شۆڕش و فارگۆنەکانی … بەشی یەکەم
لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوودا: شۆڕشه‌کانی تونس و میسر له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یدا ، له گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌کانی شاری سلێمانی و ناوچه‌کانیتری کوردستان له ئاستی نێوخۆدا ، سه‌رنج و ئاگایه‌کانی زۆربه‌ی هاوڵاتیانی بۆ خۆی برد، به تایبه‌تی که ده‌ست پێکردنی خۆپیشاندانه‌کانی نێوخۆ به سه‌رکوتی خوێناوی ده‌ستی پێکردوو بە قاچاغ کردنی خۆپیشاندان کۆتایی هات.
وه‌کو هه‌ڵوێستێکی ئاسایی مرۆڤ له ئان و ساتی به‌رپا بوونی جموجۆڵی جه‌ماوه‌ری ، یان ڕوودانی پێکدادان نێوان جه‌ماوه‌رو هێزه چه‌کداره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا، چاوپۆشین له وورده‌کاریه‌کانی به‌ره‌ی دژ به ده‌سه‌ڵات ده‌بێته عاده‌تێکی سروشتی ، به تایبه‌تی که به‌ره‌ی دژی ده‌سه‌ڵات قوربانی ده‌دا بۆ چه‌ند ئامانجێکی گشتی . ئه‌م ڕاستیه دوولایه‌نه ، له حاڵه‌تی یه‌که‌مدا هاوپشتیه‌کی خۆڕسک نیشان ده‌دا . له دیوی دووه‌مدا چاوپۆشین ده‌کا به دیسپلین بۆ تێپه‌ڕبوونی شه‌پۆڵێکی تێکه‌ڵاو له تێڕوانین و بۆچوونی ناکۆک له توێ ی ووتارو خیتابه‌کانی ده‌ست پێکردنی قۆناغێکی تازه .
ڕه‌هه‌ندیه‌کان (مه‌ریوان وریا قانیع ، به‌ختیارعه‌لی ، ئاراس فه‌تاح ، رێبین هه‌ردی ) وه‌کو چوار ناوی سوودمه‌ند له ئۆتۆریته ، نووسین وتیڕوانینی زۆریان بڵاوکرده‌وه . له‌م نووسینه تازانه‌شدا: وه‌کو خویه‌کی نه‌گۆڕی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایدا ، به‌رده‌وامن له‌په‌خشان کردنی تێروانینی ناکۆک له ژێر چه‌تری جۆراو جۆردا بە تایبەتی دژ بە مارکسیزم . که ڕه‌نگه دیارترین چه‌تر ئەوان ئیشی پێدەکەن : که‌مپینی بەردوام و پڕ له ئه‌فسانه‌ی ” ئه‌نتی ئایدیۆلۆژیا ” بێت له‌گه‌ڵ تێڕوانینه تازه‌کانیان له‌سه‌ر ” نمایش وخۆده‌رخستنی دین ” له خۆپیشاندانه‌کانی کوردستان .
گرنگترین ئه‌و باسانه‌ی ئه‌م دوواییه له‌سه‌ریان نووسی : (شۆڕش ، ئاین ، کۆمەڵگە ، لیبرالیزم ، ئەنتی مارکسیزم) بوو ، کەله ڕێگەی بۆچونەکانیان لەسەر شۆڕشی میسروتونس خۆپیشاندانه‌کانی کوردستان سه‌ر له نوێ تازەیان کردەوە . هه‌ریه‌ک له‌م بابه‌تانه باسی گرنگن ، بۆچونه‌کانی ئه‌مان له ڕێگای تەرخان بوونی سەد لەسەدی میدیای ئۆپۆزسیۆن ( ئاوێنه ، هاوڵاتی ، سبه‌ی) کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر هاوڵاتیانێکی زۆر دائه‌نێت ، به تایبه‌تی ئه‌و به‌شه له هاوڵاتیان که وه‌کو کانونێکی تیۆری چاوه‌ڕی ێ ده‌می ڕەهەندیەکانن .
لە گەڵ سانسۆری بە تینی میدیای ئۆپۆزسێۆن دژ بە بۆچوونی جیاواز، بە تایبەتی سانسۆری ڕۆژنامەی (ئاوێنە) دژ بە هەموو ئەو کەسانەی وەکو ڕەهەندیەکان و بیرناکەنەوەو ڕەخنەیان لێ دەگرن ، ئەرکی ڕەخنە گرتن لەم گروپە و لەم گاڵتەجاڕیە سەدبارەیەی فیکری سیاسی کوردی دژ بە مارکسیزم دەگوزەرێ لە بواری (گەیاندن) و بلاوکردنەوە قورسە . بەڵام ، لەگەڵ دابەزینی هەر بەرهەمێکی تازەی ئەفسانەی ” ئەنتی ئایدیۆلۆژیا ” ی گروپی ڕەهەندیەکان و نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی بە گشتی ، شیتاڵ کردنی بنەمای تیۆری و بزنسی ” دژە مارکسیزم ” ئاسانتر دەبێ ، ئەم باسە وەڵامی ڕاستەوخۆیە بە بۆچوونەکانی ڕەهەندیەکان لەسەر مارکسیزم بە تایبەتی ، وەڵامێکیشە بۆ بۆچونەکانی ئەو ” نێووەندە ” ی پێ ی دەوترێ ” ڕۆشنبیران ” کە تا ئێستا یەک نوزەیەکی تازەی نییە لە مامەڵە لە گەڵ مارکسیزم بێچگە لە ڕشتە کۆنەکان و دەقە ئامادەکراوەکان کە زیاتر لە ژەمی خواردنی خێرای ” مەکدۆنالد ” دەچێ .
