Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

گفتوگۆ لەگەڵ کاروان کاکەسوور

Closed


* بە باوەڕی ئێوە ئەوەی داهێنان دەکات، بەتەنیا بەدانیشتن بەدیار ئیلهامەوە ئەو کارەی پێدەکرێ؟ یان ڕووداوێکی بچوک رەنگە ببێتە هۆی نوسینێکی گەورە؟ وەک چیرۆکەکانی چیخۆف یان گۆگۆڵ و ئالان پۆ یان مینی ماڵەکانی ڕەسول یونان له‌ئه‌ده‌بیاتی فارسیدا یان رێشۆڵەی شێزاد حەسەن و کورتیلە چیرۆکەکانی جیهان عومەر له‌ئه‌ده‌بی خۆماندا؟

ئەو پرسیارە هەر چەند لە ڕواڵەتدا خۆی سادە پێشان بدات، بەڵام ئەگەر زانیمان چەمکی (ئیلهام) بە شێوەیەک لە شێوەکان لەپاڵ چەمکێکی تردا بووەتە جێگای بایەخی فەلەسەفە، کە ئەویش چەمکی (حەدس Intuition)ە، ئەوسا دەزانین وەڵامدانەوەی لە کات و شوێنێکی ئاوادا ئاسان نییە. مادام ئەو چەمکە لە مێژووی فەلسەفەدا هەر لە (هیراکلیتس) و (پلاتۆن)ەوە بۆ (ئیسپینۆزا) و (دیکارت) و لەوێوە بۆ (شۆپێنهاوەر)، (هیگڵ)، (نیتشە) و (بێرجسۆن) بەردەوام خۆیی بە سەر بیرکردنەوەدا سەپاندووە، بەوەی حەدسی فەلسەفی ڕێگایەکی گرنگی لێکدانەوە و قووڵکردنەوەی بوونی مرۆڤ و گەردوون بووە، ئەوا دەبێت لە سەرەتاوە بڵێین ئێمە ناتوانین وەڵامی دروستی ئەو پرسیارە بدەینەوە. ئەگەرچی وا دەزاندرێت ئیلهام حاڵەتێکی کتوپڕە، بەڵام ڕاستییەکەی ئیلهام بەرهەمی سەرنجدان و خوێندنەوەکانی نووسەرە بە درێژاییی تەمەنی خۆی. یاخود دەکرێت بڵێین ئیلهام فۆرمی ئەو وێنە نوێیانەیە، کە لە کۆمەڵێک وێنەی پێشترەوە دروست دەبن. بەم پێیە ئیلهام بەشێکە لە پرۆسێسی بیرکردنەوە، نەوەک بە پێچەوانەوە. لە ڕێگای خوێندنەوە و سەرنجدانەوە نووسەر توانای بیرکردنەوەی فرەوان دەبێت و ڕۆشنبیرییەکی گەورە بە دەست دەهێنێت، لەمەوە هێزی ئیلهامیشی گەورە دەبێت، بەوەی ئیلهام لەو وێنانە پێک دێت، کە نووسەر بە هۆی پرۆسێسی سەرنجدان و خوێندنەوەی جیاوازەوە بەرهەمی هێناون. بەم شێوەیە نووسەر بە پێی ئاستی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی خۆی دەستکاریی ئیلهام دەکات. بە مانایەکی تر لەو شێوە سادە و ڕووکەشەی ڕزگاری دەکات و قووڵی دەکاتەوە، کە ئەمە دەکەوێتە سەر توانا و ئەزموونی نووسەر. (کانت) لە کتێبی (ڕەخنە لە ئەقڵی ڕووت)دا دەڵێت هیچ گومانێک لەوەدا نییە، کە هەموو مەعریفەکانی ئێمە لەگەڵ ئەزموون دەست پێ دەکەن، چونکە تەنیا کار