
گفتوگۆ لەگەڵ د.رەفیق سابیر
-هیچ ئایین و فه‌لسه‌فه و ئایدۆلۆجیایه‌ك نه‌یتوانیوه به‌هه‌شتێك له‌سه‌ر زه‌مین بۆ مرۆڤـ دروست بكات
-به‌بێ سیاسه‌تێكی كولتووریی یه‌كگرتوو ناتواندرێت سیاسه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو دابڕێژێت.
-هه‌ر كارێكی گرنگ كه مرۆڤ له ژیانیدا ده‌یكات حه‌تمه‌ن ده‌بێت، له بری كاره‌كه‌ی باجێك بدت، هه‌ندێك جار باجه‌كه له كاره‌كه گه‌وره‌تره
گه‌لاوێژی نوێ: دوای ئه‌م هه‌موو گۆڕانكارییانه‌ی به‌سه‌ر جیهان و به‌سه‌ر بیروڕاكانی خۆتاندا هاتووه، تكایه ئێستا خولیای سه‌ره‌كی ژیانت چییه؟
ره‌فیق سابیر: خولیای سه‌ره‌كی ژیانم له ناوه‌ڕۆكدا و تا ڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌ر هه‌مان ئه‌و خولیایانهن كه پێشتریش ژیانی منیان، وه‌ك مرۆڤ و شاعیر، داگیركردبوو: خولیای ئازادی و دادپه‌روه‌ری و ڕاستی، خولیای ده‌رخستنی خه‌م و ئاواتی مرۆڤـ و جوانكردنی ژیان و گوتنی شتێك كه مانایه‌كی نوێ به په‌یڤین و شته‌كان بدات، گۆرانێكی گرنگ كه له‌م باره‌یه‌وه له ژیان و بیركردنه‌وه‌ی مندا ڕووی دابێت ئه‌وه‌یه كه ساڵانێكه ته‌نیا له ڕێگه‌ی په‌یڤ، یان ده‌سه‌ڵاتی په‌یڤه‌وه په‌نا بۆ ئه‌م كارانهدهبهم. به واتایه‌كی دی ساڵانێكه كاری سیاسی-جیزبی به ته‌واوكه‌ری كاری ئه‌ده‌بی و به‌و ئامرازه نازانم كه له كار و كۆششی ئه‌ده‌بیمدا به‌رچاوم ڕوون بكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها دوای ئه‌نفال و كیمیابارانی كوردستان، زیاتر له جاران هه‌ستم به‌و مه‌ترسییه كردووه كه ڕووبه‌ڕووی كه‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ییم بۆته‌وه، بۆیه داكۆكیكردنی له‌م كه‌سایه‌تیه، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حسابی سڕینه‌وه و سوكایه‌تیكردن به كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه بێت، به به شێك له ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانی و كولتووری خۆم ده‌زانم.
گه‌لاوێژی نوێ: ئایا دوای ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه و دوای سالهَهای ساڵ ژیان له ئاواره‌یی هه‌ستی ئه‌ده‌بیت، له چاو ئه‌و هه‌سته‌ی له ناو وڵات‌دا ههت بوو چ گۆڕانێكی به‌سه‌ردا هاتووه؟
ره‌فیق سابیر: ئه‌وه بۆ بیست ساڵ ده‌چێت به ناچاری وڵاتم به‌جێهێشتووه(*). زۆر جار كه بیرم له‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كه‌مه‌وه ته‌زوویه‌كی سارد به جه‌سته‌مدا ڕه‌ت ده‌بێت. ئه‌مه ناعه‌داله‌تییه‌كی گه‌وره بوو به‌رامبه‌ر به من كرا و هه‌موو ژیانی تایبه‌تی منی شێواند. له‌وكاته‌وه تا ئێستا وه‌ك تاوێرێكی هه‌ڵكه‌نراوی لاپاڵی چیا خلۆرده‌بمه‌وه و ناتوانم خۆم بگرمه‌وه. وه‌ك شتێكی پرش و بڵاو پهڕاگهندكراو وام كه چه‌ند ده‌مه‌وێت خۆم كۆبكه‌مه‌وه پهرهوازهتر و پهراگهندهتر ده‌بم.
له وڵات‌دا دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی هه‌ستی ئه‌ده‌بی و بیركردنه‌وه‌ی منیان داگیر كرد بوو: لایه‌نێكیان ئه‌وه بوو كه‌وه‌ك مرۆڤـ و شاعیر هه‌ستم به نامۆیییهكی قووڵ ده‌كرد و نهم ده‌توانی خۆم له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا بگونجێنم، یان وه‌ك له شیعرێكدا نووسیومه(من نامۆی نێوشارهكهم بووم، هه‌رخۆم ته‌رم و گۆڕهه‌ڵكه‌ن و خۆم زێوانی گۆڕه‌كه‌م بووم). ئه‌مه سه‌ره‌تای نامۆیی و مه‌نفایه‌كی وجودییانه بوو، كه‌په‌یوه‌ندی به مانای جیۆگرافیی مه‌نفاوه نیییه، به‌ڵكو به‌رهه‌می ئه‌و ناكۆكییهیه كه له نێوان هۆشیاریی تاكه‌كه‌س و واقیعدا هه‌یه. لایه‌نێكی دیكه‌یشیان وه‌ك كه‌سێكی چه‌پ و ماركسیست هه‌ستم به به‌رپرسیارییه‌كی گه‌وره ده‌كرد به‌رامبه‌ر به ژیان و وڵات و جیهان. من له‌و جیلهم كه، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی دنیاشدا، زۆرترین ته‌ئسیری گیڤاراو شه‌ڕی ڤێتنامی له‌سه‌ر بوو. ئه‌م دوو ڕووداوه گه‌وره‌یه‌ی كۆتایی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكان شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی چه‌پی به‌ناو ڕووناكبیرانی دنیادا بڵاوكرده‌وه. ئه‌م لایه‌نه‌یان ژانه وجودییه‌كانی منیان كه‌متر ده‌كرده‌وه، ئه‌نجام به‌ره‌و ئه‌وه‌یان بردم كه په‌نا بۆ كاری سیاسی و حیزبایه‌تی به‌رم. له هه‌مان كاتدا بزاڤی ئه‌ده‌بیی ئه‌وكاته و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی شیعری كوردی به‌شێكی گه‌وره‌ی هه‌ستی ئه‌ده‌بیی منیان پێك دێنا. ئه‌و كاته به هه‌موو باوه‌ڕێكه‌وه پێمان وابوو كه ئێمه جیهان ده‌گۆڕین. هه‌روا له وڵات‌دا كاره‌كانی مرۆڤـ له نزیكه‌وه ئه‌نجامه‌كانیان، بابچووكیش بووبن، ده‌بینران. یان مرۆڤـ خۆی پێی وابوو كه ئه‌نجامێكیان هه‌یه. ئه‌و ته‌نكه ترسه‌ی گرتن كه وه‌ك شمشێره‌كه‌ی دیمۆكلیس به‌سه‌ر سه‌رمانه‌وه بوو جۆره شانازییه‌كی تایبه‌تی ده‌هێنا، چونكه له‌گه‌ڵ غروور و سه‌ركه‌شیی لاوانه و گیانی یاخییانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ماندا تێكه‌ڵ ده‌بوون. دوای ئاواره‌یی شته‌كان، هه‌موو شته‌كان، شێوه و مانایه‌كی دیكه‌یان به خۆیان گرت، من ئیدی له ره‌گه‌وه ههڵكهندرام، ئه‌رك و مهسئولیهتهكان له‌وه گرانتر و سه‌ختتر بوون كه به جۆرێكی سروشتی له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و ئه‌زموونی ژیان و له‌گه‌ڵ سروشتی شاعیرانهمدا بێنه‌وه، من ((زۆربا))یه‌كی كوردستانی بووم و ده‌مویست و ده‌مه‌وێت ((زۆربا))یانه بژیم، به‌ڵام ئاواره‌كران له وڵات و هه‌ستكردنێكی قووڵ به سته‌م و خولیای ستاندنه‌وه‌ی ئه‌و شته جوان و هێژایانه‌ی كه لێمان زهوتكران، ده‌رفه‌تێكی بۆ نه‌هێشتبوومه‌وه و، ناچاری كاری ئه‌وتۆیان كردم كه له توانای مندا نه‌بوون، ئیدی هه‌سته ئه‌ده‌بییه‌كانیش به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه سه‌خته نوێیه‌دا: پێشمه‌رگایه‌تی، ئاواره‌یی و ژیان له چه‌ند وڵاتێكی جیاوازدا، دواتریش وازهێنان له كاری حیزبایه‌تی گۆڕانییان به‌سه‌ردا هات و ئه‌نجام ئه‌مه‌یان لێ دروست بووه كه ساڵانێكه به به‌رهه‌مه‌كانمه‌وه دیارن.
گه‌لاوێژی نوێ: ئایا ئێستا ئه‌ده‌ب، یان دروستتره بڵێین داهێنانی تاك وه‌ك به‌هره‌مه‌ند، لای تۆ چ په‌یوه‌ندییه‌كی به ژێرخانی كۆمه‌ڵه‌وه هه‌یه؟ ئایا داهێنان به شێكه له سه‌رخان؟
ره‌فیق سابیر: داهێنان پێش هه‌ر شتێك كارێكی تاكه‌كه‌سییه ((فه‌ردی))یه، واته پێش هه‌ر شتێك به‌رهه‌می ئه‌و تاكهكهسهیه كه به داهێنه‌ر ناوده‌برێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه وای كردووه كه له سایه‌ی یه‌ك بارودۆخی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا و ته‌نانه‌ت له‌ناو یه‌ك تاكه خێزاندا كه‌سانێك ههڵبكهون كه داهێنه‌ربن و كه‌سانێكی دیكه‌ش هه‌بن كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به داهێنانه‌وه نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی میكانیكیی داهێنان، وه‌ك كارێكی تاكه‌كه‌سی، به ژێرخانی كۆمه‌ڵه‌وه كارێكی ئایدۆلۆجییه، وه‌ك زۆر مه‌سه‌له‌ی دیكه‌ی ئایدۆلۆجی مه‌به‌ستێكی سیاسیی له پشته‌وه‌یه كه ده‌شێت سه‌ره‌نجام گومڕاییه‌كی بخوڵقێنێت، چونكه راستییه‌ك به‌و شێوه‌یه ده‌رناخات كه هه‌یه، به‌ڵكو به‌و شێوه‌یه پیشانی ده‌دات كه پێویسته ببێت. ئه‌م بۆچوونه به‌و مه‌به‌سته نییه كه مرۆڤی داهێنه‌ر، یان هونه‌رمه‌ند، وه‌ك كه‌سێكی دابڕاو له واقیع و كۆمه‌ڵ، كه له غه‌یبه‌وه داهێنانی بۆ بێت، پیشان بدات، مرۆڤ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی- كولتوورییه، واته مرۆڤ به‌رهه‌می كۆمه‌ڵێكی دیاریكراو‌و كولتوورێكی دیاریكراوه. داهێنانه‌كانی مرۆڤ راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ كاریگه‌ریی دیارده‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵ و كولتووره و ژیانی تایبه‌تیی مرۆڤه‌كه و، دیارده‌كانی دیكه‌ی جیهانیان پێوه دیاره. من به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا ده‌نووسم چونكه من به‌رهه‌می كۆمه‌ڵ و كولتوورێكی دیاریكراوم و له سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا و به‌م شێوه تایبه‌تییه‌ی كه بووه و هه‌یه ده‌ژیم. شته‌كان به‌م جۆره له مندا حۆیان ده‌رده‌خه‌نه‌وه. هیچ دیاریدهیهكیش به‌یه‌ك جۆر و ئاست كار ناكات و به‌هه‌مان شیوه و ئاست لای مرۆڤه‌كان ره‌نگ ناداته‌وه. سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی دیارده بابهتییهكان له‌ناو كارێكی هونه‌ریدا ڕه‌نگ پێده‌داته‌وه ئه‌و خوده داهێنه‌ره‌یه كه ده‌یه‌ویت پێش هه‌ر شتێك خۆی وه‌ك تاكه‌كه‌س ده‌ربخات.
