
به‌ئێستاییكردنی شوێنی مێژوویی
له تێكستی (هه‌موو رێگه‌كان ناچنه‌وه رۆمان…)ی دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی دا
سه‌ره‌تا
شیعر به‌ته‌مه‌نترین ژانری نێو مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیه. هه‌ر بۆیه زۆرترین قورسایی ژیان و ئازار و ده‌رده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له شیعردا جێ كراوه‌ته‌وه. ره‌نگه زۆرجار شیعر شانی هه‌ڵگرتنی ئه‌و هه‌موو ئازار و برینانه‌ی نه‌بووبێت، به‌ڵام شاعیرانی ئێمه هه‌ر په‌نایان بۆ بردووه و وه‌ك دوا په‌ناگه و دڵفراوانترین ژانری ئه‌ده‌بی دڵی بۆ ته‌واوی ئه‌و ژان و ئازارانه كردۆته‌وه. له ئه‌حمه‌دی خانییه‌وه تا قانیع و بێكه‌س و شاعیرانی نوێ شیعر سه‌نگه‌رێك بووه بۆ به‌رگریكردن له ئازادی كۆمه‌ڵگه و ئازادی تاك. شیعر له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی په‌ناگه‌ی ده‌ربڕینی ئازاره‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه بووه، هاوكات ده‌روازه‌یه‌ك بووه بۆ وشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان و پیشاندانی رێگه‌كانی زانست و ئاینده‌یه‌كی باشتر.
له پاش حه‌فتاكان، شیعری كوردی به‌رگی شیعری به‌رگری له‌به‌ر كردووه و بووهسهنگهرێك بۆ به‌رگریكردن له كوردبوون و مانه‌وه تا ئه‌و ئاسته‌ی بووه به‌رگریكه‌ر له خاكی نیشتیمان و شانبه‌شانی مرۆڤه ئازادیخوازه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه بجه‌نگێت و هانی خه‌باتی به‌رده‌وامیان بدات. هه‌ر بۆیه له رووی هونه‌رییه‌وه زۆرجار شیعر بووه‌ته قوربانی گه‌مه و رووداوه سیاسییه‌كان، به‌ڵام له چه‌ندین رووی تره‌وه خزمه‌تی به كۆمه‌ڵگه كردووه. پاش راپه‌ڕین شیعری كوردی هه‌نگاوی به‌ره‌و ئه‌وه‌نا كه له‌پێناو هونه‌ری شیعردا بژی و بمێنێته‌وه، ئه‌گه‌رچی زۆرجار رووداوه‌كان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر كاریان تێكردووه، به‌ڵام ئه‌مه ئاستی ته‌كنیكی و مانایی دانه‌به‌زانده خواره‌وه، چونكه هه‌میشه رووداوه‌كانی كۆمه‌ڵگه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر شاعیر ده‌بێت و شاعیر ناتواێ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه بژی. بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ستیاری شاعیر به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ركه‌وتانه‌ی به‌ری ده‌كه‌ون.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه‌یه قسه‌كردنه له‌سه‌ر شیعری (رێگه‌كان ناچنه‌وه رۆمان، رێگه‌كان هه‌ر هه‌موو دێنه‌وه به‌ر سه‌را)ی دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی. ئه‌م شیعره، شیعرێكی جیاوازی ئه‌م شاعیره‌یه، به‌و پێیه‌ی له هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تدا خولقاوه، كه ئه‌ویش خۆپیشاندانه دوو مانگییه‌كه‌ی ئه‌مساڵی به‌ر سه‌رای سلێمانی بوو، بۆیه من رامان و وردبوونه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م شیعره‌م به‌پێویستزانی به‌و پێیه‌ی شیعرێكه توانیویه‌تی كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی ئه‌و رووداوانه به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری بگوێزێته‌وه. لێره‌وه ئێمه له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێكی شیعره قسه ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تیش ئه‌و بهئێستاییكردنهی شوێنی مێژوویی، كه بۆ من خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه‌یه.
