
دیوانێکی بێ شیعر….. حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
لیریک ئه‌و شیعره‌یه که زاده‌ی هه‌ست و سۆزی شاعیره‌که‌یه‌تی و بۆ ئه‌وه ده‌ست ده‌دات که به گۆرانی بگوترێت، هه‌موو شیعرێکی جوان، له لیریکه‌وه نزیکه و بۆ ئه‌وه ده‌شێت، ببێته گۆرانی به‌سه‌ر زاری گه‌لێک یان ته‌نانه‌ت ده‌یان نه‌ته‌وه‌وه. شیعری ڕۆمانتیک ئه‌وێنێکی پاک له‌وه‌ی که له داستاندا هه‌یه، به‌رجه‌سته ده‌کات و پشت به ڕه‌گه‌زی سه‌رکێشی ده‌به‌ستێت، به‌ڵام ئالیگۆری، شیعرێکه به هه‌ردوو شاباڵی مێتافۆر و سیمبۆل ده‌فڕێت.
گه‌ر ده‌خوازیت، شیعری نوێ بنووسیت، له‌بری کێشێکی دیاریکراو، پشت به ڕسته ببه‌سته و وه‌ک ناوه‌ڕۆکیش له ناڵه و گریان خۆت به دوور بگره و له ڕوانگه‌یه‌کی به‌رینی ئینسانییه‌وه سه‌رنجی ژیان بده! شیعرت با زۆر جوانیش بێت، پێویسته ئه‌وه بزانیت، ئه‌وی خاوه‌نی عه‌قڵێکی گچکه بێت، هه‌ست به جوانییه‌که‌ی ناکات. ئه‌و شاعیره‌ی له شیعری نه‌وه‌کانی پێش خۆی تێنه‌گات، ناتوانێت شیعرێک دابهێنیت له‌وه‌ی شاعیرانی پێش خۆی به‌بایه‌ختر بێت. ئه‌وی هیچ ده‌رباره‌ی ڕێساکانی شیعری کۆن نه‌زانێت، پێی ناکرێت شیعر نوێ بکاته‌وه. ئه‌گه‌ر زمان زه‌ریا بێت، ئه‌وا شیعر شه‌پۆله هه‌ره به‌رزه‌کانیه‌تی و شیعری باڵا، ده‌شێت وه‌ک ڕووکار کۆن بێته به‌ر چاومان، وه‌لێ که سه‌رنجی دیوی ناوه‌وه و قوڵایییه‌کانی ده‌ده‌ین، ئه‌وسا هه‌ست به لایه‌نه نوێیه‌کانی ده‌که‌ین، چونکه نوێکردنه‌وه هه‌رگیز سازش نییه له‌گه‌ڵ که‌له‌پووردا، هه‌میشه دابڕانه لێی، بۆیه شاعیری نوێکه‌ره‌وه، خاوه‌نی دنیابینییه‌کی تازه‌یه و دیتنه‌کانی له ڕه‌گوڕیشه‌وه تا لق و پۆپ، له تێروانینه دێرینه‌کان جیاوازه.
شیعری نوێ بابه‌تێک نانووسێته‌وه، ئه‌زموونێک ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌زموونێک که خوێنه‌ر و شاعیر تێیدا هاوبه‌شن، هه‌رچه‌نده شاعیری نوێکه‌ره‌وه به ناوی کۆوه ناپه‌یڤێت. ناکرێت خۆت به شاعیرێکی نوێخواز بزانیت و له ده‌سه‌ڵات یان حیزبێکی ملهوڕیشه‌وه نزیک بیت، (لایه‌نی لاوازی مه‌حموود ده‌رویش له ڕوانگه‌ی ئهدونیسهوه، ئه‌وه‌بوو، له ده‌سه‌ڵاتداره زۆرداره عه‌ره‌به‌کانه‌وه، به سه‌ددام حوسه‌ینیشه‌وه، نزیک بوو، یان لای که‌م هیچ کێشه‌ی له‌گه‌ڵیاندا نه‌بوو.) هه‌موو شاعیرێک با هه‌وڵی دابڕانیش بدات، ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریه‌تی شاعیرانی دیکه‌وه، کاریگه‌ریه‌تی به‌و مانایه نا، وێنه‌یه‌کی شیعری، ده‌ربڕینێکی جوان، یان دێڕێکی شاعیرێک دووباره بکاته‌وه، به‌و مانایه‌ی له هه‌مان ڕوانگه‌ی شاعیرێکی دیکه‌وه، سه‌یری دنیا بکات. چونکه له شیعردا ئه‌وه گرنگ نییه، چی ده‌ڵێیت، گرنگ ئه‌وه‌یه چۆنی ده‌ڵێیت، بۆیه له شیعردا هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ک له یه‌کێکی دیکه بایه‌خدارتر نییه.
