
میلیڤینادین …. ئاری عوسمان خه‌یات
هه‌شت مانگی تر پانزه‌ی نیسانی هه‌زار و نۆسه‌د و دوانزه‌یه و كه‌شتییه گه‌وره‌كه ژێر ئاو ئه‌كه‌وێ! مناڵێكی تیایه ته‌مه‌نی ته‌نیا نۆ هه‌فته و هیچی تره. ئه‌و كه‌شتییه مه‌زنه، به‌رهه‌می كۆشش و شه‌ونخونی و ده‌ستكردی مرۆڤایه‌تی، به هه‌زار و پێنج سه‌د و حه‌ڤده كه‌سه‌وه هه‌روه‌ك هیچ نه‌بووبێ، ئاوا له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بۆخۆی بن ئاو ئه‌كه‌وێ و ئاو بێنه و ده‌ست بشۆ و ته‌واو. ئه‌مه‌یه چاره‌نووس..!
دوای ئه‌و ڕووداوه (میلیڤینادین) بۆخۆی نه‌وه‌د و پێنج ساڵ و سێ مانگی دییش ده‌ژی. له‌وباره‌یه‌وه نازانم ئه‌م قسه‌یه‌م له چ كتێبێكدا خویندووه‌ته‌وه، كه “مردن قۆناغێكی تره له ژیان. ئه‌گه‌ر مردن دژی ژیان بێت، ئه‌وا مردن ده‌بێته عه‌ده‌م، چونكه ژیان خۆی بریتییه له وجود. كه‌واته هیچ كات مرۆڤێكی مه‌وجود ناچێته‌وه حاڵه‌تی عه‌ده‌م”. كه‌واتا “هه‌ڵه ئه‌كه‌ین ئه‌گه‌ر مردن به دژی ژیان بزانین، چونكه ئه‌وكاته مه‌سه‌له‌كه ئه‌بێته ژیان و نه‌ژیان” هه‌روه‌ك (هایدگه‌ر)یش ئه‌ڵێ: “نیگه‌رانی عه‌ده‌م ئاشكرا ئه‌كات”.
من له پای چ ئه‌م قسانه ده‌گێڕمه‌وه.. ڕه‌نگه بۆ وه‌ی به‌خۆم بڵێم: مادامه‌كێ وایه، ده تۆش ئه‌مشه‌و تا به‌یانی هه‌ر ههڵهپهڕه و جڕت لێده و زوو زوویش بچۆ خه‌رابه میز بكه.. ئاخر له‌وه‌تی براده‌ره میزاوییهكهم پێیگوتووم ئاو باشه، منیش بێ ئه‌ندازه ئاو ئه‌خۆمه‌وه، به‌ده‌ر له‌وه‌ش خوشه‌ی میز ئیقاعێكی خۆش به گوێچكهما ئه‌خشێنێ.. له‌ڕاستیدا ئه‌م ته‌بیعه‌ته قۆڕه‌یش هه‌ر له‌و براده‌ره‌وه فێربووم، كه پێموابێ سێ مانگێ لهمهوپێش گورچیله‌یه‌كی خۆی له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا فرۆشته كوڕه ده‌وڵه‌مه‌ندێكی دراوسێی خۆیان..
* دوو تێبینی زۆر گرنگ:
1.(میلیڤینادێن) دوا ڕزگاربووی كاره‌ساته‌كه‌ی تایتانیك بوو، له (26/5/2009) له نه‌وه‌د و حه‌وت ساڵیدا مرد.
2. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی نیگه‌رانی عه‌ده‌م ئاشكرا ئه‌كات، وه‌ك هایدگه‌ر له‌سه‌ره‌وه ئه‌ڵێ، ئه‌وا ئه‌مشه‌و ههڵناپهڕم، چونكه نیازم وایه، كه‌مێك بیر له په‌یوه‌ندی نێوان گورچیله و تایتانك بكه‌مه‌وه.