مه‌رگه‌سات و جیاوازبوون … ئارام شێخ وه‌سانی
ئه‌م دنیایه له سه‌فه‌ری چه‌ند وێستگه و جه‌مسه‌رێك پێكهاتووه. هه‌ر وێستگه‌یه‌ك خاوه‌نی هه‌گبه‌یه‌كی جیاوازه, گۆڕان و نوێبوونه‌وه یه‌كێكه له جه‌مسه‌ره سروشتیه‌كانی ناو ژیانی دنیا, به‌ڵام كێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه تا ئێستا نازانین چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین له‌گه‌ڵ ڕۆیشتی ڕێڕه‌وی زه‌مه‌ن و ڕابردوو. لای ئێمه ڕابردوو سروشتیبوونمانه, داهاتووش ئه‌و هێزه ترسناكه‌یه كه ئه‌و سروشتیبوونه‌مان ده‌شێوێنی و لێده‌ستێنی, به‌ڵام به بۆچوونی من سه‌رله‌به‌ری ئه‌و تێگه‌یشتنه پێویستی به ڕاستكردنه‌وه هه‌یه. ئه‌وه‌ی وا له ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌كات كه به‌رده‌وام نزیكبینه‌وه له سروشتیبوونی خۆمان ئه‌و به‌رگه ڕاسته‌قینه‌یه كه‌خۆمانی پێده‌ناسینه‌وه وه‌ك مرۆڤ, ناسینه‌وه‌ی ئێمه بریتییه له‌و هه‌نگاوه نا ئیرادیانه‌ی كه بێ ویستی ئێمه گوزه‌ر ده‌كه‌ن, دوور له‌هه‌ر تێگه‌یشتنێكی وابه‌سته به‌ڕابردوو به‌داهاتوو, به‌ڵام به‌درێژای مێژووی مرۆڤایه‌تی قوناغه‌كانی جیاوازبوون وه‌ك به‌ره‌یه‌كی به‌هێز دژی ئه‌و هه‌نگاوه سروشتیانه وه‌ستاونه‌ته‌وه كه زۆرینه‌ی ئێمه به‌هه‌ڵه شڕۆڤه‌مان كردوون و هه‌ست ده‌كه‌ین جیاواز بوون بریتییه له دووركه‌وتنه‌وه له سروشتیبوون. گرفتێكی دیكه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه كه تا ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌داین كه بیربكه‌ینه‌وه تا جیاواز بژین له رابردوو, جیاواز ژیان له رابردوو به‌و مانایه‌نا كه دنیا جیاواز ببینین ,دونیا هه‌ر دونیایه به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازیه‌كه دروست ده‌كات ئێمه‌ین. دژبوون به‌رامبه‌ر سیسته‌می سروشتی خۆمان زۆرینه‌ی جار ده‌بێته فریادره‌سی هه‌موو ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ی كه مرۆڤ گیرۆده ده‌كه‌ن, به‌نموونه ئه‌و نیگه‌رانی و ڕه‌شبینیه‌ی كه كاره‌ساته مه‌رگاویه‌كانی ڕابردوو له ڕووخساری ئێمه‌ی دروستكردووه تا ئێستا وه‌ك ڕووپۆشی شانازی دژ به‌هه‌ر گۆرانێك شه‌ڕ ده‌كات و ماوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت زۆر به‌پیرۆزیش سه‌یر ده‌كرێت. بابه‌ته جۆراو جۆره‌كانی بازنه‌ی ژیانی مرۆڤایه‌تی به‌رده‌وام له‌و ململانێیه‌دا بوون كه چۆن ئه‌و بازنانه ببڕن كه مرۆڤ په‌لكێشی ناو ئه‌و بابه‌ته چه‌قبه‌ستووه