بۆ باوکی لازۆ و هه‌موو سه‌رۆکه‌کان
بۆ باوکی لازۆ و هه‌موو سه‌رۆکه‌کان
مه‌رگی مناڵیک یه‌کسانه به پسوڵه‌یه‌کی دوو هه‌زاری یان مه‌رگی سیسته‌م ؟
به‌رزان فه‌ره‌ج
“ بۆچی ته‌نها له‌به‌ر بڕینی پسوڵه‌یه‌کی دوو هه‌زاری و نه‌بوونی پزیشک و چاوه‌ڕێکردنی تا کاتی ده‌وام بۆ ده‌بێ منداڵێکی بێ تاوان بمرێت ؟؟؟ “
ئه‌مه پرسیاری جه‌رگبڕی سلام عبدالخالق ، باوکی لازۆی چوار ساڵه‌ی جوانه مه‌رگه، له نامه‌یه‌کدا( با مناڵه‌کانی تر وه‌کو لازۆ نه‌مرن!! بۆ به‌ڕێز سه‌رۆکی حکومه‌ت و وه‌زیری ته‌ندروستی ) که له سایتی ده‌زگای ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی ی ن ک (پی ی‌و که‌ی میدیا ) له ڕۆژی 2/11/2011 بڵاو بۆته‌وه . ئایا کۆچی لازۆی مناڵ که هێشتا مانای مه‌رگ و خه‌می نه‌ئه‌زانی وچاوه‌ڕوان بوو ته‌مه‌ن هه‌موو ئاسۆکانی ژیانی ڕۆشن بکاته‌وه ، له پێناوی پسوڵه‌یه‌کی دوو هه‌زار دیناری و دواکه‌وتنی پێنج ده‌قیقه له چاره‌سه‌رکردن، خه‌تای قه‌ده‌ره یان ده‌ره‌ئه‌نجامی پشتگوێ خستنی خودی مرۆڤه له‌لایه‌ن سیسته‌مێکی گیرۆده‌ی ڕۆتین و بیرۆکراسی و کهمکردنه وه‌ی له نێو پسوڵه‌و لاپه‌ڕه که‌ڵه‌که‌کراوه‌کانی کۆمه‌ڵیک ده‌سگای به هه‌ده‌ر دان و به ماشینکردنی به‌های مرۆڤ ، له نێو پێکهاته‌یه‌کدا که خودی خۆی له نه بوون به‌سیسته‌م ئه‌ناڵێنێت؟ ئایا ئه‌مه ڕووداوێکی ساده‌و ته‌نها که‌مته‌رخه‌می که‌سانێکه که له بواری پیرۆزترین پیشه‌ی مرۆڤایه‌تیدا کار ئه‌که‌ن ، که ئه‌ویش پیشه‌ی پزیشکی و نه‌خۆشخانه‌کانه ، یان تاوانێکه‌و نابێت به ساده‌یی تێپه‌ڕێت و نامه‌که‌ی باوکی لازۆ بێ وه‌ڵام بمێنێته‌وه؟
کێ له هاواری باوکێکی کۆستکه‌وتوو تێئه‌گات که سه‌رباری مه‌رگی به‌شێک له ڕۆح و جه‌سته‌ی خۆی ، ئه‌وهێشتا له خه‌می ڕزگارکردنی ڕۆحه بێ تاوانه‌کانی دی و مناڵانی تردایه که کهئهشێت له ژێر سایه‌ی نه‌بوون و داڕمانی سیسته‌مێکدا هه‌مان قه‌ده‌ر چاوه‌ڕوانیان بکات؟ باوکی لازۆ که‌س تاوانبار ناکات شێواوی سیسته‌م نه‌بێت ،که مه‌رگی کوڕه‌که‌ی خۆی ئه‌کاته قوربانی بۆ چاکسازکردنی که ناکرێت تیایدا ژیانی مرۆڤ ، به‌تایبه‌تیش مناڵ که بۆ ژیان دێته دنیاوه بکرێته قوربانی پشگوێ خستن و که‌مته‌رخه‌می فه‌رمانبه‌ران و ڕۆتین و پسوڵه‌کان که دواتر له ئه‌رشیفه‌کاندا ئه‌ڕزێن و ئه‌سوتێنرێن. لێره‌دا پرسیار له خودی سیسته‌مه‌که‌یه که به‌رپرسیاره له مه‌رگی لازۆو ئه‌وانی تر . ئه‌گینا هیج شتێک ، هیچ پاساوو بیانوویه‌ک ، هیچ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یه‌کی نه مادیی ، نه مانایی ، تازه به‌شێک له ڕۆحی تاریکی باوکی لازۆڕۆشن ناکاته‌وه‌و جه‌رگی سووتاوی دایکی سارێژ ناکات و دڵنه‌وایی و سه‌بوریان پێ نابه‌خشێت. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی کۆستی ئه‌و خێزانه زیاتر سه‌ختتر و ویژدانیان بیمار تر ئه‌کات ، بێ ڕه‌حمی کارکردنی ئه‌و ماشێنه مهرگبهخشه یه که ئه‌شێت ژیانی مرۆڤ تیایدا که‌مترین بایه‌خی هه‌بێت . ئه‌وه‌ی کۆستی ئه‌وخێزانه ئه‌کاته مه‌رگ و پرسهیهکهی ئه‌به‌دی ، ئه‌و ڕسته فانتازی و داهێنانه هه‌میشه ئاماده‌ی ئه‌و پزیشکانه‌یه که دوای مه‌رگی ئازیزه‌کان به کهسو کاریان ئه‌ڵێن : ( ئه‌بوایه زووتر بتانهێنایه ). ئه‌و ڕسته‌یه‌ی ئه‌شێت تا ئه‌به‌د ویژدانی باوکی لازۆ بخاته دۆزه‌خه‌وه قسه‌ی ئه‌و پزیشکه‌یه که دوای مه‌رگی مناڵه‌که‌ی پێی ئه‌ڵێت ( ئه‌گه‌ر ته‌نها پێش پێنج ده‌قیقه بتهێنایه ، ئه‌و کاره‌ساته ڕووینه‌ئه‌دا ) ئه‌مه چ سیسته‌مێکه ڕێگه به خۆی ئه‌دات مه‌رگت پێ ببه‌خشێت و داهاتووشت بکاته دۆزه‌خ؟
ژیانی مرۆڤ له‌سه‌روو هه‌موو به‌هاکانی تره‌وه‌یه ، خودی سیسهتهمهکان له پێناوی به‌خشینی ژیان به مرۆڤ و فه‌راهه‌مکردنی زۆرترینی به‌خته‌وه‌ریه‌کانی پێکهێنراون . جێی بیر هێنانه‌وه‌یه که ده‌ستوری نوێی عێراق و پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماکانی ڕێزگرتن له مافه سه‌ره‌کیه‌کانی مرۆڤ و به‌تایبه‌تی (بانگه‌شه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ ) داڕێژراون ، که له ساڵی 1948دا له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه کراوه‌ته په‌یمانێکی جیهانی و هه‌موو وڵاتانی دنیا وه‌کو بنه‌مای دستورهکانیان په‌سه‌ندیان کردووه . له مادده‌ی 25.