
هه‌ژاری ئابوری و هه‌ژاری مه‌عریفی كامه‌یان ترسناكترن .؟
ئێمه‌ی كورد چه‌ندین ساڵ بوو به‌هۆی ئابلوقه‌ی ئابوری دوولایه‌نه له‌هه‌ژارییه‌كی ئابوری قوڕسدا ده‌ژیاین و رۆژگارێكی سه‌ختمان به‌ڕێكرد , كه بریتی بوون له ئابلوقه‌ی ئابوری رژێمی سه‌دام حوسێن له‌لایه‌ك و ئابلوقه‌ی ئابوری نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌كی تره‌وه , به‌ڵام ئێستا ڕوو به‌ڕووی ده‌ردێكی كوشنده‌تر بووینه‌ته‌وه ئه‌ویش هه‌ژاری مه‌عریفییه , واتا دابه‌زینی ئاستی زانست و مه‌عریفه‌یه له‌كوردستاندا , بێگومان ئێستا به‌هۆی ململانێی سیاسی و ئایدۆلۆژی و گرنگی نه‌دان به بواری فیكر‌و زانست و فه‌لسه‌فه , له‌هه‌ژارییه‌كی مه‌عریفی قووڵدا ده‌ژین , هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ی كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكێكی كه‌م ئه‌زموون و نیمچه خوێنده‌وار به‌ڕێوه ده‌چێ , چونكه سیسته‌می سیاسی ئێمه كه دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن له‌دایكبووی بارودۆخێكی نائاساییه‌و به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی گه‌شه‌ی نه‌كردووه , هه‌ر شتێكیش كه بۆخۆی به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی گه‌شه نه‌كات ده‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م هه‌ر گه‌شه‌كردنێكی تریش , بۆیه زانست و فیكرلای ئێمه گیریان خواردووه له‌نێو چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكه‌دا به‌جۆرێك كه توانای گه‌شه‌كردنیان نیه , ئێمه لهواقیعێكدا ده‌ژین كه ئایدۆلۆژیا‌و فیكری حیزبی و مه‌زهه‌بی تیایدا حوكم ده‌كات , ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به هزری دۆگما‌و چه‌قبه‌ستوو ده‌ده‌ن نیو ئه‌وه‌نده گرنگی به زانست و مه‌عریفه ناده‌ن , له‌م وڵاته‌دا مه‌سئولی نامه‌سئول و مه‌سئولی نه‌خوێنده‌وارو مه‌سئولی نیمچه خوێنده‌وار ده‌ستیان به‌سه‌ر كاروباری وڵات‌دا گرتووه , بۆیه ئه‌زموونه‌كه‌مان به‌ره‌و پێشه‌وه ناچێت و وڵاتمان گه‌شه‌ناكات ,
جارێكیان وه‌فدێك له مامۆستایانی كوردستان سه‌ردانی وڵاتی سوید ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌زموونی ئه‌وان شاره‌زابن و چۆنێتی په‌روه‌رده‌و خوێندنی ئه‌وان ببینن تا سودی لێ وه‌ربگرن , وه‌فده‌كه به‌نێو زانكۆ و په‌یمانگاو خوێندنگاكاندا ده‌گه‌رێن و ته‌ماشای ئاستی خوێنكاره‌كان و سلوك و ره‌فتاریان ده‌كه‌ن , پاش ته‌واو بوونی گه‌شته‌كه‌یان ئێواره‌یه‌كیان وه‌فده‌كه له‌شوێنێك ده‌عوه‌ت ده‌كرێن و وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی سوید دێت و قسه‌یان بۆ ده‌كات , پاش گفتوگۆ كردن و بیروڕا گۆڕینه‌وه وه‌زیر لێیان ده‌پرسێت , گه‌شته‌كه‌تان چۆن بوو ئاستی خوێنكارانی ئێمه‌تان چۆن بینی و جیاوازییان له‌گه‌ڵ خوێنكارانی وڵاتی ئێوه چۆنه ؟ مامۆستا كورده‌كان ده‌ڵێن قوربان ئه‌وه‌ی بینیمان پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كانی ئێمه‌بوو , زۆربه‌ی زانكۆكان گه‌ڕاین و بهسهرمانكردنهوه , به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه ئاستی خوێنكارانی ئێوه زۆر خه‌راپه , ته‌نها سه‌دان پانزه‌یان باشن , ئه‌وانه‌ی تر سه‌دان هه‌شتاو پێنجیان زۆر خه‌راپن و له‌ئاستێكی نزمدان , وه‌زیر ده‌ڵێ زۆر ڕاسته . مامۆستاكان ده‌ڵێن له كوردستانی ئێمه ئاستی خوێنكاران زۆر باشتره‌و به‌پێچه‌وانه‌ی ئێوه سه‌دان هه‌شتاوپێنجی باشن و ته‌نها سه‌دان پانزه‌یان خه‌راپن , وه‌زیر ده‌ڵێ زۆر ڕاسته‌و منیش ئه‌وه ده‌زانم , پاشان یه‌كێك له مامۆستاكان ده‌ڵێ : باشه جه‌نابی وه‌زیر هۆكاره‌كه‌ی چیه كه‌وا سه‌ره‌ڕای ئه‌و جیاوازییه زۆره‌ش كه‌چی وڵاتی ئێوه وه‌ها پێشكه‌وتووه‌و وڵاتی ئێمه‌ش هه‌رده‌م لهدواكهوتن دایه‌و پێش ناكه‌وێ , وه‌زیر ده‌ڵێ : هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئێمه كاروباری وڵات به‌و سه‌دان پانزه‌یه ده‌سپێرین كه زۆرباشن , سه‌دان هه‌شتاوپێنجی خهراپهكهش پشتگوێ ده‌خه‌ین و هیچ ئه‌ركێكیان پێ ناسپێرین , به‌ڵام ئێوه به‌پێچه‌وانه‌وه كاروباری وڵاته‌كه‌تان به‌و سه‌دان پانزه‌یه ده‌سپێرن كه زۆر خه‌راپن , سه‌دان هه‌شتاوپێنجی باشهكهش پشتگوێ ده‌خه‌ن نهێنییه‌كه لێره‌دایه , بێگومان ئه‌وه شتێكی زۆر ڕاسته‌و له كوردستانی ئێمه‌دا كاروباری وڵات به‌كه‌سانی حیزبی ده‌سپێردرێ , ئه‌وانه‌ی به پاڵپشتی حیزب قۆناغه‌كانی خوێندن به‌ئاسانی تێده‌په‌ڕێنن و به‌واسیته‌و ساخته‌كاری بڕوانامه به‌ده‌ست دێنن , به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به ڕه‌نج و بازووی خۆیان قۆناغه سه‌خته‌كان ده‌بڕن و بڕوانامه به‌ده‌ست دێنن پشتگوێ ده‌خرێن و ته‌نانه‌ت دامهزراندیشیان زه‌حمه‌ت ده‌بێ , چاره‌نووسی ئه‌م میلله‌ته كه‌وتۆته ده‌ست ئه‌و سه‌دان پانزهیهی كه زۆر خه‌راپن و هیچ نازانن به‌ڵام حیزب پشتگیری‌یان ده‌كات , چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته له‌ده‌ست كه‌سانێك دایه كه جاهیل و نه‌خوێنده‌وارن به‌ڵام حیزبین ,
بێگومان هه‌تا كاروباری وڵاته‌كه‌مان له‌ده‌ستی سه‌دان پانزه‌ی خه‌راپ و نه‌خوێنده‌وارو دزو گه‌نده‌ڵ دابێت و سه‌دان هه‌شتاوپێنجی باشهكهش په‌راوێز بخرێ ئه‌وا كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌هیچ بوارێكه‌وه پێشكه‌وتن به‌خۆیه‌وه نابینێ , چونكه كه‌سانی نه‌خوێنده‌وارو گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆر نه‌ك هه‌ر ناتوانن ڕێنمایی خه‌ڵك بكه‌ن و ببنه چاوساغیان به‌ڵكو ده‌بنه كۆسپی گه‌وره‌ش له‌به‌ر ده‌میاندا , ئێمه له‌بواری زانست و مه‌عریفه‌دا زۆر كۆیله‌و هه‌ژارین بۆیه نه داهێنانمان هه‌یه‌و نه به‌رهه‌ممان هه‌یه‌و هه‌میشه چاومان له‌ده‌ستی خه‌ڵكه , ئێمه گه‌ر له‌بواری زانست و مه‌عریفه‌دا ده‌وڵه‌مه‌ند بین ده‌توانین له‌بواره‌كانی تریشدا په‌ره به تواناكانی خۆمان بده‌ین , وه‌ك بواری پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و بواری په‌له‌وه‌رو ئاژه‌ڵداری و چیتر چاومان له‌ده‌ستی خه‌ڵك نه‌بێ , ئایه كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه په‌نجه‌كانمان بجوڵێنین و ده‌ست و بازوومان بخه‌ینه‌كار , كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه هه‌ندێك له پێداویستییه‌كانی ژیان كه زۆر بنه‌ڕه‌تین به‌ده‌ستی خۆمان دابینیان بكه‌ین , كومان له‌وه‌دانیه كه له‌نێو كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا به‌هره‌ی چاك هه‌یه ده‌ست و په‌نجه‌ی ڕه‌نگین هه‌یه مرۆڤی ئه‌كادیمی زۆره , به‌ڵام هه‌موویان له كون و قوژبنان كه‌وتوون و ده‌سه‌ڵات هیچ بایه‌خیان پێنادات به‌لكو بایه‌خ به كه‌سی حیزبی ده‌دات , جا ئه‌وكه‌سه نهخوێندهواربێ ئاست نزم بێ بێ مه‌عریفه‌ت بێ هه‌رچی هه‌بێ گرنگ نیه , گرنگ ئه‌وه‌یه پیاوی حیزب بێت و كار بۆ حیزب بكات و سه‌مع و تاعه‌ی بۆ حیزب و قائید هه‌بێ , هه‌موو گرفته‌كه‌ش لێره‌دا له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه ئێمه عه‌داله‌تمان نیه , واتا له‌نێو سیسته‌می سیاسی و فه‌رمانڕه‌وایی ئێمه‌دا عه‌داله‌ت بوونی نیه , ئه‌گه‌ر عه‌داله‌ت وه‌كو چه‌مك هه‌شبێ ئه‌وا نه‌توانراوه له‌سه‌ر زه‌وی واقیع و له‌چوارچێوه‌ی سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا كاری پێ بكرێ , بێگومان چه‌مكی عه‌داله‌ت له‌ناو فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا زۆر به‌كاردێت و باسی لێوه‌ده‌كرێ , به‌ڵام هه‌ر قسه‌یه‌و له‌هیچ بوارێكدا پراكتیزه نه‌كراوه , گرفته‌كه‌ش لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه دان به‌ناعه‌داله‌تی خۆماندا نانێین , ئه‌گه‌ر بگه‌ینه ئه‌و ئاسته‌ی كه دان به‌ناعه‌داله‌تی خۆماندا بنێین ئه‌وكاته ده‌بێ به‌دوای پڕهنسیپهكانی عه‌داله‌تدا بگه‌ڕێین و له‌ژیانی خۆماندا په‌یڕه‌وی لێ بكه‌ین , به‌ڵام لێره‌دا ده‌بێ ئه‌و حه‌قیقه‌ته بزانین كه ده‌سه‌ڵات رێگره له‌به‌رده‌م هێنانه‌كایه‌ی عه‌داله‌تدا , چونكه بوونی عه‌داله‌تی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه , ئه‌وان زۆر باش ده‌زانن كه له‌ژێر ڕۆشنایی عه‌داله‌تدا ناتوانن خه‌ڵكی ئاست نزم و گه‌نده‌ڵكار له‌شوێنه گرنگه‌كان دابنێن و , خه‌ڵكی ئه‌كادیمی و پرۆفیشناڵیش پشتگوێ بخه‌ن و له‌كون و قوژبنان بكه‌ون ,
نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی
najataspindary@hotmail.com
تیبینی : ئه‌و بابه‌ته لهروژنامهی (ها ولاتی ) رۆژی یه‌ك شه ممه 16:10:2011 بلاوبۆ ته‌وه