
دوو سه‌ده: ئینسان له‌سه‌ر پێی خۆی راده‌گرێت
دوو قۆناغی زۆر گرنگ له مێژووی شارستانییه‌تی فه‌ڕه‌نسا هه‌یه: فیکر و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ئێستاتیکا فەڕەنسا ده‌گه‌یه‌نێته ترۆپکی شارستانییه‌تێک که تا جیهان ماوه ده‌بێت ئینسانایەتی شانازی پێوه بکات. ره‌نگیشه هاوشان له پاڵ فیکر و تێڕامان و پرسیار وروژاندن، تێرمی دیکه هه‌بن به ئاسانی ته‌رجه‌مه‌ی کوردی نه‌کرێن وه‌کو “ئار دو ڤیڤر”ه، واته”هونه‌ری ژیان” : هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتار و مێزرازاندنه‌وه و ناسینی جۆره‌کانی خورادن و خواردنه‌وه هتد ده‌گرێته‌وه. “ئار دو ڤیڤر” دوو سه‌ده پێشتر، واته له سه‌ده‌ی راپه‌ڕینەوە، نه‌جیبزاده‌و جەنگاوەرە فه‌ڕه‌نسییه‌کان له ئیتالیاوه ئاودیوی وڵاته‌که‌ی خۆیانیان کرد. مۆنتەین له سه‌فه‌ره‌کانی، به وردی سه‌رنجی مێزی رازاوە و جۆری خواردن دروستکردن و که‌وچک و چه‌تاڵ ده‌دات و له‌ده‌فته‌ره‌که‌ی تۆماریان ده‌کات. مه‌گه‌ر پێش ئەو ئیبن به‌تووته‌ی عه‌ره‌بان هه‌ند به وردی تێبنییه‌کانی له‌مه‌ڕ گه‌شته‌کانی نووسیبێت و دواتریش مارکۆ پۆلۆ سه‌باره‌ت به‌گه‌ڕان و سیاحه‌ته‌کانی سه‌رنج و تێبینییەکانی تێکه‌ڵ به فه‌تازیا بکات.
ئه‌م دوو قۆناغه له دوو سه‌ده پێکدێت و ده‌کرێت وه‌کو ته‌واوکه‌ری یه‌کتر ته‌ماشابکرێن. یه‌که‌میان سه‌ده‌ی شانزه‌یه که به‌سه‌ده‌ی راپه‌ڕین ده‌ناسرێته‌وه، ئه‌م راپه‌ڕینه ده‌یه‌وێت ده‌رگا زه‌به‌لاحه دارینه‌که‌ی چاخه‌کانی ناوه‌ند دابخات و ده‌روازه‌کانی فەڕەنسا به‌رووی جیهاندا بکاته‌وه. ئه‌و جیهانه‌ی له گۆڕان دایه، تەنانەت نه‌خشه جوگرافیەکانیش تووشی گۆڕانکاری دێن. کریستۆف کۆلۆمبی ئیتالی له رێگای ئاوییه‌وه‌نیمچه دورگه‌ی ئیسپانیا به‌ره‌و جیهانێکی نوێ جێده‌هێڵێت، دواتر ده‌زانرێت که کیشوه‌ری ئه‌مریکای دۆزیوه‌ته‌وه. له فەڕەنساش، مسیۆ ڤوازییه سوڕی خوێن که‌شف ده‌کات. ئەمانە دوو رچه‌ی نوێن، یه‌کێکیان له جه‌سته‌ی ئینسان و ئه‌ویدیکه‌یان گه‌ردوونییه و پانتاییه‌کی دیکه ده‌به‌خشنه جیهان. میکرۆکۆسم و ماکرۆکۆسم پێکه‌وه به‌شدارده‌بن له‌م گۆڕانکارییه‌دا.
