Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
لەسوید گروپێک لە پێشڕەویدان بۆ گەیاندنی سیمای نادیموکراسی حکومەتی کوردستان

لەسوید گروپێک لە پێشڕەویدان بۆ گەیاندنی سیمای نادیموکراسی حکومەتی کوردستان

Closed
by September 27, 2011 گشتی


لەسوید گروپێک لە پێشڕەویدان بۆ گەیاندنی سیمای نادیموکراسی حکومەتی کوردستان، پارتی و یەکێتی بێ بەرگرین
ڕزگار رەزا چوچانی / سوید
www.nuche.net

لەسەربەندی خۆپیشاندانەکانی کوردستان، لە لایەنگرو پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات و چالاکوانانی سەربەخۆی کورد لە وڵاتی سوید، دەستیان دایە چالاکی بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر تەعامولی پارتی و یەکێتی لەگەڵ خۆپیشاندەرانی کوردستان، وەک خۆیان دەڵێن دوای ئەوەی دڵنیا بوون لەسەرکەوتنی کارەکانیان، چالاکییەکانیان لە گروپێکدا ڕێکخست بەناوی گروپی ١٧ی شوبات، ئەم گرووپە لە گەیاندنی ناڕەزاییەکانی خەڵکی کوردستان و وەک دەڵێن”ناعەدالەتی و نادیموکراسی بوونی دەسەڵاتی کوردستان” بە دنیای دەرەوە لە چالاکیدان، بەڵام نوێنەرایەتی و رێکخستنەکانی پارتی و یەکێتی لەوڵاتی سوید بێ وەڵامن.
گروپی ١٧ شوبات: هەر تاوانێک ئەوان بیکەن ئێمە دەیگەیەنین
قادر نادر لە گروپی ١٧ی شوبات، ئامانجی دامەزراندنی گروپەکەی واباسکرد، کە ئەوان گروپێکی بڕواو فکر جیاوازن. بەڵام هاو ئامانجن لەهەوڵی بە دیموکراتیکردنی کوردستان و دروستکردنی فشاری دەرەکی لەسەر دەسەڵات و دەڵێت” هەرچی تاوانێک پارتی و یەکێتی بیکەن و لە ئەورپا مەقبول نیە ئێمە دەیگەیەنین”.
نادر ئەوەش ئاشکرا دەکات بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان لەگەڵ پەڕلەمانتارانی سویدو بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی سوید دانیشتوون و بەردەوام لەسەرخەتن لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکان، ئەو کارتانەش ئاشکرا دەکات کە لەدانیشتنەکانیان بەکاری دەبەن، دەڵێت”ئێمە کە قسەیان لەگەڵ دەکەین، نامەی ئەمینستی و نامەی هیومان رایتس ۆچ و فیلمی ڤیدیۆییان دەدەینێ”.
ئەو ئەندامەی گروپی ١٧ی شوبات، هۆکاری پەنابردنە بەر رێکخراوەجیهانیەکان و حکومەتی سوید بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە”حکومەتی کوردستان بەزمانی کوردی تێناگات، ئێمە ناچارین فشاری دەرەکی بخەینە سەری، ئێستا ناوەندە جیهانیەکان بەشدار دەبن لە سقوتی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان، ئێمە دەست بۆ ئەو ناوەندە مرۆڤ دۆستانە دەبەین، خۆ دەست بۆ داگیرکەر نابەین و بەپێش سوپای داگیرکەر نەکەوتوین، داوامان کردووە فشار بخەنە سەر دەسەڵاتی کوردی کەواز لە گرتن و کوشتن بهێنن”.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی کوردستان کەنەیویست ناوی بهێنرێت، “بەهۆی ئەوەی کە وتەبێژی حکومەت نیە”، بۆ سڤیل دەڵێت”حکومەتی کوردستان ئاگای لەجموجوڵی هەموو ئەو گروپ و گروپۆکانەیە، بەڵام بەهۆی کێشە ناوخۆییەکان کێشەکانی دەرەوەی لەیادکردووە”، ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت”ئەوەی ئەو گروپانەی والێکردووە کە ئەوەندە توندبن لەدژی حکومەتی هەرێم رقی شەخسی و کێشەی سیاسییە”.
بەڵام نایشارێتەوە کە ئەو گروپانە بێ کاریگەری نین”دەبێت حکومەت بەناچاری دیراسەی چالاکی ئەو گروپانە بکات، کە زۆر کات بێویژدانانە باردۆخی کوردستان لەگەڵ دەرەوە باس دەکەن و دەبێت ئەوەش بزانین ئەگەر ئەوان بتوانن تەنها سیاسییەکی بێگانەش بەهەڵەدا ببەن کەم نییە، بەڵام وەک وتم ئەوەی بیری لێ نەکردۆتەوە حکومەتی هەرێم، ئەو پرسەیە کە پرسێکی حەساسە، لەکاتێکدا تەنها بەکارکردن لەسەر باکگراوەندی ئەوکەسانە، ئاشکرا دەبێت چ هێزێکە وا دەکات لەدژی حکومەتی هەرێم بن”.
