
فه‌نتازیای ئاسمان و فۆبیای دەستەڵات
سۆران ئازاد
تۆ نه‌ترسای کاتێک وێنه‌یه‌کیان له‌سه‌ر مانگه‌وه ڕه‌وانه‌ی زه‌وی کرد؟
(مارتین هایدیگه‌ر)
ده‌ڵه‌مه‌ندترین وڵاتی جیهان، هه‌ژارترین وڵات بۆمباران ده‌کات.
(سلاڤۆی ژیژه‌ک)
ته‌وه‌ره‌کانی ئه‌م نووسینه:
– چۆنیه‌تی دروستبوونی ده‌سه‌لات، ئایین، فیکر له رێگه‌ی زانینه‌وه.
– دیسپلینکردن له کۆمه‌ڵگاکانی مۆدێرن.
– فۆرمی ده‌سته‌ڵاتی زلهێزی ئه‌مه‌ریکا وه‌ک نموونه‌ی دهستهڵاتهکان.
1. یه‌کێکه له شیعره‌کانی (چارلس بۆدلێرد)، (Sadness of the moon) (غه‌مباریی مانگ)ه، له کۆپله‌یه‌کدا ده‌ڵێت:
tonight the moon dreams with more indolence
Like a lovely woman on a bed of cushions
Who fondles with a light and listless hand
The contour of her breasts before falling asleep;
ئه‌م وێنه شیعره‌ی (بۆدلێرد) به ته‌نیا ئه‌ندێشه وێنه‌ی شاعیرێک نییه، به مانایه‌کی دیکه ده‌توانین بڵێین زۆربه‌مان خاوه‌نی ئه‌ندێشه‌ی شاعیرانهین بۆ ئاسمان. فه‌نتازیای مانگ و ئاسمان، هه‌ر له مرۆڤی سه‌ره‌تاییه‌وه تاکو ئێستا له ئه‌ندێشه‌ماندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، به‌ڵام شاعیران و هونه‌رمه‌ندان توانایان هه‌یه ئه‌ندێشه به‌رجه‌سته‌ی زمان بکه‌ن، ئه‌مه‌یش پرۆسێسی بیرکردنه‌وه و تێڕامانه، پێکهاته یان سترێکچهری مێدیته‌یشن و تێڕامان، سه‌رچاوه‌ی سرووش inspirationی مرۆڤن، واته سرووش شتێک نییه له ده‌ره‌وه‌ی بیرکردنه‌وه و تێڕامان و خوێنده‌نه‌وه‌ی ئێمه بێت به‌رانبه‌ر به دیاره‌کان، به‌ڵکو لەوانەوە سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه شاعیران به‌و جۆره تێڕوانینیان بۆی هه‌بێت، بۆ نموونه (هیراکلیتس) سه‌رچاوه‌ی بیروباوه‌ڕه فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆی، که به شیعر ده‌ری بڕیون، بۆ (لۆگۆس) ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و پێی وایه ئیلهامی بیروباوه‌ڕه‌کانی له (لۆگۆس) سه‌رچاوه‌یان گرتووه. (لۆگۆس)یش لای ئەم ئه‌و خوایەیە، که هێزی ئه‌قڵ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. له هۆنراوه‌یه‌کدا ده‌ڵێت: “گوێ له من مه‌گره، گوێ له لۆگۆس بگره.” به‌و شێوه‌یه بێت (هیراکلیتس) گوته فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆی له ئه‌نجامی بیرکردنه‌وه و تێڕامانەوە ده‌ست نه‌که‌وتووه، به‌ڵکو بوونێکی مێتافیزیکی پێی به‌خشیوه. ئه‌و بوونه لای ئه‌و شتێک نییه له ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بێت، سه‌رچاوه‌ی دروستکردن و له‌ناوبردنی هه‌بووه‌کانی سرووشتیش بۆ ئه‌و بوونه مێتافیزیکییه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. (پارمه‌ندیس)یش سه‌رچاوه‌ی بیروباوه‌ڕه‌کانی بۆ خوداوه‌ند ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و له زمانی ئه‌وه‌وه ئیلهامی پێ به‌خشراوه. پێش ئه‌و دوو فهیلهسووفهیش، (پیتاگۆرس) و (ئیمپادۆکلیس) باوه‌ڕیان به‌و بوونه مێتافیزیکییه هه‌بووه، که دروستکردن و له‌ناوبردنی هه‌بووه‌کانی سرووشت له ژێر ده‌ستی ئه‌ودایه، باوه‌ڕه‌کانی ئه‌وانیش له‌و بوونه مێتافیزیکییهوە سه‌رچاوه‌ی گرتووه. له ئایینی زهردهشتییشدا دوو خوا هه‌ن، (ئههارهموزاده) و (ئه‌هریمه‌ن)، که خوای یه‌که‌میان ئاماژه‌یه بۆ هه‌ستی پاکانه‌ی مرۆڤ و خوای دووه‌میش گوزارشته له هه‌سته نه‌گریسه‌کانی. ئه‌و خوایانه له‌گه‌ڵ یه‌کتر لە شه‌ڕێکی گه‌وره‌دان. ئه‌و ململانێیه بۆ ئاستی مێتافیزیکا به‌رز بووەته‌وه. ئایا ده‌کرێت ئه‌وه دیوێکی راسته‌قینه‌ی شوناس (Identity)ی مرۆڤ دیاری بکات؟ مادام خوای (ئه‌هریمه‌ن) هه‌یه، ئه‌وا ده‌بێته ده‌رکه‌وته بۆ مرۆڤ، ژیان مه‌مه‌ڵه‌یه‌کی به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وته‌کاندا، چونکه ئه‌و ده‌رکه‌وتانه ئاماژه‌ن بۆ ناوه‌وه‌ی مرۆڤ.
مه‌به‌ستی من لێره‌دا ئه‌وه‌یه له سه‌ره‌تادا مرۆڤ به هۆی هه‌ستکردن به ناته‌واویی بوونی خۆی، بوونێکی پڕاوپڕی له ئه‌ندێشه‌ی خۆیدا وێنا کردووه، که سه‌رچاوه‌ی بوون و نه‌بوون لای ئه‌و بوونه‌یه، به‌ڵام بۆ سه‌لماندنی هێزی ئه‌و بوونه مێتافیزیکییهش، به زمانێکی ئایینی بڵێن ئه‌و خوایه، هه‌وڵی داوه ئه‌و بوونه پڕاوپڕه بخاته ناو کۆمه‌ڵێک دیارده و دەستەڵاتی بسه‌لمێنێت. فره‌خوایی ئه‌نجامی ئه‌و شێوه ژیانه‌ی مرۆڤه، که ئایا ده‌کرێت خوا به بێ ئه‌وانی دیکه بژیێت؟ ئایا مرۆڤ تێنوویهتیی ئه‌و خوایه ده‌شکێنێت؟ بۆیه خوای خستووەته ناو کۆمه‌ڵگای تایبه‌ت به خۆی، که هاوشێوه‌ی ئه‌و خوایه‌کی دیکه‌یه. بۆ نموونه له به‌رانبه‌ر خوای (ئههرهموزاده)، خوای (ئه‌هریمه‌ن) هه‌یه. له به‌رانبه‌ر خوا ئه‌فسانه‌ییه‌کانی یۆنان، دێوه‌کان هه‌ن، که هه‌میشه له ململانێدا له‌گه‌ڵ یه‌کتر، یان ده‌توانین بڵێین له شه‌ڕێکی به‌رده‌وامدان. هه‌موو ئه‌و خوایانه‌یش له ده‌ره‌وه‌ی زه‌وین و کۆمه‌ڵگای ئه‌وان له ئاسماندایه، تێڕامان و په‌نابردنی مرۆڤ بۆ ئاسمان، بیرکردنه‌وه بووه له خواوه‌ند و داهێنه‌ره سه‌یروسه‌مه‌ره‌کانی. له‌به‌ر ئه‌وه پێوه‌ندییه‌کی دانه‌بڕواو له‌نێوان خواکان و ئاسماندا هه‌یه و بووەته جێگه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییانه‌ی مرۆڤ. هه‌ر ئه‌و ئاسمانهیش بووه پرسیاری (بوون و نه‌بوون)ی خواوه‌ندی لای مرۆڤ ورووژاندووه، ئه‌گه‌ر خوا هه‌یه له کوێی ئاسماندایه؟ چی له‌و ئاسمانه یان وه‌کو عه‌ره‌ب ده‌ڵێت له‌و که‌ون و کائیناته ده‌گوزه‌رێت؟ ئاسمان له مرۆڤی سه‌ره‌تاییه‌وه تاکو بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی و ئایینی و فه‌لسه‌فیی رووبه‌رێکی به‌رفراوانی له یۆتۆپیای فیکردا هه‌بووه. (تالیس) به‌ده‌م سه‌یرکردنی ئاسمانه‌وه به‌رپێی خۆی نه‌بینی و که‌وته ناو چاڵێک، کاتێک (تراسیان)ی کچه جوتیار ئه‌مه‌ی بینی، پێکه‌نیی، چونکه (تالیس) ده‌یه‌وێت ئاسمان بناسێت و نازانێت له به‌رده‌م پێیدا چی هه‌یه. ئه‌گه‌رچی پێکه‌نینی (تراسیان) شیکردنه‌وه‌ی جیاوازی لێ که‌وته‌وه، به‌ڵام من مه‌به‌ستم نییه لێره‌دا باسی بکه‌م، ئه‌وه‌ی گرنگه وردبوونه‌وه‌ی (تالیس)ه له ئاسمان، ئاخۆ چ پاڵنه‌رێک له‌پاڵ ئه‌و شێوه سهیرکردنهوە هەیه؟