دەتوانێت توانای مەعریفیمان بە ئاگا بێنێت. بە پێی ئەو تێگەیشتنەی (کانت) بە ئاگاهاتنەوەی توانا مەعریفییەکانی ئێمە بەندە بە ڕادەی کارکردن و جووڵانمان لەناو خەیاڵ و بیرکردنەوەدا. ڕەنگە پێویست بە نموونە نەکات، ئەگەر بڵێین لای نووسەری داهێنەر هەر بەرهەمێکی ئەمڕۆی لەگەڵ ئەوەی دوێنێی جیاوازییەکی گەورەی هەیە، مادام ئەو داهێنەرە زیاتر کار دەکات و پتر ئەزموون بە دەست دەهێنێت. بە مانایەکی تر ڕووبەری ئیلهامی فرەوانتر دەبێت. (شۆپێنهاوەر) باس لەوە دەکات چۆن کاتێ بیرۆکەکانی لە بەردەمیدا بە ناڕۆشنی خۆیان دەنوێنن و وەک وێنەی باریک و تەنک مەلە دەکەن، هەستێک هەڵی دەگرێت، کە دوایان بکەوێت و دیلیان بکات. ئەوسا هەموو شتێک دەخاتە لاوە و وەک ڕاوچی چۆن ڕاوی نێچیر دەکات، ئەویش ئاوا ڕاوی ئەو بیرۆکە ناڕۆشنانە دەکات، بەو مەبەستەی بە هەموو هێز و توانایەوە بیانگرێت و بە ڕوونی بیانخاتە بەرچاوی، ئیتر بە مردوویی بۆ سەر کاغەزیان فڕێ بدات. لەمەی (شۆپێنهاوەر)ەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی، ئەگەر ئیلهام بریتێبێت لە هێنانەبەرچاوی ئەو وێنانەی، کە هیی خۆمانن و لە ناخی خۆشمانەوە سەر هەڵدەدەن، ئەوا بۆ دەستگیرکردنیان پێویستمان بە هەوڵی گەورە هەیە. ئەگەر ڕوونتر وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، ئەوا دەڵێم نەخێر، نووسین تەنیا ئیلهام نییە، بەڵکو ئیلهام بەشێکە لە پرۆسێسی بیرکردنەوە و فانتازیای نووسەر. ناکرێت ئاماژە بە پێوەندیی نێوان ئازار و ئیلهام نەدەین. ئەگەر لە دیدی (شۆپێنهاوەر)ەوە بۆی بڕوانین، ئەوا دەبینین نووسەر داهێنان لەو شتانە دەکات، کە لێیان بێبەش بووە و هەستی کردووە لەوانی تردا هەن. هاوڕێیەکم پێی گوتم تۆ زۆر بە وردی باس لە کۆتر دەکەیت، لەوە دەچێت لە منداڵی بەردەوام کۆترت بەخێو کردبێت. ڕاستییەکەی من خەونم بەوە دەبینی کۆترم هەبێت، بەڵام قەدەغە بوو. لە سەربانی خۆمانەوە لە کۆتری دەوروبەرمم دەڕوانی و سەرنجم لە هەموو جووڵەیەکیان دەدا، چونکە من لێیان بێبەش بووم، بەڵام ئەوانەی خاوەنی کۆترەکان بوون پێویستیان بەو شتانە نەبوو. هەموو ئەوانەی بە وردی وەسفی مرۆڤ و سرووشت دەکەن، ئەوانەن، کە لە جوانی بێبەش بوون. مەبەستم ئەوەیە ویستوویانە خۆیان خاوەنی جوانییەکانی دنیا بن. پێوەندیی نێوان ئیلهام و ئازادیی مرۆڤیش لایەکی دیکەی