ڕەگی دژایەتی مارکسیزم لە ژێر ماسکی ” ئەنتی ئایدیۆلۆژیا ” بۆنی مۆزەخانەیه‌کی لێدێت که پڕ بێ له په‌یکه‌ری باغه‌و زانیاری فریوده‌ر
کە (ئەنتی ئایدیۆلۆژیا) خۆی دەبێتە ئایدیۆلۆژیا
لێدوانی به‌رده‌وام و حه‌ساسیه‌ت نیشان دان به‌رامبه‌ر ئایدیۆلۆژیا ، دروست کردنی جۆرێک له فۆبیا له‌م نێوه‌نده‌ی ناوی ” ڕۆشنبیریه ” به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌که‌ویته خانه‌ی ” ئایدۆلۆژیست ” یان تاوانبار نه‌کرێێت به‌وه‌ی که بۆچوونه‌کانت یان نووسینه‌کانت مۆری ئایدیۆلۆژیایه‌کی دیارکراوی پێوه‌یه ، دیارده‌یه‌کی به‌رچاوه له نێو دونیای نووسین و ڕۆشنبیران . ئەم دیاردەیە وا پەل وپۆی کێشاوە کە جۆرێک له کلتوری ” خۆ سانسۆر ” کردنی جێگیر کردووه .
که‌م نین ئه‌و ووشه‌و ده‌سته‌واژه‌و زاراوه سیاسیانه‌ی که لابراون له نێو زمانی سیاسه‌ت و نووسین . چونکه به‌شێکی به‌رچاو بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌رووی ئایدیۆلۆژیاوه نیشان بده‌ن ، زمانێک به کاردێنن که خاڵیه له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی که ڕه‌گیان هه‌یه له زانستی سیاسه‌ت و سۆسیۆلۆژیدا . ئه‌م خۆپاراستنه یه‌کتر ده‌گرێته‌وه له‌گه‌ڵ سانسۆری به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژنامه‌کانیش ، نموونه‌یه‌کی ساده له‌و سانسۆره ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ووتارێک بۆ ڕۆژنامه‌ی ” ئاوێنه ” بنێری و به‌رگری له مارکسیزم بکه‌یت و ڕەخنە لە ڕەهەندیەکان بگریت هەرگیزاو هەرگیزبڵاوناکرێتەوە . به‌ڵام ، ناوه‌که‌ت بگۆڕه‌و به ئیمێڵێکی تر بابه‌تێک بنێره له‌سه‌ر قسه‌یه‌کی مه‌لاکرێکار ، له‌سه‌ر کۆبوونه‌وه‌ی ئاغایەکی پشدەرو بیتوێن و ڤیستیڤاڵی ئه‌م خێڵ و سوڵحی عه‌شایه‌ریی ئه‌م هۆز ، ئه‌وا نه‌ک ته‌نیا بۆت بڵاو ده‌که‌نه‌وه به‌ڵکو گرنگیه‌کی زۆریشی پێده‌ده‌ن .
ڕەگی دژایەتی مارکسیزم لە ژێر ماسکی ” ئەنتی ئایدیۆلۆژیا ” بۆنی مۆزەخانەیه‌کی لێدێت که پڕ بێ له په‌یکه‌ری باغه‌و زانیاری فریوده‌ر. بەڵام ، پێویستی ڕەهەندیەکان و ناسیۆنالیزم و ئۆپۆزسیۆن بە سەرخانی ناسنامەیەک لە بواری فیکر و خیتابی سیاسی ، ئەم ئیستیعارە درەنگ وەختەی بە سەریان فەرزکردووە .
لە ئاستی جیهانیدا فایلە کۆنەکانی خەرمانی ” ئەنتی ئایدیۆلۆژیا ” لەسەدەی بیستدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی1955 . ئەمە بەم مانایە نیە کە بەر لەم مێژووە ئیشی بۆ نەکراوە ، بەڵکو لەم ساڵەدا کۆنگرەیەکی گەورەی لە ئیتاڵیا بۆ ساز کرا لە ژێر ناونیشانی ( چارەنوسی ئازادی) کە چەند سەد نووسەرو رۆشنبیر‌و ناوە گەورەکانی ئەو دەمەی تیا بەشدار بوون . بارودۆخی ئەو دەمە هەمووی لە خزمەتی پف کردنی ئەم جۆرە لە ئەکتیڤیتی بوون ، بۆ نموونە مردنی (ستالین) و بڵاوکردنەوەوئاشکرا کردنی بەشێک لە تاونکاریەکانی دوای ئەوەی خرۆشۆف هاتە سەر دەسەڵات ، سەرکوتی ڕاپەڕینەکان لە بەرلین و هەندێ پایتەختی تری ئەورپای ڕۆژهەڵات لەو دەمەدا ، له کۆی خۆیدا یارمەتیدەر بوون کە ئەم کۆنگرەیە وەکو :- نۆشینی بادەی سەرکەوتنی یەکجارەکی نەک ته‌نیا بە سەر سۆڤیەت و مارکسیزم ، بەڵکوبهسهر هه‌موو جۆرێک له ئه‌ندێشه که عه‌داله‌ت خوازی له‌خۆی گرتبێ .
له خیتابی کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌که ئارۆن ووتی : ((جه‌ده‌لی ئایدیۆلۆژی له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی رۆژئاوا نه‌ماو خامۆش بوو، مێژوش ئۆمێده‌کان و ” شۆڕش ” ی نێو ئایدیۆلۆژیای به‌رپه‌رچدایه‌وه)) . ئارۆن که ڕێکخه‌ری سه‌ره‌کی ئه‌م کۆنگره‌یه بوو قۆناغه‌که‌ی به نێوی ” سه‌رده‌می کۆتایی ئایدیۆلۆژی ” نێو برد . ئه‌م ته‌وژمه له نێو دونیای ڕۆشنبیرانی لایه‌نگرانی کاپیتالیزم درێژه‌ی بوو، تا ڕووخانی دیواری به‌رلین و تا گه‌یشته ((فۆکۆیاما)) که به‌شێکی زۆر له ده‌سته‌واژه‌و تێرمه‌کانی ڕابردووی ئه‌م کۆنگرەیەی دوبارە کردەوە .
