Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کی دیکه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ

چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کی دیکه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ

Closed

 
6.10.2011 پێنجشه‌ممه‌‌

هه‌ڵه‌ی یه‌که‌م: له‌ گۆشه‌ی (ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا)ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕووداوه‌ مێژووییه‌ گرنگه‌کانی کوردستان، ناوچه‌که‌ و جیهان، ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستانی نوێ له‌ ڕێکه‌وتی (7.8.2011)دا نووسیویانه‌: (1933 سوپای عیراق به‌هاوکاری فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی به‌ریتانیا هێرشێکی گه‌وره‌ی کرده‌سه‌ر شارۆچکه‌ی سمێل و ده‌وروبه‌ری، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌دا پێنج هه‌زار هاووڵاتی ئاشوری ئه‌و ناوچه‌یه‌ شه‌هیدبوون، ئه‌و رۆژه‌ به‌ رۆژی شه‌هیدانی ئاشوری ناونراوه‌؛ سه‌رچاوه‌: (کوردستانی نوێ، ژماره‌ (5551)، یه‌کشه‌ممه‌، ڕێکه‌وتی (7.8.2011)، ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا، ل19).
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم که‌ هه‌م مێژووی ڕووداوه‌که‌ هه‌ڵه‌یه‌ و ڕێکه‌وتی (7.8.1933) نییه‌، به‌ڵکو (5.8.1933)یه‌، وه‌ هه‌م ژماره‌ی قوربانییه‌کان هه‌ڵه‌یه و زۆری خراوه‌ته‌ سه‌ر‌، که‌ پێنج هه‌زار که‌س نییه،‌ به‌ڵکو نزیکه‌ی پێنج سه‌د که‌سه، که‌ له‌ هه‌ردوو باردا ژماره‌ی قوربانییه‌کان‌ ژماره‌یه‌کی زۆر زۆره‌‌.
سه‌باره‌ت به‌ مێژووی ڕووداوه‌که‌ دکتۆر جه‌مال نه‌به‌ز، له‌ لاپه‌ڕه‌ (110)ی په‌رتووکی (کوردستان و شۆڕشه‌که‌ی)دا باسی ئه‌وه‌ی کردووه‌ که‌ سوپای ئێراق، له‌ ڕێکه‌وتی (5.8.1933)دا په‌لاماری ئاشوورییه‌کانی بادینان ‌‌و موسڵی دا، ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر له ‌دانیشتوانی سیڤیلیان له‌ ناوچه‌که‌دا کوشت ‌و بریندارکرد.
سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی قوربانییه‌کان، مه‌حمود دوڕه‌ی ئه‌فسه‌ری سوپای ئێراق، له‌ لاپه‌ڕه‌ (179)ی په‌رتووکی (القضیة الکوردیة)دا نووسیوێتی: (له‌و په‌لاماره‌دا بۆ سه‌ر ئاشوورییه‌کان، (130) کوژراو و (80) برینداری لێکه‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌ کۆمه‌ڵکوشتنی‌ نزیکه‌ی (500) ئاشووری سیڤیل له‌‌ناو شارۆچکه‌ی سمێل ‌و ده‌وروبه‌ریدا).
که‌چی ئاشووریه‌کان ژماره‌ی قوربانییه‌کانی خۆیان به‌ نزیکه‌ی (600) که‌س داده‌نێن، که‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆرییان ژن، منداڵ، پیر و په‌ککه‌وته‌ بووینه‌؛ سه‌رچاوه‌: (ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی، مێژووی کوردستانێتیی شاری موسڵ، به‌رگی یه‌که‌م و دووه‌م، چاپی دووه‌م، ل71، له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانی ئینته‌رنێتدا بڵاوکراوه‌ته‌وه)‌.

