Skip to Content

Wednesday, August 10th, 2022

ک..ە..ر..ک..و..و..ك …… ئەدیب نادر

Closed
by October 11, 2011 ئەدەب

                      

ئەم شارە،
تۆڕێکی ڕەنگاڵەی نۆستاڵژییە
یادەوەرییەکی دێرین چنیویەتی

لە ڕۆژنەیەکی دوورەوە
وەك با، خەیاڵ
ڕووناکی شەوم ڕاودەنێ و
دێتە وێزەی یادەوەری
وەك پەڵە هەور
بۆ ئاسمانێکی دوور دوور دەمگوازێتەوە
لەوێوە کە بێکۆتایی دادەبارێم
لە سەرابی تنۆکە هاوسۆزەکانم زیاتر
ستایشێکی دیم نییە بۆ بیابان

بوولێڵ مەودای تەماشای لە ئامێز ناوە:
وەك ئاوێنە
ووشکەڵگەڕان
ڕووباری شاری وورد وورد کرد
ئا ئەو پەلکە زێڕینەیەی
وامان دەزانی تاجێکی ئەبەدییە
ون نەبووە،
ڕەنگە لەبیرچووەکانی
هێشتاکانە هەر لەوێدان.. هەر لەوێدان
لە گیرفانی
بەردە ڕۆیشتووەکاندا

کە پایز با
دێت هەتاکو
بە بارانی گەڵا تاسەی ڕەجاڵی خۆی دابپۆشێ
شار وەك چرای
ماڵە شاعیرێکی باستانیی
شەکەت بووە
هێندە بەدوای پەپوولە نابیناکاندا
هەناسەی هەڵکڕووزێنێ
ئیتر دەچێت
لەناو سینەی تاریکییەك
پشوو بدات
کەچی ڕێی هاتنە دەرەوەی
هەتا هەتا لێ وون دەبێ
دواتر..
کە مشتێ پیتی سارد
دەبنە چرپەو
ڕۆیشتنی یەکجاریی درەختان ڕادەگەیەنن
وەك باڵندە
حەزی کێویلەی دەخاتە
ژێر شەیدایی باڵەکانی و
بۆ ئەو جێگایە دەگەڕێت
کە دەبێتە
چوارچێوەیەکی فریودەر
بۆ زەردەخەنەی سەوزایی و
وەنەوزەکانی هەڵفڕین

ئەم شارە،
تۆڕێکی ڕەنگاڵەی نۆستاڵژییە
بۆ کۆڵانە سیحراوییەکانی غەزەل
ڕاپێچم دەکات
تاك و تەنیا پیاسە دەکەم
هەورێکی کۆن
هی ئاسمانی خۆشەویستییەکی دوورە
لە ناخمدا
هەر بەردەوامە دەگریێت

ئەم شارە،
تۆڕێکی ڕەنگاڵەی نۆستاڵژییە
یادەوەرییەکی دێرین چنیویەتی
پردە غەمگینە سەبوورەکانی
بۆ سەرو شوێنی نادیاری
ئەو ڕۆخانەیە عەوداڵن
کە لە هەرێمە دڵڕفێنەکانی ڕابردوو
بەدوای ماسییە هەمیشە بچکۆلەکاندا ڕادەکات

شەقامە کشوماتەکەی
کە بە سێبەری ئێواران
قەرەباڵغ و جەنجاڵە
چیدی داڵدەیەك شك نابات
بۆ ئەو کتێبانەی کە ڕۆژێك
غەریبە دڵشکاوەکانی دوێنێ دەگەڕێنەوەو
دەیانەوێ بیانکڕن

جادەکانی،
تاسەی ئەو کچانە دەکەن
کە پیاسە نەرمەکانیان
نازێکی زۆری دەدانێ

جادەکانی،
چیدی بە بۆنوبەرامەی ئەو درەختانە
بەدمەست نین
کە هەمیشە
تەیمانی نزمی ماڵە جوانەکانی باوەشی
ئێوارە پڕ عەشقەکان بوون

دایناسۆرە کۆنەکەشی
دیار نەماوە
کە کاتی خۆی سەلار سەلار
لە گەڕەکەکەی ئێمەدا
باوێشکە بێ ڕادەکانی
بۆ زارۆڵە شاگەشکەکان بەجێ دەهێشت
قەف قەف دووکەڵی تەوەزەلی
بۆ حەلحەلەی ئاسمان ڕەوانە دەکردو
قەلەڕەشی کۆکە کۆکە هەڵفڕیووەکانیشی
لەگوێی سەرسامی ئەوسامان
ڕێی ماڵی خۆیان وون دەکرد

دواجار کە کەرکووکم بینی
زانی خەونم پێوە دیوە
وتی منیش
حەزم دەکرد
لەگەڵ تۆدا خەون ببینم
بەڵام، بەوە دەچێت جارێکی تر
کەس نەیەوێت لەگەڵ مندا خەون ببینێ!
ئێستا کە من تارماییەکی تا بڵێی ڕەشەڵگەڕاوم
هەر تەنها تۆزو خۆڵەکان بەدیم دەکەن
تەنیاترم
تەنیاترم لە هەمیشە

نیسانی 2011
لەندەن

Previous
Next