Skip to Content

Tuesday, November 5th, 2024
هاوڕێم له‌خۆده‌رچوون دۆڕانه‌…دۆڕان.

هاوڕێم له‌خۆده‌رچوون دۆڕانه‌…دۆڕان.

Closed
by September 27, 2011 هۆنراوە

 

هاوڕێم له‌خۆده‌رچوون دۆڕانه‌…دۆڕان.
دۆستم له‌خۆده‌ربازبوون تاوانه‌…تاوان.
گۆران ڕه‌ئوف

 

گه‌ر ئێواره‌یه‌ك هاتی و
له‌ ونبوونم بپرسی
ئه‌وا بگه‌ڕێوه‌ بۆ ژوره‌كانی منداڵی و
له‌نێو كانیاوه‌كانی عاشقبوونا
ئارامبگره‌.
گه‌ر هاتیت و له‌ توڕه‌بوونم قه‌ڵسبووی،
بڕۆ له‌به‌ر ئاوێنه‌كانی شه‌یدابونا
تێر تێر بگری.
گه‌ر ئێواره‌یه‌ك من له‌ غوربه‌ت گه‌ڕامه‌وه‌ و
هه‌ناسه‌م وه‌ك جاران هه‌ر ساردبوو!
نیگام وه‌ك شه‌رمنی شه‌وانی منداڵی
هه‌ر به‌ستبووی!
پێیه‌كانم وه‌ك ڕۆژانی لای ئاوابوونی ئه‌ڤین
هه‌ر ده‌له‌زی!
ئه‌مجاره‌یان بێده‌نگ مه‌به‌
له‌ئاست وڕێنه‌كانم،
ئه‌مجاره‌یان بێده‌گ مه‌به‌
له‌ به‌رامبه‌ر وێرده‌ ساده‌كانم.
گه‌ر هاتیت و واتزایبوو من مردووم؟
گه‌ر هاتیت و وایانتێگه‌یاندبووی
كه‌ كوڕێكی كرچ و كاڵم؟
گه‌ر هاتیت و به‌بێ‌ ڕامان له‌ ئه‌ڤینم
باسی نه‌مریت كرد؟
گه‌ر هاتیت و سه‌رسامی شوشه‌ی
ئه‌و شه‌رابانه‌بووی له‌دووری تۆ شكابوون؟
ئه‌وا یه‌كسه‌ر به‌بێ‌ دوودڵی،
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بگریه‌ت،
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بڕشێیته‌وه‌ و
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ڕابمێنی،
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی پێ‌ به‌ شوشه‌ شكاوه‌كاندا بنێی.
بگه‌ڕێوه‌ بۆ ئێوارانی گه‌ڕه‌ك و
بۆ شه‌وانی به‌رات.
بگه‌ڕێوه‌ بۆ به‌یانیانیه‌ سارده‌كانی خوێندنگه‌ و
بۆ ته‌پوتۆزه‌ سیخنه‌كانی شار و
بۆ لای قوڕوچڵپاوی به‌رده‌رگا.
بگه‌ڕێوه‌ بۆ نیوه‌شه‌وانی
میزبه‌خۆداكردنت،
بۆ لای لێفه‌ گه‌رمه‌كان و
به‌تانییه‌ پیناوییه‌كانی ده‌ستی دایك.
بگه‌رێوه‌ لای هاواره‌ ته‌نهاكانی بێهوده‌یی و
مزگه‌وته‌ گێژبووه‌كانی به‌رده‌م نزاكانی بێهیوایت.
گه‌ر ئێواره‌ك له‌ سۆراغی مندا ونبووی،
گه‌ر له‌ غوباری كوێره‌ڕێگاكانی ئه‌وینا
زانیت دوركه‌وتویته‌ته‌وه‌ له‌ باران،
هه‌ستتكرد چیا به‌فراوییه‌كانت
جێهێشتووه‌؟
ڕامابووی له‌ سه‌ركه‌شییه‌كانت و
دڵنیابووی له‌ ونبوونی