بڕگه‌ی 1 ی ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌دا هاتووه:( هه‌مووکه‌سێک مافی ته‌واوی فه‌راهه‌مکردنی ته‌ندروستی ومسۆگه‌رکردنی چاره‌سه‌ری پزیشکی بۆ خۆیی و خێزانی هه‌یه) . واته له ژێر سایه‌ی هه‌موو سیسته‌مێکدا ته‌ندروستی مرۆڤ و چاره‌سه‌رکردنی له کاتی نه‌خۆشیدا یه‌کێکه له ههرهمافه سه‌ره‌کیه‌کانی مرۆڤ که ناکرێت پابه‌ندی هیچ جۆره ڕۆتین و مامه‌ڵه‌ی ڕه‌سمی و لێپرسینه‌وه‌یه‌ک بکرێت . ئه‌وه‌ی له پێش هه‌موو شتێکدا له نه‌خۆشخانه‌و ده‌سگا ته‌ندروستیه‌کاندا گرنگه، به‌ده‌نگه‌وه هاتنی نه‌خۆش و چاره‌سه‌رکردنیه‌تی پێش لێپرسینه‌وه له بوونی پسوڵه‌و ڕه‌چه‌ته‌ی پزیشک ونه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت. ته‌نها بۆ نموونه ئاماژه‌یه‌ک به سیسته‌می ته‌ندروستی و بیمه‌ی نه‌خۆشی له فه‌ره‌نسادا ئه‌که‌م که‌سه‌رباری ئه‌وه‌ی وڵاتێکی سه‌رمایه‌داریه ، به‌ڵام مافی چاره‌سه‌ر بۆ هه‌موو که‌سێک فه‌راهه‌م و پارێزراوه که له‌سه‌رخاکی فهرهنساد بژی به بێ جیاوازی ، به‌ڵکو ئه‌رکی پزیشک و ده‌سگا ته‌ندروستیه‌کانه که به‌هانای نه‌خۆشه‌وه بچن پێش ئه‌وه‌ی پرسیاری شوناس و نه‌ته‌وه‌و ناونیشان و مافی هاونیشتمانێتی فه‌ره‌نسی و یان توانای ماددی لێ بکه‌ن. ئه‌رکی ده‌سگا ته‌ندروستیه‌کان له پێشدا چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه ، ئیتر پرسیاره ڕۆتینی و ئیداریه‌کان ئه‌که‌وێته دوای چاره‌سه‌ره‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی که مافی مانه‌وه‌شیان نییه له فه‌ره‌نساو به ڕێگه‌ی نایاسایی هاتوونه‌ته ئه‌و وڵاته‌و هیچ ناسنامهووهرهقهیهکی فه‌ره‌نسیان پێ نییه ، وه‌کو په‌ناهه‌نده‌ی ڕه‌تکراوه‌و کۆچباری نا یاسایی ، به بێ لێپرسینه‌وه له کاتی نهخۆشکهوتنیادا مافی چاره‌سه‌ریان هه‌یه که زۆر جار بۆ ئه‌وانه خۆڕاییشه. سیسه‌تمی فه‌ره‌نسی و هه‌موو وڵاته دیموکراسی و ڕۆژئاواییه‌کانی تر له‌وه‌ش زیاتر پێ له سه‌ر به‌های مرۆڤ دائه‌گرن که به‌پێی یاسا به‌هانا نه‌هاتن و هاوکاری نه‌کردنی که‌سێک که له مه‌ترسیدا بێت به تاوان دائه‌نرێت. بۆ نموونه به پێی مادده‌ی 226.6 له یاسای سزاکانی فه‌ره‌نسا (هاوکاری نه‌کردنی که‌سێک که له‌حاڵه‌تی مه‌ترسیدا بێت ، به‌تاوان دائه‌نرێت وسزاکه‌ی بریتیه له پێنج ساڵ زیندانی و 75000 هه‌زار یۆرۆ غه‌رامه ) بێگومان ئه‌م سزایه بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ی له بواری پزیشکی و ته‌ندروستیدا کار ئه‌که‌ن زۆر توندتره‌و به خیانهتێس له شه‌ره‌فی پیشه دائه‌نرێت.
