ره‌خنـه‌ی شـیکاری بـۆ کۆشیعری….. تـه‌وه‌ری چـواره‌م
( نهێنییـه‌کـانی ژێـر لێـوی حـه‌قیقـه‌ت ) ی (ئـارام سـالـح)
نووسینی: فـازیـل شـه‌وڕۆ
تـه‌وه‌ری چـواره‌م:
سه‌رچاوه‌ی وێنه له کۆبه‌رهه‌مه‌که‌دا(Image Sources & Referencesٍٍ)
له‌م سه‌رده‌مه‌دا – سه‌رده‌می زانیاره‌کان- ته‌کنه‌لۆژیای تازه، به هه‌موو بابه‌ته‌کانییه‌و، زانیاری و رۆشنبیری و زانست و مه‌عریفه‌تی گه‌یاندۆته ناو هه‌موو مالێک. به خێرایی تۆری ئینته‌رنێت و شه‌پۆڵی ده‌نگ و ره‌نگ، زانیاره‌کان له هه‌ر چوار جه‌مسه‌ری دونیاوه ده‌گه‌نه به‌رده‌ستی تۆ.
ئه‌دیب و شاعیری ئیمرۆ چاک ده‌زانی، که به‌هره‌ی خۆرسکی مرۆڤ به‌س نییه بۆ وه‌دیهێنانی دا‌هێنانی مه‌زن. بۆیه خۆ ده‌وڵه‌ماند کردن به مه‌عریفه‌ت و تێگه‌یشتن له گۆڕانکاریه‌کانی دونیای هونه‌رو ئه‌ده‌ب بۆته خولیایه‌کی نه‌پساوه‌ی ئه‌وان. شاعیرانی کورد ، ئیمڕو به‌ئاسانی، ئاشنایه‌تی شێوازێکی بنیاتی تازه‌ی ئه‌ده‌بی (ژاپۆن)ی ده‌بن – بۆ نمونه-که هه‌ر چه‌ند مانگێکه له‌وێڕاسه‌ری هه‌ڵداوه.
(ئارام سالح)یش وه‌ک یه‌کێک له‌م شاعێرانه، هه‌میشه خه‌ریکی خۆ پڕ چه‌ککردن و مه‌شق و ڕاهێنانه له‌م مه‌یدانه‌دا. سه‌رچاوه‌کانی زمانی کوردی و زمانی عه‌ره‌بی زادو تێشوی مێشکی ئه‌و بوون. سه‌رچاوه زانیارییه‌کانی ئه‌و له سێ ره‌هه‌نده‌وه جۆگه‌ڵه‌ی به‌ستووه: وه‌ک خوێنده‌وارو مامۆسیتایه‌ک خه‌رمانێکی باشی بۆ خۆی هه‌ڵداوه‌ته‌وه.وه‌ک کوڕه جۆتیارو به‌غچه‌وانێک، ، ئه‌زموونی منداڵی خۆی پاراستوه‌وله هونه‌ره‌که‌شیدا ته‌وزیفی کردوه. ڕه هه‌ندی سێیه‌میش، ژینگه فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری و سیاسی شاری کۆیه‌یه” ئه‌م شاره له دیره‌زه‌مانه‌وه بنکه‌ی زانست و ئه‌ده‌بی بووه ڕۆڵی کارای له بووژه‌واندنه‌وه‌ی کلتووری کوردی هه‌بووه” (37). نابێ کاریگه‌ری به‌رێوه‌بردن و ئاماده‌کردن و بێژه‌ری به‌رنامه یه‌کی ئه‌ده‌بی ، بۆ ماوه‌ی ده ساڵی ڕه‌به‌ق، له که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی کۆیه ، له سه‌ر که‌سایه‌تی ئه‌و، فه‌رامۆش بکه‌ین .
سه‌رچاوه‌ی هونه‌ری هه‌ر شاعیر‌و ئه‌دیبێک دوو لایه‌ن ده‌گرێته‌وه:
1. سه‌رچاوه‌ی خودی.
