
ورده‌کارییه‌کانی حه‌ج له ئیسلامدا به ……
ورده‌کارییه‌کانی حه‌ج له ئیسلامدا به به‌راوورد له‌گه‌ڵ دینه‌کانی پێش خۆیدا
ئه‌م وتاره له دوو به‌ش پێک هاتووه, له به‌شی یه‌که‌مدا ورده‌کارییه‌کانی به‌جێهێنانی حه‌ج له ئیسلامدا باس ده‌که‌ین و له به‌شی دووهه‌مدا ورده‌کارییه‌کانی حه‌ج له پێش ئیسلام له نێو هۆز و تیره جیاجیاکانی نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی له ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی سه‌رچاوه مێژوویه باوه‌ڕپێکراوه‌کانه‌وه ڕوون ده‌که‌ینه‌وه و خاڵه له یه‌کچوو و جیاوازه‌کانیان ده‌خه‌ینه ڕوو. خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر شاره‌زای ورده‌كاری و هه‌نگاوه‌كانی حه‌جكردن بێت له ئیسلامدا ئه‌وا ده‌توانێت ڕاسته‌وخۆ بچێته سه‌ر به‌شی دووهه‌م، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وه پیویستی به‌وه ده‌بێت، كه به‌شی یه‌که‌م به وردی بخوێنێته‌وه.
——- به‌شی یه‌که‌م ——–
حه‌جکردن له ئیسلامدا:
حه‌ج له ئیسلامدا به پایه‌یه‌کی گرنگی پێنج پایه‌که‌ی هه‌ژمار ده‌کرێت. بریتیه له سه‌ردانی ماڵی خوا، که که‌وتۆته شاری مه‌ککه‌ی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌وه، تیایدا موسوڵمانان ئه‌رکه‌کانی حه‌ج و عه‌مره به‌جێ ده‌هێنن. حه‌ج ته‌نها جارێک له ته‌مه‌نی موسوڵماندا فه‌رز کراوه و ئه‌و مسوسوڵمانه‌ی له تونایدا بێت و به‌جێێ نه‌هێنێت، به موسوڵمان له قه‌ڵه‌م نادرێت. حه‌ج سێ جۆری هه‌یه:
ـ افراد: به‌جێهێنانی حه‌جه به‌بێ عومره.
ـ قران: به‌جێهێنانی حه‌ج و عومره‌یه پێکه‌وه.
ـ ته‌مه‌توع: به‌جێهێنانی عومره‌یه له مانگه‌کانی حه‌جدا، که بریتین له (شَوَّالٌ و ذُو الْقَعْدَةِ و ١٠ ڕۆژی ذُو الْحِجَّةِ)، هه‌روه‌ها به‌جێهێنانی حه‌جیشه له هه‌مان ساڵدا.
عومره:
له ڕێگای چوونیان بۆ ماڵی خوا، موسوڵمانان ده‌بێت ئاگاداری ئه‌و سنووره جوگرافیاییه بن، که پێی ده‌وترێت سنووره‌کانی ئیحرام، واته سنووره‌کانی نیه‌تهێنان. ئه‌و سنوورانه، که بریتین له چه‌ند خاڵێک و هه‌ر خاڵێکیش له گوندێک، یاخود شارۆچکه‌یه‌ک پێک هاتووه و به میقات، واته شوێن ناونراوه، کاتی خۆی له سه‌رده‌می په‌یامبه‌ری ئیسلامدا به چوارده‌وری مه‌ککه‌دا بۆ وڵاتانی دراوسێی مه‌ککه دیاری کراون.