
تارمایی خۆكوژیی له‌نێوان قه‌ده‌رگه‌رایی و ده‌سه‌ڵاتداریدا
سه‌رنجێك بۆ دیارده‌ی خۆكوژی و توانه‌وه‌ی تاك له كۆمه‌ڵگای كوردیدا
ره‌نگه هیچ له‌وه ترسناكتر نه‌بێت، بكه‌وینه دۆخێكی ترسناك و چاو له‌و ترسناكییه بپۆشین.ئه‌وه‌تا من ددانی پێداده‌نێم كه ئیستا له ساتێكی تاریكدا ده‌ژین – ره‌نگه ئه‌و تاریكییهش تا راده‌یه‌كی زۆر جیاوازبێت له‌و تاریكییه‌ی رۆژانه له ته‌له‌ڤزیۆن و رۆژنامه و راگه‌یاندنه‌كاندا ده‌كرێن به‌هه‌واڵ.له‌وه‌دا جیاوازنییه كه هه‌مووان له‌هه‌مان ره‌وشی سامناكدا دێین و ده‌چین و ده‌رهاویشته‌كانی ده‌بینین، له‌وه‌دا جیاوازه كه هۆكار و ریشه‌ی تاریكییه‌كان وه‌ك یه‌ك نین، به‌ڵكو زۆر له‌یه‌ك جیاوازن.
ئه‌مرۆ ئه‌وه‌ی زیاتر برینه‌كانی قووڵ كردوون ئه‌و وتار و هه‌واڵ و بۆچوونانه‌ن كه مه‌رگ و خۆكوژی و كوشتنه‌كان گرێ ده‌ده‌ن به‌پاساوی زۆر ساده و بێ مانا – ساده به‌و واتایه‌ی كوشتن و خۆكوشتنه‌كان ده‌كا به شتێكی ئاسایی و..، بێ مانا به‌و واتایه‌ی ناتوانێت خۆكوژییه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه شیبكاته‌وه، خێرا ده‌یخاته ئه‌ستۆی شتێكی تر و خۆی لێ رزگار ده‌كات به‌مه‌ش ته‌نها په‌رده‌یه‌كی ته‌نك به‌رووی ترسناكیهكهدا ده‌دات.
هیچمان له‌وه بێ ئاگانین رۆژانه هه‌واڵی خۆكوژی و خۆ سوتاندن و كوشتنه‌كان شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و كاغه‌زی رۆژنامه و سه‌دای رادیۆكان پڕده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت وای لێهاتووه ” مه‌رگ – خۆكوژی ” ببێته دیكۆر و رازێنه‌ره‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌كان و بره‌و په‌یداكردنی زۆر له راگه‌یاندنه‌كان، رۆژنامه‌مان هه‌یه تایبه‌ت به رووداوی خۆكوژی و مه‌رگ و كوشتهكان – ئه‌وه‌نده رێژه‌ی خوكوژی و كوشتنه‌كان زیادیان كردووه.
له‌ناو ئه‌و ره‌وتانه‌ش كه گوایه ره‌وتی بیركردنه‌وه و به‌دواداچوونی هه‌واڵی خۆكوژی و سوتان و مه‌رگن – بۆچوون هه‌یه زیاتر مه‌رگه‌كان ترسناك و قوڵتر ده‌كات، به‌وه‌ی كه پۆڵینی مه‌رگ و خۆكوژییه‌كان ده‌كا – به‌وه‌ی ئه‌م خۆكوژییه كۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌و كوشتنه كێشه‌ی شه‌خسییه و ئه‌وه‌یان دوژمندارییه و ..هتد..ئه‌مه له‌هه‌مان كاتدا بۆچوونێكی كۆمێدی و تراژیدیشه كه له كۆمه‌ڵگایه‌كی وێراندا مه‌رگه‌كان له‌یه‌ك جیاده‌كاته‌وه و هه‌ریه‌كه‌یان ده‌سپێرێته ده‌ستی پاساوێك و هه‌ر ئه‌و پاساوه‌ش ونیان ده‌كا.
