
کارڵ مارکس له نێوان ڕوخانی دیواری به‌رلین و …
کارڵ مارکس له نێوان ڕوخانی دیواری به‌رلین و داڕمانی ۆاڵ ستریتدا
ۆڵستریت( wall street ) له ڕووکه‌شدا ته‌نها شه‌قامێکی ئاساییه که ده‌که‌وێته ناوچه‌ی مانهانتن له داون تاونی شاری نیۆرکدا، به‌ڵام ۆڵستریت ته‌نها شه‌قامێکی ئاسایی نییه که وه‌ک هه‌رشه‌قامێکی دیکه‌ی شاری نیۆرک له خاڵێکی دیاریکراوه‌وه ده‌ستپێبکات و له خاڵێکی دیاریکراوی دیکه‌دا کۆتایی پێبێت. ۆڵستریت دڵ و شاڕه‌گی سه‌رمایه‌داری ئه‌مریکاو جیهانییه و دیواری بینای چه‌ندین بۆرسه‌ی گرنگی وه‌ک : ” NYSE “، ” NASDAQ ” ، ” AMEX ” ، ” NYMEX ” ، ” NYBOT ” له‌سه‌ر بنیاتنراوه، که ڕۆژانه له پشتی ئه‌و دیوارانه‌وه، له ناو هات و هاوار و غه‌ڵبه‌غه‌ڵبی بۆرسبازانی سه‌رمایه‌داریدا به مڵیاردها دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌کرێت . له مانگی ئۆکتۆبه‌ری 2008 دا، ۆڵستریت، تووشی داڕمان هات، به‌ڵام ئه‌م داڕمانه نه‌ک وه‌ک داڕمانی فیزیکی و جه‌سته‌یی دیواری به‌رلین له‌مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1989دا، یان وه‌ک داڕمانی دیواری ئه‌و دوو بیناباڵابهرزهی که ده‌یڕوانی به‌سه‌ر هه‌مان شه‌قامی ۆڵ ستریدا و له 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001دا، له په‌لامارێکی تیرۆریستی گومانلێکراودا له‌گه‌ڵ خاک‌دا یه‌کسانکران . داڕمانی ۆڵستریت له‌ڕووی فیزیکییه‌وه جیاوازتره له‌داڕمانی دیواری به‌رلین، به‌ڵام له‌ڕووه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌که‌وه ئه‌گه‌ر زیانبارتر و گه‌وره‌تر نه‌بێت له داڕمانی دیواری به‌رلین، به دڵنیاییه‌وه هیچی له‌و که‌متر نییه. که‌چی سه‌یر ئه‌وه‌یه میدیای بۆرژوازی ڕۆژئاوا ده‌یه‌وێت داڕمانی ۆڵستریت، وه‌ک ڕووداوێکی ئاسایی نیشانبدات !.. به‌ڵام هه‌مان میدیای سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوابوو که له سه‌رده‌می ڕوخانی دیواری به‌رلیندا گه‌وره‌ترین هه‌رای سازکرد !.
ئێمه ده‌زانین که ڕوخانی دیواری به‌رلین بووه سه‌ره‌تایه‌ک بۆ داڕوخانی یه‌ک مۆدێلی ئابووری، سیاسیی و ئایدیۆلۆژی سه‌رمایه‌داری که به درێژایی زیاتر له 70 ساڵ به ناوی سۆشیالیزم و بیر‌و بۆچوونه‌کانی کارڵ مارکسه‌وه حوکمی وڵاتی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌کرد. به بۆچوونی من داڕمانی وڵ ستریتیش سه‌ره‌تایه‌که بۆ داڕمانی یه‌ک مۆدێلی ئابووری، سیاسیی و ئایدۆلۆژی دیکه‌ی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری له ئه‌مریکاو ڕۆژئاوادا، که ئه‌ویش مۆدیلی ” دێموکراسی و بازاڕی ئازاد” ی لیبراڵیزمی ڕۆژئاوایه و ته‌مه‌نێکی کورتری له مۆدێلی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی جۆری سۆڤیه‌تی پێشوو هه‌یه له کۆمه‌لگه ڕۆژئاواییه‌کاندا.
هه‌ره‌سهێنانی مۆدێلی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی ژێر ناوی کۆمۆنیزمی بیناکراو له‌سه‌ر دیکتاتۆرییه‌تی بێپه‌رده‌ی ستالینی له سۆڤییه‌ت و له ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵاتی پێشوودا، له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه داڕمانی مۆدێلی دیموکراسی و بازاڕی ئازادی بیناکراو له‌سه‌ر ئه‌قڵی ڕیگانیزم و تاچه‌ریزم، یان به پێناسه گشتییه‌که‌ی ڕوخانی دیواری به‌رلین و داڕمانی ۆڵستریت، ده‌کرێت وه‌ک ڕووداوه تراژیدییه‌کانی ناو سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیست ویه‌که‌م سه‌یریان بکرێت و باسیان لێوه بکرێت .
له پرۆسه‌ی داڕمانی ئه‌و دوو مۆدێله سه‌رمایه‌دارییه‌دا، یان له ڕه‌وه‌ندی داڕمانی دیواره‌کاندا، کارڵ مارکس هێنرایه‌وه سه‌ر شانۆکه، به‌ڵام هه‌ر جاره‌ی به جۆرێک نمایشکرا؛ جارێک په‌یکه‌ره‌کانی شکێنراو و کتێبی ” سه‌رمایه”، که شاڕه‌گی جیهانبینییه زانستییه‌که‌ی پێکده‌هێنێت، کرایه ” چیرۆکه گه‌وره به‌سه‌رچووه‌کان!”ی مێژوویه‌کی کۆن، جارێکی تریش له سه‌ر پلاکارته‌کانی خۆپشانده‌رانی سه‌رشه‌قامی ۆڵستریتی دڵی سه‌رمایه‌داریدا نووسرا ” مارکس له سه‌ر هه‌ق” بوو! .
با له هێرشی ڕاگه‌یاندنی کورتخایه‌نی مێدیای لیبراڵیزمی ڕۆژئاوایی بگه‌ڕێن بۆ سه‌ر مارکس و هێنده به‌سه که بڵێم له کورت ماوه‌دا ” هێرشی دژه مارکس” گۆڕدرا، یان ده‌گۆڕێت به هێرشی دژه کاپیتاڵیزم، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه له‌و ڕاستییه تێبگه‌ین که چۆن ” مارکس له سه‌ر هه‌ق ” ه و بۆچی نه‌ک هه‌ر لایه‌نگرانی مارکس، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت هه‌مان دوژمنانی دوێنی بیر‌و بۆچوونه‌کانی مارکس‌یش، ئه‌مڕۆ له پرۆسه‌ی داڕمانی ۆڵ ستریدا ” هه‌ق ” ده‌ده‌ن به‌و که‌سه‌ی که دوێنێ به ” نا هه‌ق ” هه‌موو لێکۆڵینه‌وه زانستییه‌کانیان ده‌کرده ئه‌فسانه‌و چیرۆکی مێژوویه‌کی به‌سه‌رچوو ؟! . ئه‌وه ئه‌و پرسیاره‌یه که ئه‌م نووسراوه‌یه ده‌یه‌وێت له سه‌ر چه‌ند ئاستدا وه‌ڵامی بداته‌وه. له‌سه‌ر” هه‌ق “بوونی مارکس ده‌رباره‌ی ئه‌وه که ڕژێمی سه‌رمایه‌داری، ڕژێمی ناکۆکییه چینایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه، ده‌کرێت له زۆر ڕووه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئه‌م نووسراوه‌یه به‌دوایه‌وه‌یه‌تی، جه‌ختکردنه‌وه‌ی دووباره‌یه له‌سه‌ر تیۆری قه‌یرانی ئابووری مارکس و له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌ویشدا، ڕوونکردنه‌وه‌ی فاکته‌ره گشتی و سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و داڕمان و قه‌یرانه ئابوورییه‌یه که ئێخه‌ی شێوه‌ی به‌رهه‌مێنان و بازاڕی سه‌رمایه‌داری ئه‌مریکا و جیهانی گرتووه و خه‌ریکه به یه‌کجاری مۆدێلی بازاڕی ئازاد تووشی داڕمان و بن به‌ست ده‌کات .
مارکس و قه‌یرانی ئابووری ڕژێمی سه‌رمایه‌داری
قه‌یرانی ئابووری ئه‌و نه‌خۆشییه زگماکییهیه که تا مردن له جه‌سته‌ی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری جودانهبێتهوه . ڕژێمی سه‌رمایه‌داری هه‌تا له ژیاندا مابێت به ئازاری نه‌خۆشییه‌که‌وه ده‌تلێته‌وه که پێی ده‌ڵێن : ” قه‌یرانی ئابووری “. هه‌رکاتێک که شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئابووریدا به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه، له‌هه‌مانکاتدا تارمایی مه‌رگ به‌سه‌رسه‌ری ئه‌م شێوه به‌رهه‌مهێنانه‌دا ده‌ست به هاتووچۆ ده‌کات . له دواشیکردنهوهشدا، قه‌یرانی ئابووری ده‌بێته بکوژی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری.
ئابووریناسه گه‌مژه‌کانی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری هه‌ریه‌که‌یان به جۆرێک باس له هۆیه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌که‌ن له جه‌سته‌ی ئه‌م سیسته‌مدا، به‌ڵام هیچ کامیان ناتوانن، یان نایانه‌وێت هۆی سه‌ره‌کی دووباره‌بوونه‌وه‌ی قه‌یرانه ده‌وره‌ییه‌کانی ئه‌م شێوه به‌رهه‌م هێنانه بۆ ئه‌و ملیاردها مرۆڤه ئاشکرا بکه‌ن که ده‌بنه سوته‌مه‌نی و قوربانی قازانجپه‌رستی چینی سه‌رمایه‌داری جیهانی و قه‌یرانه ئابوورییه مه‌رگباره‌کانی ئه‌و .
