
ئایا ئەم سێ سەرۆکە، لە چ کاتێکدا؛ هەم هاوپەیمان و هەم دژ بە یەکن..؟!
وێنەی یەکەم و دووەم:
گەر سهیری ئەم وێنانەی سەرەوە بکەین و کەمێک تێرامێنن..وورد بینەوە..بهراورد بکهین، لە پێشدا سەرنج لە سەرۆکی یەکەم و دووەم بدەین، هەردووکیان لە باری سیاسی-قەومییەوە، دوو دەستەڵاتی جیاوازیان ههیه..لە دوو هەرێمی جیاوازدا..!! وە هەر یەکەیان سەر بە کۆمەڵگا و نەتەوە و کولتورێکی جیاوازن ..!! وە دوو زمانی دایکی جیاوازیان ههیه…! دوو مێژووی جیاوازیان هەیە..!! وە یەک حکومەتیان هەیە..!! دهڵێن دوو باوهڕی جیاوازیان ههیه..! وە وەک نوێنهری دوو میللهتی جیاواز خۆیان دەناسێنن… وە هەڵگری یەک ئاڵای عێراقین، لە دوو هەرێمی جوگرافی جیاوازدا..! وە دەڵێن بە دوو بەرژەوەندی جیاوازەوە، سهرۆکی دووحیزبن لە دوو هەرێمی جیاوازدا..!! وە دەڵین دوو تێڕوانینی جیاوازیان هەیە بۆ مەهام و جێگیربوونی دەستەڵاتی حکومەتی عێراق..لە ئێستادا بەڕێوەبەری یەک دەستوری هەمیشەیی و جێگیری عێراقین،..!! هەردوو سەرۆک لە سنوری گشتی عێراقیدا دەژین و کار دەکەن، وە لە نێو ئەم سنورەشدا دوو سنوری جیاواز.. دوو بەرژەوەندی جیاواز .. دوو مەهامی جیاواز..دوو داهاتوی جیاواز بوونی هەیە.. وە لە گەڵ هەموو ئەم جیاوازیانەدا،کەمترین تۆڵەڕانس و لاوازترین دیموکراتی بونی هەیە..وە عەقڵیەتی دەستەڵاتخوازی و پاوەنخوازی مێشکی هەردووکیانی تەواو جەنجاڵ کردوە..کەچی دەتوانن لە حکومەتێکدا پێکەوە هەڵبکەن..!!
مەبەستم لە پیشاندانی جیاوازی نێوان ئەم دوو سەرۆکە، ئەوە نییە کە بمەوێت بپرسم چۆن دەتوانن بەم جیاوازیانەوە پێکەوە حكوم دەکەن..بەڵکو مەبەستم ئەوەیە ئایا ئەم دوو سەرۆکە دەتوانن جیاوازیەکانی یەکدی قبوڵ بکەن..؟ ئایا باکگراوەند و عەقڵیەتی ئەم دوو سەرۆکە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە لە ساتی یەکتر بینیندا وەک شوناسی دوو نەتەوەی جیاواز ، هێندە تۆڵەڕانس بن کە بە هەموو جیاوازیەکانەوە یەکدی قبوڵ بکەن..؟؟!! ئایا ئەم دوو سەرۆکە بڕوایان بە پاراستن و بەدیهێنانی مافی ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی میللەتەکانی یەکدی هەیە لە چوارچێوەی هەمان دەوڵەتدا..؟! ئایا ئەم دوو سەرۆکە ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر لەوە ناکەنەوە کە هەمان دەوڵەت بۆ سەرکورت و سەپاندنی میللەتێکی دیکە بەکاربهێنن..؟! وە چەندەها پرسیاری شاراوەی دی لە بەرامبەر پێکەوەیی ئەم دوو سەرۆکە سەر هەڵدەدات و بوونی هەیە..!
سەرۆک وەزیرانی عێراق سێ ئەرکی ئایینی و حیزبی و حکومی بەڕێوە دەبات، لە گەڵ ئەوەشدا حکومەت بە حکومەتی ئایین و میللەتەکەی خۆی دەزانێت و لە داهاتوشدا دەیەوێت ئایینەکەی بکاتە مەرجەعی دەستور و بەڕێوەبردنی ئەم حکومەتە..!