یه‌کخوایی و فرهخواییی سه‌رچاوه‌یان له سه‌لماندنی هێزی ئه‌و بوونه پڕ و ته‌واوکۆیه مێتافیزیکییهوە گرتووه، که مرۆڤ یه‌که‌مجار له ئه‌ندێشه‌ی خۆیدا وێنای کرد. که‌واته مرۆڤ بۆ هه‌ستکردن به دڵنیایی و رزگاربوونی له ترس و ناته‌واویی بوونی، هه‌وڵی دروستکردنی پێوه‌ندیی داوه له‌گه‌ڵ خوا، بۆیه چه‌ندین رێگه‌ی به کار هێناوه بۆ رازیکردنی خواوه‌ند، بۆ نموونه ئاژه‌ڵی کردووەتە قوربانی، له هه‌ندێک له کۆمه‌ڵگاکانی دیکه ته‌نانەت مرۆڤیش رۆڵی ئه‌و قوربانییه‌ی بینیوه. ئایا کوشتنی مرۆڤ به هۆی گوناهکردنەوە قوربانیی نییه له پێناو خواوه‌ند؟ کێشه‌که لێره‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات هه‌ر مرۆڤ ئه‌و بوونه میتافیزیکییه‌ی خوڵقاندووه و خۆیشی کردوه به په‌یامبه‌ری. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا ئه‌مه بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمه‌ڵ یان رزگاربوون له ترس و گه‌یشتن به پله‌ی دڵنیایی له ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤ سه‌ری هه‌ڵداوه، ئه‌وا به هۆیه‌وه چه‌ندین دەستەڵاتی هه‌ره‌مه‌کیی دروست بووینه، چونکه ئه‌و خوایه‌ی زاده‌ی ئه‌ندێشه و بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه، دەستەڵاتێکی ره‌ها و بێهاوتای هه‌یه، ئه‌مه‌یش سه‌ره‌تای دروستبوونی دەستەڵاته له رێگه‌ی زانینەوە. خواوه‌ندی (سۆمه‌رییه‌کان) سه‌ره‌تا بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمه‌ڵ و ره‌وشته تایبه‌تییه‌کانی مرۆڤبوون، دواتر پادشای پێیه‌وه پیرۆز کرا، شه‌ڕکردن له پێناو پادشادا، رووبه‌ڕووی بوونه‌وه‌ی شه‌یتانه‌کان بوو. به هۆیه‌وه مرۆڤ ده‌یتوانی ره‌زامه‌ندیی خوداوه‌ند به ده‌ست بهێنێت. ئه‌مه قسه‌یه‌کی (برۆتەس Brutus)ی کاره‌کته‌ر له له شانۆنامه‌ی (قه‌یسه‌ر)ی (شێکسپێر)دا بیر ده‌هێنێته‌وه، که له‌باره‌ی مه‌رامی “برۆتهس” بۆ کوشتنی (قه‌یسه‌ر) ده‌ڵێت: من و تۆ له باپیرانمان بیستوومانه، که له کاتی خۆیدا “برۆتهس” ناوێک هه‌بوو به‌ره‌نگاری شه‌یتان بووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو پاشا خۆی بچه‌سپێنێت.
(فیرعه‌ونه‌کان)ی میسر خۆیان به کوڕی خواوەند ده‌زانی و کۆمه‌ڵ به چاوێکی باڵا لێیان ده‌ڕوانین. ئه‌مه به‌کارهێنانی زانینه بۆ پته‌وکردنی ده‌سته‌ڵات. لێره‌دا کێشه‌ی (زانین Knowledge) دێته ئاراوه، جیاوازیی هۆش سه‌رچاوه‌ی به‌رزی زانینه، ئه‌گه‌ر مرۆڤ له هۆشدا له‌گه‌ڵ یه‌کتر یه‌کسانن، ئه‌وا له به‌رهه‌می هۆشدا جیاوازییان هه‌یه، هه‌ر ئه‌و جیاوازییه (زانین)ی باڵا له ئاست بۆچوونی ئه‌وانی دیکه به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ناوه‌رۆکی (دەستەڵات) هێزه، دەستەڵات له رێگه‌ی ئه‌و هێزه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ل زانین ده‌کات. کاتێکیش هه‌ست ده‌کات (زانین) هه‌ڕه‌شه‌یه و ده‌یه‌وێت خه‌ڵکی ناو ئه‌شکه‌وت راسته‌قینه‌ی سێبه‌ره‌کان ببینن و هۆشیار ببنه‌وه، ئه‌وا هه‌وڵ ده‌دات که‌سی خاوه‌ن (زانین) بۆ نموونه (سوکرات)ی فه‌یله‌سووف، له‌ناو ببات. پێوه‌ندی نێوان (دەستەڵات) و (زانین) پێوه‌ندییه‌کی لێکدانه‌بڕاوه. (دەستەڵات) به چه‌ندین شێوازی جیا جیا هه‌وڵی سوودوه‌رگرتنی له تیۆره‌کانی زانین ده‌دات. به هه‌مان شێوه (دەستەڵات) هونه‌ر و ئه‌ده‌ب بۆ خۆی به کار ده‌هێنێت، بۆ نموونه دروستکردنی کۆشک و ته‌لاری به‌رز، به‌کارهێنانی هونه‌ره بۆ مه‌رامی تایبه‌ت، یان ژه‌نینی مۆسیقا له پێناو به‌خشینی چێژ به پادشا، نموونه‌یه‌کی به‌رچاوه. به‌ڵام ئایا ئه‌وه هونه‌ری راسته‌قینه‌یه؟ ره‌خنه‌ی (نیتشه) له (واگنه‌ر) ئه‌وه‌یه، که ئەو هێنده گرنگی به هونه‌ری به‌رز نه‌داوه، بگرە هونه‌ری راسته‌قینه‌ی کردووەتە قوربانیی رازیکردنی گوێ‌گران. که‌واته ئه‌و که‌سه‌ی هونه‌ر بۆ مه‌رامی ئه‌وانی دیکه به کار ده‌هێنێت، هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه نییه، چونکه به هۆی ئه‌وانی دیکه‌وه ناتوانێت به هونه‌ری به‌رز بگات.
ئه‌وه له‌باره‌ی شێوه و ماهیه‌تی دەستەڵات له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی، که له سه‌ره‌تای ژیاریدا بوون و تاوه‌کو کاتێکی زۆر، دیسپلینی ژیانی مرۆڤیان له خۆدا گرتبوو، به هۆیه‌وه مرۆڤ له‌ناو کۆمه‌ڵێک کۆت و به‌ند گیر کرابوو، قوربانیی مرۆڤ له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا بێ‌شومار بوون. به‌کارهێنانی زانین به شێوه نه‌رێنییه‌که‌ی، نه‌هامه‌تی بۆ مرۆڤ و به‌هاکانی هێنا. ئه‌گه‌رچی ئه‌م بابه‌ته پێویسته به شێوه‌یه‌کی سۆسیۆلۆژیی ئاوڕی لێ بده‌ینه‌وه، به‌ڵام مه‌به‌ستی من شیکردنه‌وه‌ی ئاڕاسته ته‌با و جیاوازه‌کانی پێکهاته و پارادۆکسی ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه نییه، هێنده‌ی ده‌مه‌وێت خاڵی هاوبه‌شی دیسپلینکردن بدۆزمه‌وه.
