(گه‌ڕانه‌وه بۆ منداڵی له شیعری_له‌ته‌مدا دیارنیم_ی دلاوه‌ر قه‌ره‌داغیدا
په‌یوه‌ندیه‌كی هه‌میشه‌یی‌و پته‌و,له‌نێوان ره‌گه‌زی شیعروته‌مه‌نی منداڵی,وه‌ك بابه‌تێكی شیعری هه‌یه.به‌راده‌یه‌ك كه كه‌م ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی ئێمه هه‌یه,منداڵی وه‌ك قۆناغێكی ژیان ره‌نگی تیادا نه‌دابێته‌وه‌وئاماژه‌ی پێ نه‌كرابێت,هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌زموونی شیعری‌وسایكۆلۆژیه‌تی شاعیرده‌گۆردرێت. به‌ومانایه‌ی شاعیر هه‌یه, له ژێر كاریگه‌ریه‌تیه‌كی قوڵ‌وهه‌میشه‌یی ئه‌و ته‌مه‌نه دایه‌و,له زۆربه‌ی شیعره‌كانیدا,له‌فۆرمی جیاواز ئاماژه‌ی پێ ده‌دات.بێگومان ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به‌و قۆناغه‌ی ته‌مه‌نی مرۆڤه‌وه,كه‌ره‌نگه لای هه‌ندێكمان,هه‌میشه جێگه‌ی رامان‌وگه‌رانه‌وه‌بێت بۆی,به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش لای هه‌ندێكی تریشمان,به‌شێوه‌ی راگوزه‌رو له چوارچێوه‌ی یاده‌وه‌ریه‌كدا,جارناجارێك یادی بكه‌ینه‌وه.وه‌لێ هه‌میشه مرۆڤه‌كان,به هه‌موو جیاوازیه‌كانیانه‌وه,له‌هه‌ر قۆناغێكی ته‌مه‌نیش دابن,ئه‌گه‌ر بۆ جارێكیش بێت,هه‌وڵی ئه‌و گه‌رانه‌وه‌یه ده‌ده‌ن بۆ ته‌مه‌نی منداڵی,كه‌له‌دنیابینی هه‌ر یه‌كێكماندا,به‌هه‌زاره‌هابیره‌وه‌ری تاڵ‌وشیرین‌ودیمه‌نی جوان‌وناشرین نه‌خشێندراوه.به‌تایبه‌تیش كه‌هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له‌و قۆناغه‌دا,به‌سه‌ر مرۆڤ دادێت‌و یاخود ده‌یانبینێت,له هزری ده‌مێنه‌وه‌و,وه‌ك یاده‌وه‌ریه‌ك لای تۆمار ده‌كرێن.كه‌زۆرجار تاكو مردنیش,له دنیابینی ده‌مێنه‌وه.به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ بۆچی ده‌گه‌رێته‌وه منداڵی له كاتێكدا له قۆناغێكی دیكه‌ی ژیان دایه؟ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌وگه‌رانه‌وه‌یه په‌یوه‌ستن به‌چی؟بۆچی ده‌بێ له گه‌وره‌بووندا خۆزگه‌ی گه‌رانه‌وه بۆته‌مه‌نێك بخوازین,كه‌ره‌نگه هیچ خۆشیه‌كمان لێی نه‌بینیبێت؟ئه‌مانه‌و زۆر پرسیاری تریش.كه‌په‌یوه‌ستن به‌و ئاره‌زوه ده‌روونیه‌ی مرۆڤ, كه‌خۆی له‌گه‌رانه‌وه بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌دا ده‌بینێته‌وه.