نه‌ویستراوانه ده‌كه‌ن. هه‌ركاتێ مرۆڤ كه‌مێك له ته‌لیسمی نیگه‌رانیه‌كانی دنیا تێگه‌یشتو بیری شڕۆڤه‌یی خسته‌كار, له پشت هه‌ر ڕووداوێكی به‌رده‌می ئه‌وا بێگومان نیگه‌رانیه‌كان به‌جۆرێك وه‌رده‌گرێت كه هیچ به‌ربه‌ستێك نه‌خاته به‌رده‌م سروشتیبوونی ژیانی تاكه‌كان و خودی تاكه‌كه, وه‌ك چون ئێمه له به‌زمه‌ساتی چێژی ژیان زۆر ئاسایین, پێویسته به‌رامبه‌ر به مه‌رگه‌ساته‌كانیش هه‌مان ڕووی نه‌گۆڕمان هه‌بێت, واتا له هه‌ردوو حاڵه‌تدا یه‌ك دۆخی گشتی مرۆڤبوونی خۆمان بپارێزین بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازبوونمان و جیاواز ژیانمان سروشتی بێت. یه‌كێك له‌و خاڵه هه‌ره نه‌گه‌تیڤانه‌ی كه له وڵاتی ئێمه كه‌مترین شڕۆڤه‌ی بۆ كراوه قسه‌كردنه له‌و پنته فكریانه‌ی كه وا له ئێمه ده‌كه‌ن كه له به‌های مرۆڤ بوونمان بگه‌یه‌نین, لێره‌دا ده‌مه‌وێت ڕوونتر بدوێم و ئه‌وه بخه‌مه‌ڕوو كه پابه‌ندبوونمان به نه‌ریته مه‌رگه‌ساتیه‌كان ئێمه‌ی جیاوازكردووه له به‌رامبه‌ره‌كه‌مان. ئێمه‌ی دوورخستۆته‌وه له سروشتیبوون و جیاواز بوون.
كه‌لتووری بینین و ڕامان له‌ناو گه‌لاندا ڕیشه‌یه‌كی كۆنی هه‌یه, له‌شارستانییه‌تییه‌كانی ڕۆماو یۆنان و ئه‌وه باشتر ڕوونده‌بێته‌وه. ئامانج له‌م قسانه‌ی ئێمه وردبوونه‌وه‌یه له دۆخێكی تایبه‌تی مرۆڤی كورد. دۆخێك كه جگه له خۆ هه‌ڵواسین و ڕۆیشتنێكی بێ ئاراسته هیچی دیكه نییه. قسه‌كه لێره‌وه له‌سه‌ر ئاستی تاكه وه‌لی گاریگه‌ری گه‌وره‌ی جێهێشتووه له‌سه‌ر ئاستی گشتی. له بابه‌تی جیاوازبووندا هه‌رگاڤ ده‌بێت دووربین له كرده‌ی كوشتنی ئه‌و ڕه‌فتاره خۆرسكانه‌ی خۆمان و ده‌وروبه‌رمان. ناكرێت ئێمه‌ی كورد له‌پاڵ هه‌ر خۆ گۆرینیكدا سه‌رله‌به‌ری چه‌مكه سروشتیه‌كانی خۆمان له‌ناوبه‌رین. كێشه‌كه له ڕه‌گی ڕه‌فتاره‌كه‌دایه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئێمه له مۆخی كرده‌كه تێنه‌گه‌یشتووین.
زۆرینه‌ی ڕابردووی كورد له مه‌رگه‌ساته‌وه نزیكه, ئه‌و مه‌رگه‌ساته به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان هه‌ق بوو ئێمه‌ی خستبایه سه‌ر ڕێگه‌ی راسته‌قینه‌ی بیركردنه‌وه, وه‌لی ئه‌وه ڕووینه‌داوه. كۆی سوود وه‌رگرتنی ئێمه له كاره‌ساته‌كان ته‌نها شه‌ڕ بووه بۆئه‌وه‌ی وه‌ك برینێك له‌ناخی یه‌كه‌به‌یه‌كه‌ی تاكه‌كاندا پاشماوه‌ی مه‌رگه‌ساته‌كه هاوشێوه‌ی یاری ماراسۆن بمێنیته‌وه. ئه‌وه‌ش گرفته گه‌وره‌یه‌كه كه تارمای خستۆته سه‌ر چه‌مكی جیاوازبوون و جیاواز ژیان.