گه‌ڕان به دووی مرۆڤ …
گه‌ڕان به دووی مرۆڤ
له‌ڕۆمانی (تونێل)ی ئه‌رنستۆ ساباتۆدا
مرۆڤ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یێکی ورد تماشای ڕه‌گه‌زی خۆی بکات، به‌مانایێکی تر ئه‌گه‌ر تماشای ژیانی مرۆڤه‌کانیتر بکات، ئه‌وا سه‌ده‌ها و هه‌زاره‌ها ناشرینی و پیسی ده‌بینێ. لێره‌وه ئه‌و مرۆڤه مافی خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره له‌خۆی بکات ئایا هۆکاری ئه‌و هه‌موو ناشرینی و دڕنده‌ییه هه مرۆڤه‌کان خۆیان نین؟ وه‌رامه‌که‌ی بێگومان به‌ڵێ یه. بۆیه ده‌کارێت و ڕێی تێده‌چێت مرۆڤ به دڕنده‌ترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر زه‌مین هه‌ژماربکه‌ین. ڕه‌نگه که‌سێک بڵیت ئه‌و دڕنده‌ییه هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤه‌کانه، بۆیه ده‌بێ باس له‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه بکه‌ین، نه‌ک خوودی مرۆڤه‌کان. لێ من ده‌پرسم کێ ئه‌نجامده‌ریئه‌م هه‌ڵسوکه‌وتانه‌یه؟ ئایا مرۆڤه‌کان به‌ویستیی خۆیان ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه نانوێنن؟ وه‌رامی هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ڵی یه. زۆر نموونه‌مان هه‌ن چ له‌سه‌ر ئاستی تاک وه‌کوو که‌س، چ وه‌کوو فه‌لسه‌فه ده‌هه‌ڵدابوون بۆ به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤیکیتر، لی ئه‌مانه نه‌گه‌یشتنه ئه‌و ئامانجه، هۆکاره‌که‌یشی هه‌ر مرۆڤه‌کان بوون. بۆ نموونه نیچه ده هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو مرۆڤی باڵا درووست بکات، ئه‌ویش له‌و ڕێیه‌وه که هه‌رچ ده‌سه‌ڵاته، که ڕێنوێنی مرۆڤه‌کان ده‌کات، له ئاسمانه‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی دایبه‌زێنێت، هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک بکه‌وێته‌وه ده‌ست مرۆڤه‌کان، نه‌ک هێزێکیتر له‌سه‌رووی مرۆڤه‌کانه‌وه، مرۆڤان ئاراسته بکات. من ده‌پرسم ئه‌گه‌ر مردن به‌ده‌ست مرۆڤان بایه چی ده‌قه‌وما، ده‌یه‌ها کاره‌ساتی له عه‌قڵ به‌ده‌ر ڕوویده‌دا، ئه‌وه نییه به درێژایی مێژوو مرۆڤه‌کان بوونه‌ته هۆکار بۆ له‌نێو بردن و مردنی ملیۆنان مرۆڤیتر. جا ئه‌گه‌ر وه‌کوو خودایێک بڕیاری به‌ده‌ست بووایه، به‌ڕای ئێوه سیسته‌می ژیان تێک نه‌ده‌چوو؟
گاندی که خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی ناتوندووتیژییه، هه‌وڵێکی زۆری‌دا تا مرۆڤان به‌ره‌و ناتوندووتیژی ئاراسته بکات، تاکوو مرۆڤ ببێته خاوه‌ن گیانێکی لێبوورده‌یی، وه‌کوو خوودی خۆی تا ڕاده‌یێکی زۆر په‌یڕه‌وی له‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی خۆیکرد،گۆشتی له خۆی قه‌ده‌غه‌کرد، سێکسی ته‌نانه‌ت ده‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی له‌خۆی قه‌ده‌غه‌کرد، ده‌یان کاریتری کرد، ده‌هه‌وڵدا بوو لێبوورده‌یی و ناتوندووتیژی باڵ به‌سه‌ر هه‌موو دنیادا بکێشێت، لێ په‌یڕه‌که‌رانی له ژماره‌یێکی که‌م تێپه‌ڕی نه‌کرد، چونکوو مرۆڤ یێکسانه به توندووتیژی.
