
سیناریۆی مێژوو له‌نێوان حه‌قیقه‌ت و واقیعدا
(هه‌وڵدانێكه بۆ خستنه‌ڕوو و دواندن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ودیو نهێنی و په‌نهانه‌كانی مێژوو به‌گشتی و به‌تایبه‌تی، له‌كتێبی –كۆمه‌ڵی هه‌قه- ی-رێبوار حه‌مه تۆفیق-دا”1″)
*(بسم الله الرحمن الرحيم” يا أيها الذين آمنوا ان جاءكم فاسق بنبأ فتبينوا أن تصيبوا قوما بجهالة فتصبحوا على ما فعلتم نادمين-سورة الحجرات-آية6″صدق الله العظيم).
*”ئه‌وی ئه‌مڕۆ به‌ده‌وری ته‌ختیایه هه‌لهه‌له‌ی مه‌خلوق
له‌ده‌وری نه‌عشیا سبحه‌ی ده‌بینی وه‌لوه‌له‌ی مه‌خلوق
به په‌ل په‌ل كردنی سبحه‌ی ئه‌گه‌ر ببوایه باوه‌ڕیان
ده‌بوو قه‌ت به‌م حه‌ده نه‌بووایه بۆ دنیا په‌له‌ی مه‌خلوق
……………
به‌ئاوی تێ گه‌یشتین ئێمه دنیا، هه‌ر سه‌رابێ بوو
هه‌موو ده‌شچن به‌خنكان و لهوشكییه مه‌له‌ی مه‌خلوق”
– مه‌حوی-
خوێندنه‌وه‌ی: یوسف عیزه‌دین
پێش به‌رایی
ره‌نگه منیش وه‌ك هه‌ر خوێنه‌رێكی ئاسایی، پێم ئاسایی نه‌بێت راگوزه‌رانه بخوێنمه‌وه‌و سه‌رپێییانه به‌سه‌ر دێڕ و په‌ره‌گراف و وێنه‌و دیمه‌ن و تێبینی و سه‌رنج و سه‌رچاوه‌و راڤه‌و شیكار و سه‌رجه‌م شتگه‌ل و ئاماژهپێدانهكانی ئه‌م یان ئه‌و تێكستدا تێپه‌ڕببم ! یان ره‌نگه زۆر له‌وه زیاتر‌و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و بگره تایبه‌تیش پێویست بكات له‌خوێندنه‌وه‌ی تێكسته زیندووه قووڵه‌كاندا، مامه‌ڵه‌یه‌كی تهفكیكییانهی له‌ته‌كدا بكه‌ین.
به‌هه‌رحاڵا، تاهه‌نووكه.. له‌دنیای نووسینی كوردیدا، زۆر نین ئه‌و تێكستانه‌ی كهبكارێت رۆبچیته نێویانه‌وه‌و لهبۆشاییهكانیاندا بۆ ده‌ركه نه‌كراوه‌كانی بگه‌ڕێیت، یان له‌نێو راڕه‌و و كۆریدۆرهكانیدا، به‌شوێن په‌نهان و كه‌شف نهكراوهكانیدا عه‌وداڵا ببیت.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه‌هه‌رده‌م بگره‌و به‌رده‌و كێشمانكێش و ململانێ له‌نێوان دوو دیدگه‌ی جوداو جیاوازدا هه‌بووه‌و هه‌یه، كه‌یه‌كێكیان پێی وایه تێكستی زیندوو وه‌ك بونیادێك ده‌بێت حه‌قیقه‌ت و حه‌قیقه‌ته‌كان له‌خۆ بگرێت و ئه‌وی دیكه‌ش پێی وایه هیچ گرنگییه‌ك له‌وه‌دا نییه تێكست حه‌قیقت له‌خۆ بگرێت یان نه‌یگرێت!؟ چونكه دواجار حه‌قیقه‌تێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه كه‌ئه‌ویش حه‌قیقه‌تی تێكسته، كه‌واته تێكست له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته ئامڕازی گه‌یاندنی مه‌عریفه، خودی خۆی ده‌بێته مه‌یدانێكی مه‌عریفی سه‌ربه‌خۆ.
بۆیه ره‌نگه پێویست بێت ناتهقلیدییانهو له‌چه‌ند ده‌ركه‌یه‌كی دیكه‌و جیاواز له‌ده‌ركه ئاوه‌ڵا لهبهرچاوهكان, بچینه نێو دنیای تێكستهوهو مامه‌ڵه‌یه‌كی تهفكیكییانهی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. كه‌واته له‌جێی وه‌رگرتنی بێ چه‌ندو چوونی ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه, ئێمه‌ی خوێنه‌رین كه‌ده‌بێت پرسیارمان هه‌بێت و تێكست به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان بدوێنین و بیهێنینه قسه‌و له‌و میانه‌شه‌وه شاراوه‌و په‌نهانه‌كانی كه‌شف بكه‌ین.
ئاشكراشه هه‌موو ئه‌مانه له‌دژایه‌تی كردن و نهفیكردنهوهی تێكسته‌وه ده‌ست پێ ناكات ،وه‌ك زۆر كه‌س لێی حاڵی بوون.. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی تێكستی زیندوو هه‌رچییه‌كی به‌رانبه‌ر بكه‌یت، به‌هیچ نه‌فی ناكرێت و ناسڕدرێته‌وه، له‌گه‌ڵا هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێشدا دێته‌وه بوون و ده‌ژێته‌وه.
تێكسته مێژووییه‌كان
جێی باسه كهههرچهند هه‌ن، تائێستا ته‌نها مامه‌ڵه‌یه‌كی واقیعییانه و ته‌قلیدیانه له‌گه‌ڵ نووسراو و تێكسته مێژووییه‌كان و به‌تایبه‌تیش دۆكۆمێنته‌كاندا ده‌كه‌ن و پێیان وایه، ده‌بێت وه‌ك راستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گر سه‌یر بكرێت، به‌تایبه‌تیش كاتێك رووداو یان شتێكی دیاریكراو، له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كدا به‌هه‌مان شێوه ئاماژه‌ی پێده‌درێت، ئیدی ئه‌مه لای ئه‌و جۆرانه ده‌بێته هه‌نجه‌تی سه‌لماندنی راستی و واقیعی بوونی، له‌كاتێكدا ئه‌مه مه‌رج نییه وابێت و زۆر جارانیش ئه‌وه ساغ بۆته‌وه كه‌هه‌رده‌م سیناریۆسازییهكی نائه‌قڵانییانه به‌ناوی ئه‌قڵانییه‌ته‌وه له‌پشت گێڕانه‌وه‌ی مێژووه‌وه هه‌بووه‌و هه‌یه.
كه‌واته گرفتی هه‌ره سه‌ره‌كی مێژوو، هه‌ر له‌ونبوون و نه‌بوونی نووسین و دۆكۆمێنته‌كاندا نییه، به‌ڵكو له‌خودی نووسین و دۆكۆمێنت و ئاماژهپێدانهكانیشدایه!؟
شایانی باسیشه ده‌مێك ساڵه ره‌خنه‌گره مێژووییه كارامه‌و جدییه‌كانی میلله‌تانی خاوه‌ن تێكست و نووسراو و دۆكۆمێنته‌كان، ره‌نگه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوانیش لهرێنیسانسهوه, یان زۆر له‌پێش ئه‌وه‌شه‌وه‌و تائێستاش هه‌ر ئه‌وداڵی ساغكردنه‌وه‌و راستكردنهوهو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و كه‌شفكردنی ئه‌م راستی و ئه‌و راستی مێژوویی بووبێتن، ته‌نانه‌ت گه‌ر پێشتر زۆر به‌یه‌قینیشه‌وه خرابێته‌ڕوو و سه‌لمێنرابێت.
بۆ نموونه رۆڵی “هێنری شه‌شه‌م” چه‌ند گرنگ بووبێت، لهدهسپێك و بناغهڕێژی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئینگلیز و جیابوونه‌وه لهفاتیكان و گۆڕینی مه‌زهه‌بی ئایینی و بناغهداڕشتنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌به‌درێژایی سه‌رده‌مانێك زۆربه‌ی دنیای به‌فیعلی داگیركردبوو، ناكاته ئه‌وه‌ی كهمێژوونووسانی ئینگلیز، لهباسكردنیدا باس له‌گه‌نده‌ڵی و داوێن پیسی و شه‌هوه‌تبازیی و دڕنده‌یه‌تی و هه‌موو سیفه‌ته خراپه‌كانی تریشی نه‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و راستیه‌ش ناشارنه‌وه كه‌هۆكاری سه‌ره‌كی جیابوونه‌وه‌ی لهفاتیكان و جیاكردنه‌وه‌ی مه‌زهه‌ب و یاساكانی حوكم و دادوه‌ری و شته‌كانی تریش، به‌ته‌واوی په‌یوه‌ست بووه، به‌ئاره‌زووه سێكسییهكانییهوه، كه‌بۆته هۆكاری ئه‌و هه‌موو ئاڵوگۆڕه؟!
ئیدی چه‌ند له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی دیدگه ته‌قلیدییه‌وه وابزانرێت، زۆرێك له‌مێژووی كۆن و نوێی ئۆرووپا به‌چه‌شنێك سه‌لمێنراوه، كهئاستهمه ئاڵوگۆڕی تێدابكرێت..به‌ڵام هه‌وڵدانه به‌رده‌وامه‌كانی مێژوونووسانێكی جیدی پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌رده‌خه‌ن.