بەڵام قادر نادر لە گروپی ١٧ی شوبات کە گروپێکی ئەکتیڤی دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە سوید رەتی دەکاتەوە ئەوان لە دژی حکومەتی هەرێم بن و دەڵێت”ئێمە زۆر لەوانی حکومەت خۆمان پێ دڵسۆزترە بۆ حکومەتی کوردستان، لەنوێنەرەکانیان خۆمان پێ دڵسۆزترە، بەپێچەوانەوە ئێمە پێمان وایە ئەوان حکومەتی کوردستانیان رسواکردووە، ئیشی ئێمە فشارە هەتا ئەو رسوابونە کاڵبێتەوە یان کەمبێتەوە”.
ئەگەرچی کادرەکانی پارتی و یەکێتی لە وڵاتی سوید لەدووری راگەیاندنەکان لەژێر لێوەوە رەخنەی توندیان هەیە لە ئاراستەی کارەکانی ئەم گروپەو وایان دەناسێنن کە کاریگەری خراپیان لەسەر دۆستانی کوردی هەیە لەم وڵاتەدا، بەڵام ئامادەنین بۆ راگەیاندن قسەی خۆیان بکەن.
لەبەرانبەر ئەو رەخنانەدا، قادر نادر دەڵێت”من دەڵێم ئەوە حکومەتی کوردستانە گەورەترین ناپاکی لەگەڵ موئەسەساتی پەڕلەمانی و حکومەتی دەکات، ئێمە دەیان پەڕلەمانتارمان لەم وڵاتە کردووتە دۆستی کورد، بەڵام ئەو رەفتارانەی پارتی و یەکێتی وایکردووە ئەو دۆستانە لەکورد بڕەوێنەوە، دەسەڵاتی کوردی کاتێک کەخەڵک تیرۆر دەکات، دەگرێت. پێشێلی مافی مرۆڤ دەکات، ئێمەش نەیگەیەنینە دەرەوە بە ڕێگایەکی تر هەر دەگەیەنرێت، ئەوان ئەگەر دەیانەوێ نمونەیەکی جوان پیشان بدەن. دەبێت واز لەو رەفتارانە بهێنن، درێژە دان بەوە وا دەکات لە هەموو ناوەندە جیهانیەکان دوو ئەوەندە کێشەی کورد رسوا بکەن، ئەوان نەک هەر حکومەت خودی کێشەکەشیان رسوا کردووە”.
پارتی ویەکێتی بێ بەرگرین و حکومەت بێ نوێنەرایەتیە
ئەگەرچی گروپی ١٧ی شوبات وەک خۆیان دەڵێن گروپێکی بی پشتیوانی مادی و راگەیاندنی هیچ لایەنێکە، بەڵام بۆ گەیاندنی رەخنەکانیان لە دەسەڵاتی کوردستان لە پێشڕەویدان و لە بچوکترین دەرگای کەموکوڕییەکانەوە دەتوانن بچنەوە ناوەوە و دەنگدانەوە دروست بکەن، لەبەرانبەردا پارتی و یەکێتی، وێڕای هەبوونی بارەگاو پەیوەندی رەسمی لەوڵاتی سوید، نەیانتوانیوە بەرگری لەو حکومەتە بکەن لای سویدیەکان کە حزبەکانی ئەوان دایانمەزراندووەو بەڕێوەی دەبەن، بۆ رووبەڕووبەڕووکردنەوەی ئەو پرسیارەی، کە هۆی چییە پارتی و یەکێتی لەهەمبەر چالاکییەکانی ئەو گروپەو چالاکییە هاوشێوەکان بێ دەنگ و بێ کارو بێ وەڵامن؟. گۆڤاری سیڤیل چەندین جار پەیوەندی کرد بە ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بەڵام بەرپرسانی ناوچەی پارتی لەسوید خۆیان لەو باسە لادەدەن، ناوچەی پارتی پێیان وابوو ئەو پرسە دەبێت بەرپرسی ناوچەکەیان قسەی لەسەر بکات، کە هەم بەرپرسی ناوچەکەیەو هەم بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبەشە لەسوید، بەڵام وێڕای چەندنی پەیوەندی و ناردنی نامە بەرپرسی ناوچە وەڵامی نەدایەوە، کادرێکی پارتی لەسوید کە نەیویست ناوی بهێنرێت بۆ سڤیل وتی”ناوچەی ئێمە لەخوایان دەوێ راگەیاندن ئەوانی بیر نەکەوێتەوە، ئێستا چۆن وەڵام دەدەنەوە، ناوچەی پارتی یەک ساڵە بەرپرسی راگەیاندنەکەی لەکوردستانەو کەسیان دانەناوە لەجێی ئەو کار بکات، نەیانپرسیوە چۆن کادرێک لەسەر ناوچەی ئەم وڵاتە حسابە دەبێت ساڵێک لەکوردستان بێت؟،. بەرپرسی ناوچەکەمان هەم مەسولی ناوچەیەو هەمیش بەرپرسی پەیوەندییەکان، وەک ئەوەی ئێمە کادرێکمان نەبێت یەکێک لەو دووکارە بکات”، ئەو کادرەی پارتی وتیشی”خۆزگە پارتی داوای چالاکییەکی جەماوەری لە ناوچەی سوید دەکرد، ئەوکات دەیزانی چەند خەڵکیان هەیە، یان داوای چالاکییەکی لەگەڵ پارتەکانی سوید لێ دەکرد، با روونبوایەتەوە بزانین لەم وڵاتە دەتوانین چەند سویدی لەپرسێک کۆبکەینەوە وەک پارتی، یان چەند کوردمان لەگەڵە، ئەو کات تێدەگەشت بۆ لەم پرسەشدا بێ بەرگرییە؟”.
هەر لەبارەی وەڵامی پارتی و یەکێتی بۆ ئەو جۆرە چالاکیانە. لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئاخۆ ئەگەر گروپی ١٧ شوبات توندوتیژی کوشتن لەخۆپیشاندانەکانی کوردستان، بکاتە بەڵگەی نادیموکراسی بونی دەسەڵاتی کوردستان لای سویدیەکان، پارتی و یەکێتی چی وەڵامێکیان هەیە، “شۆڕش قادر” بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەسوید دەڵێت” پرسیاره‌کە پرسیار نیە به‌ڵکوو سه‌رزه‌نشت و بۆچونی لایه‌نێکه، من ناتوانم وه‌کو پارتی یان نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامت بده‌مه‌وه‌، من ته‌نها وه‌کو نوێنه‌ری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌سوید وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه‌، کورد له‌وڵاتی سوید وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌کی چالاک ناسراوه‌، نزیکه‌ی سه‌د هه‌زار کورد هه‌یه‌ له‌سوید، نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو ڕاو بۆچونه‌کانی کورد ده‌که‌ن چی وه‌ک تاکه‌که‌سی بێت، یان وه‌ک حزب، ئه‌مانه ‌ئازاد‌ن له‌شێوه‌ی کارکردنیان، ئێمه‌ش وه‌کو ی،ن، ک په‌یوه‌ندیه‌کی باشمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌کانی سوید”.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی دەشڵێت”تا ئێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌کی ره‌سمی به‌منیان ڕانه‌گەیاندووه و هه‌روەها هیچ مه‌یلێکمان بۆ نه‌هاتوه‌‌له‌لا‌یه‌ن پارته‌سویدیه‌کانه‌وه‌ که‌ئه‌وان ‌وه‌کو پیاو کوژو حیزبێکی نا دیموکراسی سه‌یرمان بکه‌ن !!. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ئه‌وان زۆریان پێخۆشه‌ که‌په‌یوه‌ندیه‌کی ڕاسته‌وخۆمان هه‌یه‌و پرۆژه‌ی هاوبه‌شیشمان هه‌یه به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ پارتی‌ سۆسیال دێموکراتی سوید ‌و هه‌روه‌ها سوید کۆنسلی کردۆته‌وه ‌له کوردستان.‌که‌موکوڕی هه‌یه ‌‌له‌کوردستان، به‌ڵام وه‌کو ده‌بینن و ده‌زانن که‌حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسۆن سه‌رقاڵی به‌دوادا چون و چاکسازی کردنن له‌کوردستان”.
