
شیعره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست … حافزی موسه‌وی
(1)
كه‌شتییه دێرینه‌كانی ئێوه
له ئاوه‌كانی مندا له‌نگه‌ریان گرتووه
ده‌ریاوانه به‌ساڵاچووه‌كان، هێشتا
مه‌یخانه‌كانی فینیقییهیان باش له یاده
***
شه‌وانی پڕ ئه‌ستێره‌ی به‌غدادتان
به‌یاد ئه‌هێنمه‌وه و
كچه‌كه‌م شه‌هرزاد
كه تامی حیكایه‌ته‌كانی هێشتا
له ژێر پێڵووه‌كانی ئێوه‌دایه
***
زه‌رده‌شت، مو‌سا، مه‌سیح، موحه‌ممه‌د
كوڕانی منن
كچه‌كانیشم
مه‌ریه‌م و هاجه‌ر
دوو مانگه‌شه‌ون له “هیلالی خه‌سیب”دا*
***
به چاوی سووكه‌وه سه‌یرم مه‌كه‌ن
من
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستم.
(2)
ئێره
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته
ئێمه به زمانی مێژوو قسه ئه‌كه‌ین
خه‌ونگه‌لی مێژوویی ئه‌بینین
پاشانیش
به چه‌قۆ مێژووییه‌كان
یه‌كدی سه‌رئه‌بڕین
له‌شامه‌وه تا حیجاز
له حیجازه‌وه تا به‌غداد
له به‌غداده‌وه تا قوسته‌نتینییه
له قوسته‌نتینییه‌وه تا ئه‌سفه‌هان
له ئه‌سفه‌هانه‌وه تا به‌ڵخ
له سهرزهوینهكانی ئێمه‌دا
مردووه‌كان فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌كه‌ن
ئێره
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته
ئه‌م پهككهوتهیهی به‌نێوان خوێنی ئێمه‌دا ئه‌ڕوات
مێژووه.
(3)
له پایته‌ختی حیكایه‌ته‌كانی هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌دا
دیكتاتۆرێكیان له سێداره‌دا
سوڵتان سه‌لیم
بۆ هه‌مئاهه‌نگیی مۆته‌كه‌ی ئیمپراتۆری
سه‌فه‌ری بۆ “هیلالی خه‌سیب” كرد
شا عه‌باس
په‌یامی بۆ له‌نده‌ن نارد
عه‌بدولوه‌هاب
به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی بیاباندا نووشتایه‌وه
تا شوێنپێی تورك و مه‌جوسه‌كان
نیشانی ئینگلیزه‌كان بدات
ئێره
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته
سه‌رزه‌وینی ئاشته‌واییه كاتییه‌كان
له نێوان جه‌نگه یه‌كله‌دوای یه‌كه‌كاندا
سه‌رزه‌وینی خه‌لیفه‌كان، ئیمپراتۆره‌كان، شازاده‌كان، حه‌ره‌مسه‌راكان و
خه‌ڵكانێك كه نازانن
بۆ له‌سێداره‌دانی دیكتاتۆرێك
ئه‌بێ پێبكه‌نن یان بگرین.
(4)
سه‌ربازی مووزه‌ردی ناتۆ
له بنكه‌ی سه‌ربازیی سنوور
وه‌نه‌وز ئه‌دات
خهشخاشهكان
له با-یه چهتوونهكانی كێوستاندا
گۆپاڵا
به سینه‌ی ئاسماندا ئه‌كێشن
ئه‌سپ و هێستره‌كان
زین و زه‌نبه‌ر كرا‌و
له تهویلهكاندا راوه‌ستاون
تا باره‌كان – له‌گه‌ڵا ئاماده بووندا-
بگه‌یه‌ننه وێستگه‌ی لاندكرۆزهرهكان
ده‌ستڕێژ له ئه‌سپه‌كان مه‌كه‌ن
له هێسترهكانیش
ئه‌م بازرگانانه‌ی مه‌رگ گومان له سواره‌كانیان ناكه‌ن
كه به كیسه دۆلار و
سندوقه فیشه‌كه‌وه
بۆ چیاكان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه
(ئه‌گینا له‌وانه‌بوو بڕه‌وێنه‌وه)
ده‌ستڕێژ له ئه‌سپه‌كان مه‌كه‌ن
له هێسترهكانیش
پیاوێك كه له پێشه‌وه‌ی سوارهكانهوه
به‌ره‌و كێوستان لێئهخوڕێت
نوێنه‌ری تایبه‌تی “حه‌سه‌ن سه‌باح”ه**
به كهللهیهكی مه‌نگ به حه‌شیش و
خه‌نجه‌رێكی خوێنین
له‌به‌ر پشتوێندا
ده‌ستڕێژ له ئه‌سپه‌كان مه‌كه‌ن
له هێسترهكانیش
ئه‌وان وائه‌زانن سواره‌كانیان
جێبه‌جێكارانی فه‌رمانی پیرۆزن.
وه‌رگێڕانی سه‌روه‌ر عومه‌ر
په‌راوێز:
*”هیلالی خه‌سیب” ده‌مه‌داسی پڕ پیت و به‌ره‌كه‌ت، به ئینگلیزی (fertile crescent) ناوی به‌شێكی مێژوویی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه چه‌ند به‌شێك له رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، نێوان دووڕووبار و میسری دێرین له‌خۆئه‌گرێت. ئه‌م ناوه یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن جێمز هێنری شوێنه‌وارناسی زانكۆی شیكاگۆوه له‌م به‌شه‌ی جیهان نرا.
** “حه‌سه‌ن سه‌باح” یه‌كێك له‌و ئێرانییانه‌ی له سه‌رده‌می سه‌لجوقییه‌كاندا راپه‌ڕی. شیعه‌یه‌كی ئیسماعیلی بوو.
سه‌رچاوه: كۆمه‌ڵه شیعری “ورده‌واڵه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كان و شیعره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست” حافزی موسه‌وی، بڵاوكه‌ره‌وه‌ی “اهنگ دیگر” چاپی یه‌كه‌م زستانی 1387.