Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
شەرەف و روانگاکان …  بەهار نەسرەدین

شەرەف و روانگاکان … بەهار نەسرەدین

Closed
by October 1, 2011 گشتی

شەرەف وشەیەکە لە داهێنانی خودی ئینسانە و لە زۆر پەیوەندیدا بەکار دێت بۆ بەرز نرخاندن و رێز گرتن لە کەسێک. پەیرەوەکانی شەرەف و باس کردن لە شەرەف مایەی سەربەرزی و پلە و شانازیە بۆ ئینسان. جیاوازی هەیە لە پێوەرەکانی شەرەف لە نێوان کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی جیهاندا. بە شێوەیەکی گشتی شەرەف پێوەرێکی بەرزە کە بۆ رەوشت بەرزیی و مانا و کاری مەزن بەکاردێت و بە ئاسانی بە دەست نایات. بۆ نمونە وڵات و ئاڵایان لە هەمو کۆمەڵگاکاندا بە شەرەف داناوە کە بەرز و پیرۆزە. خۆ بەخت کردن لە پێناوی پاراستنی ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتدا کراوە بە یەکێک لە پێوەرە هەرە بەرزەکانی شەرەف. لە وڵاتە عیلمانی و پێشکەوتوەکان دا، شەرەف لە بون و پەیرەوکردنی دێموکراسی و ئازادی تاک دایە کە تێیدا ئینسان تا ئاستێکی زۆر ماف و کەرامەتی پارێزراوە.
بۆ یاد و رێز گرتن لە کارێکی مەزن، داهێنان، کەشفیات و بەرهەمێکی بە سود کە  کەسێکی بە توانا  ئەنجامی دەدات لە یەکێک لە بوارە زانستی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبیەکاندا کە خزمەتێکی زۆر دەگەیەنێ بە ژیان و بە ئینسانیەت، وەک پلەی بەرزی شەرەف دەنرخێنرێت و خەڵات دەکرێ. ئەم نرخاندنە هەم لە ئاستی ناوخۆیی وهەم لە ئاستی جیهاندا دەبێتە مایەی سەربەرزی بۆ خۆی و بۆ وڵاتەکەی وجیهانیش. خەڵک وەکو سمبولی شەرەف بۆ وڵاتەکەیان ناوی دەبەن. لە گۆرەپانە گشتیەکان و رێگا و شەقامەکاندا پەیکەری بۆ درۆست دەکەن و هەمو ساڵێک یادی دەکرێتەوە.
 لە زانکۆ و قۆناغە بەرزەکانی خوێندندا پلەی شەرەف بەو خوێندکارانە دەدرێ کە نمرەی بەرزیان سەرکەوتوانە بە دەست هێنا بێت. بۆ تەقدیر و رێز گرتن لە هەوڵ و کٶششی ئەو خوێندکارانە و ئەنجامە بەرزەکان کە بەدەستیان هێناوە پلەی شەرەف وەک خەڵات دەبەخشرێت بە خۆیان بەدەستهاتەکانیان کە لە خۆیدا بە هەمان شێوە دەبیتە شەرەف بۆ ئەو خوێندنگایانەی کە تێیدا خوێندویانە.
شەرەف لە زۆر پەیوەندیدا لە گەڵ ڕەوشتە ئینسانیە بەرزەکاندا ناو دەبرێت. بۆ نمونە کەسێک کە تایبەت مەندیەکانی راستگۆیی، خۆشەویستی، دەستپاکی، بەهەڵوێست، نەفس بەرزی و دڵسۆزی رەوشتی بێت، بە کەسێکی خاوەن شەرەف دادەنرێت و جێگای رێز و باوەری هەمووانە.