له‌باره‌ی ناونیشانه‌وه
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی ناونیشان له شیعری دوای راپه‌ڕیندا بده‌ین، ده‌بینین به‌شێكی زۆر له ناونیشانه‌كان ناونیشانی درێژن، یان دروستتر بڵێین دێڕێك له شیعره‌كه، یان په‌ره‌گرافێكی بچووك كراوه‌ته ناونیشان. بێگومان من ناتوانم له ئێستادا و به سه‌رپێی حوكم له‌سه‌ر ئه‌م جۆره له ناونیشان بده‌م، به‌ڵام راموایه كه ئه‌مه وه‌كو دیارده‌یه‌كی نوێی نێو شیعری كوردی ده‌رده‌كه‌وێت كه له شیعری هه‌ریه‌ك له شاعیرانی نه‌وه‌ی (دلاوه‌ر)دا ده‌یبینینه‌وه و ئه‌م حاڵه‌ته لای (دلاوه‌ر) به ته‌واوی هه‌ستی پێده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌وی په‌یوه‌ندی به رای تایبه‌تی منه‌وه هه‌بێت من راموایه به‌شێكی زۆر له ناونیشانانه هیچ هێزێكی هونه‌ری و ئیستاتیكییان نییه و هه‌ست به‌وه‌ش ده‌كرێت، كه شاعیرانی نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به ناوهڕۆك به پله‌ی یه‌كه‌م و ته‌كنینكی ده‌قه‌كه به پله‌ی دووه‌م ده‌ده‌ن ، ئه‌وه‌نده خۆیان به جوانكاری له ناونیشان و هه‌ڵبژاردنی ده‌ستپێكی سه‌رنجڕاكێش بۆ تێكسته‌كان خه‌ریك نه‌كردووه.
له‌م شیعره‌دا (رێگه‌كان ناچنه‌وه رۆمان، رێگه‌كان هه‌ر هه‌موو دێنه‌وه به‌ر سه‌را)، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی ناونیشانێكی درێژی به‌كاربردووه و هه‌مان مانا ده‌كرا به چه‌ند وشه‌یه‌كی كورتتر گوزارشتی لێبكرایه، بۆیه من راموایه درێژی ئه‌م ناونیشانه به‌شێك له ئیستاتیكای ده‌قه‌كه‌ی كوشتووه، یان بۆته زیان بۆی.
ئه‌گه‌ر له رووی بونیاده‌وه سه‌ری ناونیشانه‌كه بكه‌ین ناونیشانه‌كه گوزارشته له دوو شوێن كه زۆر دوورن له یه‌كترییه‌وه و زیاتر وه‌كو دوو شوێنی دژ شاعیر به‌كاری بردوون، كه ئه‌وانیش (رۆما) و (سه‌را) كه هه‌ردووكیان دوو شوێنی مێژووی گرنگن یه‌كه‌میان له زاكیری ئه‌وروپییه‌كان و به‌شێكی زۆر مرۆڤایه‌تیدا بوونی هه‌یه، كه ئیمپراتۆریه‌تێك تێیدا حوكمی كردووه. هاوكات (سه‌را)ش شوێنی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كردنی یه‌كێك له میره گه‌وره‌كانی كورد بووه كه بابانهكانن. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له مێژووی رابردووی بیسته‌می شاری سلێمانیدا (سه‌را) پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌بووه و رۆڵێكی به‌رچاوی له رووداوه مێژوویی و سیاسیی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی ئه‌م شاره‌دا هه‌بووه. بۆیه ئه‌گه‌ر واز له لایه‌نه هونه‌رییه‌كه‌ی ناونیشانی ئه‌م شیعره بهێنین، ده‌بینین ئه‌م ناونیشانه له رووی واتاییه‌وه كاتێك شیكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ین هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین شاعیر به مه‌به‌ست ئه‌م ناونیشانه‌ی بۆ تێكسته‌كه هه‌ڵبژاردووه.
ئه‌گه‌ر كه‌مێك له ناونیشان دوور بكه‌وینه‌وه بچینه سه‌ر ده‌ستپێكی شیعره‌كه به‌ر شوێنێكی تر دهكهوێن كه ئه‌ویش (بانه)یه. ئه‌م شوێنه له زاكیره‌ی ئێمه‌ی كوردا شوێنێكی دیار و جێگیره و به‌هۆی چه‌ند په‌ندێكی كوردییه‌وه له زانكیرهكاندا چه‌سپاوه. به‌ڵام لێره‌شدا شاعیر دیسان دژی ئه‌و په‌نده وه‌ستاوه‌ته‌وه و ده‌ستپێكه‌كه به‌مشێوه‌یه‌یه:
“رێگه‌كان نهدێنهوه بانه و
نه ده‌چنه‌وه رۆمان
دواجار هه‌موو رێگه‌كان دێنه‌وه ئێره
دێنه‌وه به‌ر سه‌را”
ئه‌گه‌ر له په‌نده كوردییه‌كه‌دا (هه‌موو رێگه‌كان بچنه‌وه بانه) ئه‌وا له ئێستاوه و پاش ئه‌و رووداوانه‌ی سلێمانی و سووربوونی شه‌قام به خوێنی نه‌وه‌كانی دوای راپه‌ڕین هه‌موو رێگه‌كان دێنه‌وه سه‌را. به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م سێ شوێنه به‌م شێوه دژه له‌م ده‌ستپێكه‌دا جوانییه‌كی تایبه‌تی به ده‌قه‌كه به‌خشیوه و بۆته كلیك بۆ چوونه نێو جیهانی به‌رفراوانی ده‌قه‌كه‌وه، كه هه‌ر ئه‌م ده‌ستپێكه بۆته یاریده‌ده‌ر بۆ روونكردنه‌وه‌ی ته‌واوی مه‌به‌ستی ناونیشانه‌كه. به‌گشتی لهناونیشانهكهدا ئه‌وه ده‌خوێنرێته‌وه كه رووداو ده‌قه‌كه‌ی خولقاندووه و هه‌ست به بوونی هه‌یمه‌نه‌ی شوێن ده‌كرێن هه‌م به‌سه‌ر ناونیشانه‌كه‌وه و هه‌م له ده‌ستپێكی ده‌قه‌كه و هاوكات له كۆی تێكسته‌كه‌شدا شوێن پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه، چونكه دواجار كۆی شیعره‌كه گوێزانه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌كی نه‌بینراوی شوێنێكه، كه دوومانگ ببوه به‌شێك له دانیشتوانی سلێمانی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری.