هه‌ر بۆ نموونه، نووسه‌ری ئیتاڵیایی( “لوچیانوو كانفورا” له‌كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی”كتێبخانه ونه‌كه ” كه‌بۆ یه‌كه‌مجار ساڵی1986چاپ و بڵاوبۆته‌وه، به‌زمانێكی گاڵته‌ئامێزانه زۆر راستی سه‌یر و نوێی دركاندووه، كهبهتهوایی مێژوویه‌كی نووسراوی باوه‌ڕپێكراوی له‌وه‌و پێشی ژێر و ژوور كردووه، له‌كاتێكدا به‌درێژایی ساڵانێكی دوور و درێژ باوه‌ڕ به‌بوونی كتێبخانه مه‌زنه سه‌د قاپییه‌كه‌ی شاری –تیبه-كراوه، هه‌روه‌ك باوه‌ڕ به‌بوونی كتێبخانه مه‌زنه‌كه‌ی –ئه‌سكه‌نده‌ریه-و-پراگاموون-و ئه‌وانه‌ی تریش..ئیدی تۆژه‌ر و لێكۆڵه‌رێكی كه‌له‌پووری ئهنتیكای كلاسیكی-هیلینی و گریكی و رۆمانی- وه‌ك –كانفورا- دێت و ئه‌و راستییه كه‌شف ده‌كات، كه‌كتێبخانه مه‌زنه‌كه‌ی –تیبه-ش وه‌ك زۆر كتێبخانه‌ی دیكه‌ی مێژوویی له‌ڕاستیدا هه‌ر نه‌بووه‌و گه‌ر بووبێتیش، مه‌به‌ست له‌وه‌ی”تیبه”یه له‌چه‌ند ره‌فه‌یه‌كی كه‌م تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌و بێجگه له‌چه‌ند ده‌ستنووسێكی تایبه‌تیش بهرێوڕهسمی ئایینی و له‌سه‌ر په‌لكی”به‌ردی”نووسراو، هیچی دیكه‌ی تێدا نه‌بووه‌و زۆر دووره له‌و جۆره خستنه‌ڕوو و باسكردنه‌ی كه”دیۆدۆری سقللی” خستوویه‌تییه‌ڕوو كه‌گوایه له‌نووسراوێكی سه‌رگوزشته‌ی سه‌فه‌رێكی “هركاتایۆس ئابدیرا” خۆیه‌وه وه‌ریگرتووه كه300ساڵ پێش زایین ژیاوه‌و سه‌ردانی كتێبخانه‌كه‌ی –تیبه-ی كردووه، ئیدی هێنده به‌سه‌رسامییه‌وه باس لهمهزنایهتی كتێبخانهكهكراوه، كه‌بۆته مایه‌ی سه‌فه‌ركردنی ده‌یان تۆژه‌ر و زانای ئهركۆلۆژیست، به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی…”2″).
شایانی باسه ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك و به‌جدییه‌ته‌وه خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه مێژووییه‌كان بێت، زۆر نموونه‌ی ئاوا سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی دێته پێشچاو، كه‌زۆریان بۆ نموونه و به‌تایبه‌ت كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌یه‌كی مێژوویی به‌زێده‌ڕۆییه‌وه تێدا مه‌زن و گه‌وره ده‌كرێت، یان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر سه‌مه‌ره ناشرین و تاوانبار ده‌كرێت، جا له‌هه‌مووشی سه‌یرتر دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی حیكایهتهكانه، پێی به‌پێی گۆڕانی شوێن و جێگه‌ی رووداوه‌كان و به‌ده‌ر له‌هه‌ر لۆژیكێكی زه‌مه‌نی، بۆ نموونه له‌گێڕانه‌وه مێژووییه‌كاندا ئاماژه به‌وه كراوه، كه‌كاتێك “عومه‌ری كوڕی عاس” فه‌تحی وڵاتی فارس ده‌كات و ده‌گاته كتێبخانه‌ی –جندیشاپوور- و پرس به خه‌لیفه”عومه‌ری كوڕی خه‌تاب” ده‌كات، له‌وه‌ڵامدا فه‌رمانی”عومه‌ر”ی پێ ده‌گات ده‌رحه‌ق به‌سووتاندنی و هه‌مان حیكایه‌تیش سه‌باره‌ت به‌كتێبخانه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ریه دووباره ده‌بێته‌وه‌و به‌هه‌مان شێوه”عومه‌ری كوڕی عاس” پاش پرسكردنی فه‌رمانی خه‌لیفه”عومهركوڕی خه‌تاب”ی پێ ده‌گات، كه‌ده‌ڵێت:
( ئه‌گه‌ر باشن ئه‌وه خودا له‌وه باشتری پێ به‌خشیوین، كه‌قورئانه..ئه‌گه‌ر خراپیشن ئه‌وه بۆ نێو ئاگر باشن”3″ )
. به‌ڵام هه‌موو ئه‌م رووداو و گێڕانه‌وانه له‌مڕۆدا ده‌یان پرسیاریان سه‌باره‌ت ده‌كرێت و خوێندنه‌وه‌ی نوێگه‌رییانه‌ی مێژووش، زۆر رووداویان پێچه‌وانه و جیاواز خستۆته‌ڕوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌نه ئه‌وه‌ی ئاخۆ له‌ڕووی سیاسیی و فه‌رهه‌نگی و كولتووری و شته‌كانی دیكه‌وه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێدایه؟! ته‌نانه‌ت له‌هه‌مووی سه‌یرتر و سه‌رنج راكێشتر زۆر پڕوپاگه‌نده‌و رووداو‌و و باس و خواسی مێژوویی ناڕاست سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێك له‌كه‌سایه‌تییه مێژووییه‌كانی ئیسلام هه‌ن، كهتۆژهر و مێژوونووس و ئهركۆلۆژیستهكانی رۆژئاوا به‌درۆی ده‌خه‌نه‌وه‌و ده‌رئه‌نجامی شیكاری و راڤه‌كاری و گه‌ڕان، بۆ نموونه، وه‌ك گریمانێك ده‌یسه‌لمێنن كه‌هیچ كاتێك سوپایه‌كی ده‌بیست هه‌زار سه‌ربازی فڵانه سه‌ركرده‌ی ئیسلام-به‌پێی ئاماژه پێدانی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك و به‌و شێوه‌ی باسكراوه- فڵانه شوێن و ناوچه‌و شاری داگیرنه‌كردووه، یان ئه‌گه‌ر بۆ نموونه سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوویی گوتبێتی سه‌ركرده‌یه‌كی ئیسلام پاش داگیركردنی شارێك به‌ده‌ستی خۆی و له‌سه‌ر كه‌ناری دیجله له‌به‌یانییه‌وه تائێواره حه‌فتا هه‌زار كه‌سی سه‌ربڕیبێت و ئه‌مه به‌درێژایی مێژوو و له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه وه‌ك به‌ڵگه‌نه‌ویستێك سهیركرابێت و بووبێته به‌شێك له‌سه‌رگوزشته‌ی دڵڕه‌قی و بێڕه‌حمی ئه‌و سه‌ركرده‌یه، ئه‌وه مێژوونووسانێك كه‌دوور و نزیك هیچ پێوه‌ندییه‌كیان به‌ئیسلامه‌وه نییه، دێن و مه‌یدانییانه‌و له‌ڕووی نالۆژیكی بوونییه‌وه، پووچه‌ڵا و به‌درۆی ده‌خه‌نه‌وه‌و ده‌یسه‌لمێنن كه‌مه‌حاڵه تیژترین شمشێرو به‌هێزترین كه‌سی دنیا له‌به‌یانییه‌وه تا ئێواره ، بتوانێت نه‌ك حه‌فتاهه‌زار كه‌س، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت حه‌فتا كه‌سیش سه‌رببڕێت؟!
ئه‌مه له‌كاتێكدا ئاسته‌م بووه، له‌و شوێنه ناوهێنراوهدا وه‌ك نموونه‌یه‌ك، نه‌ك حه‌فتا هه‌زار كه‌س، به‌ڵكو حه‌وسه‌د كه‌سیش ژیابێت و هه‌بووبێت؟! ئیدی ئه‌م جۆره خوێندنه‌وه نوێیانه‌ی مێژوو ده‌گه‌نه ئه‌و ئاسته‌ی كه‌هه‌ن ده‌یسه‌لمێنن، هیچ كاتێك ئیسلامه‌كان هێرشیان نه‌كردۆته سه‌ر ئیسپانیا‌و له‌مێژووشدا كه‌سێكی راسته‌قینه‌ی به‌ڕه‌گه‌ز “به‌ربه‌ر” نه‌بووه ناوی “تاریقی كوڕی زیاد”بووبێت و…تاد؟!.
كتێبی كۆمه‌ڵی هه‌قه
-ده‌ستپێك-
ئه‌وه‌ی كه‌وای لێكردین تا ئه‌م ئاسته‌ی وتارهكهمان، كه‌مێك به‌شێنه‌یی رێ بكه‌ین و هێور هێور هه‌ندێك نموونه‌ی مێژوویی بهێنینه‌وه، هه‌وڵدانێك بوو بۆ نزیكبوونه‌وه له‌زۆرێك له‌و سه‌رچاوه‌و به‌سه‌رهاته مێژوویی و ته‌رح و بۆچوون و دنیابینی و كه‌ره‌ستانه‌ی كه‌له‌كتێبی”كۆمه‌ڵی هه‌قه” دا كاری پێكراوه، یان كاری پێنه‌كراوه‌و له‌شوێنێكه‌وه ده‌بێت بخرێنه‌گه‌ڕ و به‌كار بهێنرێنه‌وه.
جا هێنده‌ی لێره‌دا بوار هه‌یه، ده‌كارێت بهئاماژهپێدانی راسته‌وخۆ، خوێنه‌ر به‌ره‌و فڵانه شوێن و ته‌رحی كتێبه‌كه رابكێشین و ئه‌وداڵی خوێندنه‌وه‌ی جیدی و سه‌وداسه‌ری پرسیاری بكه‌ین.. یاخود به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌پێشتر و له‌سه‌ره‌وه‌ڕا گرتمانه‌به‌ر، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و ناته‌قلیدییانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین.
چه‌ند ئیزافه‌یه‌كی مێژوویی
هه‌رچه‌ند هه‌وڵدانێكی به‌رچاو و پڕ ورده‌كاریی له‌لایه‌ن لێكۆڵه‌ری كتێبی”كۆمه‌ڵی هه‌قه” ، -رێبوار حه‌مه تۆفیق-ه‌وه دراوه، به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی رهگوڕیشه مێژووییه‌كانی هه‌قه‌و چۆنیه‌تی په‌یدابوون و سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندن و دواتر خه‌فه‌بوونی له‌ماوه‌یه‌كی مێژوویی دیاریكراوی تاڕاده‌یه‌ك كورتدا.
به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ده‌رفه‌تیش هه‌بێت، به‌نده-ش والێره‌دا.. به‌مه‌به‌ستی ئاوه‌ڵاكردنی ده‌ركه‌ی دیكه‌و خستنه‌ڕووی زانیاری تری مێژوویی، گه‌ر شیاو بێت وای ناو بنێین، له‌میانی خستنه‌ڕوویه‌كی ئیزافهگهرانهوه هه‌ندێك شت ده‌خه‌مه‌ڕوو، ده‌كرێت به‌تێز و بۆچوونه گرنگه‌كانی “میهرداد ئیزه‌دی”یش ده‌ست پێبكه‌ین:
( له‌ساڵی 522-ی، پ.ز-دا به‌ته‌واویی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی كۆنه فیدراسیۆنی میدییه‌كان” كه تا ئه‌و ده‌مه‌ش به‌سه‌ركردایه‌تی ئهخامهنییهكان و نیمچه رۆڵێكی میدییه‌كان، به‌ڕێوه ده‌برا “، كه‌وته ده‌ست ئهخامهنییهكان.