شەرەف لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا و لە ناو گەلی کوردا بەتایبەتی تەحریف کراوە و هیچ پەیوەندیەکی بە پێوەرە راستییەکانی شەرەفەوە نیە. لە ئیسلامدا شەرەف بۆ هەمو ئینسانێک نیە. بە پێی ئایەتی ١٤ لە سورەتی ال عمران دا، ئینسان لە لای اللە تەنها رەگەزی پیاو دەگرێتەوە. هەمو شتێک بو پیاو دروست کراوە و رازێندراوەتەوە. شەرەفیش تەنها هێ پیاوە و تایبەتە بە پیاوان. هەر بە پێی هەمان ئایەت ژن لە ئیسلامدا تەنها موڵکی پیاوانە و بۆ خۆشی و خزمەتی پیاو دروست کراوە و لە هەمان کاتدا کراوە بە سمبول و هەڵگری شەرەفی پیاوان. خودی روانگەی اللە و کۆمەڵگای ئیسلامی دەربارەی ژنان و وەزعی نائینسانی ژنان، لە خۆیدا ناتەبایە لە گەڵ مانا و پێوەرە ئینسانیەکانی شەرەفدا. لە کاتێکدا کە شەرەف مایەی سەربەرزی و شانازیە بۆ ئینسان، بەڵام بە پێچەوانەوە بە پێی ئایەتی ٥٨ی سورەتی النحل، اللە و موسڵمانان نەک هەر پێوەرە ئینسانیەکانی شەرەف، بەڵکو پێوەرەکانی خۆشیان زۆر لا بێ نرخە و پێشێلی دەکەن. بە لە دایک بونی کچ کە دەکاتە شەرەفیان، خەم دایان دەگرێت و ڕق هەمو لەشیان دادەگرێت و دەبێتە مایەی گرفتاری بۆیان. ئیتر بەردەوام شەرم لە شەرەفی خۆیان دەکەن، چونکە سەرتاپای کچ کە دەبێتە شەرەفیان پێیان عەورەتە. هەر بۆیە لە منداڵیەوە دای دەپۆشن و دەیشارنەوە. لە سەر بێ کەرامەتی و کۆیلە بون پەروەردەی دەکەن، هۆش و بیری لێ دەستێننەوە و دەبێ بە پێی پێوەرەکانی بیر و بۆچونی ئەوان هەڵس و کەوت بکات. بە بێ ئەمر و رەزامەندی ئەوان نابێت هیچ تەسەروفێک بە لەشی خۆی بکات و خاوەنی لەشی خۆی نیە. بە بۆچونی موسڵمانان ژن چەندە زیاتر بێ توانا، ون، نەناسراو، داپۆشراو و ملکەچ بێت، ئەوەندەش شەرەفیان بەرز و پارێزراوە.
پێوەر و بنەما ئینسانیەکانی شەرەف ڕون و ئاشکران. بە هەوڵ و كۆششی ئینسان بە دەست دێت. بە  ئەمر و بریاری هیچ کەسێک ناگۆڕدرێت. بۆ وێنە هیچ کاتێک و بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان کۆیلایەتی لە جێگای ئازادی، درۆ لە جێگای راستی یان جەهالەت لە جێگای زانست دانانرێت. شەرەفی موسڵمانان لەم قاعیدەیە بە دورە و شمولی ناکات. ژن بەتایبەتی و ئەندامی مێینەی ژن کە شەرەفی پیاوانی موسڵمانە کە،  قەدەغەیە و بە هیچ شێوەیەک نابێ دەستکاری بکرێت و لەکەدار بێت، بەڵام هەر خودی خۆیان بە ئەمری اللە کە لە قورئان دا هاتوە، بە ناوی زەواج بەرانبەر بە برێک پارە شەرەفی خۆیان دەفرۆشن و مەعامەلەی پێوە دەکەن. بە پێی تەفسیری ئایەتی ٣٣ی سورەتی (ص)، اللە ژنان و ئاژەڵ دەخاتە پاڵ یەکتر و هەر دوک بۆ سوار بونن. بەم شێوەێە پیاوانی موسوڵمان سواری شەرەفی یەکتر دەبن و دەیدرن کە پەردەی کچێنیە. کار بەمەشەوە ناوەستێ و هەر بە ئەمری اللە و بە پێی ئایەتی ٣٤ی سورەتی النساء، شەرەفیان کە ژنەکانیانە پێشێل دەکەن،  لێیان دەدەن، سوکایەتیان پێدەکەن و لە ماڵەوە ئەیان بەستنەوە و هەر کاتێکیش پێیان خۆش بوو تەجاوزیان پێدەکەن.
سور بونی اللە لە سەر سوک و بێ نرخ کردنی ژن کە کراوەتە شەرەفی پیاوی موسڵمان، بە ئاشکرا لە ئایەتی ٦ی سورەتی المائدة و ئایەتی ٣٤ی سورەتی النساء دا ئاماژەی پێدەکا. لەو ٢ ئایەتەدا اللە ناوی ژنان پاش پیسایی دێنێت و یەک حەسابیان بۆ دەکا.