له‌ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ندان خۆكوژی و كوشتن له شاروشارۆچكهكاندا روویاندا و هه‌موویان ته‌نها وه‌ك هه‌واڵ مانه‌وه دووباره سپێردران به‌ده‌ستی پاساوه‌كان، خۆكوژی وه‌ك دیارده‌یه‌ك كه ئێستا بۆته تارماییه‌ك و به كوچه‌كاندا پیاسه‌ده‌كات و سه‌ردانی ماڵه‌كان ده‌كات شینهكرایهوه، به‌ڵكو زیاتر په‌لكێشی ئاقارێكی خراپتریان كرد و داپۆشرا.
به‌ر له ماوه‌یه‌ك له هه‌ولێر گه‌نجێك به‌ناوی “عیرفان” له‌ناو جه‌رگه‌ی بازاڕ له‌لایه‌ن شۆفێری تاكسیه‌ك به‌نۆ چه‌قۆ كوژرا، ئه‌م كوشتنه ته‌نها وه‌ك هه‌واڵێك چووه سه‌ر رووپه‌ری رۆژنامه‌كان و به‌قه‌ده‌ر سپێردرا، هه‌ڵوێسته كردن له‌سه‌ر مه‌رگێك به‌م شێوه ترسناكه و چه‌ندان مه‌رگی تریش ده‌مانگه‌یه‌نن به‌وه‌ی بڵیێن دیارده‌ی خۆكوژی و كوشتنه‌كان به‌ته‌نیشت ئێمه‌دا تێده‌په‌رن و بێ باكانه ده‌یڵێینه‌وه ” ئه‌جه‌لی هاتبوو ، قه‌ده‌ر وابوو ئاوا بمرێ” یاخوود دیدێكی تر هه‌ڵده‌ستێ تاوانبار ده‌كا به دڕنده و خراپه‌كاری ده‌گمه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م كوشتنه نامۆبێت به‌وه‌ها واقیعێك، ئه‌م دیده ساده‌یه‌ی كه واقیع دابه‌ش ده‌كا به‌سه‌ر ره‌ش و سپی و چاكه و خراپه و نێوانێك بۆ بیركردنه له‌و ره‌ش و سپییه ناهیڵێته‌وه خۆی له‌بنه‌ره‌تدا پاساو دروست ده‌كا بۆ هه‌موو تاوانباری و خراپه‌كارییه‌ك.
شیكردنه‌وه‌ی مه‌رگی “عیرفان” و ئه‌وانیتریش ته‌نها به‌وه ناگاته كۆتایی كه بڵێین تاوانباره‌كه دڕنده‌بوو یا ده‌وڵه‌ت – حكوومه‌ت به سزای خۆی بگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو ده‌بێ بۆی برۆینه هه‌ناوی كۆمه‌ڵگا و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی كه رۆژ به‌رۆژ و قۆناغ به‌قۆناغ ئه‌م تاوان و مه‌رگ و تراژیدیایانه تێیدا ده‌بنه رووداوی ئاسایی و پرسه‌یه‌ك هه‌مووی داده‌پۆشێ.ده‌وڵه‌ت – حوكمه‌تیش بێ توانا و ده‌سته‌وه‌ستان ته‌نها كاری ئه‌وه ده‌كات كه شوێنی تاوانه‌كه له‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌كه ون بكات و به‌نجێك له رووداوه سامناكه‌كه ده‌دات – خوودی ده‌سه‌ڵاتداری به‌م بهنجكردنه په‌ره به تاوانه‌كان ده‌دا. ده‌وڵه‌ت به‌خه‌یاڵی خۆی به‌دوای تاوانبار و خراپهكارهكاندا ده‌گه‌ڕێت و په‌یوه‌ندی به‌خوودی “تاوان” و “خراپه‌كاری” ه‌وه نییه، ده‌وڵه‌تی بێ باك و سه‌رده‌رهاتوو له‌ناو ئه‌م واقیعه سامناكانهدا تاوانبار له‌سێداره ده‌دا و تاوان ئازاد ده‌كات، خراپه‌كار زیندانی ده‌كات و ژیان ده‌دا به‌خراپه.