گه‌رچی له‌سه‌رده‌می”ئازهی داهاك-زوحاك-“دا، رێبازی ئایینی “یه‌زدانی-یه‌كان” وه‌ك ئایینێكی ره‌سه‌ن و زاڵی ناوچه‌كه په‌یڕه‌و ده‌كرا. كه‌هه‌رده‌م باڵاده‌ستی به‌سه‌ر ئایینی زه‌رده‌شتییه‌كانه‌وه هه‌بووه‌و بگره رێنیشانده‌ر و رابه‌ری راسته‌قینه‌ی پیر و مووغانه زهردهشتییهكانیش بووه.
به‌ڵام له‌سه‌رده‌می”داریوس”ی فارسداو به‌به‌رنامه ویستویه‌تی “یه‌زدانی-یه‌ت”ی ئایینی ره‌سه‌نی میدییه‌كان بشێوێنێت. له‌هه‌وڵێكی بێ وێنه‌دا یه‌زدانی-یه‌ت قه‌ده‌غه‌كراوه‌و زه‌رده‌شتییه‌ت سه‌پێنراوه. “داریوس” هه‌ر به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاوه‌و خودی گاتاكانی زه‌رده‌شتیشی شێواندووه‌و به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی خۆیی و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی گۆڕیویه‌تی, گه‌رچی له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
له‌و گۆڕانكارییانه‌ی كهلهگاتاكانی زه‌رده‌شتدا كردووێتی و بۆی زیادكردووه، هاوتاكردنی ناو و چه‌مكی”ئه‌هریمه‌ن، به_داهاك..زوحاك_”بووه.
هه‌ر بۆیه لهمیتۆلۆژیای ئێرانی‌دا، راشكاوانه ئه‌م هاوتا بوونه‌ی ناو و چه‌مكی شه‌یتان و زوحاك ده‌بینرێته‌وه.
به‌ڵام لای ئه‌و لقه ئایینییانه‌ی كه‌له”یه‌زدانی-یه‌ت” جیابوونه‌ته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌وه”زوحاك كهبهههڵه بۆته ساهاك”، هێشتاكه رێز و مه‌زنایه‌تی و قودسییه‌تی خۆی پاراستووه‌و هه‌رده‌م له‌لایه‌ن ئه‌و لقه ئایینییانه‌وه ستایش ده‌كرێت”4″).
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:
( ره‌نگه ناوێكی دیكه‌ی یه‌زدانی-یه‌تیش “حه‌ق” بێت، كهبهواتای رۆحی ره‌ها دێت و هه‌ر ئه‌مه‌شه بۆته هۆی دابه‌ش بوونی به‌سه‌ر سێ به‌شی سه‌ره‌كیدا:
” ئێزیدی و عه‌له‌وی و یاریسانی “…..
یه‌زدانی-یه‌كان چ له‌ئێستاداو چ له‌ڕابردووشدا باوه‌ڕیان به‌تیشكی پیرۆز و حه‌وت فریشته‌كه هه‌بووه‌و ژماره حه‌وتیشیان به‌پیرۆز زانیوه‌و پێشیان وابووه له‌حه‌وت هێزی خراپه‌كار ده‌یانپارێزێت……….
یه‌زدانی-یه‌كان رۆح و ماتهریاڵا به‌شێوه‌یه‌ك له‌یه‌كدی جیاده‌كه‌نه‌وه، كه‌ئیدی رۆحی ره‌ها هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌دنیای ماته‌ریاڵه‌وه نامێنێت و پێوه‌شی خه‌ریك نابێت. “حه‌ق” یان رۆحی ره‌ها لای یه‌زدانی-یه‌كان وه‌ك ئافهریدهكار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و سه‌باره‌ت به‌حه‌وت ژماره پیرۆزه‌كه‌ش، پێیان وایه كهلهبهرپرسی گه‌وره‌ی فریشته‌كان و پێنج فریشته‌كه‌ی دیكه‌و رۆحی ره‌ها پێك دێت.
به‌رزترین پله‌ی ئایینیش لای یه‌زدانی-یه‌كان”باب”ه، كه‌له‌زمانی ئارامی كۆندا به‌واتای ده‌روازه دێت.
“میرزا عه‌لی محه‌مه‌د” له‌چه‌رخی نۆزده‌یه‌مدا ژیاوه‌و یه‌كێكه له‌و زاتانه‌ی كهگهیشتۆته پله‌ی باڵای”باب”و دواتریش رێبازی ئایینی “بابی یان به‌هایی” دامه‌زراندووه
كه‌دیاره هه‌ڵێنجراوی بیرۆكه‌ی ئایینی
“میترا”ییهكانه..به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌ناوچه‌كه‌دا بڵاو بۆته‌وه….
یه‌زدانی-یه‌كان چه‌شن و شێوه‌ی خواپه‌رستنیان، دوور له‌خه‌ڵكانی بێ باوه‌ڕ و غه‌یره دین، به‌شێوه‌یه‌كی په‌نهان و نهێنی به‌ڕێوه بردووه..به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا به‌حوكمی باوه‌ڕیان به”رۆحی ره‌ها”، رێبازه ئایینییه‌كانی تریشیان جوداو نامۆ نه‌بینیوه‌و پێیان وابووه كهپێغهمبهرهكان له‌لایه‌ن “رۆحی ره‌ها”ه‌وه، بۆ رزگاركردنی مرۆڤایه‌تی نێردراون. هه‌ر بۆیه به‌گیانێكی دۆستانه روانیوویانهته په‌یامی “مو‌سا و عیسا و محه‌مه‌د”و هه‌موو جۆره رێبازه ئایینییه‌كانی دیكه‌ش……….
شایانی باسه كهیهزدانی-یه‌كان سه‌باره‌ت به‌دروستبوونی دنیای ماتهریاڵا و قیامه‌ت ته‌واو هاوفیكری رێبازه ئایینییه‌كانی ترن و ئه‌وه‌ی به‌لاشیانه‌وه گرنگه رۆژی قیامه‌ته. هیچ كاتێك یه‌زدانی-یه‌كان ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌تیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره ئایینییه‌كانیان پێكه‌وه نه‌ناوه‌و ده‌سته‌وسان و به‌ئه‌ده‌به‌وه روانیویانه‌ته رێبازه ئایینییه‌كانی تر……………….
ده‌كرێت میتراییهكان، مهزدهكییهكان، هوڕهمییهكان، قهرامیتییهكان، به‌باڵی جیا جیای یه‌زدانی-یه‌كانی بده‌ینه قه‌ڵه‌م، سه‌رباری كاریگه‌رییان بۆ سه‌ر مانییهكان و ئیسماعیلییه‌كان و دورزییهكان بابی”به‌هاییه‌كان”و زه‌رده‌شتییه‌كان…….”5″)
له‌هه‌مان وتاردا ئاماژه‌یه‌كی گرنگیش به‌لایه‌نی سێكسی به‌كۆمه‌ڵ ده‌دات:
( به‌درێژایی مێژوو ئه‌م رێبازه ئایینییانه رووبه‌ڕووی زۆر تانه‌و ته‌شه‌ر و ره‌خنه‌ی خه‌ڵكانێك بوونه‌ته‌وه كه یه‌زدانی-یه‌كان و عه‌له‌وییه‌كان و مهزدهكییهكان و رێبازه ئایینییه‌كانی دیكه‌شیان، بهمومارهسهكردنی سێكسی به‌كۆمه‌ڵا تاوانباركردووه………….
ئه‌وه‌ی به‌لاشمه‌وه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌و جێی سه‌رسووڕمانه، ئاماژهكردنهكانی “هێنری راولنسۆن”و”ماكدۆناڵد كینهر”و”گ.ر.درایڤه‌ر”ه كه‌پێیان وابووه تا ساڵانی 1912-1923 كه‌شێكی سێكسی له‌و چه‌شنه به‌ڕێوه‌چووه‌و به‌درێژكراوه‌ی رێبازی “میتاو ئه‌ناهیتا”یان له‌قه‌ڵه‌م داوه..ئه‌و دوو رێبازه ئه‌ندامی سێكسییان په‌رستووه‌و ده‌چنه‌وه سه‌ر كولتووری”سێسۆستریس”.
“كینهر”یش، وه‌ك ده‌ڵێت و ئاماژه‌ی بۆ كردووه، گوایه خودی خۆی به‌شداری كه‌شێكی سێكسی له‌و چه‌شنه‌ی كردووه”6”).
مانی-ییه‌كان وه‌ك بنه‌مایه‌كی سۆفیستی
له‌نمونه پهرهگرافهكانی سه‌ره‌وه‌دا، ئاماژه‌دانی “میهرداد ئیزه‌دی” بۆ كاریگه‌ری یه‌زدانی-یه‌كان له‌سه‌ر مانی-یه‌كان، به‌جیا له‌وانه‌ی تری سه‌رنج راده‌كێشێت و به‌تایبه‌تیش مانی-یه‌كان وه‌ك یه‌زدانی-یه‌كان رووبه‌ڕووی هێرش و دژایه‌تی توندی زه‌رده‌شتی-یه‌كان بوونه‌ته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مانی-یه‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی زه‌رده‌شتییه‌كانه‌وه بانگه‌وازی زاهیدبوون و ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌دنیای ماددیان كردووه‌و سه‌رباری ئه‌وه‌ش وه‌ك زه‌رده‌شتییه‌كان به‌زوڵم و زۆری ده‌سه‌ڵاتداران قایل نه‌بوون.