چارەنووسی ئەم کۆنگرەیە ، ئەم ته‌وژم و بەرژەوەندیانەی دەیان کۆنگرەی وای بەرپا کرد هه‌میشه له‌به‌رده‌م حه‌قیقه‌تی ڕوداوه‌کانی مێژوو ده‌ست وپێ سپی بووه . به‌ر له تێپه‌ڕ بوونی 10 ساڵ ئه‌م کۆنگره جیهانیه ، خۆپیشاندانه‌کانی 1968 له‌فه‌ره‌نسا ، سه‌رکه‌وتنی شۆڕش له کوبا ، بزوتنه‌وه‌ی مافه مه‌ده‌نیه‌کان له ئه‌مریکا ، هه‌مووی یه‌ک له‌دوای یه‌ک زه‌ربه‌ی کاریگه‌ر بوون و دەریخست که سڕینه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی ” ئایدیۆلۆژیا ” له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا ، قه‌تیس کردنی بیروباوه‌ڕی عه‌داله‌ت خوازی به گشتی و مارکسیزم به تایبه‌تی له ڕێگه‌ی نابوت کردن و زنجیر کردنی لە ژێڕ” ئایدیۆلۆژیا ” دا له‌وه به‌تاڵتره خۆی تاسه‌ر بگرێ .
نابووت کردنی ئایدیۆلۆژیا له ڕوکه‌شدا وا دێته به‌رچاو که خواستێکی دژی کڵێشه‌کاری و یۆتۆبیایه . به‌ڵام ، له ڕاستیدا هه‌وڵێکه که گروپێکی سه‌رداری فیکری ، یان میدیای چینێکی ده‌سه‌ڵاتدار ( به به‌شی حاکم و به‌و به‌شه‌ی له ئۆپۆزسیۆنه ) بۆ له قالب دانی هێزێکی تری سیاسی . تا له خیتابی سیاسی و له نوێنه‌رایه‌تی کردنی ڕووداوه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه له بابه‌تی ( شۆرش ، ڕاپه‌رین ) ته‌نیا خۆیان شه‌رعیه‌تی نوێنه‌رایه‌تی به‌رێوه‌بردنی ئه‌م ڕوداوانهیان هه‌بێت . به مانایه‌کیتر بنیات نانی دیکاتتۆریهتی ئایدیۆلۆژی خۆیان له پاڵ دیکتاتۆریه‌تی ده‌سه‌لات دژ به‌و هێزو ڕێڕه‌وه فیکریه جیاوازانه‌ی که بوونیان سەرئێشەو دهردهسهریە بۆ ئیمتیازاتی ئه‌م گروپەی بە شوێن مانەوەی ئەبەدیە لە کورسی ” ئیلیەتە ” بەرزو تەقدیس کراوەکان . ئه‌مه هه‌ر له به‌ڕیوه‌به‌ری ئاسایشێک ده‌گرێته‌وه تا ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی گاڵته با مارکسیزم ده‌که‌ن که گوایه به ده‌ردی کۆمه‌ڵگه ناخواو وه‌زنی نه‌ماوه ، که‌چی له به‌ینی هه‌ر دوو نوسینێکدا ناتوانن هێرشێک و تانەیەکی به‌تاڵ و بێ بنەما نەکەن دژ به مارکسیزم .
ئاشنا بوون به مێژو به پێشینه‌ی ته‌وژمی ( ئه‌نتی ئایدیۆلۆژیا) له فیکری کۆنسێرڤه‌تیزمی ڕۆژئاوادا بۆیە گرنگە ، چونکە پەیوەندی هه‌یه به‌م که‌مپینه‌ی به‌رده‌وامه‌ی ڕه‌هه‌ندیه‌کان و ئه‌وانه‌ی له‌فه‌له‌کی ئه‌واندا ده‌خولێنه‌وه . که‌مپینی ڕه‌هه‌ندیه‌کان دژ به مارکسیزم له یه‌ک ڕسته‌دا : جێ و شوێنی مێژوویی وکۆنه‌پارێزی ئه‌وان نیشان ده‌دا له‌م دونیایه‌ی کە ئه‌مرۆ تێیدا ده‌ژین . ئه‌وان بەشێکن لەو ئەندازیارو خەیاتە ئایدیۆلۆژیانەی کە پرەنسیبەکانی سانسۆر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ له میدیای ئۆپۆزسیۆندا دیاری دەکەن .
سلاڤۆ ژیژک لەسەر ئەم دیاردەیە (( دروست کردنی فۆبیا بەرامبەر ئایدیۆلۆژیا )) بە نموونەو ئەزموونی ژۆرنالیستێکی چەپی ئیتاڵی دەست پێدەکا . ئەم ژۆرنالیستە ووتارێک دەنووسێ کە ووشەی “کاپیتالیزم ” ی تیا بە کارهێناوە ، سەرنووسەری ڕۆژنامەکە پرسیاری ئەوەی لێ دەکا کە ئایا پێویستە ئەم تێرمە بەکاربێنێ ؟ باشتر نیە وشەیەکی تری لە بابەتی ووشەی ” ئابوری ” لە شوێنی کاپیتالیزم بەکاربهێنێ ؟ یەکێ لە خالەکانی ژیژک لە لێکۆڵینەوەکەی بریتیە لەوەی وون بوونی تێرم و زاروەی ووشەی دیارکراو لە زمانی سیاسی لە باری عەمەلیدا یانی سروشتی کردن و ” قبوڵ ” کردنی سیستەم . هەوڵی ڕەهەندیەکان بۆ قەدەغە کردنی ” ئایدیۆلۆژیا ” هەوڵێک نیە بۆ قەدەغە کردنی هەموو ئایدیۆلۆژیەک ، بەڵکو هەوڵە بۆ خاڵی کردنی ئەندێشەو فیکری سیاسی لە کۆمەڵگەی کوردی تەنانەت لە بچوکترین نوزەی مارکسیزم و زاڵ کردنی ئه‌فسانه‌و بۆشنامەی ” ئەنتی ئایدیۆلۆژیا ” ، کە فۆرمێکی تری سادەی ئایدیۆلۆژیە ، کە لە ئێستای ئەواندا تێکەڵێکە پێک هاتووە لە :-
لە هەموو قەوان و ڕیكڵامه باوەکانی سەردەمی شەڕی سارد.