2. له کۆمه‌ڵگا مۆدێرنتەکاندا ئێمه رووبه‌روی قه‌یرانی گه‌وره‌تر ده‌بینه‌وه، که نه‌ک ته‌نیا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر مرۆڤ و به‌هاکانی هه‌یه، به‌ڵکو هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ژینگه و سرووشت به کۆی گیاندرانیهوه، به هۆیه‌وه مرۆڤ خاسیه‌تی ڕه‌سه‌نی به کۆمهڵگایبوونی خۆی له ده‌ست داوه، بۆ نموونه جیهان وه‌ک ئه‌و ژینگه‌یه‌ی کۆی گیاندارانی تێدا ده‌ژیێن و مرۆڤیش یه‌کێکه له‌و گیاندارانه‌یه، کەوتووەتە ژێر دەستەڵاتی زانینی مرۆڤ. هه‌بوونی بۆمبی ئه‌تۆمی و توانای له‌ناوبردنی زه‌وی له ماوه‌ی چه‌ند خوله‌کێکی که‌مدا، خاسیه‌تی ڕه‌سه‌نی مرۆڤی داگیر کردووه. چوونه سه‌ر مانگ و دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌کانی ئاسمان، ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤی په‌رتوبڵاو کردووه. وه‌کو (هایدیگه‌ر) ده‌ڵێت: “ئێمه پێویستیمان به چه‌کی ئۆتۆمی نییه. ڕه‌گوڕیشه‌ی مرۆڤ ده‌رهێندراوه و پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانمان بوون به ته‌کنه‌لۆجیانه” لێره‌دا هێزی ئه‌قڵ ده‌بێت به ته‌کنیک بۆ مێتافیزیکای ته‌کنه‌لۆجیا، ترسناکیی ته‌کنه‌لۆجیا له‌وه‌دا نییه، که من له کوردستانه‌وه ده‌توانم له ماوه‌ی سێ کاتژمێردا بگه‌مه دانمارک، یان هاوڕێیه‌کم له ئوسترالیایه و ده‌توانم له رێگه‌ی وێبکامهوه بیبینم و قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌م، به‌ڵکو دیاریکردنی گرنگی و به‌های مرۆڤییانه‌ی منه له رێگه‌ی سووده‌وه، واته من وه‌ک مرۆڤێک سوودم له ئامێرێک که‌متره و هه‌ر ئه‌وه‌شه ده‌بێته پێوه‌ر بۆ گرنگیی مرۆڤبوونی من. (هایدیگه‌ر) گوته‌نی بته‌کان له بوونی من بایه‌خدارتر ده‌بن. ئه‌مه‌یه وایکردووه (هایدیگه‌ر) بگاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که (تاریکبوونی جیهان) دیێته ئاراوه. ئه‌گه‌ر سرووشت لای (هێگڵ) و (مارکس) شتێکه له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه و ساخته و بێگانه‌یه، ئه‌وا لای (نیتشه) و (هایدیگه‌ر) مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی جیهانییه، یان (رۆسۆ) گوته‌نی مرۆڤ دروستکراوی سرووشته و به‌شێکی دانهبڕاویهتی، بۆیه پێویسته به‌هاکانی ئه‌و سرووشته وه‌ک ژینگه و که‌ره‌سته‌کانی به‌ر ده‌ستی مرۆڤ، به‌رز رابگیرێت، که لای (هایدیگه‌ر) پێشمه‌رجێکی ئۆنتۆلۆجین بۆ بوونی ئێمه له نێو جیهاندا، زاراوه‌ی (دازاین – Dasein) گوزارشت له‌و مه‌به‌سته‌ی (هایدیگه‌ر) ده‌کات، به‌ڵام له ته‌کنه‌لۆجیادا شته‌کان مانای ڕه‌سه‌نی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، چونکه بوون بۆ ته‌کنه‌لۆجیا هیچه. گرنگیی سرووشت له‌و که‌رەسته و ماددانه دایه، که ده‌بنه هۆی به‌رهه‌مهێنان. که‌واته له ته‌کنه‌لۆجیادا (بوون) بنه‌ڕه‌تی هه‌موو شته‌کان نییه، به‌ڵکو هۆکارێکه بۆ به‌رهه‌مهێنان، گرنگیی بوونیش له سوود و قازانجهکهیدایه. بۆیه سه‌یر نییه له سیسته‌می مۆدێرنتەدا فرۆکه‌یه‌ک یان کارگه‌یه‌ک له ژیانی سه‌د کرێکار گرنگتر بێت. ته‌کنه‌لۆجیا وه‌کو به‌رهه‌می ئه‌قڵ و زانین له سیسته‌می مۆدێرنتەدا، دەستەڵات به‌سه‌ر تاکه‌کاندا ده‌چه‌سپێنێت. لای (میشێڵ فوکۆ) ده‌زگا مۆدێرنتەییهکان وه‌کو (شێتخانه) ، (نه‌خۆشخانه)، (زیندان) و (قوتابخانه)، هه‌وڵێکی دیکه‌ی مۆدێرنتەن بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی مرۆڤ، به زمانی (هایدیگه‌ر) بڵێین مرۆڤ ناڕه‌سه‌ن ده‌که‌ن. (فوکۆ) له (ئارکۆلۆژیای زانین Archeology of knowledge) ئاماژه به‌وه ده‌دات تازه‌گه‌ریی ئازادیی ده‌سته‌به‌ر کرد، به‌ڵام دواتر ئەو ئازادییەی خستە ژێر کۆنتڕۆڵەوە. کێشه‌ی (دەستەڵات و زانین) و پێوه‌ندییه‌کانیان به مۆدێرنتەوه، به چه‌ندین ئاراسته‌ی جیا جیادا رۆیشتووه. لای (فوکۆ) دەستەڵات و زانین پێوه‌ندییه‌کی دوو لایه‌نه‌یان هه‌یه و رێگایه‌ک هه‌یه ده‌یانباته‌وه سه‌ر یه‌کدی، واته هیچ زانینێک نییه گریمانه‌ی پێکهاته‌ی خۆی له‌گه‌ڵ دەستەڵات نه‌کات، به هه‌مان شێوه دەستەڵاتش به بێ سترێکچهری زانین پێک نایه‌ت. ده‌توانین ئاماژه به‌وه بده‌ین دەستەڵات لای (فوکۆ) تا بچووکترین یه‌که‌ی کۆمهڵگاییش قووڵ ده‌بێته‌وه، واته هه‌موومان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان دەستەڵات به کار ده‌هێنین و رۆژانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین، به‌ڵام ئایا ئه‌مه چ رۆڵێک له ناڕهسهنکردنی مرۆڤ ده‌گێڕێت؟ به بڕوای (فوکۆ) له مۆدێرنتەدا دەستەڵات رووکه‌شیانه کار ده‌کات، به‌ڵام له دەستەڵاتی ته‌کنه‌لۆجیادا بتی گه‌وره‌ی ده‌سته‌مۆکراو و سوودبه‌خش رۆڵ ده‌گێڕن. واته دەستەڵاتی ته‌کنه‌لۆجیا له دەستەڵاتی رووکه‌شیانه‌ی کاریگه‌رتره، که بووه هۆی داهێنانی دیسپلینکردن. تیۆره‌کانی (فوکۆ) و بیریارانی پۆستمۆدێرنتە وه‌کو فیکرێکی ئه‌بستراک نه‌مایه‌وه، به‌ڵکو لایه‌ن ئه‌و بیریارانهوە رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی توند بووه‌وه، که به‌رگرییان له ده‌ستکه‌وته‌کانی مۆدێرنتە و ئه‌قڵانییه‌ت ده‌کرد. (هابرماس) یه‌کێک بوو له‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی دژی بیریارانی پۆستمۆدێرنتە وه‌ستایه‌وه. ئه‌و پێی وایه ره‌خنه‌ی بیریارانی پۆستمۆدێرنتە له به‌رانبه‌ر دیاره‌کانی مۆدێرنتە، ره‌خنه‌ی ته‌مومژاوین. له دیدی ئه‌ودا پۆستمۆدێرنتەکان ده‌ستکه‌وتی ئه‌قڵانیه‌ت و رۆشهنگهرییان په‌راوێز خستووه. (هابارماس) نایشارێته‌وه، که