بۆیه به‌ستنه‌وه‌ی میكانیكیانه‌ی داهێنان به ژێرخانه‌وه، یان ڕیزبه‌ندكردنی له‌ناو بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی سه‌رخاندا كارێكی ئایدۆلۆجییه، یان لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاسان و زلبینانهیهو، ده‌شێت داهێنان به هه‌موو تایبه‌تمندی و گه‌وره‌یی و فراوانییه‌وه له ناو چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراودا چڕبكاته‌وه، به‌مه‌به‌ستێكی سیاسی دیاریكراو، دای تاشیبێت.
گه‌لاوێژی نوێ: به‌ڵام داهێنان و ڕیبازه ئایدۆلۆجییه‌كان، ده‌شێت له كۆشش بۆ گۆڕینی ژیاندا یه‌ك بگرنه‌وه.
ره‌فیق سابیر: به‌ڵی. له‌م خاڵه‌دا داهێنان له‌گه‌ڵ زۆر كاری پۆزێتیڤانهی مرۆڤدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام لێره‌دا قسه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی داهێنانه. له‌وه‌ته‌ی مرۆڤـ به هۆی به‌كارهێنانی مێشك و هۆشیارییه‌وه خۆی له ئاژه‌ڵ جیاكردۆته‌وه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی گۆڕینی ژیان، واتا باشكردنی ژیانی داوه. هه‌وڵدانی پرۆمێسۆس بۆ دزینی ئاگر له خوداوه‌ند و هێنانی بۆ مرۆڤـ له میتۆلۆجیای گریكیدا به‌شێكه له‌م خه‌ون و ئاواته له مێژینه‌ی مرۆڤـ. هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان و ئایینه‌كان له سه‌ره‌تادا به‌و مه‌به‌سته ده‌ركه‌وتوون كه ژیانێكی جوانتر و دادپه‌روانه‌تر بۆ مرۆڤه‌كان دابین بكه‌ن. ئه‌مه خه‌ونی مه‌زنی فه‌یله‌سوفان و شاعیرانیش بووه. هه‌موو شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانی مرۆڤـ، هه‌ر له سپارتاكۆسهوه تا شۆڕشی فه‌ره‌نسا و شۆڕشه ڕزگاریخوازی و شۆڕشه سۆسیالیسته‌كان، له ناوه‌ڕۆكدا به هه‌مان ئامانج بوون. به‌ڵام هیچ ئایین و فه‌لسه‌فه و ئایدۆلۆجیایه‌ك نه‌یتوانیوه و گومان ده‌كه‌م بتوانێت به‌هه‌شتێك له‌سه‌ر زه‌مین بۆ مرۆڤـ دروست بكات. ئه‌نجام به جۆرێك له جۆره‌كان تووشی بنبه‌ست ده‌بێت. تێكشكانی كۆمۆنیزم، وه‌ك ڕێگه‌چاره‌یه‌كی گیروگرفت و ره‌وشی مرۆڤایه‌تی، دوا نمونه‌یه‌كی به‌رچاوه. له‌به‌ر ئه‌وه تا ئێستا له هیچ سه‌رده‌م و له هیچ شوێنێكی دنیادا مرۆڤـ به‌و شێوه‌یه نه‌ژیاوه و ناژی كه شایه‌نیه‌تی، یان كه پێویسته بژی.
به‌ڵام ئه‌م كۆششه‌ی مرۆڤـ ته‌نیا دیوێكی كاری مرۆڤه. كه كه‌م یان زۆر، ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، له‌گه‌ڵ كاری داهێنه‌راندا یه‌ك ده‌گرێته‌وه. هه‌وڵ كۆششی مرۆڤـ، له هه‌مان كاتدا، دیوێكی خۆپه‌رستانه و وێرانكارانه‌ی هه‌یه، كه شه‌ڕو داگیركردن و سته‌م نمونهكهیهتی. هه‌وڵ و كۆششه باشه‌كانی مرۆڤـ، له كۆمه‌ڵه خاڵێكی سه‌ره‌كیدا، كه په‌یوه‌ندییان به مرۆڤه‌وه هه‌یه، له داهێنانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری جیاواز بوون، له هه‌مان كاتیش‌دا دیله‌ما (مه‌ئزه‌ق)ێكی ڕاسته‌قینه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵگرتووه: دیلهماكهش به‌شێكی له‌وه‌وه هاتووه كه هه‌میشه جیاوازییه‌كی گه‌وره له نێوان تیۆری و پڕاكتیك، واقیع و خه‌وندا هه‌یه و هیچ فه‌لسه‌فه‌و تیۆرییه‌ك ناتوانێت پڕبه‌پڕی واقیع و خه‌ونی مرۆڤـ بێت. دووه‌میان ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كۆشش و ئایین و شۆڕشانه ته‌نیا مرۆڤیان نه‌كردۆته ئامانج، به‌ڵكو له هه‌موویاندا مرۆڤـ ئامرازیش بووه. واتا چه‌ند هه‌وڵدراوه كه مرۆڤـ، له‌م رێگایانه‌وه به‌خته‌وه‌ر بكرێت، هێنده‌ش مرۆڤـ كراوه‌ته قوربانی. له به‌رمبه‌ر ئه‌مه‌شدا مرۆڤـ خۆی، وه‌ك تاكه‌كه‌س، چه‌ند توانیبێتی هه‌وڵی داوه به‌رهه‌می ئه‌م كۆشش و ئایین و شۆڕشانه، پێش هه‌ر شتێك بۆ باشكردنی ژیانی شه‌خسی و خێزانیی خۆی به‌كار بێنێت. پێموایه هێشتا مه‌سه‌له‌ی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی شتگه‌لێكن كه به سروشتی مرۆڤـ نامۆن. له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و كۆششه گه‌ورانه‌ی مرۆڤایه‌تیدا هێشتا ئامانجی مرۆڤـ وه‌ك تاكه‌كه‌س، هه‌ر خۆیه‌تی تا باشتر و خۆشتر بژی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م باشترژیانه له‌سه‌ر حسابی ژیان و ئاسووده‌یی و خۆشیی كه‌سانی دیش بێت.
به‌كورتی پیرۆزترین ئایین، راِِسترین فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆژیا بده ده‌ست مرۆڤـ، له پڕاكتیكدا به جۆرێك بۆ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌یانشێوێنێت كه نه‌ناسرێنه‌وه. هه‌ر بیرێك، فه‌لسه‌فه‌یه‌ك چه‌ند مه‌زن بێت سه‌ره‌نجام له پڕاكتیكدا هه‌ر هێنده‌ی ئاستی فیكری و عه‌قڵی ئه‌و كه‌سانه‌ی لێدێت كه په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن.
لێره‌دا داهێنان، كه به‌رهه‌می كاری مرۆڤه، له‌گه‌ڵ كاره‌كانی دیكه‌ی مرۆڤدا لێك داده‌بڕێن و به یه‌كتریش نامۆ ده‌بن.
گه‌لاوێژی نوێ: ئه‌و رێبازانه‌ی كه جاران ئه‌ده‌ب و داهێنانیان شه‌ته‌كی فه‌لسه‌فه‌كانیان ئه‌دا، ئایا دوای گۆڕانكارییه‌كان، هه‌ست ناكه‌ن كه ئازادیی به‌هره باشتر ره‌خساوه؟
ره‌فیق سابیر: ئه‌و رێبازانه ته‌نیا به جۆرێكی نسبی و له كۆمه‌ڵه حاڵتێكی دیاریكراودا توانیویانه ئه‌م كاره بكه‌ن. ئازادیی به‌هره هه‌میشه په‌یوه‌ندی به ئازادیی مرۆڤه‌وه هه‌یه، به‌بێ ئازادیی مرۆڤ، وه‌ك تاكه‌كه‌س هیچ جۆره ئازادییه‌ك بوونی نییه. چونكه مرۆڤ چه‌ند بتوانێت، وه‌ك تاكه كه‌س له بیركردنه‌وه و كار و باوه‌ڕ و ئایین و ژیانی شه‌خسی خۆیدا ئازاد بێت، هێنده‌ش ئازادیی به‌هره و داهێنان و ئازادیی كۆمه‌ڵ گه‌شه ده‌كات. به‌ڵام ئازادی كوللێكه دابه‌ش ناكرێت، ئازادیی سیاسی و ئایینی….تاد نرخ یان ناوه‌رۆكێكی ئه‌وتۆیان نابێت ئه‌گه‌ر مرۆڤ وه‌ك تاكێكی داهێنه‌ر ئازادیی ژیان و كار و ئازادیی جه‌سته‌یی و رۆحی بۆ دابین نه‌كرێت. بۆیه له‌و باوه‌ڕه‌دام دوای ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه باسیان ده‌كه‌یت، هێشتا ده‌رفه‌تێكی نه‌وعیی جیاواز له‌وه‌ی كه بووه بۆ ئازادیی به‌هره و ئازادیی مرۆڤ نه‌ڕه‌خساوه. سه‌رمایه‌داری، كه به پێی لۆژیكی نا ئینسانییانه‌ی بازاڕ، قازانج و منافه‌سه به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌مڕۆ كۆنترۆڵێكی جیهانیی به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه، ناتوانێت شته‌كان، به مرۆڤ و داهێنانی مرۆڤیشه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م لۆجیكه‌وه ببینێت و چاره‌سه‌ری گیروگرفته‌كانی مرۆڤ به گشتی و گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و جیهان بكات. بۆیه باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی باسیان ده‌كه‌یت سه‌ره‌تایه‌كی نه‌وعیی نوێ بۆ ئازادیی به‌هره و مرۆڤ بڕه‌خسێنن.
گه‌لاوێژی نوێ: ئه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ی لای خۆمان؟
ره‌فیق سابیر: ئێمه به‌شێكی بچووكین له دنیا كه ئه‌مڕۆ به ته‌واوی به یه‌كترییه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. له چوارچێوه‌ی مه‌رجه ئابووری و سیاسی كولتوورییه‌كانی دنیادا هه‌ناسه ده‌ده‌ین و رووبه‌ڕووی ژیان ده‌بینه‌وه. بۆیه ئه‌و شتانه‌ی باسكران كه‌م تا زۆر، راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ ئێمه‌ش ده‌گرنه‌وه. ئه‌و ئازادییه‌ی كه چه‌ند ساڵێكیشه لای خۆمان ره‌خساوه، ده‌كرا سه‌ره‌تایه‌كی باش بێت، تا كورد هه‌وڵ بدات به جۆرێكی دی ژیانی خۆی رێك بخاته‌وه. به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌م ئازادییه كرایه خراپترین شێوه‌ی ئازادی، ئازادیی ژیان و كاركردن و تێربوون به شه‌رتی له ده‌ستدانی ئازادیی تاكه‌كه‌سی و بوونه ئه‌ندام و لایه‌نگری ئه‌م یان ئه‌و حیزب، ئازادیی خۆ له‌بیركردن و بوون به به‌شێك له مێگه‌ل، ئازادیی سووتان به ئاگری شه‌ڕی ناوخ، ئازادیی برسیبوون و دزینی سامانی كوردستان. ئه‌مه ئازادییه‌كی فه‌له‌جه، یا ئازادییه‌كی موحه‌جه‌به‌یه كه جوانترین ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی ئازادی داده‌پۆشێت. هه‌روا ئازادی به‌بێ بوونی یاسایه‌كی عه‌داله‌تخوازانه، كه هه‌ر ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵ، هه‌ر پله و پایه‌یه‌كی هه‌بێت، له ئاستیدا یه‌كسان و هاوشان بن و به بێ كۆمه‌ڵه ده‌زگایه‌كی یاسایی و مه‌ده‌نی، كه ناوه‌رۆكی ئه‌م یاسایه بپارێزن و گه‌ره‌نتی پاراستنی كه‌رامه‌ت و كه‌سایه‌تیی هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵ بكه‌ن، به‌بێ ئه‌مانه قسه‌كردن له ئازادی له په‌خشانێك ده‌چێت. له به‌ر ئه‌وه ئه‌م جۆره ئازادییه ناته‌واوه ناتوانێت ئازادیی به‌هره، به‌مانا فراوانه‌كه‌ی، دابهێنێت و، له بواری داهێناندا به‌رهه‌می گه‌وره‌ی لێ بكه‌وێته‌وه. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌رمی داهێنه‌رانه‌ی گه‌وره‌ش ده‌ربكه‌ون ئه‌وا مه‌رج نییه ئه‌نجامی ئه‌م شێوه ناته‌واوه‌ی ئازادی بن.