شیعر و رووداو
له چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌هۆی چه‌ندین گۆڕانكاری جۆراوجۆره‌وه هه‌ر له په‌یدابوون و په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆژیا و هه‌م له بێڕێزیكردنی به‌شێك له بنووسانی شیعر به شیعر هه‌ست به كاڵبوونه‌وه‌ی شیعر ده‌كرا له‌نێو خوێنه‌ر و وه‌خت بوو په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوانه تا بێت كاڵتر و كاڵتر بێته‌وه. هاوكات بایه‌خنه‌دانی بڵاوكراوه‌كانیش به شیعر و هه‌ڵبژاردنی ده‌قی جوان و ئیستاتیكی دیسان بووه هۆی زیان بۆ سه‌ر شیعر وه‌كو كۆنترین ژانری ئه‌ده‌بی ئێمه.
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌یری شیعری دوای راپه‌ڕین بكه‌ین ده‌بینین كه په‌یوه‌ندی دوانه‌ی شیعر و رووداو به‌شێوه‌یه‌ك كاڵبۆته‌وه، كه شیعر له ئاستی هیچ كام له‌و رووداوانه‌دا نه‌بووه كه روویانداوه، یان زۆر كه‌من ئه‌و ده‌قانه‌ی له ئاست ئه‌و رووداوانهدابوون، كه روویانداوه، یان توانیویانه رووداوه‌كانی پێشتر بنووسنه‌وه و وێنه نه‌بینراوه‌كانی بهێنه گۆ. ره‌نگه (شێركۆ بێكه‌س و جه‌مال غه‌مبار) دوو نموونه‌ی زۆر دیاربن، كه توانیویانه له‌سه‌ر رووداوێكی وه‌ك ئه‌نفال وێنه نهبینراوهكانمان بۆ بگوێزنه‌وه و له رێی وشه‌وه گوزارشت له‌و زامه بكه‌ن كه ئه‌م كاره‌ساته كردییه رۆحی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه. به‌ڵام دلاوه‌ریش هه‌وڵی جوان و ناوازی له‌م بواره‌دا هه‌یه. ره‌نگه پێویست نه‌كات نموونه له كاره‌كانی پێشتر ئه‌م شاعیره بهێنینه‌وه، چونكه ئه‌م شیعره‌ی ئێستای باشترین و زیندووترین نموونه‌یه له‌به‌رده‌ستماندا، كه هه‌وڵی به شیعركردنی رووداوه‌كانی پاش 17ی شوباتی داوه و وێنه نه‌بینراو و نه‌نووسراوه‌كانی (سه‌را) بنووسێته‌وه. سهرایهك كه ببوه جێی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو ره‌نگه‌كان و هه‌موو ئه‌و بێده‌نگانه‌ی له‌وێوه گوێیان له ده‌نگی خۆیان و ئه‌وانی تر ده‌گرت.
(سه‌را) له‌م ده‌قه‌كه‌دا گه‌وره‌تره له‌وه‌ی ئێمه هه‌ستمان پێكردووه و به‌ری كه‌وتووین ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه ئه‌مه‌ی شاعیر خولقاندوویه‌تی وێنه راسته‌قینه‌كه‌ی (سه‌را)یه، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه رۆژانه هه‌ستمان به‌ری كه‌وتووین. هه‌ر لێره‌وه‌یه كه باس دێته سه‌ر شاعیر وه‌كو كائینێك باس له‌وه ده‌كرێت كه شاعیر كائینێكی هه‌ستیارتره له مرۆڤێكی ئاسایی چاوێكی تری هه‌یه كه ئه‌و وێنانه ده‌بینێت كه مرۆڤه‌كانی تر نایبینن و توانای بینینیان نییه، خاوه‌نی هه‌ستێكه كه ئه‌وانی تر توانای درككرنیان نییه.
ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌مه‌وه ئه‌وه‌یه كه رووداوه‌كان شیعریان گه‌ڕانده‌وه بۆ نێو خه‌ڵك، بۆ نێو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه وه‌خت بوو له شیعر دوور بكه‌ونه‌وه و چێژی شیعر خوێندنه‌وه‌یان به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌چوو. بۆیه ئه‌م شیعره دیسان دوانه‌ی شیعر و رووداوی پێكه‌وه ئاشت كرده‌وه و ئه‌م دوانه‌یه هاوشانی یه‌كتری و به هاوته‌ریبی خوێنه‌ر تا دوا مه‌نزڵگه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌به‌ن.
شیعر و هه‌ڵچوون
له‌م به‌شه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌سه‌ر هه‌ردوو چه‌مكی شیعر و هه‌ڵچوون بدوێم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و هاوكات به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا بگه‌ڕێم، كه ئایا ئه‌م شیعری دلاوه‌ر له هه‌ڵچوونه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه یان نا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵچوونه چ جۆره ههڵچوونێكه و تاچه‌ند له خزمه‌تی ئاسته هونه‌ری و ته‌كنیكییه‌كانی ده‌قه‌كه‌دایه؟
ئه‌گه‌ر به سه‌رنجه‌وه له شیعری كوردی بڕوانین ده‌بینین ده‌قگه‌لێكی زۆر وابه‌سته‌بوون به رووداوه‌كانه‌وه و ره‌نگه ناسراوترین دووچامهی نێو ئه‌ده‌بی كوردی، كه رووداو خولقاندوویانه دوو چامه‌كه‌ی (نالی و سالم) بێت، به‌ڵام پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه، كه ئایا ئه‌و دوو چامه‌یه له ژێر كاریگه‌ری هه‌ڵچووندا نووسراون؟ یان ئه‌و جۆره هه‌ڵچوونه‌ی ئه‌و دوو قه‌سیده نه‌مره‌ی خولقاندووه چ جۆره ههڵچوونێكه؟ من لاموایه به‌شێكی گرنگی نووسینی شیعر په‌یوه‌ندی به هه‌ڵچوون و داچوونی ده‌روونی خودی شاعیره‌وه هه‌یه. ئه‌و به‌شه‌ی ده‌مێنێته‌وه په‌یوه‌سته به ئاستی رۆشنبیری و پاشخانی مه‌عریفی شاعیره‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا لێی بدوێن ئه‌وه‌یه شاعیر چۆن هه‌ڵچوون به شیعر ده‌كات. بۆ نموونه كاتێك رووداوێك ده‌قه‌ومێت. راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له ده‌روونی شاعیر ده‌كات. پاش ئه‌مه شاعیر كاردانه‌وه‌ی لا دروست ده‌بێت و ئه‌و كاردانه‌وانه‌ش له‌رێی وشه‌وه ده‌رده‌بڕێت. به‌ڵام ئه‌ركی شاعیر لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه ئه‌و كاردانه‌وانه‌ی (هه‌ڵچوونانه‌ی) به‌شێوه‌یه‌ك بێت، كه تێكستێكی جوان و نه‌مر فۆرمه‌له بكات، نه‌ك تێكستێكی راگوزه‌ری بێت.
ئه‌گه‌ر هه‌ردوو چامه‌كه‌ی (نالی و سالم) ته‌نها له ژێر كاریگه‌ری هه‌ڵچوونی چركهساتیدا بوونایه و ئه‌و هه‌ڵچوونانه له‌شێوه‌ی وشه‌ی نه‌مردا فۆرمه‌له نه‌كرانایه ئه‌وكات ره‌نگه نه به ئێمه ده‌گه‌یشتن و نه ئه‌وپێگه گه‌وره و سهرنجڕاكێشهیان له نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا ده‌بوو. بۆیه به شیعركردنی هه‌ڵچوونه‌كان چه‌نده په‌یوه‌ندی به گه‌وره‌یی رووداوه‌كانه‌وه هه‌بێت دوو هێنده په‌یوه‌ندی به چۆنێتی خهلقكردنهوهی له‌لایه‌ن شاعیره‌وه هه‌یه. شاعیر خالقی دووباره‌ی رووداوه‌كانه و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ده‌توانرێت بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بێت، یان بۆ زه‌مه‌نێكی دوور زیندوو بكرێنه‌وه.