ئەو چەمکەیە. بێگومان سانسۆر بە هەموو شێوەکانیەوە سنووری ئیلهام تەسک دەکاتەوە. هەروەها تاکو نووسەریش زیاتر خۆیی لە بیرکردنەوە ئازاد کردبێت،  پتر دەتوانێت نهێنییەکانی ناخی خۆی و هیی دەوروبەر ئاشکرا بکات. (ڕەووف بێگەرد) و (ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی) دوو نموونەی حەفتاکانن، کە پێمان دەڵێن ئەو نووسەرەی ترسی لە ناوەوەی خۆی نییە، تا چ ئەندازەیەک دەتوانێت ڕوو بچێتە قووڵاییی خۆیەوە و ئەو نهێنییانەمان بۆ ئاشکرا بکات، کە بە بێ ئەو ئازادی و بوێرییە مەحاڵ بوو پێیان بگەن. (شێرزاد حەسەن) و (قوبادی جەلیزادە) دوو دەنگی دیکەن، کە شەڕی گەورەیان لە دژی سانسۆری ناخی خۆیان و هیی دەوروبەریان کردووە. با لایەکی دیکەی چەمکی ئیلهام بخەینە بەرچاومان، کە هەر نووسەرێک بۆ یەکێکی تر دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام، ئینجا چ هیی سەردەمەکەی بێت و چ هیی پێش سەردەمەکەی، بەڵام کاتێ ئەو ئیلهامە نابێتە هۆی تێپەڕاندن و خستنەسەری زیاتر، ئەوا ناشتوانێت بە ئاڕاستەی داهێناندا کار بکات. ئەمە هەر تایبەت نییە بە ئەدەب، بەڵکو لە بواری فکر و فەلسەفەیشدا هەمان شتە. با مێژووی فەلسەفەی فرانسی بە نموونە بهێنینەوە و پشت بە  کتێبی (فەلسەفەی فرانسی لە دیکارتەوە بۆ سارتەر)ی (جان ڤال) ببەستین، کە یەکێکە لەو کتێبە گرنگانەی نەوەی ئێمە سوودی لێ بینیوە. لەو کتێبەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت هیچ فەیلەسووفێک بە بێ بوونی ئەوی تر ناتوانێت دەربکەوێت. وەک  (جان ڤال) دەڵێت تێگەیشتن لە دیکارت بەندە بەو ململانێیەی ئەو فەیلەسووفە لەگەڵ (هۆبێز) و ئەوانی تردا کردوویەتی. هەروەها دەڵێت ئەگەر لە (بەیکۆن) و (لۆک) تێنەگەین، لە (ڤۆڵتێر)یش تێناگەین. ئەمە نموونەیەکی زیندووە، کە ئیلهام مانای قووڵکردنەوە و لێکدانەوەی زیاتری چەمکەکانە، نەوەک سادەکردنەوەیان وەک لە ئاستی میللیدا هەستی پێ دەکەین. دەکرێت هەر یەک لە (هیگڵ)، (مارکس)، (نیتچە) و (فرۆید) بە نموونە بهێنینەوە، کە بوونەتە سەرچاوەی ئیلهامی زۆر لە فەیلەسوف و نووسەرانی سەردەمی خۆیان و هیی دواتریش. بەڵام ئەمانە خوێندنەوەی دیکەیان بۆ کراوە و مانای دیکەیان پێ بەخشراوە. کەواتە ئیلهام تەنیا مانای درێژکردنەوەی بیرۆکەکان نییە، بەڵکو پرۆسێسی دەستکاریکردن و پێداچوونەوەیشە.