هه‌ڵه‌ی دووه‌م: ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌ت به‌ بابه‌تی (ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا) له ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ له‌ ڕێکه‌وتی (12.8.2011)دا نووسیوێتی‌: (1995 هه‌ردوو زاوا و کچه‌کانی سه‌دام حوسێن، هه‌ریه‌ک له‌ حوسێن کامل وه‌زیری پیشه‌سازی عیراق، سه‌دام کامل-ی برای و هه‌ردوو ژنه‌کانیان ره‌غدو ره‌نا عیراقیان به‌جێهێشت و له‌ ئوردن گیرسانه‌وه‌، به‌ڵام پاش چه‌ند رۆژێک و به‌ بڕیاری لێبوردنی سه‌دام حوسێن گه‌ڕانه‌وه‌ عیراق و له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی سه‌دامه‌وه‌ هه‌ردوو زاواکه‌ی حوسێن کامل و سه‌دام کامل کوژران؛ سه‌رچاوه‌: (کوردستانی نوێ، ژماره‌ (5556)، هه‌ینی‌، ڕێکه‌وتی (12.8.2011)، ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا، ل19).
حوسێن کامل حه‌سه‌ن مه‌جید و سه‌دامی برای، له‌ ڕێکه‌وتی (7.8.1995)دا له‌ سه‌دام جیابوونه‌وه‌ و ئێراقیان به‌ره‌و ئورده‌ن به‌جێهێشت، نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نووسیوێتی گوایه‌ ڕۆژی (12.8.1995) ئێراقیان جێهێشتووه‌. دواتر حوسێن کامل و براکه‌ی له‌سه‌ر به‌ڵێن و لێبووردنێکی تایبه‌تی سه‌دام حوسێن له‌ ڕێکه‌وتی (19.2.1996)دا له‌گه‌ڵ خێزانه‌کانیان گه‌ڕانه‌وه‌ به‌غدا، به‌ڵام له‌ پێنجه‌م ڕۆژدا واته‌ له‌ ڕێکه‌وتی (23.2.1996)دا هێزێکی سه‌دام به‌ سه‌رکردایه‌تی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، عوده‌ی سه‌دام و قوسه‌ی سه‌دام له‌ گه‌ڕه‌کی سه‌یدیه‌-ی به‌غدا، چوونه‌ سه‌ریان و هه‌ردووکیان له‌گه‌ڵ حه‌کیم-ی برایان، باوکیان، خوشکێکیان و منداڵه‌کانیدا کوشتن. به‌مه‌ش ماوه‌ی نێوانی ڕاکردنی دوو براکه‌ و کوشتنیان ده‌کاته‌ شه‌ش مانگ و نیو، نه‌ک چه‌ند ڕۆژێک وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ نووسیویه‌تی. جیاوازی نێوان چه‌ند ڕۆژێک و شه‌ش مانگ و نیویش جیاوازییه‌کی زۆره، بۆیه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڵه‌یه‌کی زه‌قی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ‌.  

هه‌ڵه‌ی سێیه‌م: ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌ت به‌ بابه‌تی (ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا) له ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ له‌ ڕێکه‌وتی (14.8.2011)دا نووسیوێتی: (2007 له‌ ئه‌نجامی چوار ته‌قینه‌وه‌ له‌ شارۆچکه‌ی شه‌نگار-ی پارێزگای موسڵ، زیاتر له‌ (200) هاووڵاتی شه‌هیدبوون و (200) هاووڵاتی دیکه‌ برینداربوون؛ سه‌رچاوه‌: (کوردستانی نوێ، ژماره‌ (5557)، یه‌کشه‌ممه‌‌، ڕێکه‌وتی (14.8.2011)، ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا، ل19).