مۆدێرنتە له کۆمه‌ڵێک ڕووه‌وه ناته‌واوه، به‌ڵام نابێت هه‌وڵی ره‌تدانه‌وه‌ی بده‌ین، به‌ڵکو ده‌بێت کار له‌و کێشه سه‌ره‌کییانه بکه‌ین، که مۆدێرنتە تێی که‌وتوه، له پێناو چاره‌سه‌ر کردن، نه‌وه‌ک ره‌تدانه‌وه. له به‌رانبه‌ر ئه‌قڵانیه‌تدا (هابرماس) ره‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی (فوکۆ) و (دێریدا) و (دۆلۆز) بیریارانی دیکه ده‌کات، ده‌سته‌که‌وته‌کانی ئه‌قڵانییه‌ت مرۆڤیان له کۆت و به‌ندی سه‌رده‌می ئایینی رزگار کرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ فه‌یله‌سووفێکی دیکه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه، که توانیویه‌تی ئایدیا و بۆچوونی نوێ له به‌رانبه‌ر مۆدێرنتە بخاته ڕوو، ئه‌ویش (مارشێڵ بێرمه‌ن)ه. به‌بڕوای ئه‌و مۆدێرنتە خۆی هه‌ڵگری جه‌مسه‌ری دژ به یه‌که، له چاوپێکه‌تنێکدا (تۆنی مۆنچسکی) لێی ده‌پرسێت: ئایا بنه‌ڕه‌تخوازی هه‌ڕه‌شه‌کردنی مۆدێرنتەیه؟ (بێرمه‌ن) له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: به‌ڵێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌هه‌مان شێوه ئه‌وه فۆرمێکی مۆدێرنتەیه. شه‌ڕی سارد هه‌ڕشه کردن بوو له مۆدێرنتەیی. به دڵنیایی ئه‌م شه‌ڕه له لایه‌ن بنهڕهتخوازانی ئایینییەوە هه‌ڵنه‌گیرسا، هه‌رچه‌نده دروستکه‌ری جۆرێک له بنهڕتخوازی بوو (Big apple redux/ P3). له‌ژێر ئه‌م رۆشناییه‌دا ده‌توانین بڵێین مۆدێرنتە له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا هه‌ڵگری چه‌ندین جه‌مسه‌ری دژ به یه‌که. کاریگه‌ریی بۆچوونه‌کانی (بێرمه‌ن) بێوێنه‌ن، ئه‌و له کتێبی (ئه‌زموونی مۆدێرنیتی – (The Experience of Modernity) زۆر وردبینانه روو ده‌چێته قووڵایی دیارده‌کانی مۆدێرنتە و شێوازی ئه‌زموونکردنی. له سه‌ره‌تای ئه‌م کتێبه‌دا ده‌ڵێت: “مۆدێرنبوون مانای ژیانێک له مه‌ته‌ڵ و ناکۆکی. مۆدێرنبوون مانای گیرۆده‌یی له به‌ندی هه‌ندێک رێکخراوی برۆکراتیکی مه‌زندا، که ده‌توانن هه‌موو کۆمه‌ڵ و به‌ها و گیانێک کۆنتڕۆڵ و به‌زۆری بڕوخێنن. “
مۆدێرنتەکان له کۆمه‌ڵێک روانگه‌وه ره‌خنه‌کانیان دروستن، ئه‌قڵانیه‌ت ده‌ستکه‌وت و ئاسانکاریی زۆری بۆ مرۆڤ هێنا، پێشکه‌وتنی زانست یه‌کێکه له‌و ده‌ستکه‌وتانه، به‌ڵام ئه‌وه جێگه‌ی ره‌خنه‌ی بیریارانی پۆست‌مۆدێرن نییه، به‌ڵکو به‌لای ئه‌وانه‌وه مرۆڤایه‌تی بووەته قوربانیی ئه‌و پێشکه‌وتن و ده‌ستکه‌وتنه زانستییه‌کان، که ئه‌قڵ به‌رهه‌می هێناون. بێگومان ئەم بۆچوونە لە (نیتشە)ەوە دەست پێ دەکات و بە (فۆکۆ) و ئەوانی تردا تێدەپەڕێت.
3. ئه‌وه‌ی منی به‌ره‌و بیرکردنه‌وه له‌و بابه‌ته‌دا برد، بینینی وێنه‌یه‌ک بوو، که به ڕاستی له ناوه‌وە هه‌ژاندمی. رۆژێک له سایتی گوگڵ ویستم هه‌ندێک زانیاریی له باره‌ی (مانگ)ه‌وه بخوێنمه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێویست بوو سه‌یری به‌شی وێنه‌کان بکه‌م، بینینی مرۆڤ له‌سه‌ر مانگ کاریگه‌ریی به سه‌ردا جێ هێشتم، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی نا، که (هایدیگه‌ر) باسی کردووه. ئه‌وه‌ی لای من بووه جێگه‌ی سه‌رنج هه‌ڵدانی ئاڵای (ئه‌مریکا) بوو له‌سه‌ر مانگ. دەستەڵاتێک زانست بۆ خۆی به کار ده‌هێنێت. بیرمه پاش هێرشی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر (عێراق)، پێنج کۆپته‌ری ئه‌مه‌ریکی له ئاسمانی چۆماندا ده‌خولانه‌وه، زۆربه‌ی خه‌ڵک هه‌ستی ده‌کرد ئه‌وانه‌ن دۆستی راسته‌قینه‌ی کورد، پاش چه‌ند رۆژێک هه‌واڵی ئه‌وه‌م بیست ئاڵای (ئه‌مه‌ریکا) له سه‌ر چیای (هه‌ڵگۆرد)، که له ناوچه‌ی ئێمه دایه، واته چۆمان هه‌ڵدراوه. به‌و پێیه‌ی چیای (هه‌ڵگۆرد) به‌رزترین چیایه له کوردستان و عێراقدا. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌مه‌ریکا نه‌وه‌ک ته‌نیا له‌سه‌ر مانگ، به‌ڵکو له بچووکترین شوێن و جێگادا، ده‌یه‌وێت دەستەڵاتی خۆی نمایش بکات. ئاماژه‌م به‌وه دا لای (فوکۆ) دەستەڵات به شێوه‌یه‌کی ئیندیڤیدوال (فردی)ە و لای گشت تاکه‌کان به کار دێت. ئه‌مه‌ریکا دەستەڵاتی خۆی له ناخی تاکه‌کانی خۆیشیدا چه‌سپاندووه. (سلاڤۆی ژیژه‌ک) له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌ژێر ناونیشانی (The one measure of true love is: you can insult the other) (پێوه‌ری خۆشه‌ویستی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه: تۆ ئه‌وی دیکه ریسوا بکه‌یت. “یان به که‌می بزانیت”)، باسی وته‌یه‌کی (جۆرج بۆش)ی سه‌رۆکی پێشووی ئه‌مریکا ده‌کات، که له که‌ناڵی (CNN) نامه‌ی کچێکی حه‌وت ساڵانی پێشانی بینه‌ران دا، که باوکی ئه‌و کچه له ئه‌فگانستان فرۆکه‌وانه و زۆر خۆشی ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وڵاته‌که‌ی پێویستی به مردنی باوکیه‌تی، ئه‌وا ئاماده‌یه باوکی فیدای وڵاته‌که‌ی بکات. (سلاڤۆی ژیژه‌ک) ده‌ڵێت (بۆش) ئه‌مه‌ی وه‌کو نیشتیمانپه‌روه‌رێک وه‌سف کرد، ئه‌گه‌ر بێت و وێنای هه‌مان ئه‌و رووداوه بۆ کچێکی ئه‌فگانستانی بکه‌ین، راسته‌وخۆ ده‌مانگوت: (ئای له‌و سینیسیزمه ، له‌و بنهڕهتخوزانه، هه‌تا هه‌ستی منداڵانیش به کار ده‌هێنن). بۆیه (ژیژه‌ک) ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که ئێمه هه‌ر ئه‌و کارانه ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر که‌سانی دیکه بیکه‌ن، پێی رادهچڵهکێین، که به بڕوای من راستتر وایه بڵێین ئه‌مه‌ریکا پێی راده‌چڵه‌کێت. (ژیژه‌ک) ده‌ڵێت: ده‌ڵه‌مه‌ندترین وڵاتی جیهان، هه‌ژارترین وڵات بۆمباران ده‌کات”.