بۆیە هەرچی توانا و کاتی خۆیەتی بەم پۆستەی بەخشیوە و بەردەوام شەڕیش لە پێناویدا دەکات و ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەولی ئەوەدایە، کە بە چەکی قورس و سوک بە جودا لە (هێزی پێشمەرگە) ئەم حکومەتە فیدرالییە عێراقییە پڕ چەک و تۆکمە و بەهێز بکات بەرامبەر بە نەیارەکانی بە تایبەت بەرامبەر بە (هێزی سەرخۆی کوردستان)..! وە لە هەرسێ بواری ئابوری و سیاسی و سەربازیدا لە هەولی ئەوەدایە کە زیاتر مەرکەزیەت و عێراقیەت و عەرەبیەت و ئایینیەت بەم دەوڵەتە ببەخشێت و سات بەسات جێگا و پێگەی نوێنەرانی میللەتە جیاوەزەکان لێژ بکات و کەمیان بکاتەوە لە پەڕلەمانی عێراقیدا..!! وە دەیەوێت ئەم نوێنەرانە وەک ڕۆبۆرتێکی خاڵی لە ماف و ڕۆح و بەرگری میللی، بۆشایی ئەم دەوڵەتەیان پێ پڕ بکاتەوە. وە نمونەی زیندوو زۆرن بۆ سەلماندنی ئەم ماهامەی سەرۆک وەزیرانی عیراق، بۆ نمونە؛ بەردەوام لە هەولی ئەوەدایە کە هەرێمی کوردستان بەرتەسکتر بکاتەوە و بیخاتەوە ژیر سایەی دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق، وە نایەوێت هەرگیز هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابوریەوە سەربەخۆ بێت…!! وە تا ئێستاش ئامادە نییە کار بۆ حەلکردنی لایەنی کەمی ماددەی ١٤٠ بکات و بە ئەنجامی بگەیەنێت…!!!هتد
ئەمەی سەرەوە مەهامی ئاشکرای سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو. با بزانین مەهامی سەرۆکی حکومەتی عێراق چییە..؟! سەرۆکی عێراق لە ڕووی شوناسی نەتەوەیییەوە کوردە، وە سکرتیری حیزبێکی کوردیە، وە وا باوە کە لە پێناو کێشەی نەتەوەیی و میللیدا خەبات دەکات دژ بە دەستەڵاتی داگیرکارانی کوردوستان بەردەوام جەنگاوە و دەجەنگێ، بەلام سەرۆکایەتی حکومەتێک دەکات کە بەردەوام چاوی لە داگیرکردنەوەی کوردوستانە..! وە دید و خەیاڵی سەرۆکی عێراقیش لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەرناچێت و جیابونەوە و سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی بە خەونێکی شاعیرانە دەزانێت…!! ئەم سەرۆکە تەواوی کارە سیاسی و حیزبی و شەخسیەکانی بۆ دروست کردنەوەی دەوڵەتی مەرکەزی عێراق بەکاردەهێنیت، کە لەگەڵ ئەمەشدا ئاراستەی ئەم دەوڵەتە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دژایەتی و دوژمنیاتی مافە میللی و نەتەوەیییەکانی کوردستان هەنگاو هەڵدەگرێت…!!
