Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
ئاڵای كوردستان و هەوڵەكانی سەرقاڵكردنی كورد

ئاڵای كوردستان و هەوڵەكانی سەرقاڵكردنی كورد

Closed
by November 6, 2011 گشتی

پرسی هێنانە خوارەوەی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگا فەرمییەكان لەخانەقین، بەبڕیاری حكومەتی بەغدا، مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوەی سەرنجی منی راكێشا ئەوەیە كە تاكو ئێستاش وێڕای ئەوەی لەلایان روونە، بەڵام رایەكی رەسمی و یەكگرتووی فراكسیۆنە كوردستانییەكان نییە لەوەی ئایا سەرچاوەی ئەم بڕیارە كێیە؟!
لای خۆمەوە زۆر جار باسی پێویستی هەبوونی ئەجێندایەكی هاوبەشی هۆشیار و ئامانجداری میللیم كردووە، هەر لەوكاتەی بەرپرسیارەتییەكی رەسمیم لەئەستۆ بووە، تاكو ئێستاش هەوڵی وروژاندنی ئەو باسەم داوە، كە گەر بێتو ئێمە خۆمان بە زانیاری دروست و پلانی ورد و ئەجێندایەكی میللی فیدراڵی چەكدار نەكەین، ئەوا نەك تەنها پرسی ئاڵا بگرە تاكڕەو و ناسیۆنالیستەكانی عەرەب هەر ڕۆژەو بە بەرنامەیەكی جیاواز و پیلان بۆ داڕێژراو، هێرش دەكەنە سەرمان و سەرقاڵمان دەكەن بەو پرسانەی كە لامان گرنگن، بۆ ئەوەی دوورمان بخەنەوە لەدەستكەوتەكانمان و هەوڵی جێبەجێكردنی مافە دەستورییەكانمان، ئەویش بەمەبەستی:
• پەنچەركردنی بارهەڵگری دەستوری فیدڕاڵی.
• گەڕانەوە بۆ حكومەتێكی سەنترالیستی خۆسەپێن.
• لەباربردنی گشت دەستكەوتە گرنگەكانی خەڵكی كوردستان.
ئەوە راستیەكی هەستپێكراوەو گرنگە خۆمانی لێ لانەدەین، كە سەنترالیستە توندڕەوەكانی عەرەب، كورد بە بەشێكی ناباوەڕپێكراو و نامۆ بەم وڵاتەی دەزانن و لەدیدگایەكی ئەمنییەوە رەفتاری لەگەڵ دەكەن، ئەگەر لەسەر زۆر پرس كۆك نەبن و كێشەی گەورە لەنێوانیان هەبێت، ئەوا لەسەر كەمكردنەوەی هێز و كاریگەری كورد هاوبەش و خاوەن بەرنامەن.
لەسەروبەندی بڕیاری داگرتنی ئاڵای كوردستان لەناوچە دابڕێنراوەكان دواین مەسەلەی ورژێنراو لەدژی كورد ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو بۆ من، قسەی هەندێ لەنوێنەر یان بەرپرس و رۆشنبیرانی كورد خۆیەتی لەمەڕ ئەو پرسەو هەوڵی بەكەسیكردن واتە (بەشەخسەنەكردن)ی كێشەكانە، كە بەهەمان شێوەی جاران مامەڵەی لەگەڵ كرا، وەك ئەوەی هەر كێشەیەكی كورد و بەغدا دەبەستنەوە بە بەرپرسێكی عەرەب یان وەزیری وەزارەت و بەرپرسی دەزگایەك لەعێراقدا، خۆیان لەو راستیە لادەدەن، ئەوەی هۆكاری كێشەكانە لەنێوان كورد و بەغدا، نەبوونی بڕوای بەغدایە بەسسیتەمی فیدڕالی لەعێراق و شارەزاییانە لەگەمەی خۆدزینەوە بەرانبەر بەمافە دەستورییەكانی كورد و سەرقاڵكردنی كوردە بۆ بەڕێكردن و كوشتنی كات.