*
(تا ماته‌می گوڵ، تا خوێنی فریشته)(*) بریتییه له‌و کاره (شیعر)ییانه‌ی به‌ختیار عه‌لی که له نێوان ساڵانی 1983 تا 2004 به‌رهه‌می هێناون. له‌و (دیوان)هدا که له 550 لاپه‌ڕه پێک دێت، ڕووبه‌ڕووی زۆر شت ده‌بیته‌وه، تاقه شتێک که بێویژدانی و زێده‌ڕۆیی ناکه‌م، ئه‌گه‌ر بڵێم، تووشی نابیت، شیعره. کێشه‌که ئه‌وه نییه، من دژی نوێکردنه‌وه‌ی شیعر بم، کێشه‌که ئه‌وه‌یه، له‌و به‌رهه‌مه ئه‌ستووره‌دا، نه هه‌ستم به هه‌بوونی په‌خشانه‌شیعر کرد، نه به هه‌بوونی په‌خشانی ئه‌ده‌بی. جێی سه‌رنجه له ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لیدا، هه‌ندێک جار شیعر هه‌یه، که‌چی له دیوانیدا، ئه‌وه‌ی نه‌بێت شیعره.
له (دیوان)ی (تا ماته‌می گوڵ، تا خوێنی فریشته)دا، بۆ سیاسه‌ت بگه‌ڕێیت نا‌ئومێد نابیت، بۆ فیکر بگه‌ڕێیت، بێ هیوا نابیت، بۆ ئایین، قسه‌ی نه‌سته‌ق و فه‌لسه‌فه‌یش بگه‌ڕێیت، که‌م تا زۆر تووشیان دێیت. بۆ ده‌ربڕینی فارسی یان عه‌ره‌بی بگه‌ڕێیت، له هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانی کتێبه‌که‌دا هه‌نه، بۆ هه‌ڵه‌ی ڕێزمان و ڕێنووس بگه‌ڕێیت، به ده‌گمه‌ن تووشی دێڕێک دێیت، هیوابڕاوت بکات، وه‌لێ ئه‌گه‌ر بۆ زمانی شیعریی، وێنه‌ی شیعری، ده‌ربڕینی شیعری و ڕسته‌ی شیعری بگه‌ڕێیت، ئه‌وا به درێژایی لاپه‌ڕه‌کانی (دیوان)ه‌که نا‌ئومێد ده‌بیت.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی ڕێنووس به‌سه‌ر بکه‌مه‌وه، ده‌بێت سه‌رله‌نوێ (دیوان)ه‌که بنووسمه‌وه، بۆیه ئه‌و لایه‌نه فه‌رامۆش ده‌که‌م. ئه‌گه‌ر ئاوڕێکی خێرا له ڕێزمان بده‌مه‌وه، ئه‌وا ده‌بێت له ئه‌لفوبێوه ده‌ستپێ بکه‌م، ئاخر به‌ختیار عه‌لی ته‌نانه‌ت ده‌رکی به‌وه‌یش نه‌کردووه، ئه‌گه‌ر بکه‌ر کۆ بوو، ده‌بێت کرداریش کۆ بێت که ئه‌م ڕێسایه، قوتابی به ده دوازه ساڵی فێری ده‌بێت.
