Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
فەلسەفەی ئازادیی! …..4

فەلسەفەی ئازادیی! …..4

Closed
by September 27, 2011 فەلسەفە

 
به‌شی چواره‌م:

به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌، هه‌ڵبژاردن، کارکردن

تا هه‌لومه‌رجبه‌ندیی یەکەت سەختتر و توندتر بێ، توانستی وەڵامدانەوەت کەمتر و ئەرکتر گەورەتر دەبێ. تۆ هەمیشە دەتوانی خۆت بیت، لەگەڵ خۆت بیت، بۆ خۆت بیت، خاوەنی بیرکردنەوەی ئازادانەی خۆت بیت. تۆ تەنیا یەك جۆرە هه‌لومه‌رجبه‌ندیی باوی کۆمەڵەکەمان وەرگرە:
حیزبایەتی:
بەراستی، بەدروستی، بە ئەمانەت و ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆت و ویژدانت لەو هەلومەرج بەندییە رامێنە و تێی بگە:
ئایا بەراستی تۆ حەزت لێیەتی؟
ئایا لەگەڵ هەستیاری ئۆرگانی و رۆحی تۆدا تەبایە؟
ئایا هەست دەکەی توانسازی کردووی یان توانسستی کردووی؟
ئازادی کردووی یان کۆنترۆڵی کردووی؟
ناوەوەی دەوڵەمەند کردووی، یان هەستەکانی داماڵیوی؟
مرۆڤایەتی تۆی تازەکردۆتەوە، یان لە مرۆڤایەتی دابڕیوی؟
هەستی هاوڵاتی بەهێز کردووی، یان سڕو سارد و نەکاری کردووی؟
ئایا بەرژەوەندی خۆپەرستانەی ناکۆك لەگەڵ رۆح و ویژدانی بۆ درووست کردووی یان دەرفەتی خزمەت و خۆسەلماندن و پێگەیشتن و خۆشەویستی خۆت و خەڵکی پێ بەخشیوی؟
ئایا ئازادی کردووی یان کۆیلە؟ راستگۆی کردووی یان خۆده‌رخه‌رو ساخته‌کار؟
تۆ ئەم پرسیارانە و هەر پرسیارێکی دی بە خەیاڵت دادێن، بەراوردی بکە و بە ئازایی و ئازادیی وەڵامیان بدەوە.
ئەوسا بزانە ئایا ئەو هه‌لومه‌رجبه‌ندیی یە حیزبییەت پێخۆشە؟
دەتەوێ بیهێلیتەوە یان دەتەوێ ئازادبی لێی؟ یان بیگۆڕی؟ دەتەوێ لە شوێنی خۆت بچەقی- یان هەموو کۆست و ئەلقەکان ببینی.
بەڵام دیارە وەڵامەکە: ئەرێ- ش بێ، کارەکە هێندە ئاسان نییه‌، گەر بەو هەلومەرج بەندییە ڕازی بی: ئەوا یان هیچ ناکەی و وەك خۆی دەیهێلیتەوە: رەنگە کۆیلەبم بەڵام کۆیلایەتی بۆ من چاکە!
ئەمەشیان ئیختیاری خۆتە.
گەر پێشی ڕازی نەبی بەڵام بگەیتە ئەو ئاکام و بڕیارەی کە چارەت نییه‌ و بەبێ ئەو هەلومەرجانە هیچت پێ ناکرێ و بۆ ناکرێ: ئەوا دیسانەوە تۆ بڕیاری دواییت لە سەر خۆت داوە: خۆت لەگەڵ لاشەی مردووی ڕابردووی خۆتدا دەژی!
ئەمەش ئیختیاری خۆتە، نەك فەرمانی دەوروبەر.
ئاگاداریت لە ئاست و ڕاددە و دامێنەکانی مەرجبەندییت، بەرژەوەندیی بەرچاو، پێوەندییە دامەزراوەکانت و خۆشی ڕواڵەت، ڕۆتینی ژیانت کاری تێ دەکا.
تۆ ناتوانی حەقیقەتی هه‌لومه‌رجبه‌ندییەکەت بزانی، راستی کارکردنی لەژیانت لێك بدەیتەوە، مەترسی خۆونکردنت لەناویدا یان بەهۆیەوە بزانی.
ناتوانی هه‌لومه‌رجبه‌ندییەکەت وەك حەقیقەتێکی کات و شوێن و پرۆسەی دەسەڵات شیکەیتەوە و تێی بگەیت. هەموو شتەکان لە دەوروبەرت ئاسایی دەنوێنن، ئارام و خۆشیت پێ دەدەن: ژنەکەت خۆش دەوێ، ماڵ و حاڵی باشت هەیە، مووچەکەت باشە و پارەت زۆرە، لە هیچت کەم نییه‌، لە خوا بەزیادبێ.