ئەو خۆدزینەوەی كە لەمافە دەستورییەكانی كورد لەبەغدا دەكرێت بڕوایەكی باڵادەستە لەحكومەتی عێراقدا و زۆربەی نوێنەرانی كوردیش ئاگادارن، بەڵام كە هاتە سەر شیكردنەوەو خستنەڕووی راستیەكان لەلایەن نوێنەرانی كوردەوە بەرەچاوكردنی هەر شتێك بێت یان بەمەبەست بێت یان رەنگە لای هەندێكیشیان تێنەگەیشتن بێت، هەوڵی بەلاڕێدابردنی راستییەكان دەدرێت و خۆ دەبوێرن لەوەی كە بە ئاشكرا لەلایەنی بەرپرس بدوێن.
ئەگەرچی ئەو پرسانە زۆرن كە حكومەتی عێراق وەك كارتی سەرقاڵكردنی كورد پەنایان بۆ دەبات و لەبابەتەكانی پێشوومدا ئاماژەم بەهەندێكیان داوە، بەڵام پرسی داگرتنی ئاڵای كوردستان لەخانەقین و لێدوانی هەندێك بەپرس كە دەچنە خانەی پاكانە بۆ سیاسەتی حكومەتی عێراق، گوایە ئەوە سیاسەتی حكومەتی عێراق نییە، ناچارم دەكات وەك بەڵگەی زیندوو نمونەیەك لە روانینی حكومەتی عێراق بۆ ئاڵای كوردستان و قبوڵكردنی وەك ئاڵای هەرێمێكی فیدڕالی لەچوارچێوەی عێراقدا بخەمەڕوو، هەروەها باسی گرنگی پێداگری بەرپرسانی كوردیش بكەین.
ئەوكاتەی كە وەزیری وەرزش و لاوان بووم لەكابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ١٧-١٩/٢/٢٠٠٩، سەرۆكایەتی وەفدێكم كرد لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكان و راوێژكار و پسپۆرانی وەزارەت بۆ بەغدا و دیدار لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەم “بەڕێز جاسم محەمەد جەعفەر” وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق، كە ئێستاش هەمان پۆستی هەیە. پێش ئەوەی بچین بۆ بەغدا دیراسەی هەمە لایەنەی رەشنووسی پرۆتۆكۆلێكمان كرد، لەدیدگای كوردستانەوە بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەكتۆرەكانی مەعنی و ناردمان بۆ بەغدا بۆ ئەوەی تێبینی ئەوانیش وەربگرین و دوای هەندێك دەستكاری بچوك بڕیارماندا بەرەو بەغدا بەڕێكەوین، رەوشی یاریگای وەرزشی نێونەتەوەیی كەركوك و ئەو ماڵە ئاوارانەی تێدا نیشتەجێبوون، یەكێك لەخاڵە سەرەكییەكانی دیدارە سیاسییەكانمان بوو، گەیشتینە ئەوەی پرۆتۆكۆلێك كاتژمێر١٠ی بەیانی رۆژی ١٩-٢-٢٠٠٩ ئیمزا بكەین بە ئامادەبوونی میدیاكان، لەكاتی خۆیاندا و لەتەلاری وەزارەتی لاوان و وەرزشی عێراق، زۆربەی هەرەزۆری میدیاكان ئامادەبوون.