له ئێستادا (ئه‌مه‌ریکا) وه‌ک خوداوه‌ندی سۆمه‌ری و پادشاکانی وایه، هه‌ر شتێک سوودی بۆ ئه‌و نه‌بێت، مانا و گرنگیی نییه. مێژووی فه‌رمانڕه‌وایی (ئه‌مه‌ریکا) شایه‌تی ئه‌و راستییه ده‌دات. دروستبوونی یه‌که‌مین سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وای (ئه‌مه‌ریکا) بۆ کۆنترۆڵکردن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵه‌کانی خۆی بوو، وه‌کو خوداوه‌نده‌کانی سۆمه‌ر، که سه‌ره‌تا ته‌نیا بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمه‌ڵ و کێشه ره‌وشتییه‌کانی بوو، ورد ورده (ئه‌مه‌ریکا) ده‌ستی دایه کاولکاری و کوشتار، تا ئه‌و ئاسته‌ی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیدا، دنیای کرده قه‌سابخانه. بڕوا ناکه‌م هیچ دەستەڵاتێک هێنده‌ی ده‌وڵه‌تی (ئه‌مریکا) قوربانیی به (زانین) دابێت. وه‌ک زلهێزترین وڵات بانگه‌شه‌ی به دیموکرسیکردنی وڵاتان ده‌کات. دیموکراسی وه‌ک هونه‌ری راسته‌قینه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی، که (ئازادی، یه‌کسانی، دادپه‌روه‌ری) بۆ گه‌لان مسۆگه‌ر ده‌کات، له ئێستای ده‌وڵه‌تێکی وه‌کو (ئه‌مه‌ریکا)دا خۆشگوزه‌رانی بۆ نوخبه‌یه‌کی دیاریکراوی جیهان مسۆگه‌ر بووه. وه‌کو (ژۆزی سارامۆگای) پێی وایه ئیستا دیموکراسی حکومڕانییه له دهوڵهماندانهوه بۆ ده‌وڵه‌ماندان، به بڕوای من ئه‌وه یه‌کێکه له‌و قوربانییه مه‌عریفیانه‌ی، که (ئه‌مه‌ریکا) بۆ دەستەڵاتی خۆی کردوویه‌تی. کێشه‌که ئه‌وه نییه کێ سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکایه، به‌ڵکو ئه‌و سیسته‌مه حکومڕانییهیهی ئه‌مه‌ریکایه، که هه‌ر شتێک له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا نه‌بێت، به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت هه‌وڵی له ناوبردنی ده‌بات.
جارێکیان له‌گه‌ڵ دوو گه‌شتیاری ئه‌ڵمانی باسی کوردستانی گه‌وره‌مان ده‌کرد، له باره‌ی گرتنی (عه‌بدوڵلا ئۆج ئالان) پرسیاریان لێ کردم، که له کاتی گرتنیدا چه‌ند سه‌ربازێکی ئه‌مه‌ریکی به‌شداری ئۆپراسیۆنهکایان کردووه، من له وه‌ڵامدا وتم ئاخر ئه‌مه‌ریکا ئه‌وی به تیرۆرست ده‌زانی، یه‌کێک له گه‌شتیاره‌کان وتی: (America say: You Terrorist, You Terrorist, You Terrorist. Ocalan wanted get freedom to big Kurdistan) (ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت: تۆ تیرۆرستی، تۆ تیرۆرستی، تۆ تیرۆرستی. ئۆجه‌لان ده‌یویست ئازادیی بۆ کوردستانی گه‌وره به ده‌ست بهێنێت). مه‌به‌ستی ئه‌و گه‌شتیاره ئه‌وه‌بوو ئه‌مه‌ریکا هه‌موو ئه‌وانه به تیرۆرست ده‌زانێت، که ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌بن. ئه‌مه سیسته‌مێکه و ئه‌مه‌ریکا په‌یڕه‌وی ده‌کات.
ده‌توانین بڵێێن ئه‌مه‌ریکا خۆی تیرۆری به‌رهه‌م هێنا، رێکخراوی تیرۆریستی (ئه‌لقاعیده) یه‌که‌م پشگیریی نهێنییان ئه‌مریکا بوو، چونکه سه‌ره‌تا ئه‌و رێکخراوه دژی یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت دروست بوو، به مه‌به‌ستی ده‌رکردنی ئه‌و وڵاته له خاکی ئه‌فگانستان. به‌ڵام پاش هێنانه‌دیی مه‌رامه‌که‌یان، دژی ئه‌مه‌ریکا و سیاسەتەکەی وه‌ستانه‌وه. هێرشی ئه‌مه‌ریکا بۆ عێراق به مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی تۆتالیتاری و دیکتاتۆرییه‌ت بوو، له‌پێناو چه‌سپاندنی دیموکراسی، ئه‌مه مه‌به‌ستێکی رووکه‌شیانه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره، واته بۆ پێدانی ڕەوایەتی به خۆی، ئه‌و تیۆرییه‌ی بۆ خۆی داهێنا. ئه‌مه قسه‌یه‌کی (نیتشە)ی فه‌یله‌سووفم بیر ده‌هێنێته‌وه، که ده‌ڵێت:” ئه‌وانه‌ی له دژی دڕنده‌کان ده‌چنه جه‌نگ، نابێت له کۆتایی جه‌نگه‌که‌دا خۆشیان ببن به دڕنده.” به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ریکا له کۆتایی جه‌نگه‌کاندا نه‌بووه دڕنده؟ ئایا ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌و دڕندهییهیانه نیشان ناده‌ن؟ رووداوه‌کانی دوای ئه‌و داگیرکارییه‌ی ئه‌مریکا بۆ عێراق و ئه‌فگانستان، چه‌ندین قوربانیی لێ که‌وته‌وه. لایه‌نی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاریی به خراپی تێک شکێندران. مه‌به‌ستم نییه کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتی دیکه‌ی گرنگی ئه‌و داگیرکارییه له بیر بکه‌م، وه‌کو رووخاندنی دەستەڵاتی به‌عس، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌مریکا به بێ ئه‌و قوربانییه زۆره‌ی به لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسیی ئه‌و وڵاته‌یدا، ده‌یتوانی حکومه‌تی به‌عس بڕوخێنێت. به‌ڵام ئایا ئه‌وه به سوودی ئه‌مه‌ریکا کۆتایی ده‌هات؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه پێویسته ئێمه له خۆمانی بکه‌ین
ئه‌مه‌ریکا خوداوه‌ندێکی زلهێزه، که بانگه‌شه‌ی گشت راستییه‌ک بۆ خۆی ده‌کات، واته هه‌ر ته‌نیا خۆی خاوه‌نی حه‌قیقه‌ته، به‌ڵام من پێم وایه ئه‌مه‌ریکا ئه‌و بته درۆینه‌یه، که له رێگه‌ی بانگه‌شه‌ی راستییه‌وه ده‌یه‌وێت هه‌مووان هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێت. دەستەڵاتی ئه‌مه‌ریکا هیچی له دەستەڵاتی ره‌های پادشاکانی سۆمه‌ری، میسۆپۆتامیا، میسرییه‌کان، یۆنانی کۆن و… هتد که‌متر نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا جیا ده‌کاته‌وه، سه‌رده‌می گلۆبالیزه‌یشنه، چونکه له‌م سه‌رده‌مه‌دا چه‌ندین فێڵی ته‌کنیکی هه‌ن، که دەستەڵاتێک بۆ پێدانی ڕەوایەتی به خۆی به کاری ده‌هێنێت. یه‌کێکه له‌و فێڵانه‌ی ئه‌مه‌ریکا ئه‌وه‌یه، که خۆی وه‌کو دەستەڵاتێکی مرۆڤدۆست و قوربانیی دیارده نه‌گه‌تیڤه‌کانی جیهان ده‌ناسێنێت، وا خۆی نمایش ده‌کات، که هه‌میشه له هه‌وڵێكی به‌رده‌وامدایه بۆ مسۆگەرکردنی (یه‌کسانی، دادپه‌روه‌ری و ئازادی)، به‌ڵام ئاماژه بۆ چه‌ند دیارده‌یه‌ک ده‌کات، که ده‌بنه رێگر، بۆیه له رێگه‌ی ئه‌و دیاردانه‌وه پێمان ده‌ڵێت چاوه‌ڕێ بین. یه‌کێکه له دیارده‌کان بۆ ئه‌مه‌ریکا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وه‌ک فێڵێک به کار هاتووه، تیرۆره.
