Skip to Content

Thursday, August 11th, 2022

ئممممممم! …. جه‌لال قادر

Closed
by October 11, 2011 چیرۆک

ئه‌و ڕۆژه‌ی پۆلیسه‌کان قۆلبه‌ستیان کردم وامزنی ده‌مبه‌ن بۆ زیندانی که‌چی فڕێمیاندایه‌ ناو شێتخانه‌یه‌ک!
به‌ پزیشکی شێتخانه‌که‌م وت : من شێت نیم .
پزیشکه‌که‌ وتی : گوێت له‌ ده‌نگه‌که‌ ده‌بێت؟
وتم : ئممممممم!
وتی : که‌واته‌ تۆ شێتی ! ئه‌م شێتخانه‌یه‌ بۆ که‌وسانه‌یه‌ که‌ گوێیان له‌ ده‌نگه‌که‌ ده‌بێت!
وتم : باشه‌ چاره‌سه‌رێکمان بکه‌ن!
وتی : ئممممممم…ده‌بێت چاوه‌ڕوانبن!
وتم : تا که‌ی؟
وتی : ئمممممم!

سه‌ره‌تا که‌ گوێم له‌ و ده‌نگه‌ بوو وامزانی گوێم کاس بووه‌ یا ن هه‌ر له‌ناو مێشکدا ده‌خولێته‌وه‌ .
له‌ زۆر که‌سم پرسی : ئایا ئێوه‌ش گوێتان له‌و ده‌نگه‌ هه‌یه‌ ، که‌ ده‌لێ ئمممممم؟
هه‌ندێک که‌س وه‌لامیان نه‌دامه‌وه‌ هه‌ندێکیتر وتیان : په‌رده‌ی گوێت ته‌نک بووه‌!
سه‌ردانی پزیشکم کرد ، وتی : به‌لێ په‌رده‌ی گوێت ته‌نک بووه‌!

له‌پاش هه‌فته‌یه‌ک  ده‌نگه‌که‌ نه‌بڕایه‌وه‌ ، گومانم هه‌بوو که‌ ئه‌م ده‌نگه‌ ناوازه‌ له‌ شوێنێکه‌وه‌ دێت!
پیاسه‌ی ناو شارم کرد تا بتوانم له‌ ده‌نه‌گه‌که‌ نزیک بمه‌وه‌ که‌چی له‌ هه‌موو کۆلانه‌کان گوێبیستی ده‌نگه‌که‌ ده‌بووم .
شه‌وانش کاتێ هاژه‌ی کارگه‌ و ماشێنه‌کان خامۆش ده‌بوون ،هه‌ستم ڕاده‌گرت و گوێچکم  شل ده‌کرد گوێم  له‌ ده‌نگه‌که‌ ده‌بوو . تا زیێتر گوێم بۆ شل بکردایه‌ هه‌راسانتر ده‌بووم .
 له‌ شار دوور که‌وتمه‌وه‌ و چوومه‌ ئه‌و ده‌شت و چۆله‌ ، گوێم له‌ هیچ ده‌نگێ نه‌ما . ئه‌مه‌ش تاقی کردنه‌ویه‌کی باشبوو که‌ دلنیابم ده‌نگه‌که‌ له‌ناو شاردایه‌.

له‌ پیره‌مێردێکم پرسی : ئه‌م ده‌نگه‌ ده‌نگه‌ چییه‌ له‌ناو ئه‌م شاره‌ دێ؟
وتی : کوڕم گوێچکم گرانه‌ ..ده‌نگت به‌رز که‌ !
هاوارم کرد : باپیره‌ ئه‌م ده‌نگه‌ چییه‌ له‌ناو ئه‌م شاره‌ دێ ؟
وتی : ئمممممممممم..ئه‌وه‌نده‌ گوێمان له‌م ده‌نگه‌ ڕاگرت تا گوێچکمان گرانبوو .
وتم : من ده‌بێت سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ده‌نگه‌ بدۆزم !
وتی : ئممممممممممم.

له‌ فه‌رمانبه‌ری شاره‌وانی و ده‌زگاکانم پرسی : ئێوه‌ ده‌زانن ئه‌م ده‌نگه‌ ده‌نگه‌ له‌ کوێوه‌ دێ؟
وتیان :ئممممم..  ئێمه‌ گوێمان له‌ ‌هیچ ده‌نگێ نییه‌ و ڕسقمان مه‌بڕه‌!

گومانم هه‌بوو ئه‌م ده‌نگه‌  ده‌بێت نهێنییه‌یه‌کی تیابێت .
به‌ چاکترم زانی له‌ مندالانی شاره‌که‌م بپرسم ، چونکه‌ ئه‌وان ده‌توانن به‌ ڕاستگۆیی وه‌لامم بده‌نه‌وه‌ .
هه‌ر مندالی جۆره‌ ئه‌فسانه‌یه‌کی بۆ گێڕامه‌وه‌ . هه‌بوو ده‌یگوت : باوکم وتیه‌تی ئه‌وه‌ گمه‌ گمی کۆتره‌کانن؟
مندالێکیتر وتی : مامۆستاکه‌م وتیه‌تی ئه‌وه‌ پرخه‌ی دێوێکی تووڕه‌یه‌!

هه‌ر که‌س شتێکی ده‌گوت له‌ ئه‌نجامدا بۆم ڕوون بوه‌وه‌ که‌ په‌رده‌ی گوێم ته‌نک نه‌بووه‌ به‌لکو ئه‌م ده‌نگه‌ له‌ناو شار هه‌یه‌ و هه‌ندێک که‌س ده‌بیستن هه‌ندێکش گوێگرانن .

کۆلم نه‌دا و به‌دوای سه‌رچاوه‌ی ئه‌وه‌ ده‌نگه‌ وێلبووم . له‌ناکاو دوو پۆلیس قۆلبه‌ستیان کردم و وتیان – تۆ تێکچوویته‌ نابێت له‌ ناوشار بسوڕێته‌وه‌ .
وتم : هیچ تاوانێکم نه‌کردووه‌ !
وتیان : ده‌نگه‌که‌ ده‌بیستی؟
وتم : ئممممممم.
وتیان : ئمممممم..که‌واته‌ خۆیه‌تی!
وتم : بۆ کوێم ده‌به‌ن؟
به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ وتیان : ئممممممممممممممممممم!

Previous
Next