پشتگیریه‌کی زۆر جدی بۆ کاپیتالیزم .
ناسیۆنالیزم له به‌رگی ئۆپۆزسیۆندا .
دین .
ئەم خاڵەی دوایی بە دورودرێژی دەچینە سەری . سەرخەتی ئەم ئۆپۆرتۆنیزمە تیۆریەی ئەوان لە چەند گۆشەیەکدا خۆی دەردەخا کە مەریوان قانیع بە هەوڵی سروشتی کردنی خۆنواندنەکان دین تیئۆریزەی ده‌کا ، چونکه ( گۆڕان وکۆمه‌ڵ وبزوتنه‌وه پڕۆژه‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه) . ڕێبین بە ئەزموونێکی شەخسی و ئیمانداری و موسڵمان بوونی خۆی ڕێگەی بۆ دەکاتەوە . بەختیار عەلیش بە دوو شێوە دەیکا : یەکەم / بە نۆستۆلۆجیای عیرفانی ، تێکەڵ کردنی میکانیکی مانا مێژویەکانی ” سۆفی گەری ” لە گەڵ ئەو قەیرانە هەمیشەیەی کە وجودی سیاسی ” دین ” لە کۆمەڵگە دروستی دەکا .
دووەم / دادگا کردن و ڕەزیل کردنی مێژووی هەوڵدانی کۆمەڵگە بۆ بوون بە بەشێک لە لایەنە پۆزەتیڤەکانی مۆدێرنە.
بەشێکی بەرچاوی ئەم نووسینە وەڵامە بەم ئۆپرتۆنیزمە فیکریە.
شۆڕش
نکۆڵی لە ڕێکخستن ، له پایە چینایەتیەکان ، خورافە ڕیزکردن دژ بە مارکسیزم و تێروانین وتێزە فیکریەکان لەسەر شۆڕش هەموو ئەو خاڵانەن کە ڕەهەندیەکان بە پەشۆکاویەکی زۆرەوە هەم لە ڕابردوو هەم لە ڕوداوەکانی 2011 زۆر بەخەستی کردیان بە پیشەی نووسینەکانیان.
کەم شۆڕش هەیە لە مێژوودا ، یەک تێڕوانینی سیاسی تاقانە ، یان یەک ئاسۆی کۆمەڵایەتی و سیاسی وچینێکی دیاری کراو بەسەریدا زاڵ بووبێ . نزیکترین بەڵگە شۆڕشی ئێستای میسرە ، کە لە کاتێکدا سوپا و چینی دەسەڵاتدار دەڵێ ( شۆڕش تەواو بوو) چینی کرێکار لەمیسر دەڵێ تەواو نەبووەو ڕۆژی 2010/07/09 سەدان هەزار کرێکار‌و گەنجان و هەژاران مەیدانی (تەحریریان) گرتەوە .
ئاسۆ جیاوازه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له ئان و ساتی دەست پێکردنی شۆڕش لە هارمۆنیه‌تێکی کاتی‌دا له‌به‌رامبه‌ر ئامانجێکی هاوبه‌شدا به‌ناچار ڕه‌نگه وێستگه‌یه‌ک و دوان به یه‌که‌وه ببڕن . دواتر دوای گه‌یشتن به‌م ئامانجە دیاریکراوە ، یان له حاڵه‌تی نەگەیشتن وشکست لە نیوەی ڕێدا ، ئینجا دوور که‌وتنه‌وه‌و ته‌نانه‌ت دژایه‌تیش نێوان ئەم بەرژەوەندە چینایەتیانە ده‌ست پێده‌کات.
له تونس و له میسر ، له خۆپیشاندانه‌کانی سلێمانی ، که‌سایه‌تیه جیاواز‌و سەر بە بەرژەوەندی سیاسی فرە ڕەنگ ده‌هاتن لە هەمان مینبەردا خیتابیان ده‌دا . ئه‌وانه‌ی ووتاریان ده‌نووسی له سایته‌کان ، یان ئه‌و ژۆرنالیستانه‌ی دیمهنەکانیان ده‌گواسته‌وه ، یان کامیرای مۆبایله‌کانی ده‌ستی خۆپیشانده‌ران ، یان ڤیدیۆی نێو لاپه‌ڕه‌کانی سایتی (Face book) هه‌مووی له گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه به شوێن زه‌ق کردن وده‌رخستنی گۆشه‌یه‌ک بوون لەسەرەتای گۆڕانکاریه‌ک . ئەم زەق کردنەوەیە چ خۆبەخۆیی و ڕێکەوت ئەنجام درابێ یان بە بەرنامە ڕێژی کرابێت ، هه‌مووی لەهەوڵی ئەوەبوون پارچه‌کانی ڕوداوێکی گه‌وره بە جۆرێک لەچاوهڕوانی و ئاسۆی سیاسی جیاواز لول بده‌ن .