گه‌لاوێژی نوێ: سۆڤییه‌تی جاران. ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاتی جاران، له كاتی ئه‌زموونی سۆسیالیزمدا، داهێناندا به‌شێوه‌ی باشتر ده‌خولقاند یان دوای هه‌ره‌س هێنانی ئه‌و سیستمانه؟
ره‌فیق سابیر: له‌وه‌ته‌ی له سه‌ره‌تای ساڵی نه‌وه‌ته‌وه له سوێد نیشته‌جێ بووم زۆر كه‌م ئاگاداری ئه‌ده‌بی هه‌ندێ له‌و وڵاتانه‌م، بۆیه باوه‌ڕناكه‌م بتوانم له‌م باره‌یه‌وه به‌راوردێكی ئه‌وتۆ بكه‌م كه گرینگییه‌كی بۆ خوێنه‌ران هه‌بێت.
گه‌لاوێژی نوێ: پێت وانییه كه داهێنانی گه‌وره‌تر له جاران، خوڵقاوتر له جاران ته‌نانه‌ت له ئه‌مریكا و ئه‌وروپاشدا هه‌تا ڕاده‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ی كردووه؟
ره‌فیق سابیر: مێژووی فیكر‌و داهێنان له ئه‌وروپادا، به لای كه‌مه‌وه له‌دوای رێنێسانسه‌وه، زنجیره‌یه‌كی به‌رده‌وامی ده‌ركه‌وتنی ڕێبازی فیكری، فه‌لسه‌فی، ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه. هه‌ركام له‌م ڕیبازانه ته‌نیا یه‌كترییان نه‌سڕیوه‌ته‌وه به‌ڵكو له ناوه‌ڕۆكدا یه‌كتریشیان ته‌واو كردووه. چونكه هه‌ر رێبازێكی نوێ ئه‌نجامی هه‌ڵمژین و ئیستیعابكردنی شته‌كانی پێش خۆی و، له هه‌مان كاتدا هه‌وڵدانێك بووه تا ئه‌و شتانه به‌جێ بهێڵێت و فه‌زایه‌كی نوێی فیكری، ئێپستیمۆلۆژی و هونه‌ری له به‌رده‌م مرۆڤدا بكاته‌وه، یان وه‌ڵامی كۆمه‌ڵێك له‌و پرسیاره سه‌ره‌كییانه بداته‌وه كه مرۆڤـ، له زه‌مانێكی تایبه‌تدا، ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه. بۆیه دڵنیا نیم له‌وه‌ی كه(داهێنانی گه‌وره‌تر له جاران تا ڕاده‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ی كردبێت) یان تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ی كردبێت. قه‌تیش نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ین هه‌ر په‌نجا ساڵ جارێك، كه‌سانێكی وه‌ك شه‌كسپیر، گۆتێ، دۆستۆڤسكی، كافكا، مۆزارت، فۆكۆ، پێكاسۆ، هیگڵ، جێمس جۆیس، ئێلیۆت، ماركس و ئاینشتاین..تاد ده‌ربكه‌ن.
گه‌لاوێژی نوێ: بابێینه سه‌ر باسی ئه‌ده‌ب و داهێنان لای خۆمان.. جگه له شه‌ڕی ناوخۆ.. هه‌روا قه‌یرانی ئابووری، جگه له‌م دوو هۆیه بۆچی له كوردستاندا وه‌كو پێش ڕاپه‌ڕین داهێنان له ئاستی نیوه‌ی پێویستیشدا نییه.
ره‌فیق سابیر: مه‌گه‌ر ئه‌م دوو هۆیه كه‌من؟ هیچ بارودۆخێك هێنده‌ی شه‌ڕ و قه‌یرانی ئابووری ناوه‌ڕۆكی ئینسانیانه‌ی مرۆڤـ ناشێوێنێت. هیچ تاوانێك له‌تاوانی شه‌ڕ و برسیكردنی مرۆڤـ گه‌وره‌تر نییه. هێمنترین و ئینسانترین مرۆڤـ برسی بكه وه‌ك دڕنده‌یه‌كی لێ دێت. سوێد چه‌ند سه‌د ساڵه شه‌ڕێكی نه‌دیوه. به‌ڵام پێنج ساڵ شه‌ڕی نێوخۆ و قه‌یرانی ئابووری، له شێوه‌ی لای خۆمان، ده‌شێت نیوه‌ی خه‌ڵكه ئارام و هێمنه‌كه‌ی سوێد بكاته دڕنده. ئه‌م دوو هۆیه‌ی باست كرد لای من هه‌موو شتێكه. بۆیه باشووری كوردستان به گشتی له قه‌یرانێكی سه‌رتاسه‌ری و تراجیدیایه‌كی كه‌موێنه‌دا ده‌ژی. ئه‌م قه‌یرانه به هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی سیاسی، ئابووری و رۆشنبیرییه‌وه دیاره. ئه‌و ئازادییه‌ی بۆ گه‌لی باشوور ڕه‌خسا تا ئێستا تاكه شتێكی گه‌وره‌ی لێكه‌وتۆته‌وه، ئه‌ویش ئاژاوه‌یه‌كی به‌ربڵاوه. له‌ناو ئه‌م ئاژاوه‌یه‌دا ڕه‌نگه‌كان، ده‌نگه‌كان و شته‌كان به ئاسانی له یه‌كتری جیا ناكرێته‌وه. ئه‌مه له حاڵه‌تی لافاو، یان تۆفان ده‌چێت كه تا به جۆرێكی سروشتی ئه‌نیشێته‌وه ئاوه‌كه ڕوون نابێته‌وه و بنی ئاوه‌كه نابیندرێت. بۆیه من پێموایه، له‌گه‌ڵ هه‌موو دژوارییه‌ك كه داهێنه‌رانی كورد له باشوور تێی كه‌وتوون، هێشتا ده‌كرێت بگوترێت كه له نه‌ته‌وه‌كاندا هه‌ندێك كاری داهێنه‌رانه ئه‌نجام دراون. له هه‌موو بواره‌كانی داهێناندا كه‌سانی جیدی و به‌رچاو ده‌ركه‌وتوون كه ده‌شێت شانازییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی داهاتوومان بن. باوه‌ڕناكه‌م قه‌ت له‌ناو ژیانی رۆشنبیریی كوردیدا هێنده‌ی نه‌ته‌وه‌كان ژن له بواری داهێناندا ده‌ركه‌وتبێت. به‌ڵام له ناو ئه‌و ئاژاوه‌یه‌دا شته‌كان خراپ تێكه‌ڵ كراون، پێوانه‌كانی جوانی و داهێنان شوێندراون. بێ زه‌وقی هه‌موو بوارێكی ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی ته‌نیوه‌ته‌وه. شار له‌به‌رده‌م كولتووری شاخ و گونددا پاشه‌كشه‌ی كردووه. شته ڕه‌سه‌ن و جوانه‌كان، له ناو ئه‌م تۆفانی بێ زه‌وقی و ئاژاوه‌یه‌دا به ئاسانی نابیندرێن. ئاسانیش نییه له‌م بارودۆخه فره دژواره‌دا چاوه‌ڕێی شتی زۆر بكرێت.
گه‌لاوێژی نوێ: بابێنه سه‌ر هۆكاری ئابووری:
له كوردستاندا زۆرتر پاشه‌كشه‌ی ئه‌ده‌بی، یان داهێنانی ئه‌ده‌بی به ئاسته‌نگی ئابووری ده‌به‌سترێته‌وه، كه‌وایه بۆچی هه‌ندێ نووسه‌ر كه له‌ناو وڵات‌دا بوون به‌رهه‌می باشیان هه‌بوو، كه‌چی له دوای كۆچیانهوه بۆ ئه‌وروپا وا نه‌ماون. خۆ باری ئابوورییان له ئه‌وروپا باشتر بووه؟ ئه‌مه چۆن لێك ده‌ده‌نه‌وه؟
ره‌فیق سابیر: كاتی خۆی سارته‌ر پێی وابوو یه‌كێك له‌و هۆیانه‌ی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌داوه كه له رۆژهه‌ڵات رووناكبیری گه‌وره ده‌ربكه‌وێت، مه‌سه‌له‌ی برسیه‌تییه. ڕه‌نگه ئه‌و مه‌به‌ستی له‌م قسه‌یه ئه‌وه بووبێت كه ڕووناكبیر له وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتدا، به هۆی بارودۆخی ئابووری و سیاسییه‌وه ئه‌و ده‌ره‌تان و ئازادییه ئابوورییه‌ی بۆ ناڕه‌خسێت تا به هۆی كاری داهێنهرانهرانهی خۆیه‌وه گوزه‌رانی خۆی، به دوور له فشاری ده‌سه‌ڵات و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت، دابین بكات. داهێنان ته‌نیا ئه‌و كاته بۆ داهێنه‌ره‌كه نرخێكی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌بێت كه ژیانی ئه‌و، له پێش هه‌موو شتێك‌دا گوزه‌ران و ژیانی ئابووری، له ده‌ره‌وه‌ی فشاری ده‌سه‌ڵاتدا، ئاسانتر بكات. كاتێك به‌رهه‌می فیكریی مرۆڤـ ئه‌م ئه‌نجامه‌ی لێ ناكه‌وێته‌وه، ئه‌وا ئه‌م به‌رهه‌مه، له دوا ئه‌نجامدا ده‌بێته كارێكی لاوه‌كی، یان داهێنه‌ره‌كه له‌ناو چوارچێوه‌ی سیستمی ده‌سه‌ڵاتدا گیر ده‌خوات و مه‌حكومی هه‌ل و مه‌رجه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت، كه به گشتی به قازانجی داهێنان نین. بۆیه ئه‌گه‌ر له‌م دیده‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی داهێنه‌رانی كورد بڕوانین ئه‌وا وێنه‌یه‌كی تاریك ده‌بینین. هه‌روا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌جۆرێكی میكانیكی به‌وه‌وه نابه‌سترێته‌وه كه مرۆڤـ له كوردستانه‌وه هاته ئه‌وروپا ئیدی ده‌بێت موعیجزیهك له داهێنانه‌كانیدا روو بدات. داهێنه‌ری كورد له ئه‌وروپا ڕاسته برسی نییه به‌ڵام، وه‌ك داهێنه‌رێك، ئازاد نییه. لێره‌دا قسه له پۆلیس و ره‌قابه نییه، به‌ڵكه له به‌رامبه‌ر ئه‌م ((تێربوون))ه و پارێزگارییه‌ی له كه‌رامه‌تی شه‌خسی ده‌كرێت ڕووبه‌ڕووی ده‌یان گیروگرفتی نوێ ده‌بێته‌وه و زۆرجار داهێنانی ئه‌ده‌بی ده‌شێت بۆی ببێته مه‌سه‌له‌یه‌كی لاوه‌كی، چونكه هیچ داهاتێكی ئابووریی بۆ داهێنه‌ره‌كه دابین ناكات. بۆیه داهێنه‌ر ئه‌گه‌ر زۆر وریا نه‌بێت و به ته‌نگ خۆی و داهێنانه‌وه نه‌بێت ئه‌وا سه‌ره‌نجام گیروگرفته‌كانی ژیانی ئه‌وروپا به‌لایه‌كی دیكه‌یدا ده‌به‌ن. مه‌سیح پێش نزیكه‌ی دوو هه‌زار ساڵێك گوتوویه‌تی(مرۆڤـ ته‌نیا به نان ناژی). بۆیه زه‌حمه‌ته مه‌سه‌له‌كه میكانیكییانه، به جێگهگۆڕكێ و جیۆگرافیا، لێك بدرێته‌وه.