ئابووریناسانی بۆرژوازی که به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و چینایه‌تیان له بوون و مانه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدایه، هه‌میشه هه‌وڵده‌ده‌ن وا نیشان بده‌ن که قه‌یرانه ئابوورییه‌کانی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری ڕووداوێکی ڕۆتین و کاتییه و ڕوودانی ئه‌وانه له ئیراده‌ی هه‌مووان به‌ده‌ره!.. یان ئه‌کامی ته‌قینی سه‌رچاوه جیاوازه‌کانی سه‌روه‌ت و سه‌رمایه‌یه !. ته‌نها شتێک که ئابووریناسانی بۆرژوازی پشتڕاستی ده‌که‌نه‌وه له مه‌ڕ قه‌یرانه ئابوورییه‌کانی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری، ئه‌وه‌یه که ڕوودانی قه‌یرانه‌کان، ڕووداوه ناچاری و حهتمییهکانه که ته‌نانه‌ت له ئیراده‌ی خودی چینی سه‌رمایه‌داریش به‌ده‌رن .
هه‌موو کێشه‌ی سه‌رهه‌لدان و ده‌سپێکردنه‌وه‌ی خولی قه‌یرانه ئابوورییه نوێیه‌کانی سه‌رمایه‌داری له‌وخاڵه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه که ئه‌م شێوه به‌رهه‌مهێنانه په‌یڕوه‌ی له یاسایه‌کی سه‌رکێش و کوێرانه ده‌کات، یاسایه‌ک که به هیچ هێزێک کۆنترۆڵ ناکرێت . ئه‌و که‌سه‌ی که ئه‌و یاسا کوێرانه‌یه‌ی دۆزییه‌وه کارڵ مارکس بوو .
خزمه‌تی گه‌وره‌ی کارڵ مارکس به مرۆڤایه‌تی له‌وێوه ده‌ستپێده‌کات که له ڕێگای لێکۆڵیینه‌وه و شیکردنه‌وه‌یه‌کی زانستییه‌وه بۆمان ده‌سه‌لمێنیت :” ئه‌و هێزه به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌ی که له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه، نه‌ک هه‌ر کۆمه‌ک ناکه‌ن به‌گه‌شه‌کردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی خاوه‌ندارێتی بورژوازی، به‌ڵکو ئه‌وه‌نده گه‌شه‌یانکردووه که خودی په‌یوه‌ندییه‌کانی خاوه‌نداریتی سه‌رمایه‌داری ڕێگره له به‌رده‌م گه‌شه‌کردنی زیاتریاندا . هه‌رجارێک که هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ده‌یانه‌وێت ئهوڕێگریانه له سه‌ر ڕێگای گه‌شکردنی زیاتریاندا ڕابماڵن، سه‌رتاپای کۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازی دووچاری ته‌نگوچه‌ڵه‌مه ده‌بێت و بوون و مانه‌وه‌ی خاوندارێتی تایبه‌تی ده‌خه‌نه به‌ر مه‌ترسییه‌وه . ئێستا چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی بۆرژوازی ئه‌وه‌نده ته‌سک بوونه‌ته‌وه که ئیتر ناتوانن ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی که خۆیان به‌رهه‌میان هێناوه له خۆیاندا جێی بکه‌نه‌وه . 1 ” . زێده به‌رهه‌م، یان به‌رهه‌مهێنانی شومه‌ک و کاڵای زیاتر، ئه‌و یاسا کوێره‌یه که سیسته‌می به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری په‌یڕه‌وی لێده‌کات . بێگومان زێده به‌رهه‌م به‌و مانایه نا که کۆمه‌لگه هه‌میشه پێویستی به زه‌خیره کردنی بڕێک به‌رهه‌می زیاده هه‌یه بۆ کاتی ڕوودانی کاره‌ساته سروشتییه‌کان، به‌ڵکو زێده به‌رهه‌م له پێناوی به‌ده‌ستهێنانی قازانجی زیاتر و به‌م پێیه‌ش که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌رمایه‌ی زیاتردا . په‌یڕه‌وکردنی سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌و یاسا کوێره‌یه، ده‌بێته هۆی بێسه‌ره‌و به‌ره‌یی و ئانارشی له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و له‌ئه‌نجامیشدا هه‌ر به 10 ساڵ یان به 20 ساڵ جارێک، قه‌یرانی ئابووریی له جه‌سته‌ی ئه‌م ڕژێمه‌دا دروست ده‌کات . گرنگی و به‌های زانستی لێکۆڵینه‌وه ئابوورییه‌که‌ی مارکس له‌وه‌دایه که هه‌مان ناکۆکی، واته زێده به‌رهه‌مهێنان له پێناوی زێدهقازانجد، له شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ئاشکرا ده‌کات و پێمان ده‌ڵێت که زێده به‌رهه‌مهێنان نه‌ک بۆ به‌کارهێنان و دابینکردنی پێداویستییه‌کانی ژیانی مرۆڤ، به‌ڵکو بۆ سات و سه‌ودا و بۆ دروستکردنی قازانجی زیاتره بۆ چینی سه‌رمایه‌دار .
مارکس له کاڵاوه ده‌ست به لێکۆڵیینه‌وه‌ی ناکۆکییه ناوه‌کییه‌کانی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری ده‌کات و یاساکانی زاڵ به‌سه‌ر دروستبوون، گه‌شه‌کردن و فه‌وتانی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داریدا ده‌دۆزێته‌وه . مارکس یه‌که‌مین که‌س بوو ئه‌وه‌ی ئاشکرا کرد که هه‌ر کاڵایه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دوو لایه‌نه‌ی هه‌یه؛ تایبه‌تمه‌ندی یه‌که‌می ئه‌وه‌یه که کاڵا به‌و شومه‌که ده‌گوترێت که یه‌کێک له پێداویستییه‌کانی ژیانی مرۆڤ دابین ده‌کات و ئه‌م دابینکردنهی پێداویستییه‌کانی ژیانی مرۆڤ به‌هۆی کاڵاوه، سیفه‌تی به‌های به‌کارهێنانی پێده‌به‌خشێت، یان به واتای مارکس :” به‌رله هه‌ر شتێک، کاڵا شتێکی ده‌ره‌کییه . ئه‌و شته‌یه که به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌وه یه‌کیک له پێداویستییه‌کانی مرۆڤ دابین ده‌کات . ناوه‌رۆکی ئه‌م پێداویستییانه هه‌رچییه‌ک بێت، جا چ له گه‌ده‌وه سه‌رچاوه بگرن یان له خه‌یاڵه‌وه هیچ شتێک له ڕاستی بابه‌ته‌که ناگۆڕن . هه‌روه‌ها لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه نییه که شومه‌کی ناوبراو به‌چ شێوه‌یه‌ک پێداویستییه‌کانی ژیانی مرۆڤ دابین ده‌کات….، به‌ڵکو ته‌نها شتێک که لێره‌دا ده‌توانێت بگوترێت ئه‌وه‌یه که بڕێک کاری مرۆیی له‌ودا به‌کارهێنراوه … ئه‌م شومهکانه به‌وه‌دا ده‌ناسرێنه‌وه که له به‌رهه‌مهێنانیاندا کاری مرۆیی‌یان تێدا سه‌رف کراوه و بڕێک له کاری مرۆڤ له‌واندا که‌ڵه‌که کراوه …. بۆ ئه‌وه‌ی که کاڵایه‌ک به‌رهه‌م بهێنیت، نه‌ک ته‌نها پیویسته که به‌های به‌کارهێنان دروست بکات ، به‌ڵکو ده‌بێت ئه‌و به‌های به‌کارهێنانه‌ش به‌رهه‌م بهێنیت که به که‌ڵکی که‌سێکی دیکه بێت 2 ” . به‌ڵام کاڵا ته‌نها ئه‌و سیفه‌ته‌ی نییه که یه‌کیک له پێداویستیه‌کانی ژیانی مرۆڤ دابین بکات، به‌ڵکو ئه‌و تایبهمهندییهشی هه‌یه که ئاڵووێریشی پێده‌کرێت، یان وه‌ک مارکس وتی سیفه‌تی به‌کارهێنانه‌که‌ی له‌وه‌دایه که به‌که‌ڵکی که‌سێکی دیکه دێت .
مارکس یه‌که‌مین که‌سه که سیفه‌تی دوو لایه‌نه‌ی کاڵاکان که‌شف ده‌کات و له‌وێوه هه‌موو ناکۆککییه بنچیینه‌ییه‌کانی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ڕوونده‌کاته‌وه . مارکس له‌و باریه‌وه ده‌ڵێت :” له تێڕامانی یه‌که‌مدا، کاڵا به دوو شێوه خۆیمان پیشان ده‌دات: به‌های به‌کارهێنان و به‌های مامه‌ڵه‌پێکردن یان به‌های گۆڕینه‌وه . من یه‌که‌مین که‌سم که ئه‌م سروشته دوو لایه‌نه‌یه‌ی کاری تێچووی کاڵاکان ئاشکرا ده‌که‌م 3″. هه‌ر به ڕاستیش وایه، یه‌که‌مین که‌س مارکس بوو ئه‌وه‌ی سه‌لماند که نرخی هه‌ر کاڵایه‌ک به‌و پێوانه‌یه دیاری ده‌کرێت که چه‌نده کاری کۆمه‌ڵایه‌تی، یان کاتی کاری کۆمه‌ڵایه‌تی پێویستی تێدا سه‌رف کراوه . مارکس له کاڵاوه ده‌ست به لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌دان چه‌مک و زاراوه‌ی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری {به‌های به کارهێنان، به‌های گۆڕینه‌وه، به‌ها، پاره، به‌های ڕێژه‌یی، شێوه‌ی ڕێژه‌یی به‌ها، ناوه‌رۆکی ڕێژه‌یی به‌ها، شێوه‌ی چه‌ندایه‌تی به‌ها، زیده‌بایی ، به‌رهه‌مهێنانی زێده‌بایی ، زێده‌بایی ڕه‌ها و ڕێژه‌یی، سه‌رمایه‌ی گۆڕاو، سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕ، ڕێژه‌ی زێده‌بایی، مانیفاکتۆر، کاردابه‌شکردن، سه‌رمایه‌ی پیشه‌سازی، سه‌رمایه‌ی بازرگانی، که‌ڵه‌که‌ی سه‌ره‌تایی سه‌رمایه، چه‌رخانی سه‌رمایه، قه‌یران و….. } ده‌کات تا ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامگیرییه‌ی که سه‌رمایه‌داری ڕژێمێکه ناتوانێت چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی ئه‌و نه‌خۆشییه زگمایهکییهی بکات که پێی ده‌ڵێن ڕکود، یان قه‌یرانی ئابووری . به‌ڵام قه‌یرانی ئابووری چه‌مکێکی گشتی نییه له شیکردنه‌وه ئابوورییه‌که‌ی مارکسدا، به‌ڵکو چه‌مکێکی کۆنکرێته که پانتاییه‌کی دیاریکراوی له تیۆری زێده‌باییه‌که‌ی مارکسدا داگیر کردووه. مارکس هه‌م له کتێبی گروندریسهدا و هه‌م له کتێبی سێیه‌می سه‌رمایه‌دا به دوور‌و درێژی باس له‌هۆیه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشی قه‌یرانی ئابووری ده‌کات له جه‌سته‌ی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داریدا. که‌واته با بزانین مارکس به‌چ شێوه‌یه‌ک له‌م نه‌خۆشییه زگماکییه‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌کۆڵێته‌وه ؟ ئه‌و هۆکارانه چین که ده‌بنه هۆی قوڵتربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ؟ ئه‌و ڕێگایانه چین که سه‌رمایه‌داری ده‌یانگرێته به‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنی کاتییانه‌ی قه‌یرانه ئابوورییه‌کانی ؟ پاش له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه، ده‌کرێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری ڕژێمی سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆ .
تیۆری قه‌یرانی مارکس و قه‌یرانی ئابووری ڕژێمی سه‌رمایه‌داری
له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌موومان گوێبیستی ئه‌وه ده‌بین، یان له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌کان و تایتڵی هه‌واڵه‌کاندا ئه‌وه دهخوێنیننهوه که فڵانه کۆمپانیا، بۆ نموونه جه‌نراڵ مۆتۆر، یان تۆیۆتا، به ملیاردها دۆلار زهرهریانکردووه و به هه‌زاران کرێکاریشیان بێکار کار کرد . یان ده‌بیستین که بۆرسه‌ی نیۆرک ملیاردها دۆلار زه‌ره‌ری کرد، یان بانکی سیتی گروپ ئیفلاسی کرد و ژماره‌یه‌کی چه‌ند هه‌زارکه‌سی بێکار کرد !. ئایا ئه‌م ڕووداوانه، یان ڕوونتر بڵێم ئه‌م کاره‌ساتانه، کاره‌سات و ڕووداوی به‌ڕێکه‌وت و کتوپڕن که ده‌ستبه‌جێ له ئابووری و سییسته‌می سه‌رمایه‌داری ئه‌مریکاو ڕۆژئاوادا ڕوویان دابێت ؟ بێگومان نه‌خێر. ئه‌وانه کارهساتگهلێکن که له درێژه و له ئه‌نجامی که‌ڵه‌که بوونی هه‌رچی زیاتری سه‌رمایه و وه‌به‌رهێنانی زێده‌بایی له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مێناندا، له ژیانی ئابووری مرۆڤی به‌رهه‌مهێنی ڕۆژئاواییدا ڕوویانداوه و له درێژماوه‌شدا کاریگه‌ری قوڵی ئابووری، سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی بهجیدههێڵن له سه‌ر خودی ژیانی ملیۆنه‌ها مرۆڤی کرێکاری ئه‌مریکی و ڕۆژ ئاوایی و ته‌نانه‌ت جیهانیش . پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌مه‌یه : بۆچی ئه‌م کاره‌ساته ئابوورییانه ڕوو له ژیانی ئهوکۆمهڵگایهنه ده‌که‌ن که نه دووچاری جه‌نگ بوون و نه دووچاری به‌ڵاو کاره‌ساتی سروشتی بوون ؟!. ئه‌وه پرسیارێکه که پێویسته ههرکرێکارێکی ئه‌مریکی و ڕۆژئاوایی له‌خۆی بکات . هه‌ر کاتێک چینی کرێکاری ڕۆژئاوا ئه‌و پرسیاره له خۆی بکات، بڕوام وایه که له نیوه‌ی ناهۆشیاری ئێستای ڕزگاری بووه و نیوه زنجیری کۆیلایه‌تیی پساندووه . بێگومان به بێ خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له تیۆری قه‌یرانی ئابووری مارکس، ئاسته‌مه که کرێکاری ڕۆژئاوایی بتوانێت وه‌ڵامی زانستی هه‌مان پرسیار وه‌ربگرێته‌وه و بگاته ڕێگا چاره‌یه‌کی زانستی به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره‌ساته ئابوورییه‌ی که ئێستا به‌ڕێوه‌یه له ژیانیدا ڕوو بدات. تا ئه‌و کاته‌ش که کرێکاری ڕۆژئاوایی له ناوه‌رۆکی قه‌یرانی ئابووری سه‌رمایه‌داری (به پشت به‌ستن به تیۆری ئه‌زمه‌ی مارکس) تێنه‌گات، ناتوانێت کاری خۆی یه‌کلا بکاته‌وه له‌گه‌ڵ بۆرژوازی وڵاته‌که‌ی خۆیدا و هه‌رده‌م ڕه‌دوو که‌وتوو، یان پاشکۆی سیاست و مێدیای فریوکارانه‌ی بۆرژوازی وڵاته‌که‌ی ده‌بێت و به کرده‌وه‌ش ده‌بێته قوربانی ئه‌و به‌ڵاو کاره‌ساتانه‌ی که له ئه‌نجامی قه‌یرانی ئابووری ئێستای سه‌رمایه‌دارییه‌وه به سهرژیانیدا دێت …. به‌هه‌رحاڵ، کێشه‌ی ناهوشیاری پرۆلیتاریای ڕۆژائاوایی به‌جێ ده‌هێڵین بۆ خۆیان، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه له ڕازی ئه‌و نهێنییه تێبگه‌ین که بۆچی له‌هه‌لومه‌رجێکدا نه شه‌ڕ هه‌یه و نه کاره‌ساتی سروشتی، قه‌یرانی ئابووری دڵی به‌هێزترین و ئارامترین وڵاته سهرمایهداریییهکانی جیهان ده‌هاژێنێت؟ بۆچی بۆرسه‌ی نیۆرک، یان هه‌مان ۆڵستریت له نه‌کاودا داده‌ڕمێت ؟ بۆچی بانکه‌کان، به‌تایبه‌تی بانکه‌کانی که‌رتی تایبه‌تی له ڕۆژئاوا و له جیهاندا، یه‌ک به‌دوای یه‌کدا به‌ره‌و ئیفلاسی ده‌ڕۆن؟ بۆچی جه‌نراڵ مۆتۆر، تۆیۆتا، بی ئێم ده‌بڵیو دووچاری قه‌یران و بێبازاڕی ده‌بن و به‌های نه‌وت و گازیش به شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر له بازاڕی جیهانیدا دێته خواره‌وه ؟ من بڕوام وایه ئه‌وه لوغزێکه له شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داریدا و ته‌نها بیرمه‌ندێک که توانیوییه‌تی ئه‌و لوغزه ئاشکرابکات، ئه‌وه کارڵ مارکسه . هه‌ر ئه‌وه که ده‌گوترێت فڵانه بانک و فیساره کۆمپانی دووچاری زه‌ره‌رێکی ئه‌وه‌نده ملیار دۆلاره بووه، بۆخۆی جه‌ختکردنه له سه‌ر زانستی بوونی تیۆری ئه‌زمه ئابوورییه‌که‌ی مارکس، چونکه چه‌مکی بنه‌ڕه‌تی له تیۆری قه‌یرانه‌که‌ی مارکسدا چوونه سه‌ری پێکهاتی ئۆرگانیکی سه‌رمایه و له ئه‌نجامیشدا دابه‌زینی ڕێژه‌ی قازانجه له گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا .
مارکس له سه‌ره‌تای لێکۆڵیینه‌وه ئابوورییه‌که‌یدا ده‌رباره‌ی شێوه‌ی به‌رهه‌مهینانی سه‌رمایه‌داری، هاوکێشه‌یه‌کی زۆر ئاسان له به‌رده‌می خۆیدا داده‌نێت و له هه‌مان هاوکێشه‌وه ده‌ست به لێکۆڵێنه‌وه‌ی زیاتر ده‌کات تا ده‌گاته ئاشکراکردنی هه‌موو یاساکان و کارکرده ناکۆک و دژ به‌یه‌که‌کانی ژێرخانی ئابووری سه‌رمایه‌داری، له‌وانه‌ش یاسای دابه‌زینی ڕێژه‌ی قازانج له گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا. هاوکێشه‌که‌ش به‌م شێوه‌یه‌یه : پاره – کاڵا – پاره’.هاوکێشه‌که زۆر بچووک و ساده دێته به‌رچاو، به‌ڵام له ناوه‌رۆکدا زۆر گه‌وره و فراوانه‌و هه‌موو ناکۆکییه‌کانی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری و هه‌موو قه‌یرانه ئابوورییه‌کانی سه‌رمایه‌داری له‌ودا چڕ بوونه‌ته‌وه !. مارکس به‌رگی دووه‌می کتێبی سه‌رمایه‌که‌ی خۆی ته‌رخانکردووه بۆ لێکۆڵینه‌وه له هه‌مان هاوکێشه . مارکس له شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌دا، به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت تا سه‌رچاوه‌ی گۆڕانی پاره به کاڵا و دووباره گۆڕانی کاڵا به پاره‌یه‌کی زیاده ڕوونبکاته‌وه . مارکس هاوکێشه‌که ناو لێده‌نێت:
(THE METAMORPHOSES OF CAPITAL AND THEIR CIRCUITS)گۆڕانکارییه‌کانی سه‌رمایه و چهرخانهکانی ئه‌و– بڕوانه کتێبی دووه‌می سه‌رمایه یان له‌م لینکه‌وه بیخوێنه‌ره‌وه http://www.marx2mao.com}. مارکس پرۆسه‌ی گۆڕانکارییه‌کان و چهرخانهکانی سه‌رمایه دابه‌ش ده‌کات به سه‌ر سێ قۆناغی جیاوازدا. له دواشیکردنه‌وه‌دا هه‌رسێ قۆناغه‌که یه‌ک پرۆسه پێکده‌هێنن، که‌ئه‌ویش پرۆسه‌ی زێده‌بایییه . مارکس له‌و ڕووه‌وه ده‌نووسێت :{ پرۆسه‌ی چه‌رخانی سه‌رمایه له سێ قۆناغدا ئه‌نجامده‌درێت و هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ی که له به‌رگی یه‌که‌مدا ڕوونکراوته‌وه، هه‌ر یه‌کێک له‌و قۆناغانه به‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه به‌دوای یه‌کدا ڕیز ده‌کرێن:
قۆناغی یه‌که‌م : سه‌رمایه‌دار له بازاڕی کار و کاڵادا وه‌ک کڕیارێک ده‌رده‌که‌وێت؛ پاره‌که‌ی ده‌گۆڕیته‌وه به کاڵا، یان به شێوه‌یه‌کی تر، سه‌رمایه‌دار ڕه‌وه‌ندی چه‌رخانی پاره — کالا (M–C - money- commodity) ئه‌نجامده‌دات .