تیرۆر ئه‌و هۆکاره‌یه وای کردووه ئه‌مه‌ریکا خۆی وه‌کو قوربانییه‌ک نمایش بکات، بۆ رزگاربوون له‌و قوربانییه و هێنانه‌دی دۆخێکی ئاسایی، فێڵه‌کانی به‌رگری کردن به کار ده‌هێنێت. ئەمەیش ئەوە پارادۆکسەیە، کە ئەمەریکا پێشانی دەدات، لە لایەک هێزێکی گەورەی ئەفسانەییە و لە لایەکی تر قوربانیی دەستی ناحەزە بوودەڵەکانە… به‌ڵام ئایا بۆچی له سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌مدا جیهان له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ی تیرۆر دایه؟ تۆ بڵێی دەستەڵاتێکی زلهێزی وه‌کو ئه‌مریکا کۆنتڕۆڵی تیرۆری پێ نه‌کرێت؟ تیرۆر شتێک نییه خۆڕسکانه له دایک بووبێت، به مانایه‌کی دیکه خودی ئه‌مه‌ریکا خۆی تیرۆری دروست کرد. خۆ ئه‌مه‌ریکا شێواز و ئه‌دای رێکخراوی (ئه‌لقاعیده)ی له به‌رانبه‌ر یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت ده‌بینی، که ئایدیا و کاره توندوتیژییه‌کانی ئه‌و رێکخراوه چه‌نده ترسناکن، به‌ڵام بۆچی یارمه‌تیده‌رێکی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌و رێکخراوه بوو؟ دیاره ئه‌مریکا ئه‌و کات نه‌یده‌توانی شه‌ڕی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی سۆڤیه‌تدا بکات، چونکه شه‌ڕه‌کانی دیکه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت ئه‌نجامێکی هێنده باشی نه‌بوو، نه‌وه‌ک ته‌نیا یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت، به‌ڵکو ئه‌م هاوکێشه‌یه بۆ وڵاتی چینیش هه‌ر گونجاوه، بۆیه ته‌نیا رێگه‌یه‌ک جێگه‌ی هیوای ئه‌مریکا بوو له دژی یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت، رێکخراوی تیرۆریستیی (ئه‌لقاعیده) بوو. ئه‌مریکا له شه‌ڕی ساردا بوو له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت، شێوازه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌ش ناراستهوخۆن. ئەمەریکا تاکو توانیبێتی خۆیی لە شەڕی ڕاستەوخۆ پاراستووە، چونکە ترسی ئەوەی هەبووە وێنەی یەکەمی، واتە ئەو وێنەیەی، کە وەک هێزێکی گەورەی ئەفسانەییی تێکشکێنەر پێشانی دەدات، لە ڕێگای شەڕی ڕاستەوخۆوە تێک بشکێت و تەلیسمی ئەو ئەفسانەیەی بەتاڵ ببێتەوە، بۆیە هەمیشە پشتگیریی لە هێزە بچووک و شەڕانییەکان کردووە. ئەوە شاراوە نییە، کە ئەمەریکا بە درێژاییی شەڕی ئێران و عێراق بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی لە سیستێمی دیکتاتۆرییانەی (سەدام حسێن) دەکرد. یارمه‌تیدانی ئه‌مریکا بۆ ڕێکخراوی (ئه‌لقاعیده) یه‌کێکه له شێوازه ناراسته‌وخۆکانی شه‌ڕی سارد له دژی یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت. ده‌کرێت ئه‌وه به سه‌ره‌تای تیرۆری گه‌وره ناو ببه‌ین، به‌ڵام ئه‌و کات ئه‌مریکا و هیچ وڵاتێکی دیکه‌ی خۆرئاوایی ئه‌و حوکمه‌یان به‌سه‌ر ئه‌و رێکخراوه‌دا نه‌دا، تا ئه‌و کاته‌ی ئایدیای ئه‌و رێکخراوه گۆڕا بۆ دژایه‌تیکردنی ئه‌مه‌ریکا، له‌و کاته‌دا (ئه‌لقاعیده) وه‌کو رێکخراوێکی تیرۆریستیی به هه‌موو جیهان ناسێندرا. واتە چ (ئەلقاعیدە) و چ ڕژێمی (سەدام حسێن) تا ئەو کاتەی بە یارمەتیی ئەو دەجەنگان و وێنەی یەکەمی ئەویان زەق دەکردەوە، واتە تا ئەو کاتەی وەک هێزێکی گەورەی ئەفسانەیی تێکشکێنەر پێشانی دنیایان دەدا، بە تیرۆریست ناو نەدەبران. رووداوی یازده‌ی سێپتێمبه‌ر به ته‌واوی زه‌مینه‌ی خۆش کرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا به جیهان بڵێت من وه‌کو دەستەڵاتێکی دیموکراسی رووبه‌رووی هه‌ره‌شه‌ی گه‌وره‌ی تیرۆر ده‌بمه‌وه، بۆیه مافی ئه‌وه‌م هه‌یه ئه‌و وڵاته بۆمبباران بکه‌م، که شوێنی ئه‌و رێکخراوه تیرۆریستییه‌یه. (سلاڤۆی ژیژه‌ک) پێی وایه که تیرۆریزم ره‌هه‌ندێکی رۆژگاری ئێمه‌یه، ناتوانین بیبه‌ستینه‌وه به ژیارێکی تایبه‌ته‌وه (zizek, one measure…P8). یازده‌ی سێپتێمبه‌ر ئه‌و رووداوه بوو، که زه‌مینه‌ی شه‌ڕ و داگیرکاریی ئه‌مه‌ریکای له به‌رانبه‌ر ئه‌فگانستان کرده‌وه. روودوای یازده‌ی سێپتێمبمبهر بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا ئه‌و مافه به خۆی بدات، که هیچ شتێک دوای ئه‌و رووداوه وه‌ک خۆی نامێنێته‌وه و گۆڕانی ریشه‌ییان بە سەردا دێت، بۆیه به‌لایه‌وه ئاساییه ده‌ست بخاته ناو ئازادیی هه‌مووان. ئه‌مه قسه‌یه‌کی (تۆنی مۆنچسکی)یم بیر ده‌هێنێته‌وه، که له پێشه‌کیی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ (مارشێڵ بێرمه‌ن) له باره‌ی یازده‌ی سپتێمبەر له‌ژێر ناونیشانی (Berman/ Big apple redux) ئه‌نجامی داوه، ده‌ڵێت: “بڕوانە: کاتێ تیرۆریسته‌کان فڕۆکه‌کانیان به ئاڕاسته‌ی نیشانه‌کانیان (مه‌به‌سته ده‌ستنیشانکراوه‌کانیان) له ئه‌مریکا لێ ده‌خوڕن، ئه‌وا به‌ره‌و مه‌رگی خۆیان ده‌چن. ئه‌و ئه‌مریکیانه‌ی پێیان وایه ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه بۆ ئه‌و ره‌فتاره بگریێن، که له رابردوودا به‌رانبه‌ر به هاوڵاتییه ئه‌مریکییه‌کان کرا، ناتوانن ئه‌و هاوته‌ریبییه (له‌یه‌کچوونه) ببینن، که له‌نێوان هه‌لومه‌رجی ئه‌وسا و داگیرکردنی فه‌له‌ستین له لایه‌ن ئیسرائیلهوهدا هه‌یه.