(ئه‌لیۆت)ی شاعیر لای وایه شیعر گوزارشتكردن نییه له مه‌شاعیر و سۆز و هه‌ڵچوونه‌كان، به‌ڵكو هه‌ڵهاتنه له مه‌شاعیر و هه‌ڵچوونه‌كان، هه‌روه‌ها شاعیر گوزارشت له خود، یاخود كه‌سێتی خۆی ناكات، به‌ڵكو راكرنه لێی و شیعر خهلقكردنه. ده‌توانین بڵێین شیعر چه‌نده به‌هۆی رووداوه‌كانه‌وه هه‌ڵچوون لای شاعیر دروست بكات، به‌ڵام دواجار ئه‌وه هه‌ڵچوونه‌كان نییه بڕیار له داهێنانی ده‌ق ده‌دات، به‌ڵكو شیعر ته‌نها خهلقكردنهوهی رووداوه‌كانه به‌و چاو و هه‌ستانه‌ی شاعیر به‌ریان كه‌وتووه. بێگومان بۆچوونه‌كه‌ی (ئه‌لیۆت) تاڕاده‌یه‌ك راستی تێدایه، به‌ڵام ناكرێت ئه‌م قسه‌یه به موتڵه‌قی بكرێت و پێویسته رێژه‌یه‌ك بۆ گوزارشتكردنی له خودی شاعیر بهێڵرێته‌وه، چونكه شاعیریش هه‌قی نووسینه‌وه‌ی خۆی هه‌یه.
(ئه‌لیۆت) له وتاره به‌ناوبانگه‌كه‌یدا (نه‌ریته‌كان و توانای تاك) باس له‌وه ده‌كات: (پێویست ناكات شاعیر به دوای هه‌ڵچوونی تازه‌دا بگه‌ڕێت، به‌ڵكو له‌سه‌ریه‌تی ئه‌و هه‌ڵچوونانه‌ی هه‌ن به‌كاریان بهێنێ بۆ ئه‌وه‌ی ئیحساسی وای لێده‌ربهێنێت، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له هه‌ڵچوونی ئاسایدا نه‌بێت). وه‌ك ده‌بینین لێره‌شدا ئه‌م شاعیره دیسان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه شیعر خهلقكردنه و پێویسته شاعیر خۆی شتی نوێ خه‌لق بكات، نه‌ك هه‌ڵچوونه‌كان بنووسێته‌وه، یان به‌رده‌وام به‌دوای ههڵچوونهكانییهوه بێت.
ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه به‌داوی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا بگه‌ڕێن ئایا (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) ئه‌م شیعری له‌ژێركاریگه‌ری هه‌ڵچوونه‌دا نووسیوه یان نا؟ ئایا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵچوون له‌م شیعره‌دا چه‌نده و تا چه‌ند شاعیر توانیویه‌تی هه‌ڵچوون به‌شیعر بكات. بێگومان ئه‌زموونی شیعری (دلاوه‌ر) ئه‌زموونێكی تایبه‌تمه‌ندی شیعرییه، ئه‌زموونێكه به‌رده‌وام هێمنه و كار له‌سه‌ر ئه‌و شته بچووك و نه‌بینراوانه ده‌كات، كه ره‌نگه زۆرجار بۆ ئێمه گرنگ نه‌بن، به‌ڵام شاعیر دێت له رێی دواندنی ئه‌و شته نه‌بینراو و بچووكانه‌وه گرنگی و بایه‌خیان ده‌خاته‌ڕوو. واته شته‌كان خۆیان گرنگن، به‌ڵام ئێمه هه‌ستمان پێیان نه‌كردووه و (دلاوه‌ر) دێت و ئه‌و شتانه ده‌خاته‌وه شوێنی خۆیان و ده‌یه‌وێت به گرنگییه‌وه لێیان بڕوانین.
كاتێك ده‌وترێت ئه‌زموونی شیعری (دلاوه‌ر) ئه‌زموونێكی هێمنه مانای ئه‌وه نییه كه هه‌ڵچوون له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا ئاماده‌یی نییه، یان (دلاوه‌ر) تووڕه نابێت و تووڕه‌یی له‌نێو ده‌قه‌كانیدا نادۆزینه‌وه. نه‌خێر به پێچه‌وانه‌وه (دلاوه‌ر)یش شاعیرێكی توڕه‌یه، به‌ڵام تووڕه‌یی ئه‌م شاعیره به هێمنییه هه‌ر خودی ئه‌م شیعری كه ئێمه لێی ده‌دوێین به‌شێكه له تووڕه‌یی ئه‌و، به‌شێكه له‌و هه‌ڵچوونانه‌ی ئه‌و كه رۆژانه به‌ر تووڕه‌ی نه‌وه‌ی نوێ و كه‌سوكاری ئه‌و شه‌هیدانه كه‌وتووه، كه له (سه‌را) بینیوونی. ئه‌م شیعر چه‌نده به هێمنی گوزارشت له خۆی ده‌كات دوو هێنده به تووڕه‌ی ده‌ماندوێنێ تا ئاستی ئه‌وه‌ی بمانخاته گریان. چونكه قوربانییه‌كان ئاواتیان هه‌یه و له‌م شیعره‌دا ده‌دوێن.
گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌م شیعره پاش هه‌ڵچوونێك نووسراوه، به‌ڵام هه‌ست به‌و هێمنییه ده‌كه‌ین، كه باڵی به‌سه‌ر ته‌واوی شیعره‌كه‌دا كێشاوه و به‌ته‌واوی درێژكراوه‌ی ئه‌و هێمنیه‌ی ئه‌زموونی ئه‌م پیاوه‌یه. دلاوه‌ر له‌و شاعیرانه‌یه، كه تووڕه‌یی و هه‌ڵچوونه‌كانی له پشت ده‌قه‌كانه‌وه ده‌شارێته‌وه و نایه‌وێت به رووخساریانه‌وه دیار بێت. ئه‌م شاعیره له‌م حاڵه‌ته‌دا ته‌واو له شاعیری فارس (سوهرابی سپهری) ده‌چێت چۆن ئه‌ویش تووڕه‌یی هه‌ڵچوونه‌كانی له پشت ده‌قه‌كانییه‌وه ده‌شارده‌وه به‌هه‌مان شێوه‌یش دلاوه‌ریش هه‌مان كار ده‌كات، یان دروستتر بڵێم خاڵی لێكچوونی ئه‌م دوو شاعیره له‌م خاڵه‌دایه.
دواجار ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ بكرێت ئه‌وه‌یه ئه‌م شیعره‌ی دلاوه‌ر ئه‌گه‌رچی هه‌ست به‌وه ده‌كرێت له هه‌ڵچوونه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، به‌ڵام هه‌ڵچوونێكی نالی و سالم ئاسایه. یان له‌و ههڵچوونانهیه كه (شێركۆ بێكه‌س و جه‌مال غه‌مبار) له ده‌قه‌كانیاندا بۆ ئه‌نفال هه‌ستی پێده‌كرێت، واته هه‌ڵچوونێكی فۆرمه‌له كراوه و شاعیر ده‌سه‌ڵاتی ڕاوكردنی ئه‌و وێنانه‌دا هه‌بووه، كه له (سه‌را)دا بوون و ئه‌م هاتووه دووباره فۆرمه‌له‌ی كردوونه‌ته‌وه.
به‌گشتی من لاموایه شیعر و هه‌ڵچوون دوانه‌یه‌كن ده‌كرێت به‌ریه‌ك بكه‌ون، ده‌كرێت شاعیر سوود له هه‌ڵچوونه‌كان ببینێت، به‌ڵام به شیعركردنی هه‌ڵچوونه‌كان شاعیر ده‌كاته شاعیرێكی نه‌مر و داهێنه‌ر.
به ئێستاییكردنی شوێنی مێژوویی
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی ده‌مه‌وێت له‌سه‌ری بوه‌ستم بایه‌خدانی شاعیره به شوێن. ئه‌م بایه‌خدانه به‌شێوه‌یه‌كه شوێن وه‌كو سه‌نته‌رێك بۆ رووداوه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت. سێ شوێن له‌م شیعره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی دیار ده‌رده‌كه‌ون كه ئه‌وانیش (بانه، رۆما و سه‌را)ن. هه‌ر سێ شوێنه‌كه وه‌كو سێ شوێنی مێژوویی به‌ده‌ر ده‌كه‌ون، به‌ڵام شوێنی سێیه‌میان كه (سه‌را)یه وه‌كو شوێنێكی هۆگر ده‌رده‌كه‌وێت. لێره‌دا نامه‌وێت له‌سه‌ر جۆره‌كانی شوێن بدوێم، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كورت تیشك ده‌خه‌مه سه‌ر ئه‌و دوو جۆره‌ی كه پێویستن بۆ ئه‌م باسه.