به‌بۆچوونی من گه‌رچی گه‌رانه‌وه بۆمنداڵی,غه‌ریزه‌یه‌كی سروشتییه له‌ناخی مرۆڤه‌كاندا‌وله‌هه‌ندێ كاتدا په‌یوه‌سته به‌نه‌سته‌وه.وه‌لێ یه‌كێك له پاڵنه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و گه‌رانه‌وه‌یه,هه‌ڵاتنه له ته‌مه‌نی گه‌وره‌یی,وه‌ك قۆناغێكی ژیان كه چه‌ندین ئاریشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌وده‌روونی‌ووجودی تیایه.به‌ومانایه‌ی له‌وته‌مه‌ندا مرۆڤ رووبه‌رووی هه‌زاره‌ها پرسیاری فه‌لسه‌فی‌وهاوكات,هه‌زاره‌ها كێشه‌و تراژیدیای ئنسانیانه ده‌بێته‌وه,كه‌دواجار ئه‌و هه‌سته‌ی لادروست ده‌كه‌ن,كه قێز له‌و ته‌مه‌نی بكاته‌وه.به‌مانایه‌كی تر باوه‌ش كردنه‌وه به‌منداڵی له ئاستێكی فه‌نتازیدا,هه‌وڵدانه بۆ ده‌رچوون له‌و به‌یه‌كدادانه‌ی,ئه‌وته‌مه‌نه ی ژیان,له‌گه‌ڵ شوێنگه‌وزه‌مه‌نی بووندا.چونكه هه‌میشه منداڵی ته‌مه‌نێكی پر به‌رائه‌ت‌وجوان‌ودوورله ژاوه‌ژاوه‌و جه‌نجاڵی ژیانه.ته‌مه‌نێكه مرۆڤ كه‌مترین حه‌سره‌ت‌ودرككردن‌وهه‌ستكردنی هه‌یه به تراژیدیاكانی بوون‌وژیان. به‌تایبه‌تیش له كاتێكدا,كه‌تادێ گه‌وره‌بوون نه‌ك هه‌ر كاره‌ساته,به‌ڵكو ژیان ناشرینتروكاره‌ساتاوی تر ده‌كات .ئێمه له‌زه‌مه‌نێكدا ده‌ژین,كه‌زه‌مه‌نی نامیهره‌بانی‌وخاڵی له‌سۆز‌وخۆشه‌ویستی‌ومرۆڤدۆستییه.ئیدی بۆ ئاره‌زوو نه‌كه‌ین بگه‌رێینه‌وه بۆ منداڵی,كه‌هێشتا نیگاكانمان,ئاوێته‌ی ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌سات‌وتراژیدیانه‌ی ژیان نه‌بووبون,كه گه‌وره‌بوون له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆمانی هێنا.منداڵییه‌ك كه‌ته‌ژیه له پاكی‌وساده‌یی‌وخاكه‌رایی ژیان.وه‌لێ ئایا ده‌توانین,جارێكی تر منداڵ ببینه‌وه؟ ئه‌مه له خه‌ونێك به‌ولاوه هیچی تره؟ شیعری(له‌ته‌مدا دیارنیم*) هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره‌یه كه‌باسمان كرد,كه ئه‌ویش گوتاری گه‌رانه‌وه‌یه بۆ منداڵی.بۆیه‌شه شاعیر له‌رێی وێنه شیعریه‌كانه‌وه,جارێكی تر دنیای منداڵی, وه‌ك فیلمێكی سینه‌مایی, دێنێته‌وه به‌رچاوی ئێمه‌و,ئه‌و یاده‌وه‌ری‌وگه‌مانه‌مان پیشان ده‌داته‌وه, كه‌ئه‌و له‌و ته‌مه‌ندا وازی كردوون.شاعیر یه‌كێكه,له دیارترین ئه‌و شاعیره كوردانه‌ی له‌شیعره‌كانیدا,به‌به‌رده‌وامی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ته‌مه‌نی منداڵی‌وسه‌ربورده‌كانی ئه‌و ته‌مه‌نه مان بۆ ده‌گێرێته‌وه.منداڵی وه‌ك بابه‌تێكی شیعری گه‌وره‌ترین پانتایی شیعری له ئه‌زموونی شیعری ئه‌و شاعیره‌داگرتووه.به‌راده‌یه‌ك كه‌م تێكستی شیعری ئه‌و شاعیره‌هه‌یه,ئێمه وه‌ك خوێنه‌رێك تیایدا‌هه‌ست به‌و گه‌رانه‌وه‌یه‌ی شاعیر نه‌كه‌ین بۆ منداڵی,به‌گوتارودنیابینی جیاوازه‌وه.واته شاعیر به‌به‌رده‌وامی جارێكی تر وه‌ك فیلمێكی سینه‌مایی سه‌ربورده‌كانی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی خۆیمان پیشان ده‌داته‌وه‌وله شیعردا ,وێنه‌كان ته‌وزیف ده‌كاته‌وه.