سه‌ره‌تا، په‌لاماره‌ خۆکوژیه‌که‌ی (14.8.2007)ی ده‌ڤه‌ری ئێزیدییه‌کان که‌ له‌ ڕێگای‌ چوار کامیۆنه‌وه‌ ئه‌نجام دران، له‌ کۆمه‌ڵگاکانی (گرد عوزێر و سیپا شێخ خدری) سه‌ر به‌‌ قه‌زای شه‌نگال ئه‌نجامدران، نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ نووسیویه‌تی، گوایه‌ له‌ شارۆچکه‌ی شه‌نگال ئه‌نجام دراون. دواتر سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی قوربانییه‌کان، به‌گوێره‌ی ده‌نگوباسی که‌ناڵه‌ کوردییه‌کان که‌ به‌رزترین ژماره‌م وه‌رگرتووه‌، ئه‌م ته‌قینه‌وه‌ تیرۆرستیانه‌ بوونه‌ هۆی شه‌هیدبوونی نزیکه‌ی (344) هاووڵاتی کورد و بێسه‌ر و شوێنبوونی (77) هاووڵاتی و برینداربوونی (396)ی دیکه، به‌ڵام بوگوێره‌ی ماڵپه‌ڕی ئاژانسی ده‌نگوباسی کوردستان (شه‌نگال یادی ساڵوه‌گه‌ڕی کوژرانی 550 له‌ 2007 ده‌کاته‌وه‌)، نووسیوێتی: (له‌ 14ی ئاب/ئۆگستسی 2007 هه‌ردوو کۆمه‌ڵگه‌ی (گرد عوزێر و سیپا شێخ خدری) له‌ باشووری شارۆکه‌که‌ ڕووبه‌ڕووی 4 ته‌قینه‌وه‌ی هاوکات هاتنه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا 550 که‌س کوژران و زیاتر له‌ 800ی تریش بریندار بوون که‌ زۆرینه‌یان ئێزیدی بوون)، نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ نووسیوێتی، که‌ گوایه‌ دوو سه‌د شه‌هید و دوو سه‌د بریندارن‌.

هه‌ڵه‌ی چواره‌م: ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌ت به‌ بابه‌تی (ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا) له‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ له‌ ڕێکه‌وتی (17.8.2011)دا نووسیوێتی‌: (2003 تاوانبار عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ناسراو به‌ (عه‌لی کیمیایی) له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مریکاوه‌ ده‌ستگیرکرا، عه‌لی کیمیایی ئامۆزای سه‌دام حوسێن له‌ ساڵی (1987) له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌ کرا به‌ سکرتێری نووسینگه‌ی کاروباری باکوور و ساڵی (1988) ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی له‌و ناوچه‌یه‌دا گرته‌ ده‌ست و سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی ئه‌نفال و جینۆسایدی گه‌لی کوردی کرد؛ ‌ سه‌رچاوه‌: کوردستانی نوێ، ژماره‌ (5560)، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ڕێکه‌وتی (17.8.2011)، ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا، ل19).
لێره‌دا دووباره‌ ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌ت به‌ گۆشه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا‌ که‌وتۆته‌ چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌که‌وه‌. سه‌ره‌تا عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید به‌ (عه‌لی کیمیاوی) ناسراوه‌ نه‌ک (عه‌لی کیمیایی)، دواتر ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌ت به‌و گۆشه‌یه‌ جیاوازی نێوان نووسینگه‌ی کاروباری باکوور و نووسینگه‌ی باکووری ڕێکخستنه‌کانی حزبی به‌عسی عاره‌بی ئیشتراکی ناکات، که‌ ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان ده‌زگایه‌کی حزبی سه‌ر به‌وه‌ی دووه‌میان که‌ بیرۆی حزبییه‌ بووه‌ و عه‌لی حه‌سه‌ن به‌رپرسی هه‌ردووکیان بووه‌. عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید به‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره‌ (160)ی ڕێکه‌وتی (29.3.1987)ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی شۆڕش کرا به‌ ڕازگری نهێنی نووسینگه‌ی باکووری ڕێکخستنه‌کانی حزبی به‌عس و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های پێدرا له‌ پێناوی جێبه‌جێکردنی سیاسه‌ته‌کانی حزبی ناوبراو له‌ کوردستاندا. عه‌لی کیمیاوی، هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌پێی‌ بڕیاری ژماره‌ (160)ی ساڵی (1987)دا که‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی شۆڕش پێیدابوو، له‌ ساڵی (1988)دا شاڵاوه‌کانی ئه‌نفالی جێبه‌جێکرد، هه‌ڵه‌بجه‌ی کیمیاباران کرد و نزیکه‌ی (3500-4000) گوندی کوردستانی کیمیاباران و کاول کرد، نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ نووسیوێتی، گوایه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ ساڵی (1988)دا پێدرابێ. 