ئه‌وه‌ی من لێره‌دا ده‌مه‌وێت وه‌به‌رباسی بده‌م، گه‌ڕانه به‌دووی مرۆڤ له ڕۆمانی (تونێل)ی ئه‌رنستۆ ساباتۆی ئه‌رژه‌نتینی، ئه‌م ڕۆمانه (شیرین.ک) بۆ سه‌ر زمانی کوردی وه‌ریگێڕاوه. من ده‌پرسم سابتۆ بۆ له‌ڕێی ئه‌م ڕۆمانه‌وه به‌دووی مرۆڤدا ده‌گه‌ڕێ؟ ئایا کاستیلی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی ڕۆمانه‌که به دووی مرۆڤدا، یان تشته‌کانی ناخی مرۆڤدا ده‌گه‌ڕێ؟ ئه‌وه‌ی بووه جێی تێبینی له‌کنه من وه‌رگێڕ له‌و پێشه‌کییه‌ی که بۆ وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌که نووسیویه‌تی، نه‌تیتوانیوه ئه‌وه که‌شف بکات (کاستیل) کاره‌کته‌ر بۆ ته‌نیایه. هه‌روه‌کوو (شیرین،ک)ی وه‌رگێڕ ده‌ڵێت:( ئه‌م ڕۆمانه فریودره)، منیش ده‌گه‌ڵ قسه‌که‌ی ئه‌ودام، ئه‌م ڕۆمانه ته‌نانه‌ت فریوی خوێنه‌ر ده‌دات، فریوی وه‌رگێڕیشی داوه. ڕۆماننووس له ڕێی کاستیلی کاره‌کته‌ره‌وه به‌دووی مرۆڤێکدا ده‌گه‌ڕێت، جوایه‌ز له‌وانیتر، چونکوو ڕۆماننووس وه‌کوو ژیانی خۆی، دکتۆرای له زانستیی فیزیادا هه‌بووه زانای ئه‌تۆم بووه، که تاقیکردنه‌وه‌کانی ئه‌تۆمی دیتووه، وازی له دکتۆرا و زانسته‌که‌ی هێنا، خۆی به ئه‌ده‌بیاته‌وه خه‌ریککرد، له‌وێوه بۆی ده‌رده‌که‌وێ مرۆڤ چییه و کێیه؟ باشه مرۆڤ بۆ ئه‌تۆم درووست ده‌کات؟ ئایا بۆ به‌رگریکردنه له‌خۆی و زه‌وی له هێرشی بوونه‌وه‌ریتری ده‌ره‌وه‌ی زه‌وی(ئه‌گه‌ر ئه‌و بوونه‌وه‌رانه بوونیان هه‌بێ)؟ بێگومان نه‌خێر، ته‌نێ بۆ له‌نێوبردنی ڕه‌گه‌زی خۆیه‌تی، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یان به‌ڵگه‌مان هه‌ن، ئه‌وه شه‌ڕه‌کانی یێکه‌م و دووه‌می جیهانییه، ئه‌وه لێدانی هێرۆشیما و ناکازانکییه به چه‌کی ئه‌تۆمی. ئه‌م قسانه‌ی گوایه چه‌کی ئه‌تۆم بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی کاره‌با، یان بواری پیشه‌سازی هه‌مووی پاساو و شاردنه‌وه‌یه.(ئه‌ریک فڕۆم) له کتێبی ( مرۆڤ له‌نێوان ڕواڵه‌ت و جه‌وهه‌ردا) چه‌ندان پێشنیاز ده‌خاته به‌ر دید تاکوو مرۆڤێکی دوور له ناشرینی و دڕنده‌یی درووست بێت، به مانایێکیترئه‌و هۆکارانه باس ده‌کات که‌وا له‌مرۆڤه‌کان ده‌کات به‌ره‌و توندووتیژی، کاری تیرۆریستیی، له‌نێو بردنی یێکتر ده‌بات، لی ده‌پرسم تاکوو ئێستا چ سه‌رکرده‌یێکی وڵاتان گوێیان به ڕۆشنبیرانی ڕاسته‌قینه داوه، کێ گوێی له‌و ڕووناکبیره گرتووه.