سەرۆکی عێراق زۆر دووفاقی کار دەکات، هەندێ جار هەمان هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی هەیە و دەڵێت ( ڕێگا نادەین خاکی عێراق دژ بە دەوڵەتانی درواسێ بەکار بهێنریت..!! عێراق عیراقی هەموانە بە هەموو کەمە نەتەوەییەکانەوە..) وە لە هەندێ کاتی تردا ئەم سەرۆکە، کە گڵۆڵەی سەرۆکایەتی دەکەوێتە لێژیەوە، دەکەوێتە هەڵوێستە کردن لە دژی خواستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دەست دەبات بۆ نەخشەی سایسی و جوگرافی-مێژوویی کوردوستان، یان توڕە دەبێ و دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، تا بە پشتیوانی خەڵکی کوردوستان ، خواستەکانی بەدیبهێنێت، بۆ نمونە لە (هەڵنەبژاردنەوەی بۆ سەرۆک کۆمار یان لە گرێبەستە بازرگانیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردوستان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکاندا.. یان لە فرۆشتن و ناردنە دەرەوەی نەوتی عێراق و کوردستاندا..! یان لە زیادکردن و کەمکردنەوەی بودجەی خۆیی و بودجەی هەرێمی کوردستاندا) دژایەتیەکانی پیشان دەدات…هتد
بەرژەوەندیە هاوبەشەکانیش وا دەخوازێت کە دراوسێکانی ئێران تورکیا و سوریا لە یەک کاتدا هاوپەیمانی هەردوو سەرۆک بن..!، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دژ بە بەرژەوەندی ئەو میللەتەن کە سەرۆکی عێراق لێوەی لە دایک بوە..!! وە دژی بەرژەوەندی میللەتی سەرۆک، وەک نوێنەری خەڵکی کوردوستان بڕیار دەدەن..!! واتا سەرۆکی عێراق لە یەک کاتدا دەبێت (هاوپەیمان و دژ) بێت، هەم هاوپەیمانی بڕیار و هێرشی سیاسی دەوڵەتی (دراوسێیانی داگیرکار) بێت بۆ سەر هەرێمی کوردوستان، وە هەم بەرگری لە ئاساییش و مافە سیاسیەکانی هەرێمی کوردوستان بکات…!! وە نمونەیەکی لێکدان و بەریەککەوتنەکان لە بڕیاڕە سیاسیەکاندا دژ بە مافەکانی خەڵکی کوردوستان بە تایبەت لە بەرامبەر پارچەکانی دییی کوردستاندا زۆر زۆرە و رۆژانەیە، ئایا سەرۆکی عێراق دەتوانێت ئەم ئەرکە ئیزدیواجییە بەجێبهێنێت و لەم دوو ڕیانەدا خۆی دەرباز بکات..؟؟!!
کەواتا ئەم دوو سەرۆکە گەر لە سەر هەمان بەرژەوەندی دەستەلاتخوازی و پاوەنخوازی و بازرگانی بەردەوامبن لەوانەیە درێژە بەم شەریکییە بدەن و بتوانن ڕێک بکەون، وە ئەگەر لە سەر ماف و بەرژەوەندی نەتەوەییش زۆر پێداگر نەبن، لێرەشدا دەتوانن ئارام بن و بە شەریکی ئەم دەوڵەت و حکومەتەی ئێستا بە هاوبەشی و هاوکاری لە نزیکی یەکەوە، بەڕێوە بەرن..!! وە ئەگەر سەرۆکی عێراق لە مافەکانی خەڵکی کوردوستان بێدەنگ بێت و هیچ وەڵامێکی بۆ سەرۆک وەزیران و دەوڵەتەکەی نەبێت، ئەوا هەر وەک ئێستا ئەو یەکبونەیان لە هەمان حکومەت و دەوڵەتی هاوبەشدا بەردەوام دەبێت،..!! بەڵام ئەگەر هەوڵی ستراتیژی مالکی لە ئێستاوە بۆ داگیرکاری و سڕینەوەی مافی ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی میللەتی کورد بێت.. وە سەرۆکی عێراقیش گەر مەهامی بەدیهێنای مەفا میللیەکانی خەڵکی کوردسان بێت و هەوڵی ڕزگاری ژێردەستەیی کوردوستان بدات لە هەر دەستەڵات و دید و عەقڵێکی فاشیستی و داگیرکاری..! ئەوا ئەم دوو سەرۆکە بەم دوو مەهامە جیاوازەوە، یەکێکیان بە حەقێکی مێژوویی و ئەوی دیکەشیان بە درێژکردنەوەی هەمان نا حەقی مێژوویی، ئەوا یەکبونیان بەبێ دیموکراتیەکی (بیست و چوار عەیار و ڕاستەقینە) لە چوارچێوەی ئەم حکومەتە عێراقییەدا، مەحاڵە..!!