فه‌رامۆش کردنی ئه‌م ڕاستیه ساده‌یه ، نه‌خوێندنه‌وه‌ی مێژووی به‌ر له ڕووداوی شۆڕش بۆ نموونه میسر، نه‌بوونی زانیاری و سه‌پاندنی شیکردنه‌وه‌ی” دڵخوازانه” که له‌گه‌ڵ چوارچێوەیەکی فیکری دیاری کراو بگونجێت ، گرنگترین سیمای مامه‌ڵه کردنی تیۆریانەی ڕەهەندیەکان بوو . ئافات لەم مامەڵەیە تەنیا ئەنجامگیری تیۆری نەبوو ، بەڵکو تراژیدیای نەبوونی ( زانیاری ) بوو لەسەر ڕووداوەکان و لەسەر وولاتەکان و تەنانەت نەبوونی ئاشنایەتیەکی زۆر پێویست دەربارەی مێژووی کۆمەڵگەی بە گشتی و کۆمەڵگەی ئەو ووڵاتانەی شۆڕشی لێ‌کرا بە کوردستانیشەوە .
بۆ چوونه ناو تێزه‌کانی ئه‌م ماوه‌ی ڕابردووی ڕه‌هه‌ندیه‌کان ، له‌م نووسینه به بۆچوونه‌کانی ئاراس فه‌تاح ده‌ست پێده‌که‌م له ووتاری (سەرەتایەک بۆ قسەکردن لەسەر شۆڕش) . له یه‌که‌م په‌ره‌گرافدا ده‌ڵێ :-
((شۆڕش بڕیار نییە. شۆڕش نە بڕیارێکی عەقلانییە و نە کردەیەکی ناعەقلانی . تێگەشتنێکی ھەڵەیە گەر ئێمە شۆڕش بە “بڕیار”ی كەسێک یان گروپێک یاخود حیزبێکی پێشرەو(ئەڤانگارد) تێبگەین. دیارە سەرچاوەی سەرھەڵدانی ئەم تێگەشتنەش دەربارەی شۆڕش، ئایدیۆلۆژیای مارکسیزمە. ھاوکات لەگەڵ سەرھەڵدانی خەباتی چەکداریی رزگاریخوازانە بە ڕابەرایەتی حیزبێکی پێشڕەو، مۆدێلی مارکسیزم دەبێت بە نموونەیەک بۆ بەرپاکردنی “شۆڕش”. لە مێژوودا نموونەی ئەو کۆبوونەوانە زۆرن کە ھەندێک خەباتگێڕ لەشوێنێکی نھێنی، لە ناوچەی دووردەستی دەسەڵات بێت یان دەرەوەی وڵات، کۆدەبنەوە و بڕیاری ھەڵگیرسانی خەباتی چەکداریی دەدەن)) بڕ
تراژیدیای خاڵی بوون لە لۆژیک ، لە نێو ئەم پەرەگرافە ئەوەندە قوڵە کە کەسێک بیەوێ ڕەخنەی لێ بگرێ نازانێ لە کوێوە دەست پێبکا ؟ لەوەوە دەست پێبکەین کە ئەم په‌رگرافه چەندە بێ سەوادە لە مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی ؟ یان لەو بوختانە دەست پێبکەین کە بە ناوی مارکسیزمەوە دەکرێ ، یان لەو ئەنجامگیریە دەست پێ بکەین کە دەڵێ شۆڕش ” بڕیار ” نیە ؟
هه‌ر له ڕسته‌ی یه‌که‌مدا به تۆنی حیکمه‌تێکی دابڕاو له (زه‌مه‌ن و زانیاری) ئاراس پێمان ده‌ڵێت ” شۆڕش بڕیار نییه”! ئه‌م ڕسته‌یه به‌ر له‌هه‌موو شتێک ، نوێنه‌رایه‌تی هه‌ژاریه‌کی قوڵ و بێ سنووردهکا له شێوازی خستنه ڕوو . چونکه کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌م دۆخه‌ی (شۆڕش) دێنێته پیشه‌وه به‌ر له‌وه‌ی له ئاستی ” بڕیار” ی تاکێک یان گروپێکی دیاری کراو بێت ، ڕوویەکی تەقینەوەی قه‌یرانه گه‌وره‌ه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه لە چوارچێوەی ڕووداوی سیاسی بە وجودی هێزی کۆمەڵایەتی .
شۆڕش به‌لای که‌می له‌بواری هه‌ره هه‌ست پێکراوی خۆیدا ، پێویستی به بیرتیژیه‌کی قوڵ نییه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رک بکه‌ین که بریتیه له قه‌ڵشت بوونی ئه‌و چوارچێوه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه که ” هه‌مووان ” به زۆرله ژێر سیسته‌مێکی سیاسی – ئابووری به یه‌کتر گرێ ده‌دات ، نموونەی ساده‌ی ئه‌مه‌ش دەستەواژەی ” گەل “ه کە خاڵی دەبێتەوە لەو مانا پیرۆزەی کە بتوانێ شۆڕشگێڕان و دەسەلاتدارن ی سەر بە هەمان میلەت وەکو جاران بە یەک جۆر له خیتابی سیاسی گرێ بدا .
خاش بوونی ئه‌م چوارچێوه پیرۆزانە له ئه‌نجامی فشاری کۆمه‌لایه‌تی ، ئابوری ، سیاسی دروست ده‌بێت . که ڕه‌گه‌کانی له زه‌مه‌ن و ژیانی پێش ڕوودانی شۆڕش دایه . هه‌ر له په‌یوه‌ندی دیالیکتیکانه‌ی ژیان و ره‌گەکانی به‌ر له شۆڕشیشه که قه‌زاوه‌تی ” شۆڕش بڕیاره یان بڕیار نییه ” ده‌توانێ پرسیارێک بێ ئه‌رزش په‌یدا بکات و ڕووی ئەوەی هەبێت بخرێتە ڕوو.
له ڕوانگه‌ی مارکسیزمه‌وه ” بڕیار” ی شۆڕش کردن سه‌روبه‌ندی به بارودۆخی مهوزوعیهوه هه‌یه ، هه‌ر له وێشه‌وه بڕیاری تاکێک له هه‌ڵگیرساندنی شۆڕش له ووڵات و جوگرافیایه‌کی دیاریکراو لێکده‌درێته‌وه . ئەم تێڕوانیەنەی مارکسیزم زۆر بە ووردی جێ و شوێنی هێشتۆتەوە بۆ هەموو ئەو بارودۆخانەی کە بێجگە لە فاکتەکانی ( ئابوری ، سیاسی ، کۆمەڵایەتی ) بزوێنهریتریش له بابه‌تی ( ڕۆڵی تاک)ی دیاریکراو ده‌شێ کاریگه‌ر بن به‌سه‌ر وه‌رچه‌رخان و ڕووداوە گەورەکانی مێژوو .