هه‌ر له نێونیشانی ڕۆمانه‌که‌وه به‌رچاومان ڕوونده‌بێته‌وه، که رۆماننووس ژیانی به تونێل چواندووه. بێگومان تونێل زۆر جۆری هه‌یه، هه‌ر له‌و تونێلانه‌ی بۆ تێپه‌ڕینی ئۆتۆمبیل و شه‌مه‌نده‌فه‌ر تا ئه‌وانه‌ی بۆ ئاوه‌ڕۆی پیس درووست ده‌کرێن. تونێل له‌سه‌رێکه‌وه لێی ده‌چییه ژووره‌وه و له‌سه‌ره‌که‌یدیدا لێی ده‌ڕۆیته ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش مانای هتنه نێو ژیان و ده‌رچوونه لێی. کاستیل کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی ڕۆمانه‌که، ئه‌وه‌نده دژی مرۆڤه که پیس وپۆخڵی داده‌نێت، ته‌نانه‌ت باوه‌ڕی به‌و وشه فریوده‌ره‌ش نییه، که مرۆڤ بۆ فریودانی ئه‌ویتر دایناوه(دادپه‌روه‌ر) بۆیه ده‌ڵێت: ( به‌هیچ جۆرێ به‌قه‌د مێرووله‌یه‌ک ڕای مرۆڤ و عه‌داله‌ته‌که‌یم به‌لاوه گرنگ نییه)، چه‌کێک که مرۆڤ خۆی دایهێنابێ، بێگومان ده‌توانێت به‌هه‌زار شێوه‌ش به‌کاری ببات بۆ فریودانی خه‌ڵکیتر.
ڕۆماننووس له ڕێی ئه‌م ڕۆمانه‌وه ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت مرۆڤ چ بوونێکه، مرۆڤ نامۆیه به‌و سه‌رزه‌مینه‌ی له‌سه‌ری ده‌ژی، بۆیه ده‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌میشه له‌بن نه‌هاتووه‌کانی خه‌ریکی ویرانکردنی ئه‌و سرووشته‌یه. وه‌کوو له پێشتر گوتمان (ساباتۆ) زانایێکی فیزیک بووه و دکتۆرای له‌و زانسته هه‌بووه، ئه‌و هه‌ستیکرد له‌ڕێی ئه‌م زانسته‌وه ناتوانێ خزمه‌ت بکات، به‌ڵکوو ده‌بێته هۆکاری له‌نێوبردنی، بۆیه په‌نای وه‌به‌ر ڕۆمان هێنا،( ڕۆمان ته‌نها کلافه‌یه‌ک ڕووداوی ڕاسته‌قینه‌ی تاکه‌کان نییه، به‌ڵکو ئاوێنه‌یه‌کی ده‌روونی حه‌زو ویستیی نووسه‌ریشه که له دنیای ئه‌ندیشه‌دا خولقاون) 1 په‌نا وه‌به‌ر فانتازیا و خه‌یاڵ بردن، بێگومان هه‌لاتنه له واقیع، یان وه‌کوو (د.محه‌مه‌د که‌مال) نێوی ده‌نێت ڕه‌فزی واقیع. لێره‌وه هه‌وڵدانێکیتری کاستیله بۆ درووست‌کردنی دنیایێکیتری دوور له مرۆڤه‌کان، بۆیه کاته‌ک پێشانگه ده‌کاته‌وه له یێکێک له تابلۆ نمایشکراوه‌کان، په‌نجه‌ره‌یه‌کی درووستکردووه که نهێنییه‌کی تێدایه، که سه‌یری ئاماده‌بووان ده‌کات، که‌س تێبینی ئه‌م شوێنه‌ی تابلۆکه ناکات، ته‌نێ یێک ئافره‌ت به‌وردی سه‌یری ئه‌و شوێنه‌ی تابلۆکه ده‌کات. بۆیه له بیری خۆیدا وایده‌بینێئه‌وه ئه‌و مرۆڤه‌یه که به‌دوویدا ده‌گه‌ڕێ. لێره‌وه با چه‌مکی مرۆڤی باڵا له نیچه‌وه قه‌رز بکه‌ین، لێ به مانا