(عه‌فووم که‌ن هه‌ور و ئه‌ستێره،
عه‌فووم که‌ن خۆر و مانگه‌شه‌و. ل27)
ئایا (بمبه‌خشن، بمبوورن یان لێم خۆش بن،) هه‌ر کامێکیان بگریت، له عه‌فووم که‌ن، جوانتر، له‌بارتر و له‌سه‌ر زار خۆشتر نییه؟
(دۆستایه‌تی پرگاڵی ده‌ستی من بوو،
نه‌متوانی بازنه‌یه‌کی (لێ) دروست بکه‌م. ل33)
بۆ ئه‌و ڕسته‌یه، پێ ڕاسته، لێ هه‌ڵه‌یه.
(هه‌ر تۆ نیت،
له نابه‌ینی ئه‌ستێره و باخچه و ڕووباره‌کاندا
سه‌فه‌ر ده‌که‌یت. ل91)
(نابه‌ینی) که له‌م (دیوان)هدا، چه‌ندان جار هاتووه، هه‌ڵه‌یه، که‌سانی بێسه‌واد وه‌های ده‌ڵێن، (مابه‌ینی) ڕاسته که عه‌ره‌بییه. مابه‌ینی بۆ نێوان دوو شت یان زینده‌وه‌ر ده‌بێت نه‌ک زێتر، وه‌ک به‌ختیار عه‌لی بۆی چووه. ده‌بوو بۆ نموونه، بنووسێت: هه‌ر تۆ نیت له مابه‌ینی باخچه و ڕووباردا سه‌فه‌ر ده‌که‌یت.
(به‌نده‌ری خه‌یاڵ، ده‌رگای خه‌یاڵ، پێخه‌فی خه‌یاڵ، باڵکۆنی خه‌یاڵ، سفره‌ی خه‌یاڵ، باغی خه‌یاڵ، قه‌فه‌زی خه‌یاڵ، جه‌نگه‌ڵی خه‌یاڵ و زینده‌گیی خه‌یاڵ. ل97) لکاندنی خه‌یاڵ، به‌و هه‌موو ناوانه‌وه، ته‌نیا له یه‌ک لاپه‌ڕه‌دا، زاده‌ی فهقیرخهیاڵییه.
(ئه‌ی ئه‌وه‌ی جیاوازیی ناکه‌یت له نێوان
ده‌نگی میحرابه(کان) و ده‌نگی ئاوه(کان)دا،
تۆ گه‌مژه‌یت. ل106)
(ڕۆژنامه زبڵه‌کان،
شاعیره (زبڵ)ه‌کان،
پرۆفیسۆره زبڵه‌کان،
دانیشگا (زبڵ)ه‌کان. ل121)
(غهزهلبێژه گه‌مژه‌کان. ل122)
(ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رکرده سۆزانییه‌کان. ل292)
به ڕاست (گه‌مژه، زبڵ و سۆزانی) جنێون یان شیعر؟ ئه‌گه‌ر (کان) که هیچ له‌گه‌ڵ زمانی شیعریدا کۆی ناکاته‌وه، قه‌لاچۆ بکرێت، (دیوان)ه‌که گه‌له‌ک لاپه‌ڕه که‌م ده‌کات. (من له پشت ته‌می سه‌ر ڕۆحی شاههنشاکانهوه سه‌یرتان ده‌که‌م. ل116) (تاجی ڕه‌شی شاههنشاکان ئاویان کردبووه سه‌ر. ل245) کێشه‌که هه‌ر ئه‌وه نییه که ئه‌و دوو ڕسته‌یه، شیعرن نین، ئه‌وه‌یشه: شاهه‌نشا که به مانای شای شایان دێت، ئه‌گه‌ر هه‌بێت، له دنیادا ته‌نیا یه‌کێک هه‌یه، که‌چی به‌ختیار عه‌لی هێنده شه‌یدای (کان)ه، دوای شاههنشایشی خستووه.