گه‌لاوێژی نوێ: وه‌ك ئاشكرایه ئه‌ده‌بیاتی ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان، له ئه‌ده‌بیاتی ساڵانی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان و ته‌نانه‌ت هه‌شتاكانیش جیاوازتره، به لای تۆوه، وه‌ك ره‌فیق سابیر، گرنگی ئه‌و جیاوازییانه چین؟
ره‌فیق سابیر: گرنگترینی ئه‌و جیاوازیانه به لایه‌نه باشهكهیدا ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵه ده‌نگێكی نوێی لێكجیاواز ده‌ركه‌وتوون و دیارده‌ی فڕهدهنگی و فره‌ڕه‌نگی و فرهمێلۆدیایی، كه له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه ئه‌ده‌بی كوردی به خۆیه‌وه بینی، فراوانتر و قووڵتر گه‌شه‌ی كردووه. نه‌وه‌ته‌كان، وه‌ك هه‌شتاكان و پێشتر، كۆمه‌ڵه ده‌نگێكی نوێی هێناوه كه چ به به‌راورد له‌گه‌ڵ یه‌كتری و چ به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌نگه‌كانی پێش خۆیان، جیاوازن و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌یه. چونكه هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ڕێگای تایبه‌تی خۆی و به شێوه و كه‌ره‌سه‌ی داهێنه‌رانه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌یه‌وێت ده‌نگی خۆی و ڕواڵه‌تی داهێنه‌رانه‌ی خۆی ده‌ربخات. ئه‌مه گرنگترین ڕواڵه‌تی ئه‌ده‌بی كوردییه كه به ڕای من له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه له ئه‌ده‌بی كوردیدا ده‌ركه‌وتووه. ئه‌مڕۆش ده‌سته‌یه‌ك له داهێنه‌رانی نه‌وه‌ی نه‌وه‌ته‌كان به‌ره‌وپێشی ده‌به‌ن. به‌ڵام هێشتا كۆمه‌ڵه ئه‌دیبێكی ڕه‌سه‌نی هه‌شتاكان، له هه‌ڕه‌تی گوڕ‌و تینی داهێنان دان و به‌رچاوترین ده‌نگه‌كانی ئه‌مڕۆی ئه‌ده‌بی كوردین.
له شیعری نه‌وه‌ته‌كاندا دوو ڕێباز ده‌بیندرێت، یه‌كێكیان زیاتر له سلێمانی باوه كه ئهئسیرێكی زۆری ئه‌ده‌بی شه‌سته‌كانی فارسی پێوه دیاره، به تایبه‌تی سوهراب، فه‌روغ و كه‌متریش شاملوو. ئه‌م ته‌ئسیره هه‌ندێك جار شێوه‌ی لاسایی و چاولێكه‌ریی وه‌رگرتووه. كه‌چی ڕێبازێكی دی، كه درێژه‌پێده‌ری هه‌شتاكانه له هه‌ولێر زیاتر ده‌بیندرێت و ته‌واو له ژێر ته‌ئسیری نێگه‌تیڤی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدایه، به تایبه‌تی ئه‌دۆنیس و سه‌لیم به‌ره‌كات و هه‌ندێك شاعیری عَیراقی، كه به زمانێكی سه‌خت ده‌نووسن و هه‌ندێك له‌وانه‌ی كه لاسایی ئه‌وان ده‌كه‌نه‌وه هێنده عه‌ره‌بی نازانن كه به دروستی له تێكسته‌كانی ئه‌وان بگه‌ن. ئه‌م شێوه شیعرییه زۆر له نه‌ریته‌كانی پێنجسه‌د ساڵه‌ی شیعری كوردی دوور كه‌وتۆته‌وه و مرۆڤـ هه‌ست ده‌كات كه له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی عه‌ره‌بی ڕواوه، هه‌روا زیاتر شیعر وه‌ك فۆڕمی به‌تاڵی، یان فۆرمی بۆشی ده‌رده‌خات. دیاره له ناو ئه‌م ڕێبازه‌دا هه‌ندێك شاعیری داهێنه‌ر هه‌ن كه مرۆڤـ هه‌ست ده‌كات ڕۆشنبیرییه‌كی قووڵی شیعری‌یان هه‌یه‌و ده‌زانن چ ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆریان لاسایی هه‌ندێك شاعیری عه‌ره‌ب ده‌كه‌نه‌وه. به‌گشتیش له شیعری نه‌وه‌ته‌كاندا په‌خشانه شیعر زاڵه.
به‌ڵام له ئه‌ده‌بیاتی نهتهكانیشدا ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی، به تایبه‌تی له شیعردا هه‌یه. ده‌لێی كورد تووشی تۆفانی شیعر هاتووه. من به تۆپه‌ڵ له‌و شیعرانه له ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا ده‌بینم كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دیاره خاوه‌نه‌كه‌ی نه كوردییه‌كی باش ده‌زانێت نه ئه ساسێكی پته‌وی هونه‌ری شیعری، به تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی هونه‌ری وێنه‌ی شیعری، وه‌ك ته‌شبیهـ، مێتافۆ و ڕه‌مز ده‌زانێت. ڕه‌نگه شیعر یه‌كێك بێت له‌و هونه‌رانه‌ی كه زۆرترین ئازادی هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام شیعر وه‌ك هه‌ر هونه‌رێكی دیكه كۆمه‌ڵێك پرنسیپی خۆی هه‌یه، ئه‌م پرنسییپانه به ته‌نیا مرۆڤـ ناكه‌نه شاعیر به‌ڵام مرۆڤـ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه نه‌زانێت ناتوانێت تێكستێكی شیعریی باش بنووسێت. یاریكردن به‌م مه‌سه‌لانه و به‌رخوردی تایبه‌تییانه‌ی هه‌ر شاعیرێك له‌گه‌ڵ ئه‌م لایه‌نانه ده‌بێت له ئه‌نجامی زانینی ته‌واوی ئه‌م هونه‌ره‌وه بێت. جاران كه‌سێك كه شیعری ده‌نووسی ده‌بوو جگه له ده‌ستووری زمان و شێوهكارنی هونه‌ری به‌لاغه و فیقهـ و فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی، ته‌كنیكی كێشی عه‌روز و شێوه‌كانی ته‌شبیهـ و ئیستیعاره و مه‌جاز و ئه‌ده‌بی فارسی و عه‌ره‌بیش بخوێنێت. له‌وه‌ش زیاتر بۆ نموونه له هه‌ندێك حاڵه‌تدا ده‌بوو ئه‌و كه‌سه، له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا، هه‌زاران بهیتهشیعری له‌به‌ر بكردایه ئه‌و كاته ده‌یتوانی خۆی به شاعیر بزانێت. دیاره دنیاكه گۆڕاوه، بۆیه ئه‌م مه‌رجانه‌ش زۆر گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتوون، به‌ڵام ماهییه‌تی شیعر، وه‌ك هونه‌رێك كه پشت به زانیارییه‌كی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ ده‌به‌ستێ، هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی. ناكرێ كه‌سێك بیه‌وێت ببێته شاعیرێكی باش كه‌چی كوردییه‌كی باش نه‌زانێت، یان ئاگاداری ئه‌ده‌بیاتی كلاسیك نه‌بێت، یان زانیارییه‌كی فراوانی له باره‌ی هونه‌رو ته‌كنیكی شیعر‌و چۆنییه‌تی وێنه‌ی شیعری نه‌بێت. زمان كۆڵه‌كه‌ی شیعر‌و ئه‌ده‌به. بگره هه‌ر تیكستێكی ئه‌ده‌بی پێش هه‌ر شتێك زمانه. جێی داخه مرۆڤـ له گۆڤار‌و ڕۆژنامه كوردییه‌كاندا زۆر تێكستی ئه‌ده‌بیی به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه به ده‌یان هه‌ڵه‌ی زه‌قی زمانه‌وانی ئه‌و تۆیان تێدایه كه له هیچ وڵاتێكی دنیادا مامۆستای زمان هه‌ڵه‌ی له‌م جۆره له قوتابییه‌كی قۆناغی ئاماده‌یی قبووڵ ناكات و ده‌ری ناچوێنێت. بۆیه هیوادارم نووسه‌ره لاوه‌كان، كه هیوای داهاتووی ئه‌ده‌بی كوردین، بایه‌خێكی زۆر زیاتر به لایه‌نی زمانه‌وانی و ته‌كنیك و هونه‌ری تێكسته‌كانیان بده‌ن. چونكه هه‌ندێ جار مرۆڤـ هه‌ست ده‌كات كه جیلێك له كوردستاندا پێگه‌یشتووه كه زوربه‌یان نه كوردی نه عه‌ره‌بی به باشی ده‌زانن.
گه‌لاوێژی نوێ: ئه‌ی پێتان وانییه كه خه‌ریكه به شێوه‌یه‌كی دیكه بایه‌خی فه‌لسه‌فی و لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا، له بری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی خولقێنه‌ر، زاڵ كراوه‌ته سه‌ر ئه‌ده‌بیات.
ره‌فیق سابیر: خۆزگه وا بوایه، به‌ڵام به داخه‌وه وا نییه. بێجگه له چه‌ند هه‌وڵێكی ده‌گمه‌ن هێشتا شتێكی جیدی له‌م بواره‌دا نه‌كراوه. مێژووی ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه ده‌ری ده‌خه‌ن كه ئه‌ده‌ب، ڕه‌خنه یان شیعر و ڕۆمان و شانۆگه‌ری، هه‌میشه گه‌وره‌ترین بوارێك بوون كه فه‌لسه‌فه، یان فیكری فه‌لسه‌فی له ڕێگه‌یانه‌وه، به شێوه‌یه‌كی ئێستاتیكی و هونه‌ری خۆی ده‌رخستووه و ته‌ئسیری خۆی داناوه. ئه‌وه‌ی كه به لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی ناوی ده‌به‌ن، چه‌ند هه‌وڵدانێكی جیدی لێ ده‌رچێت، زیاتر له سنووری كۆمه‌ڵه چه‌مكێكی دیاریكراودایه كه دوبارهكردنهوهیهكی زۆر جار ئینتیقائییانهی هه‌ندێ میتۆدی ئه‌وروپاییه كه به نیوه چڵی له عه‌ره‌بیه‌وه ڕاگوێزراوه‌ته نێو نووسینی كوردییه‌وه. ئه‌م میتۆده، كه‌له ئه‌وروپا ته‌نیا یه‌كێكه له كۆمه‌ڵه میتۆدێك، تا به كورد گه‌یشتووه كۆمه‌ڵێك شێوان و گیر‌و گرفتی جیدی تووش هاتووه: كه به‌شێكی به هۆی ته‌رجمه و سه‌قه‌تی ته‌رجوومه و به عه‌ره‌بكردنی میتۆده‌كه و جیاوازی ئاستی تێگه‌یشتن و ئاستی فیكری و ڕۆشنبیریی هه‌ڵگرانی میتۆدهكهوه (له ناو عه‌ره‌بدا) هاتووه، به شێكیشی به هۆی كه‌می شاره‌زایی له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه په‌یدا بووه. بۆیه هێشتا له ناو كورددا قه‌یرانی كامڵبوونی ئه‌م میتۆدانه و ڕوونیی پێناسه‌ی ورد و كۆنكرێتیی چه‌مك و ناسینی مه‌رجعه ئه‌سڵییه‌كه‌ی هه‌یه. له پاڵَ ئه‌مه‌شدا ئه‌م شێوهمیتۆده، وه‌ك هه‌ر دیارده‌یه‌كی فیكری و كولتووریی ناو كۆمه‌ڵگایه‌كی دواكه‌وتوو، له هه‌ندێ حاڵه‌ت و لای هه‌ندێ كه‌س ڕه‌نگی عه‌قڵی باوی گرتووه. به جۆرێكی هێنده موتڵه‌ق خۆی ده‌خاته ڕوو كه زیاتر بۆنی ئایدۆلۆژیا، یان مه‌زهه‌بی لێ دێت. بۆ نموونه براده‌رێك، كه من به شاعیرێكی باشی ده‌زانم، ده‌نووسێت:((ئه‌وه‌ی كه شوێنی گومانی من نییه ئه‌و ڕاستییه‌یه كه هه‌موو ئایدیۆلۆژیاكان هه‌ره‌سیان هێنا، ماركسیزم و كوردایه‌تی پێكه‌وه بۆگه‌نیان كرد. له گه‌ڵیشیاندا هه‌موو ئه‌و چه‌مكه سیاسی و فه‌لسه‌فییانه‌ی كه بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقعی كوردی ده‌خرانه گه‌ڕ ئیفلاسیان كرد)). باشه ئه‌ی چاره چییه؟ دیاره ڕاچێتهكه لای ئه‌م برایه خۆیه‌تی((تاكه ئومێدێك، ڕووناكییه‌ك كه له ئه‌و سه‌ری ئه‌و تونێله تاریكه‌ی دنیای كورددا به‌دی بكرێت ئه‌م هه‌وڵدانه چالاكانه‌یه…)) كه خۆی و چه‌ند براده‌رێكی خۆی((پێی هه‌ڵساون)). جارێ با له‌وه گه‌ڕێم كه ئه‌م قسه‌یه هه‌ر خۆی شتێكی ته‌واو ئایدیۆلۆجییه. به‌ڵام چۆن ڕووناكبیرێكی جیدی ڕێگه به خۆی ده‌دات به‌م زمانه و ئاوا فاناتیكانه قسه بكات؟ ده‌یان ساڵه فاناتیزمی ئایینی، ماركسی و نه‌ته‌وه‌یی به هه‌مان زمان، به ناوێكی تره‌وه، هه‌مان فیكری خۆ بهموتڵهقزان دێننه‌وه به‌رهه‌م؟ بۆ نموونه لای ئیسلامییه‌كی فاناتیك: ماركسیه‌ت و ناسیۆنالیزم((ئیفلاس)) و ((بۆگه‌ن)) یان كرد، ((تاكه ئومێدێكه)) هه‌ر ئێمه‌ین.