پیاوانی موسوڵمان ژیانی خۆیان بەخت دەکەن لە پێناو ئەوەیکە شەریعەتی ئیسلام حاکم و خاوەن دەسەڵات بێت. یەکێک لە بەندەکانی ئەو شەریعەتە پەروەردە کردن و هاندانی پیاوانی موسڵمانە و فەرز کردنە لە سەریان بۆ پێشێل کردن و سوکایەتی بە ژنان کە شەرەفیانە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە اللە بە موسڵمانان دەڵێ (خیر أمة أخرجت للناس) یانی، کە ئێوە باشترین ئومەتی خودان.
نەبونی بنەمایەکی بە هێز و ئینسانی بۆ پێوەر و مانای شەرەف لە ئیسلامدا، شەرەفی خستوەتە رەهنی روداوەکان و کردەوەکانی خۆیان لەو بوارەدا. بۆ نمونە، سێکس کردن بە بێ پەیرەو کردنی پێوەرەکانی اللە و ئیسلام گەورەترین تاوان و حەرامە و گەورەترین سزای هەیە. لە هەمان کاتدا بە پێی بەرژەوەندی خۆیان، کاتێک خەتا و خەیانەتێک لە کەسێکیان، ژن یان پیاو رودەدا و ئەمرەکانی اللە پێشێل دەکەن، دەیان ئایەت و شێر و رێوی دێننەوە بۆ پاساو کردنی. لە لایەکیتر تەنها بە گومانێک لە یەکتر کە بە هۆی نەزانی و دواکەوتویی، یان توڵە و رقی شەخسیەوە لە لایان دروست دەبێ، دەست درێژی دەکەنە سەر شەرەفی یەکتر و شەرەفیان لەکەدار دەکەن و دەکەونە کوشتاری ژنان بۆ پاکردنەوە و بەدەست ‌هێنانەوەی شەرەفیان.
لە دونیای ئەمڕۆ دا، بەستنەوەی شەرەف بە ئەندامی مێینەی ژنەوە بوەتە مایەی گاڵتە جاری و بێ بنەما بونی پێوەرەکانی شەرەفی ئیسلام و موسڵمانان. بۆ نمونە پەردە دورینەوەی کچان لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا بە ئاسانی دەکرێ و بوەتە باو. کچان دەتوانن بە نهێنی و بە بێ ئەمری اللەش سێکس بکەن و پێش مێرد کردن بچنە لای دکتۆر و بیدورنەوە .
وڵاتە عیلمانی و سەنعەتیەکان توانیویانە بەکەڵک وەرگرتن لەو هەل و مرجە کە ئاکامی پێوەرەکانی شەرەفی ئیسلامیە، بە دروست کردنی دەزگای بەرهەم هێنەری پەردەی کچێنی ئامادە کە کچان دەتوانن بە بێ یارمەتی پزیشکی یان هیچ کەسێک هەمو جارێک پاش سیکس کردن بۆ خۆیانی دابنێن، فەشەلیان بە پێوەرەکانی شەرەفی ئیسلامی هێناوە. نەک بە تەنها کچان، بەڵکو ژن و مێرد لە یادی زەواجیاندا بە کاری دێنن بۆ یادکردنەوە و دوبارە ژیانەوەی یادی شەوی پەردەیان.
سەرەرای سەرکەوتنی زانست بە سەر خورافاتی دینی و کولتوریدا، بە دروست کردنی شەرەفی دەستکرد و فرۆشتنی بە نرخێکی زۆر نزم لە بازارەکاندا، وە دورینەوەی پەردەی کچێنی لەلایان پزیشکانەوە، دیسانەکە موسڵمانان خۆیان فریودەدەن و چاو لە راستیەکان دەقوجێنن و سور دەبن لە سەر باوەری خورافی خۆیان و شەرەف بە تاوان پاک دەکەنەوە.