قۆناغی دووه‌م : ئه‌و کاڵایانه‌ی که سه‌رمایه‌دار کڕیوێتی، به شێوه‌یه‌کی به‌رهه‌مهێنه‌ر به‌کار ده‌برێن . سه‌رمایه‌که‌ی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مێنان ئه‌نجام ده‌دات . له ئه‌نجامدا سه‌رمایه‌که‌ی ده‌بێته کاڵایه‌ک که به‌هاکه‌ی زیاتره له‌و به‌هایه‌یه که پێشتر خستوویه‌ته به‌رهه‌مهێنانه‌وه .
قۆناغی سێیه‌م : سه‌رمایه‌دار وه‌ک فرۆشیار ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ بازاڕ . کاڵاکه‌ی ده‌گۆڕێته‌وه به پاره، یان کاری چه‌رخانی (کاڵا– پاره یان C–M) ئه‌نجامده‌دات .
فۆرموڵه‌ی چه‌رخانی پاره- سه‌رمایه به‌م جۆره‌یه : پاره — کاڵا… پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان… کاڵا’… پاره’ یان M–C . . . P. . . C’–M` خاڵه‌کان پیشانیده‌ده‌ن که پرۆسه‌ی چه‌رخان پچڕانێکی تێده‌که‌وێت و C’ و M’ نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن که C و M زێدهباییان زیاد کردووه. – کارڵ مارکس، سه‌رمایه، کتێبی دووه‌م 4 }.
مارکس هاوکێشه‌ی گۆڕانی پاره به کاڵا و کاڵا به پاره زیاده‌که، به زیادکردن یان ده‌رخستنی به‌شێکی دیکه‌ی فۆرمۆڵه‌که، پرۆسه‌ی چهرخانهکه ڕوونتر ده‌کاته‌وه و پێمان ده‌ڵێت که:{ له سه‌رێکه‌وه هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و له‌سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه هێزی کار بوونیان هه‌یه …. ئه‌گه‌ر هێزی کار ناو لێبنێنL(Labor-power و ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانیش ناو لێبنێین MP (means of production) ، ئه‌وجا بۆ ئه‌و کاڵایانه‌ی که ده‌بێت بکڕدرێن، هێزی کار + ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان = کاڵا ، یان به کورتکراوه‌یی >C . ئه‌گه‌ر M–C له ڕووی ناوه‌رۆکه‌که‌یه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێ، وه‌ک M–C< ده‌رده‌که‌وێت، واته M–C دابه‌ش ده‌بێت بۆ M–L و M–MP. بڕی پاره‌ی به‌رایی(M) ده‌بێت به دوو به‌شه‌وه که به‌شێکیان هێزی کاری پێده‌کڕدرێت و به‌شه‌که‌ی دیکه‌شیان ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنان . ئه‌م دوو جۆره کڕینه، تایبه‌ت به بازاڕگهلیکن که به ته‌واوی له یه‌کتری جیاوازن . یه‌کێکیان تایبه‌ته به بازاڕی کاڵا(commodity-market) و ئه‌وی دیکه‌شیان په‌یوه‌سته به بازاڕی کاره‌وه (labor-market). مارکس، سه‌رمایه، کتێبی دووه‌م 5 }.
ئه‌وه‌ی که زێده‌بایی (واته فرۆشتنه‌وه‌ی کاڵا به پاره‌یه‌کی زیاده) به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئه‌وه ئه‌و به‌شه له پاره‌ی به‌رایی(M) نییه که سه‌رمایه‌دار بۆ کڕینی ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ته‌رخانی ده‌کات، به‌ڵکو ئه‌و به‌شه‌یه که ته‌رخانی ده‌کات بۆ کڕینی هێزی کار(L)ی کرێکار . مارکس هه‌ردوو به‌شی ئه‌و پاره به‌راییه‌ی که ته‌رخانده‌کرێت بۆ کڕینی ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنان و بۆ کڕینی هێزی کاری کرێکار، ناوی لێده‌نێت سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕو سه‌رمایه‌ی گۆڕاو: { ئه‌وبه‌شه له سه‌رمایه که ده‌گۆڕێت بۆ هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، واته که‌ره‌سته‌ی خاو، که‌ره‌سته کۆمه‌کییه‌کان و ئامێره‌کانی کارکردن، بڕی به‌های خۆی له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا ناگۆڕێت. له‌م ڕووه‌وه من ئه‌و به‌شه ناولێدهنم سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕ(constant capital).به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌وبه‌شه له سه‌رمایه که گۆڕاوه بۆ هێزی کار، له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا گۆڕانی به سه‌رداهاتووه. ئه‌م به‌شه له سه‌رمایه، هه‌م دووباره به ئه‌ندازه‌ی خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و هه‌م شتێکی زیاتریش له ئه‌ندازه‌ی خۆی ، واته زێده‌بایی، به‌رهه‌مده‌هێنێت که گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و ده‌توانێت خۆی گه‌وره‌تر یاخود بچووکتر بکاته‌وه . ئه‌م به‌شه له سه‌رمایه، له‌و بڕه‌ی که خۆی هه‌یه‌تی ، به به‌رده‌وامی ده‌گۆڕدرێت بۆ بڕێکی گۆڕاوتر . له‌به‌ر ئه‌وه، من ئه‌م به‌شه‌ی دیکه‌ی سه‌رمایه، به‌کورتی ناو لێده‌نێم سه‌رمایه‌ی گۆڕاو variable capital) ) 6}.
ئه‌و به‌شه له سه‌رمایه‌ی سه‌رمایه‌دار که زێده‌بایی به‌رهه‌مده‌هێنێت، ئه‌و به‌شه‌یه که ته‌رخانی ده‌کات بۆ کڕینی هێزی کار، نه‌ک ئه‌و به‌شه‌ی که سه‌رمایه‌دار ته‌رخانی ده‌کات بۆ کڕینی که‌ره‌سته‌ی خاو، ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و هۆکاره ته‌کنیکییه‌کانی دیکه‌ی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان . هێزی کار نه‌ک ته‌نها زێده‌بایی وه‌به‌رده‌هێنێت، به‌ڵکو لهدواشیکردنهوهشدا ڕێژه‌ی قازانجی سه‌رمایه‌داریش دیاریده‌کات . مارکس هه‌م له کتێبی ” سه‌رمایه ” و هه‌م له کتێبی ” گروندریسه – بناغه‌کانی ڕه‌خنه له ئابووری سیاسیی ” دا، پرۆسه‌ی گۆڕانی زێده‌بایی بۆ قازانج به شێوه‌یه‌کی دیالکتیکی ڕوونده‌کاته‌وه . ئه‌وه‌مان بۆڕووندهکاتهوه که له درێژه‌ی هه‌مان پرۆسه‌دایه قه‌یرانی ئابووری له گشت شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری به ناچاری و به‌دوور له خواست و مه‌یلی هه‌ر سه‌رمایه‌دارێک دێته کایه‌وه‌و ڕووده‌دات . بێگومان ئه‌و باسه، باسێکی دوورودرێژی ئابووری و تیۆرییه که ناکرێت لێره‌دا به شێوه‌یه‌کی کۆنکرێت بچمه سه‌ری، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌م که گشتیترین و پووخترین تێڕوانینه‌کانی مارکس له‌م زه‌مینه‌یه‌دا به خوێنه‌ر بناسێنم و پاشان بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر قه‌یرانی ئابووری سه‌رمایه‌داری جیهانی ئه‌مڕۆ.