لە روونگەی فەڕەنساوه، یه‌کێک له‌و ده‌روازه هه‌ره پڕشینگدارانه‌ئیتالیایه که هونه‌ری ته‌شکلیلی و په‌یکه‌رتاشی و مۆسیقا و کۆشکه رازاوه‌کانی تیا شه‌وق ده‌داته‌وه، وێرای سۆناته و ستایلێکی نووسین که ره‌هه‌نده ئێستێتیکه‌کانی له ئاسمانه‌کانه‌وه به‌ره‌و زه‌مین دێنێته خواره‌وه، رامانه‌کانی له‌ش هه‌نده‌ی دیکه بڵندیی و باڵایی ده‌به‌خشێته ئه‌و رۆحه‌ی که بۆ چه‌ندین سه‌ده له لایه‌ن لاهووته‌وه ده‌درایه به‌ر قامچیی هه‌ستکردن به گوناه و له قاوشه تاریکه‌کانی زانکۆکانیش کتومت وانه تیۆلۆژییه‌کان ده‌وترانه‌وه و ده‌وترانه‌وه: ئه‌زبه‌رکردن تاقه مێتۆدی عه‌قڵ بوو.
سه‌ده‌ی شانزه، سه‌ده‌ی نووسینی په‌خشانه و یه‌کێکی وه‌کو فرانسوا رابلێ کە له هه‌مان کاتدا پزیشکی ده‌روون و پزیشکی جه‌سته‌شه، رۆمانه‌کانی ده‌نووسێته‌وه و دوو قاره‌مانه به‌ناوبانگه‌که‌ی حووچی بنی حه‌لا‌قی عه‌ره‌بانمان ده‌هێنێته‌وه یاد. دوو زه‌به‌لاح کە هه‌ر له‌منداڵییه‌وه له جیاتی گریان و نووزانه‌وه داوای خواردن و خوردنه‌وه‌مان لێده‌که‌ن. دوو سیمبۆل به ته‌واوی پشت له سه‌ده تاریکه‌کانی زوهدی چاخه‌کانی ناوه‌ند ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها نووسه‌رێکی بلیمه‌تی دیکه، که کۆشکه‌کانی داد له ته‌مه‌نی سی و هه‌شت ساڵی به‌جێده‌ێڵێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه کۆشکه‌که‌ی باوکی و له نێو ئه‌و کۆشکه‌دا ژوورێک بۆ خۆی دروست ده‌کات، واته‌کۆشکێکی دی، له جیاتی لاتینی که زمانی یه‌که‌می ده‌بێت، فه‌ڕه‌نسی هه‌ڵده‌بژێرێت و “لێکۆڵینه‌وه‌کان” ی به زمانی فه‌ره‌نسی ده‌نووسێت و سه‌رجه‌م کێشه مه‌عریفییه‌کانی سه‌ده‌ی ناوه‌ند ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه و تا ئه‌و راده‌یه‌ی که ژیانی سروشتی کانیباله‌کان زۆر به به‌هاتر ده‌داته قه‌ڵه‌م له‌چاو شارستانییه‌تی ئه‌وروپا که چاوچنۆکێک چاوی بڕێوه‌ته خاکی ئه‌ویتر و به بێ هیچ یاسا و رێسایه‌ک ماڵی یه‌کتر تاڵان ده‌که‌ن و ماڵی ئه‌وه‌ی دیکه ده‌که‌نه رام و غه‌نیـمه.
له‌سه‌رووی هه‌مووشیه‌وه، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه چاوپێخشاندنێکی ته‌واو به سه‌رجه‌م ئه‌و تێکسته ئایینییانه‌دا ده‌کرێت که پێشتر له لایه‌ن کلێساوه ببوونە دۆگم و که‌س بۆی نه‌بوو ته‌نها تاقه پرسیارێکیش لە بارەیانەوە بورووژێنێ. لێره‌وه تاکه ئازاداه‌کان فریای ئه‌وه ده‌که‌ون که ئایینزایه‌کی دی بئافرێنن و له خوایه‌ک بگه‌ڕێن که نزیکتر بێت له ئینسان و بازاڕێکیش به‌سه‌ر سه‌رجه‌م کاهین و کە‌هه‌نووته‌کاندا بده‌ن و بگه‌نه ئه‌و پڕشنگه‌ی که یه‌زدان ئاراسته‌ی ئینسانی کردووه. پرۆتێستانت، واته پرۆتێ‌سته‌کردن، ناڕازیبوون له سه‌رجه‌م ئه‌و ته‌قلیده کوێرانه‌ی که ته‌نها کوێره‌وه‌ی لێوه په‌یدا ده‌بوو : ئیمتیاز بۆ پیاوانی ئایینی و بۆ ره‌شه خه‌ڵکه‌که‌ش کە ئاسمانه داخراوه‌کان و ته‌رجه‌مه‌ی ئینجیلیان به گوناه لێکده‌دایه‌وه و کلیله‌کانی مه‌عریفه و ده‌سه‌ڵات له باوڵه قایمداخراوه‌کان ئاخنرا بوون. نوێژکه‌ران گێلانه ده‌بووایه سه‌ری خۆیان به‌رامبه‌ر لاتینییه‌ک بله‌قاندایه‌وه بۆ ئه‌و نوێژ و دوعایانه‌ی که هیچی لێ تێنه‌ده‌گه‌یشتن.