هه‌ڵه‌ی پێنجه‌م: له‌ هه‌مان ژماره‌ی کوردستانی نوێ و هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا، ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌ت به‌ بابه‌تی (ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا) له ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ نووسیوێتی‌: (محه‌مه‌د چیاو حه‌ق-ی سه‌رۆکی پاکستانی به‌ پیلانێکی نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراو به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی فڕۆکه‌که‌یه‌وه‌ تیرۆرکرا، محه‌مه‌د چیاو ساڵی (1924) له‌دایکبووه‌، ساڵی (1976) بووه‌ به‌ سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپای پاکستان، له‌ ساڵی (1977 تا ساڵی 1988) سه‌رۆکی پاکستان بووه‌؛ سه‌رچاوه‌: کوردستانی نوێ، ژماره‌ (5560)، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ڕێکه‌وتی (17.8.2011)، ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا، ل19).
ناوی ته‌واوی سه‌رۆکی پاکستان (محه‌مه‌د زیائول حه‌ق محه‌مه‌دکه‌ڕه‌م) بووه نه‌ک محه‌مه‌د چیاو حه‌ق‌، که‌ له‌نێوان (12.8.1924-17.8.1988)دا ژیاوه‌ و دوای کوده‌تایه‌ک له‌دژی زولفه‌قار عه‌لی بۆتۆ له‌ ڕێکه‌وتی (5.7.1977)دا ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، به‌ڵام له‌نێوان (16.9.1978-17.8.1988)دا شه‌شه‌م سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته‌ بووه، نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ نووسیوێتی، گوایه‌ له‌نێوان (1977-1988)دا سه‌رۆکی پاکستان بووبێت.

هه‌ڵه‌ی شه‌شه‌م: ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌ت به‌ بابه‌تی (ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا) له‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ له‌ ڕێکه‌وتی (22.8.2011)دا نووسیوێتی‌: (1974 پاش ئه‌وه‌ی گفتوگۆی نێوان شۆڕشی کوردستان و حکومه‌تی ئه‌وکاته‌ی عیراق به‌بێ ئه‌نجام کۆتایی هات، زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان شاره‌کانیان به‌جێهێشت و به‌ره‌و ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان کۆچیان کرد؛ سه‌رچاوه‌: (کوردستانی نوێ، ژماره‌ (5564)، ڕۆژی دووشه‌ممه‌، ڕێکه‌وتی (22.8.2011)، ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا، ل19).
ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌دا ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ نووسیوێتی، هه‌ڵه‌یه‌کی دیکه‌یه‌، چونکه‌ هه‌ر له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شاندی سه‌رکرایه‌تی شۆڕشی کوردستان له‌ به‌غدا له‌ ڕۆژانی (9-10/3/1974)دا، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌جارێک شاره‌کانیان جێهێشت و په‌نایان بۆ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش و دووره‌ ده‌ستی ڕژێم برد. ئه‌ی فڕۆکه‌کانی ڕژێمی به‌عس له‌ ڕێکه‌وتی (24.4.1974)دا په‌لاماری شاری قه‌ڵادزه‌-یان نه‌دا و (163) که‌سیان شه‌هید و نزیکه‌ی (350) هاووڵاتی بێتاوانی شاره‌که‌یان له‌ منداڵ، ژن و پیر بریندار نه‌کرد؟ هه‌ر فڕۆکه‌کانی ڕژێمی سه‌دام له‌ ڕێکه‌وتی (27.4.1974)دا (43) که‌سیان له‌ دانیشتوانی شارۆچکه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌هید و (50) که‌سیشیان بریندارکرد. هه‌ر دوو ڕۆژ دواتریش له‌ ڕێکه‌وتی (29.4.1974)دا له‌ سه‌ر پردی گه‌ڵاله‌ (29) که‌سیان شه‌هیدکرد. ئه‌و مێژووانه‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ فڕۆکه‌کانی ڕژێم بۆردوومانی شاره‌کانی کوردستان-یان کردووه‌، دانیشتووانی شاره‌ گه‌وره‌کانی کوردستان و دێهاته‌کانی ده‌وروبه‌ریان له‌ سه‌ره‌وه‌ی مانگێک ده‌بوو، شاره‌کان و دێهاته‌کانیان جێهێشتبوو.