(جه‌خار له حه‌زی ئه‌م کالیپتۆسه مازۆشییانه بۆ ئازار. ل118) چونکه مازۆشیبوون، حه‌زکردنه له ئازار، ئیدی که گوتت، مازۆشی، پێویستت به‌وه نییه، درێژه‌ی بده‌یتێ و بێیت پێناسه‌ی مازۆشی بکه‌یت، ئاخر ئه‌وه یاسایه که ده‌بێت شاعیر کورت‌بڕی ڕه‌چاو بکات. (ئه‌م ساقییه مازۆشییهی له خوێنی خۆی مه‌زه‌ی مازۆشیمان بۆ ده‌هێنێ. ل118) پێ ده‌چێت، بڕیاری دابێت، چه‌ند جارێک مازۆشی بخاته ڕسته‌ی ناشیعرییه‌وه، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ساقی شه‌راب ده‌هێنێت نه‌ک مه‌زه. ده‌توانین خوێن به شه‌راب، یان شه‌راب به خوێن بچوێنین، وه‌لێ خوێن له مه‌زه ناچێت. ئاخۆ مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه، ئه‌و قسه ههلهقومهلهقانه که وڕێنه له چاویاندا قسه‌ی نه‌سته‌قه، به نرخی شیعر به خوێنه‌ر بفرۆشین؟
(به دوای ئه‌و شوڵکه ته‌ڕانه‌دا ده‌گه‌ڕێم که دارکارییان کردووم. ل356) شوڵک دارکاریمان ناکات، ئه‌و که‌سه‌ی شوڵکهکهی پێیه، دارکاریمان ده‌کات. (وه‌ک خورافاتپهرستێ خۆم نیشان دا. ل228) زۆرن ئه‌وانه‌ی بڕوایان به خورافه، غه‌یب و موعجیزه هه‌یه، وه‌لێ ئه‌وانه خورافه‌په‌رست نین، خواپه‌رستن. (ملیۆنه‌ها فرسه‌خی دوورم ده‌دی. ل247) خۆ فرسه‌خ، دره‌خت یان ئه‌ستێره نییه، تا میلیۆنانی (نه‌ک ملیۆنه‌های) لێ ببینین، فرسه‌خ: مهزهندهکردنێکه بۆ پێوانی دووری، ده‌شێت پێنج شه‌ش کیلۆمه‌ترێک بێت. که مانای فرسه‌خی نه‌زانیوه، هه‌ق نه‌بوو بیخاته ڕسته‌وه. (بۆنی زۆنگاو و سهرهنوێلکیان گرتووه. ل368) (هه‌تا ماوم، بێباک به زێراب و زۆنگاوه‌کاندا دێم و ده‌چم. ل368) وه‌ک به‌و دوو ڕسته‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، به‌د له مانای زۆنگاو حاڵی بووه، پێی وابووه، زۆنگاو، زه‌لکاوه، زۆنگاو که به عه‌ره‌بی (هور)ه، شوێنێکی پیسی له چه‌شنی زێراب یان سه‌ره‌نوێلک نییه، ژینگه‌یه‌کی خاوێنه و ئینسانی لێ ده‌ژی. ئاخۆ پاساوی بۆ ئه‌وه چی بێت که وشه‌گه‌لی وا ده‌خاته ڕسته‌وه، ما‌نایان نازانێت؟
(هه‌ورێکی وه‌ڕز و تینوو بوو، ده‌یویست قاچ له (زین)ی ئه‌سپ گیر بکات. ل333) ئه‌وه‌ی قاچی لێ گیر ده‌کرێت، زین نییه، ئاوزهنگییه. (به توندی گالیسکه‌کان به ناو گه‌رده‌لووله‌کاندا باژۆ ده‌ده‌م. ل278) (ئه‌و گالیسکانهم بینی که مردووه‌کان باژۆیان ده‌دا. ل279) باژۆ که به واتای لێ بخوڕه دێت، (ده‌دا و ده‌ده‌م)ی ناچێته سه‌ر. شاعیر پێویسته زمان جوانتر بکات، نه‌ک بیشێوێنێت، که‌سێک ده‌توانێت شتی نوێ له زماندا دابهێنێت که به‌سه‌ر زمانی کۆن و باودا زاڵ بێت. ئاخۆ که‌سێک شاره‌زای شێوه‌زاری زێدی خۆی نه‌بێت، توانای ئه‌وه‌ی ده‌بێت، جوانکاری له شێوه‌زارێکی دیکه‌دا بکات!