قۆناغی دووه‌میش، سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مه که به سه‌ده‌ی رۆشنگه‌ریی ده‌ناسرێته‌وه. رۆشنگه‌ریی به فه‌ره‌نسی به‌کۆ هاتووه، واته سه‌رجه‌م ئه‌و رۆشناییه‌ی که ئینسان پێویستی پێیه‌تی تا به‌رپێی خۆی پێ ببینێت. شۆڕش وه‌کو پێداویستییه‌ک بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئینسان له عه‌قیده هیشک و برینگه‌کان رزگاری بێت و خۆی ببێته خاوه‌ن قه‌ده‌ری خۆی. هه‌ڵبه‌ته ئەمەش ده‌بێته مایه‌ی گه‌وره‌ترین شۆڕش له جیهاندا که به شۆڕشی بورژوازیش ده‌ناسرێته‌وه. ئەمە هه‌ڵسانه‌وه‌یه‌که و به‌گژداچوونەوەی سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌لاحییات و ئیمتیازاتانه‌یە کە پاشا به‌خۆی رابینینوە. دەسەڵاتی رەهای پاشا ده‌درێته‌وه به گه‌ل، بۆ یه‌که‌مجار له هۆڵی په‌رله‌مان، نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵکی رەش و رووت له هی نه‌جیبزاده و پیاوانی ئایین زۆرترن.
سه‌ده‌ی هه‌ژده سه‌ده‌ی فیکره به ئیمتیاز، ئه‌ویش دیسانه‌وه هه‌ر به کۆ هاتووه، واته هه‌موو جۆره فیکرێک. سه‌ده‌ی قسه‌کردنه له‌سه‌ر تێز و تێرمی سیسته‌م هه‌موو بوراه‌کان ده‌ته‌نێت ؛ بنه‌ماکانی سیاسیی و ئه‌خلاقی و ئاینیی ده‌خرێنه ژێر پرسیاره‌وه. پۆل ئازار ئەم سەدەیە به سەدەی: “قه‌یرانی ویژدانی ئه‌وروپی” ناوزه‌د ده‌کات.
هەروەها ئەو سەدەیە سه‌ده‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌و سه‌رجه‌م چاره‌سه‌ر و رێگاچاره تێۆلۆژی و میتافیزیکه‌کان ره‌ت دەکاتە‌وه، پێداچوونه‌وه‌یه‌که بۆ هه‌موو ئه‌و ته‌قلید و سوننه‌ته که‌ڵه‌که‌بووانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی بێ‌سنوور ده‌به‌خشنه هه‌ندێک و هیچیش بۆ هه‌ندێکی دیکه. به چاوی میکرۆسکۆبه‌وه سه‌یری قه‌ده‌ر و چاره‌نووسی ئینسان ده‌که‌ن و له رێکخستنی کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگا ورد ده‌بنه‌وه. متمانه‌ی ته‌واو بۆ سه‌روه‌ریی عه‌قڵ ده‌گه‌ڕێننه‌وه و بڕوای ته‌واویان به گه‌شه‌سه‌ندنە و وه‌کو رزگارکەری ئینسان سه‌یری ده‌که‌ن.
سه‌ده‌ی هه‌ژده، سه‌ده‌ی ئه‌نسیکلۆپیدیایه، به‌رهه‌می کۆنووسه‌ر، دیدرۆ و ئه‌له‌مبێر سه‌رپەرشتی ده‌که‌ن. ئه‌نسیکلۆپیدیا باس له هه‌موو شتێک ده‌کات، هه‌موو ورد و درشتێک ده‌گرێته خۆی، هه‌ر له ناوی گیا و رووه‌که‌وه تا هونه‌ری رستن و هۆنینه‌وه، له هونه‌ر و ره‌وانبێژییه‌وه تا پزیشک و زاراوه‌کانی شۆڕش تا ته‌نێکی ساده.