نیچه‌ییه‌که‌ی نا، گێڕه‌ره‌وه ده‌هه‌وڵدایه له ڕێی بیر و ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤی باڵا درووست بکات، ئه‌ویش له ڕێی عیشقه‌وه ( عیشق گه‌ڕانێکه به‌دوای بوونێکدا که له بوونه‌کان باڵاتر ده‌ڕوات، بێ ئه‌م خه‌یاڵکردنه به‌کامڵ بوونه‌وه، و بێ بوونی خه‌یاڵ وه‌کوو فاکوڵتیه‌ک شتێک نابێ به‌ناوی عیشقه‌وه) 2 درووست‌کردنی بوونێکی وه‌ها باڵا و کامڵ ده‌نێو مرۆڤه‌کاندا هه‌روا سانا نییه، چونکوو هه‌ریه‌ک له ئێمه به هاوڕێیه‌تی مرۆڤیتر تووشی شڵه‌ژان ده‌بێت، هیچ هاوڕێیه‌تییه‌کی کامڵ بوونی نییه، بۆیه ده‌بینین هه‌ر جۆره هاوڕێیه‌تییه‌کی توندووتۆڵ ئه‌گه‌ر ده‌نێوان مرۆڤه‌کاندا بوونی هه‌بووبێت، کۆتاییه‌که‌ی هه‌ر لێک دابڕان و دڵ له یێکتری زویر بوون بووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گێڕه‌ره‌وه هه‌ست به ته‌نیایی ده‌کات، به‌هاوڕێبوونیشی ده‌گه‌ل ئه‌وانیتر تووشی شله‌ژان ده‌بێ، بۆیه له‌دووی مرۆڤێک ده‌گه‌ڕێت، که به‌یه‌که‌وه بوونێکی کامڵ درووستکه‌ن، لێئه‌وه‌ی جێی پرسه ئایا درووست‌کردنی وه‌ها بوونێک ڕێی تێده‌چێ؟ به‌هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان هیچ کاته‌ک له یێکتری ناگه‌ن به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م بوونه کامڵه کارێکی زه‌حمه‌ته، ته‌نیای گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌م ڕۆمانه لێک تێنه‌گه‌یشتنیه‌تی ده‌گه‌ڵ مرۆڤه‌کان، بۆیه هه‌ستی به‌وه‌کرد ئه‌و ئافره‌ته ئه‌و که‌سه‌یه که له‌دووی ده‌گه‌ڕێت، بۆ درووست‌کردنی ئه‌و بوونه کامڵه.
خاڵی بیرکردنه‌وه ده‌مرۆڤدا خاڵێکی سه‌ره‌کییه، بۆیه به‌لای هایدیگه‌ره‌وه ته‌نێ مرۆڤ هۆشیاری بوونی هه‌یه، به‌و مانایه‌ی ده‌نێو هه‌موو بوونه‌کانی گه‌ردوون، ته‌نێ ئه‌وه مرۆڤه هه‌ست به بوونی خۆی و بونه‌کانیتر ده‌کات( واته سرووشتێکی ناجێگیری هه‌یه و به‌رده‌وام له گۆڕان و گه‌شه‌کردن و به‌ره‌و پێشچووندایه و له بوونی خۆی ڕاده‌مێنێت و به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئیمکانه‌کای بوونی خۆی ده‌چێت)3 گێڕه‌ره‌وه خاڵی بیرکردنه‌وه ده‌و ئافره‌ته‌دا به‌دیده‌کات، چونکوو کاته‌ک گێڕه‌ره‌وه له ده‌ورووپشتی خۆی ده‌ڕوانێت، که‌س بیرناکاته‌وه، به‌تایبه‌ت له تێڕوانین له‌و شوێنه‌ی تابلۆکه‌ی که خۆی مه‌به‌ستییه‌تی، لێ ئافره‌ته‌که به وردی له‌و شوێنه ده‌روانێت، ئه‌و خاڵه (بیرکردنه‌وه) ده‌ودا ده‌بینێت، بۆیه