شوێنی مێژوویی لای (د.ئیبراهیم جنداری) ئه‌و شوێنانه‌یه، كه بۆنی سه‌ده و نه‌وه‌ی رابردوویان لێدێت، به ئاماژه‌كردن به ریشه‌ی قووڵی مێژوویی شوێن، یان ئه‌و شوێنانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به ره‌وتی كاته‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندییان به سه‌رده‌می رابردووه‌وه هه‌یه. هه‌ردوو شوێنی (بانه و رۆما) كه دوو شاری جیاوازن و یه‌كه‌میشیان وه‌كو شوێنێكی هۆگریش دێته به‌رچاو به له‌به‌رچاوگرتنی په‌نده كوردییه و كوردبوونی شاعیر، به‌ڵام له ئاسته گشتییه‌كه‌یدا مامه‌ڵه‌یه‌كی مێژووی له‌گه‌ڵدا كراوه به‌و پێیه‌ی ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و په‌نده‌ی له پێشووتر خستمانه‌ڕوو. به‌ڵام (رۆما) به‌ته‌واوی مامه‌ڵه‌ی شوێنێكی مێژوویی له‌گه‌ڵدا كراوه. یان دروستتره بڵێم ئێمه له تێكسته‌كه‌دا به‌و شێوه‌یه ده‌یبینین.
هه‌رچی شوێنی هۆگریشه ئه‌و شوێنه‌یه كه تاك تیایدا به‌شێكه له كۆمه‌ڵێكی مرۆیی و په‌یوه‌ندی هه‌یه پێیانه‌وه، هه‌سته‌كانی و پێویستییه رۆحییه‌كانی له‌و شوێنه‌دا تێربووه و هزر و یادگاری و خه‌ونه‌كانی تیا ئاوێته بوون و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی له‌و ژینگانه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه و گه‌شه‌یان كردووه.
ره‌نگه دیارترین پرسیار ئه‌وه بێت چۆن (سه‌را) ده‌بێته شوێنێكی هۆگر. ئه‌گه‌ر ئێمه واز له‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان خودی شاعیر و سه‌را بهێنین و ته‌نها لهدهقهكهوه سه‌یر بكه‌ین ده‌بینین له‌وێشدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو سه‌را ده‌بێته شوێنێكی هۆگر. (سه‌را) له زاكیره‌ی خه‌ڵكی سلێمانیدا شوێنێكی ره‌مزییه بۆ زۆر شۆڕش و جوڵانه‌وه‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و كولتووری ئه‌مشاره. بۆیه (سه‌را) له زانكیرهی هه‌موو تاكێكی خه‌ڵكی سلێمانیدا شوێنێكی هۆگره. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه (سه‌را) له‌م شیعره‌دا بۆته شوێنێكی هۆگر و شاعیر چه‌ندجارێك ئه‌مه‌ی ناڕاسته‌وخۆ دووباره كردۆته‌وه:
“له سه‌را به كۆمه‌ڵ راده‌وه‌ستین و وێنه ده‌گرین
له‌سه‌را ده‌زانین چ عاشقین
له سه‌را به چاو ته‌ماشای یه‌كدی ده‌كه‌ین
له سه‌را ده‌زانین چ به‌چێژه راوه‌ستان له‌گه‌ڵا خه‌ڵك”
له ته‌واوی ئه‌م دێڕانه‌دا هۆگربوونی شاعیر به‌و شوێنه‌وه، كه سه‌رایه ده‌بینینه‌وه و هه‌ربۆیه 25 جار راسته‌وخۆ وشه‌ی (سه‌را)ی به‌كارهێناوه ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ناراسته‌وخۆش ئاماژه‌ی بۆ هه‌مان شوێن كردووه وه‌كو (به‌رده‌ركی ئازادی)، كه دیسان ئه‌مه‌ش هێمایه بۆ (سه‌را).