مانی-ییه‌كان دژ به‌خواردنی گۆشت و خواردنه‌وه‌ی مه‌ی و رابواردنی سێكسی بوون و به‌ته‌وایی ره‌به‌ن بوون و هه‌رده‌م بانگه‌شه‌ی جڵه‌وكردنی شه‌هوه‌ت و دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌سه‌رجه‌م خراپه‌كارییه‌كان كردووه. وێڕای داواكردنی رۆژووگرتنی به‌رده‌وام و دژایه‌تی كردنی زوڵم و زۆر له‌هه‌ر شوێنێكدا بێت و بووبێت. هه‌ر بۆیه “به‌هرام”ی پاشای فارس كه‌وته دژایه‌تی كردنی شه‌خسی”مانی” و پێڕهولێكهرانی ئایینه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها مه‌سیحییه‌تیش دژایه‌تییه‌كی سه‌رسه‌ختی مانی-یه‌كانی ده‌كرد، زیاتریش له‌و روانگه‌یه‌وه بوو كهههرچهند مانی-یه‌كان مه‌سیحیان پێ نێردراوی یه‌زدان بوو، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا به‌مرۆڤ و به‌نده‌ی خوایان ده‌زانی و ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵا تێفكرین و دنیابینی ئایینی سێینه‌ی پیرۆزی مه‌سیحییه‌كان پێچه‌وانه دهكهوتهوهو نه‌ده‌گونجا.
گرنگی مانی-یه‌كان و جیابوونه‌وه‌ی ته‌واویان له‌زۆر ئایینی دیكه، به‌جدیه‌تی خوداپه‌رستی و ره‌به‌نی و خۆ مه‌حروم كردنی ته‌واویان له‌سه‌رجه‌م خۆشییه‌كانی دنیادا ده‌رده‌كه‌وێت. سه‌باره‌ت به مانی-یه‌كان و قووڵایی ئیمان و ته‌سه‌وفیان، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر كاریگه‌ری یه‌زدانی-یه‌كانیان له‌سه‌ر بێت، وه‌ك “میهرداد ئیزه‌دی” ئاماژه‌ی پێده‌دات, دیارترین نموونه‌ی كه‌سێكی باوه‌ڕداریان “روزبه-سه‌لمانی فارسی”یه، كه‌پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان”د.خ”، زۆری خۆشویستووه‌و له‌باره‌شیه‌وه زانراوه، كه‌هه‌رگیز ته‌نانه‌ت پێش موسڵمان بوونیشی تاڵیب به‌دنیای ماددی و له‌زه‌ته‌كانی نه‌بووه.. هه‌رگیز مه‌ی نه‌خواردۆته‌وه، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ئافره‌ت و دنیای شه‌هوانییه‌ت به‌دوور بووه‌و وه‌ك هه‌ر باوه‌ڕدارێكی مانی-یش گۆشت خۆر نه‌بووه‌و ده‌گێڕنه‌وه كهبهكهسێكی گۆشتخۆری گوتووه:
“سه‌یره، گۆشت گۆشت بخوات”.
ئیدی سه‌لمان هه‌رگیز خۆی په‌یوه‌ستی دنیای فانی نه‌كردووه‌و به‌ته‌واویی پاش ئیسلام بوونیشی هه‌موو سیفاته سۆفیستییه رهبهنییه دیاره‌كانی مانی-یه‌كانی تێدا به‌رجه‌سته‌بووه‌و هاوڕێیه‌كی نزیكی كه‌سانی وه‌ك:” عه‌لی كوڕی ئه‌بوو تاڵیب”و” ئه‌بی زهر ئه‌لغه‌فاری”و”حه‌زیفه كوڕی یه‌مان”و”عه‌مار كوڕی یاسر”بووه.
یه‌كێك له‌نموونه هه‌ره گرنگه‌كانی هه‌ڵوێستی واقیعییانه‌ی “سه‌لمانی فارسی”یش، له‌پاش بوونی به والی له”مه‌دائین”دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، هه‌موو مووچه‌ی ساڵانه‌ی كه‌پێنج هه‌زار درهه‌مێك ده‌بێت، ده‌داته فه‌قیر و هه‌ژاران و له‌بری ئه‌وه‌ش كهلهكۆشكی والی-یه‌تیدا بژی لهگچكه كۆختێكی له‌قامیش دروستكراودا ژیان ده‌باته سه‌ر و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حیساب بۆ پله‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی خۆی ناكات و هه‌روه‌ك جاران زاهیدانه‌و ساده‌و ساكارانه ژیان ده‌باته سه‌ر. ئه‌مه‌ش خه‌لیفه”عومه‌ری كوڕی خه‌تاب” تووڕه ده‌كات و نامه‌یه‌كی ئاگاداركردنه‌وه‌و سه‌ركۆنه‌كردنی بۆ ده‌نێرێت و “سه‌لمانی فارسی”یش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:
(……….
تۆ ده‌ڵێی من ده‌سه‌ڵاتی خوام لاواز و ونكردووه‌و خۆم كردۆته پردێك خه‌ڵكی مه‌دائین به‌سه‌رمدا بپهڕێنهوهو قورسایی خۆیان بده‌ن به‌سه‌رمداو به‌چه‌شنێك خۆم زهلیلكردووه، كه‌خه‌ڵكی مه‌دائین حیساب بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیمارهتهكهم نه‌كه‌ن. ئه‌وه بزانه ئه‌ی عومه‌ر، زه‌لیل بوون له‌ئاست تاعه‌ت و په‌رستنی خوا، لای من زۆر له‌شانازی كردن بهسهرپێچكردنی خوا خۆشتره…).
لێره‌دا نابێت ئه‌وه‌ش له‌یاد بكه‌ین كه‌خودی”مانی” له‌ساڵی 215ی-زایینی‌دا له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی “ئه‌شكانی” له‌سه‌ری باوكه‌وه‌و “كهمركانی”یش له‌سه‌ری دایكهوهو له”هه‌مه‌دان”ی پایته‌ختی هه‌رێمی “میدیا”دا هاتۆته دنیاوه‌و رێبازه ئایینییه‌كه‌ی وه‌ك زه‌رده‌شتی و مه‌زده‌كی و هه‌ندێك رێبازگه‌لی تر له‌زه‌ت په‌رست و خۆشی ویست نه‌بووه. هه‌ر بۆ نموونه به‌ئاشكرا مه‌زده‌كی-یه‌كان رابواردنی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵا هه‌مه چه‌شن و جۆری مێینه‌و خواردنی خۆشترین خواردن و خواردنه‌وه‌و به‌ده‌ست هێنانی شته دنیایهكانیان كردبووه پره‌نسیب و به‌عه‌مه‌لی پیاده‌یان ده‌كرد. پێشم وایه ئه‌گه‌ر به‌ته‌واویی ته‌ركیز بكرێته سه‌ر پره‌نسیبه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و فه‌لسه‌فییه‌كانی مهزدهكییهكان و لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌رحه‌ق بكرێت، پێوه‌ندییه‌كی به‌رچاو له‌نێوانی و له‌نێوان كۆمه‌ڵی هه‌قه-دا بدۆزرێته‌وه، به‌تایبه‌تیش له‌ڕوانگه‌ی مهشاعییهتی سێكس و ماڵ و موڵكه‌وه.. به‌مه‌ش له‌سه‌رجه‌م ئه‌و رێبازه ئایینییانه دوور ده‌كه‌ونه‌وه، كه‌هه‌وڵی پاكبوونه‌وه‌ی رۆحیی و فه‌نا بوون له‌رۆحی ره‌هادا ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تیش ئه‌و باڵانه‌ی كه‌زیاتر نغرۆی له‌زه‌ت و چێژبینینه كاتییه‌كانی دنیای ماددین!؟
هه‌ر له كتێبی ئایینی –ڤیدا-ه‌وه، كهبهئاینێكی دێرینی پێش نزیكه‌ی پێنج هه‌زار ساڵێك له‌مه‌و پێش و بگره زیاتری هیندییه‌كان ناسراوه، دژایه‌تی نه‌فسی بارگاوی به‌خراپه‌كاری و شه‌ڕانگێزی كراوه‌و جه‌خت كراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌دواجار و له‌دوا مه‌نزڵدا مرۆڤه‌كان به‌پێی كاره‌كانیان چاره‌نووسیان دیاری ده‌كرێت.
هه‌روه‌ك له‌فه‌لسه‌فه رۆحییه‌كانی وه‌ك یۆگا-شدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، هۆشیاری گه‌ردوونی به‌شێكی پیرۆز و ره‌هایه لهگهردوونداو بووه‌و ده‌شبێت، سه‌رچاوه‌ی سه‌رجه‌م باشهخوازی و زانست و زانیاری و جوانی-یه‌كه، دادپه‌ره‌وه‌ر و كامڵا و بێ نه‌نگییه‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌بڕاوه‌ی بێ سنوور و بێ كۆتایهو هیچ شتێكیش له‌بووندا ناكه‌وێته پێش ئه‌و و ئه‌و یه‌كه‌مین ده‌سه‌ڵاتدار و ئافهریدهكاره.
بۆیه هه‌ر كه‌سێك به‌گوێی داواكارییه‌كانی نه‌فسی خۆی بكات و جڵه‌و بۆ ئاره‌زووكانی شل بكات و وه‌دووی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی بكه‌وێت، ئه‌وه بوونی خۆی ون ده‌كات و له‌نووری ئه‌زه‌لیی و ئه‌به‌دیی ژیریی گه‌ردوونی دوور ده‌كه‌وێته‌وه. بۆیه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه-سالیك-ی رێگه‌ی گه‌یشتنه حه‌قیقه‌ت و جوانی و باڵابوون و حه‌قی ئیلاهین، پێویسته له‌ڕێی “مانترا-زیكر”ه‌وه خۆیان بگه‌یه‌ننه حاڵه‌تی “سهمادهی-فه‌نابوون”هوهوجێگهی باسه پله‌ی ئیمانی باوه‌ڕداریش به‌سێ قۆناغدا تێپه‌ڕده‌بێت: “یه‌كه‌میان”علم الیقین”هو دووه‌میان”عین الیقین”هو سێیه‌میشیان “حق الیقین”ه”، ئیدی له‌و میانه‌وه كه‌سی باوه‌ڕدار به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌فه‌رمانه‌كانی ئافهریدهكار لانادات و له‌لایه‌ن پهروهردگاریشهوه كه‌م و زۆر ده‌بێته خاوه‌ن هێزی نائاسایی و به‌مه‌ش له‌كه‌سه ئاساییه‌كان به‌ته‌واوی جیا ده‌بێته‌وه. ئه‌مه له‌كاتێكدا به‌رانبه‌ر به‌مه فریوده‌ری كه‌ونی هه‌یه، كه‌له‌لایه‌ن ئافهریدهكارهوه رێ پێدراوه بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی مرۆڤ و ده‌بێت خودی مرۆڤ بۆ خۆی هوشیار بێت و ته‌سلیم به‌و فریوده‌ره كه‌ونییه نه‌بێت و جڵه‌وی نه‌فس و شه‌هه‌وات و حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی بگرێت.