ئینجا ڕووداوی مه‌رگهێنی “به‌ناز” یش دووباره سادهكرایهوه بۆ یه‌ك ره‌هه‌ند. كه‌س گومانی له‌وه‌نییه ده‌سه‌ڵاتداری له‌و هه‌رێمه‌دا ده‌ستی خستۆته ناو هه‌موو كاروبار‌و ده‌لاقه ئابوورییه‌كان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و كورسییه‌كانی خۆی پێشێلی ژیانی خه‌ڵكی كردووه، هه‌ر خوودی ده‌سه‌ڵاتداری بۆخۆی – ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ته‌واوی كۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك كه‌سی كورسی دۆست ئافاتێكی گه‌وره‌یه، رۆژبه‌رۆژ ئیراده‌ی تاكه‌كان هه‌ڵده‌مژێت و ناچار به‌مه‌رگیان ده‌كات،ئه‌مه‌ش هه‌مان مۆدێلی سه‌رداری باوك (براكان) ه له‌خێزاندا – ئه‌و مۆدێله‌ی كه گرنگه له ئێستادا له‌هه‌موو نموونه‌یه‌ك زیاتر بكرێته ره‌گی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیاردانه، بۆ هه‌ر یه‌ك له‌م رووداوانه بروانین ده‌توانین (خێزان) وه‌ك ده‌زگایه‌ك كه له ئێستادا هه‌یه و بۆته كارگه‌ی دروستكردنی ئه‌م نائومێدییه بكه‌ینه ده‌زگا و ئامێری راڤه‌كردن.
هه‌موو ڕووداوه‌كان له‌شوێنێكدا به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌و په‌یوه‌ستن به هه‌مان كۆمهڵگاو ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، تاكی كورد كاتێ له‌ناو وه‌ها سیسته‌مێكدا نائاگا هه‌نگاو ده‌نێت ، ده‌بێ له‌وه تێ‌بگا نوقڵ و جه‌ژنه‌كانی ئه‌م سیسته‌مه نوقڵ و جه‌ژنی مه‌رگن – له‌خێزانه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ین كه چۆن هێز و ئیراده‌ی تاكه‌كان ده‌كرێته دیاری باوك و براكان و.. خوشكه‌كان راده‌ستی قه‌ده‌ر ده‌كرێن –له‌ناو ئه‌م سیسته‌مه‌دا هه‌موو خوشكێك ده‌بێ به خاوه‌نی ئاوێنه‌ی قه‌ده‌ر – بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركات سته‌می لێكرا پێی بڵین و خۆیشی بڵێ ( ئه‌مه خه‌تای ئاوێنه‌ی قه‌ده‌ره‌و ، ئه‌و قه‌ده‌ری منی ئاوا نیشان داوه).
ئه‌مه به‌ته‌نها دۆخی خوشكه‌كان نییه، به‌ڵكو دواجار پیاوی سه‌ردار كه نموونه‌ی ( ده‌وڵه‌تی سه‌ردار و هێزی ئیلاهییه) خۆیشی ده‌كه‌وێته‌وه ناو دۆزه‌خه‌كه.له‌ناو دۆزه‌خیشدا ئاگر كه‌س ناناسێت.بۆیه كاتێ گه‌نجێك خۆی ده‌سوتێنێت و خۆی ده‌كوژێت ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ین ئاگری گه‌وه‌ردا رۆیشتووه تاوه‌كو گه‌یشتۆته مه‌رگ و سووتان و توانه‌وه.
ئه‌وه‌ی كه دۆخه‌كه‌ی ناهه‌موارتر كردووه ئه‌و هێڵه به‌ناو فكرییه‌یه كه ده‌یه‌وێت ( ده‌سه‌ڵات) بكات به چه‌ق و گه‌نجان زیاتر شه‌یدای ده‌سه‌ڵات بكات، له‌بری ئه‌وه‌ی وابكات پشت له‌ده‌سه‌ڵاتداری بكه‌ن ده‌یانبا به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتداری – وای نیشانده‌دا به‌هه‌شت له‌ده‌سه‌ڵاتداری داده‌تاشرێ و به‌گۆرینی چه‌ند كه‌سێك دونیا ده‌بێت به فیرده‌وس، هه‌ر هه‌مان هێڵ تاكه‌كان ده‌با به‌ره‌و قه‌ده‌رگه‌رایی و بێ ئیرادهكردنیان : هه‌مان هێڵه گه‌نجه‌كان له‌بری بیركردنه‌وه له دروسكردنی دنیایه‌كی تر و یاخیبوون له‌م دنیا داڕماوه شه‌یدا ده‌كات به مه‌شروب خواردنه‌وه و نێرگه‌له كێشان و عاشقی ئۆتۆمبێل – په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر هه‌یه له‌نێوان خۆدانه ده‌ست ده‌سه‌ڵات و خۆدانه ده‌ست قه‌ده‌ر و پشت كردنی تاك له ئازادی و ژیانی خۆی.