پرسیاره‌که لێره‌دا له خودی سیسته‌مێک و ئه‌وانه‌ی کاری تیدا ئه‌که‌ن و به‌ڕێوه‌ی ئه‌به‌ن ئه‌وه‌یه ئایا ڕزگار کردنی ژیانی مرۆڤێک گرنگتره یان پابه‌ند بوون به ڕۆتین و پسوڵه‌و چاوه‌ڕوانکردن تا کردنه‌وه‌ی کاتی ده‌وامی ره‌سمی و ئه‌م هه‌موو که‌مته‌رخه‌می و پشتگوی خستنانهی که ژیانی لازۆ و ئه‌شێت چه‌ندانی تریشیان به ئاسانی به‌مه‌رگ به‌خشیبێت؟ ئایا ئه‌کرێت مه‌رگی لازۆ هاوتای پسوڵه‌یه‌کی دووهه‌زار دیناری یان مه‌رگ وداڕمانی سیسته‌مێک بکرێته‌وه که خودی مرۆڤ له به‌هاکانی دائه‌ماڵێت؟ ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه پرسیار له نادروست کارکردن و داڕشتنی سیسته‌مێک بکرێت که‌نازانرێت ڕۆژانه له نیو ماشێنه مه‌رگ بهخشهکهیدا چه‌ندانی وه‌کو لازۆ له‌ئه‌نجامی که‌مته‌رخه‌می و پشتگوی خستن و ده‌رمانی ماوه‌به‌سه‌رچوو ، ته‌شخیسکردنی هه‌ڵه‌ی نه‌خۆشی و نه‌شته‌رگه‌ری هه‌ڵه‌دا گیان له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن و چه‌ندانی تریش له ودیو ئه‌و سیسته‌مه وه به مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت و ده‌فته‌ره دۆلارهکانهوه ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی وڵاتانی تر ئه‌کرێن بۆ چاره‌سه‌ر ؟ ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه که گوێ له هاواری کۆستکهوتوویهک بگیرێت ، هاواری باوکێک که داوای چاکسازی له سیسهتهمێکدا ئه‌کات ، که ئه‌زانێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ژیانی مناڵه‌که‌ی بۆ ناگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگێکی غه‌مگین و خه‌مخۆری ئه‌م نیشتمانه‌یه که تیایدا داوای داهاتوویه‌ک ئه‌کات ئیدی مناڵانی تر و ڕۆحه‌کانی دی تیایدا نه‌بنه قوربانی ؟ ئایا هه‌ق نییه هه‌موومان به به‌خشنده‌یی و لێبورده‌یی باوکێک سه‌رسام بین که مه‌رگی مناڵه‌که‌ی هاونیشتمانێتی بوونی و دڵسوتان به نیشتمانه‌که‌ی زیاتر ئه‌کات؟
منیش وه‌ک باوکی لازۆ که‌س تاوانبار ناکه‌م ، نازانرێت له‌م هه‌موو هه‌واڵه تراژیدیانه‌ی ڕۆژانه ڕووئه‌ده‌ن و ئه‌یبیستین ، له‌م هه‌موو ژیانه‌ی بێهوده له‌م نیشتمانه‌دا به‌فیڕۆ ئه‌چن خودی سیسته‌مه‌که یان به هه‌موو پێکهاته‌و مرۆڤه‌کانیشه‌وه به‌رپرسیاره ! بۆ ئه‌وه‌ی هاواری باوکی لازۆ به بێده‌نگی وه‌کو گیانی کوڕه‌که‌ی خه‌فه نه‌کرێت ، هه‌قه گوێی لێ بگیرێت ، هه‌قه سه‌رۆکه‌کان ، لێپرسراوه‌کان، په‌رله‌مانتاره‌کان، له شه‌ڕه بێهوده‌کانی ده‌سه‌ڵات و ڕه‌خنه له مانا دابراوهکانیان له یه‌کدی ، له کۆبوونه‌وه داخراوه‌کان و لێشاوی لیژنه بێ کاره‌کان بێنه ده‌رێ و له مه‌رگی پڕ مانای لازۆوه که تیایدا ئه‌کرێت هه‌زار پرسیار له خودی سیسته‌مه‌که و له ههمووژمارهی کابینه‌کانی ئه‌و حکومه‌ته بکرێت ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی کامیان سه‌رکه‌وتووبووه‌و