ئه‌مه هاوكێشه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی پاكبوونه‌وه‌و بگره‌و به‌رده‌ی مابه‌ینی باوه‌ڕ و بێ بڕواییهو وه‌ك بینیمان له‌خودی دنیابینی فه‌لسه‌فه‌ییانه‌ی یۆگا-شدا هه‌یه. باشه تۆ بڵێی “كۆمه‌ڵی هه‌قه” دوور و نزیك هه‌وڵێكیان بۆ پاكبوونه‌وه‌ی رۆحی خۆیان دابێت، تا ببنه درێژكراوه‌ی رێبازێكی میستیكی و سۆفیستی و به‌تایبه‌تیش”نه‌قشبه‌ندی وه‌ك ئیدیعای ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر ته‌نها حیسابیان بۆ دنیا‌و بوونی فیزیكی و ماته‌ریاڵی خۆیان كردبێت و له‌هه‌وڵی تێركردنی غهریزهكانیاندا بووبێتن و هێنده‌ی یۆگی-یه‌ك بیریان له‌بوون و گه‌ردوون و ئافهریدهكار نه‌كردبێته‌وه و وه‌ك له‌به‌سه‌رهات و درێژه‌ی رووداوه‌كاندا دهكهوێتهڕوو، ئه‌ی له‌كوێدا بهسۆفیزم و بۆچوونه قووڵه رۆحییه‌كان ده‌گه‌نه‌وه، یان له‌كوێدا ده‌بنه‌وه بهتهریقهتێكی ئیماندار و زۆر پرسیاری دیكه‌ی تر كهههقه سه‌باره‌ت به”هه‌قه” مه‌تره‌ح بن؟!
هه‌قه-كان ؟!
به‌پێی گێڕانه‌وه مێژووییه‌كان و ئاماژه پێدانی ئه‌م و ئه‌و سه‌رچاوه، ئاسته‌مه له‌ڕوانگه‌یه‌كی ئایینی رههاو به‌تایبه‌تیش وه‌ك خاوه‌ن تهریقهتێكی جدیانه‌ی سۆفیستی و زاهیدێتی تێ‌یان بڕوانین؟!
چونكه به‌ته‌واویی ئه‌وه‌ی ئه‌وان كردوویانه، پێناچێت شه‌ته‌حات و ته‌جاوزات و خوروقاتی حاڵگرتن و “مه‌ستبوون-سهكهر”ی سۆفیستانه بێت!؟
جێگه‌ی باسه ئه‌وه بهێنینه‌وه یاد خۆمان، ئێمه كاتێك باس لهرێبازێكی ئایینی جدی ده‌كه‌ین, بۆ نموونه وه‌ك رێبازی ئایینی ئێزیدی، باس لهئایینێكی حه‌قیقی پڕ له‌ئیمان و باوه‌ڕی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك ده‌كه‌ین، ئیتر چه‌ند جیاواز و دوور بن لهئایینهكانی تر، جدی بوونێك له‌ناوه‌ڕۆكی ئایینه‌كه‌یاندا هه‌یه كه‌ناكرێت نكووڵی لێبكرێت، چ وه‌ك باوه‌ڕ و ئیمان و چ وه‌ك مه‌وجودییه‌تی ئیتنیكی و كهڵچهریی و فه‌رهه‌نگی و تاد..
هه‌ر ئه‌مه‌شه وای لهگهڕیدهیهكی ناوداری موسڵمانی وه‌ك”ئیبن به‌تووته” كردووه، كهبهڕێزهوه لهگهشتنامهكهیدا ئاماژه به‌جوامێری و میوان په‌روه‌ری شێخێكی ئێزیدی خه‌ڵكی”شه‌نگال” بدات و منه‌تباری خۆی ده‌رحه‌ق به‌هه‌ڵوێستی جوانی ئه‌و ده‌ربڕێت.
بۆیه لێره‌دا حه‌قه بپرسین، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌حه‌قه-كان ده‌گوترێت گشتی درۆ و بووختان بێت، ئه‌ی بۆ ده‌بێت به‌درێژایی مێژوو، بوختانی ئاوا بۆ نموونه بۆ ئێزیدییان ههڵنهبهسترابێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی نه‌ك هه‌ر كوردانی موسڵمان كه كوردانی ئێزیدییان خۆش ویستووه، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می حوكمی ئیسلام-یشدا، پێناچێت پێوه‌ندییه‌كی زۆر نائاسایی هه‌بووبێت و لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانین چه‌ند په‌ره‌گرافێكی كتێبی-كورده‌كان-ی “میهرداد. ئیزه‌دی”
به‌نموونه بهێنینه‌وه:
( كاتێك -سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی- ئه‌نتاكیای داگیركرد، زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی و تا زنجیره چیاكانی ئامانۆس-یش، ئێزیدی بوون و له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئێزیدییه‌كان توانییان، كورده غه‌یره موسڵمان و مه‌سیحییه‌كان بكه‌نه‌وه به‌ئێزیدی و پاشان به‌سه‌ر زۆر ناوچه‌ی وه‌ك”ورمێ”و”سیواس”و”كه‌ركوك”دا بڵاوبوونه‌وه‌و له‌چه‌رخی”سیازده و چوارده”دا توانییان هێزێكی سیاسی و عه‌سكه‌ری پێكه‌وه بنێن و ماوه‌یه‌ك له‌ناوچه‌ی “جیزره-جزره” حوكم بكه‌ن و شایانی باسیشه له‌و ده‌مه‌دا میری ناوچه‌ی “شام” ئێزیدی بووه.
له‌ساڵی 1297دا “زه‌ینه‌دین یوسف” كهواعیزێكی ئێزیدی بووه، توانیویه‌تی زۆر كۆمه‌ڵه‌ی سه‌ر بهئێزیدییان له‌شام و قاهیره-دا دابمه‌زرێنێت.. ناوبراو له‌قاهیره-دا كۆچی كردووه‌و هێشتاكه گۆڕه‌كه‌ی له‌وێدایه).
ئاشكرایه هه‌ر به‌دواداچوویه‌كی ژیان و سه‌رگوزشته‌ی ئه‌و زاته، باش ئه‌وه ده‌زانێت، كه”سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی” پاش نه‌خۆش كه‌وتنێكی سه‌خت كهدهیگهیهنێته لێواری مه‌رگ و پاش بینینی خه‌ونێك به‌وه‌ی كه‌خودای به‌خشنده‌و میهره‌بان ئه‌و ده‌مه له‌گوناهه‌كانی خۆش ده‌بێت، كه”قودس” رزگار بكات، ئیدی به‌شێكی موعجیزه‌ی ئازایه‌تی ئه‌و زاته له‌و باوه‌ڕه ئایینییه قووڵه‌یه‌وه هه‌ڵقووڵاوه. باشه كه‌واته چ شتێك هه‌یه “سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی” بێده‌نگ بكات به‌رانبه‌ر به‌ئازادی هه‌ڵسووڕانی ئێزیدییان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینی‌یان، له‌كاتێكدا ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌كی زۆر ده‌ستڕۆیشتوو و به‌توانای ئه‌و ده‌می موسڵمانان بووه؟!
پێشم وایه وه‌ڵامه‌كه‌ی زۆر ئاسان و ئاشكرایه‌و پێویستی به‌هیچ خۆ ماندووكردنێك نییه‌و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت كوردانی موسڵمان، كوردانی ئێزیدی و كاكه‌یی و ئه‌وانه‌ی تریشیان خۆشگه‌ره‌ك بووه. كه‌واته دیاره رك و كینه‌ی به‌شێكی به‌رچاوی موسڵمانه كورده‌كانی ئه‌و ده‌م ده‌رحه‌ق به-هه‌قه-كان، ته‌نها له‌جیاوازییه ئایینییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌دنیای هاوبه‌شییانه‌ی سۆسیۆ-ئیكۆنۆمیكی هه‌قه‌كان باس ده‌كرێت و زۆر كه‌سی پێخۆشباوهڕ و گه‌شبین بووه… له‌ڕوویه‌كی تریشه‌وه پێناچێت به‌ته‌واویی وابووبێت و زۆر شت هه‌ر لهچاوبهستهگی چووه‌و له‌پشت هه‌موو ئه‌و یه‌كسانی و برایه‌تی و مرۆڤ دۆستییه سهرزارهكییهوه، نكووڵی له‌بوونی كارێزمای شێخ و ده‌سته‌و تاقمێكی خۆسه‌پێن ناكرێت؟!.
لێكچوونی هه‌قه-كان و ئه‌وانی تر؟
له‌كتێبی “كۆمه‌ڵی هه‌قه”، له‌سه‌ر زاری “شاكر فه‌تاح”،ل179-181دا هاتووه:
( هه‌قه‌كان: خۆپه‌رستان و پوول په‌رستان هێنده ده‌ستكاری ئایینی پاكی ئیسلامیان كرد‌و بۆ كه‌ڵكی ناپوخته‌ی خۆیان، ئه‌م كورده‌وارییه به‌سه‌زمانه‌یان چهواشهكردو به‌هه‌موو جۆره فڕوفێڵێك رووتاندویانهتهوه، دواییه‌كه‌ی ئه‌م ته‌كیه‌و خانه‌قاو پرچ و ریش و تهپڵا و ده‌ف و به‌شیر سه‌ربڕین و شاپڵیته خواردن و شێخ و خه‌لیفه‌و ده‌روێش و مریدهیان په‌یداكردو رێڕه‌وی نه‌قشبه‌ندییان گۆڕی و خستیانه شێوه‌ی “رێڕه‌وی هه‌قه”، وه “رێڕه‌وی هه‌قه”یش كهتڵپهی “رێڕه‌وی نه‌قشبه‌ندیی”یه، ئه‌گه‌ر هیچی لێ نه‌ڵێین، كه‌بووه‌ته هۆی بێ كار و فرمانی و گێژ و وێژیی و نه‌زانی، له‌به‌ر ئه‌وه یه‌كێكه له‌دوژمنه‌كانی گه‌لی “كورد نه‌ژاد”.