هه‌روه‌ها ئەو سەدەیە به‌سه‌ده‌ی کۆسمۆپۆلیتسمیش ده‌ناسرێته‌وه. هه‌رگیز له‌وه‌و‌پیش شارستانییه‌تی فه‌ڕه‌نسی هه‌نده تیشکدانه‌وه‌ی به‌خۆییه‌وه نه‌بینیبوو؛ له بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و مۆده و ئه‌ناقه‌ت و بلیمه‌تیی له زیهندا، فەڕەنسا ده‌بێته جێی لاساییکردنه‌وهی پاشای پروس که فه‌ره‌نسی ده‌زانی، کۆشکه‌کانی وه‌کو کۆشکه‌کانی ڤێرسای ده‌ڕازێنێته‌وه، ستایلی رۆکۆکۆ به ئه‌وروپادا بڵاوده‌بێته‌وه. فریدریک پاشای پروسی ئیعجابی بۆ ڤۆلتێر ده‌بێت و داوه‌تی کۆشکی ده‌کات. ژنه قه‌یسه‌ری رووسیا، کاترینی دووه‌م، سه‌ری له بلیمه‌تیی دیدرۆ سوڕده‌مینی و له‌سه‌ر یه‌ک مێز پێکڕا داده‌نیشن. ئه‌م ئه‌تمۆسفێره کاریگه‌ریی به سه‌ر زیهنییه‌تی نووسه‌ران و فه‌یله‌سووفان جێده‌هێڵێت و ئیتر خۆیان به هاوڵاتی ئه‌وروپی یا جیهانی ده‌ناسنه‌وه.
بێگومان کاریگه‌ریی ده‌ره‌کی له ره‌خساندنی ئه‌م باردۆخه ده‌بێت به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. مۆسیقای ئیتالی زایه‌ڵه‌ی ده‌بێت له پاریس و شاره گه‌وره‌کاندا، هه‌روه‌ها له رووی دادوه‌ری و قه‌زاوه‌کاریگه‌ریی ئینگلیزیی زۆر روونه، چونکه بۆ یه‌کێکی وه‌کو ڤۆلتێر و مۆنتیسکیو، وانه‌کانی لێبوردووی و ئازادی له ئینگلیزه‌وه فێر ده‌بوون و فیزیای نیوتن سیسته‌می دێکارتی تێکده‌شکێنێ. شەکسپیر ته‌رجه‌مه ده‌کرێت و لاسایی ده‌کرێته‌وه، هتد.
به‌ڵام له سه‌رووی هه‌موویه‌وه ده‌بێت ئاماژه بۆ چه‌مکی عه‌قڵانی بکرێت که وه‌کو تاجی سه‌ر سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مه و رووناکی ده‌به‌خشێته جیهان. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه ببێته سه‌ده‌یه‌کی ته‌واوکه‌ر، هه‌ست له‌پاڵ هزر پێکڕا کۆتایی به‌و سه‌دەیە ده‌هێنن.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه له‌م دوو قۆناغه‌دا، کرانه‌وه‌ی فەڕەنسایه به‌ره‌و ده‌ره‌وەی خۆی؛ فەڕەنسا له ئاڵوگۆڕدایه، وه‌رده‌گرێت و ده‌به‌خشێت، له سه‌رووی هه‌مووشیه‌وه پرسیار ده‌کات و تاکه‌کانی میلله‌ت ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو زانین و مه‌عریفه‌یه‌ک. ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێک له سوودمه‌ندیی تاکه‌کان کۆتایی نه‌یه‌ت، دیاره نکۆڵیی له‌و شته‌دا دەکرێت و ده‌بێت بخرێته ژێر توێژینه‌وه و پرسیاره‌وه، با له لای هه‌ندێکیش بارستایی پیرۆز پیریی کردبێت.
مامۆستای زانکۆ، به‌شی زمان و ئه‌ده‌بییاتی فه‌ره‌نسی، کاستییا لامانچا.ئیسپانیا
ئه‌م بابه‌ته‌له‌ژماره‌ی 17 لۆمۆند دیپلۆماتیک بڵاوبۆته‌وه
ئه‌حمه‌دی مه‌لا