(مه‌رهه‌م ده‌ده‌م له‌و پاوه‌نه سووتاوانه‌ی ڕه‌ش دهچنهوانێ. ل362)
(بۆنی ئه‌و مه‌مکانه‌م ده‌وێت که به ده‌رزی لکاون به سینهوانێ. ل367)
(با نه‌توانن جارێکی تر هه‌ڵفڕن و بێنهوانێ. ل369)
به ڕاست ئه‌وه کاره‌سات نییه، شاعیرێکی سوپهرمۆدێرنیست، به وانێ یان دروستتر به شێوه‌زاری دێرینی مه‌ڵکه‌ندی که گه‌ڕه‌کێکی شاری سلێمانییه، بنووسێت؟ شێوه‌زارێک که ته‌نیا هه‌ندێک کۆلکه‌خوێنده‌وار له ژیاندا ماون پێی بئاخفن. هه‌ولێرییه‌کان زۆر له‌سه‌ر هه‌قن که گاڵته‌یان به (وانێ) دێت و من به‌ش به حاڵی خۆم که به ده‌گمه‌ن گوێم له که‌سێک ده‌بێت له تیڤییه‌که‌وه به وانێ ده‌په‌یڤێت، شه‌رم دامده‌گرێت، شه‌رمێک تا ڕاده‌ی عاره‌قکردنه‌وه.
محه‌ممه‌د ماغووت له‌مێژه گوتوویه‌تی:
(خۆشه‌ویستم
ئه‌وان سه‌رقاڵی سه‌فه‌رن،
ئێمه دیلی چاوه‌ڕوانی.
ئه‌وان خاوه‌نی سێداره‌ن،
ئێمه گه‌ردن.
ئه‌وان خاوه‌نی مروارین،
ئێمه برین.
ئه‌وان خاوه‌نی کازیوه و ڕۆژ و شه‌ون،
ئێمه پێستی زبر و ئێسقان.)
به‌ختیار عه‌لی تازه‌کی ده‌ڵێت:
(هاوڕێم
ئه‌وان خه‌ونیان به په‌رداخی پڕ له مروارییه‌وه ده‌بینی،
ئێمه شووشه‌ی پڕ له فرمێسک‌مان لایه. ل305)
له دیوانه‌که‌ی به‌ختیار عه‌لیدا، بۆ شیعری دیکه‌ی محه‌ممه‌د ماغووت بگهڕێێت، نا‌ئومێد نابیت، بۆ نموونه:
(ئه‌ی نیشتمان!
تاکه نهێنییه‌کم هه‌بوو،
ئه‌ویشت پێ ڕه‌وا نه‌بینیم. ل357)
ئه‌وه‌یش هه‌ر ده‌ربڕینێکی سووکه ده‌ستکاریکراوی ماغووته و بنووسی ئه‌م دێڕانه کردوویه به کوردی:
(نه ژوورێکت پێ به‌خشیم ئۆقره‌ی تیا بگرم،
نه ئومێدی دڵم ڕۆشن بکاته‌وه،
ئه‌ی نیشتمان!)