وه‌لێ به‌بۆچوونی من له‌و ده‌قه‌یدا,شاعیر به‌گوتارودنیابینیه‌كی دیكه‌وه,ئه‌و كرداره كه‌ئه‌ویش گه‌رانه‌وه‌یه بۆ منداڵی,به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه له فۆرمێكی دیكه‌ی شیعریدا.به‌بۆچوونی من ئه‌و ده‌قه هێنده‌ی به ته‌كنیكی چیرۆك نووسراوه,هێنده فۆرمێكی شیعری دیاریكراوی نییه,به‌ومانایه‌ی له‌و شیعره‌ی شاعیردا ,هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌زانه ده‌بینین كه‌له بونیادی چیرۆك دانه.وه‌ك كات‌وشوێن‌ورووداووبگره كه‌سایه‌تیه‌كانیش.چونكه شاعیر له‌و ده‌قه‌یدا ئاماژه به‌و لایه‌نانه هه‌مووی ده‌كات.به‌ده‌ربرینێكی تر چیرۆكی منداڵیه‌تی خۆی له‌رێی ته‌كنیكی بوون به‌كاره‌كته‌ری منداله‌وه,له‌و شیعره‌دا وێنا ده‌كات.له‌راستیدا یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندیه ئه‌ده‌بیانه‌ی,كه ئه‌زموونی شیعری ئه‌و شاعیره,له‌رووی بابه‌تی گه‌رانه‌وه بۆمنداڵی له شیعردا,له ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی تر جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه,كه‌شاعیر منداڵی وه‌ك بابه‌تێك ناهێنێته‌وه نێو شیعر,به پێچه‌وانه‌وه به‌لكو خۆی منداڵ ده‌بێته‌وه‌و,جارێكی ترئه‌وكرداروهه‌ڵسوكه‌وت‌وره‌فتاروتێگه‌یشتنانه‌مان بۆ وازی ده‌كاته‌وه كه‌له‌منداڵیدا كردوونی.كه ئه‌مه‌ش جوانترین وێنه‌وگوتاری شیعریه له‌شیعری ئه‌و شاعیره‌دا.به‌ده‌ربرینێكی تر ئه‌گه‌ر شاعیرانی تر,له‌رێی پرۆسه‌ی گێرانه‌وه‌و نوێكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی منداڵی له‌رێی وێنه‌ی شیعریه‌وه,ئاماژه به‌و ته‌مه‌نه‌ی خۆیان بده‌ن,به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و شاعیر به‌هه‌موو ئحساسه‌كانیه‌وه منداڵ ده‌بێته‌وه.بێگومان جیاوازیه‌كی زۆریش هه‌یه له‌نێوان ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ له شیعردا, منداڵ ببێته‌وه‌وجارێكی تر, بچێته‌وه نێو ئه‌وكه‌شه‌و رۆَلی كاره‌كته‌ری منداڵ ببینێت,له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی منداڵی وه‌ك قۆناغێكی ته‌مه‌ن,جارێكی تر له‌رێی وه‌سفه‌وه بهێندرێته‌وه نێو شیعر.چونكه له‌حاڵه‌تی یه‌كه‌میاندا,مرۆڤ وه‌ك خۆی به‌هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت‌ودنیابینی‌وخه‌سڵه‌تی سایكۆلۆژی‌وپه‌روه‌رده‌یی ده‌بێته‌وه منداڵ,به‌مه‌ش باشتر ده‌توانێت گوزارشت له‌وته‌مه‌ن‌وقۆناغه بكات‌ومه‌به‌سته‌كان بپێكێ.به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی جارێكی تر, له‌گه‌وره‌ییدا ئه‌و گوزارشته بكات.به‌دڵنیایه‌وه هیچ كاتێك‌وهیچ مرۆڤێكیش له‌گه‌وره‌ییدا ناتوانێ وه‌كوخۆی,منداڵیه‌تی خۆی, وێنا بكاته‌وه,ئه‌گه‌ر جارێكی تر نه‌بێته‌وه به‌كاره‌كته‌رێكی منداڵ به‌هه‌موو هه‌ست‌ونه‌ست‌وجوانی‌وپاكی‌ولاسارییه‌كانیه‌وه.بۆیه‌شه شاعیر له شیعری له‌ته‌مدا دیار نیم نایه‌ت گوزارشت له‌منداڵیه‌تی خۆی بكات,به‌ڵكو خۆی منداڵ ده‌كاته‌وه.ئه‌مه‌ش وه‌ك باسمان كرد ئه‌وپه‌ری ئستاتیكای ئه‌وده‌قه شیعریه‌یه,كه جیاوازه له ئه‌زموونی شیعری هه‌ر شاعیرێكی تر له گه‌رانه‌وه‌ی بۆمنداڵی.هه‌ر وه‌ك شاعیر ده‌ڵێ:_
ئه‌مه ماڵه‌كه‌مه..
ئه‌وه‌ش منم كه‌یاری ده‌كه‌م..
له‌ته‌مدا دیارنیم…
ئه‌وده‌رگایه‌ش كه تا سه‌ر ئه‌ژنۆ..له‌هه‌تاودا نوقمه..
ده‌رگای باخه‌كه‌مه..
گه‌رله‌ده‌رزی په‌نجه‌ره‌كه‌ی به‌رانبه‌ره‌وه بنۆریت..
ده‌بینیت میوانێكی نیگه‌ران…
ئێواران به‌زه‌میلیه‌یه‌ك بارانه‌وه…
ئێمه وتمان كه‌بونیادی ئه‌و شیعره, له‌رووی هونه‌ریه‌وه بونیادێكی چیرۆك ئامێزه.به‌ومانایه‌ی هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی له چیرۆكدا بونیان هه‌یه له‌و شعره‌شدا ده‌بینرێن.ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنج له‌و كۆپڵه شیعریه بده‌ین ده‌بینین,هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی وه‌ك شوێن,كات,كاره‌كته‌روزه‌مه‌ن‌و بگره رووداویش,بوونیان هه‌یه.شاعیر له‌رێی فلاش باگه‌وه,كه‌ته‌كنیكێكی چیرۆكه,ده‌گه‌رێته‌وه سه‌رده‌می منداڵی‌وله‌چوارچێوه‌ی,دیدێكی خه‌یاڵاویه‌وه خۆی ده‌كاته‌وه منداڵه‌كه‌ی دوێنێ‌وبه‌وردی هه‌موو ئه‌و شوێن‌وكات‌ومرۆڤانه‌مان بیردێنێته‌وه,كه ئه‌و بینیویه‌تی.شاعیر له‌و ده‌ربرینه‌شیعریه‌دا,بۆنموونه ناڵێت,به‌بیرم دێت به پێچه‌وانه‌وه ,به‌لكو وه‌ك باسمان كرد منداڵ ده‌بێته‌وه.ئه‌و له‌گه‌وره‌ییدا,جارێكی تر به‌هه‌موو هه‌ست‌ونه‌سته‌كانی منداڵیه‌تی,چه‌ندین ساڵ ده‌گه‌رێته‌وه دواوه‌وقۆناغی گه‌وره‌یی جێدێلێت‌وله ئاستی خه‌یاڵدا,نه‌ك به‌جه‌سته‌و روح ده‌ست ده‌كاته‌وه,به یاریه‌كانی منداڵی‌وبه چاوی ئه‌وكات,كه‌سه‌رده‌می خۆشه‌ویستی‌ومیهره‌بانی‌وجوانی‌وپاكی بوو,دنیاده‌بینێت.واته شاعیر له‌بڕی ئه‌وه‌ی منداڵی بێنێته‌وه نێو شیعر وه‌ك باسمان كرد,به‌پێچه‌وانه‌وه به‌ڵكو خۆی منداڵ ده‌بێته‌وه,ئه‌مه‌ش ئه‌و جیاكاریه‌یه كه له شیعری شاعیرانی تر بوونی نیه.لێره‌وه‌ش فه‌زای ئه‌و ده‌قه شیعریه,فه‌زایه‌كی ته‌واو منداڵیانه‌یه.به‌و مانایه‌ی كاتێ ده‌یخوێنینه‌وه,هه‌ست به‌و دنیایه ده‌كه‌ین,كه‌منداڵ له سه‌رده‌می منداڵیه‌تی خۆی هه‌یه‌تی. به‌تایبه‌تیش كه شاعیر راسته‌وخۆ,به‌ده‌ر له‌هه‌ر جۆره سیمبولێك هه‌مان ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت‌وژینگه‌وشوێنی منداڵیه‌تی خۆی وازی ده‌كاته‌وه.
ره‌نگه یه‌كێك له‌لایه‌نه جوانه‌كانی,ته‌مه‌نی منداڵی مرۆڤ ئه‌وه‌بێت,كه ژیانێكی ساده‌و ساكاروبێ ژاوه‌ژاوه‌ی ژیان ده‌ژیت.بوونی مرۆڤ له‌وته‌مه‌نه‌دا, هێنده‌ی بوونێكی ساده‌وبێ سانسۆره,هێنده بوونێكی ئه‌نتۆلۆژی‌و فه‌لسه‌فی گه‌وره نییه,كه‌سه‌ره‌نجام مرۆڤ رووبه‌رووی هه‌زاران پرسیاری بێ وه‌ڵام بكاته‌وه. به‌ده‌ربرینێكی تر منداڵ,ژیانی خۆی له چوارچێوه‌ی ئه‌وجوگرافیه بچوكه ده‌بینێت كه‌تیایدا ده‌ژیت‌و واهه‌ست ده‌كات,هه‌موو دنیا ته‌نیا ئه‌و كۆَڵانه‌یه كه ئه‌و یاری تێدا ده‌كات.بۆیه‌شه هیچ ته‌مه‌نێك به قه‌د ته‌مه‌نی منداڵی بۆمرۆڤ,مایه‌ی جوانی‌وخۆشه‌ویستی‌وئه‌وپه‌ری سنووره‌كانی ئازادی نییه.به‌ومانایه‌ی ئه‌و هێشتا نه‌چۆته نێو ته‌مه‌نی گه‌وره‌بوونه‌وه, كه‌تیایدا,هه‌ست به‌نه‌هامه‌تی‌وتراژیدیای گه‌وره‌ی ژیان بكات.بۆیه واده‌زانێت ژیان هه‌رته‌نیا ئه‌و ساتانه‌یه كه ئه‌وی تێدایه.كاتێ ئه‌و ته‌مه‌نش جێدێڵێت‌وگه‌وره ده‌بێت, ئه‌وسا تێده‌گات گه‌وره‌بوون‌و ماڵئاوایی كردن له‌ته‌مه‌نی منداڵی چ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه.هه‌روه‌ك شاعیر ده‌ڵێ:_
ئه‌وه دیوی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌م بوو…
گه‌رچی له‌به‌ر یاریی..
له‌ته‌مدا دیار نیم..به‌ڵام ئازادم..
ئه‌م شوێنه سنووری منه له ئێواره‌وه تا ئه‌ستێره…
ئه‌مه وێناكردنی ئه‌و چركه‌ساتانه‌یه,كه‌هه‌ریه‌ك له ئێمه له‌ته‌مه‌نی منداڵی‌دا,تیایدا ژیاوین.ئه‌ویش چركه‌كانی گاڵته‌وگه‌مه‌كردنه‌له‌كۆڵانه‌كانی شاردا له‌گه‌ڵ هاورێكانمان.ئه‌وچه‌ند ساتانه‌ی منداڵ جگه له‌خه‌ونه ره‌نگاوره‌نگه‌كانی خۆی,بیری به‌لای هیچ شتێكی ترداناچێت,ته‌مه‌نێك كه‌هێشتا هزری مرۆڤ به‌رووی هه‌زاره‌ها,ئاریشه‌ی ژیان نه‌كراوه‌ته‌وه.به‌پێچه‌وانه‌وه, به‌لكو ئه‌وته‌نیا ده‌زانێت,له به‌یانیه‌وه تاشه‌و له كۆڵاندا یاری بكات.كاتێ گه‌وره‌ییش رووی تێده‌كات وبه‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات,ده‌كه‌وێته نێو ئه‌و ژیانه سه‌خته‌وه,ئه‌وساتێده‌گات كه چ كاره‌ساتێك روویداوه.ره‌نگه قورسترین‌وتراژیدیترین,رووداو له ژیانی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی شاعیردا,ئه‌وگه‌وره‌بوونه كتوپره بێت,كه‌به‌سه‌ر ژیانیان داهات. گه‌وره‌بوونێك كه‌خۆشیان نازانن,چۆن وابه خێرایی هات‌وبه‌ناچاری ته‌مه‌نی منداڵی‌وهه‌رزه‌یی پێ جێهێشتن‌و هه‌ریه‌كه‌یانی رووبه‌رووی چاره‌نووسێكی نادیار‌وپر له‌مه‌رگ كرده‌وه.به‌تایبه‌تیش نه‌وه‌ی شاعیر,به‌گشتی تاڵاوی جه‌نگێكی سه‌ختیان چه‌شت‌وهه‌موویان نه‌هه‌ماتیه‌كانی جه‌نگی ساڵانی هه‌شتاكانیان بینی‌و به‌و هۆیه‌وه,سه‌دان هه‌زار هاورێی له یه‌كتری كرد.ئه‌م له‌یه‌كتركردنه‌ودابرانه سه‌خته له‌رووی ده‌روونی‌وروحیه‌وه,بۆ شاعیر زامێكی گه‌وره‌و به سوێیه كه‌وه‌ك تراژیدیایه‌ك له یاده‌وه‌ری ماوه‌ته‌وه,بۆیه شاعیر به‌تاسه‌وه ئه‌و رۆژانه دێنێته‌وه نێو یاده‌وه‌ریه‌كانی.وێنه‌ی ئه‌و هاورێیانه‌ی خۆی دێنه‌وه به‌رچاو,كه‌هه‌ر یه‌كه‌یان به‌كاره‌ساتێكه‌وه,مردن یاخود سه‌ختی ژیان ته‌نگی پێ هه‌ڵچنین.هه‌روه‌ك شاعیر ده‌لێ:_
هاورێكانم..ده‌بینم
شه‌كه‌ت‌ونائومێد..په‌ژێوان
به‌وبه‌فره‌دا…
به‌سواری ئه‌سپی سپیه‌وه…
له‌سه‌فه‌ری شاره دووره‌كان..دێنه‌وه…
ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت,كه هاورێكانی شاعیر وه‌ك به‌شێك له ئاماژه مێژوویی‌وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی,شوناسی نه‌وه‌ی ئه‌و,هه‌ریه‌كه‌یان رووبه‌رووی چاره‌نووسێكی نادیار بوونه‌وه‌و,خۆشیان نه‌یانزانی كه‌چۆن وابه كتوپر‌وخێرایی منداڵیان,وه‌ك ته‌مه‌نێكی پر له به‌رائه‌ت جێ هێشتوو,گه‌وره‌یی وه‌ك كاره‌ساتێك رووی تێ كردن.گه‌رانه‌وه به سواری ئه‌سپی سپی ,هێمایه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و نه‌وه‌یه,نه‌هامه‌تی‌و تراژیدیاكانی ژیان,خێرا سه‌ری پێ سپی كردن,سپی بوونی قژیش ده‌لاله‌تێكه,بۆ نزیك بوونه‌وه‌ی,له‌دواوێستگه‌ی ژیان,كه ئه‌ویش مردنه.به‌ده‌ربرینێكی تر شاعیرده‌یه‌وێت,ئه‌و په‌یامه به ئێمه بگه یه‌نێت كه ژیان‌وته‌مه‌نی ئه‌وان چ به‌خێرایی هات‌وگوزه‌شت.ئیدی له نێو تاڵاوی ئه‌و گه‌وره‌بوونه‌ی ته‌مه‌ندا,جگه له گه‌رانه‌وه,بۆكۆڵانه‌كانی منداڵی‌وكردنی پیاسه‌ی ئێوارانێك,له‌گه‌ڵ هاورێكانیدا,هیچ ئاره‌زووێكی تری نییه.به‌ومانایه‌ی باشترین شوێن,بۆ دووركه‌وتنه‌وه له نه‌هامه‌تیه‌كانی ئێستای ژیانی شاعیردا,كه‌ده‌ره‌نجامی گه‌وره‌بوونیه‌تی,گه‌رانه‌وه‌یه بۆ منداڵی.ئیدی له‌وێوه‌ش وێنای خه‌مه‌كانی هاورێكانی ده‌كات‌و,به تاسه‌وه به ئێمه ده‌لێت,كه‌نه‌وه‌یه‌كی چه‌ند به‌دبه‌خت بوون,هه‌روه‌ك شاعیر خۆشی ده‌ڵێ:_