له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته به‌هه‌موو هێزێكمانهوه كۆشش و خه‌بات بكه‌ین، ئه‌مانه‌ی بوون به‌هه‌قه بیانخه‌ینه‌وه سه‌ر ئایینه پاكه‌كه‌ی ئیسلام. وه‌ك بۆمان ده‌ركه‌وتووه”رێڕه‌وی هه‌قه” كه‌به‌م جۆره به‌نهێنی گیراوه‌و شاراوه‌ته‌وه‌و لهههقهكان به‌ولاوه ناهێڵن كه‌س تێی بگات، چووه‌ته‌وه سه‌ر رێڕه‌وی “ئیسماعیلییه‌كان” كه‌هه‌ر چییه‌ك خۆشی پێ گهیاندبێتن، لایان ره‌وا بووه! شێخه‌كانیان به‌هه‌شت و دۆزه‌خیان بۆ دانابوون، له‌پێشه‌وه به‌نگ و تریاكیان داوه به‌ده‌روێش و مریدهكانیان تا بێهۆشیان كردوون، ئینجا هه‌ر فرمانێكیان ئاره‌زوو بووه، پێیان سپاردوون و ده‌روێشه‌كان بهكارتێكردنی ئه‌و بێهۆش داڕووانه، ده‌ست به‌جێ فرمانه‌كانیان بۆ جێبه‌جێ كردوون. زانست وا پیشان ده‌دات ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ده‌رمانانه‌ی بدرێتێ، هه‌رچی پێی بڵێیت به‌قسه‌ت ده‌كات، با زیان و نه‌مانی خۆیشی تێدا بێت، چونكه به‌ته‌نیشت ئه‌و ده‌رمانانه‌وه، هۆش و خواستی مرۆڤ كز ده‌بێ، ده‌توانرێ به‌هۆی نوواندنی موگناتیسییه‌وه یاخود چاو به‌سته‌وه، كار له‌وانه بكرێ، هه‌ر كارێكیان پێ بسپێررێ پێیان رابپهڕێنرێ، پاشان كه‌هاتنه‌وه هۆشی خۆیان، هه‌ر چییهكییان پێ وتراوه‌و پیشان دراوه، له‌بیریان ده‌چێته‌وه. ئێمه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ركه‌وتووه كهههقهكانی ئێمه له‌لایه‌ن شێخهكانیانهوه له‌هه‌موو كۆبوونه‌وه‌یه‌كیاندا ئه‌وه‌یان ده‌رخوارد ده‌درێت، بێجگه له‌ئه‌وه وه‌ك چاومان پێ ده‌كه‌وێت زۆر لهههقهكان چاویان هه‌موو ده‌م ئه‌بڵه‌ق و كزه!
زۆریشیان كز و بێهێز و سستن. له‌ده‌نگی به‌رز دادهچڵكێن، ئه‌مانه هه‌موویان نیشانه‌ی خواردنی بێ هۆشدار یاخود ده‌رمانانی بیهۆشكردنن-كۆمه‌ڵه رۆژنامه‌ی چه‌مچه‌ماڵا، چاپخانه‌ی الحوادپ، به‌غدا، 1983،ژماره 7ل101-103).
له‌م خستهڕووهدا پێش هه‌موو شتێك شوبهاندنیان به”ئیسماعیلییه‌كان” سه‌رنجمان راده‌كێشێت، جا ئه‌مه چه‌ند رووكه‌شیانه وایه، یان وانییه، ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی تره‌و ئه‌وه‌ی گرنگه‌و زۆر پێویسته بێ سێ و دوو ئاماژه‌ی پێ بده‌ین، ئه‌وه‌یه كه‌له‌ڕووی باوه‌ڕ و دنیابینییه‌وه ئیسماعیلییه‌كان هه‌میشه بڕوایان وابووه كه‌هه‌ر ده‌بێت “ئیمام”ێك له‌دنیادا چ به‌ئاشكرایی یان په‌نهانی هه‌بێت. لای ئه‌وان ئافهریدهكار دروستكه‌ر و كۆكه‌ره‌وه‌و دادوه‌ری دوو دژه‌و سه‌لماندنی بوونیشی په‌یوه‌سته بههاوبهشێتی خۆیی و زاتی بوونه‌وه‌ران، ئه‌مه جگه لهگرنگێتی حه‌وته‌وانه‌ی شته‌كان، وه‌ك حه‌وت ئیمام وحه‌وت ته‌به‌قه‌ی ئاسمان و حه‌وت گه‌ڕۆك و حه‌وت رۆژی هه‌فته‌و تاد..
ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه‌پێی ده‌ناسرێنه‌وه له‌ڕووی فیكریی و شیفرهبازییانهوه، رۆچوونی قووڵیانه بۆ نێو دنیای ژماره‌كان و هه‌وڵدانی ته‌واویانه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئایه‌ته‌كانی قورئان، له‌میانی كۆكردنه‌وه‌و دابهشكردنیانهوه له‌ڕووی ژماره‌ییه‌وه، تا ده‌گه‌نه ئه‌و ژمارانه‌ی كهواتاو ده‌لاله‌تی قووڵیان هه‌یه‌و ده‌كرێت ئێستا‌و ئایندهی پێ بخوێنرێته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاویش خودی موعجیزه‌ی ئیلاهی لهژمارهكاندا ده‌بیننه‌وه و ته‌نانه‌ت زۆر به‌ئاسانیش هه‌ست به‌كاریگه‌ری بیروبۆچوونی فیساگۆرسییه‌كان ده‌كرێت له‌سه‌ریان كه‌پێیان وابووه، هاوشێوه‌بوون له‌نێوان وێنه‌ی ژماره‌كان و وێنه‌ی شته‌كاندا هه‌یه، دیاره لێره‌دا ئاسته‌مه ورد‌و درشتی دنیابینی فه‌لسه‌فییانه‌ی ئیسماعیلییه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو، ته‌نها مه‌به‌ستێكمان له‌و ئاماژهپێدانانهدا روونكردنه‌وه‌ی قووڵی دنیا بینی فه‌لسه‌فییانه‌ی ئیسماعیلییه‌كان-ه كه‌ناكرێت به‌هیچ كلۆجێك له‌و رووه‌وه به-هه‌قه-كانیان بشووبهێنین.
كاتێك به‌درێژكراوه‌ی نهقشبهندییهكانیش دهردێنه قه‌ڵه‌م، ده‌كه‌وینه هه‌ڵه‌یه‌كی قووڵه‌وه، چ وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌قشبه‌ندییه‌كان له‌گوته‌ی:
“خودایه تۆ مه‌قسه‌دو رازی بوونیشت مهتڵهبمانه”ی “ئه‌بوبه‌كری سدیق”ه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن و زۆر به‌قووڵی دنیابینی فه‌لسه‌فییان له‌ئه‌ده‌بیات و گوتار و زیكرهكانیاندا وه‌ده‌ر ده‌كه‌وێت و وه‌ك خۆیان پێیان وایه هه‌ڵگری سلووك و ره‌وشتی عیبادئهلرهحمان و ملكهچانی رێگه‌ی حه‌قن، ئیدی دواتر ده‌گه‌نه كوێ و چه‌ند ئه‌وه‌ی كه‌ده‌یكه‌ن له‌گه‌ڵا رێ و ره‌سمه شه‌رعییه‌كانی ئایین، یان ئایه‌ته‌كانی قورئاندا دێنه‌وه، ئه‌وه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌كی تره..به‌ڵام به‌ئاشكراو له‌ڕوو و بێ هیچ پهردهپۆشییهك، حهلهقاتی زیكریان و زیاتریش پاش نوێژی عه‌سران، له‌زۆر رۆژانی هه‌فته‌دا و له‌نێو مزگه‌وته‌كاندا به‌ڕێوه ده‌چێت و هیچ شتێكی به‌رچاوی دژه په‌رستن و زیكری خودای تێدا نییه، تا ده‌رئه‌نجام بزووتنه‌وه‌یه‌كی وه‌ك هه‌قه-كانی لێ بكه‌وێته‌وه!؟ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی نه‌قشبه‌ندییه‌كان خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی تایبه‌ت بهتهریقهتهكهی خۆیانن و زۆر به‌وردی و زیره‌كانه ته‌ریقه‌ته‌كه‌یان ده‌به‌نه‌وه نێو قووڵاییه‌كانی ئایینی ئیسلام، چه‌ندین ئایه‌ت و گوته‌ی پێغه‌مبه‌ریش”د.خ” ده‌كه‌نه پاڵپشتی دنیابینییان.
وه‌ك زانراویشه ئیدامه‌دان به‌په‌رستنی خودا‌و لانه‌دان و پاشگه‌ز نه‌بوونه‌وه، بۆ ئه‌وه‌یه وه‌ك لهقورئاندا هاتووه:
( واعبد ربك حتی یاتیك الیقین99الحجر).
هه‌ر ئه‌مه‌شه وا له”سالیك”ی رێچكه سۆفیستییهكان ده‌كات، كه‌جیاواز لهموسڵمانێكی ئاسایی خه‌ریكی خوداپه‌رستی بێت. شایانی باسیشه، ده‌كرێت كه‌سێك موسڵمان بێت و هه‌موو فه‌رز و سونه‌ته‌كانی ئایینیش جێ به‌جێ بكات، به‌ڵام مه‌رج نییه ئیماندار بێت؟!.
هه‌ر وه‌ك لهقورئاندا ده‌فه‌رمووێت:
( قل لم تومنوا ولكن قولوا اسلمنا).
بۆیه وه‌ك زانراوه هه‌وڵا و تێكۆشانی زاهید و ره‌به‌ن و سۆفی و مورید و سالیك و هاوچه‌شنه‌كانی بۆ گه‌یشتنه یه‌قین و به‌ده‌ست هێنانی چیتر زیاتری ئیمانه، نه‌ك له‌ده‌ست دان و دووركه‌وتنه‌وه لێی، جا رێگه‌ی ئه‌مه‌ش له‌نوێژ رۆژو و عیباده‌تی زیاد و زۆری ئه‌و كه‌سانه‌وه مه‌یسه‌ر ده‌بێت، كه‌هه‌میشه بۆته مایه‌ی ئیعجابی دینداری ئاسایی و ته‌نانه‌ت زۆرجارانیش واق وڕمانیان، له‌توانای رۆژوو گرتنی نیمچه به‌رده‌وام و نوێژی زۆر و زیكركردنی بێكۆتای ئه‌و كه‌سانه، سه‌رباری خۆ مه‌حروم كردنیان نه‌ك هه‌ر له‌شته حه‌رامه‌كان، به‌ڵكو زۆرجار له‌شته ڕێگه پێدراو و حهڵاڵهكانیش ؟!