یان ماركسییه‌كی فاناتیك: ناسیۆنالیزم و ئاین ئیفلاسیان كردووه.. تاد و هه‌ر به هه‌مان په‌یڤ و زمانی خۆبه موتڵهقكراو ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، ناسیۆنالیستهكهش هه‌روا! ئه‌ی زمانی دیالۆگ و لێك حاڵی‌بوون؟ ئه‌ی مه‌نهه‌جییه‌تی مه‌نهه‌ج و لۆجیكی عه‌قڵ و بیركردنه‌وه؟ ئه‌ی جیاوازیی دیسكۆرس و زمانی دیسكۆرس؟
به ڕای من ته‌نیا قه‌یرانی مه‌نهه‌ج نییه، به‌ڵكو له بنه‌ڕه‌تدا قه‌یرانی كولتوورێكه، كه ده‌توانێت هه‌ر میتۆد و فیكر‌و ئایدیۆلۆجیایه‌ك ده‌سته‌مۆ بكات و به ڕه‌نگی خۆی سواغی بدات. بۆیه هێشتا زوویه باس له لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی بكه‌ین.
گه‌لاوێژی نوێ: جه‌نابت له جیهانی شیعره‌وه بۆ جیهانی سیاسه‌ت، له جیهانی سیاسه‌تیشدا بۆ هه‌ڵوێستی جیاواز له‌ناو پارتی كۆمۆنیستدا. دوای ئه‌وه جیابوونه‌وه‌تان له‌و پارته و ئه‌زموونی رێكخراوه‌یی دیكه (پارتی كاری سه‌ربه‌خۆیی). پاشان سه‌ربه‌خۆیی سیاسی. ئایا ئه‌م هه‌موو ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ره چ كارێكی كردۆته سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیت، به تایبه‌ت شیعر؟ ئایا باشتری زاخاوداوه یان به پێچه‌وانه‌وه؟
ره‌فیق سابیر: لاموایه هه‌ر كارێكی له‌م جۆره، وه‌ك ئه‌زموونێكی نوێ، ده‌شێت ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیی شاعیرێك به پێزتر بكات، له هه‌مان كاتدا ده‌شێت كۆمه‌ڵێك لایه‌نی نێگه‌تیڤیشی هه‌بێت، له هه‌ردوو حاڵه‌تیشدا ئاستی تهئسیرهكه له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندی به كه‌سه‌كه‌وه هه‌یه. بۆیه ئه‌زموونی كاری سیاسی به هه‌ردوو باردا كاری خۆی له من، وه‌ك مرۆڤ و شاعیر، كردووه. به‌ڵام گرنگترین و به‌هێزترین خاڵێك له ئه‌زموونی مندا ره‌نگه ئه‌وه بێت كه من قه‌ت تمووحی سیاسیم نه‌بووه و رێگه‌م به خۆم نه‌داوه كه ده‌سه‌ڵات و پله و پایه‌ی حیزبی، كه هه‌میشه كۆمه‌ڵێك ئیمتیازییان به دواوه بووه، مه‌ستم بكه‌ن.
كاتێك بوومه ئه‌ندامی پارتی كۆمۆنیستی عێراق شاعیرێكی تا راده‌یه‌ك ((ناسراو)) بووم و تا ئه‌و كاته ده‌یان شیعر و ده‌یان وتارم بڵاوكردبوونه‌وه، به كورتی ده‌توانم بڵێم ئه‌ده‌ب به‌ره‌و ئایدۆلۆجیا و ئایدۆلۆجیا به‌ره‌و سیاسه‌ت و سیاسه‌تیش به‌ره‌و حیزبایه‌تیی بردم، بۆیه كاری سیاسی بۆ من ته‌واوكه‌ری كاری ئه‌ده‌بی بوو. هه‌میشه خۆم به شاعیر زانیوه و زۆربه‌ی كات. مه‌گه‌ر زۆر ناچاركرابم، هه‌ر له بواری رۆژنامه‌وانی و رۆشنبیری‌دا كاری سیاسیم كردووه. ره‌نگه ئه‌م خۆپاراستنه بووبێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ته‌ئسیری نێگه‌تیڤی كاری حیزبایه‌تی زۆر به شیعره‌كانمه‌وه دیار نه‌بێت، به‌ڵام وه‌ك پرینسیپێكی فه‌لسه‌فی، هه‌ر كارێكی گرنگ كه مرۆڤ له ژیانیدا ده‌یكات حه‌تمه‌ن ده‌بێت، له بری كاره‌كه‌ی باجێك بدت، كه هه‌ندێك جار باجه‌كه له كاره‌كه گه‌وره‌تره. منیش وه‌ك مرۆڤ و شاعیر له‌م كاره‌مدا باجی خۆم داوه و تا ئێستاش، ئه‌گه‌رچی وه‌ك كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ژیم و هه‌موو كاتێ خۆم بۆ كاری رۆشنبیری ته‌رخان كردووه، كه‌چی هێشتا ره‌نگه له هه‌ندێك وردهتهئسیر و تهرهشوعی حیزبایه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری ده‌رباز نه‌بووبم.
گه‌لاوێژی نوێ: حه‌ز ده‌كه‌م ڕاو بۆچوونتان ده‌رباره‌ی ئه‌و شاعیر و لێكۆڵه‌ره‌وانه بزانم كه به شێوه‌ی هێڵكاری باس له بابه‌تێكی شیعری ده‌كه‌ن؟
ره‌فیق سابیر: وه‌ك پرینسیب ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی كورد به هه‌ر میتۆد و شێوه‌یه‌كی ڕخنه و لێكۆڵینه‌وه كارێكی باشه‌و نیشانه‌ی زیندووی ژیانی ڕۆشنبیریمانه. میتۆد ئایدیۆلۆژیا نییه تا بڵاوبوونه‌وه و سه‌قامگیربوونی خۆی له لاوازبوونی مێتۆدێكی دیكه‌دا ببینێت. بوونی فرهمێتۆدی و فره ڕێبازی ڕه‌خنه‌یی له هه‌ر كو‌لتوورێكدا نیشانه‌ی به پێزیی ژیانی ڕۆشنبیری و فیكرییه. ئه‌مڕۆ له ئه‌وروپادا كۆمه‌ڵه میتۆدێكی جۆربه‌جۆری ڕه‌خنه‌یی چ له ئاستی ئه‌كادیمیدا و چ له ئاستی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا شانبه‌شانی یه‌كتری، وه‌ك كۆمه‌ڵه میتۆد یان ئامرازێكی پشكنینن و داهێنان، ڕێگه ده‌بڕن.
له بواری داهێناندا ته‌نیا له ڕێگه‌ی به‌رهه‌مه‌وه ده‌توانرێت ده‌سه‌ڵات و مانای میتۆد بسه‌لمێندرێت. هیچ میتۆدێكی ناسراوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیش به جۆرێكی موتڵه‌ق ڕاست، یان هه‌ڵه نییه. هه‌ر میتۆدێك گرنگییه‌كه‌ی ته‌نیا له پڕاكتیكدا ده‌رده‌كه‌وێت. به واتایه‌كی ئاسانتر ده‌توانم بڵێم كه میتۆد وه‌ك ئامرازێك، یان چه‌كێكی زانستی وایه و ته‌نیا نیوه‌ی گرینگییه‌كه‌ی به خۆیه‌وه‌یه‌تی، نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی حه‌تمه‌ن كه‌وتۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مرۆڤـ، یان هه‌ڵگری میتۆد/ چه‌كه‌كه چۆن و له كوێ و به چ مه‌هاره‌ت و شارهزاییهكهوه به كار دێنێت. ئاشكراشه ئه‌لفبای به‌كارهێنانی سه‌ركه‌وتووانه‌ی هه‌ر میتۆدێك ئه‌وه‌یه كه مرۆڤـ شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له‌و میتۆده‌دا هه‌بێت، هه‌روا وه‌ك ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی لێهاتوویی و توانا‌و كه‌فائه‌تی ئه‌وه‌ی تێدا بێت كه بتوانێت له‌به‌ر ڕۆشنایی میتۆده‌كه به جۆرێكی قووڵ و جیاواز تێكستێكی ئه‌ده‌بی بخوێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و برایانه‌ی ئه‌م میتۆده به‌كار دهێنن بتوانن چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ نموونه بۆ شیعری هه‌ندێ شاعیری كلاسیكی وه‌ك مه‌لای جزیری، خانی، نالی، مه‌وله‌وی، مه‌حوی، یان گۆران و شاعیرانی دی بخه‌نه ڕوو، كه له ئاستی ئه‌و كارانه‌دا بن كه تا ئێستا له‌م بوارانه‌دا به میتۆدی دیكه كراون، یان له‌وان وردتر و قوڵتر بن، ئه‌وا كارێكی گه‌وره ده‌كه‌ن و حه‌تمه‌ن به‌شدارییه‌كی گه‌وره‌ی ڕه‌خنه‌یی و فیكری ده‌بێت.
گه‌لاوێژی نوێ: شیعر لای تۆ چییه؟
ره‌فیق سابیر: شیعر به گشتی لای من ڕه‌نگه په‌یامێكی جوانی و گیانی و ئینسانی بێت. یان گه‌ڕان و پشكنینێكی به‌رده‌وام، یان شتێك بێت كه قه‌ت ناتوانم وه‌سف و پێناسه‌ی بكه‌م. تاكه شتێك كه یارمه‌تیم بدات تا له ماهییه‌تی شیعر نزیك بكه‌ومه‌وه و بیناسم نووسینی شیعره، كه ده‌شێت به هۆی هه‌ر تێكستێكی شیعرییه‌وه ڕواڵه‌تێك یان لایه‌نێك له ماهییه‌تی شیعر ببینم.
گه‌لاوێژی نوێ: چ هۆیه‌ك هانی دایت و پاڵی پێوه نایت كه تێزی دوكتۆراكهت له‌سه‌ر(ڕۆڵی كولتوور له پێكهێنانی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌ی كورد) بنووسێت.
ره‌فیق سابیر: كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك، پێش هه‌ر شتێك به هۆی مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر خاك و زێدی خۆی و به هۆی كولتووره‌كه‌یه‌وه، به تایبه‌تی به هۆی زمان و دابوونه‌ریت و سایكۆلۆجیای نه‌ته‌وه‌ییه‌وه توانیویه‌تی كه‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بپارێزێت و له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و په‌لامار و هه‌وڵانه‌ی كه بۆ تواندنه‌وه‌ی دراون خۆی بگرێت، كه‌چی هه‌ندێك نه‌ته‌وه‌ی دیكه ئاین، یان مه‌زهه‌بێكی ئاین، پارێزه‌ری كه‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌كه بووه.
ئه‌و ڕه‌گه‌زه كولتوورییانه‌ی كه ڕۆڵی سه‌ره‌كی پاراستنی نه‌ته‌وه‌یه‌كیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، هه‌ر ئه‌وانیش دواتر ده‌بنه گه‌وره‌ترین هۆكاری خۆناسینی نه‌ته‌وه‌یی و پێگه‌یاندنی هه‌ست و هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و له ئه‌نجامدا ده‌بنه فاكته‌ری سه‌ره‌كی له خه‌باتی ڕزگاریخوازیدا. بۆیه لێكۆڵینه‌وه له‌م لایه‌نه كولتوورییانه و ده‌رخستنی ئه‌و ڕۆڵه گرنگه‌ی له ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و له كه‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌كه‌دا بینیویانه كارێكی به سووده. بۆ ئێمه، كه هێشتا له ژێر ده‌ستی داگیركه‌رانی بێگانه ڕزگارمان نه‌بووه، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌م مه‌سه‌له‌یه ته‌نیا گرینگییه‌كی مێژوویی و كولتووریی نییه، به‌ڵكو گرنگییه‌كی تایبه‌تی بۆ ژیانی سیاسی و فیكریی ئێستا و خه‌باتی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، چونكه ده‌شێت هه‌موو ئه‌و لایه‌نه كولتووریانه‌ی كه له مێژووی كورددا ڕۆڵییان له پاراستنی كه‌سایه‌تی و له خۆناسینی نه‌ته‌وه‌ییدا بووه، ئه‌مرۆش ڕۆڵێكی گرینگ و كاریگه‌رتر بگێڕن و ببنه كۆمه‌ڵه توخمێكی سه‌ره‌كی بیر‌و ئایدیۆلۆجیای بزاڤی ڕزگاریخوازیی كورد. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه و هی تر ئه‌و بابه‌ته‌م هه‌ڵبژارد.