من پێم وایه‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ یان ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌ت به‌و گۆشه‌یه‌، ڕۆژی په‌لاماری شاری ڕه‌واندزی که‌ له‌ ڕێکه‌وتی (22.8.1974)دا له‌لایه‌ن ڕژێمی ئێراقه‌وه ئه‌و په‌لاماره‌ ئه‌نجام درا،‌ تێکه‌ڵ به‌ چۆلکردنی شاره‌کانی کوردستان کردووه‌، که‌ له‌و ڕۆژه‌دا دانیشتوانی شاری ڕه‌واندز له‌به‌ر هێرشی دڕندانه‌ی ڕژێم بۆ سه‌ر شاره‌که‌یان، ئه‌و شاره‌یان به‌ته‌واوی جێهێشت.   

هه‌ڵه‌ی حه‌وته‌م: ڕۆژنامه‌نووسی تایبه‌ت به‌ بابه‌تی (ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا) له ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ له‌ ڕێکه‌وتی (6.10.2011)دا نووسیوێتی: (1925 پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی پادشایه‌تی له‌ عیراق و له‌دوای ئه‌و ململانێیه‌ی له‌سه‌ر ویلایه‌تی موسڵ دروست بوو، له‌ خولی بیست و حه‌وته‌مین-ی کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لاندا بڕیاری ئه‌وه‌ درا ویلایه‌تی موسڵ به‌ ده‌وڵه‌تی تازه‌ دروستکراوی عیراقه‌وه‌ بلکێنرێت؛ سه‌رچاوه‌: کوردستانی نوێ، ژماره‌ (5599)، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، ڕێکه‌وتی (6.10.2011)، ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا، ل15).
له‌ ماوه‌ی نزیکه‌ی چوار مانگدا ڕۆژنامه‌نووسانی بابه‌تی (ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا) و ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ، بۆ سێیه‌م جاره‌ و له‌ سێ مێژووی جیادا ده‌نووسن که‌ ویلایه‌تی موسڵ به‌ ده‌وڵه‌تی ئێراقه‌وه‌ لکێنرا. پێشتر له‌ له‌ژێر ناوی (چوار هه‌ڵه‌ی زه‌قی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ)دا، به‌باتێکی ڕه‌خنه‌ییم له‌ ڕێکه‌وتی (5.8.2011)دا له‌سه‌ر مێژووی هه‌ڵه‌ی جاری یه‌که‌م و دووه‌می لکاندنی زۆره‌ملێیانه‌ی ویلایه‌تی موسڵ به‌ ده‌وڵه‌تی ئێراق بڵاوکرده‌وه و دوای چه‌ند ڕۆژێکیش هه‌مان بابه‌تم له‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێدا بڵاوکرایه‌وه‌‌، ئێستاکه‌ ده‌مه‌وێت وه‌ڵامی هه‌ڵه‌ی سێیه‌میان بده‌مه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان پرس. به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت هه‌رسێ مێژووه‌ هه‌ڵه‌که‌ی کوردستانی نوێ بنووسمه‌وه‌، ئینجا دواتر وه‌ڵامی هه‌ڵه‌که‌ی سێیه‌م جاریان بده‌مه‌وه‌. 
بۆ جاری یه‌که‌م: له‌ گۆشه‌ی (ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا)، نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ له‌ ڕێکه‌وتی (5.6.2011)دا نووسیویانه‌: (1926 کێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ یه‌کلایی کرایه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی رێز له‌ ویست و رای گه‌لی کوردی عیراق بگیرێت، یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گفتوگۆ و به‌ڵێنانه‌ بوو که‌ پاش ته‌واو بوونی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی به‌ گه‌لی کورد درابوو، چونکه‌ به‌پێی رێکه‌وتننامه‌ی سیڤه‌ر ده‌بوایه‌ گه‌لی کورد خاوه‌نی مافه‌ سیاسیه‌کانی خۆی بوایه‌، به‌ڵام رێکه‌وتننامه‌ی لۆزان ئه‌و گفته‌ی نه‌هێنایه‌ دی و ویلایه‌تی موسڵ-ی به‌ ده‌وڵه‌تی تازه‌ دروست بووی عیراق-ه‌وه‌ لکاند – سه‌رچاوه‌: کوردستانی نوێ، ژماره‌ (5497)، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌، ڕێکه‌وتی (5.6.2011)، ل23).