بێگومان لەسەردانێكی وەهادا و بۆ كارێكی وا رەسمی ئێمە ئاڵای پیرۆزی كوردستانمان ئامادەكردبوو بۆ ئەوەی هەردوو ئاڵای عێراقی فیدڕال و ئاڵای هەرێمی كوردستان دابنێن، جەنابی وەزیر كە پێشتر ئامادەیی دەربڕی بوو ئاڵای كوردستان ئامادە بێت، گوتی دەبێت بۆ پرسی دانانی ئاڵای كوردستان لەوەزارەتێكی فیدڕاڵی لەكاتی ئیمزاكردنی پرۆتۆكۆل. پرسێك بە بەڕێز د.عەلی عەلاق، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران بكەم، كاتێك پرسی كرد، وەڵامی بەڕێز ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئێمەی تووشی سەرسوڕمان كرد، كە بریتی بوو لەڕەتكردنەوەی دانانی ئاڵای كوردستان، كە ئەو وەڵامە هات راستەوخۆ پەیوەندیم بەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردو لەم بارەیەوە پرسیاری پرۆتۆكۆلیم ئاراستەكردن، لەوەڵامدا گوتیان دەبێت ئاڵای كوردستان هەبێت و كۆمەڵێ رێنماییان دا كە چۆن هەڵبواسرێت. ئەم وەڵامەم گەیاندە هاوتا عێراقیەكەی خۆم، بەڵام ئامادە نەبوو سەرپێچی لەبڕیاری ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بكات. وەڵامی ئێمەش یەكلاكەرەوە بوو، كە ئێمە هیچ پرۆتۆكۆلێك لەگەڵ ئێوە مۆرناكەین، ئەگەر ئاڵای كوردستان بەرز نەكرێتەوە لە تەك ئاڵای عێراقدا. دوای مشتومڕێكی زۆر رێكەوتین لەسەر ئەوەی پرۆتۆكۆلەكە بەبێ ئاڵای عێراق و بەبێ ئاڵای كوردستان و دوور لەچاوی كامیراكانی میدیا ئیمزا بكرێت و هەرواشمان كردو نەمانهێشت ئەم بارە بە سەرمان تێپەڕببێت.
باسكردنی ئەو نمونە خستنە رووی بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە بۆ مەسەلەی پرسی داگرتنی ئاڵای كوردستان لەخانەقین، كە ئەوە سیاسەتێكی سەنترالیستی عێراقییە لەبەرانبەر كوردستان و رەتكردنەوەیەكی لەسەرخۆی دانپێدانانیانە بە هەرێمێكی فیدڕالی وەك هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویست یان بەسود نییە چیدی خۆمان و خەڵكیش بەوە فریو بدەین، كە ئەو خۆدزینەوەی عێراق لەمافە دەستورییەكانی كوردستان و ئەو كێشانەی دروستی دەكەن، سیاسەتی كەس و لایەنێكی دیاریكراوە، دەبێت هەمان ئەو پێداگیرییەی ئێمە كردمان و بەرەتكردنەوەی هەر كارێكی وەها شێوە بەبێ ئاڵای كوردستان كە ناسنامەی كوردستانە، وەڵامی هەموو ئەو پیلانگەلانە بدرێتەوە، بەدڵنیاییەوە بێ ئەنجامیش نابێت.
من پێموایە دەبێت پرسی ئاڵای كوردستان و ئەو ئاڵۆزییەی كە لەم رێیەوە دروستیان كرد لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بكرێتە دوایین پرس و دوایین كارتی بەكارهاتوو لەدژی كورد و هەوڵی سەرقاڵكردنی و هەرێمی كوردستان تێبگات لەوەی كە:
• سیستەمی فیدڕالی لەعێراق پێویستی بەكارێكی ئامانجداری شەو و رۆژ هەیە لەلایەن هەرێمی كوردستان خۆیەوە، چونكە لایەنی تر مەیلداری سیستەمی فیدڕاڵی نین.
• هەرێمی كوردستان پێویستی بە پسپۆڕی تایبەت هەیە كە بەردەوام لەسەر ئەم بابەتانە داهێنانی تایبەت بكەن و دووركەوینەوە لەسۆزی زیانمەند.
• دەبێت كار لەسەر هۆكاری ریشەیی مەسەلەكان بكەین نەك دەرهاوێشتەكان.
• دەستبەجێ گرنگە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ئەم پرسە بخەنە ئەجێندای پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی یاسایەكی پێ دەربكرێت و چیتر تووشی بڕیارێكی مەزاجی بەغدا نەبێت.
• گرنگە لەو گەمەی كە لەبەغدا دەكرێت ئاگاداربین و بە بەرنامە بین، تا بە زانیاری هەڵە لەخشتەمان نەبەن و گرفتەكە هاوردەی كوردستان نەكرێت، لەجیاتی ئەوەی لەخودی بەغدا چارەسە بكرێت، تێبگەین و خۆمان لەو راستیە نەشارینەوە، كە ئەوەی لەبەغدا دەكرێت بڕیاری تاكەكەس نییە، بەڵكو بەداخەوە دیدێكی هاوبەشی عەرەبییە.

* وەزیری پێشووی وەرزش و لاوان.
ئەم بابەتە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.