 نە ئەندامی مێینەی ژن شەرەفە و نە کوشتن و بڕینی ژنان دەتوانێ پاراستنی شەرەف بێت، بەڵکو تاوان و کوشتن، لە خۆیدا ئەوپەڕی بێشەرەفیە و تەنها نیشانەی دواکەوتویی و درەندەیی ئیسلام و موسڵمانانە. تاوانی کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا بە بیانوی پاراستنی شەرەف، بوەتە هۆی ئەوەیکە میلەتی کورد بە یەکێک لە کۆمەڵگا دواکەوتو و کولتورە نزمەکانی جیهان بناسرێت و بە ژن کوژ بە ناوبانگ بێت.
قوڵبونەوە لە مانای شەرەفی موسڵمانان ئینسان سەرسام دەکا. ئەگەر شەرەف مانای رێز وکەرامەت و سەربەرزیی ئینسان بێت، وە دەڵێن ژن لە ئیسلامدا رێزدارە، ئەی بۆچی ئاوەها سوک و رسوایان دەکەن. ئەگەر ژن شەرەف بێت، بە کوشتنی ژنەکە شەرەفیان چی بە سەردێت؟ چی لە جێی ژنەکە دا دەنێن تا شەرەفیان بونی هەبێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەتوانین بڵێین ئینسان دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە شەرەفی موسوڵمان هیچ بونێکی نیە، بەڵکو تەنها وەهمێکی خورافی و عەقڵیەتی پیاوسالاریە و دەبێ لەو خەیاڵ و عەقڵیەتە بە خەبەر بێنەوە و بگەرێنەوە بۆ واقعی ژیان. چونکە بەردەوام بونی ژیان بە بونی ژن و پیاو هەردوک بەندە و بە بەشداری و بە تێکۆشانی هاوبەشی یەکتر پێش دەکەوێت. کۆمەڵگا بە بەشداری کردنی هەموان و بە سود وەرگرتن لە هەمو توانا و بەهرەکانی ژن و پیاو بە هێز دەبێت و دەبێتە بناغەیەکی پتەو بۆ بنیاتنانی بنەماکانی شەرەف کە مایەی سەربەرزی و شانازیە بۆ ئینسان و کۆمەڵگا.
ئومیدی گەشتن بە ئازادی و دیموکراسی و کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەختەوەر بە پشت بەستن و پەیرەو کردن لە شەریعەتی اللە مەحاڵ و خەیاڵە. بە ناوی پاراستنی شەرەف شەریعەتی ئیسلام نیوەی هێزی کۆمەڵگا، وەک تواناییە فکری و لێوەشاوەییەکانی ژنانی لە کار خستوە و رێگرە لە سود وەرگرتن لە بەهرەکانیان. رزگار بون لە خورافاتی ئاینی و یاسا دژە  ئینسانیەکان کە لە دەستوری وڵاتە ئیسلامیەکاندا هەیە، تەنها بە وەلانانی ئایین و دینە لە دەوڵەت و کولتور و یاسا و کۆمەڵگا. تەنها سیستەمێکی عادلی ئینسانی بەرپرسە لە پاراستنی ژیانی هەمو تاکی کۆمەڵگا و هیچ جیاوازیەکی رەگەزی بۆ دیاری کردنی سزای تاوان تێیدا دەور نابینێت، بە تایبەت کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەف. ژن شەرەف نیە، ژن ئینسانە و خاوەنی ماف و شەرەفی خۆیەتی. جێگای سەرسورمانەە کە تاکو ئێستا قانونی تاوانی کوشتن لە وڵاتە ئیسلامیەکاندا پەسەند دەکرێت، لە کاتێکدا زۆر ئاشکرایە کە لەم سەردەمەدا پەردەی کچێنی کە کراوەتە پێوەری شەرەف بە ئاسانی پینە دەکرێت و دروست دەکرێتەوە. قوربانیانی تاوانی شەرەف ئەگەری رزگار بونی ژیان و گیانیان زۆر زیاتر دەبو، ئەگەر پێشتر لەم شەرەفە دەستکردە زانستیە بەهرەمەند بوایەن. بنەماکانی پێوەرەکانی شەرەفی موسڵمانان خۆی لە خۆیدا بێ بنەما بونی یاسای تاوانی شەرەفە، بۆیە دەبێ ئەو یاسایە هەڵبوەشیتەوە و یاسایەکی یەکسان بۆ هەمو تاوانبارانی کوشتن و تاوانەکانی تر پەیڕەو بکرێت.

٢٨/٩/٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.