Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
کاتێ بۆ شیعر (3)….  د. که‌مال میراوده‌لی

کاتێ بۆ شیعر (3)…. د. که‌مال میراوده‌لی

Closed
by October 11, 2011 ئەدەب

 

 

1.    دۆژمنه‌که‌م

 

دوژمنه‌که‌م-    [هه‌رگیز نه‌مزانیوه‌ هه‌م بووه‌،

 ده‌مێکه‌ ناوم بیستووه‌، نیازه‌کانی نیگه‌رانیان کردووم،

وه‌لێ نازانم بۆ به‌ر له‌ دایکبوونم نه‌خشه‌ی خۆی

بۆ من هه‌بووه‌: مه‌رجی بۆ دانه‌ناوم، دانوستانی له‌گه‌ڵ

نه‌کردووم و گۆرانی له‌گه‌ڵنه‌گۆڕیومه‌وه‌، وشه‌یه‌کی خۆشی به‌گوێمدا نه‌چرپاندووه‌،

نامه‌یه‌کی پێ واژۆ نه‌کردووم، په‌یمانێکی له‌گه‌ڵ نه‌به‌ستووم،

داوای خۆ به‌داسته‌وه‌دان یان لێبوردنی لێ نه‌کردووم- پێی نه‌وتووم بۆمێمڵمه‌، چبکه‌م له‌ کۆڵم ده‌بێته‌وه‌…

نا – وه‌ک سێبه‌ربه‌دوامه‌وه‌یه‌، وه‌ک با له ‌هه‌موو

هه‌ناسه‌و کون و قوژبنێکی دیارو نادیاری

بوونمدا ئاماده‌یه‌ ،گه‌مارۆم ده‌دا، دێ: له‌سه‌ر

سک وه‌ک مار،له‌سه‌ر چنگ وه‌ک داڵ، له‌ناو

خوێندا وه‌ک زه‌روو، له‌ناو هیچدا وه‌ک تاریکی

له‌ناو ڕووناکیدا وه‌ک تاریکی. دێ ودێ،

ساڵ به‌ ساڵ ، مانگ به‌ مانگ، هه‌فته‌ به‌ هه‌فته‌،

ڕۆژ به‌ ڕۆژ، سات به‌ سات ،چرکه‌ به‌ چرکه‌-

زیاتر هه‌راسانم ده‌کا، هه‌ڕه‌شه‌کانی هارترو

ڕه‌شتر ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی سامه‌که‌ی سوورتربسه‌لمێنێ،

دێ خه‌وه‌که‌شم داگیر ده‌کاو سیناریۆی هاوڕێ

هه‌ره‌ هۆگرو نازداره‌کانم نیشان ده‌داته‌وه‌، سنووری نێوان خه‌ون و راستیی و بوون و نه‌بوونم لێده‌شێوێنێ.]

دێ و له‌گه‌ڵ هاتنیدا

هه‌مو شتێ به‌ خواستی ئه‌و ته‌واو ده‌بێ و

من ده‌بم به‌ هیچ.

 

2.    گه‌شبینی

 

گه‌شبین ده‌بووم ونوخته‌ ژه‌نگ چییه‌

له‌ نووکی زیوینی قه‌ڵه‌مه‌که‌م نه‌ده‌نیشت

گه‌شبین ده‌بووم و هه‌تا هه‌تایه‌

ئاره‌قی ڕه‌نجیشم ده‌ڕشت

گه‌شبین ده‌بووم به‌ ئه‌شکه‌نجه‌، زیندان

زام- تێشکان-رووخان

خۆشبین ده‌بووم به‌ دێوه‌زمه‌ ودیوه‌ چڵکنه‌کانی ژیان

به‌س ئه‌وه‌نده‌

      مه‌رگ

             نه‌بایه‌

ئه‌و مقه‌سته‌ی قسه‌م پێ ده‌بڕێ

رسته‌که‌م ناگاته‌ کۆتایه‌

 

فه‌لسه‌فه‌که‌م یه‌که‌م پرسی پارس نه‌کرد

بکه‌ر کرداره‌که‌ی کڕ بوو

به‌رکار هه‌ر هه‌مان هه‌ودایه‌

 

