ژنانی عیراق لە ئاكامی شەڕو داگیركاریدا !
كورتەیەك لە قسەوباسەكانی هەلالە ڕافع لە ریپیوانی 8 ی مارسدا لە شاری ستوكهوڵم. كە نزیكەی سیَُ هەزار كەس تییدا ئامادە بوبو.
پێم خۆشە بۆ چەند ساتێ لەگەڵ خۆمدا بەسەفەرێكی كورت بتانبەم بۆ عیراق، كە پیم وایە پێتان خۆش دەبێت و لەهەمان كاتدا دڵگران دەبن! سەفەرەكەمان بۆ عیراقی دوای داگیركاری و جەنگ دەبێت.
زۆربەخێرای بە شارو كوچەو كۆلانەكانی عیراقدا دەگەڕێین و سەرنج دەدەین: هەڕەشە كردن فڕاندن، كوشتن و سەربڕین یەكێكە لەو دیاریدانەی كە ڕۆژانە لە كوچەو كۆلان و سەرشەقام و نێو ماڵەكاندا دەیبیستین و دەیبینین. یەكێك لە ترسناكترین ئاكامەكانی شەڕ نەبونی ئەمنیەت و ئاسایشە چ لەسەرشەقامەكان و چ لە مال و خۆیندگاكاو شوێنی كار ، ئەگەر كار هەبێت بیكەی. عەسكەرتاری شەر، ناكۆكی نێوان بەرە قەومی و ئاینیە جیاوازەكان بووەتە مایەی نەبوونی ئەمنیەت.
لە ئیستای عیراقدا پیش ئەوەی پێت بڵین ناوت چیە دەپرسن تۆ كوردی یان عەرەب، سونە یان شیعە هتد، زیندووكردنەوەی ناسنامەی قەومی، ئایینی وە عەشیرەتی جێگای ناسنامەی ئینسانی گرتووەتەوە لە كۆمەڵگادا.. بەڕاستی ئەمە دیاردەیەكی ترسناكە بۆ كۆمەلگایەك كە بیەوی مرۆڤەكان تیایدا ئاسوودەبن!
لاشەی ژنێك دەدۆزرێتەوە، ژنێك خۆی دەسوتێنی، ژنێك بە بلوك ڕەجم دەكرێت، بۆ؟ زیندوو كردنەوەی دیاردەی نامووسپەرستی وكارپیكردنی یەكێكە لە ئاكامە ترسناكەكانی داگیركاری وجەنگ كە بەسەر ژناندا سەپاوە. ووشەی ناموس لە دوای شەڕ مانایەكی زیاتر وە قوڵتری پەیدا كردوەو بەربلاو بووتەوە. كاتێك كە بەرەیەك دەیەوی تۆڵە لە بەرەی دوژمنی بكات لە ناموسی دوژمنەكەیەوە دەست پێدەكات كە ئەویش " ژنەكانیانن " وە لە ئێستاشدا كۆمەڵگای عیراق دابەش كراوە بەچەند بەرەیەی دژ بەیەكتر.
لەشفرۆشی و بازرگانی كردن بە ژنان دیاردەیەكی زۆر بەربلاوە، وە دیاریەكی تری دەستی دەولەتی ئەمریكاو حكومەتە بندەستەكەیەتی بۆ ژنانی عیراق.
ئەمانە هەموو لەئاكامەكانی شەڕو داگیركارییە، وە لەلایەكی تریشەوە ئەم حكومەتە بندەستەی ئەمەریكا یاساكانی عیراقی بەپێی شەریعەتی ئیسلام دارشتوەتەوە كەمەترسیەكی گەورەی بۆ سەر كۆمەڵگاو بەتایبەت ژیانی ژنان پێكهێناوە.
لەلایەكی ترەوە كیشەكە لەوەدایە كە ژنانیك كە "نوینەرایەتی ژنان" لە پەرلەماندا ئەكەن داوایان كردبوو كە دەبێت پیاوان مافی فرە ژنیان هەبێت، مافی لێدانی ژنیان هەبێت و هەروەها مافی لێپرسراوی مندالیان هەبیت لە دوای جیابوونەوە. هەلبەتە ئەمانە لەكاتێكدا كە ئەم فتوایانە دەرئەكەن هەزارەها ژن وپیاوی ئازادیخواز لە كۆمەلگادا لەدژیان دەوەستنەوە بەلام بەداخەوە لە ناوەندی دەسەلاتدا نین. كۆمەلگای عیراق كۆمەلگایەكی مەدەنی بووە وە ئیستاش هێزی پیشكەوتنخواز جیگەوریگەیەكی بەرچاوی هەیە. بۆ ئەوەی مەدەنیەت لە عیراقدا سازبدرێتەوە دەبێت ئەم هیزە بەرفراوانەی خۆمان لە دەرەوەی عیراق یەكبخەین بۆ پشتیوانی هێزی رادیكال و ئازادیخوازەی كە دەیەوێت دووبارە پایەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بنیات بنێ. ئەگەر هەموو لە خۆمان بپرسین ئایا بۆ هێزی كۆنەپەرست ئەتوانی ڕێكخراو یەكدەست بێت بۆ كوشتارو تیرۆر، بەلام ئایا ئەم هێزە مەزنەی ئێمە كە ئەمڕۆ چ لێرە وە چ لە هەموو سوچێكی ئەم جیهانەدا كۆبووینەتەوە ناتوانین بۆ ئامانجی ئینسانی، خۆش گوزەرانی وە ئاسودەیی یەكگرتوو هاودەنگ بین ؟
ڕێكخراوی داكۆكی لەمافەكانی ژنان لە عیراق
مارسی 2008