له پێشه‌وه، هاوڕا له‌گه‌ڵ مارکسدا، ته‌ئکیدم له سه‌ر ئه‌وه کرد که ئه‌وه ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مێنان و که‌ره‌سته‌ی خاو نییه که زێده‌بایی به‌رهه‌مده‌هێنێت، به‌ڵکو ئه‌وه هێزی کاری زیندووی کرێکاره که له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، سه‌رله نوێ زێده‌بایی بۆ سه‌رمایه‌دار به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی سه‌رمایه‌داره‌وه زێدهباییش، وه‌ک زێده‌بایی له خۆیدا ئامانج نییه، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که به‌های به‌کارهێنانی کاڵاکان ئامانج نییه له شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داریدا، به‌ڵکو به‌های گۆڕینه‌وه‌یان ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م شێوه به‌رهه‌مهێنانه‌یه، به‌هه‌مان شێوه‌ش زێده‌بایی ئامانجی سه‌رمایه‌دار نییه له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، به‌ڵکو به‌ده‌ستهێنانی قازانج ئامانجی سه‌ره‌کییه له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا . له دوا شیکردنه‌وه‌دا، ئه‌وه ڕێژه‌ی قازانجه که سه‌رله‌نوێ زێده‌بایی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه و سه‌رمایه که‌ڵه‌که ده‌کات له ده‌ستی سه‌رمایه‌داردا . زێده‌بایی، یان بڕی کارێکی زیاده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی که سه‌رفی دروستکردنی کاڵایه‌ک ده‌کرێت، کاتێک وه‌ک چه‌مکێکی بنه‌ڕه‌تی سه‌رمایه‌داری خۆی پێناس ده‌کاته‌وه که به‌شێکی به ناوی (قازانج)ه‌وه لێیجودا ببێته‌وه. په‌یوه‌ندی نێوان سه‌رمایه، زێده‌بایی و به‌شێکی دیکه که له خودی زێده‌بایی (واته قازانج)جودا ده‌بێته‌وه، ئاڵۆزترین په‌یوه‌ندی نێوان چه‌مکه بنه‌ڕه‌تییه ئابوورییه‌کانی سه‌رمایه‌دارییه . له پرۆسه‌ی ده‌رچوونی کاڵاکاندا بۆ بازاڕ، یان له پرۆسه‌ی گۆڕانی کاڵاکاندا به پاره، قازانج له جوڵایهکی جادوئامێزدا خۆی له زێده‌بایی جودا ده‌کاته‌وه و له پرۆسه‌یه‌کی نه‌بینراوی دیکه‌دا خۆی له‌گه‌ڵیدا گرێ ده‌داته‌وه . له ڕه‌وتی ئه‌م جودا بوونه‌وه و خۆ لێههڵپێکانهوه جادوئامێزهدا تێده‌گه‌ین که به‌هه‌ر ڕاده‌یه‌ک بڕی زێده‌بایی زیاد ببێت، ڕێژه‌ی قازانجیش که‌مده‌بێته‌وه !.. یان به واتای مارکس :{سه‌رمایه [ واته ] به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌ها و دووباره خۆ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه، له ناواخنی خۆی، وه‌ک قازانج، که به‌هایه‌کی تازه پێکهاتووه، جودا ده‌بێته‌وه . به‌رهه‌می سه‌رمایه قازانجه. به‌م پێیه بڕێک [ له‌م به‌رهه‌مه، واته ] زێده‌بایی، به پێوه‌ری به‌های سه‌رمایه ده‌پێورێت و ڕێژه‌ی قازانجیش، به سه‌رنجدان به‌و قه‌باره‌یه‌ی که له نێوان به‌های ئه‌و و به‌های سه‌رمایه‌دا هه‌یه دیاری ده‌کرێت … . زێده‌بایی له قاڵبی قازانجدا به گوێره‌ی به‌های ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ی که پێداویستی ده‌ستپێکی به‌رهه‌مهێنانه پێوانه ده‌کرێت . ئه‌گه‌ر [ بڕی ] زێده‌بایی [ واته ] بڕی کاری زیاده یه‌کسان بکه‌ین به کاری پێویست، له‌م حاڵه‌ته‌دا ڕێژه‌ی قازانج پابه‌ند ده‌بێت به ڕێژهیهکهوه که له نێوان ئه‌و به‌شه‌ی سه‌رمایه‌ی ئاڵوگۆڕ پێکراوه له‌گه‌ڵ کاری زیندوو و ئه‌و به‌شه‌ی دیکه‌ی سه‌رمایه‌دا هه‌یه که له شێوه‌ی که‌ره‌سته‌ی خاو و ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا خۆی پیشانده‌دات. به هه‌ر ڕاده‌یه‌ک که کاری زیندووی گۆڕاو بچووکتر بێته‌وه، ئه‌وا ڕێژه‌ی قازانجیش که‌مترده‌بێته‌وه 7 }.
سه‌رمایه‌داری ڕژێمێکه که به‌رده‌وام خۆی نوێ ده‌کاته‌وه و شۆڕشی به‌رده‌وام له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رپا ده‌کات. خاڵی ده‌ستپێکی ئه‌و شۆڕش و خۆنوێکردنهوهیهی سه‌رمایه‌داری، هه‌مان چوونه سه‌ری پێکهاتی ئۆرگانیکی سه‌رمایه، واته زیاد بوونی قه‌باره‌ی سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕو گۆڕاوه، به‌ڵام زیاد بوونی قه‌باره‌ی سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕ به گوێره‌ی سه‌رمایه‌ی گۆڕاوه‌وه، هه‌روه‌ک مارکس‌یش ئاماژه‌ی پێ‌کرد، ده‌بێته هۆی هاتنه خواره‌وه‌ی ڕێژه‌ی قازانج له گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا . دابه‌زینی ڕیژه‌ی قازانج له گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، به کرده‌وه شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری له‌گه‌ڵ قه‌یراندا به‌ره‌وڕوو ده‌کاته‌وه، چونکه له‌لایه‌ک به‌هۆی گه‌شه‌کردنی ته‌کنیک و ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه، هێزی کاری زیندوو، یان هه‌مان کاتی کاری کۆمه‌ڵایه‌تی پێویست له به‌رهه‌مهێنانی کاڵاکاندا که‌م ده‌بێته‌وه و کاڵاکان له ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نی کورترو خێراتردا به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و ده‌خرێنه بازاڕه‌وه، که ئه‌م خێراییه‌ش له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی کاڵاکاندا، له دوا شیکردنه‌وه‌دا په‌یوه‌ندی و پارسه‌نگی نێوان خستنه ڕوو(عرضه) و داوا (طلب) له بازاڕی فرۆشی کاڵاکاندا تێکده‌دات و نرخی کاڵاکانیش دێته خواره‌وه . هاتنه خواره‌وه‌ی نرخی کاڵاکان و که‌مبوونه‌وه‌ی کڕیار، سه‌رئه‌نجام ڕێژه‌ی قازانج له گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌هێنێته خواره‌وه و به‌کرده‌وه ئابووری و بازاڕ تووشی ڕکود و قه‌یران ده‌کات. قه‌یرانی ئابووری سه‌رمایه‌داری جیهانی ئه‌مڕۆ، یان داڕمانی ۆاڵستریت له هه‌مان ئه‌و یاسایه به‌ده‌ر نیییه که ناوی یاسای دابه‌زینی ڕێژه‌ی قازانجه له گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا .
ئابووریناسانی بۆرژوازی ده‌یانه‌وێت ئه‌وه به ئێمه بڵێن که داڕمانی ۆڵستریت، ته‌نها قه‌یرانێکی مالییه که ڕووبه‌ڕووی بانکه‌کان، بۆرسه‌کان و ڕیل سته‌یت (Real State) بووه‌ته‌وه له ئه‌مریکادا!…، به‌ڵام ئه‌وه ڕوویه‌کی کێشه‌که‌یه، ڕووه ڕاستتیهکهی ئه‌وه‌یه که قه‌یرانی ئابووری ئه‌مریکاو به‌هۆی ئه‌ویشه‌وه قه‌یرانی ئابووری جیهانی ئێستا، قه‌یرانی گشتی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌دارییه که خۆی له دابه‌زینی ڕیژه‌ی قازانج له گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌بینێته‌وه . شکستی بانکه‌کان و داڕمانی وڵستریت، یان به گشتی قه‌یرانی ئابووری سه‌رمایه‌داری جیهانی، ئه‌نجامی دابه‌زینی ڕێژه‌ی قازانجه له گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، نه‌ک که‌م بوونه‌وه‌ی دارایی یان دراوی کاش له بانکه‌کاندا . به بێ ئه‌وه‌ی ئێستا مارکس زیندوو بێت، به‌ڵام زۆر به‌زیندووی و به ڕوونی پێمان ده‌ڵێت که بۆچی بانکه‌کان، بۆرسه‌کان و کۆمپانیاکانی سه‌رمایه‌داری ئه‌مرۆ تووشی زیان، نابوتبوون و ئیفلاس بوون ده‌بن :{ له گه‌ڵ دابه‌زینی ڕیژه‌ی قازانجدا، لانی که‌می سه‌رمایه‌یه‌ک که له ده‌ستی سهرمایهدارێکدا پێویسته بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له کاری به‌رهه‌مهێنه‌ر، زیاد ده‌کات …. هاوکاتی ئه‌وه، که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه‌ش گه‌شه‌ده‌کات، چونکه له پشتی سنوورێکی دیاریکراوه‌وه، سه‌رمایه‌یه‌کی زیاتر له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی قازانجێکی نزمتردا ده‌بێته خاوه‌نی که‌ڵه‌که کردنێکی خێراتر له‌وه‌ی که سه‌رمایه‌یه‌کی که‌متر له‌گه‌ڵ ڕێژه‌یه‌کی به‌رزتری قازانجدا بتوانێت که‌ڵه‌که‌ی خێراتر بکات. ئه‌م که‌ڵه‌که بوونه ڕوو له گه‌شه‌سه‌ندنه، له ئاستێکی دیاریکراودا، به نۆبه‌ی خۆی ده‌بێته هۆی دابه‌زینێکی نوێ له ڕێژه‌ی قازانجدا . به‌مهۆیه‌وه، سه‌رمایه بچووک و پهرژوبڵاوهکان ده‌ه‌که‌ونه سه‌ر ڕێگای مان و نه‌مانه‌وه . هه‌ڵخه‌ڵاتاندنی کرێدتی(credit frauds)، فێڵکردنی بۆرسهیی (stock swindles) و قه‌یران، ئه‌م به‌ناو ته‌قین و فراوانبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌یه، به‌رده‌وام په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه بهفراوانبوونهوهی سهرمایهیهکهوه که ڕێژه‌ی قازانج به هۆی بڕو قه‌باره‌ی قازانجه‌وه بۆی قه‌ره‌بۆ ناکرێته‌وه – ئه‌مه هه‌میشه ده‌گۆڕێت بۆ گه‌شه‌کردنی ئه‌و سه‌رمایه نوێیانه‌ی که جیا ده‌بنه‌وه – یان ئه‌و فراوانبوونهوهیهی که ده‌بێته هۆی ئه‌وه چه‌ند سه‌رمایه‌یه‌کی دیکه که توانایان نییه کارێک بۆخۆیان ئه‌نجام بده‌ن و خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن، وه‌ک کرێدت (متمانه) ده‌که‌ونه ژێرده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمپانیا گه‌وره‌کان . ئه‌م فراوانبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه له هه‌مان شوێنه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که‌ده‌بێته هۆی زیادبوونی دانیشتووان و به‌م پێیه‌ش ده‌بێته ته‌واوکه‌ری دیاریدهکهی پێشتر . هه‌ردوو دیاریده‌که ده‌که‌ونه جه‌مسه‌ره جیاوازه‌کانه‌وه، له سه‌رێکه‌وه سه‌رمایه‌یه‌کی بێکار و له‌سه‌رکه‌ی تریشه‌وه دانیشتوانێکی کرێکاری بێکار هه‌یه 8}. بۆرسبازی و فرتوفێڵی کرێدتیانه، که له وڵاتانی ڕۆژ ئاوایی‌دا زیاتر له هه‌ر شوێنێکی تری جیهان گه‌شه‌یکردووه، یاری کردن به کرێدت کارته‌کان و وه‌ره‌قه ئعتیبارییهکان له بۆرسه و بانکه‌کاندا، سه‌رمایه‌داری ئه‌مریکاو ڕۆژ ئاوای کردووه‌ته قومارخانه‌یه‌کی گه‌وره که تێیدا هه‌ر ڕۆژه ژماره‌یه‌ک ده‌بنه ملیۆندهر و ژماره‌یه‌کی تریش ئیفلاس ده‌که‌ن . ئه‌م قومارخانه‌یه که پێی ده‌گوترێت بازاڕی بۆرسه، به‌رئه‌نجامی چوونه سه‌ری پێکهاتی ئۆرگانیکی سه‌رمایه و به‌وهۆیه‌شه‌وه، دابه‌زینی ڕێژه‌ی قازانجه له گشت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، دابه‌زینێک که وه‌ک مارکس وتی” ده‌بێته هۆی بێکار بوونی سه‌رمایه ” و به‌و هۆیه‌شه‌وه بێکارکردنی ژماره‌یه‌کی زۆر له کرێکاران .