2. سه‌رچاوه‌ی بابه‌تی
3. هاوژین سڵێوه ده‌ڵێ:” مه‌به‌ست له سه‌رچاوه‌ی خودی، تێروانینی تایبه‌تی شاعیره بۆ ئه‌زموونه‌کانی، گرینگی شاعیر به‌وه به‌دیارده‌که‌وێت، که تا چ ڕاده‌یه‌ک ئه‌زموونه ده‌ره‌کییه‌کان بۆ ئه‌زموونی ناوه‌کی وه‌رده‌گێرێت.” (38)
دا‌هێنانی وێنه‌یه‌کی هونه‌ری له لایه‌ن ئه‌م شاعیره‌وه، وه‌ک ئه‌زموونێکی خۆرسک، له‌م کۆپله شیعره ده‌خوێنینه‌وه، که ده‌ڵێ:
هـو سه‌گه‌که‌م / خۆم لێمه‌ده / با ده‌ستنوێژی / وه‌فات نه‌شکێ!! (39)
کاڵبوونه‌وه‌ی به‌ها مرۆییه‌کان و، تووانه‌وه‌ی مۆڕاڵه بنچینییه‌کانی بوونی مرۆڤ، وه‌ک پچڕانی په‌یوه‌ندییه روحییه‌کان و نه‌مانی وه‌فاو ئه‌مه‌ک و خۆشه‌ویستی پاک بوونه‌ته هه‌وێنی ئه‌م وێنه شیعرییه. شاعیر حه‌زناکا، په‌یوه‌ندیه مه‌زنه‌که‌که‌ی نێوان سه‌گ و وه‌فاداری، به ده‌ستی پیسی مرۆڤ گڵاو بێ . به‌خشینی قودسییه‌تی ده‌ستنوێژ به سه‌گ، به‌ها قورسه‌که‌ی مرۆڤ شه‌رمه‌زارده‌کا. ئه‌مه قسه به‌ناوبانگه‌گه‌ی ئینگلیزمان دێنێته‌وه یاد که ده‌ڵێ: تا زۆرتر له مرۆڤ نزیک ده‌بمه‌وه، سه‌گه‌که‌م ، له لا خۆشه‌ویست تر ده‌بێ.” ئه‌م وێنه‌یه خۆرسکه له‌سه‌ر بنه‌مای به مرۆڤکردنی سه‌ک بنیات نراوه. که‌مال غه‌مبار له ئیشاره‌تێکی بۆ ئه‌م شیعره ده‌نوسی:” ئه‌م تێروانینه‌ی شاعیر، به‌ره‌و حاڵه‌تێکی سه‌یرو سه‌مه‌رمان ده‌بات، نایاسایی ده‌کاته ئاسایی و، نامه‌عقولیش ده‌کاته ماقوول، ئه‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه لای مرۆڤی ئه‌مرۆ، مرۆڤی وه‌فادار، نه‌ک مرۆڤی سپڵه‌و بێ وه‌فا شتێکی قبول و په‌سنده. دا‌هێنانی شیعریش له‌وه‌و دێ، که پاساو هه‌بێ بۆ قبوولکردنی حاڵه‌تێکی ناماقوول و په‌سندکردنی به ماقوول.” (40)
تێکشکانی توخمه‌کانی ئه‌م وێنه‌یه به‌م شێوه‌یه:
مرۆڤ —– ده‌ستنوێژ ———- ته‌هاره‌ت و پاکی
سه‌گ —— خوێری وپیس —— گڵاو و حه‌رام
مرۆڤ X گڵاو X ده‌نه‌س و پیس
سه‌گ X ده‌ستنوێژهه‌ڵگرX پیرۆز
وه‌فاداری X سفر ( به‌تاڵبوونه‌وه)
وێنه‌ی هونه‌ری خودی ترم له‌به‌رده‌سته. به‌ڵام ده‌چمه سه‌ر پنتی دووه‌م که سه‌رچاوه‌ی بابه‌تییه:
زمان ، سه‌ورچاوه‌ی ده‌قی شیعره، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمانی شیعر به بیرۆکه‌و وێنه‌و ئه‌زموونی هه‌موو سه‌رچاوه‌کان، توانای شاعیر به‌هێزترو باڵاتر ده‌که‌ن. له‌م رووه‌وه ( ئارام سالح) زانیاری باشی هه‌ڵکراندوه له شیعری شاعیران و فولکلۆرو، ئه‌فسانه‌و، قسه‌ی نه‌سته‌ق و په‌ندو حکایه‌ت و سه‌رچاوه‌ی مرۆڤایه‌تی و ئاینی و مێژوو وکه‌له‌پوور…. ژانره‌کانی تری ئه‌ده‌ب، سا به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ بێ یان ناراسته‌وخۆ. هه‌ر بۆ نموونه ئه‌م وشه‌و ده‌سته‌واژانه بۆن و به‌رامه‌ی فۆلکلۆرو که‌له‌پووریان پێوه دیاره:
درۆی سپی / سه‌رپه‌ش / سندان / زمانی به برین چی / له‌سه‌ر ته‌ژگه‌ی درۆیان / گوێچکه سورتک بوون / به‌هه‌وه‌نته / قه‌ل.. ده‌ک خوایه رووت ره‌ش بی / سحر به تاڵ ده‌بێ
په‌ندی کوردی ده‌ڵێ: به تیغی ده‌م لباد، سه‌ری ده‌بری.” شاعیر ئه‌م په‌نده‌ی ته‌وزیفکردووه بۆ ده‌ربرینی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی دیارده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ گۆڕانکاریدا. ده‌ڵێت:
سه‌رمه‌ستی ئه‌فسانه‌ین..ده‌نا / ملی ئه‌م دێوی گوربه‌ته / به‌م تیغه ده‌م لبادیه / چۆن ده‌بڕدرێت. (41)
ژیانی جۆتیاری و ژینگه‌ی کۆیه زۆر وشه‌ی جوانی داوه‌ته شاعیر ، وه‌ک : گوڵه‌که‌پرۆکه / به‌ربه‌رۆچک چه‌کبه‌رد / ته‌شق / ده‌سته‌چیله/. پریاسکه / گۆنگه‌ر / سه‌ربه‌کۆچک / سه‌پسینکه / پیره‌سه‌وگرد / توره‌گه / داڕسان / شه‌ێڕه / مه‌ئنگژێ / شه‌ڕگه / متوو/ زڕه‌دکتۆر . ئه‌و ده‌ڵێ:
هه‌ی زمانی در‌و / به‌بڕین چی / ئه‌ی ئه‌وه نییه / ئێسته‌ش به کۆسه‌ی چه‌نگ ده‌ڵێن /
به‌ریشی مه‌ردانه‌ت قه‌سه‌م. (42)
کاریگه‌ری شاعیرانی تر ، له هێندێ ده‌قدا، به‌سه‌ر (ئارام سالح) ه‌وه دیاره. هه‌ر بۆ نموونه : شیعره به‌ناو بانگه‌که‌ی پیره‌مێرد ، له وه‌سفکردنی سه‌روقژی خۆی به به‌فر لێره‌دا دیاده
پیره‌مێرد:
سه‌رم به‌فره‌وکه‌چی هێشتا
شه‌ره تۆپڵێمه بۆ یاری. (43)
ئارام ده‌ڵێ:
که تۆ هێشتا / زستانی پیریت نه‌دیوه / ئه‌ی بۆ ئه‌م به‌فره ئه‌ستوره /
چه‌می قژتی داپۆشیوه. (44)
قوبادی جه‌لی زاده له قه‌سیده‌ی ( با خوازبێنی گوڵی کرد) ده‌ڵێ:
گوڵ له دادگای وه‌رزدا / شکاتی کرد له با /
با سیتیانه‌کانمان ده‌فرێنێ و / کراسه‌کانمان هه‌ڵده‌داته‌وه (45)
(ئارام)یش ده‌ڵێ:
گه‌ر با له‌خۆی رانه‌بینێت /چۆن ده‌وێری / به‌به‌ر چاوی پایزه‌وه / کۆشی دره‌ختان هه‌ڵداته‌وه. (46)
(ئارام ) ده‌ڵێ:
( شانۆگه‌ری)
خۆم روداوم / کات: مردنه / شوێن داره‌مه‌یتی گه‌ردوونه. (47)
عه‌لی تاهیر به‌رزنجی ده‌ڵێ: ” شاعیر له سه‌ر تۆبۆگرافیای ده‌ق کاری کردووه و سێ بونیادیکه‌ی شانۆگه‌ری له فه‌زای ده‌قدا له شێوه‌ی ناسنامه‌دا ته‌وزیف کردوه. پێشتریش له شیعری عه‌ره‌بیدا، به‌تایبه‌تی لاسی ( محمد الماغوط) کار له سه‌ر ئه‌م شێوازه کراوه.” (48)
وه‌ک پێشتر ئامه‌ژه‌م پێداوه، یه‌کی لکه سه‌رچاوه زانیاره‌کانی ( ئارام ) به‌رهه‌مه‌کانی زمانی عه‌ره‌بین.
ئاین و فه‌لسه‌فه‌کانی ئاین به ئاشکرا له‌م کۆبه‌رهه‌مه‌دا جێ په‌نجه‌یان دیاره،. ئه‌مه‌یش شاره‌زایی شاعیر نیشانده‌دا له‌م بواره‌دا. زاراوه‌و واتاکانی خواپه‌رستی و ئاین له زۆر شوێن دا بۆ خزمه‌ت ده‌ق فه‌وزیف کراون. وه‌ک:
زیکر/ خه‌ڵوه‌ت/ غه‌یب بوون / شه‌یتان / فه‌توا / بێهۆش / مینبه‌ر / دۆزه‌خ / ئاگر / به‌هه‌شت / روح / مه‌رگی ئه‌زه‌لی / گوناح / که‌عبه / له‌مه‌چێتیر / ره‌جم کردم / ئاده‌م / سێ‌و / سحر / انا الحق / بسم الله… .
له زیکری
( لاالا ه الا الله )ی عه‌شقدا
(انا الحق ) م
ئه‌وه که‌س نییه بمگوژێ.(49)
ره‌ووف بێگه‌رد له کتێبی ( بێده‌نگی و شتی تر ) ده‌ڵێ:” نووسین له‌داو جاردا هه‌وڵێکه بۆ ئاشنابوونه‌وه له گه‌ڵ خوا دا.” (50) ئاشتبوونه‌وه‌که‌ی ( ئارام ) لێره‌دا به کوشتن ئه‌نجام ئه‌درێ، چونکه ئه‌و عه‌شقی خودایه. ئه‌م عه‌شقه ( زوهده) ئارامگرتنه له باره‌گای خودا‌و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له هه‌موو گه‌نجینه‌ێکی دونیا، دڵترازانه له هه‌موو ته‌ماعێک. خۆ گه‌ر له روانگه‌ی سۆفیگه‌رییه‌وه‌ش سه‌رنجی لێبده‌ین ده‌بینین که سۆفیگه‌ری دوو لایه‌نی له ناسینی خودا دا هه‌یه. ناسینی حه‌ق، واتا ناسینی یه‌کایه‌تی ئه‌و خودایه‌ی، که به هۆی سیفه‌ته‌کانییه‌وه خۆی ده‌رخستووه. دووه‌میش ناسینی حه‌قیقه‌ت، ئه‌مه‌یش رێگای تێناچێ ، چونکه مرۆڤ به‌رگه‌ی ئه‌و راسییه ناگرێت؛ (ولا یحیطون بشی من علمه. ) (51).
(ئارام ) دیسان ده‌ڵێ ؛
وام له زیکری / به‌رده‌وام بێهوده‌یی/ بۆیه هه‌رده‌م / له خه‌ڵوه‌ت /
نێو جه‌نگه‌ڵی وشه‌ستانا / غه‌یب ده‌بم. (52)
لێره‌دا فه‌ره‌یدون به‌رزنجی ده‌نووسێ: ” دیاره هه‌موو ده‌زانیین ئه‌و روانگه‌یه که (زیکر)و جه‌نگه‌ڵ و غه‌یب بوونی پێکه‌وه له کۆپله‌یه‌کدا به مانای ( عیبادات ) و )\( خه‌ڵوه‌ت ) و ( هه‌ڵکێشانی روح) کۆکردۆته‌وه، هه‌ر هه‌مان روانینی ئایینه که له زۆربه‌ی ده‌قه ئایینی و ئه‌فسانه‌کانیشدا به‌رجه‌سته‌کراوه، بۆ تێروانینێکی میللی.” (53). ئه‌مه‌یش هه‌ر ئاماژه‌یه‌که بۆ ده‌ست باڵای شاعیر له مه‌یدانی ئه‌فسانه‌و ئاین و خواپه‌رستیدا.
زانیاره گشتگیرییه‌کانی جیهان ، بێگومان گه‌یشتۆته ناو دڵ و گیانی ( ئارام)یش، بۆیه ره‌نگدانه‌ویان زۆره له به‌رهه‌مه‌کایدا و ، وه‌ستاکارییه‌کی باشیشی کردوه تا له ناو جه‌سته‌ی ده‌قدا بیانتووێنێته‌وه و خۆشیێکه بده‌ن به په‌یامگر. ئه‌و مامه‌ڵه‌ی جاونی کرده‌وه له‌گه‌ڵ: ( ئایدیولۆژیا / چاخی خێرایی / یاسایی حه‌تمی / ئیستاتیکا / فه‌لسه‌فه / سیاسه‌ت / – ڤالیۆم – ئه‌سپرین ). که ئیشاره‌وتی به‌م ناوانه داوه ، چه‌مکێ بێرۆکه‌و ناوئاخنی ده‌ربریوه: راسپوتین / هه‌مه‌نگوای / مۆنالیزا / گۆدۆ / سارته‌ر / هیتله‌ر / فروید ….
هێرشه‌که‌ی کرایه سه‌ر (گۆدۆ) به چه‌قۆ به مه‌به‌ستی کوشتنی. شاعیر وای ته‌وزیف کردوه له ده‌قێکدا:
گه‌ر زاکیره‌ی / تیژی چه‌قۆیه‌ک نه‌بوایه / مێژووی زامی /
له چاوه‌روانی گۆدۆمان / له‌کیس ده‌چوو. (54)
وه‌ک بینیمان. (ئارام سالح) ، خه‌رمانێکی باشێ هه‌ڵداوه‌ته‌وه به سوود وه‌رگرتن له ده‌وروبه‌ری خۆی. نامه‌وێ ، زێتر له‌سه‌ری برۆم.