هه‌ر ئه‌و هێڵه‌یه كه هه‌موو ره‌نجی گه‌نج ده‌فرۆشێ به چه‌ندین مسقاڵ زێڕ و بازاری پێ ده‌خاته هه‌له‌كه سه‌ما، و گه‌نجی پێ ده‌كرێ به‌موڵك.خۆدانه ده‌ست ئه‌وه‌ی كه ئه‌وه قه‌ده‌ری منه، له‌ئه‌ساسدا ئه‌مه خوودی خۆكوژییه.( ئه‌مه قه‌ده‌ر و نسیب و چاره‌نووسی منه) ئه‌و دهربرینانهن كه ئێستا كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ بنه‌مایان دروستكردووه و رۆژبه‌رۆژ رێژه‌ی خۆكوژی و كوشتن زیاد ده‌كه‌ن، هه‌ڵه ده‌كه‌ین كه پێمان وابێت ئه‌م خۆكوژییه ته‌نها لهئهوانهدا به‌رجه‌سته‌یه كه ئه‌نجامیان داوه، ئه‌مه په‌رده‌یه‌كه ته‌واوی كۆمه‌ڵگای داپۆشیوه- خوودكوژی به‌سه‌ده‌ها جۆر له‌ناوماندا ده‌ژی – به‌و جۆره‌ی كه ژن ده‌گۆردرێته‌وه به مسقاڵ ، به‌و جۆره‌ی كه گه‌نجان شه‌یدای ده‌سه‌ڵاتداری ده‌كرێن، به‌و جۆره‌ی كه ئه‌وین ده‌بێته ئه‌وینی موڵكداری و كه‌س ناتوانێ بێ سه‌یركردن له ماڵ و موڵكی یه‌ك به‌یه‌كتر سۆز و خۆشه‌ویستی بدات.ئه‌ی ئه‌مه خودكوژیی نییه؟ ئایا هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و سۆز و هه‌ڵچنینی دیواری به‌رژه‌وه‌ندخوازانه په‌رده‌ی خودكوژی نییه؟ ئایا چوونه قه‌فه‌سێكی ناچاریانه و رازیبوون به دڵۆپه ئاوێكی گه‌رم له‌ناو ئه‌م هه‌موو تێنێویتیهدا خودكوژی نییه؟
ئه‌و تارماییه‌ی له‌نێوان قه‌ده‌رگه‌رایی و ده‌سه‌ڵاتدارییدا رۆژانه به‌ناوماندا ده‌روات و دێت، تارمایی خۆكوژی – چیتر هیچ پاساوێك و هیچ به‌نجێكی بێ بنه‌ما دایناپۆشێ، خوودی ئه‌م سیسته‌مه بۆخۆی جۆرێكه له له ده‌زگای خودكوژی و پێویسته گه‌نجان و تاكه‌كان لێی یاخیبن، ده‌سه‌ڵاتداری ده‌بێ پشتی لێ بكرێ و ناچار به‌توانه‌وه بكرێت و ره‌گه‌كانی بگیرێن، نه‌وه‌ك ئاڵا و دروشم و گۆرانی پێدا هه‌ڵبگوترێت، ده‌وڵه‌ت كه هه‌میشه شوێنی تاوانه‌كان ده‌سرێته‌وه و موژده‌ی ئارامی ده‌دات ده‌بێ پشتی لێبكرێ نه‌وه‌ك گله‌یی و تكای لێبكرێت رزگارمان بكات، ژیان له‌ژێر سێبه‌ری ده‌وڵه‌ت – حكومه‌تی چه‌ند كه‌سان و ده‌سه‌ڵاتداران هه‌میشه له خه‌ته‌ردایه، تاك له‌ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تدا ده‌بێ له‌وه تێبگات به‌رده‌وام ژیان له‌ژێر ئه‌م سیسته‌مه رسته‌یه‌كی بۆ دووباره ده‌كاته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه :(هه‌میشه ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر حه‌قه) رسته‌ی هه‌میشه ده‌وڵه‌ت – ده‌سه‌ڵاتداری له‌سه‌ر حه‌قه – له‌ناویدا چه‌ندان شاكاری گه‌وری ئه‌ده‌بی و فكری به‌رهه‌م هاتوون راسته‌و خۆ و ناراسته‌وخۆ – یه‌كێك له‌و كتێبه ده‌گمه‌نانه كتێبی رۆماننووسی چیكی فرانز كافكایه به‌ناوی (دادگایی) له‌و رۆمانه‌دا له‌ژێر سایه‌ی سیسته‌می ده‌وڵه‌تگه‌رادا تاكێك بێ هۆكار و تاوانباری ده‌سگیر ده‌كرێت و تا كۆتایی رۆمانه‌كه له‌نێو راره‌و و ژووره تاریكه‌كانی دادگادا ده‌یبه‌ن و ده‌یهێنن – چونكه تاكه‌كان له‌ژێر ئه‌و سیسته‌مه‌دا هی خۆیان نین و هه‌ركات بۆی هه‌یه رووبه‌رووی مه‌ترسی ببنه‌وه.