له‌لاپه‌ڕه 178-ی كتێبی كۆمه‌ڵی هه‌قه-دا له‌سه‌ر زاری “ئیدمۆنز” هاتووه:
( ئه‌م ته‌ریقه‌ته نهێنییه گه‌لێك رێوشوێنی ئایینی پێشێل كردبوو: سۆفییان بینیوه تا سه‌ر سه‌ری ناوه‌ته پیسایی ئاژه‌ڵه‌وه‌و زیكری خوای كردووه، شێوه‌یه‌ك لهموڵكدارێتی گشتییان هه‌بووه، له‌وانه : موڵكدارێتی گشتی به‌سه‌ر ژناندا. گروپی تێكه‌ڵاوی ژن و پیاویان به‌یه‌كه‌وه بینیوه، پیاویان بینیوه كه‌به‌رگی ژنانه‌ی له‌به‌ردابووه‌و زێڕ و زیوی به‌خۆوه كردووه‌و دوای خۆرئاوابوون له‌ده‌وری ته‌پۆڵكه‌كانی نزیك دێ، خولاوه‌ته‌وه. له‌كاتێكدا كه‌ژن و پیاو له‌حه‌وزی مزگه‌وتدا به‌یه‌كه‌وه مه‌له‌یان كردووه، هه‌ندێك جار له‌گه‌ڵا خۆیاندا سه‌گیشیان بردووه‌ته ناو ئاوه‌كه‌وه- كه‌دیاره له‌ڕوانگه‌ی موسڵمانانه‌وه‌و به‌پێی مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی، سه‌گی ته‌ڕ حه‌رامه- قاپ و جامی پڕ له‌میزیان به‌ده‌ست گێڕاوه. دوای هێرشی تاقمێك له‌سۆفی حاڵگرتوو بۆ سه‌ر مزگه‌وتی سه‌رگه‌ڵو و سووتاندنی لاپه‌ڕه‌یه‌كی قورئان……).
زۆر سه‌یره هه‌موو ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه”ئیدمۆنز” له‌باره‌ی هه‌قه-كانه‌وه ده‌یخاته‌ڕوو، كۆكراوه‌ی كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی تاڕاده‌یه‌ك دوورن له‌واقیعی كوردییه‌وه‌و ئه‌وه‌ی كهلهبوونی گه‌لێك كۆنی سه‌ماكردنی پیاوان به‌جلی ژنانه‌وه دڵنیامان ده‌كات، بوونی واقیعیانه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌یه واته سه‌ماكردنی پیاوان به‌جلی ژنانه‌وه، له‌هه‌ندێك ناوچه‌ی “ده‌ریای ره‌ش-قه‌ره‌ده‌نیز”دا، به‌تایبه‌تیش دانیشتووانی شاری”قه‌سته‌موونوو”، ئیدی له‌ئاهه‌نگ و بۆنه‌كاندا پیاوانی سهماكهریان به‌جلی ژنانه‌وه‌و هاوشێوه‌ی سه‌مای ناسراو به‌سه‌مای رۆژهه‌ڵاتی.. ده‌كه‌ونه سمت بادان و سنگ هه‌ڵپه‌ڕاندن و نوشتانه‌وه‌و خۆ خستنه باوه‌شی ئه‌م و ئه‌وه‌وه..شایانی باسیشه ئه‌م جۆره سه‌مایه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته نێو دنیای سه‌مای به‌ناو سۆفیستییه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ماكه‌ره‌كانی ته‌ریقه‌تی مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رۆمی ده‌یكه‌ن، كه‌سه‌رباری نه‌شیاوبوونی له‌ڕووی شه‌رعی بوون و جدیه‌تی خواپه‌رستن له‌ئایینی ئیسلامدا، به‌ڵام هه‌ر هیچ نه‌بێت، هونه‌ری بوونێكی ته‌واو لهسهماكانیاندا هه‌یه‌و تا بڵێی جدین لهئهنجامدانیداو ته‌نها كارێكیشیان هه‌ڵسووڕان و هه‌ڵسووڕانی به‌رده‌وامه له‌نێو كه‌شێكی رۆحی و ئارامییه‌كی قووڵدا.
گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئاماژهپێدانهكهی”ئیدمۆنز” ده‌بێت زۆر پرسیار سه‌باره‌ت به‌و سه‌مایه بكه‌ین و بزانین چه‌ند پێوه‌ندی به‌رێبازی هه‌قه-كانه‌وه هه‌یه، یان ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی پێوه نه‌بێت، بۆ كراوه‌و چ كوردێك هه‌یه لههۆشمهندییهكی تهواوداو له‌و زه‌مه‌ن و مه‌كانه‌ی ئه‌و ده‌مه‌دا توانیبێتی كارێكی وا ئه‌نجام بدات، تۆ بڵێی ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌نجام دابێت، سه‌رخۆش بووبێت؟! یان وه‌ك “شاكیر فه‌تاح” ئاماژه‌ی پێده‌دات مادده‌ی بێهۆشكه‌ری پێ درابێت؟! مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه به‌تاك یان به‌كۆمه‌ڵا پێیان درابێت و ئیتر هه‌یان بێت به‌قاپ میزی گێڕابێت و هه‌شیان بێت شتی دیكه‌ی ئه‌نجام دابێت، جا سه‌یریش له‌وه‌دایه میزگێڕانیش به‌قاپ و به‌كارهێنانی، به‌سه‌رهاتێكی تره‌و له‌لایه‌ن ئه‌نجامده‌رانی سیحر و ساحیرانه‌وه به‌كار دێت، وه‌ك به‌تاڵكردنه‌وه‌ی خودی سیحر به‌میز و ئه‌ویش بهمیزكردنه به‌ر ده‌ركه‌و زۆر شتی قۆڕو بێمانای نێو كتێبه‌كانی سیحر و ته‌لسم و تهعویزهكان و هاوچه‌شنه‌كانی..ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وه‌ك خۆم، زۆر به‌گوومانه‌وه ده‌ڕوانمه ئه‌و دێڕه‌ی “ئه‌دمۆنز”:
“قاپ و جامی پڕ له‌میزیان به‌ده‌ست گێڕاوه”.
یان ده‌ڵێت:
“هه‌ندێ جار له‌گه‌ڵا خۆیاندا سه‌گیشیان بردووه‌ته ناو ئاوه‌كه‌وه-كه‌دیاره له‌ڕوانگه‌ی موسڵمانانه‌وه و به‌پێی مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی سه‌گی ته‌ڕ حه‌رامه-“.
ئه‌م دێڕه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی دێڕه‌كه‌ی پێشووتر و بگره زیاتریش گومانم لا دروست ده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی چاپ نه‌بێت، چۆن ده‌بێت –ئه‌دمۆنز- نه‌یزانیبێت، زۆرینه‌ی كورد شافیعی-یه نه‌ك حه‌نه‌فی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه وه‌ك زۆر بیانی لێی تێگه‌یشتووه، شافیعییه‌كان و به‌تایبه‌تیش كورده‌كانن وه‌ك باس ده‌كرێن، سه‌گیان پێ گڵاوه‌و هه‌ر تهماسێكیان له‌گه‌ڵی هه‌بێت، بهقووڕه سوور پاكژی ده‌كه‌نه‌وه‌و ئیدی به‌قه‌ناعه‌تی ئه‌وان گڵاوییهكهی نامێنێت.
شایانی باسیشه توركه سوونییه‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی كورده‌وه حه‌نه‌فی-ین، باشه تۆ بڵێی كوردی ئه‌و ناوچه‌یه حه‌نه‌فی مه‌زهه‌ب بن؟!!
یان به‌پێی لێكچوونی سه‌مای ئه‌وان و “توركه قهرهدهنیزییهكانی قه‌سته‌موونوو” هه‌ر بهڕهچهڵهكیش تورك بن؟!!
هه‌رچه‌ند هیچ پێناچێت و تائێستاش ئاماژهپێدانێكی له‌و چه‌شنه‌م نه‌كه‌وتۆته به‌رچاو.
به‌ڵام هه‌ندێك نمونه‌ی مێژوویی هه‌ن، وه‌ك
“میهرداد.ئیزه‌دی” له‌كتێبی “كورده‌كان”دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، گوایه روویداوه‌و به‌درێژایی مێژوو و لێره و له‌وێ هه‌ندێك كۆمه‌ڵا و عه‌شره‌تی كورد بێ هیچ زه‌بر و زۆرێك و له‌هه‌لومه‌رجه مێژووییه تایبه‌ته‌كاندا، بۆ نموونه بووبێتنه ئازه‌ری و تورك و فارس و تاد..هه‌ر وه‌ك چۆن باسیش له زۆر عه‌شره‌تی غه‌یره كورد ده‌كات هه‌ر بۆ نموونه له‌تورك و فارس و تاد.. كه له‌ڕۆژگارێكدا بوونه‌ته كورد، جا ئه‌مه وابووه یان نه‌بووه، ئه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌و ساغكردنه‌وه‌ی قووڵی گه‌ره‌كه، به‌ڵام یه‌كێك له‌نموونه‌كانی عه‌شیره‌تی سندی-یه كه‌گوایه باو و باپیرانیان لهسند-ه‌وه هاتوون و پاش نیشته‌جێ بوونیان له‌كوردستاندا، بوونه‌ته كورد؟!
ئیدی گۆڕانكاری ئیتنیكی له‌سه‌رده‌مانێكدا چۆن بووبێت ، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا، هیچ نكووڵی له‌سیاسه‌تی به‌تورككردنی به‌رده‌وامی ده‌وڵه‌ت ناكرێت، كه‌به‌درێژایی مێژوو له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندا پیاده‌یان كردووه.. ئه‌مه بێجگه له‌هات و چۆی كۆچه‌رییه‌كانی تورك بهكوردستانداو سه‌رباری نیشته‌جێ بوون و تێكه‌ڵبوونیان، ئه‌وه‌ی ئه‌م بیربۆچوونانهش پشت راستده‌كاته‌وه، واته تێكه‌ڵبوونی دوو سه‌ره‌ی چ كورد له‌گه‌ڵا تورك، چ تورك له‌گه‌ڵا كورد، وتارێكی “داڤید مێكداڵ-ه به‌ناوی -كورده عه‌له‌وییه‌كان-7-” كه‌لێره‌دا چه‌ند په‌ره‌گرافێكی به‌نموونه ده‌هێنینه‌وه، یه‌كه‌م په‌ره‌گرافیشیان تایبه‌ته به‌و چه‌شنه تێكه‌ڵ بوونه‌و ئه‌وانه‌ی تریش ره‌نگه هه‌ندێك نموونه‌و دیارده‌ی تری به‌راوردكاری گرنگمان وه‌بیر بێنێته‌وه:
(1-كۆمه‌ڵێك له‌توركه عه‌له‌وییه‌كانیش هه‌ن كه ددان به‌شوناسنامه‌ی كوردیدا ده‌نێن و هه‌ندێكیشیان به‌ر له‌چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئاوێزانی كولتووری كوردی بوون.