گه‌لاوێژی نوێ: ئایا دابه‌شكردنی كوردستان، له‌م ڕووه‌وه چ كایگهرییهكی نێگه‌تیڤانه‌ی له كولتووری كورد كردووه؟
ره‌فیق سابیر: دابه‌شكردنی كوردستان دابه‌شكردنێكی جیۆگرافی و نه‌ته‌وه‌یی و كولتووریشه. كولتووری كورد، له ئه‌نجامی دابه‌شكردن و داگیركردنی كوردستاندا نه‌یتوانیوه یه‌ك سه‌نته‌ری هه‌بێت. له هیچ به‌شتێكی كوردستاندا كولتووری ئێمه به پێی سیاسه‌تێكی كولتووری، یان به‌رنامه‌یه‌كی كولتووری، كه كورد خۆی دایبڕێژێت، به‌ڕێوه ناچێت. كولتووری كورد، له هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا، ملكه‌چی كولتوور و سیاسه‌تی كولتووری و سیستمی ئایدیۆلۆجیی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی داگیركه‌ر و سه‌رده‌ست كراوه. ئه‌م ده‌وڵه‌ته داگیركهرانهش ته‌نی له ڕووی رێِژیمی سیاسی و ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌تی كولتوورییانهوه جیاواز نین، به‌ڵكوله ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووریشه‌وه جیاوازن(عه‌ره‌ب، تورك، فارس) كه ئه‌مه‌یان بۆ كورد خه‌ته‌ره: چونكه ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ته‌نیا كولتووری كورد په‌لامار ناده‌ن، به‌ڵكو كولتووری كوردیش ده‌خه‌نه ژێر ته‌ئسیری كولتووری خۆیانه‌وه و له ئه‌نجامدا كولتووری كورد، له هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا، له كولتووری به‌شه‌كه‌ی دی دوور و دوورتر ده‌خه‌نه‌وه. به واتایه‌كی دی كولتووری كورد له سێڕیانێكدایه كه یه‌كێكیان به‌ره‌و كولتووری فارس و ئه‌وی دیكه‌شیان به‌ره‌و كولتووری تورك ڕاپێچی ده‌كات. هه‌ر هه‌نگاوێكی كولتووری كورد، له هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا، به‌ره‌و كولتووری ئه‌م نه‌ته‌وانه، حه‌تمه‌ن دوور كهوتنهوهیهكه له كولتووری كورد له به‌شێكی دیكه‌ی كوردستاندا و سه‌ره‌نجام ده‌شێت كولتووری كورد له باكووری كوردستان له كولتووری تورك نزیكتر بێت، تا له كولتووری كورد له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. یان كولتووری كورد له باشووری كوردستان له كولتووری عه‌ره‌ب نزیكتر بێت تا له كولتووری كورد له باكوور و ڕۆژهه‌ڵات… تاد ئه‌مه‌ش ته‌نیا نامۆیی كولتووری له نێوان كولتووری هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا دروست ناكات، به‌ڵكه له هه‌مان كاتدا نامۆیی نه‌ته‌وه‌ییش ده‌خولقێنێت و گیانی هه‌رێمچێتی و ناوچه‌گه‌ری به‌هێزتر ده‌كات.
بۆیه داڕشتنی سیاسه‌تێكی كولتووریی یه‌كگرتوو به كارێكی گه‌وره‌ی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد ده‌زانم. زیاده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم به‌بێ سیاسه‌تێكی كولتووریی یه‌كگرتوو ناتواندرێت سیاسه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو دابڕێژێت.
گه‌لاوێژی نوێ: دوا كتێبی چاپكراوتان (ئیمپراتۆڕیای لم) ده‌رباره‌ی ئیسلام، خێڵ و ناسیۆنالیزمه. ئه‌گه‌ر ده‌كرێ حه‌زده‌كه‌م، باسی ئه‌وه بكه‌ن كه چۆن وه‌ك شاعیرێك بیرۆكه‌ی ئه‌م بابه‌ته لاتان دروست بوو؟
ره‌فیق سابیر: نووسینی ئه‌و كتێبه له سه‌رێكه‌وه درێژه پێدانی هه‌مان ئه‌و باس و لێكۆڵینه‌وانه‌ن كه كاتی خۆی به حوكمی خوێندنی ئه‌كادیمی له بوڵگارستان، ده‌ستم پێكرد. له سه‌رێكی دیكه‌وه هه‌وڵدانێكه بۆ خوێندنه‌وه‌ی مێژووی ناوچه‌كه‌و ناسینی ئه‌ویدی كه بۆ ئێمه پێش هه‌ر شتێك نه‌ته‌وه داگیر كاره‌كانی كوردستانن. چونكه ناسینی ئه‌ویدی سه‌ره‌تایه‌كی دی بۆ خۆناسین ده‌خولقێنی. هه‌ر شتێك ته‌نیا به به‌راورد له‌گه‌ڵ شتێكی دیكه‌دا ماهییه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌رده‌كه‌ون. ئه‌ویدی ده‌كرێت ئاوێنه‌یه‌ك بێت كه ئێمه هه‌ندێك سیمای خۆمانی تێدا ببینین، هه‌ر به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆمان زیاتر بۆ ده‌ربكه‌وێت. به تایبه‌تی كه ئێمه له پڕۆسه‌یه‌كی مێژووییی سه‌دان ساڵدا چاره‌نووسمان به‌وانی دییه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. به دوور له ویست و ئاره‌زووی خۆمان، مه‌حكومی پێكه‌وه ژیانێكی نابه‌رابه‌ر و نایه‌كسان كراوین. ئه‌م نه‌ته‌وانه كێن و چۆن هاتوون و له مێژووی سه‌دان ساڵه‌ی خۆیاندا، كه مێژوویه‌كی ئیمپراتۆریانه و په‌لامارده‌رانه بووه، چ جۆره كولتوور و شێوه‌ژیان و نه‌ریتێكی سیاسی‌یان بووه؟ ئایا ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ روو ده‌دات كارێكی خۆڕسكی و رێكه‌وته، یان په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی به مێژووی سه‌دان ساڵه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه و ئه‌و كولتووره‌وه هه‌یه كه ئه‌و نه‌ته‌وانه له مێژووی خۆیاندا به‌رهه‌میان هێناوه؟ ئایا شێوه‌ی پێكه‌وه ژیانی ئێمه و ئه‌وان چۆن بووه و له داهاتوودا ده‌شێت چۆن بێت؟ ئاخۆ ئه‌وان، كه له مێژووی خۆیاندا جگه له په‌لامار و تاڵان و داگیركردنی وڵاتانی دی، كارێكی دیكه‌یان نه‌بووه، چۆن ئه‌مڕۆ ده‌توانن باوه‌ڕ به ئازادیی ئێمه بێنن؟ ئه‌م مه‌سه‌لانه و چه‌ندانی دی، كه به لامه‌وه گرنگ بوون، بنه‌مای بیرۆكه‌ی ئه‌م كتێبه بوون .
گه‌لاوێژی نوێ: ئایا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه یه‌كه‌مین جار عه‌ره‌به‌كان له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئاینی ئیسلام دایان مه‌زراند تا چه‌ند ده‌كرێ به ئه‌ساسی ده‌وڵه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابندرێ؟
ره‌فیق سابیر: ئه‌و شێوه مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌ت، كه عه‌ره‌به‌كان له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئایینی ئیسلام دایان مه‌زراند، به‌هێزترین و كاریگه‌رترین ئه‌ساسی بۆ ده‌وڵه‌ت و شێوه‌ی حكومڕانی له ناوچه‌كه‌دا داڕشت، ئه‌گه‌رچی ئه‌م مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌ت ته‌ئسیرێكی زۆری ده‌وڵه‌تی ساسانی و ئیمپراتۆریای رۆمی پێوه دیار بووه، به‌و پێیه‌ی عه‌ره‌به‌كان ئه‌و كاته ته‌نیا ئه‌م دوو شێوه مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌تیان له‌به‌ر چاو بوو، به‌ڵام ستروكتووری ده‌وڵه‌ته‌كه و شێوه‌ی دامه‌زراندنی و سیستمی به‌ڕێوه‌بردن و له‌مانه‌ش گرنگتر ئایدۆلۆژیای ده‌وڵه‌ته‌كه كه سیما و شه‌قڵی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی دیاری كرد، كه دیارده‌یه‌كی ته‌واو عه‌ره‌بی بوو. واته به‌رهه‌می ژیانی تایبه‌تی و كولتووری سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تیی عه‌ره‌ب بوون. ئه‌و
ئیسلام وه‌ك ئایین و فیكر و فه‌لسه‌فه، بۆ ئه‌وه‌ی مانا و ماهییه‌ت و ناوه‌رۆكی خۆی بسه‌لمێنێت پێویستی به فه‌زای شوێن و ئه‌و ده‌زگایانه هه‌بوو كه پاڵپشتی فیكر و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر شوێنێكی بۆ پراكتیزه‌كردن (تگبیق) نه‌دۆزیبایه‌وه نه‌یده‌توانی كاریگه‌ر بێت. ئیسلام به‌بێ گۆڕینی بۆ ئایدۆلۆجیای ده‌وڵه‌ت، به‌بێ دابینكردنی شوێن و جێگای پراكتیزه‌كردن، نه‌یده‌توانی كاریگه‌ری خۆی له كۆمه‌ڵدا ده‌ربخات، بۆیه ده‌وڵه‌ت ئه‌و هۆكاره گه‌وره‌یه بوو كه ئیسلام به هۆیه‌وه توانی هه‌موو ئه‌و فه‌زای شوێن و ده‌ره‌تانه به‌رجه‌سته‌ییانه دابین بكات كه به هۆیانه‌وه بتوانێت كاریگه‌ریی خۆی ده‌ربخات. بۆیه ئه‌م ده‌وڵه‌ته، دروست وه‌ك ئایینه‌كه، خۆی به دیارده‌یه‌كی موتڵه‌ق ده‌زانی و به‌هانه‌ی بوون و ره‌وایی موتڵه‌قی خۆی له موتڵه‌قییه‌تی ئایینه‌كه‌وه وه‌رده‌گرت.
به‌ڵام ئه‌م ده‌وڵه‌ته، كه ئایدۆلۆجیاكه‌ی ئایین بوو، ئه‌ی هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی، كه رۆڵی كاریگه‌ر له دیاریكردنی سروشتی هه‌ر بزاڤ و ده‌وڵه‌تێكدا ده‌بینێت، كێ بوو؟ ئابوورییه‌كه‌ی، كه هیچ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تێك به‌بێ دابینكردنی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئابووریی به‌رده‌وام، ناتوانێت به‌رده‌وام بێت، له كوێوه ده‌هات؟
مۆدێلی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئه‌ساسی سێكوچكه‌یه‌ك دامه‌زرا بوو. له رووی ئایدۆلۆجییه‌وه، ئایین، له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه: خێڵ و به داوه‌ت، به‌و پێیه‌ی بهدووهكان هێزه سه‌ره‌كی بوون، له رووی ئابووریشه‌وه: ئابووری غه‌نیمه‌ت، یان خه‌راج بوو.
