وه و ده‌لاڵێته‌وه.
ئه‌و جۆره ستایله زیاتر كار له‌سه‌ر موزیكی تێكست ده‌كا، به خوێندنه‌وه‌یه‌كیتر موزیك ده‌رگا بۆ مانا جیاوازه‌كان و تێگه‌یشتنی جیا ئاوه‌ڵا ده‌كا، دیاره ئه‌وه‌شیان په‌یوه‌سته به‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی كه له زاكیره‌ی وه‌رگردا هه‌یه، ره‌نگه موزیكی ئه‌و جۆره تێكستانه وه‌رگر به‌ره‌و واتای ئاوه‌ڵا و جیا جیا ببات.
8- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاسانی نائێسته‌تیكی.
تۆ نه‌بزی لێدانی دڵێكی بێهه‌دای
خرۆشی نه‌غمه‌سازی بولبلێكی له قه‌فه‌زدا به‌ندكراوی..
كه ده‌یه‌وێ چیان بۆ ئه‌و دره‌خته وه‌رمدارانه بگێڕێته‌وه
له چاوه‌ڕوانی نوێژی((استسقا))دا
هه‌ڵپڕوكان
هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و تێكسته‌دا هاتووه:
ئه‌شكه‌نجه‌یان دا به كه‌باری سه‌ربانی كیبریا..
ئه‌شكه‌نجه‌یاندا به بانگی میحرابه خودا فرۆشه‌كان ( 16)
(نه‌بز، بێهه‌دا، خرۆش، نه‌غمه‌ساز، وه‌رمدار، استسقا، كه‌بار، كیبریا، میحراب..تاد) هه‌موو ئه‌و وشانه بۆ خوێنه‌ری ئاسایی وشه‌ی گران و ئاڵۆزن به‌ڵام هه‌وڵیداوه به‌و وشه ئاڵۆزانه چی بڵێ؟ با ته‌نیا هه‌ر من نه‌بم بڕیار بده‌م، خوێنه‌ریش لێره‌دا ده‌توانێ خۆی بڕیار بدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌سته به بۆچوونی من ئه‌وه‌یه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك جوانی له‌و چه‌ند رسته‌یه‌دا به‌دی ناكرێ، چونكه خودی تێكستنووسه‌كه‌ش ره‌نگه نه‌زانێ چیگوتوه، ئه‌وه كارێكی شاعیرانه و هێنده گرنگ و گرانیش نییه كه شتێك بنووسین و خۆشمان نه‌زانین چیمان گوتوه، ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره فڕوفێڵه به وڕێنه‌كانی فه‌یله‌سوفان و شه‌ته‌حاتی سۆفی و عاریفان به‌راورد بكرێ كارێكی هه‌ڵه‌یه، چونكه رسته‌كانی نیچه و بایه‌زیدی بوستامی و حه‌للاج و.. تاد پڕن له جۆره واتایێك كه ده‌رگای ده‌یان و ده‌یان واتای ترمان به بێ سه‌رلێشێواندن بۆ ئاوه‌ڵا ده‌كه‌ن.
زانا خه‌لیل
———————–
1- عه‌تر و حه‌شیش و زه‌هرا، هاشم سه‌ڕاج، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری 2008 ل116
2- http://www.omferas.com/vb/showthread.php?t=5093
3- خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرای باهۆز مسته‌فا.
4-كه‌ریم ده‌شتی.
5http://www.dengekan.info/dengekan/6/5657.html- تێكستی سه‌ڵاح جه‌لال
6- http://www.dengekan.info/dengekan/6/poem/4930.html تێكستێكی هندرێن”له 2009 له ستۆكهۆلم نووسراوه.
7- چوارده سه‌رۆك كۆماری شیعر، وه‌رگێڕانی:كامبیز كه‌ریمی،ئاراس 2006 ل 39، شیعری مارینا تسۆتایڤا.
8- ستایشی شته روون و په‌نهانه‌كان،ئه‌دۆنیس،وه‌رگێڕانی:د.موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر،2009 له بڵاوكراوه‌كانی ره‌خنه‌ی چاو‌دێر، لاپه‌ڕه:68
9- به‌راوردێك له نێوان حافز و جزیری، د.محه‌مه‌د عه‌بدوالره‌حمان..نامه‌ی دكتۆرا.
10- لێره له‌سه‌ر رووی ئه‌م زه‌مینه، فازڵ عه‌زاوی، وه‌رگێڕانی: د.سه‌روه‌ر عه‌بدوڵڵا 2007،چاپكراوی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری.
11- بورجی به‌ڵه‌ك، كه‌ریم ده‌شتی، له بڵاوكراوه‌كانی گۆڤاری ئاینده ساڵی2006 سلێمانی
12-هێشتا زۆرمان ماوه..شیعرنما، خه‌لیل ئیبراهیم،ساڵی 2009
13-http://www.bachtyar-ali.com/nishtiman.php (قه‌سیده‌ی نیشتیمان) به‌ختیار عه‌لی
14- عه‌تر و حه‌شیش و زه‌هرا، هاشم سه‌ڕاج، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری 2008
15-هه‌مان سه‌رچاوه
16- باخدێرو ئاهه‌نگی باران هه‌مزه گوڵانی 2009چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات /هه‌ولێر