به‌ختیار عه‌لی قسه ڕیز ده‌کات و ده‌نووسێت:
(په‌ریی سه‌ر به‌ردی ئۆقیانووسه‌کان لێیان پرسیم. ل298)
ڕاسته شاعیر پێویسته خه‌یاڵی فراوان بێت، وه‌لێ هێنده فراوانیش نا که هه‌موو ئۆقیانووسه‌کان تهی بکات و وه‌ڵامی پرسیاری هه‌موو ئه‌و په‌رییه غهمگینانهیش بداته‌وه! تۆ له په‌رییه‌کان بگه‌ڕێ که ته‌نیا له ئه‌فسانه‌دا بوونیان هه‌یه، شاعیر ئه‌وه‌ی ڕوون نه‌کردووه‌ته‌وه، ئایا ئه‌و به‌ردانه له‌ناو یان له که‌ناری ئۆقیانووسه‌کاندا هه‌بوون؟
(من زێتر ده‌چمه ناو گه‌مه‌کانی چێژ و سادییهتهوه. ل410)
جاری وا هه‌یه، به وشه‌یه‌کی نه‌گونجاو، شیعرێک له‌بار ده‌چێت. ئایا (سادییه‌ت) که ده‌بڕینێکی عه‌ره‌بیی ڕه‌قوته‌قه، شیعری لێ به‌رهه‌م دێت؟ باشتر نه‌بوو سادیزم که ئینگلیزییه و له‌سه‌ر زار خۆشتره و له زمانی کوردیشه‌وه نزیکتره، بنووسێت؟ سادیست که‌سێکه نه‌خۆش، چێژ له‌وه وه‌رده‌گرێت، سه‌روه‌ختی ئاوێزانبوون، ئازاری خۆشه‌ویسته‌که‌ی بدات، که‌واته چێژ له‌و ڕسته‌یه‌دا زێده‌یه و به‌ختیار عه‌لی ئه‌گه‌ر کاتی نووسین، بیری لای خوێنه‌ری شتزان بووایه، وشه‌ی چێژی فه‌رامۆش ده‌کرد.
(بۆهیمییهتی گوڵه‌باخ هیچ له دانایی شه‌و که‌م ناکاته‌وه. ل398)
(باڵداره ئه‌م بۆهیمییهتهی تۆ،
دره‌خته ئه‌م بۆهیمییهتهی تۆ. ل457)
بۆهیمی که به ئینگلیزی (بۆهیمیان)ه، یاخیبوویهکه ئه‌وه‌ی گوێی پی نه‌دات، دابونه‌ریته. گۆران که ده‌ڵێت:
(ئه‌ژیام ژیانی سه‌رسه‌ری،
نه‌مبوو که‌س بۆ ڕابه‌ری.) ده‌شێت مه‌به‌ستی له ژیانی سه‌رسه‌ری، ژیانی بۆهیمییانه بێت. ئایا بۆهیمییهت، نه‌ک بۆ شیعر، ته‌نانه‌ت بۆ لێکۆڵینه‌وه‌یش، هه‌ر ده‌ربڕێنێکی ناقۆڵا نییه؟ قه‌ت ددانی خێر به شیعرێکدا نانێم، سادییه‌ت و بۆهیمییهتی تێدا بێت، با بنووسی شیعره‌که (پووشکین)یش بێت. قه‌ت بووه وشه‌کان عه‌ره‌بی نه‌بن و شاعیرێکی کوردی، قوربانیی ده‌ستی جه‌للادی عه‌ره‌باندن، ته‌عریبیان بکات؟
(ئه‌ی شه‌وی من له‌ناو ئه‌م ڕووناکییه‌دا که ژه‌هره،
قه‌فه‌زی من له‌ناو ئه‌م ئازادییه‌دا که زیندانه. ل141)
به هۆی ئه‌وه‌وه دیاری قه‌ره‌داغی کردوویه به گۆرانی، ئه‌وه ناودارترین شیعری به‌ختیار عه‌لییه، وه‌لێ له‌م شیعره‌یشدا که‌وتووه‌ته هه‌ڵه‌وه. شه‌و و ڕووناکی ناکۆکن، دوای ئه‌وان ژه‌هر دێت، تا ئێره هیچ هه‌ڵه‌یه‌ک نییه، قه‌فه‌ز و ئازادی که ناکۆکن، دوای ئه‌وان زیندان دێت که هه‌ر قه‌فه‌زه، هه‌ڵه‌که له زینداندایه.
به‌ختیار عه‌لی له (شیعر)ی (ئه‌ی ئه‌وه‌ی من گوناهبار ده‌که‌یت)دا پێمان ده‌ڵێت:
(ئه‌ی گه‌مژه، لووتی تۆ له‌وه زهلیلتره،
بۆنی باغی من بکات،
تۆ له جنسی مێرووله‌ی خووساوی،
من له جنسی خودام،
تۆ پاسه‌وانی که‌لاوه‌ی،
من ئه‌ندازیاری یۆتۆبیام.