به‌لام ، ئه‌م شوێن کردنه‌وه‌یه له ڕوانگه‌ی مارکسیزمدا: ناتوانێ له ده‌ره‌وه‌ی توانا‌و بواره فه‌راهه‌م کراوه‌کانی مێژودا باز بدا . ئه‌م شوێن کردنه‌وه‌یه له ژێر تایتڵ یان کۆنسێپتی (ڕۆڵی تاک لە مێژودا) به‌شێکه له شی کردنه‌وه‌کان و مامه‌ڵه‌ی مارکسیزم له گه‌ڵ سیاسه‌ت و مێژوو . ئەم شوێن کردنەوەیە بۆ رۆڵی تاک لە مێژودا ، له باری عه‌مه‌لیدا ڕەگێکی زۆر قوڵی لە بەروبەمی نه‌به‌ردیه‌کانی مێژووی مرۆڤایەتی هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ دەیان سەدە بەر لە دایک بوونی خودی کارل مارکس و مارکسیزم . به‌ڵام ، مارکسیزمیش لە چوارچێوەی تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی خۆی مامەڵە لە گەڵ ئەم جەدەلە دێرینەی ڕۆڵی تاک دەکا.
قوڵیی نه‌خۆشی ” ئه‌نتی مارکسیزم ” له دونیای ڕۆشنبیران به گشتی و رهههندیهکان به تایبه‌تی ، وای کردووه به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌ت و بارکردنی به‌سه‌ر مارکسیزم پیشه‌یه‌کی ئاسان و بێ ده‌رده‌سه‌ری بێ و کڕیاری زۆره . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م خوه‌شه ئاراس ” ئایدیۆلۆژی مارکسیزم ” به سه‌رچاوه‌ی تێگه‌یشتنێک ده‌زانێ که ڕه‌نگه ته‌نیا له زه‌ینی ئەودا هەبێت . چونکه به‌ر له په‌یدا بوونی مارکس و مارکسیزم ، ته‌نانه‌ت به‌ر له په‌یدا بوونی هه‌ر فیکره‌یه‌ک که نوتفه‌یه‌ک بیری سۆشیالیستی تێدا هه‌بووبێت ” شۆڕش ” له پاڵ ده‌یان زۆرانبازی فره ڕه‌نگ و نه‌به‌ردیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی خۆڕسکترین دیارده‌ی کۆمەڵایەتی و سیاسی ژیانی مرۆڤ بووه .
1896 ساڵ به‌ر له دایک بوونی مارکسدا ، (سپارتاکۆس) له شۆڕشی کۆیله‌کان کوژرا . سپارتاکۆس له گروپێکی 3 که‌سیه‌وه به بڕیارێکی ” شه‌خسی ” ده‌ستیان به یاخی بون و شۆڕش کرد . زه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانێک که سپارتاکۆس و هاوڕێکانی و سه‌دان هه‌زار کۆیله‌ی ئه‌و ده‌مه تیادا وێران ببوون ، هه‌مووی پاڵنه‌ری مه‌وزوعی بوون ، که وه‌ک بنه‌ڕه‌ترین سیفه‌تی سروشتی مرۆڤ ڕەنگ بداتەوە له کاره‌کته‌رو شێوازی بینینی دونیا‌و ژیان له‌لایه‌ن سپارتاکۆس ولیدهرهکانیتر.
شێوازی بینی دونیا‌و حاڵی بوون له ژیانی واقیعی یان به تهعبیرێکیتر (جیهان بینی) هه‌موو کۆیله‌کان و هاوڵاتیانی پله سێ ی ئیمپراتۆریه‌تی یۆنانی کۆن به شێوازی جیا هاوبه‌ش بوون له چه‌ند خاڵێکی سه‌ره‌کیدا . به‌ڵام ، سه‌ره‌ڕای ئه‌م ڕاستیه مه‌رج نیه هه‌ر هه‌موویان هه‌مان ڕێژه‌ی ئاماده‌گی له کاره‌کته‌ریان حازر بووبێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن :- ” بڕیار ” ی یاخی بوون بده‌ن به ده‌ست پێکردن له خۆیانه‌وه .
بۆیه کاتێک سپارتاکۆس و گروپه 3 که‌سیه‌که ” بڕیار ” ی یاخی بوون ده‌ده‌ن و شۆڕش ده‌ست پێده‌که‌ن ، ئه‌م ساغ بوونه‌وه‌و ئه‌م بڕیاره ده‌بێته ” بزوێنه‌رێک ” که خێرایی و ئاماده‌گی کۆیلهکانیتریش وه‌کو چینێک ته‌کان پێبداو شۆڕش ده‌ست پێ‌بکات . به پێچه‌وانه‌ی حیکمه‌تی میکانیکیانه‌ی ئاراس فه‌تاح ، شۆڕش ده‌کرێ ” بڕیار”ی تاکێک یان گروپێک بێ . هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌ی تۆمه‌ته‌کانی ئه‌و دژ به مارکسیزم ، بریاری شۆرش کردن ڕه‌گی له مێژویه‌کی زۆر دێرین دایه ، چونکه سته‌مکاری هه‌بووه‌و ڕیشه‌ی شۆرشیش هاوجووته له گه‌ڵ ڕیشه‌ی سته‌مکاری له مێژووی په‌یدابوونی شارستانیه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه.