دەبێت کوردستانیەکان پرد دروستبکەن لەنێوان کوردستان و دەرەوە نەک ئەوپردانەش بڕوخێنن کەهەن
چاودێرێکی سیاسی کورد لە سوید کە تێکەڵاوی و دۆستایەتی سویدیەکانی هەیە، کارەکانی ئەو گرووپە وا هەڵدەسەنگێنێت، کە کاریگەری نێگەتیڤیان دەبێت لەسەر تێڕوانینی سویدیەکان بەرانبەر بە حکومەت و ئەزمونی کوردستان و بۆ سیڤیل دەڵێت”بێگۆمان چەند کێشە لە ناو وڵاتێک زیاتر بێت، سویدی کەمتر خۆیان لێ نزیک دەکەنەوە، ئەزمۆنێکی کۆنکریت شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤ی کوردستان بوو کە پێش ئەوە کۆمیتەیەکی تایبەتی بە مافی مرۆڤی کورد هەبوو، لە بەر گرفتاریەکانی ناوخۆیی جگە لەوەی ئەو کۆمیتەیە هەنگاو بە هەنگاو نەما، زۆری کێشا کە دووبارە متمانەی هەندێک لایەنی تری سویدی ناو پەرلەمانی سوید رابکێشرێت، تاکو دووبارە ئەمساڵ تۆرێکی دۆستانی کورد لە ناو پەرلەمانی سوید دروستبوەوە. درێژەدان بەم جۆرە کارانەی کێشە ئامیزی ناوخۆیی بە دڵنیاییەوە پەرلەمانتەرانی سوێدی دوور دەخاتەوە و لە پشتیوانی کوردستان پەرت وبڵاویان دەکات و تەنانەت ئەگەر بە روکەشیش دان بەو ڕاستیەو ترسەش دانەنێن، سویدیەکان هەست بە نائاسوودەیی دەکەن لە کێشەیەک، بە تایبەتی کە دەبینن بەرەیەک یان لایەنێک تۆڕە دەکات، پێیان وایە کە رەنگە ئەم تۆرەبوونە دەرهاوێشتەی ناباشی هەبێت لەکێشەکەدا”.
ئەو چاودێرە سیاسیەی کورد، رەخنە لە پەرچەکداری لایەنێکی کورد دەگرێت بەرانبەری کاری ئەو گروپانەو دەڵێت”لە ئەنجامی رەوشی رووداوەکانی شوباتی سلێمانی و سەردانی شاندێکی پارتی ژینگەی سویدی دێتە پێشەوە، لایەنێکی کوردی دۆستێکی دێرینی کورد بە شێوەی نادوست وێنا دەکات، ئایا ئەمە جگە لەوەی خزمەت بە ئەجێندای لاوازکردنی لۆبی کوردی بکات خزمەت بە کێ دەکات؟! بە دیتنی من ئەمە بەرپەرچەکداری ئەم ئەجێندا بچوکانەیە، کە هەندێک لا خۆیان خەریک کردووە لە سەر حیسابی ئەجێندا ستراتیژی و گەورەکان”.
هەروەها چاودێرە سیاسیەکەی کورد کە وەک خۆی دەڵێت نایەوێت ناوی بێتە ناو ئەو پرس و حەساسیەتەی نێوان ئەو کوردانە، هۆشداری دەداتە ئەو گروپانەو دەڵێت”خەریککردنی دۆستانی کورد بە کاری لاوەکییەوە، دورخستنەوەی ئەوانە لە کارە گەورەو ستراتیژیەکان کە ئێستا کوردستان پێویستیەکی گەورەی پێیەتی و دژی بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستانە، بۆ نمونە کوردستان پیویستی بە پرۆژەی بەهێزکردنی سیستەمی فێرکاری، سیستەمی کارگێری، و سیستەمی داد و ستراتیژیەتی میدیایی و سیستەمی خوێندنی باڵا و بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسییە و… هتد هەیە کە ئەمانە هەموو لایەک بە چاوی رێزەوە نەک تەماشای دەکەن، بەڵکو شانسی پشتگیریش لەم جۆرە کارانە زۆر بەهیزە و پێگەی کوردستانیش بەرزتر دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێک کە بیرۆباوەڕێکی تۆندڕەوییان هەیە و سنوردارن، دێن لە کێشە بچوکەکانەوە ئەنرژیەکی زۆری دۆستان ڕادەکێشن، ئەمەش پێچەوانەی بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە، و دەبێت کوردی دڵسۆز خۆی بەدوور بگرێت لەم زیانگەیاندنە بەوڵاتەکەی، دەبێت کوردستانیەکان پرد دروستبکەن لە نێوان کوردستان و دەرەوە نەک ئەو پردانەش بڕوخێنن کە هەن!!”.
ئەگەرچی لەوەها پرسێکدا پێویستی بەرای حکومەتی کوردستان دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستان لە کابینەی شەشەمدا دراوەتە یەکێتی و بەهۆی کێشەناوخۆییەکانی ئەو حزبەوە بۆ دیاریکردنی کاندیدێک وەک نوێنەری حکومەت لەوڵاتی سوید، دوو ساڵە دەرگای نوێنەرایتی داخراوە و بڕیارە لەهەفتەی ئایندە نوێنەر دەست بەکارەکانی بکات، سڤیل نەیتوانی رای رەسمی حکومەتی کوردستان لەسوید دەستبخات.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.