تۆ کڕیاری زبڵخانه‌ی،
من نوور و گڕ و ڕه‌شه‌بام. ل413)
1) ناونیشانی (شیعر)ه‌که هه‌ڵه نییه، لاوازه، ده‌بوو بڵێت: ئه‌ی ئه‌وه‌ی گوناهبارم ده‌که‌یت.
2) جنس عه‌ره‌بییه، ڕه‌گه‌ز دروسته.
3) یۆتۆبیا هه‌ڵه‌یه، یوتۆپیا دروسته، واتا له یه‌ک وشه‌دا دوو هه‌ڵه هه‌یه.
4) له‌و کۆپله‌یه‌دا لای که‌م پێنج جنێو هه‌یه: گه‌مژه، زه‌لیل، مێرووله‌ی خووساو، پاسه‌وانی که‌لاوه و کڕیاری زبڵخانه! واتا نزیکه‌ی نیوه‌ی وشه‌کان جنێون، نیوه‌که‌ی دیکه‌یشی ستایشن، ستایشی خۆی! ڕه‌نگه به‌ختیار یه‌که‌مین (شاعیر)ی دنیا بێت، جنێو ئاڕاسته‌ی خوێنه‌ری شتزان بکات و په‌سنی خۆی بدات.
5) ئه‌گه‌ر ئه‌و (شیعر)ه به هه‌ر زمانێکی ئه‌ورووپایی نووسرابا، خاوه‌نه‌که‌ی وه‌ک ڕاسیستێک به دادگا ده‌درا، ئاخر هیتله‌ریش هه‌مان بۆچوونی هه‌بوو، خۆی له ڕه‌گه‌زه‌کانی دیکه به باڵاتر ده‌زانی.
به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت:
(خۆم له به‌رده‌م سه‌رۆکه بێشهرهفهکاندا بکوژم. ل532)
به ڕاست جنێو هه‌یه، له بێشه‌ره‌ف به‌هێزتر!
(لێوی خۆی نه‌دامێ بۆ گۆرانی. ل423)
لێو گۆرانیی پێ ناگوترێت، فیکه‌ی پێ لێ ده‌درێت.
(به ده‌سته سوکراتییهکانی ژه‌هرێکی دیکه‌ی بۆ هێنام. ل424)
سوکرات، ژاری بۆ که‌س نه‌بردووه، ژاریان بۆ هێناوه.
(له هه‌ر مهعدهنێکت بگرم، له ستیل یا هه‌وا یا لم، دهڕزێیت. ل424)
(ستیل)یش هه‌ر کانزایه، که‌واته ستیل له‌وێدا هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌وا و لمیش مه‌عده‌ن (کانزا) بوونایه، ستیل بۆ ئه‌و جێیه دروست ده‌بوو، تۆ له‌وه‌ی گه‌ڕێ، هه‌وا له کۆمه‌ڵێک گاز پێک دێت. چونکه هه‌ر وشه‌ی ڕیز کردووه، هه‌ڵه‌کانی له‌و تاقه ڕسته‌یه‌دا، له ژماره نایه‌ن!
(مه‌حروومی که‌ن له هه‌توان و ده‌وا. ل431)
ههتوانیش که کرێم (مه‌ڵحه‌م)ه، جۆرێکه له ده‌وا، واتا: هه‌توان و ده‌وا یه‌ک شتن نه‌ک دووان، ئه‌وی بۆ هه‌ڵبژارده و خوێنه‌ری وریا بنووسێت، کورت‌بڕی ڕه‌چاو ده‌کات، نه‌ک درێژدادڕی و شیکردنه‌وه‌ی مانای وشه‌کان.
(ناتوانم وه‌ک شه‌و پڕ بم له هاواری ئاورنگ. ل449)
ئاونگ: شه‌ونمه، ئاورنگ: پریشکی ئاگره. به‌ختیار عه‌لی به درێژایی (دیوان)ه‌که‌ی هه‌ستی به جیاوازیی نێوان ئاونگ و ئاورنگ نه‌کردووه.