 بەمە قفڵی حەقیقەتی هه‌لومه‌رجبه‌ندییەکەت دەدەی، دەرگای لەسەر دادەخەی لە هیچ پەنجەرەیەکی مەیلەو کراوەشەوە بۆ دەرەوە ناڕوانی: لەگەڵ حەقیقەتی ئێستایی ناوەوەی خۆشتدا پەیمانی فەرامۆشی و خۆتێنەگەیاندنت بەستووە.
ئایا هیچ شتێ هەیە وات لێ بکات تێ بگەی ئەم هه‌لومه‌رجبه‌ندیی یە لەبار و دیار و ئاسایی- کارە رەنگە هەڵخڵەتێنەرانەبێ، ڕەنگە زیاد لە پێویست خۆت بەدەستییەوە دابێ، رێگەت دابێ ناوەوەت بسڕێتەوە یان بخنکێنێ، لەگەڵ حەقیقەتی خۆتدا نامۆ بێ.
هەتا شتەکان لە دەرەوە ئاسایی بن، تۆش کوڕە بێباکەی خۆتی. تۆ لەگەڵ باری باو(ستایتس کۆ) ی، بەوەوە ماوی و پیاوی. بەڵام: گەر هەر هۆکارێ لە رێگای خۆی هەڵبەزیەوە، هەر شێوانێ کەوتە شێوازی ڕۆتینەوە، هەر هەرەشەیە سەری هەڵدا، ئەوسا؟!
ئەو کاتەی پێ دەزانی: ژنەکەت حەز لە کەسێکی دی دەکا، مناڵەکەت بەجێت دێڵن، هەلومەرجی ئابووری جەنگ، ئاژاوە: وا دەکەن پارە و سامانەکەت لە دەست بچێ. بە هەق یان ناهەق لەسەر کارەکەت لادەبردرێی، کارەسات و ڕێکەوتنێکی ناخۆشت بەسەردێ، هتد ئه‌وسا ڕۆتینی ژیانت سەر لەبەر بەراوەژوودەبێتەوە.
ئەوسا هەست دەکەی چەند هەلومەرجبەند بووی.
کاتێ تۆ ناتوانی بێباك و فرامۆشکار بی، کاتێ تۆ ناچار دەبی بەرامبەر هەر ناسازی و نارەحەتییەك بجەنگی، کە فێر دەبی بە هۆشێکی تیژەوە ئاگات لە هەڕەشەکانی دەرەوە بێ: ئەوسا دەزانی تا چ ڕادەییەك هه‌لومه‌رجبه‌ندیی.
مادام هەر یەکێك لە ئێمە لەهەر لەحزەیەکی ژیانمادا هەست دەکەین کەم یان زۆر جۆرە نا ئارامی و قەلەقێکی بوونیاریی ڕاست یان خەیاڵیمان هەیە: ئەو دڵەخورپەیە، ئه‌و ترسه‌، ئه‌و له‌قه‌ له‌قه‌‌ ئەوە نیشان دەدا کە ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ هەموو دەمێ هه‌لومه‌رجبه‌ندیین.
هەمیشە مەراقێکمان هەیە دەربارەی خێزان، ژیان، سیاسەت، باری ئابووری، پاشەڕۆژ، بەربەریەت، تراژدیاکانی دنیا، مردن: لە هەموو ئەمانەوە هەست دەکەین مەودایەکی چەندە تەسك و تەنگەبەری ئازادی و بەختەوەریمان هەیە، چەندە بە سەختی و بە بەربڵاوی- لە دوور و نزیکەوە، هەلومەرج بەند کراوین.
چ دەربارەی ئەمانە دەکەی؟
قبووڵی دەکەی و بە پشت یەشەوە پاڵ دەدەیتەوە، بە سەریەشەوە سەر دەخەیتە سەر سەرین؟ لەگەڵ ریتمەکانی ڕادێی؟ پاراسیتۆڵ دەخۆی؟ دەخۆیتەوە؟ گوێ نادەیتێ و وا خەیاڵ دەکەی وا قەناعەت بە خۆشت دەکەی هەر نییه‌ و نابێ و ڕوو نادا؟
ئێمەی مرۆڤ هەموو ئەو نیازڕۆییەمان هەیە کە شتەکان قبوڵ بکەین، لەگەڵیان هەڵکەین، ڕابێین.. پاکانەی خۆمان بەوە بکەین کە ئەوە هەل و مەرجە، مێژووە، دنیا وایە، قەدەرە، چارەنووسە.
هه‌میشه‌ دەڵێین: گەر هەلومەرج وا نەبووایە شتێکی تر دەبووم، مرۆڤێکی تر دەبووم، گەر لەم وڵاتە لەدایك نەبامایە چانسێکی باشترم دەبوو، هەمیشە ئەوانی دی، خەڵکی تر، دنیا، مێژوو بە هۆکاری ناتەواوییەکان و هه‌لومه‌رجبه‌ندیی خۆمان دەزانین.
گلەیی لە ڕۆژگار دەکەین.
بەڵام ئەوە سڕینەوەی خودو دروستکردنی کەسێکی خەیاڵی ئایدیالی یە لە جێگەی خۆت کە نەتۆ دەبی بە ئەو، نەئەو دەبێ بە تۆ.
تۆ خودی خۆت، خۆیەتی خۆت، ئازادی ناوەوەی خۆت، وزەی بێ بنی خۆشەویستی وبەخشینی خۆت: لە هه‌لومه‌رجبه‌ندییدا بەند دەکەی.