له دادگای تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی جه‌نگ به‌رده‌وام باسی تاوانه‌کانی سلۆڤۆدان میلۆڤیچ ده‌کرێت، له کاتێکا هنری کیسینجه‌ر هەمیشە قسه‌ی سووک ده‌کات، هێرش ده‌کات، راوێژ ده‌کات و کتێب ده‌نووسێت. سه‌رکرده ئه‌مریکییه‌کان، به ناوی به‌رگریکردن له ئازادی، داوا ده‌که‌ن ئێمه واز له زۆربه‌ی ئازادییه‌کانمان بێنین. ده‌زگای مووشه‌کی به‌رگریی ئه‌مریکی (United states missile defense)، که هه‌موو درۆ و دهڵهسهیه، له پێشکه‌وتن دایه. “ئۆ. جه‌ی. سیمپسۆن” تا ئێستا ئازاده و “کریستۆفه‌ر هیچینز”*، دواتر. به‌ڵگه‌ی زیاتری له‌سه‌ر ساغ ده‌کرێته‌وه. ))* ئۆ. جه‌ی. سیمپسۆن ئه‌کته‌ر و یاریزانی به ناوبانگی پێشووی ئه‌مریکا به تۆمه‌تی کوشتنی ژنه‌که‌ی و هاوڕێیه‌کی خۆی ده‌ستگیر کرا. دادگاییکردنه‌که‌ی، که به به‌ناوبانگترین دادگایی‌کردن ده‌ژمێردرێت له مێژووی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، نۆ مانگی خایاند. دواتر، ئازاد کرا، ئه‌گه‌رچی گومانێکی زۆر له به‌ڵگه‌ی DND هه‌بوو و تیمی به‌رگری له قوربانییه‌کان وایان پێشان دا، که له لایه‌ن زانایانی ناو تاقیگه‌ی پشنینهوه ده‌ستکاری له پشکنینه‌که کراوه.
کریستۆفه‌ر هیچینز نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بیی به‌ریتانییه. یه‌کێکه له‌وانه‌ی زۆر به توندی ره‌خنه له ئایین ده‌گرێت و به به‌ربه‌ستێکی ده‌زانێت لە بەردەم ئازادیی مرۆڤدا.((
” ئه‌م بۆچوونه گوزارشت له‌و هۆیه ده‌کات، که بنچینهخوازهکانی ئه‌مه‌ریکا به هۆیه‌وه ده‌یانه‌وێت ئازادییه‌کانمان داگیر بکه‌ن و ده‌ستبه‌رداریان ببین، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئازادیی نیشاندانی ویستی لایه‌نێکه بۆ هێز و دەستەڵات، که ده‌یه‌وێت ئه‌وانی دیکه ببنه کۆیله. ئایدیای کۆیله‌بوون له‌پێناو مانه‌وه‌دا، مۆدێلێکی جه‌نگه‌ڵییه، له جه‌نگه‌ڵدا ئه‌وه‌ی هێزی هه‌یه ده‌توانێت دەستەڵات بگرێته ده‌ست، ئه‌وه‌ی بێهێزیشه له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا ده‌بێته کۆیله. له‌م ئایدیایه‌دا، که که‌سی لاواز ئه‌گه‌ر نه‌بێته کۆیله ژیانی پارێزراو نابێت، روویه‌کی هه‌ره نه‌گه‌تیڤی هێز بۆ دەستەڵات نیشان ده‌دات، گوایه که‌سی بێهێز ناتوانێت به‌رگری له بوونی خۆی بکات، بۆیه پێویسته ئازادیی داگیر بکرێت، چونکه له باشترین حاڵه‌تدا خۆی ده‌دات به ده‌سته‌وه. له جه‌نگه‌ڵدا کۆمه‌ڵ بۆ چه‌ند هۆزێک دابه‌ش بووه، هه‌ر هۆزێک تایبه‌تمه‌ندی و دەستەڵاتی خۆی هه‌یه، که تاکه‌کانی له خۆوه گرتووه، که‌سی لاواز بوونی داگیر ده‌کرێت و ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری ئازادییه‌کانی ببێت، چونکه ناتوانێت به‌رگری له تایبه‌تمه‌ندیی هۆزه‌که‌ی خۆی بکات. ئایا ئایدیای ئه‌مه‌ریکاش ئه‌مه‌یه؟ ئێمه ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری ئازادییه‌کانمان ببین، چونکه توانای به‌رگریکردنمان له ئازادیی نییه؟ یان ئه‌مه هۆیه‌که بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا وه‌ک تاکه دەستەڵاتی زلهێزی جیهان خۆی نمایش بکات؟
که‌واته ئایدیای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئازادی له لایه‌ن ئه‌مریکاوە، بیرۆکه‌یه‌کی ناوه‌کییه، به‌ڵام پێویستی به زه‌مینه هه‌یه بۆ پراکتیزەکردنی. پاش یازده‌ی سێپتێمبەر ئه‌مریکا ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی بۆ ره‌خسا، راگه‌یاندنی شه‌ڕ له دژی تیرۆر، که وه‌ک چۆن (مارشڵ بێرمه‌ن) پێی وایه فهندامێنتالیزم دیارده‌ی مۆدێرنتە خۆیه‌تی، که ئێستا هه‌ڕه‌شه‌یه‌که بۆی، منیش پێم وایه تیرۆر دیارده‌ی ئه‌مه‌ریکا خۆیه‌تی و به هۆیه‌وه ده‌یه‌وێت هۆکاری هه‌بێت به مه‌به‌ستی قه‌ره‌بووکردنه‌وه و به ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆی. پرسیارێک لێره‌دا دێته ئاراوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که بۆچی ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت زیانه‌کانی خۆی به داگیرکاریی قه‌ره‌بوو بکاته‌وه؟ (سلاڤۆی ژیژه‌ک) هه‌ر له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا نوکته‌یه‌ک ده‌گێڕێته‌وه، که گەمژەیەک کلیله‌که‌ی له تاریکیدا ون ده‌کات و له‌ژێر گڵۆپ بۆی ده‌گه‌ڕێ، کاتێک لێی دەپرسن بۆچی وا ده‌که‌ی؟ ده‌ڵێت من ده‌زانم له‌وێ ونم کردووە، به‌ڵام لێره گه‌ڕان ئاسانتره. ئه‌م هاوکێشه‌یه بۆ ئه‌مه‌ریکا گونجاوه، ئه‌و شتانه‌ی له شوێنه نزیکه تاریکییه‌کان ونی کردوون، له کیشوه‌ر و وڵاتی دیکه‌ی ڕووناکتر بۆیان ده‌گه‌ڕێت. یان ده‌توانین بڵێین ئامڕاز و شێوازی دیکه به کار ده‌هێنێت.
هه‌ر له باره‌ی یازده‌ی سێپتێمبەرەوە له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا له (ژیژه‌ک) ده‌پرسن، که ئایا یازده‌ی سێپتێمبەر رووناکییه‌کی نوێ بوو بۆ بۆچوونه‌کانت، بەوەی چی له جیهاندا روو ده‌دات؟ (ژیژه‌ک) له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: یه‌کێک له‌و ده‌سته‌واژه ناکۆتاییانه‌ی له‌و هه‌فتانه‌دا گوێمان لێ دەبێت، ئه‌وه‌یه که پاش 11ی سێپتێمبه‌ر هیچ شتێک وه‌کو خۆی نامێنێت. به‌لامه‌وه سه‌یره، که به‌راستی شتێکی گه‌وره گۆڕابێت. بێگومان له ئاستی پێ‌زانین یان راگه‌یاندن گۆڕانێک رووی داوه، به‌ڵام من پێم وانییه هێشتا بتوانین باس له هه‌ندێک دابڕانی بنه‌ڕه‌تی بکه‌ین. ئه‌و ئاڕاسته و ترسانه سهپێندارون و ئه‌و شتانه‌ی میدیا به ئێمه‌ی گوت له باره‌ی تیرۆریزم وا ئێستا به راستی روویان داوه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی (ژیژه‌ک) ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، که یازده‌ی سێپتێمبه‌ر رووداوێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو نه‌بوو، میدیا و راگه‌یاندن له سه‌رده‌می جیهانگیری کاریگه‌ریی نه‌گه‌تیڤیان زۆره له رووی ورووژاندنی توندوتیژی و خۆشکردنی زه‌مینه‌ی بنه‌ڕه‌تخوازی، هه‌ر وه‌ک بینایمان میدیای ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی دیکه کاریگه‌رییه‌کی چه‌نده گه‌وره‌یان له زه‌مینه گونجاندن بۆ ته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادی و سنووردار کردنی هه‌یه. وه‌ک ئه‌و ئایدیایه‌ی (مارشاڵ بێرمه‌ن) پێی وایه له ئێستادا بۆته بیرۆکه‌یه‌کی باو و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر که‌سێک هه‌وڵ بدات من بکوژێت، من یه‌که‌مجار هه‌وڵ ده‌ده‌م بۆ کوشتنی ئه‌و وه‌ک به‌رگری. به بڕوای من ئه‌وه هه‌ر ئه‌و ئایدیایه‌یه، که ئه‌مه‌ریکا کاری پێ ده‌کات. به‌ڵام له رێگه‌ی میدیاوه به شێواز و نۆرمی دیکه نیشان ده‌درێت، تاکو گه‌وره‌ترین ماف بە خۆیان بده‌ن له ئاست داگیرکارییدا.
سه‌رچاوه کوردییه‌کان:
– د. محه‌مه‌د که‌مال: فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون)/ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ ساڵی 2010
– عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان: مانیفێستۆی شارسیانێتی دیموکراتی/ به‌رگی یه‌که‌م/ “مۆدێرنیته‌ی دیموکراتی و کێشه‌کانی تێپه‌ڕاندنی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری”. وه‌رگێڕانی: لوقمان عه‌بدوڵا
– مارشاڵ بێرمه‌ن: ئه‌زموونی مۆدێرنتەتی/ وه‌رگێڕانی: مه‌نسوور ته‌یفوری.
– گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هایدیگه‌ردا: چاوپێکه‌وتنی مارتین هایدیگه‌ر له گۆڤاری (دێرشپیگل)ی ئه‌ڵمانی له 23ی ئه‌یلوولی 1966 سازدراوه. وه‌رگێڕانی: د. محه‌مه‌د که‌مال
سه‌رچاوه ئینگلیزییه‌کان:
– INTERVIWE WITH SLAVOJ ZIZEK: The one measure of true love is: you can insult the other. by: Sabine reu and Thomas Deichmann.
(This is a great interview of Salovj zizek, about subjectivity, multiculturalism, sex and terrorism.
“پێوه‌ری خۆشه‌ویستی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه: تۆ بتوانی ئه‌وی دیکه ریسوا بکه‌یت” / (ئه‌م چاوپێکه‌وتنه یه‌کێکه له کاره گرنگه‌کانی ژیژه‌ک، که پاش 11ی سێپته‌مبه‌ر له‌گه‌ڵی سازدراوه، ئه‌م بابه‌تانه‌ی له‌خۆوه گرتووه: سوژهکتیڤلی:، مۆتاکهلتوریزم، سێکس و تیرۆریزم… تاد ).
– Interview with Marshall Berman: Big apple redux/ by Tony Monchinski
(یه‌کێکه له چاوپێکه‌وتنه گرنگه‌کان له‌گه‌ڵ مارشاڵ بێرمه‌ن، که ده‌کرێت به‌و شێوه‌یه ناونیشانه‌که‌ی بکه‌ینه کوردی: گه‌ڕانه‌وه‌ی سێوه گه‌وره‌که) ئه‌م چاوپێکه‌وتنه پاش رووداوی یازده‌ی سێپتێمبه‌ر له لایه‌ن تۆنی مۆنچیسکی سازدراوه.
– ZIZEK, SLAVOJ: LIVING IN THE END TIMES.
(ئه‌م کتێبه‌ی له ساڵی 2010 چاپکراوه، تیۆره‌کانی ژیژه‌ک له‌م کتێبه‌دا بێوێنه‌ن، ناونیشانه‌که به‌م شێوه‌یه: ژینه‌وه‌ر له کۆتایی کاته‌کاندا (کۆتایی مێژوو).) ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ناونیشانه‌که‌ی بده‌ین، ئه‌وا ده‌زانین ژیژه‌ک له‌م کتێبه‌دا له‌ژێر رۆشنایی (کۆتایی مێژوو)ی هێگڵ به شێوازێکی دیکه جیهانمان بۆ وێنا ده‌کات. هه‌ر وه‌ک به‌رهه‌ماکانی پێشووی له رێگه‌ی تیرۆی ده‌روونشیکاری جاک لاکان هه‌وڵی گونجاندنی کۆنسێپته‌کانی داوه، به شێوازێکی دیکه هه‌وڵی ته‌فسیر کردنی هێگڵ و به‌کارهێنانی تیۆره‌کانی پێوه دیاره. له‌سه‌ر به‌رگی ئه‌م کتێبه ئه‌م وته‌یه‌ی ئادام کریچ نووسراوه:
“The most dangerous Philosopher in the west”
واته ترسناکترین فه‌یله‌سووف له خۆرئاوا.
In this latest instalment of his cliffhanging Saturday-morning philosophical escapades, Žižek announces: “The global capitalist system is approaching an apocalyptic zero-point.” End-times thinking has a long and rather unimpressive history as prediction, but Žižek adopts it anyway (perhaps as a useful lie), organising his material via Elisabeth Kübler-Ross’s five stages of grief (denial, anger, bargaining, depression, acceptance), which are supposed to describe our stages of response to the incipient doom.
– Marshall Berman : All That Is Solid Melts Into Air: The Experience of Modernity (1982)
(زیادەڕۆیی نییه، ئه‌گه‌ر بڵێین مارشاڵ بێرمه‌ن به‌و کتێبه وه‌کو یه‌کێک له فه‌یله‌سووفه کاریگه‌ره‌کان ناوی ده‌رکرد. ئه‌م کتێبه مۆدێرنتە ده‌خاته ژێر پرسیاری فهلسهفییەوە)
مارشاڵ بێرمه‌ن. له ساڵی 1940 له نیۆرک له‌دایک بووه، پرۆفیسۆره له زانستی سیاسی له کۆلێژی شاری نیۆرک. خاوه‌نی کتێبی (ئه‌زموونی مۆدێرنتەیی)یه. ئەم بەرهەمانەیشی هەیە:
The Politics of Authenticity: Radical Individualism and the Emergence of Modern Society (1970)
All That Is Solid Melts Into Air: The Experience of Modernity (1982)
Adventures in Marxism (1999)
On the Town: One Hundred Years of Spectacle in Times Square (2006)
New York Calling: From Blackout to Bloomberg (2007), edited by Marshall Berman and Brian Berger.
– Foucault, Michel. 1969. The Archaeology of Knowledge. Trans. A. M. Sheridan Smith. London and New York: Routledge, 2002…
–
– NITZSCHE/ Thus Spoke Zarathustra , translated by Walter Kaufmann
(وه‌های گوت زارده‌شت) به گرنگترین به‌رهه‌می (نیتشه) داده‌ندرێت، له نێوان ساڵانی 1883 1885 نووسراوه، له‌وێدا زه‌رده‌شت مژده‌ی مردنی خوا ده‌دات و بانگه‌شه‌ی به‌رزه‌مرۆڤ ده‌کات، به‌ڵام خه‌ڵک له مه‌به‌سته‌کانی تێ ناگه‌ن، له ئه‌نجامدا زه‌رده‌شت ده‌ڵێت: “ئه‌وان له من تێناگه‌ن، من دهمێکم نییه بۆ گوێیه‌کانیان”. بۆ یه‌که‌مجار له لایه‌ن (تۆماس کۆمۆن) له ئه‌ڵمانییه‌وه وه‌رگێڕدرا بۆ ئینگلیزی. به‌ڵام وه‌رگێڕانه‌که له لایه‌ن (واڵته‌ر کاوفمان)ی بیریار رووبه‌رووی ڕه‌خنه‌ی توند بووه‌وه، چونکه زمانی ئینگلیزییه‌که‌ی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر کلاسیک بوو، وه‌کو زمانی شه‌کسپێیر. جگه له‌وه‌ی له زمانی کتێبی (بایبڵ) نزیک بوو، (بایبڵ کۆکراوه‌ی هه‌ردوو کتێبی ته‌وڕات و ئنجیله). بۆیه (کافمه‌ن) خۆی وه‌ریگێڕا بۆ ئینگلیزی و له پێشه‌كیی وه‌رگێڕانه‌که‌یدا ره‌خنه‌کانی خۆی ئاراسته‌ی (تۆماس کۆمۆن) کرد. ته‌نانه‌ت (کۆمۆن) ناونیشانه‌که‌یشی به هه‌ڵه وه‌رگێڕاوه. جگه له (کافمه‌ن)، ئه‌م کتێبه لا لایه‌ن (R.J. Hollingdale)ی بیریاریش وه‌رگێڕدرا. وه‌رگێڕانه‌که‌ی (کافمه‌ن) و (HOLLINGDALE) له رووی زمان و ده‌ربڕیندا بێوێنه‌ن. به تایبه‌ت هیی (کافمه‌ن)، چونکه کافمه‌ن خۆی یه‌کێکه له فه‌یله‌سووفه که‌موێنه‌کانی ئه‌ڵمانی- ئه‌مه‌ریکی.