هەر لە هەمان ووتاردا لە درێژەی تۆمەت دژ بە مارکسیزم ، ئاراس فەتاح دەڵێ :
(( ئەوە مارکسیزم بوو وەکو ئایدیۆلۆژیایەکی ڕادیکاڵ ویستی کات و شوێن بۆ شۆڕش دیاریبکات و بیکات بە حەتمییەتێکی مێژوویی. مارکسیزم یەکەم ئایدیای شۆڕشگێڕیی بوو کە ستراتیژی ئەوە بوو شۆڕش زووتر لەکاتی خۆی بەرھەمینھێنێت و ئەو شوێنەش دیاریبکات کە دەیەوێت تیایدا بەرپایبکات. واتە بەشێوەیەک ھەڵسوکەوت لەگەڵ شۆڕشدا وەک ئەوەی شتێکە کە دەکرێت دروستبکرێت ))
ئەوەی تۆزقاڵێک شارەزایی لە نووسینەکانی مارکسەوە هەبێ ، ڕێگە بە خۆی نادات تۆمەتی لەم بابەتە ڕیز بکات . دیاری کردنی شوێن ! دیاری کردنی کات ! ئەم دەستەواژانە ئەگەر ئاوا بە موجەرەدی و دابڕاو بخرێنە بەردەم خوێنەر زۆر کاریکاتۆری خۆ دەنوێنن ، جا نەک تەنیا بدرێتە پال مارکسیزم بەڵکو بدرێتە هەر ئیدەیەکی تری سیاسی .
هەموو فەلسەفەی مارکسیزم لەسەر پراکتیک بەندە . شەخسی مارکس بە قەدەر کات تەرخان کردنی بۆ فەلسەفە ، خۆی تەرخان کردبوو بۆ لایەنی سیاسی وپراکتیکی ئەم فەلسەفەیە . (حەتمیەتی مێژوو) لە پەیوەندیەکی ئۆرگانیکیدایە لە گەڵ پراکتیکی سیاسی هەردوو چین ، چینی کرێکار و چینی سەرمایەدار . ئەگەر چینی کرێکار شۆڕش نەکا ، ئەگەر شۆڕشی کردوو نەیتوانی پارێزگاری لێ‌بکا (وەکو ئەزموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕوسیا) حەتمیەتی مێژوو قسەیەکی بەتاڵ دەردەچێ .
لەهیچ گۆشەیەکی فیکری مارکسیزمدا نەهاتووە کە کاپیتالیزم ( به بێ خه‌بات و شۆڕش) لە چاوەڕوانی ڕوخانی خۆیەتی ! کە رۆژی ڕووخانەکەی هات دەڕوا لەبەر خاتری حەتمیەتی مێژوو ! مارکس ئەم تێڕوانینەی نەبووە ، چونکە تێگەیشتنی مارکس لەو چینە کۆمەلایاتیانەی لەگەڵ مانەوەی کاپیتالیزمن زۆر قوڵ و واقیعیە .
مارکس ئەم تێگەیشتنە میکانیکیانەی نەبووە ، چونکه ئه‌م سیسته‌مه بە هەر نرخێک بێ تا مردن بەرگری لە مانەوەی خۆی ده‌کا . کە بەڵگەی دووشەڕی جیهانی و دەرزەنێکی بێ شومار لە شەڕی ئیقلیمی ، زاڵ کردن و قانوونی کردنی باڵی ریفۆرم لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری لە بڕگەیەکی مێژوودا ، شوێن کردنەوە بۆ (سۆشیال – دیموکراسی) لە ئەوروپا ، مل دان و قبوڵ کردنی مۆدیلی Welfare State بۆ نزیکەی نیو سەدە ، هەمووی لە کۆی خۆیدا پراکتیکی سیاسی چینی دەسەڵاتدار بوو ، کە لە ئاستی جیهانیدا بەڕێوەی برد بۆ بەهێز کردنی فاکتەکانی مانەوەی سیستەم ، کە بە دڵنیایش هەم ئەم شێوازانە هەم شێوازی تر کە هێشتا پیادەنەکرابێت هەمووی ڕێ ی تێدەچێت پیادە بکرێت .
خوێندنەوەی مارکس بۆ ئامادەگی هەردوو چینی بەرامبەر ، بەر لە ” تیۆری ” لە هێزی سیاسی و رێکخراو بووندا سەرچاوە دەگرێ . بە پێچەوانەی ئەم تۆمەتە بێ ناوەڕۆکانە ، مارکس بەیانیەک لە خەو هەڵنەساوە نەسیحەتی خەڵك بکاو بڵێ با شۆڕش بکەین ! بەڵکو کاتێک هەستی کردبێت تەوقیتی شۆرش گونجاو نیە ، نەک لەبەر ئەوەی خۆی قەناعەتی پێنەبووە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەستی کردووە بە زیان و شکستی چینی کرێکار تەواو دەبێ ، هەڵوێستی ئەوەبووە کە هێشتا ئاماده‌کاریه‌کانی بارودۆخەکە زەمانەتی سەرکەوتن ناکا ، ئەمە هەڵوێستی مارکس بوو بەر لە دەست پێکردنی کۆمۆنەی پاریس ، که دواتر پێشبینی و خوێندنه‌وه‌کانیشی ڕاست ده‌رچوون .
شۆڕش ڕووداوێک نیه که له ئیمکان وئیراده‌ی مرۆڤه‌کان نه‌بێ به‌رنامه رێژی و ستراتیژی بۆ دابنێن . شۆڕش ههیجانێکی ڕاگوزه‌ر نیه به سودفه تووشی کۆمه‌ڵگه بێت . بارودۆخی کۆمه‌ڵگه هه‌ر له قه‌ڵشت بوونی چینایه‌تی تا سه‌رکوتی سیاسی ، هۆشیاری و ئاسۆی هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ئاماده‌یی چینه‌کان هه‌مووی ڕێڕه‌و و ده‌ست پێکردن و کۆتایی (به‌سه‌رکه‌وتن یان شکست) ی شۆڕش دیاری ده‌که‌ن .