زۆربەی خەڵکی کوردستان ئاگاداری دوورنمای سیاسی هاوبەشی ئێران و تورکیا و سوریا و عیراقن، کە ئهوان کێشهی سیاسی کورد به كێشهیهکی هاوبهش سهیر دهکهن ..وه پێگەیشتنی ئاییندەی سیاسی کوردستان، بە دژێکی هاوبهش سهیر دهکهن و سەرسەختانە دوژمنیایەتی بزاڤی رزگاریخوازی کوردی دەکەن و دژی سەربەخۆیی کوردەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆیانن.. وە دژی مافی سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی کوردەکانن..!! بۆیە هەموو سات بە زوویی ئێران و سوریا و عێراق و تورکیا بەبێ ئامادەیی سەرۆکی عێراق کۆدەبنەوە..وە بە جیا لە سەرۆکی عێراق، بڕیاری کۆکردنەوەی هێزی سەربازی هاوبەش دەدەن لە دژی مافە میللییەکانی خەڵکی ( کورد )، ئا لەم ساتەدا سەرۆک کۆماری عێراق وەک کوردێک دەبێت هەڵوێستی چۆن بێت و یان ئەو هەڵوێستانە دەبێت جۆن بێت کە سەرۆکی عێراق نا ڕەزامەندی و دژایەتی خۆی تێدا پیشان دەدات..؟؟!! وە ئەو تێکەڵی و شێواوییە چییە کە سەرۆکی عێراق یان سکرتێری حیزبیکی کوردی، لەگەڵ ئەم داگیرکارانەدا دەبێت هەم هاوپەیمان و هەم دژ بێت.. ئایە ئەمە مانای دیموکراتییە…؟؟!!
وێنەی سێیەم:
ئەگەر لە دەستی راستەوە دەست پێبکەین، ئەوا هەموومان وێنەی سێهەمیش دەناسین، ئەم مرۆڤە بێجگە لەوەی سەرۆکی خێزانەکەیەتی لە گەڵ ئەوەشدا سەرۆکی هۆزەکەیەتی واتا سەرۆکی بارزانییەکانە..، وە لە دەرەوەی خێزان و هۆزەکەی ، ئەندامی باڵای پارتێکە، پارتی یموکراتی کوردوستان، وە سەرۆکایەتی ئەم پارتەشی بۆ خۆیی و بنەماڵەکەی یەک بە دوای یەک بە دەستهێناوە..!! وە لە دەرەوەی بنەماڵە و هۆز و پارتەکەیدا هەرچۆنێ بێت وە بە هەر ڕێگایەکی مەشروع بێت یان نا مەشروع..! سەرۆکایەتی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئاساییش و یاسایی و دادگایی، هەرێمی کوردوستانیشی بە دەستهێناوە و تا ئێستا سەرۆکایەتی تەواوی هەرێمی کوردستان دەکات..! واتا ئەم سەرۆکە ئێستا سەرۆکی سەرۆکەکانی کوردستانە..!!!
وە لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە ئەم سەرۆکە تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم چەندە سەرۆکایەتییە لە یەکدی جیا بکاتەوە و تەنها یەک ئەرکی سەرۆکایەتی بۆ خۆی هەڵبژێرێت و خۆی لەم تێکەڵیە ( بنەماڵایەیی و هۆز و ناوچەیی و حیزبی و دوو حوکومییە و چەند دەسەڵاتییە) دەرباز بکات…!! دیارە ئەم تێکەڵکردنی پێگەی سەرۆکایەتییە نە لە گێلیەوەیە و نە لە زیرەکییەوەیە..! بەڵکو یەکە شتە، ئەویش، تەنها تموحی رەهای دەستەڵاتخوازییە بۆ مسۆگەرکردنی ئەبەدیەتی سەرۆکایەتی و دەستەڵاتداریەتی خۆی و حیزب و بنەماڵکەی..! وە ئەم سەرۆکە بە خوێنی ڕژاوی چەندەها خەڵک و پێشمەرگەی هەژار و بەشمەینەت .. وە بە ڕێکەوتی زەمانە .. بە پشتیوانی هێزی دەوڵەتانی دراوسێ ..بە ئاڵگۆڕی سیاسی ناوچەکە و تێکچونی تەوازنی هێزی دەستەڵاتی ئەم نێوەندە پێگەی سەرۆکایەتی ئێستای بە دەستهێناوە.. نەک بە توانایی و لێهاتوویی و زیرەکی و دووربینی و خەباتی عادیلانەی خۆی..!!!