* ئێوە کە دەنوسن حساب بۆ مەساحەی کورت و درێژی چیرۆکەکانتان دەکەن، چی بڕیارتان پێدەدات فۆرمی کارێکتان بگۆڕێ، یان به‌جۆرێکی تر بەباوەڕی ئێوە دۆستۆیڤسکی دەیتوانی برایانی کارامازۆڤ یا مارسیل پرۆست گەڕان بەدوای زەمەنی ونبوودا بە چیرۆکێک یان چەند چیرۆکێک بنوسێ؟

ئەو بیرۆکەیەی سەرەتا لە خەیاڵی نووسەردایە، هەمووی چەند دێڕێکە، یاخود چەند وێنەیەکی ناڕۆشنە. تاکو ئەو وێنانە لە ئاستی نەبیندراو (Invisible)ەوە نەخرێنە ئاستی بیندراو (Visible)ەوە، واتە تاکو نەکرێنە ئایکۆن، کە لێرەدا مەبەستم نووسینە، ناتوانن وێنەی دیکە بخوڵقێنن. لێرەوەیە نووسین گرنگە، کە (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت‌، بەوەی بوونی نووسه‌ر دەپارێزێت و به‌رده‌وامیی پێ ده‌به‌خشێت. (نیتشە) لە کتێبی (فەلسەفە لە سەردەمی تراجیدیای ئەگریکیدا) جەخت لەسەر ئەو بیرۆکەیەی (هیراکلیتس) دەکاتەوە، کە هیچ ساتێک لە ساتەکانی زەمەن نایەتە کایەوە، ئەگەر ساتەکەی باوکی لەناو نەچێت، کە هەر خۆیشی خێرا لەناو دەچێت. من لە ڕۆمانی (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا)دا ئەو ساتەم کردووەتە زیندەوەری بچووک بچوک، کە تەنیا فریای زاوزێ دەکەون. بە هەرحاڵ وێنە فۆرمی کاتە و تاکو ئەو وێنەیە لە خەیاڵی نووسەر بەتاڵ نەکرێت، هیی دیکەی بە دوایەوە نایەت. دووبارە سەرنجت بۆ لای (شۆپێنهاوەر) ڕادەکێشم، کە چۆن ناوی لە وشە دەنا مردن. بە ڕاستی وایە، تاکو بیرۆکەکان نەبنە وشە و بە مردووێتی نەکەونە بەرچاومان، ئەوانی تر لە دایک نابن. هیچ نووسەرێک ناتوانێت پێمان بڵێت هەر لە سەرەتاوە زانیویەتی چی دەنووسێت. ئیلهام پرۆسێسێکی بەردەوامە، واتە کاتێ وێنەیەکت هەیە و لە خەیاڵی خۆتت ڕزگار کردووە، ئەوسا ئیلهام بۆ وێنەیەکی دیکەت دەبات، کە وەک گوتم ئیلهامیش هەر بەشێکە لە پرۆسەی داهێنان. درێژبوونەوە لای نووسەری داهێنەر پێوەندیی بە لێکدانەوە قووڵکردنەوەی زیاتری ئەو مانایانەوە هەیە، کە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دێنە کایەوە. بە مانایەکی تر نووسەر دەیەوێت بەڵگە بۆ ئەو کۆنسێپتانە بهێنێتەوە، کە لە پرۆسێسی خەیاڵ و بیرکردنەوەی کارەکتەرەکانیدا دەربڕاون. ئەمە پێی دەگوترێت ئارگۆمێنتەیشن (Argumentation). ئەو چەمکە ئەگەرچی سەر بە بواری فەلسەفەیە، بەڵام نووسەری ئەدەبی بە گشتی و نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە بە تایبەتی بە شێوازێکی جیاواز کاری پێ دەکات، بەوەی چۆن وامان لێ بکات باوەڕ بە ڕووداوێکی سەیر بێنین، یان کارەکتەرێک پەسەند بکەین، کە هەرگیز پێشتر نەمانناسیوە و نەمانزانیوە بیڕوڕای وا لە کەسانی دەوروبەرماندا هەبن. ئەمە وا دەکات کارەکتەری دیکە و ڕووداوی دیکە بێنە کایەوە، کە دەشێت هەندێک لەو کارەکتەرانە پشتگیری لەو بۆچوونانە بکەن و هەندێکیان دژیان بوەستنەوە. کەواتە ئەو درێژکردنەوەیەی لای نووسەری داهێنەردا هەیە زۆر جیاوازە لەوەی لای نووسەری ئاساییدا هەستی پێ دەکەین، کە ئەوەی دواییان توانای چڕکردنەوەی ماناکانی نییە. لە ئەدەبی گێڕانەوەدا دوو جۆر درێژکردنەوە هەیە، یەکەمیان لەناو هەمان تێکست، کە دەبێتە ڕۆمان. دووەمیان درێژکردنەوە لە تێکستی سەربەخۆدا، واتە لە شێوەی چیرۆکدا. من خۆم هیچ بڕیارێکی پێشوەختم نییە لەوەی ئاخۆ کورت دەنووسم، یان درێژ، بەڵکو ئەو پرۆسێسە لە ئەنجامی کارلێکی ماناکان لەگەڵ یەکتردا، دێتە کایەوە.