گەر ئێمە بە نارەحەتی، نا ئاسودەیی، ڕۆتینی هەلومەرجی نالەبار ڕاهاتین، مانای ئەوەیە مێشکمان دەتەپێ، هەستەکانمان سڕ دەبن، هەستیاریمان نامێنێ، هوشیاریمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەوەمان لەبیر دەچێتەوە چ هێز و وزەیەکی رۆحی گەورەمان بۆ گۆڕینی خۆمان، خێزان، دەوروبەرمان، کۆمەڵ و جیهان هەیە.
ئەوەمان لەبیر دەچێتەوە کە زۆر ڕێرەوی مێژوو کەسانێکی کەمی ئازاو ئازاد گۆڕیویانە.
بۆچی ئێمە تەسلیمی هه‌لومه‌رجبه‌ندیی  دەبین؟
بۆچی ئێمە لە حەقیقەت ڕادەکەین؟
ئایا لە ترس دەترسین؟ لە هەژاری دەترسین؟ لە مردن دەترسین؟ لە سەرنەکەوتن و شکست دەترسین؟ ئێمە دەتوانین سەدان بەهانە و بیانوو، یان بەڵگە و فاکت بۆ خۆدزینەوە لەڕاستییەکان بدۆزینەوە.

درێژەی هەیە…..

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.