
هه‌وری له مل …. نه‌به‌ز گۆران
سه‌یركه
ئه‌م شاره ئه‌ڵێی ژنه راكشاوه.
دارتوهكانی سه‌ر رێگا‌و وه‌رینی خه‌می ڕێبوارێ
غروری باڵه‌خانه‌یه‌كی به‌رز له‌به‌رده‌م كه‌سێكی بێ ماڵدا.
هه‌ستكردن به شێواوی گوندیهك له‌ناو بازارێكی تازه‌دا.
خۆلادان له شارنشینێك و ئاره‌زوی گه‌رانه‌وه بۆ ماڵه‌وه.
لاربوهنهوهی ته‌مه‌ن و وه‌ستانی ژیان له‌سه‌ر گۆرستانێ
چه‌مینه‌وه‌ی كرێكارێ بۆخۆشبه‌ختی.
شار له ئێوارانا ناز ئه‌نوێنێ و
تۆش له‌ناو دڵی منا ماڵێكت هه‌یه.
نه‌ئه‌توانم ئه‌م شاره جێبێڵم نه‌تۆ.
له‌نزیكه‌وه
ئه‌بمه میوانت.
له‌دوره‌وه بۆنت ئه‌كه‌م
ئه‌لێی نێرگزی … هه‌وری له‌مل.
بۆهیچ لایه‌ك ناچم
ئه‌ندێشه‌م پڕه له‌خه‌یاڵی تۆ
له‌دڵی سپی تۆ
له‌پێكه‌نینی تۆ
دڵیشم لێوان لێو له‌زیكری تۆ.
بۆهیچ كۆی ناچم
خه‌می ماڵی ئێوه ئه‌خۆم
ئه‌گه‌ر وتیان ماڵتان له‌كوێیه
ئه‌لێم: گوێ لهترپهكانی دڵم بگرن
ئه‌لێم: سه‌یری دێوانه‌یی من بكه‌ن له شیعرێكا
لهههركۆی تووی نازێكی تۆ وه‌ری ئهلهوێیه دڵی من.
ده‌نگی به‌رزی گۆرانیه‌ك له‌دوكانێكی دڵتهڕدا
ئاوێزان بوونی دووگه‌نج دوور له چاوی خه‌ڵك
فڕینی چۆله‌كه‌یه‌ك له‌ترسی قیژه‌ی منالێ.
مه‌ست بوونی ئێواران له‌ته‌نیشت دوو سنه‌وبه‌ر و
گریانێكی به‌كوڵ له‌دره‌نگ وه‌ختی شه‌وا.
گه‌ڵای وه‌رزه‌كان بهسهرشارهكهدا هه‌ڵه‌وه‌رێ و
منیش توی دڵی تۆ ئه‌چنمه‌وه.
تا هه‌تاو ئه‌یا له‌كه‌مه‌ری شار
په‌نجه‌ره‌ی من پڕه‌بێ له‌ڕوناكی دیده‌ی تۆ.
تا ئێواره دێ
مه‌یلی خه‌وی باوه‌شی تۆ.
ده‌ستی ئه‌و ژنه‌م به‌نێ و
ده‌ست له‌م شاره به‌ره‌یه‌م.
دڵی ئه‌و ژنه‌م به‌نێ و
وه‌ده‌رم نێن له‌م شاره.
ژیانی ئه‌و ژنه‌م به‌نێ و
ئه‌م شاره بۆ ئێوه.
هه‌واڵی هاتنی شیعرێكی تازه‌و ره‌وینه‌وه‌ی خه‌مێكی نوێ.
وه‌ستانی قوتابیه‌كان له‌به‌رده‌م ویقاری مامۆستایه‌ك
تامكردنی هه‌رچوار وه‌رزه‌كه له‌دوكانێكی سه‌وزه فرۆشا
دڵه‌خورپێی دایكێك له‌دره‌نگ كه‌وتنی كۆرپه‌كه‌ی بۆمه‌كته‌ب.
سپیه‌تی سه‌ری شار به‌ده‌ستی مانگهشهوێك.
لێكئاڵانی لاولاوێ به‌سه‌ر كه‌پری حه‌وشه‌یه‌ك.
داچۆرینی تهڕوپڕی كراسی ژنێ بهسهرتهنافی ههیوانێكهوه.
ئه‌م شاره‌تان ئه‌یه‌مێ و
ئێواره‌یه‌ك ته‌ماشای ئه‌وم به‌نێ.
ئه‌م شاره‌تان ئه‌یه‌مێ و
به‌یانیه‌كی ده‌ركه‌وتنی ئه‌وم به‌نێ.
هه‌وری له‌مل
له‌گه‌ره‌كی دڵی منا ناز ئه‌كا.
بێ ئه‌و
له‌سه‌رخۆشی كۆڵانێ ئه‌چم
ئه‌ڵێی شوشهیهكم هاڕهم دێ له‌گریان.
ئه‌لێی كۆڵانێكی بێ مناڵم
ئه‌ڵێی مه‌كته‌بێكی بێ زانستم.
ئه‌م شاره وه‌ك دڵی من گه‌وره ئه‌بێ
ئه‌م شاره كاروان سه‌رای غهریبهكانه.
حه‌دی نیه ئه‌م شاره له‌تۆ بچێ.