له‌و خوێندنه‌وانه که ڕه‌هه‌ندیه‌کان کردیان بۆ شۆڕش له میسر‌و تونس خوێندنه‌وه‌یه‌کی ” دڵخوازانه ” بوو بۆ جێگیر کردنی یه‌ک وێنه‌و یه‌ک ئه‌لگۆ له شۆڕش . ئه‌لگۆیه‌ک که به‌که‌ڵکی ڕه‌هه‌ندیه‌کان و به‌شێکی زۆر له چینی ناوه‌ڕاست دێ له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بریتیه له ته‌جرید کردنی شۆڕش له هه‌موو پایه واقیعی و زانستیه‌کانی خۆی . نزیکترین وێنه‌ش که ده‌توانێ ئه‌م ئه‌لگۆیه دروست بکا ، پیرۆز کردنی ڕه‌گه‌زی خۆبه‌خۆیی و ناڕێکخراوی نێو شۆڕشه ، له گه‌ڵ زووم کردنی یه‌ک گۆشه‌ی خۆده‌رخستنی شۆڕش که به‌که‌ڵکی تیئۆریزه کردن بێت. ئینکاری کردن له بوونی ” ئایدیۆلۆژیا ” له شۆڕشه‌کانی میسر، ئینکاری کردن بوو له مێژووی 30 ساڵی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌م ووڵاته . ئامانجی ئه‌م ئینکاریه سڕینه‌وه‌ی ڕاستیه گرنگه‌کانی ڕوداوێکی گه‌وره بوو ، نه‌بادا ئه‌م ڕاستیانه ڕۆڵ ببینن له دروست بوونی هێڵێکی ڕادیکالتر له ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنه‌کانی ئه‌وان .
شۆڕش نه‌ک ته‌نیا ده‌کرێ ” بڕیار” بێ ، خاوه‌ن ئایدیۆلۆژیا‌و ڕێکخستن بێت ، به‌ڵکو ده‌کرێ ” پێشبینیش ” بکرێت . ڕاستیه گرنگه‌کانی شۆڕشی میسر درێژ کراوه‌ی قه‌یرانێکی قوڵی ئابوری – سیاسی بوو که نه‌ک ته‌نیا بواری پێشبینی شۆڕشی فه‌راهه‌م کردبوو ، به‌ڵکو لە10 ساڵی دواییدا ڕووبەڕوبونەوەی کۆمەڵگە و ڕژێم ، ڕاهێنان و پڕۆڤەیەکی واقیعیی شۆڕش بوون لە ژیانی ڕۆژانەدا.
کردنی ( نان) به دروشم له‌یه‌که‌مین خۆپیشاندانه خوێناویه‌کانی 2009 دا ده‌ستی پێ‌کرد ، ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌به‌ر ده‌ست پێکردنی ئه‌م خۆپیشاندانانه ، مێژوو نووس و موحه‌لیلی سیاسی به‌ریتانی جۆن برادلی
JHON R.BRADLEY له میسر دیپۆرت کرایه به‌ریتانیا ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوای چه‌ند ساڵێک مانه‌وه‌ی له میسر کتێبی INSID EGYPIT بڵاوکرده‌وه ، کە تایتڵە سەرەکیەکەی بریتی بوو لە (دەوڵەتی فیرعەونەکان لە لێواری شۆڕشدا ) . بە پێچەوانەی میسۆدی ئیش کردنی ئۆپۆرتۆنیستانەی ڕەهەندیەکان لەسەر بابەتی شۆڕش ، برادلی زۆر بەووردی و ئەمانەتی ئەکادیمی ئیشی لەسەر تێگەیشتن لە قەیرانی ئەم کۆمەڵگەیە کردووە . ئەم نووسەرە دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە میسر گرنگیەکی زۆری پەیدا کردەوەو لە سەر هڵبژاردنی تایتلی کتێبەکەی کە پێشبینی شۆڕشی کردووە ، ئەو پرسیاری ئەوەی لێ‌کرا: کە ئایا ئەمە خۆزگە بوو یان پێشنیار بوو یان باوەر بوو کە ئەو دوو ساڵ زووتر ئەم پێشبینیانەی خستە ڕوو؟
برادلی لە وەڵامدا دەڵێ :- (( لەم ساڵانەی دوایدا زۆربەی ژیانم لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی ئەوێ بەسەربرد ، کە شوێنی هاوڵاتیە میسریە سادەکانە ، وەکو ئەوان بە زمانی عەرەبی و بە لەهجەی میسری لە گەڵیان دەدوام . من شایەد بووم لەسەر : وێران بوونی کۆمەڵگەی میسر ، درەندەیی و سەرکوتی ڕژێم ، فراوان بوونی جیاوازی نێوان چینی هەژارو دەوڵەمەند ، نشین بوونی هەمەلایەنەی گەندەڵی له هەموو بوارەکانی ژیاندا . ئەمانە هەمووی لە کاتێکدا بەڕێوە دەچوو کە خەڵک هیچ متمانەیەکی بە ڕژێم نەمابوو لە جێ بەجێ کردنی چاکسازی . ووڵات لەچەشنی بەنزین چاوەڕێ ی بریسکەیەک بوو تا گڕ بگرێ . لە کتێبەکەم ووتم ئەم بریسکەیە نە لە ئیسلامیەکانی ئیخوان ، نە لە ئۆپۆزسێۆنی ئیجازە پێدراو نایەت چونکە ئەمانە شۆڕشگێڕ نین ، بە پێچەوانەوە ئەم بریسکەیە لە شوێنێکەوە دێت کە لەوانەیە کەس چاوەڕوانی نەکات …پێشبینیەکەم هاتە دی و ئەم شوێنە چاوەڕوان نەکراوە تونس دەرچوو. ))
درێژەی هەیە ….
ڕزگار عومەر
orezgar@yahoo.ca