ئه‌م پرینسیپ و نه‌ریتانه‌ی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی چه‌سپاندنی، دوای رووخانی ئیمپراتۆریای عه‌باسی هه‌ر به‌رده‌وام بوون. ئیمپراتۆریای سوننی مه‌زهه‌بی تورك و ئیمپراتۆریای شیعه مه‌زهه‌بی سه‌فه‌وی هه‌ر هه‌مان پرینسیپ و نه‌ریتییان په‌یڕه‌و ده‌كرد، ئایدۆلۆجیا: ئایین (به جیاوازی مه‌زهه‌بییانه‌وه) هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی: به دووه توركزمانهكانی بیانی ئاسیای ناوه‌ڕاست (بیابانی گۆبی)، ئابوورییه‌كه‌شیان هه‌ر ئابوونی غه‌نیمه‌ت و تاڵان بوو. به رای من دوای رووخانی ئه‌م دوو ئیمپراتۆریایه، له سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا، ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی تورك و ئێرانی و هه‌ندێ وڵاتی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌ساس و پرینسیپ دامه‌زرێندران، دیاره به جیاوازییه‌كی بچووكه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایدۆلۆجیای ناسیۆنالیزم جێگای ئایدۆلۆجیای ئایینی گرته‌وه، به‌ڵام به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و خۆی به موتڵه‌ق ده‌زانی و رێزی له هیچ ره‌گه‌ز و لایه‌نێكی له‌خۆ جیاواز نه‌ده‌گرت، بۆیه ده‌توانم بڵێم ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه یه‌كه‌مین جار عه‌ره‌به‌كان دایان مه‌زراند، له پرۆسه‌ی مێژووی شه‌ش سه‌د ساڵه‌ی خۆیدا، كولتوور و ده‌ستوور و نه‌ریتی سیاسیی ئه‌وتۆی داهێنا كه دواتر توركه عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كان و دوای ئه‌وانیش ناسیۆنالیستانی تورك و فارس و عه‌ره‌ب، هێنایانه‌وه به‌رهه‌م و شتی تایبه‌تی خۆیانیان لێ زیادكرد. تا ئه‌مڕۆش شێوه مۆدێله‌كانی ده‌وڵه‌ت، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، كاریگه‌رییه‌كی زۆری ئه‌م كولتوور و نه‌ریته سیاسییه‌یان به زه‌قی پێوه دیاره و بگره له ناوه‌رۆكدا گۆڕانی زۆریان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه.
گه‌لاوێژی نوێ: تۆ وه‌ك شاعیرێك و كوردێك پێت وایه كه ئه‌و رۆشنبیره عه‌ره‌ب یان فارس یان توركانه‌ی كه شانازی به كولتووری خێڵه‌كی رابردووی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن، بتوانن باوه‌ڕ به مافی سه‌ربه‌خۆیی تۆ، وه‌ك كوردێك، بهێنن؟
ره‌فیق سابیر: بێ گومان نه‌و، چونكه ئه‌و كولتووره خێلهكییهی تۆ باسی ده‌كه‌یت كولتووری ئیمپراتۆریایی و كولتووری داگیركردن و وێرانكردن و تاڵانكردنی وڵاتانی دیكه‌یه. كولتووری مه‌زنخوازی و له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌یه و سڕینه‌وه‌ی كولتووری دیكه‌یه. بۆیه شانازیكردن به‌و كولتووره‌وه، شانازیكردنه به مێژووی ئیمپراتۆریاكانیانهوه، شانازیكردنه به داگیركردن و له‌ناوبردنی خه‌ڵكی دیكه‌وه. بۆ نموونه هێشتا هه‌ندێ شاعیری عه‌ره‌ب فرمێسك بۆ ئه‌نده‌لووس و وڵاتی عه‌ره‌ب فرمێسك بۆ ئه‌نده‌لووس و قورتوبه ده‌ڕێژن!! ئایا ئه‌نده‌لووس وڵاتی عه‌ره‌ب بوو ئیسپانییه‌كان داگیریان كرد؟! بۆ ئه‌م شاعیر و نووسه‌رانه‌ی عه‌ره‌ب له خۆیان ناپرسن كه بۆچی باب و باپیرانییان چوونه ئه‌نده‌لووس. له‌وه‌ش گرنگتر ئایا ئه‌وان له‌وێ چی‌یان ده‌كرد؟ چه‌ند هه‌زار كه‌سیان كوشت؟ چه‌ند هه‌زار ژنیان زه‌وت كرد؟ چه‌ند هه‌زار ماڵ و پارچه زه‌وی خه‌ڵكی دیكه‌یان داگیر كرد؟
گریانی ئه‌وان بۆ به عهرهبنهكرانی ئه‌نده‌لووس و قورتوبه وه‌ك گریانی، بۆ نموونه شاعیرێكی فره‌نسی بۆ جه‌زائیر، یان بریتانی بۆ ده‌لهی و كراچی یان به‌لجیكی بۆ كۆنگۆ وایه، دیاره ئه‌گه‌ر شاعیری خورافی و سه‌خیفی له‌م جۆره له‌ناو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا مابن! چۆن بۆ شاعیرێك و رووناكبیرێك گرنگ نییه كه فره‌نسا و بریتانیا چ تاوانێكی دڕندانه‌یان له‌م وڵاتانه‌دا ئه‌نجام داوه؟ یان رووناكبیرێكی به‌لچیكی شه‌رم له‌وه ناكات كه كاپتن (رووم)ی به‌لچیكی ریزه گوڵه‌كانی به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی به كاژهڵاك (كه‌لله‌سه‌ر) ی 21 مرۆڤی كۆنگۆیی رازاندبۆوه؟ ئه‌وه‌ی فره‌نسییه‌كان له جه‌زائیر و بریتانییه‌كان له هیند و پاكستان و شوێنی دی و بهلچیكییهكان له كۆنگۆ كردییان له ناوه‌رۆكدا هه‌مان ئه‌و كاره بووه كه پێشتر عه‌ره‌به‌كان له ئه‌نده‌لووس و كوردستان و شوێنی دی كردیان، ئه‌ی ئه‌م فرمێسك رشتنه له پای چی؟ گریانی ئه‌وان بۆ ئه‌نده‌لووس و قورتوبه، له دیدی منێكی كورده‌وه، ته‌نیا یه‌ك مانای هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر كورد سبه‌ینێ بتوانێت وه‌ك ئیسپانییه‌كان وڵاتی خۆی ئازاد بكات، ئه‌وا ئه‌م شاعیرانه‌ی عه‌ره‌ب ده‌شێت هه‌مان فرمێسك بۆ سلێمانی و هه‌ولێر دهۆك و كه‌ركووك بڕێژن، بیریش له ئه‌نفاله‌كانی كورد نه‌كه‌نه‌وه و، به لایانه‌وه گرنگ نه‌بێت كه ئه‌م شارانه له دوورگه‌ی عه‌ره‌بدا نین و، عه‌ره‌بیش ته‌نیا وه‌ك داگیركه‌ری كۆن و نوێ رێی كه‌وتۆته ئه‌م ناوه! هه‌ڵوێستی زۆربه‌ی رووناكبیرانی ئه‌م نه‌ته‌وانه، له كاتی شه‌ڕی كه‌نداو و دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 به‌رامبه‌ر به كورد، ته‌نیا مایه‌ی بێ ئومێدی نه‌بوو، به‌ڵكه مایه‌ی شه‌رمه‌زاریش بوو.
ئه‌مه بیركردنه‌وه و هه‌ڵوێستی به‌شێكی گه‌وره‌ی رووناكبیرانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌یه، بۆیه سه‌یر نییه كه بیركارێكی وه‌ك ئه‌دوارد سه‌عید، به زمانی شه‌قاوه‌یه‌كی سیاسی، كه‌سێكی خۆشمێری وه‌ك كه‌نعان مه‌كییه به جاسووسی (سی ئای ئه‌ی) و دوژمنی عه‌ره‌ب بزانێت، چونكه مه‌كییه تاوانی ئه‌نفال بۆ دنیا ئاشكراتر ده‌كات. مه‌كییه كه عه‌ره‌به نابێ كاری له‌م جۆره بكات، به‌ڵكو ده‌بێت تاوانی ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی، به‌رامبه‌ر به غه‌یره عه‌ره‌ب دابپۆشێت!!! ئه‌دوارد سه‌عید كه به غه‌ریزه عه‌ره‌به، له منی كورد باشتر ده‌زانێت كه تاوانی ئه‌نفال، له دوا ئه‌نجامدا تاوانێكی عه‌ره‌بییه، چونكه ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی ئه‌نجامی داوه، بۆیه نابێت عه‌ره‌بێك باسی بكات!! غه‌ریزه‌ی عه‌ره‌ببوون، چاوگه‌ی هه‌ق و دادپه‌روه‌رییه و ده‌بێ له به‌رامبه‌ر هه‌ر شتێكی غه‌یره عه‌ره‌بیدا، جه‌وهه‌ر و هێزی خۆی پیشان بدات؟
من ده‌توانم نموونه‌ی له‌م جۆره له‌ناو فارس و توركیشدا بهێنمه‌وه. بۆیه زۆر به كورتی ده‌ڵێم ئه‌و جۆره رووناكبیرانه‌ی كه تۆ باسیان ده‌كه‌یت لای من خه‌ڵكێكی گوناهن و شایه‌نی به‌زه‌یین. كه‌سێكیش شایه‌نی به‌زه‌یی بێت نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێ بكرێت كه باوه‌ڕ به مافی تۆ بهێبێت و پشتگیری و كۆمه‌كی تۆ بكات، چونكه ئه‌و خۆی پێویستی به یارمه‌تی هه‌یه!!!
گه‌لاوێژی نوێ: وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ له (ئییمپراتۆریای لم) دا له دیدێكی سه‌د له سه‌د كوردییه‌وه و، به چاوێكی كوردانه سه‌یری مێژووی سیاسیی ئیسلامت كردووه، باسی ئه‌وه‌ت كردووه كه چۆن عه‌ره‌ب و تورك و فارس، بۆ قازانجی خۆیان ئیستیفاده‌یان له ئیسلام كردووه. ئه‌ی باشه بۆ كورد نه‌یتوانیوه، بۆ قازانجی خۆی، ئه‌و ئیستیفاده‌یه بكات؟
ره‌فیق سابیر: پێشه‌كی هیوادارم توانیبێتم له‌و دیده‌وه كه تۆ ناوت بردووه، باسی مێژووی سیاسیی ئیسلامم كردبێت. به رای من كورد له‌به‌رئه‌وه نه‌یتوانیوه، وه‌ك عه‌ره‌ب و تورك و فارس، ئایینی ئیسلام بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌كاربێنێت، چونكه كورد له‌و ئاسته كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییهیدا نه‌بوو كه بتوانێت ئه‌م كاره بكات. كورد هه‌میشه زه‌مینه‌یه‌ك بووه بۆ بیر و ئایدۆلۆجیا و ئایین، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی له توانایدا نه‌بووه كه ئه‌و ئایدۆلۆجیا و ئایینانه، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌كار بێنێت، ئه‌وا ئه‌نجام خۆی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان به‌كار هێندراوه، واته هه‌ڵه‌كه له ئه‌ساسدا له كورد خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ماركسیزم و بزاڤی سیاسیی ئه‌مڕۆی ئیسلامی بگرین هه‌ر هه‌مان حاڵه‌ت ده‌بینین، عه‌ره‌ب و تورك و فارس و زۆر نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ی دنیا له دیدی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانه‌وه ئایدۆلۆجیای ماركسیزمیان وه‌رگرت و له زۆر وڵات‌دا ماركسیزم و كۆمۆنیزم بوونه ئایدۆلۆجیای بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانی و ئامرازی رزگاربوون له داگیركه‌ر بۆ نموونه چین و ڤێتنام و…تاد. به‌ڵام ئێمه‌ی كورد هه‌میشه له دیدی به‌رژه‌وه‌ندی بزاڤی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی كوردستانه‌وه بۆ ئه‌م ئایدۆلۆجیایهمان روانیوه. ئه‌مڕۆ ئیسلامی سیاسی، كه وه‌ك هه‌میشه ئایدۆلۆژیای عه‌ره‌ب و پانعهرهبیزمه، له هه‌ندێ وڵاتی ئیسلامیی غه‌یره عه‌ره‌بیدا رۆڵی ئایدۆلۆجیایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گیڕێت، كه‌چی لای خۆمان ئه‌م شێوه بزاڤانه نه‌ك هه‌ر به كۆمه‌كی بێگانه‌ن، به‌ڵكو داكۆكی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانیش ده‌كه‌ن. كورد هێشتا نه‌بۆته ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی كه به جۆرێك پێگه‌یشتبێت و خۆیناسیبێت كه هه‌ر بیر و ئایدۆلۆجیایه‌ك له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له قاڵب بدات.