بۆرسهبازی ڕێگاچاره‌ی سه‌رمایه‌داری بازاڕی ئازاد بوو بۆ ده‌رهێنانی سه‌رمایه کهڵهكهکراوخهوتووهکان و ئهکتیڤکردنهوهیان له بوارێکی نابهرههمهێنهردا، به‌ڵام ئه‌م بواره نابه‌رهه‌مهێنه‌ره ئه‌گه‌ر بۆ سه‌رده‌مێک گوڕ‌و ته‌وژمێکی دابێته‌وه به سه‌رمایه نوستووه‌کانی که‌رتی تایبه‌تی و گشتی بۆ به‌ده‌ستهینانی قازانج ، ئیتر ئه‌م قومارخانه‌یه، که پێی ده‌ڵێن بازاڕی بۆرسه، ناتوانێت قازانجی خه‌یاڵی، یان قازانج له‌داهاتوودا بۆ قوماربازهکانی مسۆگه‌ر بکات، چونکه گه‌شه‌ی ته‌کنۆلۆجیا، یان هه‌مان چوونه سه‌ر و هه‌ڵئاوسانی پێکهاتی ئۆرگانیکی سه‌رمایه، ڕێگره له به‌رده‌م قازانج دروستکردنی خه‌یاڵیانه‌ی بۆرسبازهکاندا . مارکس ئه‌م کێشه‌یه زیاتر ڕوون ده‌کاته‌وه : { به‌ڵام له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا که هاوسه‌نگی(مه‌به‌ستی مارکس هاوسه‌نگییه له قازانجدا)، به‌هۆی ڕکود و ته‌نانه‌ت تێکشکانی سه‌رمایه له بوعده گه‌وره‌تر یاخود بچووکتره‌کاندا ڕوو ده‌دات، ئه‌م کاره‌ش به‌شێوه‌یه‌کی به‌رته‌سک په‌ل ده‌هاوژێت بۆ جه‌وهه‌ری ماددی سه‌رمایه، واته به‌شێک له هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، سه‌رمایه‌ی فیکس و و سه‌رمایه‌ی به‌گه‌ڕخراو، نا ئه‌کتیڤ بووه و وه‌ک سه‌رمایه کاریگهریهکییان نه‌ماوه، به‌شیک له کارگه به‌رهه‌مهێنه‌ره تازه دروستکراوه‌کان له کار ده‌خرێن . … وێرانکردنی ڕیشه‌یی به تووندترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانییه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌دا دێته کایه‌وه، چونکه به پێی بنه‌مای به‌هاکانی سه‌رمایه، خۆی به‌هایه‌کی هه‌یه که به‌شێک له‌و به‌هایه ته‌نها وه‌ک ڕه‌وانه‌کردنی شه‌یر(اسهم) له ئایندهی زێده‌بایی و قازانجدا بوونی هه‌یه، واته له ڕووی پراکتیکه‌وه ئه‌و وه‌رقه قهرزیانهی که له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌رهه‌مهێنان و له ژێر شێوه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌ودا، له‌گه‌ڵ که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رامه‌تانه‌ی که کراونه‌ته بنه‌مای حسابکردن، به‌خێرایی به‌هایان بۆ دروستده‌کرێت . به‌شێک له زێر و زیو‌یش به ڕاکدی ده‌میننه‌وه و وه‌ک سه‌رمایه کار ناکه‌ن . به‌شێک له‌و کاڵایانه‌ی که له بازاڕدا هه‌ن، ته‌نها ده‌توانن له ڕیگای گوشاری نرخه‌کانیانه‌وه، واته به‌ها دروستکردنێکی سهرمایهییانه که پیشانده‌ری ئه‌وه، پرۆسه‌ی چه‌رخان و سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌نجام بدات . به هه‌مان شێوه‌ش توخمه‌کانی سه‌رمایه‌ی فیکس که‌م تازۆر به‌هایان بۆ دروست ده‌کرێت … له ئاکامدا، ئه‌م پرۆسه‌یه، ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ری دابه‌زینی نرخه گشتییه‌کان و دووچاری ڕکود و پشێوی ده‌بێت . ئه‌م ڕکود و پشێویه، ڕۆڵی پاره وه‌ک هۆکاری پێدان و دراو … ئیفلیج ده‌کات و زنجیره په‌یمانه‌کانی دانه‌وه‌یان له مه‌وعیدی دیاریکراودا له سه‌د ئه‌لقه‌ی ئه‌ودا دهپسێنیت و له گه‌ڵ داڕمانی سیسته‌می کرێدت (متمانه)یی گه‌شه‌کردوو له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌دا، ئه‌م کاره توندوو تیژ ده‌کاته‌وه و ده‌گۆریت بۆ قه‌یرانه توندووتیژه‌کان، به‌ها دروستکردنی کتوپڕو به‌زۆر و ڕکودو پشێوی له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا و سهرئهمجامیش له دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌دا به‌ڕاستی که‌مده‌کاته‌وه9 }.
بازاڕی بۆرسه، وه‌ک دڵی سه‌رمایه خه‌وتووه‌کانی که‌رتی تایبه‌تی و وه‌ک یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانی سه‌رمایه‌داری بازاڕی ئازاد له‌کار که‌وتووه، یان داڕوخاوه . به‌وهۆیه‌شه‌وه کۆمه‌کی ده‌وڵه‌ته ڕۆژئاواییه‌کان به بانکه‌کان و بۆرسه‌کان { بۆ نموونه ، ده‌وڵه‌تی ژاپۆن ده‌یه‌وێت له ڕێگای کڕینی شه‌یر (اسهم)ه‌وه به‌ر بگرێت با نابوت بوون و ئیفلاس بوونی بۆرسه‌ی تۆکیۆ !… یان یه‌کێتی ئه‌وروپا داوای له ده‌وڵه‌ته‌کانی سه‌ر به‌و یه‌کێتییه کرد که 170 ملیارد یۆرۆ بده‌نه یه‌کێتییه‌که، به‌ڵام توانایی ده‌وڵه‌ته‌کانی سه‌ر به‌و یه‌کێتیی ته‌نها 30 ملیارد یۆرۆ بوو …. }، هه‌م ناتوانێت چاره‌سه‌ری قه‌یرانی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری بکات و هه‌م قه‌یرانه‌که ده‌گۆڕێت به قه‌یرانێکی قوڵترلهوهی که ئێستا ڕژێمی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوا‌و جیهان تێی که‌وتووه . یان وه‌ک د. ڕاڤی باترا له کتێبی The great depression of 1990 پێشنیاری ده‌کات، پێویسته ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا تاکس که‌م بکاته‌وه و بانکه‌کانیش ڕێژه‌ی ئینترێست (فایز، یان سو له کوردی‌دا ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم) دابه‌زێنن !*. ئه‌وانه هیچیان ڕێگاچاره نین بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئێستای سه‌رمایه‌داری ئه‌مریکاو جیهانی . که‌وایه ڕێگاچاره‌ی قه‌یرانی ئێستای شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری چییه ؟ له‌م زه‌مینه‌یه‌شدا مارکس له هه‌ر ئابووریناس و زانایه‌کی کۆمه‌ڵناسی بورژازی وورد بینتر و به دهرکتره . که‌وایه بابزانین مارکس چۆن هه‌وڵه‌کانی سه‌رمایه‌دارانمان له پێناوچارهسهرکردنی قه‌یراندا بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه .
مارکس و ڕێگاچاره‌کانی سه‌رمایه‌داری بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی ئابووری
بوونی قه‌یران له هه‌رشێوه به‌رهه‌مهێنانێکدا، به واتای تووندبوونه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوان هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی خاوه‌ندارێتییه که ئه‌و هێزانهیهیان خستووه‌ته چوارچێوه‌ی خۆیانه‌وه. له ئاستێکی تهجریدا، ده‌توانین بڵێن که مێژووی کۆمه‌ڵگه چینایه‌تییه‌کان، مێژووی دووباره بوونه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوان هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه . له کۆمه‌ڵگای کۆیله‌دارییه‌وه تا ده‌گاته کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری، ئه‌م ناکۆییه دووباره بووانه، بووه‌ته هۆی جێگۆڕکێ پێکردنی شێوه جیاوازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تی . ناکۆکی نێوان هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له کاتێکدا ده‌ستپێده‌کات که هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ئه‌وه‌نده گه‌شه ده‌که‌ن که ئیتر له‌چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا جێگایان نابێته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی زیاتر بده‌ن به‌خۆیان، ده‌بێت چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه کۆنانه تێکبشکێنن که له قۆناغێکی دیاریکراودا بوونه‌ته ڕێگر له به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنی زیاتریاندا .
کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریش وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی کۆیله‌داری و ده‌ره‌به‌گایه‌تی، ئه‌و ناکۆکییانه‌ی له ناو نه‌بردووه، به‌ڵکو ناکۆکییه‌کانی نێوان هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی خێراتر و تووندتر کردووه‌ته‌وه . هه‌موو قه‌یرانه‌کانی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری له ناکۆکی نێوان هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت . ته‌کنه‌لۆژیا، وه‌ک به‌شێک له هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان، ئه‌وه‌نده گه‌شه‌ی کردووه که ئیتر په‌یوه‌ندییه‌کانی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی سه‌رمایه‌داری ڕێگری له به‌رده‌م به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی زیاتریدا پێکده‌هێنێت . ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌مێکدا په‌یوه‌ندییه‌کانی خاوه‌ندارێتی سه‌رمایه‌داری هۆیه‌کی بنه‌ڕه‌تی بووبێت بۆ گه‌شه‌کردنی هیزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، به‌ڵام له قۆناغێکی دواتر له‌گه‌شه‌کردنی ئه‌و هێزانه‌دا، ئیتر په‌یوه‌ندییه‌کانی موڵکدارێتی سه‌رمایه ڕێگره له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی زیاتریاندا . مارکس وێنه‌یه‌کی زانستی درهخشانمان له‌و ڕووه‌وه پیشانده‌دات : { له خاڵێکی دیاریکراودا گه‌شه‌کردنی هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ده‌بنه ڕێگرێک له سه‌ر ڕێگای سه‌رمایه‌دا؛ له‌ئه‌نجامدا، په‌یوه‌ندییه‌کانی سه‌رمایه‌ش [ ده‌بنه ] ڕێگر له به‌رده‌م گه‌شه‌کردنی زیاتری هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی کاردا . سه‌رمایه، واته ڕژێمی کرێگرته‌یی، کاتێک بگاته ئه‌م ئاسته، وه‌ک ڕژێمه‌کانی پیشه‌وه‌ری، ده‌ربه‌گی و کۆیله‌داری، له ڕووی گه‌شه‌کردنی سه‌روه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌کردنی هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه، ده‌چێته ناو په‌یوه‌ندی گه‌لێکه‌وه که وه‌ک هه‌مان په‌یوه‌ندییه‌کانی ڕژێمه‌کانی پێشووتری خۆی ده‌بێت، واته ده‌بێته ڕێگرێک که به ناچاری ده‌بێت لێی ده‌رباز ببێت . دوایین شێوه‌ی کۆیلایه‌تی له چالاکی مرۆیی‌دا، واته کۆیلایه‌تی کرێگرته‌یی له سه‌رێکه‌وه و سه‌رمایه‌ش له سه‌رێکی تره‌وه، به‌م شێوه‌یه ده‌بێت وه‌ک کراژێک** فڕێبدرێت، ئه‌م کراژ فڕێدانه بۆخۆی ئه‌نجامی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وه‌ستاو له‌سه‌ر سه‌رمایه‌یه …. هاوئاهه‌نگ نه‌بوونی ڕۆژانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی هه‌نوکه، به‌شێوه‌ی تووندترین ناکۆکییه‌کان، قه‌یرانه‌کان و کێشمه‌کێشه‌کان ده‌رده‌که‌وێت . تێکشکاندنی زۆره ملێی سه‌رمایه نه‌ک له ڕێگای په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌کییه‌کانه‌وه، به‌ڵکو له‌چوارچێوه‌ی هه‌لومه‌رجێکدا ئه‌نجامده‌ده‌رێت که بۆ پاسه‌وانیکردن له خودی ڕژێمه‌که فه‌راهه‌م ده‌کرێت . زه‌قترین ڕێنماییکردنێک که ده‌کرێت بۆ سه‌رمایه‌داری بکرێت ئه‌مه‌یه که بچێته لاوه‌و جێگا چۆڵ بکات بۆ پله‌یه‌کی به‌رزتری به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تی . کێشه‌که ته‌نها کێشه‌ی هێزی زانستی نییه؛ کێشه‌که ئه‌وه‌یه که هێزی زانستی تاچه‌نده گۆڕاوه بۆ سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕ، چه‌ند قوڵایی و پانتایی هه‌یه و چۆن توانیویه‌تی هه‌موو به‌رهه‌مهێنان بخاته ژێر کۆنترۆڵی خۆیه‌وه …. پوخته‌ی هه‌موو چرکه ساته‌کانی به‌رهه‌مهێنان ئاوایه : هێزی به‌رهه‌مهێنه‌ری کار، وه‌ک به‌کاربردنی ئامێره‌کان، له‌گه‌ڵ دانیشتوواندا په‌یوه‌ندی دروست ده‌کات؛ گه‌شه‌ی دانیشتوانیش بۆخۆی پێشمه‌رج و ئه‌نجامی گه‌شه‌کردنی به‌های به‌کارهێنانه (قیمه الاستعمالیه) که به ناچاری ده‌بێت به‌رهه‌مبهێنرێت و به‌کار ببرێت . دابه‌زینی ڕێژه‌ی قازانجیش به مانای که‌مکردنه‌وه‌ی کاری ڕاسته‌وخۆیه به گوێره‌ی ئه‌و بڕه کاره بابه‌تییه‌ی که سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مده‌هێنرێته‌وه و دووباره به‌کار ده‌برێته‌وه، سه‌رمایه تێده‌کۆشێت که به هه‌ر میکانیزمیک بووه له که‌مکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی کاری پێویست له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ی گشتی سه‌رمایه‌دا دڵنیا بێته‌وه، [ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ] له به‌شی ته‌رخانکراو بۆ کاری پێویست که‌م ده‌کاته‌وه و ڕێژه‌ی کاری زیاده به گوێره‌ی گشت کاری بهگهڕخراوهوه سه‌رله‌نوێ زیاد ده‌کاته‌وه . به‌م هۆیه‌شه‌وه به‌رزترین قۆناغی گه‌شه‌کردنی هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و گرنگترین ئاستی فراوانبوونه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی هه‌نووکه‌ش یه‌کسان ده‌بێت به له‌ناوچوونی سه‌رمایه و تێکشکاندنی ڕووت و بێپه‌رده‌ی کرێکاردا . ئه‌م ناکۆکیانه ده‌گۆڕێت به ته‌قینه‌وه‌کان، کاره‌ساته‌کان و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی که ده‌بێته هۆی بێکار کردن و له ناوبردنی به‌شێکی زۆر له سه‌رمایه‌کان . سه‌رمایه له ڕووی تووندوتیژییه‌وه هێنده دێته ئاستیکی نزمه‌وه که دووباره بتوانێت ڕه‌وتی خۆی ده‌ستپێبکاته‌وه . ئه‌م ناکۆکیانه، بێگومان ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌بێته ئه‌و ته‌قینه‌وه‌و ئه‌زمانه‌ی که سه‌ره‌ڕای دروستکردنی بێ‌کاری کاتی و نابودکردنی به‌شێک له سه‌رمایه‌کان، سه‌رمایه ده‌توانێت به‌بێ خۆکوشتن، دووباره هه‌موو هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی خۆی به کار بخاته‌وه . دووباره بوونه‌وه‌ی یه‌ک به‌دوای یه‌کی قه‌یرانه کاره‌ساتباره‌کان، له پیوه‌رێکی فراونتردا قه‌یرانه کاراساتبارترهکان به دوای خۆیاندا ده‌هێنن که ڕوخانی جه‌بری و تووندوتیژی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری ئاکامهکهیانه 10 }.
له کاتی قه‌یرانه ئابوورییه‌کاندا ڕژیمی سه‌رمایه‌داری ده‌که‌وێته سه‌ر دووڕێیانێکهوه؛ یان ڕووبه‌ڕووی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار ده‌بێته‌وه، یان خولێکی نوێ له‌گه‌شه‌و که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌رمایه ده‌ست پێده‌کاته‌وه . مێژووی 300 ساڵی ڕابردووی سه‌رمایه‌داری، مێژووی خۆ نوێکردنه‌وه و خۆ دهربازکردن بووه له قه‌یرانه ئابوورییه ده‌وره‌ییه‌کانی، به‌ڵام ئه‌م خۆ نوێکردنه‌وه و تێپه‌ڕکردنی ئهزمانهش بۆخۆی سنوورێکی ڕه‌هایان نییه و ده‌گه‌نه خاڵیکی دیاریکراو که ڕژێمی سه‌رمایه‌داری له‌گه‌ڵ بنبه‌ستێکی یه‌کجاریدا به‌ره‌وڕوو ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وکات ڕه‌نگه ئه‌م دروشمه‌ی مارکس؛ سۆشیاڵیزم یان به‌ربه‌ریه‌ت ببێته دروشمی مرۆڤایه‌تی و شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چیینی کرێکار ده‌ستپێبکات، به‌ڵام تا ئه‌و کاته که ئه‌و شۆڕشه ڕوو نه‌دات، ئه‌وا سه‌رمایه‌داری قه‌یرانه‌کانی خۆی له‌م ڕێگایانه‌وه تێپه‌ڕ ده‌کات :
1.بێکارکردنی زیاتری کرێکاران .
2.تێکشکاندنی سه‌رمایه بچووکه‌کان له ململانێی بازاڕ‌و به‌رهه‌مهێناندا .
3. زیادکردنی سه‌عاتی کار و که‌مکردنه‌وه‌ی کرێ و موچه‌کان .
4.کردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئابووری نوێ و به‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه ڕاکدکراوهکان تیاندا .