(خۆی له دههالیزهکانی خۆیدا دووباره ده‌کاته‌وه. ل439
به‌ره‌و هه‌ر دههلیزێک بچیت له‌م شاره‌دا،
به‌ره‌وه هه‌ر شارێک بڕۆیت له‌م دههلیزهدا. ل446)
ئه‌مانه بێجگه له ڕیزکردنی قسه، هیچی دیکه نین، ئاخر شیعر نه به دههلیز پێک دێت، نه به ده‌هالیز!
(هاتم نه‌خشه‌ی کۆچی نهیازکهکانم پێ نه‌بوو. ل194)
نه‌یزه‌ک که ده‌ربڕینێکی میللییه، ئه‌ستێره‌ی کشاوه، تاکه، نهیازک (کۆ)یه، وه‌لێ نه‌یازکه‌کان، هه‌م به عه‌ره‌بی و هه‌م به کوردییش کۆیه، ئه‌مه ته‌واو وه‌ک ئه‌وه وایه له‌بری کورسییه‌کان، بلێین: کهراسییهکان! نه‌یزه‌که‌کان دروسته.
(تۆ ڕاستگۆیت
که له ئاوی که‌س ناخۆیت. ل467)
ناخۆیت، سه‌روایه بۆ ڕاستگۆیت! جاران کۆلکهشاعیران له‌به‌ر ڕاگرتنی کێش، یان هێنانه‌وه‌ی سه‌روا، زمانیان ده‌شێواند، به‌ختیار عه‌لی که په‌خشانه‌شیعر ده‌نووسێت و بڕوای به کێش و پاشبه‌ند نییه، له سۆنگه‌ی چییه‌وه، زمان ده‌شوێنێت؟ ئاخر ده‌بوو بنووسێت: له ئاوی که‌س ناخوێتهوه.
(بازنی ده‌ستی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان. ل318)
بازنگ، دروسته.
(ته‌پوتۆزی باغاتی لۆکه،
باغی په‌موو. ل449)
کێڵگه‌ی په‌موو یان لۆکه دروسته نه‌ک باغ.
(قه‌یماغی پێغه‌مبه‌رانه‌مان بۆ دێنن. ل502)
به (قه‌یماغ و پێغه‌مبه‌ر)دا، ڕه‌نگه خوێنه‌ر، (مه‌یموون و مێزه‌ر)ی بیر بکه‌وێته‌وه، ئاخر هیچ قه‌یماغ له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ردا کۆ ناکاته‌وه، ئه‌وه نه‌بێت له هه‌ردووکیاندا، حه‌رفی (غ) هه‌یه.
(ئه‌ی دیلی ئه‌م که‌مانه سهرسامهی له بادا مهبهووره. ل532)
ئه‌م ڕسته‌یه‌یش بێ مانایه و هه‌ر وشه ڕیزکردنه. چونکه ئینبیهار لوتکه‌ی ئیعجابه، که‌واته ئه‌وی مونهبههیر بووبێت، ئیدی له‌مێژه له موعجیب (سه‌رسام)ی تێپه‌ڕاندووه. مهبهوور هه‌ڵه‌یه، مونبههیر دروسته.
(شه‌و و ڕۆژ له (بانوێ)ی عه‌تردا مه‌له ده‌که‌ن. ل367)
بانیۆ نه‌ک بانوێ! ئه‌مه دروست وه‌ک ئه‌وه وایه به ڕادیۆ بڵێین ڕادوێ، یان به یۆنان بڵێین وێنان! ئایا ئه‌وه کۆمیدیای نێو کاره‌سات نییه، که‌سێک ساڵانێکی دوورودرێژ، ده‌یان جار به فیلمی گوتبێت فلیم که ته‌واو هه‌ر مینا ئه‌وه وایه، به جومعه‌ی گوتبێت جوعمه و ئه‌وانه‌یشی پێ گه‌مژه بێت که پێی سه‌رسام نین!
*
(*) به‌ختیار عه‌لی، تا ماته‌می گوڵ، تا خوێنی فریشته، کۆی به‌رهه‌مه شیعرییه‌کان (1983 _ 2004) چاپخانه‌ی ڕه‌نج 2006 سلێمانی.
(**) له هه‌موو نموونه‌کاندا، ڕینووسم بۆ (شاعیر) ڕاست کردووه‌ته‌وه.