له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی (سه‌را) شوێنێكی مێژوویی شاری سلێمانییه و چه‌ندین رووداوی جۆراوجۆری تێدا تۆماركراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م شیعره‌دا ده‌بینرێت مامه‌ڵه‌یه‌كی ئێستاییانهیه. مامه‌ڵه‌كردنی دلاوه‌ر مامه‌ڵه‌كردنێكی مێژوویی نییه له‌گه‌ڵا سه‌رادا، به‌ڵكو مامه‌ڵه‌كردنێكی ئێستاییانهیه ئه‌وه ئێستای سه‌رایه هاتۆته نێو شیعره‌كه‌ی دلاوه‌ر، نه‌ك ئه‌و سه‌رایه‌ی كه شێخ مه‌حمود حكومه‌ته‌كه‌ی تێدا جاڕداوه و له 6 ئه‌یلولی 1930دا یه‌كه‌م خۆپیشاندانی خوێناوی تێدا كراوه، كه به‌شێك له مێژوو نووسان وه‌ك یه‌كه‌م جوڵانه‌وه‌ی مه‌ده‌نی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان ناوی ده‌بن. دلاوه‌ر ئێستای سه‌را ده‌دوێنێت و وێنه‌ی ئێستا به‌شیعر ده‌كات. بۆیه مامه‌ڵه‌كردنی شاعیر له‌گه‌ڵا ئه‌و شوێنه مێژووییه‌ی كه (سه‌را)یه گۆڕیوه بۆ مامه‌ڵه‌كردنێكی ئێستایی، هه‌ر بۆیه من ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه نه‌كرد كه (سه‌را) وه‌كو شوێنێكی مێژوویی بناسێنم، چونكه (سه‌را) ئاماده‌بوونێكی مێژوویی نییه له‌م ده‌قه‌دا. دلاوه‌ر نایه‌وێت ئاماده‌بوونێكی مێژوویشی هه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌و (سه‌را)ی ئێستای لا مه‌به‌سته، نه‌ك سه‌رای رابردوو. ئه‌و له‌گه‌ڵا (سه‌را)ی ئێستادا ده‌ژی، نه‌ك رابردوو. هه‌ر بۆیه ته‌واوی ئه‌و هه‌یمه‌نه‌ی شوێنه‌ی له‌م ده‌قه‌دا ده‌بینرێت ته‌نها بۆ به ئێستاییكردنی شوێنێكی مێژووییه، چونكه ئه‌وه ئێستایه جوانی و نه‌مری به‌م شوێنه ده‌داته‌وه و ئه‌م شوێنه له زاكیره‌ی، نه‌ك ته‌نها خه‌ڵكی سلێمانیدا، به‌ڵكو ته‌واوی كوردانی له هه‌موو دنیا ده‌بێته شوێنێكی هۆگر. كه ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه‌یه كه سه‌را له‌م ده‌قه‌دا بۆته سه‌نته‌ری ده‌قه‌كه.
له‌بری كۆتایی
من لێره‌دا ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌رفه‌تی له‌سه‌ر وه‌ستانم بۆ ئه‌م ده‌قه هه‌بوو، بێگومان ئه‌م شیعره ره‌هه‌ندی تر دنیابینی تریشی له خۆگرتووه كه ده‌كرێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و ره‌نگه ئه‌مه‌ی لێره‌دا خرایه‌روو ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بێت ئه‌م تێكسته، به‌ڵام هه‌ڵده‌گرێت له چه‌ند لایه‌نێكی تریشه‌وه خوێندنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی بۆ بكرێت. به‌ڵام خاڵی دیاری ئه‌م ده‌قه كه منی بۆ لای خۆی راكێشا ئه‌و به ئێستاییكردنهی شوێنی مێژوویی بوو، شاعیر زۆر به وریاییه‌وه (سه‌را)ی له شوێنێكی مێژووییه‌وه كردووه به شوێنێكی ئێستایی، كه ئه‌مه خاڵێكی گرنگ و جه‌وهه‌ری ده‌قه‌كه‌یه و لاموایه هه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه وه‌ربگرێت ده‌قه‌كه ده‌كاته ده‌قێكی نه‌مر و داهێنه‌رانه. به‌و هێوایه‌ی خوێندنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی تری ئه‌م ده‌قه پشتگوێ نه‌خرێت. چونكه رووداوه‌كانی ئه‌و دوو مانگه‌ی خۆپیشاندانه‌كان چه‌نده گه‌وره بووبن، ئه‌م شیعره‌ی دلاوه‌ریش ئه‌وه‌نده جوانی له‌خۆگرتووه. واته له ده‌قه‌كه‌ی دلاوه‌ردا هه‌ست به گۆڕانێكی سیستماتیكی له پێناسی (سه‌را)دا ده‌بینین له شوێنێكی مێژووییه‌وه بۆ شوێنێكی ئێستایی و دواجاریش وه‌كو شوێنێكی هۆگر له ده‌قه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه.
ئارام سدیق
سه‌رچاوه‌كان:
*دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، رێگه‌كان ناچنه‌وه رۆمان، رێگه‌كان هه‌ر هه‌موو دێنه‌وه به‌ر سه‌را-شیعر، رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره (720) رۆژی (6/4/2011).
*د.شكری عه‌زیز، تیۆری ئه‌ده‌ب، وه‌رگێڕانی: پ.ی.د.سه‌ردار حه‌مه‌د گه‌ردی، چاپخانه‌ی ماردین هه‌ولێر (2010).
*تانیا ئه‌سعه‌د محه‌مه‌د ساڵح، بینایی شوێن له دوو نموونه‌ی رۆمانی كوردیدا-لێكۆڵینه‌وه، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی (2011).