وه‌دوویدا ده‌گه‌ڕێ. لێره‌وه‌یه گه‌ڕانی گێڕه‌ره‌وه بۆ گه‌یشتن به‌که‌ماڵ. هه‌ر ئه‌م خاڵه‌شه مۆڤ به‌ره‌و دڕنده‌یی ڕاپێچدکات، چونکوو مرۆڤ هه‌میشه خۆی به نه‌مر داده‌نێت، لێ مرۆڤ بوونێکی فانییه، فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆمانه‌که له‌م په‌ره‌گرافه‌دایه ( هه‌نێجار هه‌ستده‌که‌م هیچ شتێک مانای نییه، له‌نیو ئازاره‌کاندا له دایک ده‌بین، له‌سه‌ر هه‌ساره‌یه‌کی بچووک که ملیۆنان ساڵه به‌ره‌و عه‌ده‌م ده‌ڕوات نه‌شونما ده‌که‌ین، کۆشش ده‌که‌ین، نه‌خۆش ده‌که‌وین، ئازار ده‌چێژین، ده‌بینه هۆی ئازار بۆ ئه‌وانی دی، ژاوه‌ژاو ده‌که‌ین، ده‌مرین، که‌سانیتریش ده‌مرن له‌کاتێکدا خه‌ڵکانیدی له دایک ده‌بن تا کۆمیدیا نه‌زۆکه‌که سه‌رله‌نوی دووباره ببێته‌وه)4 ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌و په‌ره‌گرافه بڕوانین، هه‌ست به بێ ئومێدی و ڕه‌شبینی ده‌که‌ین، هه‌ست ده‌که‌ین ئه‌و وشه و ڕستانه به‌رئه‌نجامی ده‌یه‌ها گریمانه و پرسیارن له ئه‌نجامی تێڕوانینی گێڕه‌ره‌وه له مرۆڤه‌کانی ده‌ورووبه‌ری که دواجار وه‌رامێکی بۆ ئه‌و پرسیارانه وه‌ده‌ست نه‌که‌وتووه. نه‌خۆش که‌وتنی مرۆڤه‌کان، ئازار چه‌شتن…تاد هه‌موو ڕۆژ له‌کن مرۆڤه‌کان پاته ده‌بنه‌وه، ئه‌مانه‌ش هه‌مویی ده‌پێناو به‌رده‌وامیدانه به‌و تشته‌ی نێوی ژیانه، لێ ئه‌گه‌ر له‌ژیان بڕوانین، ئه‌و مرۆڤانه که‌من که هه‌میشه پرسیار و گومان ده‌که‌ن. به‌تایبه‌ت به‌رابه‌ر ئه‌و دیاردانه‌ی سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدان. وه‌کیدی زۆربه‌ی مرۆڤه‌کان ده‌بیرکردنه‌وه‌ی، یان ڕوونتر چ پرسیار و گومانێکیان به‌رابه‌ر ئه‌و دیاردانه نییه، ئه‌وانه‌ی که هه‌شیانه چ وه‌رامێکیان وه‌ده‌ست ناکه‌وێ، که‌واته ده‌بێ ژیان بێ مانا و پووچ بێ، چونکوو که‌من بمرم با که‌سێکیدی له‌دایک بێ، با ژیان به‌رده‌وام بێ، به‌من چی، ئه‌ویش ده‌مرێ. که‌واته مرۆڤ خاوه‌نی ئه‌م زه‌وییه نییه، پێش ئه‌وه‌ی مرۆڤ بێته سه‌ر زه‌وی و ئه‌م هه‌ساره‌یه داگیر بکات، ئه‌م زه‌وییه بوونی هه‌بووه، ئه‌گه‌ر نا بۆ لێره ده‌مرێت. بۆیه ده‌بینین ئه‌م خوسڵه‌تی داگیرکردنه‌ی له باوه گه‌وره‌کان بۆی ماوه‌ته‌وه، هه‌میشه حه‌زی به‌داگیرکردنی وڵاتیتره. گێڕه‌ره‌وه به‌دووی وه‌رامی ئه‌م پرسیارانه‌دا ده‌گه‌ڕێ، به‌دووی مرۆڤێکدا ده‌گه‌ڕێ که پێکه‌وه ده‌هه‌وڵدابن بۆ بوون به بوونێکی کامڵ و ئه‌و پرسیارانه وه‌به‌رباس بده‌ن.
