کاتێ بۆ شیعر (2) ….. د. که‌مال میراوده‌لی
ئاو-وێنه-کان
(1) حه‌قیقه‌ت
هه‌موو شه‌قامه‌کانی مێژوو
جێی پێی تۆناکه‌نه‌وه
هه‌موو دیواره‌کانی جوگرافیا
پۆرترێتێکی تۆ هه‌ڵناواسن
دڵدارم ئه‌م ڕووباره خوڕه‌ی دێ
ته‌نیا به تونێڵی دۆزه‌خا ده‌ڕوا
ناتوانین دووجار له هه‌مان شه‌پۆل بده‌ین
به ڕووتی له‌سه‌ر رۆخی سه‌هۆڵبه‌ندانی پێش مێژوو
هه‌ڵده‌له‌رزین
گه‌یشتووینه‌ته به‌ر قاپی ئه‌م چه‌رخه چوارچاوه
شه‌و هی ئه‌وانه
ڕۆژ هی ئه‌وانه
ڕه‌شبه‌ڵه‌کی وه‌رزه‌کان هی ئه‌وانه
گه‌وهه‌ری زه‌وی و ده‌ریا هی ئه‌وانه
ئێمه ته‌نیاین
ئێمه وه‌ک هه‌نگوینی حه‌رام
له‌ناو شانه‌یه‌کی له‌بیرکراوی ئه‌فسانه‌دا
له ناو کلۆره دارێکی مێژوودا
قه‌تیس ماوین
هێشتا له‌شمان بۆ په‌تی سێداره باڵق نه‌بووه
ئێمه ده‌گرین و ده‌گرین
ئه‌وان وه‌ک دیواری گڵ
ده خوسێن و ده‌تلیسێنه‌وه
بۆیه ئێستا هه‌موو داڵه‌کان
ڕاوی چاوه بریقه داره‌کان ده‌که‌ن
نه‌بادا مێژوو له ناکاوێکدا
له حه‌قیقه‌تی دلۆپه فرمێسکێکدا
شک له‌خۆی بکات
شکایه‌ت له خۆی بکات
(2) ڕووت
ژنێکی ڕووت وه‌ک سه‌رما، وه‌ک ئاسمان،
وه‌ک پایز
قژی به باران داهێناوه
قامکه لاوازه کانی
هێشوویه‌ک ئه‌ستێره‌یان پێوه هه‌ڵواسراوه
گۆشتی: حه‌رامتر له گۆشتی به‌راز
به تامتر له قارچکی بر‌ژاو به ئاگری برسێتی،
سووتانی ئێسقان به‌سه‌ر پشکۆکانه‌وه
بۆنسۆی له‌زه‌ت
بۆنکڕوزی پرچی ته‌ڕ
گیاته‌ڕی تازه درواو به داسی هه‌وه‌س
تا کزرتر ده بێته‌وه به‌رامه‌ی پتره
ڕۆح ده‌کاته چاوێکی ئه‌بڵه‌قی شه‌هوه‌ت
ژنێک: ڕوونتر له ئاوی ڕوون و
کوڵاوتر له شیری هه‌ڵقرچاو.
(3) نیشتیمان
نیشتیمانم نه‌بوو
ئه‌و بوو به هی من، من بووم به هی ئه‌و
ئه‌و برسیی کردم به به‌ڵێنی تێر بوون
غه‌ریب نسیبی غه‌ریبه
له نێوان زه‌ماوه‌ندی به هارو زیزیی پایزدا
پرچی گه‌شتی وه‌رزه‌کان ده‌کا
له شه‌کانه‌وه‌یدا
گه‌شه‌گیای نیسانیی و پووشپه‌ڕی پایزیی
به بارانی ناوه‌خت ته‌ڕده‌کاته‌وه
ده‌موچاوم ده‌بێته تابلۆیه‌کی هه‌ڵواسراو
له بن مه‌مکیه‌وه
جۆگایه‌کی شیری شلوێ
به‌سه‌ر ده‌م و لێوما ده‌ڕژێ
لێوم به قۆڵم و قۆڵم به لێوم ده‌سڕمه‌وه
پرچه‌کانی ده‌بنه هه‌وری تاریک
قامکه‌کانم ده‌که‌مه مۆم
ده‌بێته په‌پووله‌یه‌ک
تا به‌ره به‌یانێکی ون
به دیار سووتانمه‌وه هه‌ڵده‌فڕێ.
نه ئاگام له دامرکانه‌وه‌ی خۆم بوو
نه‌له بزربونی ئه‌و.