هاورێمن
ئێواره‌یه‌كیان..له‌پڕ گه‌وره‌ده‌بن…
پاشان له شه‌ره‌كاندا ده‌كوژرێن…
شاعیر ده‌گه‌رێته‌وه,نێو ژیانی ساده‌و ساكاری كۆمه‌ڵی كورده‌واری‌و له‌رێی وێنه‌یه‌كی شیعریه‌وه,ئه‌و چه‌ندساتانه‌مان بیردێنێته‌وه,كه‌تیایدا ژیان چه‌نێ جوان‌وپاك‌وته‌ژی له خۆشه‌ویستی‌ومیهره‌بانی نێوان كه‌سه‌كان بوو.ئه‌و ساتانه‌ی مرۆڤه‌كان له سه‌ر یه‌ك خوان كۆده‌بوونه‌وه,دنیایه‌ك خۆشه‌ویستی‌ومیهره‌بانی له نێوانیان داهه‌بوو.سه‌رده‌مانێكی زوو كه هێشتا مرۆڤ نه‌بوبوه,ئه‌و بوونه‌وه‌ره جه‌لاده‌ی هه‌مووشتێك بكات,له پێناو نه‌رجسیه‌تی خۆی.سه‌رده‌مانێك كه‌مرۆڤ ساده‌وساكار ده‌ژیاو,هیچی نه‌بوو وه‌لێ گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی هه‌بوو,كه ئه‌ویش به‌خته‌وه‌ری بوو.به‌پێچه‌وانه‌ی ئێستا كه‌هه‌مووشتێكی هه‌یه وه‌لێ ئاسوده‌یی نییه. كه‌واته مرۆڤ با باڵاخانه‌ی به‌رز‌وشه‌قامی جوان‌وشاری گه‌ش‌ورازه‌وه‌ی هه‌بێت,بامرۆڤ هه‌موو پێداویستیه‌كی ژیانیشی هه‌بێت .كه ئاسوده‌یی نه‌بوو,چ ده‌كات.ئه‌وه‌نییه له ئێستادا ئێمه ژیانێك ده‌ژین,له‌و په‌ری پێشكه‌وتوو مۆدیرن‌ونوێ ,كه‌چی هه‌میشه‌ش هه‌ست به نائومێدی‌ونائاسوده‌یی ده‌كه‌ین له‌ژیاندا‌و به‌رده‌وام واهه‌ست ده‌كه‌ین,شتێكمان ونكردوه‌وبۆی ده‌گه‌رێین,كه واته ژیان بێ ئاسوده‌یی‌وبه‌خته‌وه‌ری چ مانایه‌كی هه‌یه, ئه‌وه نییه شاعیر به نائومێدیه‌كی زۆره‌وه له‌و مۆدێرنیه‌ته‌ی ئێستادا ده‌ڵێ:_
نازه‌نین..زۆپاكه ده‌كوژێنێته‌وه‌و..
چراكه كزده‌كا….
لێفه‌كه به خۆمدا ده‌ده‌م..!!!
ئه‌فسوس هاورێ,ئیدی تاهه‌تایه نه چراكان ماون,تا كز كرێن‌ونه‌لێفه‌ش ماوه به خۆمانی دابده‌ین.چیتریش باوكمان,له باغه‌كه دانانیشێت‌وهاوكات,تاهه‌تایه‌ش نه‌نكمان له نێومان دانیه ,تا دوعامان بۆ بكات.ئه‌فسوس هاورێ ئه‌و زه‌مه‌نه گوزه‌شت,ئیدی هه‌موومان چیتر مرۆڤه پاك‌ومیهره‌بان‌وجوانه‌كه‌ی دوێنێ نین,به‌لكو رۆبۆتێكی بێ هه‌ست‌وگیانین,ئه‌فسوس…هه‌زاران جاریش ئه‌فسوس..!!!
تێبینی/ له ته‌مدا دیار نیم ,شیعرێكی (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) شاعیره‌وه,له ژماره 170ی رۆژی 5/7/2011 گۆڤاری رامان بڵاوكراوه‌ته‌وه……
*ئه‌م بابه‌ته له ژماره(236) رۆژی 15/8/2011پاشكۆی ئه‌ده‌بی ره‌خنه‌ی چاودێری رۆژنامه‌ی چاو‌دێر بڵاوكراوه‌ته‌وه…
سه‌دیق سه‌عید رواندزی