کاستیلی گێڕه‌ره‌وه له ڕێی گومان و پرسیارکردنه‌وه ده‌روونی تاکه‌کان که‌شف ده‌کات، چونکوو مرۆڤه‌کان هه‌میشه له ده‌روونه‌وه خۆیان ده‌شارنه‌وه، ئه‌م که‌شفکردنه‌ش هه‌روا له‌خوت وخۆڕایی و به‌سانایی وه‌ده‌ست نایه. کاته‌ک ئه‌و ئافره‌ته ده‌ناسێت، له هه‌وه‌ڵ ته‌له‌فۆنکردنه‌وه گومانی لێده‌کات. گێره‌ره‌وه ئه‌وه‌نده خۆی به ته‌نیا و نامۆ ده‌زانێت،هه‌موو قسه‌یێک، وشه‌یێک، هه‌ڵسوکه‌تێک ده‌خاته ژێر گومانه‌وه، بۆ هه‌ر قسه‌یێک به چه‌ندان گریمانه لێکیده‌داته‌وه، هه‌وڵده‌دا کامه گریمانه لۆیکانه بێ ئه‌وه‌یان په‌سنبکات. چونکوو تا راده‌یێک گومانی له مرۆڤه که بڵێت( شتێکه ناچێ به عه‌قڵا که چاوچنۆکی و ئێره‌یی و خۆبه‌زلزانین و دڵڕه‌قی و چلێسی، به‌گشتی ئه‌و کۆمه‌ڵه سیفه‌ته‌یه که سرووشتی مرۆڤایه‌تی پێکده‌هێنێ و ده‌شێ له یه‌ک ڕووخساردا بیبینی یان له شێوازی ڕۆیشتنی یه‌کێکدا یان له نیگایه‌کدا ته‌نانه‌ت له جۆری ژیانێکدا بیبینی)5 ئه‌م گومانکردنه‌ی به‌رابه‌ر مرۆڤه‌کان وایلێکردووه‌تووشی ته‌نیاییه‌کی سه‌یر بێ، بۆیه که‌ته‌ک ئه‌و ئافره‌ته‌ش ده‌ناسێ گومان له‌هه‌موو تشته‌کی ئه‌و ده‌کات. مرۆڤه‌کان هیچ کات ده‌هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ئاسووده‌ییدا نین، ده‌توانای هه‌موو که‌سێکدا هه‌یه ئاسووده‌یی بۆ ژاینی،ڕۆحی وه‌ده‌ست بخات، لی ئه‌وه‌نده چاوچنۆکه ده‌یه‌وێت ئه‌و ئاسووده‌ییه له‌سه‌ر حیسابی مرۆڤی به‌رابه‌ری بێت، ئا لێره‌دایه پیسی و پۆخڵی مرۆڤه‌کان، له‌به‌ر ئه‌و مرۆڤه‌کان هه‌میشه فێڵ له یێکتری ده‌که‌ن، کاته‌ک گێڕه‌ره‌وه گومان له‌هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وتێکی ئافره‌ته‌که ده‌کات، ده‌یه‌وێ له‌م ڕێیه‌وه که‌شفی بکات.
ئه‌و گومان و پرسیارانه‌ی گێره‌ره‌وه به‌رابه‌ر مرۆڤه‌کان هه‌یه‌تی له هیچ و خۆڕایی نییه، چونکوو مرۆڤه‌کان ده‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئاماده‌ن جۆره‌ها فێڵ و ته‌ڵه‌که‌بازی به‌کارببه‌ن، بۆیه هه‌موو که‌سێک مافی خۆیه‌تی گومان له‌ڕه‌گه‌زی به‌رابه‌ری بکات. ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین مرۆڤه‌کان جۆره‌ها یاسایان داناوه، هه‌مووشی ده به‌رژه‌وه‌دی خۆیه‌تی، هیچی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی بوونه‌انیتر نییه، چونکوو یاساکان هه‌موو تشته‌ک سنووردار ده‌که‌ن، ئێمه لێره‌دا دژی بوونی یاسا نین، لێ زۆرجا یاسایێک بۆ هاوڵاتییه‌کی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته ناگونجێ، که‌چی ئه‌ویش هه‌ر مرۆڤه. ته‌نانه‌ت هێندێک مرۆڤ سرووشتێک بۆخۆی چێ ده‌کا، وه‌کوو مۆرکێکه و ئه‌و مرۆڤه‌ی پێده‌ناسرێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌کار ده‌با بۆ فریودانی مرۆڤانیتر. بۆیه هه‌میشه له پرسیاره‌کان، گومانه‌کان خۆی ده‌دزێته‌وه، هه‌میشه کاته‌ک پرسیارێکی لێده‌کرێت، به‌شێوه‌یێک وه‌رامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه که ته‌نێ له ڕووکه‌شدا وه‌رامی پرسیاره‌که‌یه، ده‌نا له نێوه‌ڕۆکدا چ پێوه‌ندی به پرسیاره‌که‌وه نییه، خۆ دزینه‌وه له پرسیاره‌کان، هه‌میشه گومان و پرسیاری زێتر درووست ده‌کات، بۆیه که‌سی پرسیارلێکراو ده‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بێت له پرسیره‌کان ڕابکات، له گومانه‌کان خۆ بدزێته‌وه، چونکوو توانای وه‌رامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی نییه که لێی ده‌کرێت، ئه‌م ڕاکردنه‌ش له دواجاردا به زه‌ره‌ری خۆی ده‌شکێته‌وه.