دوێنێ (دێریدا) له‌لام بوو، پێرێ فوکۆ، پێشتر سارته‌ر،

کانت ودیسکارت تا ئه‌رستۆ

له‌ ناو قه‌دی ئاخاوتن و له‌ گه‌رمه‌ی گه‌مه‌ی فه‌لسه‌فه‌و لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵبواردنا

دایان له‌ ته‌قه‌ی ده‌رگا

یه‌کبه‌یه‌کیان له‌به‌رچاومدا ڕاکێشا

ئاه، که ‌چه‌ند ته‌نیا مامه‌وه‌

پایز سه‌ری لێدامه‌وه‌

لاشه‌ی وشه‌ی زه‌رد ڕاکشا:

کیتس  26ساڵ

شیلی  30 ساڵ

بایرۆن  31

رامبۆ  37

ریلکه‌  51

دڵدار    29

گۆران   56

کێ ژماره‌کان دا داده‌نێ؟

ئه‌فلاتون جۆگه‌ی رووناکیی بۆ ئه‌شکه‌وت راده‌کێشا

هیگڵ ڕۆحی به‌رده‌وامیی داده‌مه‌زراند

فوکۆ باسی نابه‌رده‌وامییه‌کانی ده‌کرد

شێلی به‌ شیله‌ی جوانی دڵی دڵمی ده‌دایه‌وه‌

گشت پرسه‌کان به‌بێ وه‌ڵام

بۆمنی هه‌ژار مانه‌وه‌

تاساندمی وه‌همستانێ

مێژوو کردیه‌ گێڕانه‌وه‌‌

**

گه‌ر ته‌مه‌نی نوحم ده‌بوو-

 گه‌ر نه‌ده‌هات

هه‌زار ساڵم بۆ وه‌ڵامی تاقه‌ پرسیارێ داده‌نا

سه‌د ساڵ بۆ وه‌سفی ماچی تۆ

 

3.    ساڵ

ئه‌مساڵیش تێپه‌ڕی ـ ئێستا ده‌زانم

نه‌ ئاهه‌نگی ڕۆژی له‌ دایک بوونم کرد

نه‌ پرسه‌ی ڕۆژی مردنم

له‌ بیرم چۆوه‌

من منم

365 جار من

نه‌ دۆستم بوون نه‌ دوژمن

بیست و چواریان له‌ من ده‌و‌یست

بیست وچوارم له‌وان ده‌ویست

لێم بوون به‌ شه‌ست

به‌ شه‌ست بۆم وردکردنه‌وه‌

(چ بکه‌م له‌م تۆزو گه‌ردانه‌)

هه‌ڵیان، هه‌ڵم ناگرنه‌وه‌

توونا بووـ تواناو ته‌فره‌که‌م!

فره‌، که‌م که‌م،

سێیه‌ک پتر له‌ تاریکیدا خه‌واندمن

که‌چی پتر ڕاست بوونه‌وه‌

ئۆقیانوسیان دامه‌زراند

منیان رده‌ به‌رکاری سیناریۆی

دۆزه‌خ و به‌هه‌شت

جارو بار به‌هه‌شتیان نیشان دام

زۆر جار له‌ دۆزه‌خا سوتام

ئه‌وی تریان ئه‌رک و وشه‌و

هه‌والی ده‌ست وگه‌وه‌بوو

ئیستاش واق وڕماو ده‌روانم

له‌ ده‌رگایه‌ی پێشوو درا

له‌ ساڵێکی تری ژیانم.

 

4.      گه‌شت

ئه‌وه‌شم زێده‌ بوو

ئه‌و هه‌موو گه‌شته‌

ئه‌و هه‌موو گه‌ڕانه‌ بۆ ئه‌و به‌هه‌شته‌

ئه‌و هه‌موو مه‌شق و عه‌شقه‌

ئه‌ هه‌مووئه‌رک و ته‌شقه‌

زێده‌ بوو…

ئه‌و که‌شتی و ده‌ریایه‌

ئه‌و کۆشک و سه‌رایه

ئه‌و جه‌نگ و خوێن و هه‌رایه‌

ئه‌و هه‌مو ڕه‌نج و به‌نج و گه‌نجه‌

ئه‌و شارو شارستانی و

هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی سروشته‌

ئه‌م دۆزه‌خه‌‌

بۆ ئه‌و به‌هه‌شته‌

 

ئاهـ… خۆشه‌ویستم

خۆ تۆ لێره‌ بوی له‌ سه‌ره‌تاوه‌.. له‌ ته‌کم

پارچه‌یه‌ک بووی له‌ که‌له‌کم

تۆم نه‌بینی: دنیا هاته‌ ناو چاومه‌وه‌

هه‌ڵی گرتم

ئاره‌قی شین و ڕه‌شی پێ ڕشتم

 

هه‌ورازو لێژه‌که‌ ی

رۆحی کرۆشتم

خۆتۆ هه‌ر لێره‌ بووی له‌سه‌ره‌تاوه‌..له ‌ته‌نیشتم

پارچه‌یه‌ک بووی له‌ پشتم

دنیام هه‌ڵگێڕایه‌وه‌

به‌ ئه‌فسانه‌و ئه‌فسوونیه‌وه‌

ئه‌وسا پێت گهی‌شتم.

گهیشتمه‌وه‌ به‌و تاقه‌ به‌هه‌شته‌

زێده‌ بوو –  زێده‌ بوو… ئه‌و هه‌موو گه‌شته‌!

 

5.     ئاوێنه‌

تاریکایی ده‌که‌وته‌ سه‌ریه‌ک

له‌ته‌ ئاوێنه‌یه‌ک

خۆم بینی

یه‌که‌م جار بوو ده‌موچاوم

له‌خه‌مێکدا پێده‌که‌نی

له‌ خه‌تێکدا

تۆوێکی وشکی ئاوده‌دا

سه‌رنجم دا

شێته‌ ئه‌وسێبه‌ره‌ی منم

به‌رده‌وام بوو

تاریکایی ده‌که‌ونه‌ سه‌ریه‌ک

وێنه‌یه‌ک

له‌ناو ئاوێنه‌یه‌ک

به‌سه‌رسامی سه‌رنجی دا

دارێکی وشکی حه‌په‌ساو

له‌ تاریکیدا خۆی ده‌شوا!

 

6.    نۆستالجیا

 

یه‌‌که‌مجاره‌کان دووباره‌ نابنه‌وه‌

خاڵی چه‌قبه‌ستووی نۆستالجیا

سه‌ره‌تای داستانی دوا بڕانه‌وه‌.

مه‌حاڵه‌، دڵه‌که‌م، نه‌ ئه‌وسا ده‌بێته‌ ئێستا

نه‌ ئێستا ده‌بێته‌ ئه‌وسا،

نه‌ ئێره‌ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وێ،

قوومێکمان پێکه‌وه‌ له‌ خوڕه‌ی ڕووباره‌که‌دا

په نجه‌کانت ته‌ڕ بوون

شه‌پۆل سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت

یان سه‌ری ئێمه‌

کاتی خۆی، یا ن کاتی ئیمه‌.

 

نۆستالجیا بانگی کردین

هاتووینه‌وه‌: نایه‌ته‌وه‌

هه‌زاران شه‌پۆل جیامان ده‌که‌نه‌وه‌

شوێنپه‌نجه‌یان له‌سه‌ر مه‌مکت نابینم

ده‌ڕوانینه‌ ‘ئێستا’

ده‌له‌رزێ و له‌ شوناسی خۆی حاڵی نییه‌

پرسه‌که‌ من و تۆین

نه‌ من ده‌زانم له‌بیری تۆدا چ ڕووده‌دا

نه‌ تۆ ده‌زانی له‌ هۆشی مندا چ ده‌ گوزه‌رێ

له‌ناکاو له‌ناخمدا هه‌ست به‌ گه‌رماییه‌ک ده‌که‌م

سێ فرمێسکی گه‌رم نازانم له‌ کوێوه‌ دێن

ده‌که‌ونه‌ سه‌ر خۆڵه‌که‌ی نێوانمان:
یه‌که‌مجاره‌کان دووباره‌ نابنه‌وه
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.