Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
لە سەربازە کوژراوەکەی رامبۆ ئەچێ

لە سەربازە کوژراوەکەی رامبۆ ئەچێ

Closed

 

 
بە خەیاڵێکی قەدبڕ
ئەگەڕێمەوە چەند ساتێک پێش ڕووداوەکە؛
مناڵێک بە پەڕەکەی دۆلفینەوە؛ لەناو سنووقی سیحری دا دەرئەپەڕێ و ئەدرەوشێتەوە
وەکو بەچکە چیمپانزی یەکی تازە لەدایکبوو بەدەوری خۆیدا ئەخولێتەوە
کوللــــە ئەخاتە بوتڵەوەو چوکڵە داری تیا ئەژەنێ. جگەرەی داگیرساو ئەنێ بە چزووی دووپشکەوە. لە قاچی مێز شمشێرێکی Star Wars   ئاسا دروست ئەکاو لە تریفەی هەڵئەکێشێ. هەللووك ئەکێشێ بە شانی پیرەمێردێکی کۆنەفرۆش دا. لە زەنگی ماڵان ئەدا و هەڵدێ… 
پەپوولەیەک لەسەر لێنزی کامیراکە نیشتۆتەوە،
ئەمسەرو ئەوسەری شەقام کێلە؛ 
پۆلێ واشەی زل بەسەریا، نزم، ئەخولێنەوەو نینۆکی چەماوەیان لە ماری جادووگەران گیر ئەکەن 
گوڵی زەبەلاح بەسەریا شۆڕ بوونەتەوە؛ سەری بنیادەم قووت ئەدەن
لەناو ئاپوورەی کلیپە ڕەش و سپی یەکەدا؛ مناڵێکی ڕەنگین
لە کچۆڵە پاڵتۆ سوورەکەی فیلمی (لیستی شیندلەر)  ئەچێ
ئەڵێی ئەسپ رائەهێنێ. ئەڵێی بە لمۆزی فیل دا هەڵئەزنێ. ئەڵێی مار ئاڵاوەتە ناوگەڵ و بنباڵی
وەک فلامینگۆ لەسەر یەک قاچ ئەوەستێ و باڵ رائەوەشێنێ . دەنووک لە زامی مێشاویی پشتی گۆدزیلا ئەدا…
پلەی ستەیشن نی یە
ئەوە کلکی دایناسۆرە ڕایئەکێشی؛ وەرئەسووڕێ و پڕت پیا ئەکات
کەڵبەی شەیتانە؛ مل درێژ ئەکاو بە ڕووتا ئەنەڕێنێ
هەناسەی گەرم و سمێڵی زبری شێرە لە ڕووت ئەداو مڕەت لێ ئەکات…
لەناکاو؛ باڵەفڕەی هەزاران شەمشەمەکوێرە. لەبەر پێی بەرز ئەبنەوە.
شریقەی بی کەی سی؛ خێراتر لە زمانی مارمێلكە، فریشتە هەڵنیشتووەکانی سەر شەقام ئەتارێنێ..
مۆسیقایەکی دراماتیکی. زیقە زیقی بنچکە گیای ژێر پێ. سێبەری تیژڕەوی قەلەڕەش لەسەر کێڵگەی گوڵەگەنم. لوورەی هەزاران گورگەمرۆڤ . بۆنی گڵی خوێنڕشێن کراو. ژیان نزیك جەنگ.  دوانزە ساڵی کورت..
پەڕێکی خوێناوی بە لێنزی کامیراوە ئەنووسێ.
بە دوایەوە، بەچکە فریشتەیەک ئەکەوێ
هالیلوویا
لە سەربازە کوژراوەکەی رامبۆ ئەچێ
خەندەی؛ خەندەی مناڵێکی نەخۆش. لە لاچەپی سینگی دا؛ کونێکی سوور
لە مناڵە قژ زەردەکەی ئۆرهان وەلی ئەچێ
لێوی؛ بۆنی دەریای لێ دێ
هالیلوویا
مریەم هالەی دەوری سەری؛ ئەخاتە بەرپێی پەیکەرە شکاوەکەی… 
گەرمیانی 12 ساڵان؛ گزنگی پێکراوی نێوان سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەکە
لەناو لەپی دا، پەپوولەیەکی وشکهەڵاتوو
لەسەر لێنزی کامیراکە؛ تەونی جاڵجاڵۆکە…
ئاخۆ مەرگ گەشتێکی سیندبادیانەی پڕ لە سەرکێشی یە؟
یان – وەکو جان دەمۆ ئەڵێ – ریزێ باڵندەی بەتریقە، لەژێر خۆرێکی وەنەوشەیی دا چاوەڕوانی رزگارکەرێکە ..
کەشتی یە کاغەزەکەت هەڵدەرە ناو ئۆقیانووس و ئاوڕ لە جیهان مەدەرەوە   
ئاسیا دەڵە ورچێکی مقەبای تۆزاوی یە؛ هەڵیوەشێنەو کونەکانی گۆڕەکەتی پێ داپۆشە 
نەخشەی وڵات؛ هەر چوار لاکەی رۆژهەڵاتە، بیکەرە کۆلارەو بیسپێرە گەردەلوول
کوردۆکراتەکان بە ڕووتی، تەنیا بە دەرپێ قوتەوە وێنا بکە؛ وەک هەزارپێ، لەپاشەوە لینجاو جێئەهێڵن
        شەقێ لەم گۆی زەوی یە هەڵدە
ناولینگی گەنیوی نیشتمان هەڵدڕە.

ئازاد ئەحمەد
بەریتانیا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.