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بارودۆخی كورد به‌م جۆره بێت، ئاخۆ ده‌بێت له كاتی ده‌ركه‌وتنی ئیسلام، یان له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا چۆن بوو بێت؟
گه‌لاوێژی نوێ: دنیای ناسك و پڕ فه‌نتاسی ژن چۆن ده‌بینێت و چ ره‌نگێكی له‌ناو نووسینه‌كانتدا داوه‌ته‌وه؟
ره‌فیق سابیر: له زۆر باره‌وه خۆم به قه‌رزارباری ژن ده‌زانم، به‌ڵام باشتره كه كه‌سێكی دی، نه‌ك خۆم، باسی ئه‌وه بكه‌ن كه من چه‌ند قه‌رزارباری ژنم و تا چه‌ند دنیای ژن له نووسینی مندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. به‌ڵام هێنده ده‌ڵێم كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه ئه‌زموونێكی زۆر شیرین و كه‌مێك تاڵم له‌گه‌ڵ چه‌ند كچ، یان ژنێك بووه و هه‌ریه‌كه‌یان له سه‌رده‌مێكی دیاریكراوی ژیانمدا مانایه‌كی گه‌وره‌یان بۆ من بووه و به هۆی ئه‌وانه‌وه ژیان جوانتر و مانایه‌كی دیكه‌ی بووه، به‌ڵام هێشتا هه‌ست ده‌كه‌م كه جیهانی ژن به راده‌یه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ند و بڵاو و جیاوازه كه ناتوانم به ته‌واوی تێی بگه‌م. ساڵانێكی زۆر هه‌وڵمدا، به‌ڵام قه‌ت له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا ده‌رنه‌چووم، ئیدی به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتم كه مرۆڤ ده‌بێت ژن بێت تا بتوانێت له جیهانی فره‌ڕه‌نگ و فراوانی ژن تێبگات.
گه‌لاوێژی نوێ: كاتی خۆی له ژماره سێی رۆژنامه‌ی هه‌تاوی ساڵی 1996 دا نووسراوه‌یه‌كی به‌ڕێزتان له ژێر ناونیشانی (چۆن له وڵاته‌كه‌م ببورم؟) بڵاوكرایه‌وه، كه باسی ژنكوشتن و ئه‌و رێپۆرتاژه ده‌كات كه سه‌باره‌ت به كوشتنی ژنان له باشووری كوردستان به زمانی سوێدی بڵاوكراوه‌ته‌وه. زۆر پێم به‌هایه كه ئه‌و په‌یامه‌ت دووباره بگه‌یه‌نمه‌وه گوێی هه‌ر كه‌سێك، ئه‌گه‌ر ده‌كرێت باسی بكه‌یت. ئه‌گه‌ر نا خۆ نووسینه‌كه‌م لایه و ده‌یخه‌مه پالبَ وه‌ڵامه‌كه‌ت.
ره‌فیق سابیر: من له‌و نووسینه‌دا قسه‌ی خۆمم كردووه. بۆیه ئه‌گه‌ر نووسینه‌كه له جیاتی وه‌ڵام بڵاوبكرێته‌وه، ئه‌وا سوپاسی تۆ و سوپاسی سه‌رنووسه‌ر، كاكه حوسێن عارف و برایانی گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ ده‌كه‌م.
چۆن له وڵاته‌كه‌م ببورم؟
[له ئۆكتۆبه‌ری 1994 گروپێكی سیندیكالیستهكانی سوێد SAC سه‌ردانی كوردستانی كردووه، كۆمه‌ڵێك باس و ریپۆرتاجی گرنگی سه‌باره‌ت به باكوور و باشووری كوردستان ئه‌نجام داوه، كه پار هه‌موویان له به‌رگێكدا به ناوی كوردستان بڵاوكردۆته‌وه].
ئه‌و ریپۆرتاجهی سه‌باره‌ت به كوشتنی ژنان له باشووری كوردستان بڵاویان كردۆته‌وه، شتێكی ئه‌وه‌نده سامناكه كه پێشتر له كوردستاندا وێنه‌ی نه‌بووه. مرۆڤ كه راپۆرته‌كه ده‌خوێنێته‌وه، شه‌رم دایده‌گرێ كه خه‌ڵكی وڵاتێكه حكومڕانانی، له دوا ساڵه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، رێگه ده‌ده‌ن ئاوا دڕندانه و به‌ربه‌ستانه له‌گه‌ڵ ژن و په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و سێكس و سۆزانیدا رهفتاربكرێت.
به پێی راپۆرته‌كه، كه پشت به گه‌لێك به‌ڵگه ده‌به‌ستێت، ته‌نیا له دوو ساڵدا ((1991-1993)) 575ژن له كوردستاندا به تۆمه‌تی ((بێ ره‌وشتی)) كوژراون، كه ئه‌م وشه‌یه هه‌ر له په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی، سێكس و سكپڕبوونی پێش ماره‌بڕیندا ده‌گرێته‌وه تا جه‌سته فرۆشتن، له زۆر حاڵه‌تدا كه‌سوكاری ژنه خۆیان ئه‌م كاره‌یان كردووه، یان یارمه‌تی بكوژانیان داوه، نه‌خۆشخانه‌ی كۆماریی هه‌ولێر، له ساڵی 1992دا 160كه‌سی له‌و ژنه كوژراوانه ناونووس كردووه، كه له هه‌ولێر ته‌رمه‌كانیان بۆ ئه‌وێ براون. كاربه‌ده‌ستان نه‌ك هه‌ر پیاوكوژان سزا ناده‌ن، به‌ڵكو خۆشیان له‌م كوشتاره‌دا به‌شدارن. هه‌روا له یه‌كی مای 1992 تا ده‌ی جه‌نیوه‌ری 1993، به ره‌سمی 280 ژن ،كه خۆیان سووتاندووه، له نه‌خۆشخانه‌كان ناونووس كراون. (لاپه‌ڕه54).
پێده‌چێت دیارده‌ی ژنكوشتن له ساڵانی دواتردا زۆر زیاتر بووبێت. چونكه شه‌ش رێكخراوی ژنان، له رۆژی 14-8-1995دا به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكردۆته‌وه تیایدا ده‌ڵێن كه له: 1-1-1995 تا 6-5-1995 ته‌نیا له شاری هه‌ولێر 36 ژن كوژراون، هه‌فته‌ی پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌كه، واته 14-7ی ئاب هه‌ر له هه‌ولێر شه‌ش ژن كوژراون (رزگاری، ژماره دوو، 19-8-1995)
ئایا كۆمه‌ڵێك، كه شه‌ره‌فی خۆی له‌ناو رانی ژنه‌كاندا ده‌بینێته‌وه، ده‌بێت له چ زهلكاوێكی ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریدا بژیت، كاتێك هه‌فتانه له تاكه شارێكیدا شه‌ش ژن بكوژرێت؟ ئایا له مێژووی كورددا ژن ئاوا دڕندانه، به‌ناوی پاراستنی گوایا شه‌ره‌فه‌وه، ره‌فتاری له‌گه‌ڵ كراوه؟ ئایا له شوێنێكی دیكه‌ی جیهاندا نموونه‌ی ئه‌و دڕندایه‌تییه بووه و هه‌یه؟
له وڵاتێكدا كه یاسا و ژیری حوكم ناكات و وه‌ك جهنگهڵستانێكی گه‌وره‌ی لێهاتووه، ده‌بێ لاوازه‌كان تێك بشكێندرێن و بخورێن. ژنان كه له رووی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، لاوازترین به‌شی ئه‌و جهنگهڵستانهن، هه‌وه‌ڵین گرووپێكی كۆمه‌ڵ ده‌بن كه ده‌بێت له دۆزه‌خی سته‌می جهنگهڵستانهكهدا بسووتێن، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێكیان ئه‌ڤین به‌ره‌و سێكسی به‌رێت، یان له ژێر فشاری برسێتی و نه‌داری و هه‌ر هۆكارێكی دیكه‌دا ناچار بێت جه‌سته‌ی خۆی، كه موڵكی خۆیه‌تی بفرۆشێت، كه زیاتر بازرگانانی خوێن و هه‌ندێ له لێپرسراوه نه‌جیبزاده‌كان كڕیارن، ئه‌وا شه‌ره‌فی عایله و خێڵ و ته‌نانه‌ت شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یشی له‌كه‌دار كردووه! لێره‌وه ده‌توانین له‌وه بگه‌ین كه بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم نه‌ك هه‌ر نایانه‌وێ سنوورێك بۆ ئه‌م وهحشیهتگهرییه بێ وێنه‌یه دابنێن، به‌ڵكو خۆیان، كه نه‌یانتوانیوه ده‌رفه‌تێكی كار بۆ ژنان بڕه‌خسێنن تا به ره‌نجی بازوویان نانێك بۆ خۆیان و منداڵه‌كانیان په‌یدابكه‌ن، هانی ئه‌م دڕندایه‌تییه ده‌ده‌ن! بۆ نا؟ مه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌ركی پاراستنی شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یان پێ نه‌سپێردراوه؟!
له میرنشنهكهی ئێمه‌دا هه‌موو جۆره فرۆشتنێك ره‌وایه جه‌سته فرۆشتن نه‌بێت، چونكه جه‌سته ناسنامه‌ی خێڵه.. جه‌سته پیرۆزترین سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌كی بێ سه‌روه‌رییه! هه‌ڵه‌ی ئه‌م خوشكه شه‌هیدانه، كه تا ئێستا له هه‌زار زیاترن و ئه‌وانه‌یش كه هێشتا شه‌هید نه‌كراون ئه‌وه‌یه كه له‌م یاسا و نه‌ریته نه‌گه‌یشتبوون. ئه‌وان ده‌بوو بزانن كه جه‌سته شتێكی پریڤات ((شه‌خسی)) نییه. جه‌سته قیبله‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ قیبله‌یه، شه‌ره‌فی كۆمه‌ڵێكی بێ شه‌ره‌فه! كۆمه‌ڵێك كه رێگه‌ی هه‌موو جۆره فرۆشتن و ههڕاجكردنێك ده‌دات، جه‌سته نه‌بێت: ره‌وایه ویژدان بفرۆشرێت، ره‌وایه جوامێری، سه‌روه‌ری و كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، راستی، ئه‌ڤین، باوه‌ڕ و حیزب، شیعر، ته‌نانه‌ت ره‌وایه وڵات بفرۆشرێت، به‌ڵام مه‌حاڵه رێگه به جهستهفرۆشی بدرێت!
خوشكه میهره‌بانه شه‌هیده‌كانم! من وه‌ك راسكۆلنیكۆف، پاڵه‌وانی رۆمانی ((تاوان و سزا)) ی دۆستۆیڤسكی، له رووی ئازاره‌كانی ئێوه‌دا، كه به ئازاری مرۆڤایه‌تییان ده‌زانم، كڕنۆش ده‌به‌م..
له رووی هه‌ر برینێكی جه‌سته پیرۆزهكانتاندا، كه چه‌قۆ و خه‌نجه‌ر و گولله‌ی بكوژانتان خستیانه جه‌سته‌تانه‌وه، پاكانه ده‌كه‌م: خوا شایه‌ته من له تاوانی مه‌رگی ئێوه بێبه‌ریم!
بێبه‌ریم له‌و نه‌ریت و ره‌وشت و ئایین و ده‌سه‌ڵاته بهلهسهیهی خوێنی ئێوه حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن!.. بێ به‌ریم له‌و دادگایانه‌ی كه بكوژانتان ئازاد ده‌كه‌ن!
من بێ به‌ریم له‌و كۆمه‌ڵه‌ی كه ساده‌ترین مافی ئینسانی به ئێوه ره‌وا نابینێت، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هێنده برسیتان ده‌كه‌ن تا به‌ره‌و جهستهفرۆشیتان ده‌به‌ن و هه‌ندێ له لێپرسراوه نهجیبزادهكانی، له بازرگانانی خوێنه‌وه تا هه‌ندێك كاربه‌ده‌ستی سیاسی، عه‌سكه‌ری و حكومی، به جه‌سته‌تان حه‌زی حهیوانییانهی خۆیان داده‌مركێنێته‌وه، به خوێنیشتان تینوێتیی سادییانه‌ی خۆیان ده‌شكێنن..
من بێ به‌ریم له‌و جانه‌وه‌رانه‌ی پێیان وایه به خوێنی ئێوه سه‌روه‌ری و شه‌ره‌فی دۆڕاوی خۆیان و كۆمه‌ڵ و خێڵ و نه‌ته‌وه ده‌ستێننه‌وه.
من ناتوانم له بكوژانتان ببورم..
ناتوانم له وڵاته‌كه‌م ببورم.
ئاماده‌كرنی: ئاشنا كه‌مال