له‌ئێستاشدا رۆژانه مه‌رگ ده‌بینین و ده‌خوێنینه‌وه و گه‌نجان به‌تایبه‌تی راده‌ستی دۆخێكی قهدهردۆست ده‌كرێن، مهرگهكانیش به پاساوگه‌لی بێ بنه‌ما داده‌پۆشرێن و هۆكاره‌كان له‌یه‌ك جودا ده‌كرێته‌وه، له‌كاتێكدا هه‌ستانه‌وه و یاخیبوون له‌وه‌ها سیسته‌مێك چاره‌سه‌ری ئه‌م ره‌وشه‌یه و ده‌ست ههڵبرینێكه له‌ناو مه‌رگدا،شۆرشكردن له‌م شێوه‌ی خێزانه‌دا و ئه‌م هه‌موو زێر و زیوو قه‌فه‌سه..یاخیبوون له‌و نێرگه‌له‌و مه‌شروب و بهرۆبۆتبوونه..پشتكردن له‌چاودێریكردنی ژیانی ده‌سه‌ڵاتداران و شه‌یدایی بۆ ده‌سه‌ڵات..فڕینێكه له‌و دۆڵه تاریكه‌دا..گه‌نج ده‌بێ فرمێسك و ئاخه‌كانی پشت ده‌رگای داخراو رۆیشتنی یاره‌كه‌ی وه‌لابنێ و بزانێ یار له قه‌فه‌سدا یارنییه، وه عیشق له قه‌فه‌سدا هه‌نگاونانێ به‌بێ ئازادی.ژن ده‌بێ بزانێ هه‌رچی مكیاجی دونیا هه‌یه له‌خۆی بدات جوان نابێ له ژێر سایه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌دا و هه‌رچی پێڵاوی پاژنه به‌رزه له‌پێی بكات بستێك به‌رزنابێته‌وه له‌ناو ئه‌م خێزانه‌دا…
ئه‌مه‌یه ئه‌و تاریكییه‌ی دایپۆشیوین..و كه‌سانێك ده‌یانه‌وێ به‌چوار پێنج فڵچه‌ی وشكه‌وه‌بوو ره‌نگی بكه‌ن، ئه‌وه‌یه ئه‌و دۆزه‌خه‌ی پێی تهنراوین و دۆستانی ده‌سه‌ڵاتداری ده‌یانه‌وێ به دوو سێ سه‌تڵ ئاو بیكوژێننه‌وه، له‌كاتێكدا ته‌نها و ته‌نها راچه‌نین و وشیاری و یاخیبوون له‌و سیسته‌مه ده‌بنه هۆی بارگۆرینی ژیان و رهنگكردنهوهی تاریكی..ته‌نها شكاندنی په‌رداخه پر ژه‌هره‌كانی ئه‌و سیسته‌مه ده‌بنه هۆكاری هه‌ناسه هه‌ڵمژینی مرۆڤ..هه‌ناسه‌یه‌ك دوور له كه‌وتن و توانه‌وه و خۆخواردنه‌وه و قهدهردۆستی كه ئیستا كۆمه‌ڵگایان داگرتووه…هه‌ناسه‌یه‌كی تر.
ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر