
مارکسیزم و پرسی نەتەوەیی کورد – 4
نووسینه‌کانی لینین له سه‌ر مافی میلله‌تان له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا، کۆمه‌ڵه تێزێکن که نه‌ک به‌ته‌نها له‌لایه‌ن چه‌پ و مارکسیسته‌کانه‌وه به‌ڵکو له‌ناو سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی سیاسی زۆرێک له زانکۆ و پێگه باڵا ئه‌کادیمییه‌کانی جیهانی ئه‌مڕۆدا، به یه‌کێک له مه‌زنترین تێکسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌ژمار ده‌کرێن ، که هه‌تاوه‌کو ئێستا له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌یی و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌نجامدرابن. بێگومان لینین هه‌رچه‌نده هه‌ندێک بۆچوونی وه‌کو وابێت دژ به‌یه‌ک بن له نووسینه‌کانیدا ده‌رده‌که‌ون، به‌ڵام ده‌ره‌نجام تێکۆشه‌رێکی جیهانی بێوێنه بووه له به‌رگریکردنی مافی گه‌لانی ژێر ده‌سته له بڕیاردانیان بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسی و چاره‌نووسی نه‌ته‌وایه‌تییان. ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی قوڵ ببێته‌وه له پرسی نه‌ته‌وه‌یی، له کتێبی “لینین له‌سه‌ر جه‌نگ و ئاشتی”دا (ل 6 چاپخانه‌ی کۆماری خه‌ڵکی چین په‌کین 1979 ) جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ری ده‌کات له نێوان ” جه‌نگی توندویژی و جه‌نگی به‌رگری”دا که تیایدا جه‌نگی ئیمپریالیستی و داگیرکاری وڵاتان له‌لایه‌ن زلهێزه ئیمپریالیسته‌کانه‌وه به ناڕه‌وا و جه‌نگی میلله‌تانی ژێر ده‌سته بۆ ڕزگاری نیشتمانی و چینی کرێکار بۆ ڕزگاری چینایه‌تی به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ران و بۆرژوازی به ڕه‌وا ده‌زانێت. نووسینه‌کانی لینین له سه‌ر مافی میلله‌تان پێویسته بکرێن به چه‌ند قۆناغێکه‌وه. سه‌ره‌تا که پارته مارکسیسته‌کان سۆسیال- دیموکراسی بوون و لینین پرسی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تانی چه‌وساوه‌ی له ناو بزووتنه‌وه‌ی سۆسیال- دیموکراسی جیهانیدا هه‌ژاند. دواتر هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی لینین و ڕۆزا لوکسمبێرگ و مارکسیسته‌کانی تر له ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووه‌می سۆسیال دیموکراسی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ناوی (سۆسیالیست – ئه‌نته‌رناسیۆناله) به‌هۆی ده‌نگدانی ئهنتهرناسیۆنالهکه به جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م که وایکرد لینین و هاوڕێیانی و سۆسیال دیموکراته چه‌په شؤڕشگێرهکانی تر وه‌ک کاڕڵ لیکبنیکت و ڕۆزا لوکسمبێرگ له ئه‌ڵمانیا و چه‌ندانی تریش له پۆڵۆنیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی تری ئه‌وروپا له‌و ئه‌نته‌رناسیۆناله بێنه ده‌ره‌وه، له دوای شؤڕشی شکست‌خواردووی کرێکارانی ئه‌ڵمانیا که له ساڵی 1918ه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد دوای شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر و ڕاگه‌یاندنی حزبی شوعی ئه‌ڵمانیا ، کارڵ لیکبنیکت و ڕۆزا لوکسمبیرگ به زیندوێتی له 15 ی 1 ی 1919 له‌لایه‌ن سۆسیال- دیموکراته‌کانه‌وه و ده‌ستگیرکران و هه‌ردووکیان تیرۆرکران . له ساڵی 1919 ئه‌نته‌رناسیۆنالی سێهه‌م دامه‌زرا که دواتره بووه کۆمۆنتێرن، به‌ڵام له دوای مردنی لینین و ڕاوه‌دونانی مارکسیسته‌کان به سه‌رکه‌وتنی ستالین له 1929دا، کۆمهنتێرن و سیاسه‌ت و ستراتیژی ستالینزم دایپۆشی. قۆناغی سێهه‌می نووسینه‌کانی لینین ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌می شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر و سه‌ره‌تای بنیاتنانی ئه‌نته‌رناسیۆنالی سێهه‌م. لینین له سه‌رده‌می سۆسیال- دیموکراسیدا سه‌ره‌تا پێی سه‌یربوو که میلله‌تانی چه‌وساوه داوای جیابوونه‌وه ده‌که‌ن و مافێکه ده‌بێت پێیان بدرێت و له هه‌مانکاتیشدا دابه‌شیان ده‌کات به‌ڵام “ده‌وڵه‌تێکی فره‌نه‌ته‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری داگیرکا‌ر ده‌توانێت یه‌کیان بخات ” ( لینین و جیاکارییه‌کان له پرسی نه‌ته‌وایه‌تیدا ، ئه‌ندرێ کارپینکۆ 2010 ڕۆژنامه‌ی کۆمۆنه ، له‌نده‌ن) بۆیه پێی وابوو له‌به‌رامبه‌ر داگیرکاری قه‌یسه‌ردا ڕووسیای دیموکراتی بۆرژوازی ده‌توانێت ئه‌م میلله‌تانه یه‌کبخات، به‌ڵام دواتر له به‌رامبه‌ر وتاره‌کانی ڕۆزا لوکسمبێرگ که خۆی پۆڵۆنی بوو و دژی جیابوونه‌وه‌ی پۆلۆنیا بوو له ڕووسیا و پێگه‌ی به‌ناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی کرێکارانی ده‌خسته ڕوو، لینین که‌وته قوڵایی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی دوور و درێژ له به‌رامبه‌ر ئارگومێنته‌کانی ڕۆزا لوکسمبیرگ، که ئه‌و ده‌مانه پێش ستالینزم بۆچوونه‌کانیان شه‌فافانه له یه‌ک ڕۆژنامه‌دا بڵاو ده‌بونه‌وه به چه‌ند زمانێکی سه‌ره‌کی. لینین له‌وێدا جۆرێک کاریکاتۆرانه نووسیویه‌تی: “مارکسی یۆتۆپی و ڕۆزا لوکسمبێرگی پراکتیکی” که لینین تیایدا شرۆڤه‌ی کردووه مارکس جوداخواز بووه و بڕوای به مافی سه‌ربه‌خۆیی میلله‌تانی چه‌وساوه بووه. هه‌روه‌ها له سه‌ره‌تای تێزه به‌پێزه‌که‌ی که له ژێر ناوی :”شۆڕشی سۆسیالیستی و مافی میلله‌تان له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا” یه، لینین ده‌سنیشانکردووه که هه‌ر پارتێکی سۆسیالیستی ” ئه‌گه‌ر ئێستا و له کاتی شۆڕشدا و له دوای سه‌رکه‌وتن به چالاکیه‌کانیان نیشانی نه‌ده‌ن بڕوایان به ڕزگاری گه‌لانی ژێر ده‌سته هه‌یه و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵدا درووست نه‌که‌ن له سه‌ر بنه‌مای یه‌کێتییه‌کی ئازاد، وه یه‌کێتییه‌کی ئازاد هیچ مانایه‌کی نییه به‌بێ مافی جیابوونه‌وه‌ی گه‌لانی ژێر ده‌سته، ئیدی ئه‌و پارتانه خیانه‌ت له سۆسیالیزم ده‌که‌ن. ” ( کۆکراوه‌ی نووسینه‌کانی لینین به‌شی 19 ل322، چاپخانه‌ی سوور 1985 له‌نده‌ن) لینین ئه‌م مافه به بنه‌مایه‌کی گرنگی هێنانه مه‌یدانی سۆسیالیزم ده‌ناسێنێت، چونکه زۆرینه‌ی دانیشتوانی ڕووسای ئه‌و ده‌مانه‌ش به نه‌ژاد ڕووس نه‌بوون بۆیه ڕایده‌گه‌یه‌نێت بۆ پارته سۆسیالیسته‌کان :” مافی میلله‌تان له دیاریکردنی چاره‌نووسیاندا له ڕووسیای قه‌یسه‌ر ئه‌رکێکی گرنگه له سه‌ر شانی هه‌موو سۆسیال دیموکراته‌کان هه‌تاوه‌کو هه‌نگاوی زیاتر بنێن له‌بۆ ئامانجه دیموکراتی و سۆسیالیستییهکانیان.” (هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو) جیا له‌و مارکسیستانه‌ی له خۆرهه‌ڵاتی ناوین به‌تایبه‌تی له‌و چوار وڵاته‌ی کوردستانیان داگیرکردووه، که هه‌رگیز پره‌نسیبێکی هێنده بنه‌ڕه‌تییان له‌سه‌ر مافی کورد و درووستبوونی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردستانی نه‌بووه، چونکه وه‌ک پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ کرد، ئه‌وان له پێکهاته چینایه‌تییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌ست و سه‌رده‌ست نه‌گه‌یشتبوون. به‌ڵام جودا له‌وان، له تێزه‌که‌یدا لینین ته‌واو ئه‌و پێکهاته چینایه‌تییانه ڕوون ده‌کاته‌وه و له خشته‌یه‌کدا وڵاتانی دنیا په‌یوه‌ند به مافی میلله‌تان له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا ده‌کاته سێ به‌شی سه‌ره‌کییه‌وه. یه‌که‌م ئه‌و وڵاتانه‌ن که ده‌مێکه شۆڕشی بۆرژوازی پێشکه‌وتوویان تێپه‌ڕاندووه و خه‌باتی نیشتمانیان ته‌واو کردووه، وه‌ک وڵاتانی ڕۆژئاوای ئه‌وروپا و ئه‌مریکای باکوور. بۆیه خه‌باتی ئه‌مان ته‌واو چینایه‌تییه و له به‌دیهێنانی سۆسیالیزمدا خۆی ده‌بینێته‌وه. دووه‌م وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و نه‌مسا و به‌لکان و رووسیایه که ئه‌وه سه‌ده‌ی بیسته‌م بوو بۆرژوازی نیشتمانی و خه‌باتی نیستمانیانی په‌ره پێدا، لینین ئاماژه‌ی کردووه: ” خه‌باتی ئه‌مان به‌بێ مافی میلله‌تان له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا مه‌حاڵه” به‌ڵام لینین ئه‌و خاڵه گرنگه‌ش بۆ سۆسیالیزم له‌و وڵاتانه‌دا ده‌خاته ڕوو :” گرنگترین تێکۆشان ئه‌وه‌یه که خه‌باتی چینایه‌تی پرۆلیتاریای نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌ست و پرۆلیتاریای نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست یه‌کبخه‌ین” بێگومان پارتی به‌لشه‌فی له‌سه‌روبه‌ندی شۆڕشدا ئه‌وه‌ی کرد و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ش بوون به کۆڵه‌که‌یه‌کی به‌هێزی شؤڕشی ئۆکتۆبه‌ر، چونکه مافی میلله‌تان توانی پاڵپشتی نزیکه‌ی 58% ی دانیشتوانی ڕووسیا که به نه‌ژاد ڕووس نه‌بوون له شۆرشیاندا به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌م تێڕوانینه‌ی لینین زۆر گرنگ بوو، بۆیه جێبه‌جێنه‌کردنیشی قه‌ده‌رێکی ڕه‌شی بۆ کۆمنیستهکانی دوای خۆی هێنا له ئیسپانیا. له شۆرشی سۆسیالیست و ئه‌نارکیسته‌کان له ئیسپانیا دژی فاشیزم له ساڵی 1936- 1939دا، مافی جیابوونه‌وه نه‌درا به مهراکشییهکان (مه‌غریب) ، بۆیه له به‌رامبه‌ردا دانیشتوانی مه‌راکش به هێزی چه‌کدارییان پاڵپشتی فرانکۆی فاشتیان کرد بۆ داپڵۆسینی ئه‌و شۆڕشه جیهانییه‌ی که شکسته‌که‌ی دواجار جه‌نگی جیهانی دووه‌می لێکه‌وته‌وه له ساڵی دا1939. سێیه‌م له خشته‌که‌ی لینین‌دا که گرنگترینیانه بۆ ئێمه و په‌یوه‌نده به خه‌باتی مارکسیسته‌کان له کوردستاندا، ئه‌و وڵاتانه‌ن که نیوه- کۆڵۆنیاڵن. له سه‌رده‌می لینین‌دا ئه‌و وڵاتانه تورکیا و ئێران و چین بوون. لینین وه‌کو پارته کۆمۆنیسته‌کانی ده‌ڤه‌ری لای خۆمان خه‌باتی سۆسیالیستی و چینایه‌تی به‌سه‌ر ئه‌م وڵاتانه‌دا نه‌سه‌پاند وه‌ک ئه‌و پارتانه به‌سه‌ر کوردیاندا سه‌پاند و بچوکبوونه‌وه‌ی خۆیان هه‌تا حاڵی نه‌مان و پاشه‌کشه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردیشی لێکه‌وته‌وه. نا، به‌ڵکو لینین ڕاشکاوانه وه‌ک سۆسیالیستێکی مارکسیستی شۆڕشگێرانه بانگه‌وازی کرد:”سۆسیالیسته‌کان ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ و هه‌رئێستا ده‌ستبه‌جێ داوای ڕزگاری ئه‌م گه‌لانه بکه‌ن به‌بێ قه‌ره‌بوکردنه‌وه” ئه‌و زۆر ژیرانه ده‌سته‌واژه‌ی “قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی ” به‌کارهێناوه، مه‌به‌ستیشی ئه‌وه‌یه که داوای قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی سۆسیالیزم و خه‌باتی چینایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی گشتی نه‌که‌ن. بۆ وێنه لینین خواستی نه‌بوو که چه‌وساوه‌کانی وڵاتی چین به‌رژه‌وه‌ندی کرێکارانی به‌ڕیتانی لێک بده‌نه‌وه چونکه چین کۆڵۆنی به‌ڕیتانیا بوو، چونکه لینین له لێکدانه‌وه‌یه‌کی ماتریالیستی مێژووییه‌وه له‌و ڕاستییه گه‌یشتبوو خه‌باتی بۆرژوازی نیشتمانی له ته‌ک ئه‌م گه‌لانه وه‌ک کورد له ئێستادا ” یان تازه خه‌ریکه ده‌ستپێده‌کات یان ڕێگه‌یه‌کی زۆری له‌به‌رده‌مدایه ” ( کۆکراوه‌ی نووسینه‌کانی لینین ل 118، چاپخانه‌ی نیونه‌ته‌وه‌یی – نیۆرک 2002 ) ئه‌وه‌ی لینین لێی ده‌ترسا هه‌ر ئه‌وه‌یه که ساڵانێکی زۆر پارته شوعییه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین به دۆزی سیاسی کوردیان کردووه و خه‌باتی ڕزگارییان له پێناوی به ناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پرۆلیتاریا‌دا تاڕاده‌یه‌کی به‌رچاو پاشه‌کشه پێ‌کرد. دواتر له سه‌ر”ئه‌رکه‌کانی پرۆلیتاریا له داهاتوویه‌کی نزیکدا” لینین زۆر ڕاشکاوانه‌تر و به پێداگرییه‌کی زۆر جدیتره‌وه به‌رگری له مافی میلله‌تان ده‌کات له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا، ئینجا چی له شێوه‌ی جه‌نگی به‌رگریکردن و پاڵپشتی جه‌نگی ئه‌و میلله‌ته ژێر ده‌سته‌یه له‌به‌رامبه‌ر داگیرکه‌راندا یان له ڕیفراندۆمێکی سه‌رتاسه‌ریدا، به‌ڵام ڕیفراندۆم له ناوچه‌ی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌که‌دا، به پێچه‌وانه‌ی بۆرژوازییه‌وه که ده‌یه‌وێت له ته‌واوی وڵات به ناوچه‌کانی سنووری خۆیه‌وه ڕیفراندۆم بکات، وه‌ک به‌ڕیتانیا ده‌یویست له ته‌واوی به‌ریتانیادا ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ئێرله‌ندا بکرێت، که بێگومان زۆرینه‌ی دانیشتوانی به‌ریتانی ده‌نگیان به جیابوونه‌وه‌ی ئێرله‌ندا نه‌ده‌دا، وه‌کو وابێت هه‌موو عێراق له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ی کوردستان ده‌نگ بدات. نا، لینین ئه‌م مافه‌ی ته‌نها و ته‌نها ده‌خسته‌وه ده‌ستی میلله‌تانی ژێر ده‌سته، به مافی جیابوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی. ئه‌وه‌ی که ته‌ڵخه له بۆچوونه‌کانی لینین‌دا ئه‌وه‌یه که تا ڕاده‌یه‌کیش پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێک له بۆچوونه‌کانیه‌تی له‌و مهودایهدایه که له سه‌ر فیدراسیۆن نووسیویه‌تی. لینین بانگه‌وازی کردووه ” ئه‌م مافه ته‌نها مافێکی سیاسییه… بۆیه مانای ئه‌وه نییه که ده‌وڵه‌تی گچکۆکه گچکۆکه درووست ببێت به‌ڵکو ده‌ربڕینی به‌رده‌وامی خه‌باتمانه دژی هه‌موو چه‌وساندنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی.” (په‌یوه‌ندی گرنگی مافی میلله‌تان له‌گه‌ڵ فیدراسیۆن ل 133 هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو) به‌ڵام لێره‌شدا لینین له سۆنگه‌ی تێڕوانینه سۆسیالیستیه جیهانییهکهیهوه ئه‌م بۆچوونه‌ی ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی که به‌ره‌و سۆسیالیزم هه‌نگاویان ناوه نه‌ک بۆ ئه‌وانه‌ی داگیرکراون وه‌ک تورکیا و ئێران و چینی ئه‌و سه‌رده‌مه، بۆیه دواتریش ئه‌وه ڕوون ده‌کاته‌وه که “ئامانجی سۆسیالیزم ئه‌وه‌یه که هه‌موو دابه‌شبوونێکی مرۆڤایه‌تی نه‌هێڵێت جا چی ئه‌و دابه‌شبوونه له ده‌وڵه‌تی گچکۆکه و هه‌رجۆره جیاکارییه‌کدا بێت، له‌وه‌ش زیاتر سۆسیالیزم نه‌ک هه‌ر خوازیاره نه‌ته‌وه‌کان له‌یه‌کدی نزیک بکاته‌وه ، به‌ڵکو ئامانجییه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کدا تێکه‌ڵیان بکات.” (هه‌مان لاپه‌ڕه‌ی سه‌رچاوه‌ی پێشوو) سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه نه‌ک هه‌ر ته‌واوی ئایدیاکانی لینین ناخاته ژێر پرسیاره‌وه وه‌ک لیبڕاله‌کان یان کۆمه‌ڵێک دۆڕاوی سۆسیال – دیموکرات ئیدیعای بۆ ده‌که‌ن، به‌ڵکو ئامانجێکی واقیعی سۆسیالیستییه و ئه‌مڕۆ له ئه‌وروپادا تا ڕاده‌یه‌کی به‌هێز به‌دی ده‌کرێت و ته‌نانه‌ت نوێنه‌رانی بۆرژوازیش دان به‌وه‌دا ده‌نێن که ته‌نانه‌ت تێكه‌ڵبوونی موسوڵمانان له ئه‌ورپای ئه‌مڕۆ و شوێنبوونهوهی ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه جیاوازانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌باتی مارکسیسته‌کان له ئه‌وروپا و به‌رگریکردنی ئه‌وان له‌و تێکڵهبوونه که‌لتوورییه، هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ له ئه‌وروپادا ده‌سته‌واژه‌ی سیاسی “فره – کهلتوورخواز” بوونی هه‌یه و چه‌په‌کانی پێده‌ناسرێته‌وه و له باڵی ڕاستی ناسیۆنالیزم و ئاینییه توندڕه‌وه‌کان جوێیان ده‌کاته‌وه، که بڕوایان به تاک نه‌ته‌وه‌یی و تاك کلتوور و سنوور و جیاکارییه‌کی ته‌واو هه‌یه له‌نێوان مرۆڤه‌کاندا. به‌ڵام به‌داخه‌وه ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی لینین وڵاتانی دنیای به پێێ قۆناغی شۆڕشی بۆرژوازی نیشتمانیان کرد به چه‌ند به‌شێکه‌وه و ده‌ریخست که ده‌بێت سۆسیالیسته‌کان ئاڵای ڕزگاری نیشتمانی به‌رزبکه‌نه‌وه و بۆ گه‌ردی شۆرشگێری نیشتمانی بۆرژوازی بگه‌رێن له ناو بۆرژوازی پیشکهوتوخوازدا وه‌ک هاوپه‌یمانیان، پارته شوعییه‌کان له‌و چوار وڵاته‌ی کوردستانی به‌سه‌ردا دابه‌شبووه هه‌تاوه‌کو دوو ده‌یه له‌مه‌وبه‌ریش پێش درووست بوونی حزبی شوعی کوردستان و کۆمه‌ڵه‌ی دایک و پارتی کۆمۆنیستی کوردستان له تورکیا، له ته‌واوی نووسینه‌کانی لینین‌دا ته‌نها ئه‌و دێڕه‌یان وه‌رگرتبوو که مافی کورد ته‌نها مافێکی سیاسییه، ئه‌گه‌رچی لینین ته‌نها له‌وکاته‌دا باس له مافی سیاسی ده‌کات که پرۆسه‌ی ئینتیقالی به‌ره‌و سۆسیالیزم بۆ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ په‌ل ده‌هاوێژێت، نه‌ک له قۆناغی شۆڕشێکی نادیاری وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێران یان تورکیا یان جه‌بهه‌ی پارته‌که‌ی به‌گداش له‌گه‌ڵ به‌عسی سووریدا که تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه. له ڕاستیدا لینین له‌و مه‌ترسییه زۆر به‌شک بوو که شۆڤێنییه‌کان یان به هه‌ڵه لێی تێبگه‌ن یان به ئه‌نقه‌ست به‌کاری به‌رن.
ڕۆژ ئەحمەد
ماویەتی…
لە ژمارە 953 ی “ڕێگای کوردستان” دا بڵاوبۆتەوە