بۆ جاری دووه‌م: له‌ گۆشه‌ی (ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا)، نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ له‌ ڕێکه‌وتی (5.7.2011)دا نووسیویانه‌: (1926 ئینگلیزه‌کان ویلایه‌تی موسڵ-یان خسته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی تازه‌ دروستکراوی عیراق، ئه‌و سه‌رده‌م ویلایه‌تی موسڵ شاره‌کانی که‌رکوک و هه‌ولێر و سلێمانی ده‌گرته‌وه‌ – سه‌رچاوه‌: کوردستانی نوێ، ژماره‌ (5523)، ڕۆژی سێشه‌ممه‌، ڕێکه‌وتی (5.7.2011)، ل23).
بۆ جاری سێیه‌میش نووسیویانه‌: (وه‌کو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵه‌ی حه‌وته‌مدا له‌ سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌م پێکردووه و پێویست به‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ ناکات‌).
به‌ڕاستی ئه‌وه‌ هه‌م هه‌ڵه‌ی ڕۆژنامه‌نووس و به‌رپرسی ئه‌و گۆشه‌یه‌ و هه‌م هه‌ڵه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێتی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ-یه‌، له‌لایه‌ک که‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی ڕۆژنامه‌که‌ (که‌سانی شیاویان له‌ شوێنی شیاو دانه‌ناوه)‌، له‌ لاکه‌ی تریشه‌وه‌ نه‌شاره‌زایی و ناووردبینی ئه‌وان ده‌رده‌خات که‌ که‌سێکی شاره‌زا له‌ مێژوو به‌ نووسینه‌کاندا ناچێته‌وه‌ به‌ر له‌ چاپکردنیان و دوای چاپکردنیشیان بۆئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک ڕویدابوو، پۆزش بۆ هه‌ڵه‌کانیان بێننه‌وه‌، چونکه‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی وه‌کو ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی نووسینی چه‌ندین بابه‌ت، لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی، مێژوویی، ئه‌ده‌بی و هتد، ناشکرێت ڕۆژنامه‌یه‌ک که‌ ده‌کرێت به‌ سه‌رچاوه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی و مێژوویی له‌ هه‌مان کاتدا ته‌ژی بێت له‌ هه‌ڵه‌. 
بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ زیاتر خوێنه‌رانی کوردستانی نوێ سه‌ریان لێ نه‌شێوێت به‌تایبه‌تی نه‌وه‌ی تازه‌ پێگه‌یشتوو یان ئه‌وانه‌ی زانیاری زۆریان نییه‌ له‌سه‌ر پرسی لکاندنی ویلایه‌تی موسڵ (باشووری کوردستان) به‌ ده‌وڵه‌تی ئێراق، ده‌مه‌وێت به‌کورتی باسی چۆنیه‌تی و مێژووی لکاندنی ویلایه‌تی موسڵ به‌ ده‌وڵه‌تی ئێراق-ه‌وه‌ بکه‌م.
سه‌باره‌ت به‌ پرسی لکاندنی ویلایه‌تی موسڵ، خولی سی و سێی ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان له‌ نێوان (2 تا 28.9.1925)دا دڕێژه‌‌ی‌ به کۆبوونه‌وه‌کانی داو کۆمیسیۆنی توێژینه‌وه‌ی پرسی ویلایه‌تی موسڵ ڕاپۆرتی خۆی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ڕێکه‌وتی (3.9.1925)دا بۆ کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان به‌رزکرده‌وه‌‌‌ و ڕاپۆرته‌که‌‌ به‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان دابه‌شکرا ‌و دوای واژۆکردن له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌، به‌سه‌ر میدیاداکانیشدا دابه‌شکرا. له‌م دانیشتنه‌دا، گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌که‌‌ کرا و هه‌ر دوو لایه‌نی به‌ریتانی و تورکی سه‌رنج و تێبینیه‌کانی خۆیان پێشکه‌شکرد.
دواتر هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ پرسی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ، خولی سی و حه‌وتی ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان له‌ نێوان (7 تا 16.12.1925)دا دڕێژه‌‌ی‌ به‌ کاره‌کانی خۆیدا، به‌ڵام دوای گفتوگۆیه‌کی چڕ و سه‌ختی کۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی (10.12.1925) له‌سه‌ر پرسی ویلایه‌ته‌که‌، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن گه‌یشتنه‌ ڕێککه‌وتنێک له‌سه‌ر بۆچوونی (کۆمیسیۆنی توێژینه‌وه‌ی پرسی ویلایه‌تی موسڵ)، به‌وه‌ی ئه‌و خاکانه‌ی که‌ ده‌که‌ونه‌ باشووری هێڵی برۆکسل به‌ ئێراقه‌وه‌ بلکێنرێن، له‌گه‌ڵ داواکردن له‌ به‌ریتانیا له ‌پێناوی دابینکردن و گه‌ره‌نتیکردنی مافه‌کانی کورد و ڕێوشوێنی دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌کی ناوخۆیی کوردی که‌ مافه‌کانیان مسۆگه‌ر بکات، به‌ڵام تورکیا قایل نه‌بوو. ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان له ڕێکه‌وتی (16.12.1925)دا، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تری کرد و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان پێشتر داوای له ‌نوێنه‌ری تورک (تۆفیق ڕوشدی به‌گ) کردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌ بێت، به‌ڵام ناوبراو قایل نه‌بوو به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که‌ بکات.‌ له‌ ئه‌نجامدا ئه‌نجومه‌نی ناوبراو له‌ ڕۆژی هه‌ینی، ڕێکه‌وتی (16.12.1925)دا، له کۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌ (37)ی خۆیدا له‌‌ جنێڤ و به ئاماده‌بوونی (69) ئه‌ندام له‌ کۆی (100) ئه‌ندام، که‌ (37) ئه‌ندام به‌ به‌ڵێ و (24) ئه‌ندام به‌ نه‌خێر و (8) ئه‌ندام به ‌کارتی سپی ده‌نگیان دا‌‌‌، هه‌روه‌ها به‌ پشت به‌ستن به‌و ڕێککه‌وتنه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی پێشووی ئه‌نجومه‌ن خۆی که‌ له‌ ڕێکه‌وتی (10.12.1925)دا کردبووی، له‌ هه‌مان کاتدا له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی به‌ریتانیا و بڕیاری پێشوه‌ختی ئه‌وان و تاڕاده‌یه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی ڕاپۆرت و ڕاسپارده‌کانی (کۆمیسیۆنی توێژینه‌وه‌ی پرسی ویلایه‌تی موسڵ)‌، به‌تایبه‌ت به‌ پێچه‌وانه‌ی (به‌ڵگه‌کانی ڕه‌گه‌زایه‌تی، مێژوویی و جوگرافی)، به‌ بڕیاری ژماره‌ (77)ی خۆی، ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان باشووری کوردستان (ویلایه‌تی موسڵ)ی به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی  به‌ ئێراقه‌وه‌ لکاند و هێڵی برۆکسلی وه‌کو سنووری کۆتایی نێوان هه‌ر دوو وڵاتی ئێراق ‌و تورکیا ده‌ستنیشانکرد.
که‌واته‌ بڕیاری لکاندنی ویلایه‌تی موسڵ یان (باشووری کوردستان) که‌ خاک و نیشتمانی کورده به ‌ئێراقی عاره‌بی‌، له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان له‌ ڕێکه‌وتی (16.12.1925)دا بووه‌، نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستانی نوێ سێ ڕێکه‌وتی جیای (5.6.1926) و (5.7.1926) و (6.10.1925)یان بۆ داناوه‌‌.

ده‌رسیم ڕه‌حمان فه‌رحان
 Darsim2006@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.