وە خاڵێکی سەیرتر لەم سەرۆکەدا ئەوەیە کە بە تەواوی خۆی ساغ نەکردۆتەوە لە نێوان هەردوو دەستەڵاتی هەرێم و عیراقدا، لە لایەک باسی مافی چارەی خۆنوسین دەکات وە لە لایەکی دی دەستپێشکەری دەکات و ڕیگاکانی درووستبونەوەی حکومەتی مەرکەزی عێراقی پڕ لە دیدی فاشیەت ئاسان دەکات..پەیوەندی بەهێز لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ واتا داگیکارانی کوردستاندا دەبەستێت..وە هەر نوێنەرانی ئەم حکومەتانە بون لە کۆنگرەی حیزبەکەی سەرۆکی هەرێمدا هەر لە تەنیشتی سەرۆک خۆیەوە، بە درووشمی مافی چارەی خۆنوسین ( هەرچەندە وەک دروشمێكی وەهمی لەو کۆنگریەدا بەرز کرایەوە….!!) هەموو بە جارێ نێوچاوانیان گرژ کرد و میدیا و ڕۆژنامەکانیان هاندا کە وەڵامی سەرۆکی هەرێم بدەنەوە..!
وە ئەم سەرۆکە لە لایەک هاوسۆزی بۆ خەڵکی کوردوستان و ڕێکخراو و حیزبەکانی پارچەکانی دی دەردەبڕێت، وە لە لایەکی دیەوە شارەکانی کوردستان پڕ دەکات لە ئاڵای داگیرکاران و خوانی چەور و گەرم و شایی و لۆغانیان بۆ ساز دەکات و لێرەدا بە گوێیاندا دەچپێنێت کە ئەوانەی دژی ئێوەن ئەوا دژی ئێمەشن و لە ئێمە نیین،..!!
ئەم سەرۆکەش لەگەڵ ئەو دوو سەرۆکەی سەرەوەدا، بێجگە لەو جیاوازیانەی باسم کرد زۆر جار هەڵوێست و بڕیاری سیاسی هاوبەشی لەگەڵیاندا هەیە ، وە ئەم هەڵوێست و بڕیارە سیاسییە بە ڕەزامەندی و ئیمزای سەرۆکی هەرێمی کوردوستان لە دەوڵەتی مەرکەزی عێراق و حکومەتی کوردوستانەوە بە شەهامەتەوە هەڵدەگیرێت و دەگوازرێتەوە بۆ سەر مێزی ڕێکەوتنەکانی دەوڵەتی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا..!! وە دژ بە بزاڤی رزگاریخوازانەی سەرتاسەری کوردستان و پارچەکانی ژیر دەستەڵاتی ئەم دەوڵاتانە بەکاردەهێنرێت..! ئەبێ ئەوە چ بەرژەوەندییەک بێت کە هەردوو سەرۆکی حیزبه کوردیهکانی وهک (پارتی و یهکیهتی) بە ئیعازی دەوڵەتانی دراوسێ، لە هەندێ حاڵەتدا دژ بە ئۆپۆزیۆسۆنەکانی تورکیا و ئیران و عێراق ههمان ههڵوێست وهردهگرن و ئامادهن شهڕی سەپاوی داگیرکاران دژ بە کوردەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆیان، بخهنه سهر هێز و خوێنی خهڵکی هەرێمی کوردوستان و شەر و دوژنمنایەتی لە نێو کوردانی پاڕجەکانی دیدا دروست بکەن..؟! ئایا له کورتبینی ئهم دوو سەرۆکەیە یان له وردبینیانه بۆ قازانجه تایبهتیهکانیان..؟! یان جیاوازی و جیایی ماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان و حیزبی دەسەڵاتداری پارتی و یەکیەتییە..؟!، بێ گومان ئەمەیانە، واتا جیاوازی بەرژەوەندی سیاسی خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتییە ، له بهرئهوهی پارتی و یهکیهتی تهنها چاویان له دهسهڵاتی خۆیانه و ئهوانیش به ههمان دیدگای داگیرکارانەوە سهیری کێشه و مافە ئابوری و سیاسی و فەرهەنگییەکانی کوردو کوردوستان دهکهن .. وە چاویان تەنها لە سامان و ئابوری کوردوستانە، نهک ژیان و چارهنوسی سیاسی خهڵکهکهی..!
لە ئەنجامی ئەم شرۆڤە کورتەوە دەگەینە ئەوەی، کە ئەم سێ سەرۆکەی سەرەوە تەنها لە زمان و جامانە و روخساردا جیاوازن، بەڵام هەمان مەهامی هاوبەشیان هەیە دژ بە بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی و ژیانی ئاییندەی خەڵکی کوردستان..!!
کامەران عەزیز
Kamaran91@gmail.com
٢٦/٨/٢٠١١