ڕه‌نگه له هه‌موو تشته‌ک زه‌حمه‌تتر به‌دووی مرۆڤدا گه‌ران بێ، که ئێمه به‌دووی تاکێکی خۆماندا ده‌گه‌ڕانداین زه‌حمه‌ته سه‌د له‌سه‌د ئه‌و مرۆڤه بدۆزینه‌وه که ده‌مانه‌وێت، چونکوو له‌دواجاردا هه‌موو مرۆڤه‌کان جۆره‌ها ماسک بۆ فریودانی یێکتری به‌کارده‌به‌ن، له‌م جیهانه‌دا هیچ مرۆڤێک نییه برژه‌وه‌ندی خۆی بۆ مرۆڤی به‌رابه‌ری وه‌لا بنێ، هیچ مرۆڤێک نییه ڕقی ده‌نێو ناخدا نه‌بێ بۆیه گێڕه‌ره‌وه ده‌ڵێت:( له شوێنانێکدا له خۆبایی‌بوون ده‌دۆزینه‌وه که چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێناکه‌ین، له‌پاڵ باشه و له‌خۆبردوویی و دڵفراوانیدا)6 که‌واته مرۆڤه‌کان هه‌میشه خۆیان خاکی نیشان ده‌ده‌ن، هه‌میشه هه‌ر مرۆڤه خۆی له‌ویتر پێ باشتر و ڕاستگۆتره، لێ له چرکه‌یێک له‌چرکه‌کان ڕه‌نگه بۆ دڕنده‌ترین بوونه‌وه‌ر بگۆڕێن، هیتله‌ر که‌سێکی هونه‌رمه‌ند بوو، دواجار بوو بوه دڕنده‌یه، که‌واته ئه‌و مرۆڤه‌ی به‌دوویدا ده‌گه‌ڕێین سه‌ر زه‌مینمان بۆ جوان بکا بوونی نییه، چونکوو هه‌موومان مرۆڤین، بۆیه کۆتایی وتاره‌که‌م به ڕسته‌یێکی ناو ڕۆمانه‌که دێنم که ده‌ڵێت: ( ڕۆژگار فێرمان ده‌کات که مه‌رگ نه‌ک هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی گریمانکراوه، به‌ڵکوو ئاسووده‌ییشه.) 7
حه‌مه مه‌نتک
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان:
1. ئۆنتۆلۆجی و بنه‌ڕه‌تی مرۆڤ،د.محه‌مه‌د که‌مال، ده‌زگای سپیرێز، دهۆک،2007،ل117.
2. هونه‌ری عیشق، فاروق ره‌فیق، به‌رگی یه‌که‌م، خانه‌ی حیکمه‌ت، سلێمانی،2010،ل79.
3. بوون له‌شیعری مه‌حوی دا،د.محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا، مه‌ڵبه‌ندی کوردۆلۆجی، سلێمانی، 2008، ل18.
4. تونێل، ئه‌رنستۆ ساباتۆ، ڕۆمان، و: شیرین.ک،له بڵاوکراوه‌کانی ره‌خنه‌ی چاو‌دێر، سلێمانی، 2008، ل59
5. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 67.
6. هه‌مان سه‌رچاوه، ل17.
7. هه‌مان سه‌رچاوه، ل27.