لهسهردهمانێكیشدا هه‌ندێك له‌كورده سونییه كۆچه‌رییه‌كان تێكه‌ڵا بهتوركمهنه عه‌له‌وییه‌كان بوون و ئیدی كورده‌كان سیستمی باوه‌ڕی ئایینی عه‌له‌وییه‌كانیان وه‌رگرتووه‌و توركمهنهكانیش كولتووری كوردیان له‌خۆ گرتووه‌و ته‌نانه‌ت زۆرێك لهتوركهكانی تریش تازهمهنێكی نزیكیش, دژ بهپۆلێنكردن و ره‌فزكردنی جوداخوازانه بوون و وه‌ك سیمبۆلیش شوناسنه‌مه‌ی كوردیان قبووڵكردوووه.
2- عه‌له‌وی زۆر جار و به‌واتایه‌كی گشتی وه‌ك ده‌لاله‌ت له‌شیعه‌و پانتاییه‌كی به‌رفراوانی باوه‌ڕی ده‌روێشانه ده‌خرێته‌ڕوو.
به‌ڵام زیاتر وه‌ك تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌بیرۆكه‌ی شیعییه‌ت و مازده‌یزمی فارسی و مه‌سیحییه‌ت, له‌سه‌ره‌تای چه‌رخی شانزه‌یه‌م و پێش سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان, له‌خۆرهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵداو له‌نێو خێڵه توركمه‌ن و كورده‌كاندا جێی خۆی كرده‌وه.. كه بیروباوه‌ڕه‌كانی نێوه‌ڕاستی ئاسیاش له‌خۆ ده‌گرێت.
ئه‌م عه‌له‌وییانه‌ی كه “قزڵا باش”یشیان پێده‌گوترا(به‌هۆی ئه‌و سه‌روپێچه سوورانه‌ی كهلهسهریان ده‌به‌ست), له‌ته‌ك ئیمپراتۆریه‌تی “فارسی-شیعه” دژ بهعوسمانییهكان جه‌نگاون, به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 1514دا عوسمانییه‌كان توانیان هێزه ئێرانییه‌كان لهئهنادۆڵا وه‌ده‌ربنێن, به‌تۆبزی زێد و خاكی نیشته‌جێبوونی عه‌له‌وییه‌كان خراوه‌ته پاڵا خاكی عوسمانییه‌كان.
3- عه‌له‌وییه‌كان پێنج مه‌رجه‌كه‌ی ئیسلامیان پشت گوێ خستووه: شه‌هاده‌ت و نوێژی پێنج فه‌رزه‌و زه‌كات و رۆژوو و چوونه حه‌ج.
به‌پێی باوه‌ڕی سونییه‌كانیش خراپترین خاڵی سنووربه‌زاندنی عه‌له‌وییه‌كان, له‌ده‌ست نوێژنه‌گرتنی پێش دوعاكردنیاندا به‌رجه‌سته ده‌بێت.
4- عه‌له‌وییه‌كان گرنگی به‌دار و دره‌خت-یش ده‌ده‌ن, به‌تایبه‌تیش دار و دره‌ختی نزیك گۆڕی پیاوچاكان, هه‌ر بۆیه مرۆڤه‌كان به‌مه‌به‌ستی هاتنه‌دی نیازه‌كانیان, پارچه په‌ڕۆی ههمهجۆر له‌و جۆره دارانه ده‌ئاڵێنن.
5- له‌گونده عه‌له‌وییه‌كاندا له‌ڕووی “سوسیۆ- ئیكۆنۆمیك”ه‌وه, شێوازێكی دیموكراتخوازانهمان ده‌كه‌وێته به‌رچاو- به‌تایبه‌ت ئه‌وان ئاغای گه‌وره‌ی تایبه‌ت به‌زه‌وییان نییه و به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش كار ده‌كه‌ن-, به‌هۆی ئه‌مانه‌و له‌ڕووی سیاسیشه‌وه به‌مه‌به‌ستی خۆ جیاكردنه‌وه, عه‌له‌وییه‌كان به‌ره‌و چه‌پخوازی ده‌چن).
به‌ر له‌كۆتایی
هه‌موو ئه‌و نموونانه‌ی پێشتر و ئاماژهپێدانهكان و پهرهگرافهكانی سه‌ره‌وه، ده‌مانگه‌یه‌نه‌ته ئه‌وه‌ی كه‌بڵێین: پێده‌چێت هه‌قه-كان، سه‌رپێیانه‌و ده‌رئه‌نجامی تێكه‌ڵبوونی چه‌ندین شت و شتگه‌لی، ته‌نانه‌ت زۆر جار دژ به‌یه‌ك و جوداو جیاواز و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌و نه‌گونجاو و نه‌شیاو دروست بووبێتن.. واته له‌و شوێنانه‌دا كه‌پێت وایه گه‌یشتوویته هه‌قه-كان و باس له‌وان ده‌كه‌یت، له‌ڕاستیدا باس له‌شتێكی تر ده‌كه‌یت.. یان كاتێك پێت وایه، واخه‌ریكه ده‌ستنووسێكی زۆر خه‌ته‌رناكی ئه‌وان، سه‌باره‌ت به‌دنیابینی و شه‌ته‌حاتی سۆفیستییانهیان بێته پێشچاوت و دانهرهكهشی خودی شێخێكی ناسراوی باڵێكی دیاری بزافهكهیانه، كه‌وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه سه‌یرترین و عه‌جایبترین ماجه‌رای ژیانی هه‌بووه.. به‌ڵام كاتێك چاوت بهههقیقهتنامه-كه‌ی “ل210،213-ی كۆمه‌ڵی هه‌قه”ده‌كه‌وێت، نازانیت ده‌رحه‌ق به‌و گاڵته‌جاڕه” شیعر-په‌خشان”هی كه‌باشترین دهربِری ئه‌قڵیه‌تی رێبه‌رێكی بزافهكهیه چی بڵێیت و چۆن چۆنی سبه‌ینێ زات بكه‌یت و ئه‌و ههزهلییاته وه‌ك خه‌ته‌رناكترین و پێموایه ته‌نها ، یان وه‌ك نموونه‌یه‌كی تێكستێكی هه‌قه-كان وه‌ربگێڕیته سه‌ر زمانێكی بیانی و ناچار بیت به‌ر له‌وه‌ی بیخوێننه‌وه پێیان بڵێیت، تكایه به‌خوێندنه‌وه‌ی مه‌ده‌نه قاقای پێكه‌نین و وامه‌زانن ئه‌مه نووسینێكی پڕ تڕووهات و فشقیاته؟! چونكه ئێمه به‌بوونی ئه‌م تێكسته ده‌بێت له‌جێی پێكه‌نین بگرین و له‌ناخیشه‌وه بزه‌مان بێت به‌وه‌ی ، كه‌به‌شێكی زۆری مێژووی دوور و نزیكی بزووتنه‌وه‌و بزاف و رێباز و رێچكه و ته‌ریقه‌ت و ئه‌وانه‌ی تریشمان نه-نووسراو–هتهوهو نهئاواش ته‌نزیری مه‌عریفی و كۆمیدیانه‌ی”لاهوت-ناسوتی” له‌دوو توێی “شیعر-په‌خشان”دا بۆ كراوه، یان ئه‌گه‌ر بۆشی كرابێت، پێمان نه‌گه‌یشتووه، تا وه‌ك ئه‌م –ههقیقهتنامه-یه، به‌خوێندنه‌وه‌ی خه‌فه‌تبار و بێهووده بین؟!
هه‌ندێك دێڕی ههقیقهتنامهكه:
( عیلمی هه‌قیقه‌تمان خوێند، چی ده‌بێته قسه‌و كه‌لیمه
مه‌لیكی ئێمه كێیه؟ كه‌ریمه
ئه‌مه قسه‌یه‌كی كوردییه، كورت و موخته‌سه‌ره
ده‌لیلی هه‌ق شوناسیمان براده‌ره
ئه‌مه قسه‌یه‌كی ئیسبات و بێ شكه
ره‌فیقی قیامه‌تمان خوشكه
شه‌یتان عهدووه، دینمان دیناره
بۆچی؟ چونكه ئه‌وه‌ڵا ئاخیر زه‌مانه
مانای ئاخیر زه‌مان..شه‌یتانه)
دواجار و كۆتاییه‌كی كراوه
دواجار و پاش خسته‌ڕووی هه‌ندێك دێڕی ههقیقهتنامهكه، پێم وایه ده‌بێت جارێكی تر و سه‌رله‌نوێ بچمه‌وه نێو دنیای كتێبی –كۆمه‌ڵی هه‌قه-كان و ئیدامه بده‌مه‌وه بهخوێندنهوهكهو به‌گووڕ و تینێكی نوێوه، ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ده‌كرێت و ده‌شێت، هه‌ندێك شتی دیكه بوورووژێنم؟!
به‌ڵام له‌م ده‌رفه‌ته‌دا، سه‌رباری سڵكردنهوهم له‌درێژبوونه‌وه‌ی نیمچه بێكۆتای وتاره‌كه، ناشمه‌وێت سه‌رجه‌م ده‌ركه‌كان ئاوهڵابكهم و مه‌به‌ستمه‌و پێم وایه، ده‌بێت كردنه‌وه‌ی ده‌ركه‌كانی دیكه، بۆ خوێنه‌رانی جیدی كتێبه‌كه جێ بهێڵم و چه‌شن و شێوه جوداكانی خوێندهوهكانی تریش هه‌ر به‌وان بسپێرم….؟!
سه‌رچاوه‌كان:
( 1: كۆمه‌ڵی هه‌قه/لێكۆڵینه‌وه‌ی:رێبوار حه‌مه تۆفیق/ئینستیتیوتی كه‌له‌پووری كورد/2010).
(2: المكتبه المفقوده/لوتشیانو كانفورا/انترنیت).
(3: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو).
(KURTLER/MEHRDAD.R.iZADY4:/
-.iSTANBUL”2004″)
5: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو).)
( 6: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو).
:7) ALEViLiK VE KURTLER( inceleme-Arastrma-Belgeler)/postfach131831,42045wuppertal-1997