Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئەنارکیزم و ئەنارکۆسەندیکالیزم

ئەنارکیزم و ئەنارکۆسەندیکالیزم

Closed
by October 31, 2011 کتێبخانە


بەڕاییەکی کورت لەمەڕ ئەنارکۆسەندیکالیزم

ئەنارکۆسەندیکالیزم، شێوازی خەبات و ڕێکخستنی ئازادیخوازانەیە لە بواری خەباتی جەماوەریدا، کە لەسەر پایەی خۆڕێکخستن و خۆچالاکی و خۆبڕیرادان و خۆجێبەجێکردنی تاکی چاوساوە لە خواڕەوەڕا لە بنکەی جەماوەریی فراوان و لە ناوەندی ژیانی کۆمەڵایەتیدا وەك ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخستن و چالاکی و فەرمانبەری و جێبەجێکردن لەسەر بنەمای گوێرایەڵیی بۆ سەرەوە و شێوازی قوچکەییانەی(هیراشی) ڕێکخسنی باو، کە دەسەڵات و ئاراستە ڕامیارییە دەسەلاتخوازەکان بۆ ڕاگرتن و پاراستنی سیستەمی چینایەتی، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی پێ لە قاڵب دەدەن و گیانی ئازادیخوازیی و کارابوون  و دەستپێشخەریی لە تاكی چەوساوە دەسێننەوە و دەیکەنە تاکی خۆسباوەڕ و پاشکۆ و ملکەچی بڕیارە پێشتر دریاریکراوەکان. ئەم شێوازە لە کوشتنی گیانی کارابوون و چالاکبوون و بەدەربەستبوون، تەنیا لەلایەن دەسەڵات و پارتە پارلەمانیییەکانەوە نەگیراوەتەبەر، بەڵکو فێرگە و ئاراستە سۆشیالیستییە دەسەڵاتخوازەکان(پڕۆ-مارکسیزمەکان)نیش ئەوەی کە بۆرجوازی نەیتوانیوە کۆمەڵایەتی بکاتەوە، ئەوان بەلەخۆبوردوویەوە بۆ کۆمەڵگەی چینایەتی یەنجامیان داوە.
ئەناکۆسەندیکالیزم وەك ڕێبازی یەکێتیگەرایی شۆڕشگێرانە لەبەرامبەر هەوڵە خۆشباوەڕگەر و خەڵەتینەرەکانی بۆرجوازی بەوەی بە پارانەوە و چاوەڕوانی و متمانە بە نوێنەرە پارلەمانییەکان، بەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان ژیان و گوزەرانی چینە ژێردەستەکان (ناسەروەرەکان) باشتر دەبێت، هەروەها لەبەرامبەر خۆشباوەڕیی و پاشکۆکردنی چین و توێژە ژێردەستەکان لە دووی پارتە ڕامیارییەکانی دەستەبژێران، بەوەی ئەگەر چەوساوان وزە و هێزی خۆیان بکەنە پاڵپشتی پارتی پێشڕەو و دەستەبژێرە فەرماندەرەکەی، ئەوا پاش بەدەسەلاتگەیشتنی ئەو ئاغایانە، چەوساوان بە ئاواتەکانی خۆیان دەگەن و جیاوازییە چینایەتییەکان وەك بەفری بەهاران بە جادووی پێشرەوی ئەوان دەتوێتەوە. ئەنارکۆ سەندیکالیزم لەبەرامبەر ئەو فریوکارییە هەزارانباربووانەدا وەك ئەلتەرناتیڤی خۆڕابوونی چەوساوان و خۆرزگارکردن چەوساوان لە نوێنەرایەتی پارلەومانی و پێشڕەوایەتی دیکتاۆری پارتەکان، وەك وەڵامدانەوە بە پێداویستی خەباتی چینایەتی لە دەروونی خودی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی چەوساوانەوە هاتووەتە مەیدان و هەر لە سەرەتاوە لە شێوەی ڕێکخستن و شێوازی خەبات و میکانیزمەکانی کار و چالاکی و ڕۆڵی تاکە چەوساوەکان لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیاندا لەتەك یەکێتیگەرایی یاسایی و پاشکۆگەرایی پارتە چەپەکاندا سنووربەندی کردووە. لە هزر و ئایدیای ئەنارکۆسەندیکالیستیدا ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و خەباتی کۆمەڵایەتی سەنگەری لاوەکی و کاتی خەباتی چینایەتی نین، بەڵکو تاکە سەنگەری شۆرگێڕانە و چەکی کارای ئەو خەباتە پێکدەهێنن و هاوکات یەکەی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی داهاتوو. لەمەش واوەتر یەکێتییە شۆڕشگێرەکان لە ژیان و کاروبار و چالاکی ڕۆژانەدا هەوڵی لێدان لە پایەکانی سیستەمی چینایەتی دەدەن و دەخوازن هەر ئەمڕۆ و لە دەروونی سیستەمی چینایەتیدا سوونەت و کولتوور و پایەکانی ژیان و مامەڵەی مرۆڤی نوێ جێخستنە بکەن و هاوسەنگی هێز لە خەباتی ڕۆژانەدا بەلای کۆمەڵگەی هاوبەش و هەروەزیدا بشکێننەوە.
جیاوازییە سەرەکییەکانی ئەنارکۆسەندیکالیزم وەك هزر و ئایدیای یەکێتییە شۆڕشگێڕانەکان لەتەك یەکێتییە کلاسیکە یاساییەکان و پاشکۆکان، ئەوەیە، کە لەبەرامبەر ناوەندگەرایی بڕیاردان و سنوورداریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، خۆجێی چالاکی دەکەن و جیهانی بیردەکەنەوە، لەبەرامبەر پێهکاتەی قوچکەیی ڕێکخستندا، خوازیاری یەکێتی پیشەیی یەکگرتوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لەسەر بنەمانی فیدرالیستییە، لەبەرامبەر گوڕیڕایەڵی ناوەندی و یاسا و دەولەت، خەریکی هەڵخڕاندنی خەباتی راستەخۆ و کتوپڕ و مانگرتنی گشتی دەبێت، لەبەرامبەر دەوڵەتیکردنەوە و بازاری لیبراڵ، کار بۆ پێکهێنانی هەرەوەزییە ئازادەکان و خۆبەڕێوەبەرایەتی چین و توێژە بندەستەکانە لە شوێنی کار و ژیانی خۆیاندا، بە واتایەکی دیکە واتە دەستکۆتاکردنی هەنگاوبەهەنگاوی سەروەران و سیستەمی چینایەتی لە ژیانی ڕۆژانەدا پێبەپیی هوشیاربوونەوە و ڕیکخرانوون و دەستبەکاربوون و پەرەگرتنی هیزی یەکگرتووی چەوساوان بۆ سەپاندنی ویست و خواستیان و کۆمەڵایەتیبوونەوەی کولتووری هاوبەشیی و هاریکاری و هەرەوەزی ژیانی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگە ئازادە بێسەروەرەکاندا و کۆتاییهێنانی یەکجاری بە سەرکوت و نایەکسانی و نادادوەری کۆمەڵایەتی. (و.ك)

 

بۆ درێژەی ئەم کتێبە سەیری هاوپێچ بکەن لای دەستی چەپ….

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.