حه‌دی نیه ئه‌م شاره بگابهتۆ.
گوێگرتن له گۆرانیه‌كی كۆن و گه‌نج بونه‌وه‌ی دڵێكی پیر
هه‌ستكردن به‌گه‌رمای دڵی ژنێ له‌ودیو دیواری حه‌وشه‌وه
ته‌ماشاكردنی باخچه‌ی ماڵان له‌درزی دهرگاوهو گه‌شانه‌وه‌ی رۆحێك.
وارینی باران و شوشتنه‌وه‌ی شانوملی شار.
راچڵه‌كین به‌ده‌ست ده‌نگی مه‌لایه‌ك و هه‌واڵی هاتنی رۆژێكی نوێ .
ده‌به‌و به‌یانێكی تازه، هه‌ڵدانه‌وه‌ی ژیانێكی تر به‌ده‌ستی دوكاندارێ.
ئه‌م شاره به‌بێ تۆ
له‌دڵی بیابانی من ئه‌چێ.
ئه‌م شاره به‌بێ تۆ
ئه‌ڵێی ژنێكی رهشپۆه
كه‌تۆ له‌م شاره نه‌بی
ئه‌ڵێی وێرانه‌یه دڵی من.
كه‌تۆ له‌م شارهنهبی
ئه‌لێی جه‌هه‌نه‌مه رۆحی من.
پیاسه‌كردنی شه‌وان و باسكردنی كۆنه یار
دڵه‌خورپێی په‌رینه‌وه‌ی مناڵێ
له‌مبه‌ری جاده‌ی ساده‌یه‌وه بۆئهوبهری گه‌نجی.
خوشویستنی روخساری كرێكارێكی ماندو
خۆدورخستنه‌وه له فیزی دهوڵهمهنێكی تازه
ده‌نگی ناخۆشی سیاسه‌ت لهرۆژنامهكانا
ده‌نگی خۆشی پیره‌ژنێ له‌سه‌ربه‌رماڵی نزا
بێده‌نگی سه‌رقه‌بران دوای كۆچی ئازیزێ.
دانیشتن به‌دیار سیحری پێكێ شه‌رابه‌وه
راستگۆیی قسه له‌وه‌ختی مه‌ست بونا.
تۆوهك شه‌رابی
ههتاكۆنبی جوانتر ئه‌بی
هه‌تا كۆبنبی خۆشتر ئه‌بی…. هه‌روی له‌مل
تۆوهك هه‌ناری
هه‌میشه دڵت ته‌ڕه …. هه‌وری له‌مل
تۆ وه‌ك ئه‌م شاره‌ی
پڕی لهكوچهی یاران…. هه‌وری له‌مل
داپهرچهكهت لاده
بانهسوتێ دڵی من
چۆن ههڵنهكا ئاخ و ناڵه
له‌سه‌د لاوه شكاوه دڵی من
مه‌علومه دێته دیده‌نی سالاری تۆ
قه‌ت نایه‌ته‌وه تانهتكا به‌هی خۆی دڵی من.
خه‌وی خۆشی سه‌ربان و هه‌ڵسانه‌وه‌ی به‌یانیان به‌ده‌ستی گه‌رمای هه‌تاو
سه‌ودای گه‌زێ ته‌نیایی له‌بازاری كوتاڵ فرۆشا.
ته‌ماشای دوكانی ئاڵتون فرۆشێك و تێگه‌یشتن له‌دڵی ژنان.
جریوه‌ی چۆله‌كه‌كان و وردبونه‌وه له پۆلێ كچ
هه‌ڵواسینی خه‌مێ بهئێوارهداو لێكردنه‌وه‌ی بۆڵێكی تری ژیان.
سه‌یركه
ئه‌ڵێی مێخه‌كی به‌یه‌خه‌ی ئه‌م شاره‌وه
ئه‌ڵێی سێبه‌ری له‌م هه‌تاوی عومرهیا…هه‌وری له‌مل
جوانتر له‌گوڵی ناوباخچهكان
گوڵی سهركراسهكانی دایكم.
خه‌مگینتر له ئێواره
ده‌ركه‌وتنی تۆ.
دێوانهتر له شاعیره‌كان
دوری من له‌تۆ.
ده‌نگی به‌رزی به‌قاڵه‌كان و هه‌ستی غه‌ریبی گوندیهك له‌به‌رده‌م سنهوبهرێكا.
چۆڵبونی كۆڵانه‌كان كاتی ته‌شریف هاتنه‌وه‌ی ئێواره
پاكبونه‌وه‌ی روخساری شار دوایی بارینی چهژنێ.
گه‌رمتر له‌پرسه‌ی ژنان نیوهرۆیانی سه‌ر سفره
سارتر له‌دڵی زستان، چون بۆماڵی شارنشینێك.
سه‌یركه
ئه‌م دڵه چه‌ن بێ ئۆقره‌یه بێ تۆ
ئه‌م وه‌رزه چه‌ن سارده بێ تۆ
باخه‌كه‌ی من پڕه له‌سێبه‌ری تۆ
گۆرانیه‌كانم پڕن له غه‌ریبی بۆتۆ
له‌گه‌ردنت بئاڵێم وه‌ك ههوریهكهت
له‌ده‌ورت بئاڵێم چه‌شنی ههوریهكهت
هاوین و پایزی 2011 .. سلێمانی