کامیان شکستی هێناوه ، پرسیاره‌کان کۆی پێکهاته‌یه‌ک بکرێت که له نائاماده‌یی سیسته‌مدا مه‌رگ ئه‌به‌خشێت. هه‌ر جێی بیر هێنانه‌وه‌یه که له ژماره 5622 ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ‌دا ، لاپه‌ڕه 14 ،هه‌واڵی ( مه‌ریوان که‌ریم شه‌ریف) ئه خوێنینه‌وه که باوکی شه‌هیدی سه‌نگه‌ره‌و براکه‌ی شه‌هیدی ئاوایی خێڵی حه‌مه‌یه، ماوه‌ی چوارمانگه خۆیی و دوو مناڵی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵ و چوار ساڵ له بێ شوێنی‌دا شه‌وانه بێ شێو له باخچه‌کاندا ئه‌نوون. ئه‌مه له کاتێکدا له وه‌زاره‌تی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه به‌رده‌وام باسی پاراستنی کۆمه‌ڵایه‌تی و بیمه‌ی بێ‌کاری و نه‌هێشتنی هه‌ژاری ئه‌کرێت و کۆمپانیا گه‌وره‌کانیش مژده‌ی دروستکردنی سیتیه خهونئامێزهکان و به‌هه‌شته‌کانی شار‌و هه‌ڵچنینی باڵه‌خانه‌کان و به دوبه‌ی کردنی کوردستان‌مان پێ ئه‌ده‌ن.
ئایا نامه‌که‌ی باوکی لازۆ خوێندرایه‌وه؟ ڕه‌شبینم که به بێ ده‌نگی تێپه‌ڕێت. بێگومان ئه‌شێت میدیاکانی به ناو ئه‌هلی و ئۆپۆزیسیۆنیش هیچ گرنگیان به و نامه‌یه‌و مه‌رگی مناڵێک نه‌دابێت که هێنده‌ی مه‌رگێکی بێ‌تاوان هه‌ڵگری تاوانی گه‌وره‌یه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که له سایتی که‌ناڵی حیزبێکی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵاتدا بڵاوکراوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئاخۆ وه‌زیری ته‌ندروستی که یه‌که‌م که‌سی په‌یوه‌ندداری ئه‌م رووداوه‌یه له‌و نامه‌یه ئاگاداره‌و به‌ده‌نگ ئه‌و هاواره‌وه هاتووه؟ ئایا سه‌رۆکه‌کان ، که‌هه‌ریه‌که‌یان سه‌رقاڵی ئه‌رکێکی نیشتمانی مه‌زن بوون ، ئایا ئاگادارن ، له کاتێکدا که سه‌رۆک کۆمار به‌ڕێ که‌وت بۆ به‌شداری پرسه‌ی جێنشینی پاشای سعودیه، کاتێک سه‌رۆک وه‌زیران سه‌رقاڵی ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی داننان به فیدرالهیهتی کوردستاندایه‌و خواستی سه‌پاندنی دووباره دیکتاتۆریه‌تێکی ناوه‌ندی به‌سه‌ر خاکی پێرۆزی عیراقدا هه‌یه، کاتێک سه‌رۆکی هه‌رێم له گه‌ڕانه‌وه‌ی له گه‌شتی ئێران و فڕینی به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره ، کاتێک سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌و ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێکه‌وت بۆ به‌شداری له کۆنفرانس و گفتوگۆی به‌هاری عه‌ره‌ب، ئایا له کاتێکدا جیهان به له‌دایک بوونی ( دانیکا)ی ساوا له فیلیپین ئاهه‌نگی به حه‌وت ملیار بوونی مرۆڤایه‌تیان گێڕا ، که‌سیان ئاگاداربوون که پێشتر دوا تروسکایی مۆمی ته‌مه‌نی لازۆی مناڵی کورد خامۆش بوو؟ که‌س پرسیار ئه‌کات که‌ئه‌و ڕۆحه‌و ئه‌وانی دی قوربانی کێ و چین ؟ سیسته‌م ، گه‌نده‌ڵی ، بێ به‌هاکردنی مرۆڤ ، یان ، یان ، یان ؟