هه‌ناسه‌ی ئێوارانت؟
سه‌رپشكبه‌ بگه‌ڕێره‌وه‌ بۆ وانه‌كانی
كۆتبوونت.
بگه‌ڕێوه‌ لای دودڵیت به‌ر له‌تاوان.
بگه‌ڕێوه‌ بۆ خه‌یاڵی كچانه‌ت و
فڕین به‌ به‌رده‌م زه‌رده‌په‌ڕدا.
بگه‌ڕێوه‌ بۆ ترس له‌ خودا و
له‌رزین له‌ئاست توڕه‌بوونه‌كانی باوكدا.
هاوڕێم مرڤ ناتوانێت خۆی خودا بێ و
خۆی باوكبێت،
ناتوانێت خۆی ئاسمان و
خۆی دایك بێت،
ئاخر نه‌بووه‌ هه‌رخۆی برا و
هه‌ر خۆی خۆی بێت.
دۆستم
گه‌ر زانیت هه‌زاران میل له‌ خۆت دوركه‌وتویته‌وه‌
تا كۆتایی خه‌یاڵه‌كانم بینی،
گه‌ر هه‌ستتكرد یاسا ساخته‌كانی خێزانت
تێكداوه‌ و هه‌نووكه‌ دڵته‌نگی.
ئه‌وا خه‌می منت نه‌بێ‌ و بگه‌ڕێوه‌…
بگه‌ڕێوه‌
لای ئه‌مره‌ داماواوه‌كانی برا و
لای زبری ده‌سته‌كانی باوك.
بگه‌ڕێوه‌ لای پارانه‌وه‌ به‌كوڵه‌كانی دایك و
لای دۆعا عه‌جایبه‌كانی
كه‌ زۆر به‌ تكاوه‌ داوا له‌خودا ده‌كا و
ده‌ڵێت:”خوادایه‌ كچه‌كانم داوێن پاككه‌ی”،
ده‌ڵێت:”خودایه‌ له‌ ده‌ستی ناپاك به‌دوریانكه‌ی”.
هاوڕێم تۆ نابێت په‌رده‌ وه‌همییه‌كانی خه‌یاڵی وڵات دادڕیێنی.
دۆستم عه‌جول مه‌به‌،
با نه‌كه‌ویته‌ به‌ر تیژێتی چه‌قۆ و
زبری په‌تی سێداره‌ و
زه‌بری گولله‌‌.
من دڵنیام تۆ به‌رگه‌ی ئه‌مانه‌ ناگری.
دڵنیام له‌ غوباری ڕه‌هێڵه‌ی تیره‌كانا نغرۆ ئه‌بی.
له‌گه‌ڵ ئاوابوونی تیشكه‌ دوره‌كانا ئاوائه‌بی.
له‌گه‌ڵ وه‌رینی گوڵه‌كانا هه‌ڵئه‌وه‌رێی.
بگه‌ڕێوه‌، خۆ ده‌زانم ئه‌م كاروانی ئه‌ڤینه‌
به‌بێ‌ تۆ له‌ بیابان ده‌چێ‌.
ده‌زانم تۆنه‌یه‌ت گه‌مه‌ی ژیان ڕاده‌وه‌ستێ‌.
دڵنیام كاروانسه‌راكان سه‌رسام ده‌بن له‌بێ‌ تۆیی.
چاك ده‌زانم كوچه‌ به‌تاسه‌وه‌بووه‌كان
له‌گه‌ڵ ده‌كه‌وتنی بێ‌ تۆیدا
ئه‌سیرینی بێ‌ مروه‌تی ژیان هه‌ڵئه‌ڕێژن.
بێگومانم كه‌ گونده‌كانی ئاسوده‌یی له‌پاش ونبوونت
حاشا له‌ قه‌ده‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ت ده‌كه‌ن.
به‌ڵام بگه‌ڕێوه‌ و
ئێوارانی هه‌ڵهاتن له‌بیركه‌.
ئێوارانی له‌ توڕه‌بونا گریان و
له‌ پێكه‌نینا خنكان بیربه‌ره‌وه‌.
خۆ ده‌زانم ناتوانیت
پێش به‌و هه‌ستانه‌ت بگری كه‌ له‌گه‌ڵ پوكانه‌وه‌یاندا
ده‌پوكێیته‌وه‌.
ده‌زانم زۆر باش ده‌زانم كه‌ به‌م وێرده‌ ساردانه‌
ساردنابییه‌وه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.