5. تێکشکاندنی به‌شێک له‌هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له ڕێگای به‌رپاکردنی شه‌ڕه ماڵوێرانکارهکانهوه و پاشانیش بنیاتنانه‌وه‌یان .
ئایا بۆچاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی ئابووری ئێستای شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری کام یه‌ک له‌و ڕێگانه گونجاوه ؟ به بۆچوونی من، سه‌رمایه‌داری جیهانی به سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا هه‌موو ڕێگاکان تاقی ده‌کاته‌وه و هیچ کام له‌و ڕێگاچارانه له قاڵبی مه‌حاڵدا نین؛ هه‌ر ئێستا شه‌پۆلێکی بێکارکردنی 50 ملیۆن که‌سی له دنیادا به‌ڕێوه‌یه .. هه‌ر ئه‌مڕۆ کرێ و مووچه‌کان دهێنرێنه خواره‌وه و هێرشێکی به‌رفروان و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سه‌رمایه‌داری بۆ سه‌ر کرێکاران و مافه‌کانیان ده‌ستیپێکردووه .. زۆرێک له بۆرسه‌کان، بانکه‌کان و کۆمپانیاکان تووشی تێکشکان ده‌بن .. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا وه‌ک دڵی سه‌رمایه‌داری جیهانی، له‌ڕێگای پرۆژه‌کانی ئۆباماوه ده‌یه‌وێت سه‌رمایه ڕاکد کراوه‌کان له کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ی نوێی ناوخۆیی ئه‌مریکادا به‌گه‌ڕ بخات تا له‌م ڕێگایه‌وه ڕژێمی سه‌رمایه‌داری ئه‌مریکا له قه‌یران ڕزگار بکات .. برایه‌تی و ئاشتی سه‌رمایه‌داره‌کانیش له کاتی قه‌یراندا قسایهکی پووچه، وه‌ک مارکس ده‌ڵێت :{ تا کاتێک هه‌مووشتێک به باشی بڕواته پێشه‌وه، هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ی که له‌کاتی هاوسه‌نگی ڕێژه‌ی قازانجی گشتیدا ده‌رده‌که‌وێت، ململانێ و منافسهکردن وه‌ک برایه‌تی چینی سه‌رمایه‌دار کاریگه‌ری هه‌یه، به‌جۆرێک ئه‌و پارووه‌ی که ده‌ستیانکه‌وتووه به شێوه‌یه‌کی به‌کۆمه‌ڵ، به پێی ئه‌و سه‌رمایه‌گوزارییه‌ی که کردوویانه، وه‌ک برا به‌شی ده‌که‌ن،به‌ڵام کاتێک کێشه‌که دێته سه‌ر دابه‌شکردنی زیان هه‌ر که‌سه هه‌وڵی خۆی ده‌دات تا که‌مترین به‌شی به‌ر بکه‌وێت و زه‌ره‌ره‌که بخاته ئه‌ستۆی یه‌کێکی تر . بۆ ئه‌م چینه زه‌ره‌ر شتێکی ناچارییه، به‌ڵام ئه‌مه که هه‌رکامیان بڕی چه‌نده‌ی ئه‌و زه‌ره‌ره له ئه‌ستۆ ده‌گرن، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به توانایی و زیره‌کی ئه‌وانه‌وه هه‌یه و ململانێ، ده‌گۆڕێت بۆ خه‌باتی برا دوژمنکاره‌کان11}. هه‌ر ئه‌مڕۆ له ناو یه‌کێتی ئه‌وروپادا، فه‌ڕه‌نسا ده‌یه‌وێت وه‌ک ئه‌مریکا، زیانی خۆی له‌م قه‌یرانه جیهانییه‌دا که‌م بکاته‌وه و که‌مترین کۆمه‌ک نه‌کات به وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات و تازه ئه‌ندامانی ئه‌و یه‌کێتییه، که ئه‌وه‌ش بۆخۆی ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌مان یه‌کێتی ده‌هێنێته کایه‌وه و ڕه‌نگه له درێژه‌ی ئه‌زمه‌ی ئابووری جیهانی ئێستادا بلۆکبه‌ندی نوێ، دوژمنایه‌تی و شه‌ڕی گه‌وره‌هێزه‌کان بێته کایه‌وه . جگه له‌وانه‌ش، له ماوه‌ی 15 تا 20 ساڵی ڕابردوودا، دڵخۆشییه‌کانی بۆرژوازی ڕاست و لایه‌نگرانی بازاڕی ئازاد به نه‌مان و که‌مبوونه‌وه‌ی ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێان و سپاردنی خزمه‌تگوزارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به که‌رتی تایبه‌تی، به داڕمانی وڵ ستریت، بووه‌ته کاره‌ساته جه‌رگبڕ و تراژیدییه‌کان . داڕمانی وڵ ستریت سه‌لماندی که ده‌وڵه‌ت گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین سه‌رمایه‌داره و به بێ پشتیوانی ده‌وڵه‌ت، کۆمپانییه‌کان، کارتێل، تراست، بۆرسه وبانکهکان بێ توانان له کۆنترۆڵکردنی قه‌یرانه‌کاندا.
پرسیاری کۆتایی له ناو هه‌لومه‌رجی ئه‌زمه‌گرتووی ئه‌مرۆدا ئه‌مه‌یه : ئایا ته‌نها هێز و بلۆکبه‌ندییه بۆرژوازی و ئیمپریالیستییه‌کان ده‌توانن نه‌خشه‌ی ژیانی داهاتووی مرۆڤ و دنیایه‌کی نوێ بکێشن ؟ وه‌ڵامی پرسیاره‌که بۆ من نێگه‌تیڤه، منیش هه‌روه‌ک سارکۆزی سه‌رۆک وه‌زیری فه‌ڕه‌نسا بڕوام وایه که له منداڵدانی قه‌یرانی جیهانی ئێستاوه دنیایه‌کی نوێ له دایک ده‌بێت، به‌ڵام به‌م جیاوازییه‌وه که ئه‌و دنیایه ڕه‌نگه ئه‌و دنیایه بێت که مارکس بناغه‌که‌ی له نامیله‌که‌ی بچووکی ڕه‌خنه له‌به‌رنامه‌ی گۆتادا داڕشتووه، واته کۆمه‌ڵگه دروشمی : له هه‌رکه‌س به بڕی کاره‌که‌ی و بۆ هه‌رکه‌سه به‌پێی توانا له‌سه‌ر ئاڵاکه‌ی بنووسێته‌وه ، یان ئه‌وه که تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌که به دهخاڵهتکردنهوهی زیاتری ده‌وڵه‌ت له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و زیندووکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ڕه‌فاهی کینزی کۆتایی پێدێت !.
تاهیر ساڵح شه‌ریف
که‌نه‌دا – تۆرۆنتۆ
4 مارچ 2009
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان :
1 . مارکس- ئه‌نگڵس : مانیڤێستی حیزبی کۆمۆنیست .
2 . مارکس: سه‌رمایه، به‌رگی یه‌که‌م، ل88 به‌زمانی فارسی، وه‌رگێڕانی: ئیره‌ج ئه‌سکه‌نده‌ری. به به‌راوردکردن له‌گه‌ڵ ده‌قی ئینگلیزییه‌که‌یدا:
http://www.marxists.org
3. مارکس هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو .
4. مارکس: سه‌رمایه، به‌رگی دووه‌م
http://www.marx2mao.com
5. مارکس، سه‌رمایه به‌رگی دووه‌م
http://www.marx2mao.com
6. مارکس: سه‌رمایه، به‌رگی یه‌که‌م به زمانی فارسی 269، یان:
http://www.marxists.org
7. مارکس : گروندریسه، به‌رگی دووه‌م، ل321 . به زمانی فارسی . وه‌رگێڕانی باقر برهام و احمد تدین . انتشارات اگاه – تهران .
8. مارکس: سه‌رمایه، به‌رگی سێیه‌م
http://www.marxists.org
9. مارکس : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
* قه‌یرانی گه‌وره ی 1990 . ناوی کتێبه‌که‌ی د. باترایه . باترا کتێبه‌که له ساڵی 1987 دا ده‌نووسێت و پێشبینی ده‌کات که ئه‌مریکا ڕوو به‌ڕووی قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی ئابووری ده‌بێته‌وه که له قه‌یرانی ساڵی 1928 قوڵتر ده‌بێت . باترا به پشت به‌ستن به ئه‌زمونی قه‌یرانه‌کانی تر له مێژووی ئه‌مریکادا پێشبینی ئه‌وه ده‌کات که له ساڵی 1990یشدا قه‌یرانێکی گه‌وره‌تر له هه‌موو قه‌یرانه‌کان له میژووی سه‌رمایه‌داری ئه‌مریکادا ڕووده‌دات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌که پێشبینییه‌کانی باترا تا ڕاده‌یه‌ک به‌ڕاست ده‌رچوون، له ههمانکاتیشداڕینمایی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا و گه‌لی ئه‌مریکا ده‌کات که چۆن ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانه‌که ببنه‌وه، که یه‌کیک له پێشنیاره‌کانی بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری ئه‌مریکاو بانکه‌کان، ئه‌وه‌یه که تاکس (باج) و ئینترێست که‌م بکه‌نه‌وه . د . ڕاڤی باترا پرۆفیسۆری ئیکۆنۆمی بووه له زانکۆی Southern Methodist
10. مارکس : گروندریسه، به‌رگی دووه‌م ل 322، 323 و 324 . به‌زمانی فارسی .
** کراژ : به‌و توێکله ناسکه سپی، یان ره‌ساسییه ده‌گوترێت که مار له‌خۆی ده‌کاته‌وه و فڕێی ده‌دات . پێده‌چێت له زمانی کوردی سۆرانی‌دا کراژ، له کراسه‌وه هاتبێت ، چونکه ئه‌و پێسته وشکه‌ی که مار له خۆی ده‌کاته‌وه ده‌توانرێت به کراسی مار بچوێنرێت .
11. مارکس : سه‌رمایه به‌رگی سێیه‌م
http://www.marxists.org