*نوسەر هەیە لەڕووی قەبارەوە کتێبی گەورە دەنوسێ و هەیە کورت، بە پێی ئەزموونی خۆتان لەگەڵ نوسین و لەگەڵ خوێندنەوەش بە شێوەیەکی گشتی خوێنەری ئێمە چێژ لەکاری کورت دەبات یان درێژ و تولانیی وه‌ بۆ؟

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم هیچ کتێبێکی گەورە، یان بچووک بوونی نییە. ئەوەی لە خوێندنەوەی کتێبدا لە بەرچاو دەگیرێت، بە پلەی یەکەم قەبارەی مانایە، نەوەک قەبارەی فیزیکیی ئەو کتێبە. مەسەلەی چێژ لە لایەک پێوەندیی بە تێکستەوە هەیە، کە چەند هەڵگری ڕەگەزەکانی چێژە و لە لایەکی ترەوە بەندە بەو خوێنەرەی چۆن چێژ دەبینێت و چێژ لە چی دەبینێت. بێگومان باکڕاوندی ئەو خوێنەرە ئەو ئاڕاستانە دیاری دەکات. خوێنەر هەیە چێژ لەوە دەبینێت ئەو شتانەی پێ بڵێیتەوە، کە خۆی دەیانزانێت و حەزیان لێ دەکات، بەڵام خوێنەر هەیە چێژ لە دۆزینەوەی ڕووبەری نوێی خەیاڵ و بیرکردنەوە دەبینێت. لای ئەو خوێنەرەی دواییان چێژ هۆکارێکە بۆ گەڕان بە دوای مەعریفەدا و ڕێگایەکە بۆ دەرخستنی جیاوازی. ئەو خوێنەرە لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکدا دەیەوێت هەست بکات پێی خستووەتە ناو ڕووبەرێکی جیاوازی خەیاڵ و بیرکردنەوەوە، بەوەی ئەو خوێنەرە توانای دیاڵۆگی هەیە، مادام خۆی خاوەنی دیدگا و ڕەخنەیە. ئەو خوێنەرە ئەزموونگەر و سەرکێشە هەمیشە بە دوای ئەو تێکستانەدا دەگەڕێت، کە دەتوانن هەستی نوێی تێدا بخوڵقێنن. بە پێی ئەزموونی خۆم دەزانم ئەو جۆرە خوێنەرەمان کەمە. ڕەخنەی ئەدەبی لەوەدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت، کە ئاستی وەرگرتنی چێژی خوێنەر بەرز بکاتەوە. بێگومان یەکێ لە ئەرکەکانی ڕەخنە پێگەیاندنی خوێنەری هۆشیارە. بەشێکی ڕەخنەی ئێمە تاکو ئێستایش وەک گیانێکی پیرۆز لە خوێنەر دەڕوانێت. نەک هەر نایەوێت قەناعەتەکانی تێک بشکێنێت، بەڵکو هەیانە بە ئاشکرا بە گژ هەر دەنگێکدا دەچێتەوە، ئەگەر بڵێت ئاستی تێگەیشتنی خوێنەرمان نزمە. بە گشتی خوێنەری ئێمە چێژ لەو شتانە دەبینێت، کە پێوەندییان بە هەستی نۆستالگیاوە هەیە. ئەو خوێنەرە بە ڕادەیەک گیرۆدەی ڕابردووە، کە ناتوانێت کۆنتاکت لەگەڵ بیرۆکە نوێیەکان بکات، بۆیە بەشێکی زۆری تێکستە قووڵەکانی ئێمە بە چاکی ناخوێندرێنەوە و چێژیان لێ نابیندرێت.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.