(4) ماڵ
قه‌له‌نده‌ری مێشکم که‌لێنده‌ری ناوێ:
نه مووچرکه‌ی سه‌عات
نه قووقه‌ی که‌ڵه‌باب
نه بۆنی کولێره گه‌رمه‌کان
بێ ئاگا له ساتی بایۆلۆجی
ساتی خۆر، ساتی هه‌وره‌کان،
چاوشارکێی کۆنی وه‌رزه‌کان،
ئۆتۆماته‌ی مێشکم ته‌ماته‌ی خۆی ده‌ناسێ
کاتی ژانه ڕژاوه‌کان
کاتی ڕوانینه سارده‌کان
خه‌وی هه‌ستاو، بێداریی خه‌ولێکه‌وتوو
له‌سه‌رشاشه‌ی ته‌له‌فزێۆندا
دڵوه‌ستانی سه‌عاته‌کان به‌سه‌ر دیواری مه‌تبه‌خه‌وه
به‌سه‌ریه‌کدا جه‌نجاڵبونی ڕۆژو حه‌فته‌و ساڵه‌کان
له ڕۆژنامه به-سه‌ر- یه‌کدا- که‌ڵه‌که‌بووه‌کاندا
له بارچوونی وه‌رزی به‌هار له ده‌ستنووسی
فڕێدراوی شیعرێکدا
ترسان له برسێتی
ترسانی پتر له تێریی
له‌سه‌ر لێوی هه‌ڵقرچاوی سێوه لاسووره‌که‌دا
له‌سه‌ر گوپی قوپاوی پرته‌قاڵه تاڵه‌که‌دا
له‌سه‌ر مه‌مکی گرنجاوی لیمۆیه زه‌رد لێوه‌که‌دا
نامه سڵاودارو بێ سڵاوه‌کان
له ته‌نه‌که‌ی خۆڵ و خۆڵی بێ ته‌نه‌که‌دا
خۆپیشاندانی ترسناکی ژماره‌و فه‌رمان و هه‌ڕه‌شه
له دیوی ده‌ره‌وه‌ی زه‌رفه بۆره‌کاندا
تکاو گله‌یی نه‌باراو له ناو په‌ڵه‌هه‌وری نامه نه‌گه‌یشتووه‌کاندا
کۆمپوته‌رێکی دێوه‌زمه‌یی، زیندوو یان مات،
شته‌کان له وێدا زاوو زێ ده‌که‌ن
نه‌خشه‌ی کۆدیتا، ئاژاوه، دڵداری
په‌نجه له کلیلێک، کلیکێک،
زاره برسییه‌کان داده پچڕن، ده‌پچڕن
جانه‌وه‌ره‌کان وه‌ک بازبازێی مشک
له‌سه‌ر شاهـ – شه‌که هه‌ڵده‌په‌ڕن
مه‌مکی ڕووت، ناوگه‌ڵی رووتتر بێ داوه‌تکردن،
سۆزی گه‌شت بۆ به‌هه‌شت
ده‌وڵه‌تی لۆته‌ری
خه‌نده‌ی بایی
ئاشنایی نا ئاشنایی
گوندی گڵۆبال ده‌ڕژێته ژووره‌که‌ته‌وه
خوا- ته‌کنیکه‌وانه‌کانی ڕێوشوێنی بوونت داده‌نێن
دنیایه‌ک بچوکتر له باوه‌ش
به‌رینتر له خه‌یاڵ
تۆ تاکێکی ئازادی، فره ئازادی!
(5) شه‌قام
ئه‌ی شه‌قام، شه‌قامی به‌ره‌ڵا،
بۆ سه‌گ و قه‌ره‌ج و بێکاروهیپی و له‌زه‌تفرۆشان،
شه‌قامی ڕۆژی جه‌نجاڵ،
شه‌وی به‌تاڵ،
جگه له جه‌سته شه‌که‌ته‌کانی ناو به‌تانیه‌کۆنه‌کان
که خۆیان به بۆنی جگه‌ره‌و عاره‌ق وچڵک و
بێهووده‌یی و برسێتی و
سه‌دان نیشانه‌ی پرسیار په‌رژین کردوه.
شه‌قام : شه‌قامی شار،
شه‌قامی قه‌ت شه‌که‌ت نه‌بووی
ژێر پێی ڕێبواره چوست و سسته‌کان
چیرۆکی بێ‌کۆتایی هی تۆیه
دوا قاقاو دوا هاوار هی تۆیه.