Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
هه‌ركه‌س گووی خۆی، به‌ كڵاوی خۆی بپێوێ !

هه‌ركه‌س گووی خۆی، به‌ كڵاوی خۆی بپێوێ !

Closed

چیرۆك:

ئه‌و كڵاوه‌ی زستانی پار خووم پێوه‌ گرتبوو و له‌سه‌رم ده‌نا، خه‌ڵكی شار پێكه‌نینیان ده‌هاتێ، هه‌ستێكی وای لا چێ كردبووم، هێنده‌ی نه‌مابوو هه‌ر به‌ یه‌كجاری ئێخه‌گیـری به‌ڵایه‌كی دیكه‌ بم. وه‌ختێ له‌ماڵ ده‌ر ده‌كه‌وتم، به‌ تێكڕا چاوی حه‌شاماتی ده‌وروبه‌ر له‌ هه‌نگاوه‌كانم تێكده‌ئاڵان، گوێم لێده‌بوو، ده‌یانگوت: ئه‌وه‌ قوونی به‌ ده‌ركه‌وتووه‌ و ئاگای له‌خۆ نییه‌..
هه‌رچۆنێ بێ، سه‌ری كاسم به‌بێ كڵاو ڕاهێنایه‌وه‌، به‌ڵام سه‌یره‌، وا به‌م قرپه‌ی هاوینه‌ نرخی كڵاو له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، تمه‌س خه‌ڵكی شار هه‌موو، په‌یتا په‌یتا له‌و كڵاوه‌ی من له‌سه‌ره‌ خۆ ده‌نێن، سه‌یرتر له‌وه‌ش، لێره‌ و له‌وێ گوێم له‌ باسی قوونبه‌ده‌ریی خۆم ده‌بێ.
حه‌ی! وه‌خته‌ هه‌مدیس ڕووتم ده‌كه‌نه‌وه‌..
ئێستا ده‌مه‌وێ، هه‌ركه‌ زستانێ داهات، جوان جوان، بچم گوویه‌كی عه‌نتیكه‌ له‌ كڵاوه‌كه‌ی خۆم بكه‌م. ئه‌ڵێم: به‌شكو تا هاوینی داهاتوو دێته‌وه‌، فێر بن: هه‌ركه‌س گووی خۆی به‌ كڵاوی خۆی بپێوێ.

قاموسی قه‌دیم

جارێكیان دایكم گوتی: هه‌ر باشه‌ باشه‌.
عه‌مه‌ فه‌خرێ: نا.. باشه‌ باش نییه‌، باشه‌ی باش، باشه‌. (ئینجا بیرم دێ، ئه‌وه‌ی به‌ توركمانی گوت).
منیش به‌ باشم زانی، ئه‌م گفتوگۆیه‌، به‌ دزییه‌وه‌، له‌ ده‌فته‌ری یاده‌وه‌رییه‌كانی داپیره‌مدا بنووسمه‌وه‌، قیروسیا ئه‌گه‌ر كه‌سانێك هه‌ن، ئه‌مه‌ بزانن، ئه‌وا پێده‌چێ به‌ (ته‌حریف)ی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن و به‌ ته‌زویرچیم بزانن، به‌ڵام ئاخر تۆ پێتوایه‌ ئه‌مه‌، تێڕوانینی سه‌رده‌مێكه‌، تێدا: حه‌بی كه‌بسول (سه‌ڵفاته‌)بووه‌ و ده‌رزی (شورینقه‌)و ئینفله‌وه‌نزایش: قه‌نزه‌وه‌نزه‌!

سیانزه‌ كه‌س

پێویسته‌ پۆلیسی ئه‌م شاره‌ بزانێت، كه‌ من بكوژی سیانزه‌ كه‌سم، بۆیه‌ هه‌رچی زووه‌ نزیكترین بنكه‌ی پۆلیس له‌م كاره‌ساته‌ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام بیرتان نه‌چێت، ئه‌و سیانزه‌ كه‌سه‌ی كه‌ من بكوژیانم:
–    پێنجیان له‌ داخی چیرۆكێكما خۆیان خنكاندووه‌.
–    سێیان به‌ هۆی منه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ژنه‌كانیان به‌شه‌ڕ هاتبوون و ئیدی ئاوا…
–    دوویان، بێ ئه‌وه‌ی بزانن مه‌سه‌له‌ چییه‌، خۆیان دابووه‌ پاڵ ئه‌مانه‌ و وتبوویان: سه‌رو چل ساڵ ژیاوین، كه‌چی تا ئێستا ته‌نانه‌ت (ئه‌وه‌)ی مێینه‌یه‌كمان نه‌دیوه‌..
–    سێیانی تریان پێیانوابوو، من سه‌گ و سه‌گبابم و ده‌بێ هه‌رچی زووه‌ له‌ كۆڵی ئه‌م شاره‌ بكرێمه‌وه‌، ده‌نا ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌و ده‌ كه‌سه‌ی پێشوو خۆیان ئه‌كوژن و هه‌روایشیان كرد.
ئیدی ئه‌وه‌تا، ئه‌و سیانزه‌ كه‌سه‌ وه‌كی زۆربه‌ی مرۆڤایه‌تی، له‌ داخ ماڵه‌هاوسێیا، قوونی خۆیان دڕی!!


ئاری عوسمان خه‌یات

ari.xeyat@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.